دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژماره‌ ٧٠

هاتەوە بۆ بۆکانێ

 

 

وەک دەڵێن هاتەوە بۆ 'بۆکان'ێ

پێی بڵێن پێ لە دوو چاوم دانێ!

داروپەردووی کە لە ئاودابوو، ڕزی

قەدەمت بێنە بە سەبر و بەدزی

          نەوەکوو پێت لەسەری بێ و بشکێ

          ئابڕووی عاشقی زارت بتکێ!

                                 (بۆکان، ١٣٤٥ ی هەتاوی)

 لاپەڕە ٣٣٧ ی چاپی جەعفەر و ٢٠٨ ی چاپی ئەنیسی

 

______________________________________  

عینوانی شیعرەکە لە میسراعی یەکەمی مەتلەعی شیعرەکە وەرگیراوە و لە هەردوو چاپدا وەک یەکە.

ئەم شیعرە لە هەردوو دیوانی چاپکراودا وەک مەسنەوی چاوی لێکراوە و لەگەڵ مەسنەوییەکان دانراوە لەکاتێکدا مەسنەوی نییە و 'قەتعە'یە.

شیعرێکە لە مەقووڵەی ئیخوانیات واتە شیعری دۆستانەدا دەگونجێت و نامەیەکی شیعریی دۆستانەیە.

من کاتێ لە چاپی مامۆستا ئەنیسیدا چاوم پێی کەوت و لەوێدا ڕێکەوتی گوترانی شیعرەکە دەست نیشان نەکرابوو، وام دەزانی بۆ گەڕانەوەی نەمر قازی کاکەحەمەی قزڵجی لە باشووری کوردستانەوە بۆ بۆکان گوتراوە. بەڵام کاتێ چاپی ئاغا سەید جەعفەر بڵاوبووەوە، لە ژێر شیعرەکە ڕێکەوتی ساڵی ١٣٤٥ و لە پەراوێزدا ئەم عیبارەتەم بینی: "بۆ حاجی رەحمان ئاغای موهتەدی"، ئیتر مەزندە وگومان کردن پێویست نەبوو و ڕوون بووەوە ئاوات شیعرەکەی کەی و بۆ کێ گوتووە.

حاجی ڕەحمان ئاغا کەسایەتییەکی گەلێک خۆش نێو لە ناو ئاغاواتی بۆکاندا بوو. باوکی کاک سەلاح و کاک عەبدوڵلای موهتەدییە، بۆ ساڵانێکی زۆری ژیانی لە تاران دەژیا و مامۆستای زانکۆی ئیلاهیات بوو.

ئاگاداری ئەوە نیم لەو ساڵی ١٣٤٥ (١٩٦٦)ەدا چی ڕوویداوە و ئایا حاجی ڕەحمان ئاغاهەر بە سەفەرێکی ئاسایی لە تارانەوە گەڕاوەتەوە بۆکان یان خود دوای گیر و گرفتێکی سیاسی  هاتۆتەوە زێدەکەی. ئەگەری زۆرترم ئەوەیە سەفەرێکی ئاسایی بووبێت و بە سەردان هاتبێتەوە بۆکان، هەر بەو بۆنەیەشەوە کامیل شا ئەم شیعرەی هۆندبێتەوە.[1]

کورتەی ناوەرۆکی شیعرەکە ئەوەیە ئاوات بە حاجی ڕەحمان ئاغا دەڵێ ئێستا کە گەڕاویەتەوە بۆکان، لە جیاتی زەوی، پێت لەسەر کەلاوەی چاوی من دابنێ، بەڵام لەبەر ئەوەی داروپەردووەکەی واتە برژۆڵەکان [بەهۆی دووری تۆوە] زۆر لە ناو فرمیسکی چاومدا ماونەتەوە و ڕزیون، بە سەبر و هەستەوە پێ لەسەریان دابنێ نەوەکوو بشکێن، [تۆش هەڵبخلیسکێی] و ئابڕووی منی عاشقی هەژاری خۆت بەو کەوتنەت، بتکێ؛ ئەوەش ئەوپەڕی خۆشەویستی و ڕێزە کەسێک بە کەسێکی دیکەی بڵێت.

واتای هەندێک لە وشەکان بە یارمەتی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار:

پێ لە دوو چاوم دانێ، دەبوایە 'پێ لەسەر دووچاوم دانێ' بوایەت، بەڵام بەهۆی کێشی شیعرەکەوە وا گوتراوە.

داروپەردوو، بەرد ودار و هەڵاشی خانوە ڕووخاو.

ئاو، دەبێ فرمێسکی شاعیر بێت کە لەبەر دووریی دۆستەکەی، لە گۆمی چاویدا کۆبۆتەوە.

زار، لاواز، لێقەوماو.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە

رمل مسدس مخبون محذوف: فعلاتن فعلاتن فعلن


 

[1] ئەگەر ئەو ڕێکەوتی ١٣٤٥ ە لە ژێر شیعرەکە نەنووسرایە و تەنیا ناوی حاجی ڕەحمان ئاغا بنووسرایەت، بۆچوونێکیشمان دەبووە ئەوەی بۆ گەڕانەوی موهتەدی لە سەفەری حەج گوترابێت، بەڵام ئەوەیان لە ساڵی ١٣٢٤ و سەردەمی کۆماری کوردستاندا بووە و لەگەڵ ساڵی ١٣٤٥ دا یەک ناگرێتەوە.

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de