دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
پارچە شیعری ژمارە ٩٨
مافی خۆمە، لێمگەڕێن با هەروەها بێچارە بم[1]
مەخسەرەی دۆم و دوڕاجی ئەم سەر و ئەو خواره بم
تاکوو دەمرم چاوەڕێی ئیحسان و پووڵ و پاره بم
بەم هەموو تەبعه ڕەوانه، بەو هەموو هۆنراوەوە قاقڵاوا، 1350ی هەتاوی
[1] . هەردوو اپی ئەنیسی و جەعفەر: هەروەها [2]. چاپی جەعفەر: بێ چارە و هەژار [3] . چاپی جەعفەر: ئافاق، هەر ئاوارە بم [4] . چاپی ئەنیسی: ئەسڕاڕە بم ______________________________________
عینوان لە هەردوو چاپەکەدا وەک یەکە و شوێن و ڕێکەوتی گوترانی شیعرەکە، واتە ١٣٥٠ ی هەتاوی و ١٩٧١ ی زایێنی، لە چاپی جەعفەر وەرگیراوە؛ چاپی ئەنیسی ئاماژەی پێنەکردوون. من ئەگەر بۆم بکرێت، لە کۆتایی کارەکەدا دەبێ هەموو ئەو شیعرانەی ئاوات کە بۆ نموونە لە ساڵانی پێش کۆماری ساڵی ١٣٢٤ ی کوردستان گوتراون، پێکەوە دابنێم؛ پاشان شیعرەکانی سەردەمی کۆمار؛ ئینجا شیعری نێوان هەرەسی ساڵی ١٣٢٥ ی کۆمار تا کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٣٢؛ شیعری ساڵانی ١٣٣٣ تا شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ ی گەلانی ئێران؛ و لە ئەنجامدا شیعری دوای ١٣٥٧ تا کۆچی دوایی شاعیر، بکەم بە پێنج بەشی جیاوەزاوە و هەڵسەنگاندنێک لەسەر بارودۆخی فیکریی شاعیر لە هەرکام لەو پێنج قۆناغەدا ئاراستە بکەم. هەر لەو پەیوەندییەدا دەبێ ئەو شیعرانەی وا لە زەنبیل، قاقڵاوا، گەردیگلان و بۆکان و سەقزی گوتوون لێک جیا بکەمەوە و بزانم ئەو گۆڕانی شوێنە چ کارتێکەرییەکی لەسەر ژیان و شیعرەکانی بووە یان بە پێچەوانە، چ بارودۆخێکی ژیان مەجبووری کردووە شوێن بگۆڕێت. ئەوەش غەزەلێکی دیکە لە جوملەی ئەو شیعرانەی ئاواتە کە تێیدا خۆبەکەمزانی و هەست بە گوناهباریی بەڕوونی دەردەکەوێت – ڕۆحیەتێک کە تایبەتمەندی بەرچاوی کەسایەتی ئاواتە. بەڵام ئەوەی نائاسایی بێت ئەو خاڵەیە کە چەند جار لە چەند شوێنی شیعرەکە، بەخۆیدا هەڵدەڵێت- کارێک کە کەمتر کردوویەتی و کەمتریش لە دیوانەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە: "بەم هەموو تەبعی ڕەوانە، بەو هەموو هۆنراوەیە..." و "تۆ کە گۆت بردۆتە دەر کامیل لە گوڵزاری ئەدەب" و ئەو شوێنەی وا باس لە عاقڵی و زرنگی دەکات و بە کینایە خۆی بە خاوەنیان دەزانێت. پرسیار ئەوەیە چی وای لە شاعیر کردووە هەستی ئەوتۆی تێدا سەرهەڵبدات و بە پێچەوانەی عادەت، بەخۆیدا هەڵبڵێت؟ دۆم و دوڕاجی: ناون بۆ دوو هۆزی کوردی نا نیشتەجێ. فەردی یەکەمی شیعرەکە بێگومان ڕوانینێکی نەرێ ییە سەبارەت بەو دوو هۆزە کوردە و دیارە هەرچەشنە ڕوانینێکی ئەوتۆ و دەربڕینی ئاشکرای بۆچوونەکە، هەڵەیەکی فیکرییە و دژ بە یاسا جیهانییەکان بۆ پارێزراوبوونی کەرامەتی مرۆڤ دەوەستێت. بەداخەوە فەرهەنگی نەریتیی کورد گەلێک لەو بابەتانەی تێدایە کە شوێنیان داناوەتە سەر شاعیرەکانیشمان و وای لێکردوون دژ بە ئایینی گاور و جوو و ئێزەدی و کاکەیی یان گەلان و زمانانی جیاوازی گەلانی دراوسێ هەڵوێست بگرن، کە ئەو ڕۆحە بە تایبەت لە وەرگێڕانی شیعرەکاندا دەردەکەوێت و نەک هەر بایەخ بە شیعر و ئەدەبی کوردی نابەخشن، بەڵکوو بە داخەوە دەبنە هۆی دژایەتئ و ڕقەبەرایەتی ناپێویست لەگەڵ گەلانی دیکە یان بەشێک لە گەلەکەی خۆمان[1]. هێوادارم ئەو هەڵوێستە چەوتانە جێتر لە ناو شاعیر و هونەرمەندەکانماندا نەمێنن. با، وەکوو کوێر و شەل و نوقسان ..: ئەوەش هەر ڕوانینێکی هەڵەیە بەو کەسانەدا کە کەمئەندامییان هەیە. دیارە شاعیر دەست نیشانی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگاکەمانی کردووە کە هەرچەشنە ناتەواوییەکی لەش واهەیە خاوەنەکەی لە ئیش وکار دوور بخاتەوە و کەس کاریان پێ نەسپێررێت، لە ئەنجامدا چاوەڕوان بن خەڵک خێر و خێراتیان پێ بکات. لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ، حکوومەت ئەرکی خۆی لە بەرانبەر ئەو کەسانەدا بەجێ دەگەیێنێت و یارمەتییان دەدات بتوانن بچنە سەر ئیش وکارێک کە توانای بەڕێوەبردنیان هەیە و لە ئەنجامدا مەجبوور نابن دەست بۆ خێر وئیحسانی خەڵک درێژ بکەن. ناوەرۆکی فەردی یەکەم و دووهەمی غەزەلەکە ئەو مەسەلەیەیە. شاعیر لە فەردی سێهەم و چوارەمدا ڕوو لە خودا دەکات و دەچێتەوە سەر ئەو باسەی کە دەیان جار لە شیعرەکانیدا دووپات بوۆتەوە: من گوناهبارم و چاوەڕوانی مەرحەمەتی تۆم خودایە! بەڵام بەرگۆی قسەکانی لە فەردی پێنجەم بەدواوە تا کۆتایی، خەڵک و خوێنەری شیعرەکانیەتی نەک خودا. بەوان، واتە بە خوێنەری شیعرەکانی دەڵێ سەیر کەن چەندە تەبعی شیعریم ڕەوانە و چەندە هۆنراوەم زۆرن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێمگەڕێن با ناو دەرنەکەم و بە ئاوارەیی بژیم. هەروەها گلەیی دەکات و دەڵێ ئێستا لەم سەردەمەدا عاقڵی و ژیری و زرینگی لای خەڵک پەسند نییە، جا باش وایە منیش دەست لەو سیفەتانە [کە خاوەنیانم]، هەڵبگرم و وەک مەجنوون، وێڵ و پەتیارە بم. پەتیارە: کەسی شێتۆکە و سەرسەری. بەرموور: ملوانکەی لە مووروو دروستکراو. شاعیر لە نێوان بەرموور و گوارە دا سەنعەتی مطابقەی دروست کردووە و دەڵێ با وەک بەرموور نەبم کە لە سەر سینگ و بەرۆک و لەبەر چاوان دەوەستێت، بەڵکوو وەک گوارە بم کە زوڵف دایدەپۆشێت و کەمتر دەبینرێت. هەمان کار لەگەڵ برۆ و ڕیش کراوە کە یەکیان لە لای سەرووی دەم وچاو دادەنیشێت و ئەویتریان لای خوارەوە. جا دەڵێ باش وایە لەسەر چاوی ئێوە دانەنیشم بەڵکوو وەک ڕیش لە لای خوارەوەی دەم و چاوتان بم. ڕیشی بێ ئیش تەرکیبێکی جوانە و لە ڕیش و ئیش جیناسی ناتەواو دروست کراوە. سندووقی ئەسرار واتە کەسێک کە قسە نادرکێنێت و ڕازی نهێنیی خەڵک لای خۆی دەپارێزێت. دیارە وشەی ئەسراری عەرەبی دەبێ بە /ڕ/ ی قەڵەو بنووسرێت بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەدیفی شیعرەکە لە هەموو فەردەکانیدا "-ارە بم" ە، لێرەشدا باش وایە نەزمەکە تێک نەدرێت و بە شێوەی 'ئەسرارە' بنووسرێت. منیش بەو بۆنەیەوە ڕەچاوی چاپی جەعفەرم کرد. چاپی ئەنیسی وەک 'ئەسڕاڕە' ی تۆمار کردوە، کە بە ئەگەری زۆر لە بنەڕەتیشدا هەر وا بووە. گۆ بردنە دەر لە مەیدان: سەرکەوتوو بوونە لە کاردا؛ شاعیر گوتوویەتی گۆبردنەدەدر لە گوڵزاری ئەدەب، واتە گوڵزاری ئەدەبی وەک مەیدان بینبیوە، کە تەرکیبێکی تازەیە. حەقتە فەرمووی: مافی خۆتە وا بفەرمووی. بەحری عەرووزیی شیعرەکە: رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن [1] بۆ نموونە، ئەو شیعرەیە وا شێخ ڕەزای تاڵەبانی سەبارەت بە کاکەییەکانی گوتووە و هەر سەرتاپای بوختان و هەڵبەستراوە.
|