دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٥٦
ئاواتی هۆنه‌ر
هه‌رکاتی نه‌وبه‌هاره که دنیا ده‌کا نوێ سارا ده‌پۆشێ به‌رگی سه‌وز، گوڵ ده‌پشکوێ شه‌وبۆ و هه‌ڵاڵه، نه‌رگس و نه‌سرین و نه‌سته‌ره‌ن سوێسنه زمانی گرتووه، پێم سه‌یره نادوێ! تۆوی هه‌مووشتێک له به‌هارا سه‌وز ده‌بێ ئه‌ی تۆوی ئێمه بۆچی له هیچ فه‌سڵێ ناڕوێ؟ بۆچی له ئاسۆ نایه‌ته‌ده‌ر ڕۆژی مه، خودا؟ ڕۆژی خه‌ڵک که‌چی سه‌ری وا ناوه‌ته سوێ! هه‌رچه‌ند له مێژه خه‌ڵفی هیوامان چه‌قاندووه ئاوی به‌خوێن دراوه که هه‌ر سه‌وزه، ناپوێ تا به‌هره‌وه‌ر نه‌بین له به‌ری، هه‌ر بڵند ده‌بێ وه‌ک پیره‌داری دی نییه، هه‌ر خه‌ڵفه، نانه‌وێ! هه‌رکه‌س هیوای به خۆی و گه‌لی ماوه ئێسته‌که‌ش، ڕه‌ببی قه‌زای به تاقی ته‌نێ هه‌ر له‌من که‌وێ! ئاواتی بۆچی نایه‌ته دی پیره هۆنه‌رێک هه‌ر ئاخ وداخییه له به‌یانی هه‌تا شه‌وێ (به‌هاری 1368 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 254 ی چاپی جه‌عفه‌ر؛ له چاپی ئه‌نیسیدا نییه. |
شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا به‌رچاو ناکه‌وێت. چاپی ئه‌نیسی له ساڵی 1365 دا بڵاو بۆته‌وه و ئه‌م شیعره له ساڵی 1368 دا گوتراوه، که ساڵی کۆچی دوایی کردنی ئاواتیشه.
له په‌راوێزی لاپه‌ڕه 254 ی چاپی جه‌عفه‌ردا نووسراوه: "له سه‌ر جێ وبانی مردنی گوتوویه‌تی." و به‌م پێیه ده‌بێ دوایین یان یه‌ک له دوایین شیعره‌کانی مامۆستا سه‌ید کامیلیش بێت، یادی به‌خێر!
شیعرێکی سیمبۆلیکه و گه‌لێک ئاماژه‌ی دوور و نزیک به ئاواتێکی وه‌دی نه‌هاتوو ده‌کات، ئه‌ویش گومانی تێدا نییه سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازیی گه‌ل و وڵاته‌که‌ی بێت:
"بۆچی له ئاسۆ نایه‌ته ده‌ر ڕۆژی مه، خودا!"
ئه‌و هاواره، وه‌ڕه‌زی و تووڕه‌یی تێدا مه‌نگی خواردۆته‌وه به‌ڵام ئاوات که‌سێکی ئیمانداره و له‌وه زیاتر ناچێته پێشێ. له ڕاستیدا بانگه‌وازی که‌سێکی ئارهزوومهندیشه که له جێگای مه‌رگدا که‌وتووه و خه‌ریکه به ئاخ و داخێکه‌وه سه‌ر ده‌نێته‌وه که هه‌زارانی دیکه‌ش سه‌ریان ناوه‌ته‌وه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه له که‌ل ده‌ربێت.
ئاوات باوه‌کوو به شه‌که‌تییه‌وه ده‌ناڵێنێت و "به‌یانی هه‌تا شه‌وێ هه‌ر ئاخ و داخییهتی" که بۆچی هه‌موو توویه‌ک له به‌هاردا سه‌وز ده‌بێت به‌ڵام تووی هیوای ئێمه نا؟ له عه‌ینی کاتیش‌دا هیوای دواڕۆژ له ده‌ست نادات و ده‌ڵێ ڕیشه‌ی ئه‌و داره‌ی وا چهقاندوومانه، "هه‌ر سه‌وزه و ناپوێ، هه‌ر بڵند ده‌بێ و نانه‌وێ". ئه‌وه‌ش لووتکه‌ی باوه‌ڕ و ئیمانی قورس و قایمی مرۆڤێکی سیاسییه که بڕوای به حه‌قانییه‌تی ڕیبازهکهیهتی و له سه‌ره‌مه‌رگیشدا به هیوایه ئاواته‌که دوای ئه‌و وه‌دی بێت و رۆژێک له ڕۆژان تووی هیوایان سه‌وز بێت.
کارتێکه‌ریی پارچه شیعرێکی نالی له سه‌ر شاعیر، به‌رچاوه که ده‌ڵێ:
"ته‌شریفی نه‌وبه‌هاره که عاله‌م ده‌کا نوێ
دڵ، چونکه میسلی غونچه‌یه بۆیێ ده‌پشکوێ..."[1]
بابه‌تێکی ئه‌سته‌م له شیعره‌که‌دا نییه. ئه‌وه چه‌ند ڕوونکردنه‌وه:
ڕۆژی خه‌ڵک سه‌ری وا ناوه‌ته سوێ... واته خه‌ڵک رۆژیان هه‌ڵات و وا خه‌ریکه ئاواش ده‌بێت به‌ڵام ڕۆژی ئێمه هه‌ر له ئاسۆ نه‌هاته‌ده‌ر! وتایه‌کی وشه‌ی 'سوێ'، ئاسۆیه (هه‌نبانه بۆرینه).
تا به‌هره‌وه‌ر نه‌بین له‌به‌ری..... گه‌رچی واهه‌یه واتای 'تا' به 'له‌به‌ر ئه‌وه‌ی' بزانرێت، به‌ڵام من لام وایه نابێ وا بۆ مه‌سه‌له‌که بچین و ده‌بێ 'تا' به واتای 'تا ئه‌وده‌مه‌ی' بزانین و بڵێین داری هیوامان تا ئه‌وده‌مه‌ی که لێی به‌هره‌وه‌ر نه‌بین، هه‌ر بڵند ده‌بێ و له ئاویشدا بێت، هه‌ر ناپوێ چونکو به خوێن ئاو دراوه.
هه‌رکه‌س هیوای به خۆی و گه‌لی ماوه ئێسته‌که‌ش.... قه‌یدی زه‌مانی 'ئێسته‌که‌ش' لێره‌دا گه‌لێک پڕ واتایه. شاعیر ده‌ڵێ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ساڵه و ئه‌و هه‌موو خه‌باته‌ی کردوومانه، ئه‌گه‌ر ئێستاش که‌سانێک هه‌بن که هیوایان به خۆیان و گه‌له‌که‌یان مابێت، یاخوا قه‌زای هه‌موویان به تاقی ته‌نیا له‌من که‌وێت.
پیره هۆنه‌ر، سه‌ید کامیل خۆیه‌تی.
به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که:
مضارع مثمن اخرب مکفوف محذوف: مفعول فاعلات مفاعیل فاعلن
[1] . دیوانی نالی، پێداچوونه‌وه‌ی محه‌ممه‌دی مه‌لاکه‌ریم، چاپی انتشارات صلاح ا‌لدین ایوبی، ورمێ، لل. 697 تا 700