دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
پارچە شیعری ژمارە ٧٨
نێرگسی مەست
نێرگسی مەستی ئەو، کەوا سەیری گوڵ و چەمەن دەکا، کایە بە سوێسن و گوڵ و شۆخی بە یاسەمەن دەکا دڵ لە شکەنجی زولفی ئەو لانەیی کردووە قەدیم مەنعی مەکە شەوانە گەر مەیلی وەلای وەتەن دەکا چونکە شکاوە شووشەکەی، پاکی ڕژاوە ئابڕووی بۆیە موشەووەشە و قسەی زولفی شکەن شکەن دەکا قەددی بڵند و شووشی ئەو تەعنە لە سەروی باغ ئەدا جیلوەیی پڕجەمالی ئەو ڕەخنە لە ڕۆح و تەن دەکا تەبعی مەلوولی 'کامیل'ت، کاکە! چلۆن دەگا بەتۆ؟ شەشدەری بەستراوە ئەو، ئارەزوویی کەفەن دەکا! (شێخ چۆپان، ١٣٣٢ ی هەتاوی) لاپەڕە ٦٩ ی چاپی جەعفەر و ٨٤ و ٨٥ ی چاپی ئەنیسی ______________________________________
عینوانی شیعرەکە لە هەردوو چاپی ئەنیسی و جەعفەردا وەک یەکن. دەبێ لە وەڵام یان ئیستیقباڵی شیعرێکی براگەورەی شاعیر واتە سەید محەممەدی نوورانیدا گوترابێت. من پێش ئەوەی چاوم بە دیوانی چاپی جەعفەر و ڕونکردنەوەکەی ئەو بکەوێت، لە سەر نوسخەی چاپی ئەنیسی نووسیبووم: "بۆکام شاعیر گوتراوە؟" بەڵام کاتێ لە پەراوێزی شیعرەکەی چاپی جەعفەردا بینیم نووسرابوو: "نامە بۆ خزمەت کاکی، ؛حاجی سەید موحەممەد نوورانی"، مەسەلەکەم بۆ روون بووەوە. دیارە ئەو ڕوونکردنەوەیە پرسیارێک دێنێتە گۆڕێ و ئەویش ئەوەیە ئاوات نامە شیعرەکەی خۆی دەبێ لە وەڵامی شیعرێکی کاکیدا گوتبێت، ئەو شیعرە کامەیە؟ لام وایە ئاغا سەید جەعفەر باش بوو و ئێستاش ئەو و کەسانی نزیک بە بنەماڵەی شاعیر باش وایە هەوڵی ئەوە بدەن لە چاپەکانی دواتری دیوانی ئاواتدا شیعری شاعیرانی تر کە پەیوەندیان بە شیعرەکانی ئەوەوە هەیە، بۆ نموونە شیعرەکەی حاجی سەید محەممەدی نوورانی، کە هاندەری ئاوات بووە بۆ نووسینی ئەم شێعرە، لە پەراوێزی لاپەڕەکاندا بهێننەوە بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێت ئەوان چییان گوتووە و ئاوات چی وەڵام داونەتەوە. بۆ نموونە، من زۆرم پێخۆش دەبوو شیعرەکەی وورانیم دیتبایە و بمزانیبایە بەڕاستی ئەوەندە بەرزە کە ئاوات دەڵی "تەبعی من ناگات بە تۆ"؟[1] حافزی شیرازی غەزەلێکی ڕازاوەی هەیە، کە کێشی لەگەڵ کێشی ئەم شیعرەدا یەک دەگرێتەوە و ناوەرۆکی چەند فەردێکیشی کەم و زۆر وێچووی شیعرەکەی ئاواتە یان باشتر بڵێم، شێعری ئاوات هاوشێوەی ئەوە: "سرو چمان من چرا میل چمن نمیکند؟ همدم گل نمیشود یاد سمن نمیکند؟ دی گلهای ز طرهاش کردم و از سر فسوس گفت که این سیاه کج گوش به من نمیکند تا دل هرزه گرد من رفت به چین زلف او زان سفر دراز خود عزم وطن نمیکند پیش کمان ابرویش لابه همیکنم ولی
لە بەراوردکاریدا دەبینین بۆ نموونە، حافزی شیرازی گوتوویەتی: تا دل هرزه گرد من رفت به چین زلف او / زان سفر دراز خود عزم وطن نمیکند
ئاواتیش گوتوویەتی: دڵ لە شکەنجی زولفی ئەو لانەیی کردووە قەدیم / مەنعی مەکە شەوانە گەر مەیلی وەلای وەتەن دەکا شیعرەکەی حافز، زۆر سوار و بن بزۆکەیە و هەر لە فەردی یەکەمدا بە مۆسیقای پیتی /چ/ ی ناو سێ وشەی چمان و چمن و چرا، گوێی خوێنەر و بیسەر تامەزرۆی خوێندنەوە و بیستنی پاشماوەی شیعرەکە دەکات. هەندێک وشە و تەعبیری ناو شیعرەکە: نێرگسی مەستی ئەو: ئەو تەعبیرە لە شیعری فارسیدا گەلێ زۆر بینراوە، هەر لە سەعدییەوە تا حافز و فروغی بسطامی و شاعیرانی سەردەمی نوێتر. بۆ نمونە حافز دەڵێ: "غلام نرگس مست تو تاجدارانند". لە کوردیشدا بە شێوەی نێرگس یان نێرگز یان نەرگس لە شیعری زۆرێک لە شاعیرەکانماندا هەیە. بۆ نموونە نالی دەڵێ: "فەرشی کەففی بەری پێتە نەرگس / سەری داخستووە وەک چاوی حەیا" کایە بە سوێسن و گوڵ و..: شاعیر بەهۆی گرفتی تەکنیکیی وەک کێشی شیعرەکەوە، سوێسن و گوڵی وەک دوو شتی جیاواز هێناوە کە دەزانین سوێسنیش چەشنە گوڵێکە. حافز لە شیعرەکەی سەرەوەدا گوڵی لەگەڵ سەمەن هێناوە؛ سەمەن گیایە و بە سەریەکەوە دەبێتە گوڵ و گیا.[2] شکەنج: پێچ، چینی زوڵف وەلای وەتەن: دەکرێ بە دوو شێوە بخوێنرێتەوە: یەکەم، وەلای عەرەبی بە واتای خۆشەویستیی وەتەن و دووهەم، وەلای وەتەن واتە بەلای وەتەنەوە من دڵنیام دەبێ شاعیر ویستبێتی بڵێ مەیلی بە لای وەتەندا دەشکێتەوە. حافزیش هەر وای گوتووە. چونکە شکاوە شووشەکەی: واتای شووشەشکان لەم فەردە دەرهێنان کاتێ گونجاو دەبێت کە پەیوەندی بدرێتەوە بەفەردی یەکەم و تەرکیبی نێرگسی مەست. شاعیر لەوێدا چاوی ئەو (واتە دڵدارە مەجازییەکەی خۆی) بە نێرگسێکی مەست دەشوبهێنێت و لێرەدا دەڵێ ئەو سەرخۆشە، شووشەی بادەی شکاوە و بە هۆی سەرخۆشییەوە وەها موشەووەشە و قسەی پەرێشان دەکات، کە ئابڕووی ڕژاوە؛ قسەکانیشی باسی چین؟ زولفی پڕ پێچ و شکەن شکەن. جیلوە: دەرکەوتن پڕ جەماڵ، پڕ لە جوانی ڕەخنە: نفووز، چوونە ژوورەوە شەشدەر: ئاماژەیە بە دۆخێک لە یاریی تاوڵە (تەختە نەرد) دا، کە حەریف شەش ماڵی بەردەمی تۆی گرتبێت و نەتوانی هیچ بکەی. شەشدەر بەستران، بێ هیواییە و زۆر واهەیە دۆڕانی بەشوێندا بێت. تەبعی مەلوول: ئاوات لێرەشدا دەچێتەوە ناو دۆخە ئاساییەکەی خۆی و باس لە مەلوولی و دڵ تەنگی و خۆ بە کەم زانی و تەنانەت مردن و کفن و دفن دەکات. ئەوانەش بۆ ئەوەی بە کاکی خۆی بڵێ من لە بەرانبەر مرخی شاعیریی تۆدا هیچ نیم. ئەوە بەشێکی گرنگ لە زات و گەوهەر و کەسایەتی ئاواتە و عەرەزێک نییە بتوانێ بیگۆڕێت، هەر بۆیەشە هەردەم لەشیعرەکانیدا سەرهەڵدەدات و خۆ دەنوێنێت.
بەحری عەرووزیی شیعرەکە رجز مثمن مطوی مخبون: مفتعلن مفاعلن مفتعلن مفاعلن [1] . ئەوەندەی بیستبێتم مرخی شاعیریی نوورانی گەلێک بەرز بووە و بەگشتی ئەو بنەماڵەیە شاعیری زۆریان لێهەڵکەوتووە کە ئاوات و نوورانی دووکەس لەوانن.
[2] . دیارە سەمەن لە فارسیدا واتای گوڵی یاسەمەنیشی هەیە.
|
www.rojhalat.de / www.bokan.de