وتووێژی کاک 'عەلی مەحموود' لەگەڵ
مامۆستا 'بەهائەدین نووری'
شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ و سەرکەوتنی حزبی کۆمۆنیست لە یەکیەتی سۆڤیەتی، هیوایەکی زۆری خستە ناو مێشکی چینی هەژار و چەوساوە و گەلانی بندەستە لە سەرانسەری جیهان کە کوردیش یەک لەوان بوو. کوردستان لە ساڵانی دەوروبەری شەڕی دووهەمی جیهانیدا بوو بە یەک لە بنکەکانی نەشونما و پەرەسەندنی بیری ئیشتراکی و بەشێکی بەرچاو لە زیندانیانی کومۆنیست لە هەموو ئەو چوار پێنج وڵاتەی وا کوردی تێدا دەژیان، کورد بوون و لەهەندێک قۆناغیشدا پەناگەی سەرەکی کومۆنیستانی هەڵاتووی ئەو وڵاتانە، شار و گوندەکانی کوردستان بوو. بۆ ماوەیەک، سکرتێری یەکەمی حزبی کومۆنیست لە سووریا و لوبنان و عیراق کوردبون و کوردێکی خەڵکی نەخجەوان بوو بە سکرتێری یەکەمی حزب و سەرەک کۆماری کۆماری ئازەربایجان و ئەندامی پۆلیت بورۆی یەکیەتی سۆڤیەتی لە مۆسکۆ. سێ کوردیش 'خەڵاتی لێنین'یان پێ بەخشرا کە بەرانبەرێک بوو بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لە ڕۆژئاوای جیهان. گەلێک بیرمەند و شاعیری کورد وەک سەیفولقوزاتی قازی و قانع و هەژار و هێمن و گۆران و دڵزار لە بڕگەیەکی ژیاندا پێشوازییان لەو بیرۆکەیە کرد یاخود بەسەر ڕێبەرانی سۆڤیەت و 'سپای سوور'یاندا هەڵگوت. بەڵام حزبە کومۆنیستەکان، سەرەڕای نفووز و دەەسەڵاتی زۆر و پێشوازیی بەرچاوی کۆمەڵانی گەل، هەرگیز نەیانتوانی لە هیچکام لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا حوکمی سیاسی بە دەستەوە بگرن و هەتا ئێستاش وەک حزبێکی ئوپۆزیسیۆن ماونەتەوە. گەڕان بەشوێن هۆکارە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکانی ئەو دژدامان و سەرنەکەوتنانە بۆ خاوەن بیرانی چەپ، ئەرک و بۆ کۆمەڵناس و توێژێنەرانی مێژووش وەک خاڵێکی سەرنجڕاکێش ماوەتەوە. وتووێژێک کە ئێستا لە سەر ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات-بۆکان بڵاو دەبێتەوە هەنگاوێکە بەرەو ئەو ئامانجە. وتووێژەکە ڕێزدار 'عەلی مەحموود'، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، چالاکی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و پێشمەرگەی دێرین بە دەنگ و ڕەنگ بۆ کاناڵی تەلەفیزیۆنی حزبی شیوعی عیراق بەڕێوەی بردووە و سەرجەم لە ٢٠ بەش پێکهاتووە کە بەشی ١ تا ١١ ی بۆ ماڵپەڕەکەمان ناردووە و ئێمەش بە پێخۆشیی و سپاسی زیاتری ئەو خەباتکارە بێدرێغەوە، بە شێوەیەکی هەفتانە بڵاوی دەکەینەوە بە هیوای ئەوەی جێگەی کەڵکوەرگرتنی خەباتکارانی ئەمڕۆ و دواڕۆژی گەلەکەمان بێت و دەرفەتێکی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی ئەو مێژووە بڕەخسێنن. هیوادارین کاک عەلی بتوانێ بەشەکانی دواتری وتووێژەکەشمان بۆ بنێرێت. ئێمە لە بڵاوکردنەوەی وتووێژەکاندا لەسەر جیاوازی بۆچوون و ناکۆکیی نێوان باڵەکانی حزب هیچ هەڵوێستێک وەرناگرین و بەوپەڕی ڕێزمانەوە بۆ مامۆستا بەهائەدین نووری و کاک عەلی مەحموود، تەنیا دەقی بێ دەست تێوەردانی وتووێژەکان بڵاو دەکەینەوە و ئاواتی تەمەن درێژی بۆ مامۆستا و بەردەوامیی کار و خەبات بۆ کاک عەلی دەخوازین. پێشوازیش دەکەین لە هەموو هەڵوێست و بۆچوونێکی خەڵکانی شارەزای ئەو مێژووە دوور ودرێژەی حزب و مامۆستا بەهائەدین، هەر ڕا و بۆچوونێکیشمان بۆ بنێردرێت، بڵاوی دەکەینەوە. ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات – بۆکان ٢٨/٩/٢٠٢٠
|