دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژماره‌ ٥٨

دانه‌خۆره

 

 

ئافه‌تی گیان و دڵی 'کامیل' جه‌ماڵی دڵبه‌ره‌

قاتڵی بێ ڕه‌حم و مه‌ستم چاوی کاڵی دڵبه‌ره‌

کوشتمی، چابوو به‌ ماچی لێوی زیندووی کردمه‌وه‌

قووتی گیانم مشتنی دوو لێوی ئاڵی دڵبه‌ره‌

زولفی داوی عاشقان و کوڵمی جێ ڕاوگه‌ی دڵان

دانه‌خۆره‌ن بولبولان له‌و جووته‌ خاڵی دڵبه‌ره‌

سیپه‌لاکم ڕه‌ش بووه‌، نه‌مدیوه‌ مانگی یه‌کشه‌وه‌

ڕۆژی جه‌ژنم دیتنی ئه‌برۆی هیلالی دڵبه‌ره‌

          ئه‌ی 'ئیمامی'! بۆ جوانی تابڵێی بێ وێنه‌یه‌

          عاقڵێکی واشه‌، دڵ ماتی که‌ماڵی دڵبه‌ره‌

                                             (قاقڵاوا، 1350 ی هه‌تاوی)

 لاپەڕە 187 ی چاپی جه‌عفه‌ر ولاپه‌ڕه‌ 96 ی چاپی ئه‌نیسی‌

 

 

عینوانی شیعره‌که‌ له‌ هه‌ردوو چاپی ئه‌نیسی و جه‌عفه‌ردا 'دانه‌خۆره‌' یه‌ که‌ له‌ فه‌ردی سێهه‌می شیعره‌که‌ وه‌رگیراوه‌.

 

شیعرێکی عاشقانه‌ی بێ گرێ وگۆڵه‌ و ته‌عبیراتی ئه‌سته‌می تێدا نییه‌. شاعیر له‌ فه‌ردی مه‌تله‌ع و مه‌قته‌عدا ناوی خۆی گونجاندووه‌: کامیل و ئیمامی.

 

وه‌ک شیعره‌کانی دیکه‌ی، لێره‌شدا ئاوات سڵی له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ وشه‌ و ته‌عبیری فارسی یان عه‌ره‌بی بکاته‌ ناوئاخنی شیعره‌که‌: ئافه‌ت، جه‌مال، قاتڵ، بێ ره‌حم، قووت، هیلال، عاقڵ، که‌مال و له‌ ڕاستیشدا به‌شێک له‌و ته‌عبیراته‌ ئیتر بوونه‌ته‌ خۆماڵی و ناکرێت به‌ بێگانه دابنرێن.

 

به‌ڵام له‌ عه‌ینی کاتدا که‌ڵکی له‌هه‌ندێک ته‌عبیری جوانی کوردیش وه‌رگرتووه‌: چاوی کاڵ، ماچی لێو، مشتنی دوو لێوی ئاڵ،داو، جێ ڕاوگه‌، دانه‌خۆره‌، جووته‌ خاڵ، سیپه‌لاکی ڕه‌شه‌وه‌ بوو،مانگی یه‌کشه‌وه‌، بێ وێنه‌ و دڵی مات.

 

کوشتن و به‌ ماچ زیندووکردنه‌وه‌ی عاشق هه‌ردوکیان سیفه‌تی گراوین له‌ شیعری کوردی و فارسیدا. به‌ هه‌مان شێوه‌، داوی زولف و دانه‌ی خاڵ و بولبول و ئه‌برۆی هیلال و مانگی یه‌کشه‌وه‌، هیچکامیان نه‌دیتوو و نه‌بیستوو نین. 'کوڵمی جێ ڕاوگه‌ی دڵان' گه‌رچی زۆر تازه‌ نییه‌ به‌ڵام جوانه‌.

 

مشتن: مژتن، مژین

 

بولبولان، عاشقانی دڵبه‌ری شاعیرن

 

سیپه‌لاک: جه‌رگ، ڕیه‌

 

له‌ دێڕی کۆتاییدا شاعیر په‌سنی جوانی و عه‌قڵ و که‌ماڵی دڵبه‌ر هه‌ردوک پێکه‌وه‌ ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی بۆ که‌سێکی تایبه‌ت گوتبێت که‌ ناسیویه‌تی به‌ڵام له‌ ئێمه‌ی ئاشکرا ناکات. ئه‌وه‌شمان نابێ له‌بیر بچێت که‌ شیعره‌که‌ی له‌ ته‌مه‌نی 68 ساڵیی شاعیردا گوتراوه‌.

 

به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که‌:

رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن