کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی ٢٢

 ـ بەشی چوارەم: تیۆرەکانی نەتەوەخوازی و  وێناکردنی کورد وەک نەتەوەیەکی خێڵەکی

 

" جیاوازی نێوان تیۆرە عەقڵی و تیۆری دروستەیی نەتەوە لە لایەکەوە ئەوەیە کە تیۆری عەقڵی وا سەیری  نەتەوە دەکات کە بوونەوەرێکی عەقڵییە و دەبێت لە واقیعدا بێتەبووە،بەڵام تیۆری دروستەیی وا سەیری نەتەوە دەکات  کە بوونەوەرێکی دروستەییە و لەلایەن کۆمەڵە ئەندازیارێکی کۆمەڵایەتییەوە نەخشەی بۆ دەکێشرێت و لە زەمینەیەکی شیاودا دروست دەکرێت(...) بۆیە ئەو نەتەوەخوازیانەی کە دەوڵەتیان نییە گەر بیر لە دروستکردنی دەوڵەت دەکەنەوە وەک ئەو ئەندازیارەیان لێدێت کە بەبێ بوونی پارچە زەوییەکی  گونجاو بیر لە دروستکردنی باڵەخانەیەک بکاتەوە... بەزاراوەکەی هۆبسباوم نەتەوخوازیی نادەوڵەتین،ناتوانن دەوڵەت دروست بکەن،چونکە لە بنچینەدا نەتەوەخوازی کاری دروستکردنی  دەوڵەت نییە و کاری دروستکردنی نەتەوەیە و جگە لەمەش ئەوەی کە نەتەوەخوازی دروستدەکات دەوڵەت خۆیەتی،بۆیە ناکرێت نەتەوەخوازی خۆی سەرقاڵ بکات بە بیرکردنەوەی لەوەی کە دەوڵەت دروست بکات".٣٥٩ـ٣٦٠

لێرەدا باس لە جیاوازی بنجی ئەم تیۆرە دەکات، کە بریتییە لەم هاوکێشەیە: تیۆری عەقڵی، نەتەوە بوونێکی عەقڵی هەیە. هەر بۆیە بۆتە پێشمەرج بۆ بوونە دەوڵەت. واتە نەتەوە هەیە، ئەوجا دەوڵەت دەبێت. بەڵام  بەرامبەر بەمە، تیۆرە دروستەییەکە، پێی وایە دەوڵەت دەبێت دروستکرێت و لە ڕێگەی نەتەوەخوازی دەوڵەتییەوە، ئەوجا دەرەتانی دروستکردنی نەتەوە دەسازێ. گەر لەبەر رۆشنایی ئەم تیۆرەدا، نموونە وەرگرین، وا کورد چونکە دەوڵەتی نییە، و بزووتنەوەکانی لە هەناوی دەوڵەتدا بەرپا نەبوون، لەبەرئەوە بزووتنەوە نەتەوەخوازییەکانی ساختە و نەزۆک و نابەکامن، ناگەنە ئامانجی دروستکردنی نەتەوە.

"گەر بزووتنەوە کوردییەکانیش وەک ئەو بزوتنەوانەی کە ئامانجیان دروتکردنی نەتەوەیە لە پێناو دروستکردنی نەتەوەدا سەریان هەڵدابێ،ئەوە  تیۆرە عەقڵییەکە هیچ لێکدانەوەیەکی بۆیان نییە،بەڵام گەر ئەم بزوتنەوانە وەک ئەو بزوتنەوە نەتەوەخوازانە ئامانجیان دروستکردنی نەتەوە نەبێت و لەناو خۆیاندا هەڵگری ئامانجێکی عەقڵی بن،دەتوانن لە رێکەی تیۆرە عەقڵییەکەوە لێیان بکۆڵینەوە".٣٦٠

بەم دەقە د. عرفان، مەسەلەکەمان باشتر بۆ واڵا دەکات و پێی وایە، هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی لەبەر ڕۆشنایی تیۆری دروستەیی و پێودانگی مۆدێرنیزم دا، لەسەر بزافی کوردی ئەنجام دراون، ناتەواون و ئامانج پێک نیین. ئاخر سەروەختێ کەسێ پێی وا بێت، مۆدێرنیزمە دایکی هەموو شتەکانە و لە پێش و پاشی ئەم بۆچوونەوە، نەتەوە و دەوڵەت و ئەو بابەتگەلە، چی دیکە نەبووە و نابێت، ئیدی ئەمە دەکاتە ئەوەی هەم تاک ڕەهەندانە لە جیهان  ڕوانین و هەمیش تێگەیشتنە لە ژیان. بۆیەکا لێکۆڵینەوە و کارە ئەنجام دراوەکان نابەکامن و هەر خەریکی کوتانەوە و جوێنەوەی چەند وشە و ڕستەیەکی پووچی بێ ناوەڕۆکی دوور لە باسەکەن.

نووسەر بە لایەوە گرنگە، بەرلەوەی ئەو بزاڤە نەتەوەخوازە کوردییانەمان پێ ئاشنا بکات، پێویستە گفتوگۆ لەسەر بۆچوونەکە بکرێ. گەر بێت و گەیشتینە ئەو ئاکامەی کە بزاڤە کوردییەکان هاوئامانجی بزووتنەوە نادەوڵەتییەکانی نەتەوەخوازانی تیۆرییە دروستەکەیە، ئەوسا دەتوانین قسە و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکەین، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە چما ئەو بزاڤانە نەیانتوانیوە نەتەوە دروست بکەن؟ کاتێکیش بەم دەرئەنجام ناگەین، دەبێت ئیستێک بکەین و  بەو بزاڤە کوردییانە  بچینەوە و پێناسێکی تر ببەخشین. نووسەر پێی وایە،گەیشتن،گەیشتن بەم چارەسەرە، ئەوا دەکرێ لە ڕێگای تیۆریە عەقڵییەکەوە، تیشکی ڕووناک کەرەوە بخەینە سەر باسەکە.

"هەموو ئەو لیکۆڵینەوانەی کە لە بارەی ئەم بزوتنەوانەوە هەن لە چوارچێوەی ئەو بۆچوونانە دەرنەچوون کە سەر بە تیۆرە دروستەییەکەن، ئەو لێکۆڵینەوانەش کە دەکەونە دەرەوەی تیۆرە دروستەییەکەوە یان لێکۆڵینەوەی مێژووین و حکایەتەکانی ئەم بزوتنەوانە دەگێڕنەوە یان لێکۆڵینەوەی ئایدۆلۆجین و ئامانجیان دروستکردنی ئایدیۆلۆجیایەکی نەتەوەخوازانەیە"٣٦٢

گەر ئەمە حاڵی لێکۆڵینەوەکان بێت لەسەر بزاڤی کوردی، وا هەر لەدەوری تیۆرییە دروستەییەکە و بۆچوونەکەی گێلنەردا کورد لە ناوەوە خێڵە و لە دەرەوە نەتەوەیە، گیرمان پێ دەخۆن. هەر ئەمەشە وای کردووە، کورد لە کۆنتێکسی گێڕانەوەی مێژوو و کایەی ئایدۆلۆژیدا، ناوی بە نەتەوە خێڵ دەربکات. بزاڤە کوردییەکان بە درێژایی ساڵانێکە،  بۆیە شکستیان هێناوە،چونکە شتێکیان هێناوەتە گۆڕێ،  نە خێڵە و نە نەتەوەیە، کەچی لە هەمان کاتدا هەردووکیانیشە. ئەم خاڵەش جارێکی تر ئەو تایبەتمەندێتییەی هەڵکەوتی کورد دەنوێنێ.

د. عرفان بە تێر و تەسەلی و لۆژیکئامێزانە،ئەم پرسە شەن و کەو دەکات و ژیرانە بۆچوونەکانی پێشکەش دەکات.

درێژەی هەیە...