کاك ڕەحمان دانشیار

کۆچی دوایی کاك ڕەحمان دانشیار خەمباری کردین

   بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی ناسراو و خۆشەویست کاك ڕەحمان دانشیارمان لە شاری مەهاباد پێگەیشت.

   کاك ڕەحمان وەک چوارەم منداڵ لە پێنج منداڵی بنەماڵەی تێکۆشەری دانشیارەکان، لە ساڵی ١٩٤٤ لە مەهاباد لە دایك بووە و برا و خوشکەکانی بریتین لە بەڕێزان کبراخانم، ڕوبابە خانم، کاک کەریم و کاک قادری دانشیار. کاك ڕەحمان لە سەرەتای لاویەتیدا بۆ پەروەردە و بارهینانی منداڵانی هەژاری گوندەکانی کوردستان لە دانشسەرای سەرەتایی (مقدماتی) ورمێ دەورەی مامۆستایی بینی، ماوەی چەند ساڵێک لە بۆکان  و گوندەکانی دەوروبەری دەرسی بە منداڵان گوتەوە.

ئەویش وەک زوربەی لاوانی بەرپرسی سەردەمی خۆی، هەستی بە زوڵم وزۆری کاربەدەستەکانی ڕژیمی شا لە خەڵکی هەژار دەکرد، ئەوە بوو بڕیاریدا ببێتە مافناس و لەو پۆستەدا خزمەت بە هەژاران و لێقەوماوان بکات. سەرەتا لە زانکۆی شاری تاران دەرسی حقووقی خوێند و هەر لە ماوەی خوێنکارییەکەیدا بەهۆی چالاکیی وەرزشی لە بواری بەرزکردنەوەی قورسایی (وەزنەبەرداری)یەوە، پلەی یەکەمی ئەو سەردەمەی ئێرانی وەدەست هێنا و بۆ بەشداری لە کێبەرکێی جیهانی نێردرایە شاری قاهیرە لە وڵاتی میسر.

 دوای حەوت ساڵ خوێندنی یاسا، کاک ڕەحمان بوو بە دادوەر لە شاری قوروەی کوردستان ئینجا لە شاری ورمێ و دواتریش تا سەردەمی خانەنشینی لە شاری مەهاباد بەرپرسی ئیدارەی دادوەریی شارەکە بوو و لە هەموو ئەو ماوەیەدا جێگەی ڕێزی زۆری خەڵکی شار و ناوچەکە بوو تا ئەوەی دوێنێ (٢٢/٠٧/٢٠٢٠) بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.

بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات بۆکان بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی دڵبەر خانمی فەتحی هاوسەری دڵسۆزی، ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزی دانشیار، حسامخواە و فەتحی بە تایبەت برایانی بەڕێز کەریم دانشیار، نادر فەتحی (شوانە) و هەڵاڵەخانمی حیسامخواه دەکەن و ئاواتی سەبووری بۆ هەموو لایەکیان دەخوازن.

 

ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات- بۆکان       ٢٣/٧/٢٠٢٠