حه‌سه‌ن قزڵجی
نووسه‌ر و ئه‌دیب و رۆژنامه‌نووس حه‌سه‌ن قزڵجی رۆژی 15/9 / 1914 له بنه‌ماڵه‌یه‌كی خوێنده‌وار له شاری بۆكانی كوردستانی ئێران له دایك بووه. له ته‌مه‌نی 6 ساڵییه‌وه خراوه‌ته به‌ر خوێندن. سه‌ره‌تا له لای باوكی و دواتر له لای مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی فه‌وزی و مه‌لا ئه‌حمه‌دی تورجانی زاده خوێندویه‌تی. پاش چه‌ند ساڵ خوێندن بۆته فه‌رمانداری شاری مهاباد. زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ژیانی ئه‌م بلیمه‌ته شاراوه‌ن.
جۆری ژیانی تایبه‌تی و سیاسی و كاری نهێنی و ده‌یان ساڵ راوه‌دوونران و ئاواره‌یی و سه‌ره‌نجامیش گیران و كوژران په‌رده‌یه‌كی نادیاریان به‌سه‌ردا كشاوه. حه‌سه‌نی قزڵجی یه‌كێك بووه له‌و پیاوانه‌ی رۆڵێكی رووناكبیری و رامیاری باشیان بووه له كۆماری كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی قازی محه‌ممه‌د. له هه‌ڕه‌تی لاوه‌تی دا به ناوی نهێنی (ژیر) په‌یوه‌ندی ده‌كا به كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستانه‌وه و له گه‌ڵ چه‌ند كه‌سی ئازادیخواز و روناكبیری تردا.
ئه‌م نوسه‌ر و روناكبیره له گۆڤاره‌كانی (كوردستان)، (ئاوات)، (هه‌ڵاڵه) دا نوسینه‌كانی بڵاو كراونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رنووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاری وێژه‌یی و رامیاریی گشتیی (هه‌ڵاڵه) بووه كه له ساڵی 1946 له بۆكان و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری كوردستان دا ده‌رده‌چوو. قزڵجی پاش كۆماری كوردستان وه‌ك زۆربه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ران به ناچاری په‌ڕیوه ده‌بێ و له كوردستانی عێراق جێگیرده‌بێ.
سه‌ره‌ڕای ژیانی نهێنی و
چه‌رمه‌سه‌ری درێژه به نووسین ده‌دا و له بڵاوكراوه‌كانی (هیوا)، (رۆژی
نوێ)، (نووسه‌ری كورد)، (به‌یان)دا بابه‌ته‌كانی
بڵاو ده‌كرێنه‌وه. ئه‌م تێكۆشه‌ره له ساڵی 1953 دا
به‌بیانوی ئه‌وی خه‌ڵكی عیراق نیه له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه ته‌سلیم به
ئێران ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له ده‌رفه‌تێكدا خۆی له ده‌ستی پۆلیسی ئێران رزگار
ده‌كا و خۆی ده‌گه‌یه‌نێـه‌وه شاری هه‌ڵه‌بجه و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێ.
پاشان خۆی ده‌گه‌یه‌نێته لای هه‌ژار موكریانی له به‌غدا. قزڵجی هه‌ر له به‌غداوه ده‌چێته وڵاتی بولگاریا و له‌وێ له رادیۆی په‌یكی ئێران ده‌بێته بێژه‌ری هه‌واڵی رامیاری به زمانی كوردی. پاش رووخانی رژیمی پاشایه‌تی ئێران، له ریزه‌كانی حیزبی تووده‌ی ئێران وه‌ك سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی (مردم) كه به كوردی ده‌رده‌چوو كاری كردوه به‌ڵام ساڵی 1983 حه‌سه‌ن قزڵجی ده‌گیرێت و ده‌خرێته زیندانه‌وه .
مامۆستا و نووسه‌ر حه‌سه‌ن قزڵجی ئه‌و كاته‌ی له به‌ندیخانه ده‌ستگیركراوه ته‌مه‌نی 70 ساڵ بووه و پاش ئه‌وه‌ی 10 مانگ له ژێر شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی دا ده‌بێ له رۆژی 28/9/1985 له زینداندا شه‌هید ده‌بێ و له ژێر چاودێریی حكومه‌ت ته‌رمه‌كه‌ی له گۆڕستانی به‌هه‌شتی زارای تاران به‌خاك ده‌سپێردرێت . هه‌ر چه‌شنه خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ره‌وتی ئه‌ده‌بی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا بێ په‌نابردن بۆ به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی(قزڵجی) و رۆڵی له‌و پانتاییه و به‌تایبه‌تی له بواری چیرۆكی كوردی دا مه‌حاڵه. (قزڵجی) وه‌رگێڕ و ئه‌دیب و زمانزانێكی لێهاتوو بووه. ده‌یان بابه‌تی ئه‌ده‌بی له زمانه‌كانی فارسی، توركی، بولگاری و عه‌ره‌بی وه‌رگێڕاوه بۆ زمانی كوردی و هه‌روه‌ها چه‌ندین بابه‌تی زمانه‌وانی بڵاو كردۆته‌وه. قزڵجی رۆڵێكی به‌رچاوی له بواره‌كانی چیرۆك، وتار، ره‌خنه و لێكۆڵینه و بابه‌تی زامانه‌وانی و وه‌رگێڕان دا هه‌بووه .
به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌هامه‌تییه‌كانی رۆژگار په‌رده‌یان به سه‌ر ئه‌م توانایانه‌دا كێشاوه و ئه‌مڕۆ قزڵجی زیاتر به كۆچیرۆكی (پێكه‌نینی گه‌دا) ناسراوه.
به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی حه‌سه‌نی قزڵجی:
ئاشتیخوازیی لادێیی و په‌یمانی دوولایی، نووسراوی حه‌سه‌ن قزڵجی و عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی، به‌غدا 1959.
به‌رهه‌مه‌كانی:
پێكه‌نینی گه‌دا كۆمه‌ڵه چیرۆك، 1972، به‌غدا.
به‌رهه‌می چاپ نه‌كراو:
تیۆری ئه‌ده‌بی، وه‌رگێڕان له بولگارییه‌وه.
زاراوه‌ی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌رگێڕان.
كورته چیرۆكه‌كانی ئه‌نگیل كارالچیڤ، وه‌رگێڕان له بولگارییه‌وه.
چۆن مەلایەکی دوازدە عیلم بوو بە نەتەوەییەکی دڵسۆز وکومۆنیستێکی خاوەن بڕوا |
|
نووسینی : جوتیار حاجی تۆفیق |
|
نووسینی حه‌سه‌ن قزڵجی |
|
ترجمه از کردی: کامران امین آوه |
|
|