دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٥٣
ده‌ردی دڵ
پشتم به باری میننه‌تی خه‌ڵکی جده‌و بووه ده‌ستی قه‌زاش له من ده‌ری ئوممێدی به‌ستووه تاکه‌ی بڕۆمه ئێر و ئه‌وێ، نه‌سره‌وم ده‌مێ؟ تاکه‌ی ئه‌جه‌ل به سه‌بر و مودارایه، نوستووه؟ یاخوا ملی شکی، وه‌خه‌به‌ر نایه ماڕزه! داخوا به داخ و ده‌رده‌وه کێی دیشی خستووه! چه‌رخی فه‌له‌ک که پیره‌ژنێکه هه‌زار ساڵ ڕیسی هه‌زار 'کامیل' و فه‌رهادی ڕستووه! (قاقڵاوا، 1340 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 210 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 103 ی چاپی ئه‌نیسی
|
عینوانی شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا 'کامیل و فه‌رهاد' ه. ئه‌گه‌ر به ده‌ستی من بوایه و بمتوانیایه عینوانێک بۆ شیعره‌که دیاری بکه‌م بابه‌تی وه‌ک 'نائومێدی' یان 'بێزاری له ژیان' یان 'چاوه‌ڕوانی ئه‌جه‌ل' م بۆ داده‌نا ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و راستییه‌ی که هه‌رچوار فه‌ردی شیعره‌که ئه‌و ناوه‌رۆکه‌یان هه‌یه.
ده‌قی چاپکراوی هه‌ردوو دیوانه‌که وه‌ک یه‌کن و جیاوازییه‌کیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا نییه.
ده‌ری ئوممێد، ده‌رکی ئومێد، ده‌رگای هیوا، ته‌رکیبێکی فارسییه
نووستووه و وه‌خه‌به‌ر نایه هه‌ردوکیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌جه‌ل. شاعیر گله‌یی له مردن هه‌یه بۆچی زووتر نایه‌ته سۆراغی. هه‌ر بۆیه‌ش جنێوی پێ ده‌دات و ده‌ڵێ ملی بشکێت ئه‌و ماڕزه که دره‌نگ دێته لام!
واتای چه‌ند وشه به یارمه‌تی هه‌نبانه بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار:
جده‌و، له‌کارکه‌وتوو، بریندار
ئێر وئه‌وێ، ئێره و ئه‌وێ
ماڕز، زاڵم، لاسار و سه‌رسه‌خت
کێی دیش، کێی دیکه‌ش
چه‌رخی فه‌له‌ک: چه‌رخ، گه‌ڕانه و فه‌له‌کیش، ئاسمان
پیره‌ژنێکه هه‌زار ساڵ، پیره‌ژنێکی ته‌مه‌ن هه‌زار سالانه.
هێنانی چه‌رخ و فه‌له‌ک و پیرێژن و ڕیس ڕستن هه‌مووی ئاماژه‌ن به‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی که گوایه پیرێژنێک چه‌رخی ئاسمان ده‌ڕێسیت و چاره‌نووسی ژیانی مرۆڤ به ده‌ست ئه‌و چه‌رخ و فهلهکهیه نه‌ک خۆی!
نالی له شیعرێکدا ده‌ڵێ:
"مه‌سه‌ل
دنیا ژن و، چه‌رخیش خه‌ڕه‌ک، ده‌م ده‌م به دۆخی غه‌م
ڕه‌گی تاری وجودت با ده‌دا، هێشتاکو هه‌ر خاوی!
زه‌مانه چه‌رخ و، چه‌رخی ئاسمانیشی، فه‌له‌ک فیلکه
سه‌ری ڕشته‌ی وجودی چه‌نده باداوی و هه‌ر ماوی!"
عومه‌ری خه‌ییام له شێعرێکدا دژ به‌و بۆچوونه ده‌وه‌ستێت و ده‌ڵێ:
"نیکی و بدی که در نهاد بشر است، شادی و غمی که در قضا و قدر است،
با چرخ مکن حواله کاندر ره عقل چرخ از تو هزار بار بیچارهتر است!"
واته ئه‌و چاکه و خراپه‌یه‌ی وا له نیهادی مرۆڤدایه و ئه‌و شادی و خه‌مه‌ی وا له قه‌زا وقهدهردایه، مهیانخه ئه‌ستۆی چه‌رخ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌رخه، به ڕووی عه‌قڵ و فامه‌وه، هه‌زار جار له تۆ بێ ده‌سه‌ڵاتتره!
ئاوات له‌و ئه‌فسانه‌یه که‌ڵک وه‌رده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت من و فه‌رهاد ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌ته‌مان کێشاوه به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تی چاره‌نووسێکی بێ واتا نایه‌ین که که‌سێکی دیکه له شوێنێکی دیکه بۆمان ده‌نووسێت!
به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که:
مضارع مثمن اخرب مکفوف محذوف: مفعول فاعلات مفاعیل فاعلن