کورد لە نێوان ڕەشبگیریی ئێرانی و هەڕەشەی عوسمانی

 

لە کاتێکدا هەر سێ وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیا تووشی قەیرانی ناوخۆیی و کێشەی دەرەوەی وڵاتەکەیان بوونە و ئەگەری قووڵبوونەوەی قەیرانەکانیان ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە، لە هەمان کات بە سێ قۆڵی ئاڵۆزی زۆرتر بۆ کورد هەم لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیان و هەم لە دەرەوەی سنوور پێکدەهێنن.

ڕژیمی تورکیا ڕۆژانە  لە بێدادگاکان خەریکی داسەپاندنی حوکمی گرانە بە سەر هەڵسووڕاوانی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و بەردەوام کار و  چالاکی نووسەران، هونەرمەندان و ڕۆژنامەوانان بەرتەسکتر دەکاتەوە، ڕژیمی عێراق لە گەڵ دەستبەسەرداگرتنی بوودجەی هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزی نانەوە،  بۆتە هۆکار بۆ  قووڵتربوونەوەی دوو بەرەکی و چەندبەرەکی لە نێوان هێزەکانی کوردستان و قوت بوونەوەی دەستە و گرووپی عێراقچیەتی لە ناو پەرلەمانی کوردستان و عێراقدا .

  ڕژیمی ئێران لە ڕۆژی بیستی مانگی بەفرانبار و پاش دووی ڕێبەندان دەستی بە ڕەشبگیری لە هەموو شارەکانی کوردستان کردووە و جگە لە نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی، خەڵکی ئاسایی کە دوور لە هەرچەشنە چالاکییەک بوون، لە  زیندان توند کردووە و  بەردەوام ئەو کەسانەی ئاوڕ لە زمان و فەرهەنگ و هونەر و پێکهاتە و پێناسەی کوردبوون دەدەنەوە ڕەوانەی زیندان دەکات و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنێ، کە نە لەگەڵ قانوونی خۆی و نە لەگەڵ قانوونی ناونەتەوەیی نایەتەوە.

  هەموو ئەم ڕووداوانە لە باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵات یەک ڕاستی دەردەخەن کە سێ ڕژیمی عێراق و ئێران و تورکیا سیاسەتی هاوبەش و پرۆژەی هاوبەشیان دژی نەک یەک پارچەی کوردستان، بەڵکو کورد بەگشتی هەیە. هێرشە نیزامییەکانی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا و باشوور، داگیرکردنی شار وگوندەکانی کوردستان و هەڕەشەی زۆرتر بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوا، هاوکاری تورکیا و ئێران لە مەڕ ڕاونانی پێشمەرگە و گریلای باکوور، هەڕەشەی هێزەکانی سەربە عێراق و ئێران بە ناوی حەشدی شەعبی و هێزی نادیاری تر، چالاکی سیاسی، نیزامی و تەبلیغاتی ڕژیمی ئێران دژی باشوور، دەریدەخەن کە هەر سێ ڕژیم بۆ سەرکوتکردن و دەستتێوەردان لە کاروباری کوردستان نە سنوور دەناسن و نە پایبەندی قانوون و رێسای ناونەتەویین.

تورکیا بە ئاشکرا هەڕەشە لە یۆنان و قبرس و ئووروپا دەکات و لە شەڕەکانی ناوچە لە عێراقەوە هەتا سوریا و لیبی دا بەشدارە، ئێران سەرەڕای کێشەکانی لە گەڵ ئامریکا و ئووروپا دەوری سەرەکی لە ئاڵۆزکردنی هەموو ناوچەکە لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن هەتا دەگاتە وڵاتانی ئەفریقا، هەیە.

هەمووی ئەو فاکتانە پرسیارێکی سیاسی گرنگ دەخەنە بەردەم کە ئەم کێشە و ئالۆزییانە لە ساڵی ٢٠٢١ دا بە کوێ دەگەن، پرسیاری گرنگ بۆ کورد ئەوەیە  چۆن دەتوانێ بەو حاڵە شپرزەی کە  لە ناوخۆی خۆیدا  لە هەر چوارپارچە هەیەتی ڕووبەڕووی پیلانەکانی دژ بەخۆی بێتەوە؟ 

ئایا کورد و هێزەکانی سیاسی کورد و خەڵکی کورد لە هەر چوارپارچە و لە دەرەوەی وڵات، چاوەڕوانی کارەساتەکان دەمێننەوە، یان بیر لە سیاسەت و هاوکاری هەمەلایەنە دەکەنەوە و وازلە شەڕ و دڕدۆنگی ناوخۆیی دەهێنن؟

ئایا ئەوە بۆ سەرجەم نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش دەربازبوونی سەدەکان ڕوون نەبووتەوە، کە کورد یەک چارەنووسی هەیە و هەر گەمەیەکی ناودەوڵەتی و گەمەی چوار وڵاتی ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا  بۆ بەخشینی ماف و ئازادی بە کورد نییە، سیاسەتی ئەوان بە درێژایی سەدەکان لە سەر بنچینەی داگیرکردنی کوردستان و خەڵکەکەی داڕێژراوە و گۆڕینی ڕژیمەکان نەبووتە هۆی گۆڕینی بنەڕەتی سیاسەت و تێگەیشتنی سیاسی تاران و ئانکارا و بەغدا و دیمەشق.

کورد بۆ ڕزگاری خۆی دەبوو بنچینەیەکی سیاسی ستراتێژیکی هاوبەشی هەبایە و بۆ بەرژەوەندی حزبی و ناوچەیی، بەرژەوەندی سەرجەم نەتەوەکەی هەراج نەکردبا!

ڕێداکسیۆنی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات بۆکان کە بە وردی سەرنجی ڕووداوەکانی کوردستان و ناوچەکە دەدات، مەترسی و نیگەرانی خۆی  لەو ڕووداوانەی لە دوو مانگی ڕابووردودا لە رۆژهەڵات و باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا هەر کام بە چەشنێک هاتوونە پێشەوە دەردەبڕێ و سەرنجی گەلی کورد و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتییەکان و شارەزایانی کورد لە  بواری سیاسی و نیزامی بۆئەو مەترسیانە ڕادەکێشێ  کە هەڕەشە لە کەیانی نەتەوەکەمان دەکات، و داواکاری ئەوەیە هەموو لایەک بەرپرسانە و هاودەنگ و هاوکار بجولێنەوە و لایەن و لایەنەکان جارێکی تر بۆ بەرژەوەندی بەرتەسکی گرووپی، نەتەوەیەک تووشی خەسار و کارەسات نەکەن.

 

ڕێداکسیۆنی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات بۆکان

٢٨/٠١/٢٠٢١