دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٥١
کاروانی نه‌مان
کاروانی نیستی! تۆزێ سه‌بر ته‌شریف به‌ره! نێو که‌ژاوه‌ی دڵڕفێنت جێ خه‌وی نازپه‌روه‌ره بۆ هه‌موو ده‌روێش و سۆفی، قه‌وم و خوێش، خه‌ڵکی وڵات موڕشیدێکی خۆشه‌ویسته، ڕێنما و ڕيبه‌ره[1] تۆ خودا سه‌رقافڵه‌چی! خێرا به ڕێگادا مه‌ڕۆ چاڵ و چۆڵه ڕێگه‌که‌ت، ماندوو ده‌بێ ئه‌و دڵبه‌ره چوو، منیش وا بێ وچان دێم و ده‌چم بێ ئیختیار هه‌ر ده‌ڕۆم پێ ناگه‌م و بڕوانه بوومه مه‌خسه‌ره هه‌ر به ته‌نیا بۆ منه ڕۆژی قیامه‌ت هاتووه ڕۆژ و شه‌و با هه‌ر بقووڕێنم له دووی ئه‌و سه‌ر‌وه‌ره کاتی ڕۆینی پیری مه، 'غفرانی ایزد' نووسرا شین و واوه‌یلایه، قوڕپێوانه، ڕۆژی مه‌حشه‌ره (قاقڵاوا، 1353 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 186 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 116 ی چاپی ئه‌نیسی [1] . له هه‌ردوو چاپی ئه‌نیسی و جه‌عفه‌ردا نووسراوه 'ڕێنما وو ڕێبه‌ره' واته دوو واوی عه‌تفی بۆ دانراوه که دیاره به ئامانجی ڕاست خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌یه. به‌ڵام من ئه‌وه‌م به زیاده زانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چ به یه‌ک و چ به دوو واو بنووسرێت، به ناچار به یه‌ک شێوه ده‌خوێنرێنه‌وه.
|
عینوانی شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا 'کاروانی نیستی' یه، که له دوو وشه‌ی ناو شیعره‌که وه‌رگیراوه. له چاپی جه‌عفه‌ردا وشه‌ی فارسیی نیستی کراوه‌ته 'نه‌مان' ی کوردی. من لام وایه ئه‌و گۆڕانکارییه زۆر پێویست نه‌بێت چونکو شاعیر خۆی سڵی له‌وه نه‌کردۆته‌وه وشه و ته‌عبیری فارسی و عه‌ره‌بی بخاته شیعره‌کانیه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو یان زوربه‌ی شیعره‌کانی ئاوات بێ عینوانن و ئه‌نیسی و جه‌عفه‌ر ئه‌و عینوانانه‌یان به سه‌لیقه‌ی خۆیان له ناو شیعره‌کان کێشاوه‌ته ده‌ره‌وه، ده‌کرێ ئه‌م عینوان دانانه‌ی ئێره‌ش له cه‌عفه‌ر وه‌ربگیرێت.
له په‌راوێزی شیعره‌که له چاپی جه‌عفه‌ردا نووسراوه: "بۆ کۆچی دوایی کاکی" واته کاکی شاعیر. به‌م پێیه ئه‌وه‌ش شیعرێکی دیکه‌یه ئاوات به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی حاجی سه‌ید محه‌ممه‌دی نوورانی (شێخی زه‌نبیل) نووسیویه، که به گوێره‌ی ماده ته‌ئریخی مه‌قته‌عی شیعره‌که، ده‌کاته 1353 ی هه‌تاوی [= 1974 ی زایێنی].
شاعیر له‌گه‌ڵ کاروانی نه‌مان زۆر نه‌رم و به ئیحتیرامه! جارێک پێیده‌ڵێت سه‌بر ته‌شریف به‌ره و جارێکیش که‌ژاوه‌ی نه‌مان به 'دڵڕفێن' ده‌ناسێنێت. ئه‌وانه هه‌ندێک نامۆن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاعیران له کاتی مردنی عه‌زیزیاندا گله‌یی له کاروانی ئه‌جه‌ل ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت جنێوی پێده‌ده‌ن بۆچی خۆشه‌ویسته‌که‌یانی له‌گه‌ڵ خۆی بردووه. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئاوات نیشانه‌یه‌که له ته‌بعی نه‌رم و له‌تیفی ئه‌و و وه‌ک پاڕانه‌وه‌یه‌کیشه له مه‌رگ که له‌گه‌ڵ کاکیدا میهره‌بان بێت. ئه‌و هه‌سته له فه‌ردی سێهه‌مدا به باشی ده‌رده‌که‌وێت کاتێ به سه‌رقافله‌چی ئه‌جه‌ل ده‌ڵێ خێرا ڕێگا نه‌بڕێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگاکه، واته ڕێگای مه‌رگ، پڕ له چاڵ و چؤڵی و ناله‌بارییه و خۆشه‌ویسته‌که‌ی ئه‌و ماندوو ده‌کات.
چوو، ئیشاڕه‌یه به ڕؤیشتن و مردنی کاکی شاعیر
بێ وچان، بێ وه‌ستان
هه‌ر ده‌ڕۆم، پێناگه‌م: بێزارییه له ژیان و ئاواتی کۆتایی هاتن به ڕێگه‌ی دوور ودرێژی ژیان.
مه‌خسه‌ره، مه‌سخه‌ره‌ی عه‌ره‌بییه به کوردی کراوه.
قیامه‌ت هاتن بۆ که‌سێک، ئه‌وپه‌ڕی ناڕه‌حه‌تی و وه‌ڕه‌زیی ئه‌و که‌سه‌یه.
قووڕاندن، بۆڕاندنی ڕه‌شه‌وڵاخ (هه‌نبانه بۆرینه). شاعیر ئه‌م ته‌عبیره‌ی ده‌بێ به ده‌سته قه‌سد هێنابێت بۆ ئه‌وه‌ی کاکی و سه‌روه‌ری خۆی گه‌وره بکاته‌وه و خۆی چکۆله بنوێنێت کاتێ که ده‌ڵێ تا ڕۆژی قیامه‌ت به‌دوایدا ده‌ڕۆم و ده‌قووڕێنم.
پیری مه، پیری ئێمه: ته‌عبیرێکی ناوچه‌ی مه‌هاباده و نیاز له کاکیه‌تی.
غفران ایزد: ئه‌وه ماده ته‌ئریخی مه‌رگی کاکیه‌تی. هه‌ردوو چاپی جه‌عفه‌ر و ئه‌نیسی به 'غفرانی ایزد' یان نووسیوه، واته پیتێکی /ی/ یان لێ زیاد کردووه و ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی ئاشکرایه. یاء له حیسابی ئه‌بجه‌ددا ژماره 10 یه و ئه‌گه‌ر له جیاتی 'غفران' بنووسین 'غفرانی'، سووک و سانا 10 ساڵمان له‌و ماده ته‌ئریخه زیاد کردووه! 'غفرانی ایزد' ده‌کاته 1363 له کاتێکدا کاکی شاعیر 10 ساڵ پێش ئه‌و ته‌ئریخه کۆچی دوایی کردووه و شیعره‌که‌ش هه‌ر له ساڵی 1353 دا گوتراوه. که‌وابوو ئێمه ده‌بێ وه‌ک 'غفران ایزد' ی بنووسین، جا ئه‌گه‌ر له خوێندنه‌وه‌دا شێوازی کوردیمان پێدا و گوتمان غوفرانی ئیزه‌د، قه‌یدی ناکات، به‌ڵام له نووسیندا مافی ئه‌و گۆڕانکارییه‌مان نییه ده‌نا حیسابه دانراوه‌کانی 'ئه‌بجه‌د' تێک ده‌چن.
به حیسابی من پیته‌کانی 'غفران ایزد' ئاماژه به‌م ژمارانه‌ی خواره‌وه ده‌که‌ن:
غ= 1000؛ ف= 80؛ ر=200؛ ا= 1؛ ن= 50؛ ا=1؛ ی= 10؛ ز= 7؛ د= 4.
غفران = 1331؛ ایزد = 22؛ غفران ایزد = 1353 (که ئه‌ویش دیاره ساڵی هه‌تاوییه و به‌رانبه‌ره له‌گه‌ڵ 1974 ی زایێنی. واتای دوو وشه‌که‌ش داواکاریی شاعیره له خودا بۆ به‌خشین و لێبووردوویی گوناهانی مردوو، که کاکی خۆی بێت.
به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که:
رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن.