دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٦٩
تاونەدیو
تەوژمی چەرخی کۆنی پیرەدونیا هەتا کەنگێ لەسەرمانە، بە سەرما؟ دەمێ مۆڵەت بدا، تیشکی بەهاری بڵا تینێک بداتە کوردەواری لەمێژە چاوەنۆڕ و ڕۆژنەدیوین[1] هەموو بێ جلک وبەرگین، وەک هەتیوین بڵێی جارێکی دی شین بێ گوڵووکات؟[2] کوڕوکاڵیش بگەن ئەوچەل بە ئاوات؟ ئەوە 'ئاوات' بەجێ ماوە لە هۆزی وەدووی خێڵ کەتووە، ناگا بە تۆزی خودا! پێشەنگی ئەو خێڵە، سەعاتێ بوەستێنە هەتا ئاوات دەگاتێ! دەڵێن سووتاوە ئێستا بۆتە زووخاڵ بەهاواری نەهاتن قەت کوڕوکاڵ (قاقڵاوا، ١٣٤٧ ی هەتاوی) لاپەڕە ٣٣٦ ی چاپی جەعفەر و ٢٠٥ تا ٢٠٦ ی چاپی ئەنیسی
______________________________________ عینوانی شیعرەکە لە فەردی سێهەمی شیعرەکە وەرگیراوە و لە هەردوو چاپدا وەک یەکە. مەسنەوییەکی سیمبولیکی سیاسییە و بارودۆخی سیاسیی گەلی کوردی تێدا وێنا کراوە. چاوەڕوان بوون بۆ بەئاوات گویشتن، کە بریتی بێت لە سەربەخۆ بوون و لە دەستی بێگانان ڕزگار بوون، بە هەموو بەژنی شیعرەکەدا گەڕاوە و بە سانایی هەستی پێدەکرێت: تەوژم و سەرما و چاوەنۆڕی (یان چاونزێری) و تاونەدیوی و بێ جلک وبەرگی و وەک هەتیو مانەوە و لەخێڵ دواکەوتوویی و بە زووخاڵ بوون و بەهاوارەوە نەهاتوویی، هەمووی سیفاتێکن بۆ باری سیاسیی گەلی کورد لە بارودۆخی گوترانی شیعرەکەدا. بەڵام شاعیر بە ڕاشکاویی ئامانجی خۆی دەرنەبڕیوە و خستوویەتە ناو قاڵبێکی سیمبۆلیکەوە کە سروشت و وەرزەکانی ساڵ بێت. لە سێ شوێنی شیعرەکە وشەی 'ئاوات' دەبینرێت. یەکەمیان ئارەزوو و هیوایە، دووهەمیان نازناوی شاعیرە و سێهەمیشیان هەر نازناوی شاعیرە بەڵام لە عەینی کاتدا واتای ئارەزوو و خواست و هیواشی لێ وەردەگیرێت. واتای هەندێک لە وشەکان بە یارمەتی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار: تەوژم، گوشار، توندی و هێز بڵا، لێگەڕێ کوردەواری، وڵاتی کوردان هەروەها کۆمەڵگای کوردی. لێرەدا دووهەمیانە چاوەنۆڕ، چاوەڕێ، چاوەڕوان چاونزێر یان چاونەزێر، چاوچنۆک و بە ئیرەیی، بەخیل گوڵووک، خونچەی گوڵ؛ گوڵووکات کۆی وشەکەیە، بە شێوەی عەرەبی بە 'ات' ی تأنیث بەکۆ کراوە. کوڕوکاڵ، لاوان لەهۆز بەجێمان، نیشانەی تەنیایی و بێکەسی و خەمباری و بێ هیوایی یە. گەیشتن بە هۆز، گەیشتن بە ئاواتە بەحری عەرووزیی شیعرەکە هزج مسدس محذوف: مفاعیلن مفاعیلن فعولن
|
www.rojhalat.de / www.bokan.de