دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٥٠
غه‌زه‌لی ناقیس
چ شه‌وێ بوو شه‌وی جومعه، که شه‌وی زه‌لزه‌له بوو! شه‌وی سۆز و شه‌وی پڕ سۆز و هه‌را و مه‌شغه‌له بوو چ شه‌وێ بوو که چرای عه‌رزی به فرمێسکی فه‌له‌ک هه‌موو کووژانه‌وه، مه‌جلیس هه‌موو بێ مه‌شعه‌له بوو مه‌شعه‌لی سووته دڵان[1] گه‌ییه فه‌له‌ک، بۆیه له‌وێش ده‌سته ده‌سته مه‌له‌کیش هاتنه عه‌زا، هه‌لهه‌له بوو خۆم و هه‌رچی هه‌مه، کردم به فیدای و ئه‌جه‌لیش که‌چی ته‌ئخیری نه‌کرد، سه‌یری چ بێ حه‌وسه‌له بوو! دڵی ئێمه و دڵی عاله‌م وه‌کوو یه‌ک ئاگری گرت چاکه له‌م مه‌رحه‌له‌دا دڵ له دڵان بێ گله بوو هێند په‌رێشانه دڵی خانه خراپی 'کامیل' غه‌زه‌لی ناقیسه ئه‌مجاره،[2] ببوورن په‌له بوو (قاقڵاوا، 1338 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 177 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 117 ی چاپی ئه‌نیسی [1] . هه‌ر دوو چاپی جه‌عفه‌ر و ئه‌نیسی به سوخته دڵانیان نووسیوه. و به‌م پێیه دوور نییه له ئه‌سڵیشدا هه‌ر وا بووبێت. به‌ڵام بۆ ته‌رکیبی زیاتر فارسیی سوخته دڵان ئه‌گه‌ر نه‌مانه‌وێت کێشی شیعره خه تێک بچێت ده‌بێ واوی سوفته بکه‌ین به ضمه و بڵێین سخته به زهممهیهک له سه‌ر پیتی /س/. من پێم باشتر بوو خۆ له‌و گۆڕینی و وه‌رچه‌رخانه نه‌ده‌م و به سووتهدڵانی بنووسم. مامۆستا حه‌قیقی دۆستی ئاوات ناوی دیوانێکی شیعره‌کانی خۆی ناوه سووته‌دڵان و ئه‌م شێوازه‌ی ووشه‌که شتێکی نامۆ نییه. [2] . له هه‌ردوو چاپی جه‌عفه‌ر و ئه‌نیسیدا کۆما (وێرگوول) دوای نهقیسه دانراوه. من لام وایه باشتر بێت بکه‌وێته دوای ئه‌مجاره بۆ ئه‌وه‌ی سیفه‌تی ناقیس بوون شیعری ئه‌مجاره زیاتر بگرێته‌وه.
|
عینوانی شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا دڵی په‌رێشان' ه و من به هۆی ناوه‌رۆک و هۆکاری گوترانی شیعره‌که‌وه عینوانی چاپی ئه‌نیسیم پێ باشتره به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له خوێنه‌ر نه‌شێوێنم لێره و دوای ئه‌وه‌ش له سه‌ر ڕێچکه‌ی چاپی جه‌عفه‌ر ده‌ڕۆم، له عه‌ینی کاتدا جیاوازیی هه‌ر دوو چاپه‌که‌ش ده‌خه‌مه ڕوو. لێره‌دا ههردووعینوانهکه له فه‌ردی کۆتایی غه‌زه‌له‌که وه‌رگیراون.
له په‌راوێزی شیعره‌که‌ی چاپی جه‌عفه‌ردا نووسراوه: "بۆ کۆچی دوایی حاجی بابه شێخی مامی" و به‌م پێیه ئه‌وه یه‌کی دیکه له شیعره‌کانی ئاواته بۆ مه‌رگی نه‌مر حاجی بابه‌شێخی سه‌یاده‌ت (بڕوانه ژماره‌ی پێشتر 49). چاپی ئه‌نیسی باسی ئه‌و هۆکاره‌ی نه‌کردووه و ئه‌وه‌ش ده‌بێ له‌ترسی 'ممیزی' واته ئیداره‌ی سانسۆری کۆماری مه‌لاکان بووبێت.
وشه‌ی سۆز دوو جار له یه‌ک میسراعدا هاتووه و من لام وایه سۆزی یه‌که‌م سووتان بێت و دووهه‌م هه‌ست و سۆز، ده‌نا ئه‌گه‌ر هه‌ردوکیان به یه‌ک واتا هاتبێتن، دووپات بوونه‌وه‌یه‌کی به قه‌ولی قه‌دیم مه‌لیح نییه و قه‌بیحه.
مهشغهلهی فه‌ردی یه‌که‌م و مهشعهلهی فه‌ردی دووهه‌م شیعرێکی نالیمان وه‌بیر دێنێته‌وه که ده‌ڵێ:
"نالی سه‌رت له گونبه‌ده‌که‌ی خانه‌قا ده‌کا / لایێ پڕه له مه‌شعه‌له، لایی له مه‌شغه‌له"
له فه‌ردی سێهه‌مدا شاعیر ده‌ڵێ گڕ و گرپه‌ی دڵی دڵ سووتاوان هێنده زۆر بووه که گه‌یشتۆته فه‌له‌ک و له‌وێ فرمێسکیان له چاوی فریشته‌کان هێناوه. وێده‌چێت له شه‌وی کۆچی دوایی حاجی بابهشێخدا بارانی به ته‌وژم باریبێت و ئه‌و فرمێسکه‌ی فه‌له‌ک که ده‌ڵێ، ئاماژه بێت به‌و باران بارینه. شاعیر وای داناوه که فریشته‌کان هاتوونه‌ته سه‌ره‌خۆشیی مامی و له‌وێ بۆی ده‌گرین.
"خۆم و هه‌رچی هه‌مه"، شاعیر له شیعرێکدا به بۆنه‌ی کۆچی دوایی کاکیشیهوه که‌ڵکی له‌م ته‌عبیره وه‌رگرتووه: "کاکه! قه‌زات له خۆم و له هه‌رچی هه‌مه، که‌وێ!" (بڕوانه پارچه شیعری ژماره 48). ئه‌وانه‌ی وا ئاوات ده‌ناسن و شاره‌زای ژیانی هه‌ن، یه‌ک قسه‌ن له سه‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤێکی فیداکار و له‌خۆبووردوو بوو و گه‌لێک سیفه‌تی باشی ئینسانی تێدا بوو. من ئه‌و خۆ به‌قوربان کردنه‌ی کاکی و مامی به قسه‌ی به‌تاڵ و بێ بنه‌ما دانانێم و لام وایه پیشانده‌ری ئه‌وپه‌ڕی میهره‌بانی و دڵپاکیهتی. لێره‌دا ده‌یه‌وێت بڵێ من ئاماده بووم خۆم و هه‌رچی هه‌مه بکه‌مه فیدای مامم بۆئه‌وه‌ی ژیانی به‌رده‌وام بێت به‌ڵام ئه‌جه‌ل، که بێ سه‌بر و تاقه‌ته، کاره‌که‌ی وه‌دوا نه‌خست و ده‌ستی له یه‌خه‌ی نه‌کرده‌وه.
دڵی ئێمه و دڵی هه‌موو عاله‌م، واته خه‌ڵکانێکی زۆری دیکه‌ش وه‌ک ئێمه‌ی که‌س وکاری حاجی بابه‌شێخ به مردنی ئه‌و ئاگری گرت و پاشان ته‌نزێکی نه‌رم و جوانی تێدایه کاتێ ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر له شوێنی دیکه‌دا دڵ هه‌بوه گله‌یی له دڵانی دیکه کردبێت، لای که‌م لێره و له خه‌م و په‌ژاره‌ی کۆچی دوایی ماممدا هه‌موو یه‌کدڵ بوون و وه‌ک یه‌ک خه‌میان ده‌خوارد واته له‌م قۆناغه‌دا که‌س گله‌یی له که‌س نه‌بوو.
له فه‌ردی کۆتاییدا شاعیر باس له ناقیسی و ناته‌واوی ده‌کات. من لام وایه نیازی ئه‌وه بێت که گوایه ده‌مویست غهزهلهکهم درێژه پێبده‌م و زیاتر باسی ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێنه بکه‌م یاخود شیعرێکی باشتر به‌و بۆنه‌یه‌وه بهۆنمه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر په‌له وههله نه‌متوانی و به ناته‌واوی هێشتمه‌وه، بۆ ئه‌م کاره‌شم داوای لێبووردن له ئێوه‌ی خۆێنه‌ر یان بیسه‌ری شیعره‌که ده‌که‌م.
به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که: ڕمل مثمن مخبون محذوف: فعلاتن فعلاتن فعلاتن فعلن