پەروەردەی مەجازی-
ڤیدیۆیەک بۆ دیتنی موزەی بریتانیا
لەڕێگای دوورەوە

فێرکردن لە ڕێگای دوورەوە Virtual education  دیاردەیەکی سەردەمی نوێیە. بیرۆکەی کارەکە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا کاتێ سەری هەڵدا کە  گەورە بوونەوەی شارەکان و زیادبوونی پێداویستییەکانی فێرکردن، دەوڵەت و ڕێکخراوە فێرکارییەکانی خستە بیری کەڵک وەرگرتن لە کەرەسەی پێشکەوتووی ئینترنێتی بۆئەوەی بتوانن بە دەرەتانێکی ئینسانیی کەمترەوە وەڵامدەری نیازی بەرگۆیەکی زیاتر بن.

پێشتر، یەکەم هەنگاوەکان لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفیزیۆنی و شریت و سی دی و ڤیدیۆی پەروەردە بۆ فێرکاریی زمان و هونەر و ئەدەب و مێژوو، هەڵێنرابووەوە، کە هەندێک ناوەندی وەک زانکۆی ئازاد، Free University لە وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکادا بەرهەمیان دەهێنا، پاشان بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان کەڵک لە تەلەفیزیۆن وەرگیرا و لە ئەنجامدا، بوارێک کە تایبەت بە دەوڵەت و زانکۆ و دەسەڵاتدارییە گەورەکان دەزانرا، وردە وردە بوو بە گۆڕەپانی کار و خەباتی کەرتی تایبەت و گرووپ و تاکەکەسان- بە چاک و خراپەوە! ئینجا پێشکەوت و دەسکەوتی ئیترنێتی و دیجیتاڵی ئەو کوێرەڕێیانەی کردە هەزاران شاڕێی چەند سایدە و ئەو شریت و ڤیدیۆیانە بوون بە دیاردەیەکی جهیانی بۆ پەروەردەی مەجازی و گەلێک ئامانجیتر. دواڕۆژ چی و چۆن دەبێت، دیار نییە بەڵام یەک شت ڕوونە، ڕەوڕەوەی ئەو پێشکەوتانەی تا ئێستا بەردەست کەوتوون، لێردەدا ناوەستێت و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئاسۆیەکی نوێتر بۆ مرۆڤایەتی دەکاتەوە، بەتایبەت کە ڕێکخراوە بازرگانییەکانیش بۆ سوودی دارایی چوونەتە گۆڕەپانەکەوە.[1]

ئەگەر لە ڕابردوودا توانا و دەرەتانی کار تەنیا لە دەست حکوومەتان و لەژێر چاوەدێریی ئەواندا قەتیس مابووەوە، ئێستا دەسەڵاتداریەتی بچووک و حزب و ڕێکخراوە و تەنانەت تاکی ناو کۆمەڵگاش بە خواست و نییەتی جیاجیاوە لەو بوارەدا هەڵسووڕاون و ئەوەش خوازیاری وریایی و وردبوونەوەی زۆرتری بنەماڵە و تاکە. کەم نین ئەو سەرچاوانەی وا بە دەستەقەسد و بە نییەتی چەواشەکردن و لەڕێگەلادانی دەستە و گرووپ یان کۆمەڵگا و گەلێکی تایبەت یاخود بۆ سوودی بازرگانی بەرهەم دێن و دەڕازێنرێنەوە و دەکەونە بەردەستی خەڵک، ئەوانیش لەگەڵی ڕادێن، باوەڕی پێدەکەن و وەک ڕاستەقینە وەریدەگرن ئینجا لە کۆتاییدا بەسەر خۆیان و دەوروبەری خۆیانیدا دەسەپێنن بە شێوەیەک کە دوای چەند جار ئەم دەست و ئەودەست کردن، سەرجەم کۆمەڵگاکە وەک مێژوویەکی خاوەن بەڵگە و پەسندکراوی ئەو دیاردە تایبەتیە وەریدەگرن و دەیخەنە بیرەوەریی خۆیانەوە. ئەمڕۆ بەو هاسانییە دەکرێ مێژووی چەواشە بۆ کۆمەڵگایەک و گەلێک بخوڵقێنرێت!

شەن و کەو کردن و جیاکردنەوەی ئەو چاک و خراپانە نابێ زۆریش ئەستەم بێت. لە زانستدا هیچ شتێک پیرۆز و ڕەها نییە، تاک

بە تایبەت منداڵ دەبێ گومان لەهەموو هەواڵێک بکات کە دەیبیسێت و دەیخوێنێتەوە. شتێکی موتڵەق، بوونی نییە. ناوی گەورە

نابێ خەڵک بترسێنێت و لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە دووری بخاتەوە. تاک دەبێ پێوانەیەکی زانستی بۆ پێوانی دیاردەکەن هەبێت،

دیاردەی وەرگیراو دەبێ لەچوارچێوەی زانست و سەردەم دا گونجاوبێت و عەقڵی سالم باڵی بۆ کێشابێت. سەفەری شەوانەی

١٤٠٠ساڵ پێش ئێستای کەسێک بۆ حەوت تەبەقەی ئاسمان بە سواری ئەسپی باڵدار، یان زیندوومانەوەی کەسێکی دیکە بۆ ماوەی

 ١٣٠٠ ساڵ لە چاڵێکدا، بۆ باوەڕ پێکردن نابن و دەبێ عەقلی سەلیم هەڵیان سەنگێنێت. دیارە ئەو 'عەقڵە سەلیم'ەش وەک هەموو دیاردەیەکی دیکەی جیهانی ئێمە، ڕێژەییە و تواناکانی بەگوێرەی کەس و بارودۆخە زەمەنی و مەکانییەکان دەگؤڕێت؛ بەڵام پێوانەی کۆتایی بۆ هەموان دەبێ "عەقڵ" بێت نەک نەقڵ و گێڕانەوە.

هۆکار بۆ نووسینی ئەم سەرەتایە، ڤیدیۆیەکە، کە موزەی بریتانیا لە لەندەن[2] بڵاوی کردۆتەوە بۆ ئەوەی کەسانێک کە دەرەتانی چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆی گەنجێنەی پڕبایەخی موزەکەیان نییە بتوانن لەم ڕێگایەوە سەیری بەشەکانی بکەن.  بینەر دەتوانێ کلیک لەسەر هەرکام لە پەیکەرەکان بکات و لەرێگەی ئەوەوە بچێتیە ئەو بەشە تایبەتەی موزەکە، پاشان ماوسەکەی بەرێتە سەر وێنەی هۆڵێکی دیکە کە پێی خۆشە بیبینێت و بچێتە پێشەوە، تەنانەت هەر بەهۆی ماوسەکەیەوە هەنگاو بە هەنگاو بچێتە قاتی خوارەوەی موزە و هۆڵەکانی ئەوێش سەیر بکات. واهەیە بەشی نێوچۆمان (بین النهرین) و میسر و هیند و یۆنان و ڕۆم دەوڵەمەندترین بەشەکانی موزەکەبن، بەڵام چین و ئوروپا و ئەمریکای لاتین و ئاسیای ناوەندی و ئێرانیش گرنگایەتی خۆیان هەیە. مرۆڤی سەر ئەو زەوینەی ئێمە لێک دانەبڕاون و تەواوکەری یەکترین!

ئەوە لینکی گەرانی مەجازییە بە موزەی بریتانیادا:

https://www.google.co.uk/maps/@51.5192048,-0.1274951,2a,75y,172.87h,89.26t/data=!3m6!1e1!3m4!1sFyBuFtvu6FeVvVVc5--uiw!2e0!7i13312!8i6656?hl=en

 

ئەوەش لینکی فەرمیی موزەی بریتانیا لەسەر ئینترنێت بۆ کەسانێک کە بیانەوێت زانیاریی زیاتری لێ وەربگرن:

https://www.britishmuseum.org/

ئەوەش لینکی کتێبخانەی بریتانیا،  The British Library:

https://www.bl.uk

 

 

[1]  بڕوانە Skype و Zoom و Telegram و WhatsApp و ئەوانیتر....

  The British Museum   [2]