دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٥٥
شووشه‌ی دڵ
که هێمن ڕۆیی شووشه‌ی دڵ شکاوه نه‌ماوه تاقه‌تم، هێزم بڕاوه ئه‌وێسته‌ش هه‌ر له‌به‌ر چاوانه وێنه‌ت مه‌ڵێ ئابڕوو له‌چاودایه، تکاوه! تکابێتیش، له‌به‌ر پێته گلێنه‌م وڕێنه‌ت بۆ ده‌کا چاوم له لاوه نه ته‌نیا شووشه‌که‌ی دڵ که‌وت و چڕژا، نه‌مامی باغی ژینیشم چه‌ماوه به مه‌رگی تۆ پیاڵه‌ی عه‌یش و نۆشم له سه‌د جێ درزی داوه، لێم ڕژاوه له سارا و که‌ژ و کۆ شوێنی تۆیه[1] به‌ڵام ده‌رکی هه‌مووکه‌س داخراوه له هیچ لایه‌ک سه‌دا نایێته گوێی من ده‌ڵێی حه‌شره و که‌سێ ئیتر نه‌ماوه له کوێستانیش نه‌ماوه چیغ و چادر ده‌ڵێی خاوه‌ن پهزیش تاوڵی دڕاوه! به گریانی سه‌ماش، کوێستان خزیوه له هه‌ر لایێکی سێڵاو تێی خزاوه له کورد و کورده‌واری و نیشتمانم چ هیوا و هومێدێکم نه‌ماوه[2]به هۆنراوه خه‌یاڵی ته‌ونی خۆم کرد که‌چی ڕیسم له سه‌د لاوه پساوه ته‌شیی نهخولاوه به‌ختی من به لاوی[3] که کرژی با بدا، جا بۆیه خاوه به مه‌رگی تۆ بوو ئاوات بۆته پووشێک له گۆمیشی بخه‌ی، ته‌رمی سه‌رئاوه! (مه‌هاباد، 1365 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 208 و 209 ی چاپی جه‌عفه‌ر؛ له چاپی ئه‌نیسیدا نییه.
|
شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا به‌رچاو ناکه‌وێت و ئه‌وه‌ش سروشتییه. مامۆستا هێمن له به‌هاری ساڵی 1365 ی هه‌تاویدا کۆچی دوایی کردووه. کتێبه‌که‌ش له به‌هاری هه‌مان ئه‌و ساڵه‌دا له تاران چاپ بووه، به‌ڵام ئاشکرایه ده‌بێ پێشتر ئاماده کرابێت و درابێته وه‌زاره‌تی ئیرشادی مه‌لاکان بۆ ئیجازه و پاشانیش چووبێته چاپخانه.
عینوانی شیعره‌که له چاپی جه‌عفه‌ردا هه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌یه.
بابه‌تی شیعره‌که ڕوونه و شاعیر به ڕاشکاوی گوتوویه‌تی "که هێمن ڕۆیی..."؛ هه‌روه‌ها له په‌راوێزی چاپی جه‌عفه‌ردا نووسراوه: "بۆ وه‌فاتی مامۆستا هێمن".
هێمن و هه‌ژار و ئاوات و حه‌قیقی و خاڵه‌مین و نووری، نه‌سلی دووهه‌می شاعیرانی موکریانن که ڕێچکه‌ی نه‌مر سه‌یفولقوزاتی قازی‌یان هه‌ڵگرتووه، بوونه‌ته ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و له دامه‌زرانی کۆماری کوردستانی ساڵی 1946 دا هه‌ڵسووڕاو بوون. من ئاگام له 'ڕاده' ی دۆستایه‌تی نێوان ئاوات و هێمن نییه به‌ڵام ده‌زانم دۆستی یه‌کتر بوون. هه‌ر ئه‌وه‌ی که شیعره‌که له ساڵی مردنی هێمندا و له مه‌هاباد گوتراوه، به‌شداریی شاعیر له ڕێ وڕه‌سمی کۆچی دوایی هێمن پیشان ده‌دات.
شیعره‌که ساکار و بێ گرێ وگۆڵه، شاعیر له پێنج فه‌ردی سه‌ره‌تادا باسی ژیانی خۆی دوای مه‌رگی هێمن ده‌کات که شووشه‌ی دڵی به‌و مردنه چڕژاوه و نه‌مامی باغی ژینی چه‌ماوه‌ته‌وه و.... ئینجا له پێنج فه‌ردی دواتر دا په‌یوه‌ندی نزیکی هێمن له‌گه‌ڵ سروشتی کوردستان و چیغ و چادر و ڕه‌شماڵی خێڵاتی کورد ده‌خاته به‌رچاوی خوێنه‌ر و نه‌ک هه‌ر سروشتێکی بێ گیانیش به‌ڵکوو سروشتێک که ڕۆحی مرۆڤی 'خاوه‌ن په‌ز' واته ههوارچیانی کوردیشی پێدا گه‌ڕاوه به‌ڵام هه‌ردوکی ئه‌مانه هه‌م سروشت و هه‌م مرۆڤ به مردنی هێمن بێده‌نگن و له هیچ لایه‌که‌وه سه‌دا نایه‌ته گوێ وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕۆژی حه‌شر بێت. سێ فه‌ردی کۆتایی شیعره‌که گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ پێنج فه‌ردی یه‌که‌م واته بۆ سه‌ر شاعیر خۆی. لێره‌دا دوای ناوبڕی ناوه‌ڕاست، دیسان له خۆی ده‌دوێت و ئه‌و دۆخه‌ی وا به مه‌رگی هێمن تووشی هاتووه، به تایبه‌ت له فه‌ردی کۆتایی (مه‌قته‌ع) دا ده‌ڵێ [به‌و بۆنه‌یه‌وه]، بوومه‌ته پووشێک و ئه‌گه‌ر بشمرم ته‌رمم له‌به‌ر سووکی ده‌که‌وێته سه‌ر ئاو.
به گریانی سه‌ماش... من وای بۆ ده‌چم که له به‌هاری ساڵی 1365 دا بارانێکی زۆر باریبێت و له ئه‌نجامی ئه‌و بارشتهدا، له شوێنێکی کوردستان، زه‌وی کوێستانیش خزیبێت. ئاوات ئه‌و دیارده سروشتییه به مه‌رگی هێمنه‌وه ده‌به‌ستێت و وای داده‌نێت که سه‌ما واته ئاسمانیش بۆ مه‌رگی هێمن گریابێت. ئاوات له شیعرێکیشدا که بۆ مردنی مامی واته حاجی بابه‌شێخی هۆندۆته‌وه، به هه‌مان شێوه، بارانی ئه‌و شه‌وه به گریانی ئاسمان بۆ مه‌رگی مامی داده‌نێت.
له کورد و کورده‌واری و نیشتمانم... به بۆچوونی من ئاوات ده‌ڵێ "کورد و کورده‌واری و نیشتمان هه‌موو [دوای مه‌رگی هێمن] بێ هیوا ماونه‌ته‌وه." گه‌رچی شیعره‌که وا ده‌نوێنێت که شاعیر له کورد و کورده‌واری و نیشتمان بێ هیوا بووبێت، به‌ڵام هیچ هۆکارێک بۆ ئه‌و قسه‌یه نییه و ئاوات شاعیرێکی به‌رپرسه، که‌هیوای قایمی به دواڕۆژی ڕزگاریی نیشتمانه‌که‌ی هه‌یه. که‌وابوو، ده‌بێ ئه‌وه خودی شاعیر بێت که دوای مه‌رگی هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌که‌ی هیوای له هه‌موو ئه‌وانه بڕابێت.
به هۆنراوه خه‌یاڵی .... لام وایه شاعیر ده‌یه‌وێ بڵێت خه‌یاڵی ئه‌وه‌م بوو ته‌ونێکی چاک بکه‌م واته هۆنراوه‌یه‌کی باش به بۆنه‌ی مردنی هێمنه‌وه بڵێم به‌ڵام بۆم نه‌کرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌رگی هێمن ڕیسی له سه‌دلاوه پساندووم و ئه‌وه‌م له‌ده‌ست نایه‌ت.
ته‌شیی نهخولاوه ... ئه‌م فهردهش له درێژه‌ی فه‌ردی پێشتردایه و ئاوات خه‌تای خاوبوون و کرژ نه‌بوونی شیعره‌که‌ی ده‌خاته ئه‌ستۆی به‌خت و ئیقباڵ و ده‌ڵێ هه‌ر له سه‌رده‌می لاویه‌تییه‌وه ته‌شییه‌که‌ی منیان باش خول نه‌دا و ههوداکهیان باش نهڕست. دیاره ئه‌گه‌ر بێ په‌یوه‌ند له فه‌ردی پێشتر سه‌یری بکه‌ین گۆڕانێکی زۆری به‌سه‌ردا نایه‌ت و ئه‌وی ده‌مێنێته‌وه گله‌یی و گازنده‌ی شاعیره له به‌ختی خۆی که هه‌ر له سه‌رده‌می لاویه‌تییه‌وه بێ قسه‌یی ئه‌وی کردووه و ته‌شیی به‌ختی به مه‌ڕامی ئه‌و نه‌سووڕاوه.
به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که:
هزج مسدس محذوف: مفاعیلن مفاعیلن فعولن