دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٦٢
بەهاری بێ گەشە
وا بەهار هات و بەڵام بولبولی دڵ بێ نەشەیە خونچە پێناکەنێ، کۆرپەی نەتەوە بێ گەشەیە کۆتر و قومری، قەل و داڵ، ڕێکی بە جەم چوونەوە ژوور سارد و سەرمایە وڵات، چۆڵە؛ جیهان، بێ خشەیە کەوی کێوی وەڕەزن، چونکە نەبوو شین کەژ وکۆ پێی نەماوە گوڕە، بێ کەیفە، لە پاشەکشەیە پیرەگامێش لە لەوەڕ کەوتووە، هەڵدێتەوە ژوور موبتەلای دەردی گران و سەدەمەی خش خشەیە هەرکەسێ خۆشە دڵی، کاکی 'ئیمامی' بە خودا، پاکی فێڵە و تەڵەکە، ڕێکی درۆیە و فشەیە! (قاقڵاوا، ١٣٤٧ ی ههتاوی) لاپەڕە ٢٢٦ ی چاپی جهعفهر و ٩٦ ی چاپی ئهنیسی
|
عینوانی شیعرهکه له چاپی جەعفەر دا 'بەهاری ناخۆش' ە، کە بە وەرگرتنی دوو وشەی سەرەتا و کۆتایی فەردی مەتلەع، چەمکێکی نوێی دروست کردووە و کردوویەتە عینوان. دیارە شاعیر خۆی عینوانی بۆ شیعرەکان دانەناوە و ئەنیسی و جەعفەر بە سەلیقەی خۆیان کارەکەیان بەڕێوە بردووە. من نامەوێ شێوازێکی سێهەمیش بدەم بە عینوانەکان و هەر بۆیەش لە هەموو دیوانەکەدا بە گشتی شێوازەکەی چاپی جەعفەر ڕەچاو دەکەم و تەنیا هەندێک جار وەک ئەوەی ئێستا یەکەمیانم هەڵبژاردووە کە پێم جوانتر بوو و لە خودی شیعرەکەش وەرگیرابوو.
لە شیعرەکەدا وەسفی سروشت کراوە و بەهارێک کە، دیارە لەبەر سارد و سەرما، ناخۆش و بێ نەشە بووە. ئەگەرێک ئەوەیە کە شیعرەکە تەوسیفی بێت و ئاوات لە ژێر کارتێکەریی شیعرە ناسراوەکەی سەیفولقوزاتدا هۆندبێتەوە[1] و لە سەرما وسۆڵی زستانی ئەو ساڵە و درەنگ کەوتنی بەهاردوابێت؛ ئەگەرێکی دیکەش ئەوەیە شیعرەکە بە شیعری تەمسیلی بزانین و بڵێین ئەو ساڵی ١٣٤٧ ی هەتاوییە لووتکەی کێشە و ناکۆکیی نێوان ئەندامان و ڕێبەرانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، کە گەیشتە ئەنجامی لێک ترازان و جیابوونەوەی هەندێک لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی و پێشمەرگەی ئاسایی لە بەژنی سەرەکیی حزب و پێک هێنانی کومیتەی شۆڕشگێر، ئینجا کەوتنە ناو مەنگەنەی ساواکی ئێرانی لە لایەک و پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەکیتر و شەهید بوونیان. دەزانین سەید کامیل خۆیشی بۆ ماوەیەک ئەندامی شانازیی کومیتەی ناوەندیی هەمان حزب بوو.
ئەوەی کە ئەگەری دووهەم بەهێز دەکات چەند خاڵێکە:
1. دەڵێ: "کۆرپەی نەتەوە بێ گەشەیە"، کە نابێ چەمکی نەتەوە بە خۆڕایی و بێ ئامانج هاتبێتە ناو شیعرەکەوە؛
2. فەردی تەقتیع کە تێیدا دڵخۆشیی خەڵک بە شتێکی دەسکرد و ناڕاست دەزانێت، واتە دەیەوێت بڵێت ژیانی خەڵک تاڵە و بۆ ئەوە نابێ دڵخۆش بن، ئەگەریش دڵخۆشن، پاکی فێڵ و تەلەکە و درۆ و فشەیە دەیکەن، دەنا چۆن دەبێ لە هەل و مەرجێکی وا ناخۆشدا ئەوان دڵخۆش بن!
3. ئەگەر لەگەڵ ئەگەری دووهەمدا بین، ئەوا بۆی هەیە بتوانین کۆتر و قومری و کەوی کێویش بە تەمسیلی پێشمەرگە بزانین.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئەستەمە شاعیر پێشمەرگەی بە قەل و داڵ شوبهاندبێت و هەر بە گشتیش شاعیرێکی وەک ئاوات کە خاوەن بیروباوەڕی سیاسی بووە، پێویست ناکات لە هەموو وشە و ڕستە و فەردێکدا ئەو بەرپرسیایەتییە بخاتە ڕوو. مرۆڤی سیاسیش دەکرێ وەک خەڵکی ئاسایی ڕقی لە سەرما وسۆڵی زستان ببێتەوە و بەهاری پێ خۆش بێت و چەپۆکێک لەویان بنێت و بەخێرهاتنی ئەمیان بکات!
چەند وشە و عیبارەی ناو شیعرەکە:
ڕێکی، هەمووی
بە جەم، پێکەوە بە سەر یەکەوە
وەڕەز، بێزار
پێی نەماوە گوڕە؛ بێ کەیفە؛ لە پاشەکشەیە: هەرسێک دەگەڕێنەوە بۆ کەوی کێوی
گامێش، کەڵی مێ، یان بوفالۆی مێ، لە دەشتایی و سەر چۆم و لێڕەوار دەژین و جاران لە موکریان گەلێک زۆر بوون.
موبتەلا، عەرەبییە بە واتای تووش بوو
سەدەمە یان صدمە، عەرەبییە بە واتای زیان پێگەیشتوویی
خش خشە، نەخۆشییەکی ئاژەڵە
بهحری عهرووزیی شیعرهکه:
رمل مثمن مخبون محذوف: فعلاتن فعلاتن فعلاتن فعلن
[1] . شیعرەکەی نەمر سەیفولقوزات بەم فەردە دەست پێدەکات:
عەزیز ئارەزووت زۆری بۆ هێنام / فرمێسکم سوور بوو، زەردی ڕووی لێنام... ئینجا باسی سەخڵەت بوونی زستانی ئەو ساڵە دەکات.