دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٥٢
به‌رخی نێر
نیشتمان، قوربانی کانیاو و زنه‌ی زهنوێرتم! گیانفیدای ڕه‌شماڵ و شوان و مێگه‌لی سه‌ر بێرتم کوشته‌یی کاڕه‌ی مه‌ڕ و به‌رخ و بنه و هاوێرتم عاشقی ئاسکی چیای بژوێن و جوان و تێرتم گیانه‌که‌م، ئه‌منیش به کارت دێم و به‌رخی نێرتم! ڕۆح فیدای سروه‌ی به‌یانانی عهبیرئامێزهکهت دڵ به قوربانی سریوه‌ی ته‌یره بێ پارێزهکهت گیانه‌که‌م، ڕۆڵه‌ی ئه‌تۆ ڕێک چاوه‌ڕێی ئاخێزهکهت بیگره باوه‌ش له هه‌ل دا پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌که‌ت پاسه‌وانی ناوچه‌کانی پڕ له زێو و زێڕتم هه‌ر له سه‌ر لوتکه‌ی چیا خه‌مڵیوه تا خوارێ به گوڵ هه‌رکه‌سێکی به‌رهه‌ڵستی سهربهخۆییته به‌دڵ، پێی بڵێ وا مه‌نجه‌ڵی قینی گه‌لم هاتۆته کوڵ ئه‌ی عه‌جه‌م! بۆی ده‌رکه‌وه، ئه‌ی لنگ ڕه‌شی ڕووت، لاتهقول! خۆ ئه‌گه‌ر کوردیشه، فه‌رموو ناهومێدی خێرتم کێ بوو وه‌ک شێری ژیان خێرا له بێشه‌ی ده‌رپه‌ڕی؟ سیپه‌لاکی دوژمنی کوردی به نه‌شته‌ر هه‌ڵدڕی ئاره‌قی کاتی خه‌باتی قه‌ت له ئه‌ستۆ نهستڕی نیشتمان بانگی ده‌کا یاخوا بژی، هه‌ر تۆ کوڕی چاوه‌ڕێی پڕدانی توند وتۆڵ و هه‌روه‌ک شێرتم هه‌رکه‌سێ کورد بێ و "زرنگ" بێ، چاوه‌نۆڕی هه‌ل ده‌بێ پێشه‌وا و خاوه‌ن شکۆه و قاره‌مانی گه‌ل ده‌بێ جێگه‌یی شانازی و هیوای هه‌موو کۆمه‌ڵ ده‌بێ خاوه‌نی کانیاو و چیمه‌نزار و باغ و گوڵ ده‌بێ نیشتمان، ئه‌منیش له باغتدا ئه‌وا ئاودێرتم! (قاقڵاوا، 1342 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 273 و 274 ی چاپی جه‌عفه‌ر، له چاپی ئه‌نیسیدا نییه
|
پێنج خشتییهکی نیشتمانییه، ڕه‌نگی توندڕه‌وی پێوه دیاره به‌ڵام شووینیستی نییه. له‌و شوێنه‌دا که باسی عه‌جه‌م ده‌کات نیازی له‌و که‌سانه‌یه که 'به‌رهه‌ڵستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان' ن و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر دژی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ن با له کوردستان بڕۆنه ده‌ره‌وه. دیاره به دوو سیفه‌ت سووکایه‌تی پێکردوون: 'لێنگ ڕه‌ش' و 'ڕووت'. بۆچوونێکی که‌م و زوۆر هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌شی بۆ ئه‌و کوردانه ده‌ربڕیوه که دژی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانن و پێیان ده‌ڵێ فه‌رموون، واته له خاکه‌که‌مان بڕۆنه ده‌ره‌وه! یان بڕۆن به ته‌مای خێرتان نیم شه‌ڕمان تێ مهئاڵێنن!
شیعره‌که له ساڵی 1342 [1963 ز] دا گوتراوه که شه‌ڕی ڕاپه‌ڕیوانی شۆڕشی ئهیلوول له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌وپه‌ڕی گه‌رم وگوڕێدا بوو و هیوایه‌کی زۆر بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی وڵات که‌وتبووه دڵی خه‌ڵکه‌وه.
شاعیر خۆشه‌ویستیی نیشتمان له خۆش ویستنی مه‌زهه‌ر و نیشانه فیزیکییهکهیاندا ده‌بینێت و خۆی به فیدای کانیاو و زنه و ڕه‌شماڵ و مێگه‌ل و ئاسکی چیاکانی ده‌کات.
هه‌روه‌ها هانی کوردان ده‌دات بۆ ڕاپه‌ڕین. به حیسابی ئه‌وه‌ی ناوی عه‌جه‌م ده‌هێنێت، دیاره نیازی له کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه و لێیان ده‌خوازێت دژ به حوکمی بێگانه‌ی داگیرکه‌ر رابپه‌ڕن. ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ کێش وهه‌وای ئه‌و ساڵانه‌دا یه‌ک ده‌گرێته‌وه که کوردی باشوور راپه‌ڕیبوون و ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی لاوان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشه‌وه چووبوونه یاریده‌یان.
شاعیر له به‌ندی چواره‌مدا هانی خه‌باتی چه‌کدارانه ده‌دات و له کوردان ده‌خوازێت "وه‌ک شێر له بێشه ده‌رپه‌ڕن، سیپه‌لاکی دوژمن به خه‌نجه‌ر هه‌ڵدڕن و تا ڕۆژی سه‌رکه‌وتن ئاره‌ق له ئه‌ستۆیان نه‌سڕن."
له به‌ندی کۆتایی دا که‌ڵک له وشه‌ی 'زرنگ' وه‌رگیراوه که ئیهامی تێدایه: واتای نزیکی وشه‌که، وریا و زیره‌که و واتای دووریشی ناسناوی خۆیه‌تی. ئیمامی له سه‌رده‌می کۆمه‌ڵه‌ی ژێکافدا ئه‌ندامی ڕێکخراوه‌که و ناوی نهێنیشی 'زرنگ' بوو. هیوایه‌ک که سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئهیلوول خستبوویه دڵی خه‌ڵکه‌وه 18 ساڵ دوای کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف، سه‌ید کامیلی کردبووه 'زرنگ' ه‌که‌ی جاری جاران و ده‌یه‌ویست ببێته ئاودێری باغی نیشتمان.
واتای هه‌ندێک له وشه‌کان به یارمه‌تی هه‌نبانه بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار:
زنه، چیمه‌نی ئاوده‌ڵێن
زه‌نوێر، جێگه‌ی بڵندی هه‌وا سازگار
بێر، کۆبوونی ئاژه‌ڵ بۆ دۆشین
سه‌ربێر، یه‌که‌م ئاژه‌ڵ که دێته دۆشین له بێردا
بنه، گای ناوه‌ندی گێره،
هاوێر، له ئێکتر جیا کردنه‌وه‌ی ماک و زا (له مه‌ڕی)
بژوێن، چڕ
به‌رخی نێرتم، ئاماژه‌یه به‌و په‌نده‌ی کوردی که ده‌ڵێن 'به‌رخی نێر بۆ سه‌ربڕینه'.
سریوه، جریوه‌ی باڵنده
بێ پارێز، خۆ نه‌پارێز وهێرشکار
ئاخێز، هه‌ستان. چاوه‌ڕێی ئاخێزهکهت واته ڕۆڵه‌کانی نیشتمان چاوه‌ڕێی هه‌ستانی سه‌رجه‌م خه‌ڵکن.
هه‌ل، ده‌رفه‌ت
بیگره باوه‌ش له هه‌لدا پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌که‌ت: پیتی /ی/ له بیگره و /ێ/ له پێشمه‌رگه‌دا ده‌بێ هه‌ندێک درێژ بخوێنرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کێشی شیعره‌که بپارێزرێت. واتای ئه‌و له‌تکه شیعره ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر هه‌لت بۆ هه‌ڵکه‌وت پێشمه‌رگه‌ی هێزی نیشتمان له باوه‌ش بگره واته پێشوازییان لێ بکه.
زێو و زێڕ، زێوی موکریان له باشووری کوردستان وه‌ک زیو ده‌گوترێت.
خه‌مڵیوه، ڕازاوه‌ته‌وه
لاتقل، عه‌ره‌بییه، واته قسه مه‌که!
ناهومێدی خێرتم، هیوای خێرم پێت نییه، بێ که‌ڵکی!
بێشه، دارستان
پڕدان، هێرش بردن، ده‌ستوبرد کردن.
به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که:
رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن.