دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٤٩
گوڵپهڕیشم چوو
هه‌مو ساڵێ خه‌زانی گوڵ بوو بۆ
من، گولبهریشم چــوو[1]
چـهمـهن تـه‌نـیا گوڵی چـوو،
مـن بـهجـارێ مـاڵـی وێـرانـم
لـهبـاغا به‌رگی گوڵ چـووبـوو
بـهتـاراجی خه‌زان ، بـۆ مـــن
عـهجایـب پایـزێ بوو!
شهختهكهی جه‌رگ و دڵی بــردم
خه‌ڵك شووشه‌ی گوڵی ده‌شكێت و من
شووشه‌ی دڵم، چ بكه‌م؟[2]
خــــهڵـك خــانـوێكـی
دنـیـایی دهروخـێ، مــــات و حـهیـــرانـــه!
(قاقڵاوا، پایزی 1338 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 179 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 116 ی چاپی ئه‌نیسی [1] . له چاپی ئه‌نیسیدا هه‌موو کرداری "چوو" وه‌ک "چو" نووسراون. [2] . چاپی ئه‌نیسی: چبکه‌م؟ [3] . چاپی ئه‌نیسی: مه‌سجید و هه‌م مینبهریشم
|
عینوانی شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا خه‌زانی گوڵ' ه. هه‌ردوو عینوانه‌که له میسراعی یه‌که‌می شێعره‌که وه‌رگیراون.
شیعره‌که بۆ کۆچی دوایی نه‌مر حاجی بابه‌شێخی سه‌یاده‌ت – مامی شاعیر، گوتراوه و له په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌که‌ی چاپی جه‌عفه‌ردا ده‌ست نیشانی ئه‌و ڕاستییه کراوه: "بۆ وه‌فاتی حاجی بابه شێخی مامی". گه‌رچی به بێ ئه‌وه‌ش ته‌نیا به حیسابی ساڵی مردنی حاجی بابه‌شێخ ده‌کرا ئه‌وه بزانرێت و من پێش ئه‌وه‌ی دیوانی چاپی جه‌عفه‌ر ببینم، له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی چاپی ئه‌نیسی به ده‌ستخه‌ت ئاماژه‌م به‌وه کردبوو. وه‌ک له به‌شی پێشووتردا (ژماره 38) گوتوومه، به‌شێک له شیعره‌کانی ئاوات بۆ خزم و که‌س وکاری خۆی گوتراون و ئه‌وه‌ش یه‌ک له‌وانه، هی دیکه‌شی به‌شوێندا دێت.
هه‌ندێک جیاوازی له شێوازی نووسینی دوو چاپه‌که‌دا ده‌بینرێت که له په‌راوێزدا ده‌ست نیشانم کردوون. گرنگترینیان ئه‌وه‌یه که له فه‌ردی مهقتهعدا مزگه‌وت به مه‌سجید نووسراوه و به گوێره‌ی کێش، واوێکی عهتفیش کراوه‌ته جێگری ڤێرگول (کۆما)، واته 'مزگه‌وت، هه‌م' بۆته 'مه‌سجید و هه‌م'.
شیعره‌که له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا وێنه و هاوشێوه‌ی که‌م نین:
مه‌حوی:
"له دنیادا دڵ ئارامێک وئارامی دڵێکم بـوو / به‌جارێ ماڵی وێرانم ئه‌میشم چوو ئه‌ویشم چـوو!"
وه‌فایی:
"گولێکم بوو له دونیادا، شـــــــکۆفهی بـاغی رهعنـــایی
له داخی په‌رچه‌می شێواو، له نیو بازاری ڕیســـوایی
وه‌کو بولبول به روح و دڵ، شه‌ووڕۆژ بوومه سه‌ودایی
هه‌موو عومریعهزیزم چوو لهسهرخهندێک به‌خۆرایی
به جارێ ماڵی وێرانم ئه‌ویشم چــــوو ئهمیشـــم چوو"
به‌ڵام با شیعره‌که خۆی بپشکنین:
"هه‌موو ساڵێ خه‌زانی گوڵ بوو بۆ من"، ئه‌وه ده‌بێ گازنده‌یه‌ک بێت له ژیانی شه‌خسی و ئاماژه بێت به هه‌ندێک ڕووداوی ناخۆشی دیکه‌ی ژیانی شاعیر که به‌گوێره‌ی شیعره‌که له پایزدا ڕوویانداوه و ئێمه به هه‌واڵیان نازانین.
گوڵبه‌ر، پێکهاته‌یه‌که له گوڵ و به‌ر وه‌ک دڵبه‌ر. بۆ من تازه‌یه و جوانه. ده‌بێ واتای که‌سێک یان شتێک بێت که گوڵی بهرهێناوه یا خود له ئه‌سڵدا گوڵپه‌ڕ بووه و ته‌نیا بۆ ڕێکخستنی له‌گه‌ڵ دڵبه‌ری میسراعی دوای خۆی به‌و شێوه‌یه نووسراوه (جا شاعیر خۆی نووسیبێتی یان نوسخهههڵگران).
که‌س، سه‌ره‌وه‌ر، موره‌ببی و ڕێبه‌ر چوار سیفه‌تن که شاعیر به مامی کۆچکردووی خۆی داوه و به زانیارییه‌کی که‌م سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه‌ی سه‌یدانی جه‌میان و زه‌نبیله‌وه ده‌کرێت بزانرێت حاجی بابه شێخ یه‌که‌م یان یه‌ک له یه‌که‌مین که‌سانی بنه‌ماڵه‌که بووه که تێکه‌ڵاوی سیاسه‌ت بووه و سه‌ید کامیل بێگومان له سیاسه‌تدا کارتێکه‌ریی ئه‌وی له‌سه‌ر بووه، هه‌ر بۆیه‌ش زێده‌ڕۆیی نه‌کردووه کاتێ به موره‌ببی و ڕێبه‌ری خۆی ناوبردووه.
قه‌ڵه‌م چوو، نامه چوو، ته‌بعی ڕه‌وان و ده‌فته‌ر چوو ئاماژه‌ن به توانای شاعیری و نووسه‌ریی حاجی بابه‌شێخ، گه‌رچی به‌داخه‌وه به‌رهه‌مه‌کانی ته‌نیا تاک تاکه و لێره‌وله‌وێ نه‌بێت بڵاو نه‌بوونه‌ته‌وه. حاجی بابه شێخ شاعیر و نووسه‌ریش بووه و کاتی خۆی له کێ به‌رکێی گۆڤارێکی چاپی تاران‌دا به‌شداریی کردووه.
شه‌خته، سه‌رمای پایز که زه‌رعات خراپ ده‌کا (هه‌نبانه بۆرینه)
شووشه‌ی گوڵ، ده‌بێ شووشه‌ی عه‌تری گوڵ بێت که له ناوچه‌ی ئێمه‌دا تاقه عه‌تر یان یه‌ک له باوترین عه‌تره‌کانی ناو خه‌ڵک بوو.
'سووسهنبهری ده‌ڕژێت' یش به هه‌مان شێوه ده‌بێ عه‌تری سووسه‌نبه‌ر بێت نه‌ک سووسه‌نبه‌ر خۆی. سووسه‌نبه‌ر یان سووسه‌مبه‌ر (به فارسی، سیسنبر) گیایه‌کی بۆن خۆشی گه‌ڵا پانکه‌ڵه‌ی ددانه‌داره (هه‌نبانه بۆرینه). له ماڵی کورده‌واریدا زۆره. عه‌تر و ئودکوڵۆنی سووسه‌نبه‌ر (به ناوی ساواش) له بازاڕدا هه‌یه.
عه‌نبه‌ر، ماکێکی بۆن خۆشی ڕه‌شه له ورگی جۆره ماسیه‌ک په‌یدا ده‌بێ (هه‌نبانه بۆرینه).
ته‌رکیبی مووعهنبهر گه‌لێک جوانه.
خانوێک، خانوویه‌ک، ماڵێک؛ به شێوه‌زاری مه‌هابادی گوتراوه.
مزگه‌وت و هه‌م مینبه‌ر، یا خود مه‌سجید و مینبه‌ر، ئه‌وپه‌ڕی ڕێزگرتنی ئاواته له مامی که به مزگه‌وت و مینبه‌ری خۆی داناوه، شوێنێک که ڕێزی لێده‌گرێت و گوێ بۆ قسه‌ی شل ده‌کات.
به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که:
هزج مثمن سالم: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن