بیرەوەرییەکان
که‌تانه نەورۆز و رۆژی سێزدهبەدەر بوو، ئێمە کۆمەڵێک گەنج و لاوی بۆکانی چووین بۆ دەشتی حەسار و لە قەراخ چۆمی دانیشتبووین و خەریکی سەیران و خواردن بووین. دوانیوەڕۆ دەستەیەک هاتن و لە نزیک ئێمە دانیشتن و دواتر وای لێهات کە هەموومان بەیەکەوە دانیشتین . ئەوان مامۆستا حەسەن زیرەکیان لەگەڵ بوو. لەپڕ حەسەن زیرەک تێیچریکاند و گۆرانی « کەتانە و کەتانە» ی خوێند . ئەگەر سەیرمان کرد لەوبەری چۆمی و لە بەری قازڵیان و ڕێک لەبەرامبەر ئێمە بنەماڵەیەک دانیشتبوون . چاومان لێکرد کچێک خەریک بوو به‌ره‌و چۆمه‌که ده‌هات، هەموومان ناسیمانەوە، ناوی کەتان بوو . کەتان لە حەیبەت ئەو گۆرانییە خەریکبوو خۆی بخاتە نێو ئەو چۆمە، کە بەخوڕ دەهات. حەسەن زیرەک قەدرێکی چاک گۆرانی خوێند و دواتر بەجێیان هێشتین. تێبینی: ئەو خاتوونە کە لەوبەری چۆمی بوو هەمان کەتانی ئەمیری بوو کە حەسەن زیرەک لە گۆرانییەکەیدا باسی دەکات و گۆیا حەسەن زیرەک و کەتان دڵیان بەیەکەوە بوو. (بیره‌وه‌ری قادر فه‌رهادزاده/ گێڕانه‌وه‌ی محه‌ممه‌د فه‌رهادزاده) کوورسی چەند مانگ بەر لە نەخۆشییەکەی و چوون بۆ خەستەخانە ، حەسەن زیرەک ماڵێکی بوو لە نزیک قولە. هەموو بەیانییەک بۆ ماوەی زیاتر لە ٢-٣ مانگ لەکاتی هاتن بۆ ناو بازاڕ بەهۆی ئەوەی ماڵی ئێمە لە ناوەڕاستی بازاڕ بوو، حەسەن زیرەک دەهاتە دووکان و باوکم دەیگوت کورسییەکم بۆ دادەنا و بەهۆی تەنگە نەفەسی لەلای من دادەنیشت و پشووی دەدا و منیش چاییەکم بۆ دێنا و دەیخوارد و بڕێک قسەمان دەکرد و دواتر هەڵدەستا و دەڕۆیی. وای لێهاتبوو کە هەتا ئەوکاتەی لە خەستەخانە خستیان، کورسییەکی تایبەتمان بوو کە هەمووجارێک هەر ئەو کورسییەم بۆ دادەنا و ئیتر دوای فەوتی حەسەن زیرەک ئەو کورسیەم ناو نا کورسییەکەی حەسەن زیرەک . ئەو کورسییە هەتا ئێستاش کە من ئەو بابەتە دەنووسم هەر ماوە و باوکم لە دووکانی جۆشکارییەکەی خۆی وەک وەفا و خۆشەویستی بۆ حەسەن زیرەک لەسەر دیواری دوکان هەڵیواسیبوو. و دواتر کە لەبەر نەخۆشی و پیرییەوە دوکانی جۆشکاریەکەی کۆکردەوە و ئەو کورسییەی هێناوە بۆ ماڵێ . ئەو کورسییە بۆ منیش بۆتە نۆستالژی و بە دڵ خۆشم دەوێ. یادی مامۆستا حەسەن زیرەک و باوکیشم بەرز و بەڕێز بێت. (بیره‌وه‌ری قادر فهرهادزاد/گێڕانه‌وه‌ی محه‌ممه‌د فه‌رهادزاده) *************************** گڵکۆی زیرەک! میرزا ڕه‌حیم خزری که‌سایه‌تی ناسراو و کۆنی شاری بۆکان بوو، به هۆی ئه‌وه‌ی زه‌مانی شا له شارداری کاری ده‌کرد، به هه‌موو که‌مکوڕییه‌کانی شاره‌که‌مان ئاشنا بوو. یه‌کێک له لایه‌نگرانی دڵسۆز و ڕاسته‌قینه‌ی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ک بوو. دوو به دوو زۆرمان حه‌ول دا بۆ سازکردنه‌وه‌ی قه‌بره‌که‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ک. سه‌رمان به هه‌موو ئیداره‌یه‌کدا ده‌کرد. جاری وابوو زۆر خراپیش هه‌ڵسوکه‌وتیان له گه‌ڵ ده‌کردین. به‌ڵام میرزا ڕه‌حیم که‌سێک نه‌بوو کۆڵ بدات. جارجار حاجی حسێن براچکۆله‌ی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌کمان له گه‌ڵ خۆمان ده‌برد. میرزا ڕه‌حیم له نووسینی "ئیستیشاد و عه‌ریزه" نووسین زۆر شاره‌زا بوو، له گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش نه‌قڵ و قسه‌ی خۆشی ده‌گێڕاوه و من ده‌رسی پهیگیربوون بۆ به ئاکام گه‌یاندنی کاره‌کان له‌و فێر بووم. دوای ئه‌وه‌ی له نێو بازاڕ ئیمزامان کۆکرده‌وه، چووین بۆ شارداری و فه‌رمانداری و شۆڕای شار، که شۆڕای ئه‌و ده‌مه ده‌ستیان خۆش بێت، زۆریان هیمه‌ت کرد و پاڵپشتمان بوون. زۆر که‌س و ئۆرگان به‌ربه‌ره‌کانیان له گه‌ڵ کردین، به‌ڵام من وه‌ک شاگرد و میرزا ڕه‌حیم وه‌ک وه‌ستا کۆڵمان نه‌دا. له لایه‌ن یه‌کێک له به‌رپرسانی شار به منیان گوت، ده‌تگرن له کۆڵ ئه‌و کاره‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ک به‌وه . منیان ڕاسپاردووه پێت بڵێم. کوتم شانازییه له سه‌ر سازکردنه‌وه‌ی قه‌بری هونه‌رمه‌ندێک بمگرن. ده‌ست به کار کرا. هه‌موو ڕۆژێک دوو جار له گه‌ڵ میرزا ڕه‌حیم ده‌چووین بۆلای وه‌ستا و کرێکاره‌کان. میوه و به‌سته‌نی و شتی پێویستمان بۆ ده‌بردن و سه‌ردانمان ده‌کردن. هه‌موو وێنه‌کانم ده‌گرت به‌ڵام به‌داخه‌وه له به‌ر ده‌ستا نه‌ماون. ڕه‌نگه بتوانین په‌یدایان بکه‌ین. کاره‌کان زۆر به باشی ته‌واو بوون، به‌ڵام کێله‌که‌ی ناردیان له مه‌هاباد سازیان کرد. به‌داخه‌وه ڕۆژی فه‌وتی له جیاتی٦ی پووشپه‌ر مانگێک درانگتر نووسرابوو، چه‌ندین ساڵ حه‌ولم دا پێمگوتن ناحه‌زه، به‌ڵام که‌س به قسه‌ی نه‌کردم. بۆخۆم تاریخێکم لای دۆستێک ساز کرد و بردمان به چه‌سپ لێماندا و کۆنه‌که‌مان پاک کرده‌وه. میرزا ڕەحیم لە زمانی خەڵکی بۆکانەوە داواکاری ڕوو بە شۆڕای شاری بۆکان نووسی کە ئێمە دەمانەوێ قەبری حەسەن زیرەک کە نمادی خۆشەویستی و ناسینی شاری بۆکانە، تازە کەینەوە. زۆرجار لە شارەکانی ئێران و کوردستان و باشوری کوردستان دێن بۆ دیتنی، بۆ ئێمە عەیبە کە بەو شێوەیە بێت کە شیاوی ئەو هونەرمەندە گەورەیە نەبێ. ئەو داواکاری یە من لە نێو شاری بۆکان گێڕام دووکان بە دووکان بۆ بە ئیمزاگەیاندنی. دوایی بردمان تەحویلی شۆڕامان دا بۆ ئەوەی لە تەرەف خەڵکی بۆکانەوە بێت. سەردانی شۆڕای شار، شارداری، فەرمانداریمان کرد. لە لایەن سپا و ئیتلاعات و ئیمام جومعە دژایەتی کرا. ئیمام جومعە بەیانییەکی نووسی کە لە فقی شافعی دا گومبەز سازکردن حەرامە و نابێ قەبری حەسەن زیرەک چاک کەنەوە. نووسراوەکەم هەر ماوە، لای خۆم نییە دەنا بۆم دەناری. ئیتلاعات بە شارداری کوتبو سوڵتانی بە چ حەقێ وە دوای کاری حەسەن زیرەک دەکەوێ، واز نەهێنێ دەیگرین. نێو دووکانەکەم پڕ بوو لە عەکسی حەسەن زیرەک چەند جار هاتن کوتیان دەبێ لای بەی تۆ مردوو پەرەستی، منیش جوابم دەدانەوە. تابڵۆیەکی چکۆلەم لە سەر پیادەڕەوەکە دانابو ئەو وێنانه‌م لێ دەدا، زۆر جار شەوانە ده‌هاتن دەیان بڕییەوە و دەیان برد. فەرمانداری ئەو کاتە کوردێکی سەقزی بوو بە نێوی ئەبازەری زۆر خۆش نییەت بوو، هیچ دژایەتی نەکرد، من بۆخۆم چووم بۆ لای لە گەڵ حاجی حسێن، بەڵام ئەسڵی کار شۆڕای ئەو دەمە بوو. میرزا ڕه‌حیم دوای سازکردنی قه‌بره‌که کوتی جا ئه‌وجار بشمرم، قه‌یدی ناکا، به ئاره‌زووی خۆم گه‌یشتم. یادی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ک و میرزا ڕه‌حیم به‌رز و به‌ڕێز بێت. سپاس بۆ ئه‌و که‌سانه و ئیدارانه‌ی له سازکردنهوهیدا هاوکار بوون، به تایبه‌تی شۆڕای شاری ئه‌و کاته. براتان سمایل سوڵتانی
تێبینی: “ڕێداکسیۆنی ١٠٠ ساڵەی زیرەک”، سپاسی ئەو کەسانە دەکات، گەر وێنە و بەڵگەنامەکانی تایبەت بە پرۆژەی تازەکردنەوەی گڵکۆی حەسەن زیرەک وەک بانگەوازەکانی شۆڕای شار، ڕاگەیاندنی ئیمام جومعە، نامەکانی واژۆکراو و هەر بابەتێکی پێوەندیدار، بۆ ئەو ئادرەسە بنێرن. redaktion@rojhalat.de ***************************
کۆڕی یادی نەمر حەسەن زیره‌ك له تاران
ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
هاوینی ساڵی هەزار و سێسەد و پەنجاو دوو بوو. من له تاران ده‌ژیام. خوالێخۆش بوو 'حه‌سه‌ن حه‌ڵه‌بی (دیاكۆ)'ش به ژن و منداڵه‌وه له تاران بوو. من هات وچۆی ماڵیانم ده‌كرد و له گه‌ڵیدا گەلێک دۆست بووم. حه‌سه‌ن هاوسەری 'زینه‌ب خانم'ی كچی 'مینهزیرهك' براگەورەی حەسەن زیرەک بوو و دەبووە برازای ئەو. له گه‌ڵ حه‌سه‌ندا باسی ئه‌وه‌مان ده‌كرد رادیۆ وته‌له‌فیزیۆنی ئێران و به‌تایبه‌ت رادیۆی كوردی تاران(جێگری رادیۆ كرماشان)، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی وا حه‌سه‌ن زیره‌ك هاوكاریی كردن و پرۆگرامه‌كانی رازاندنه‌وه, چۆن بوو له ماوه‌ی نه‌خۆشی و له خه‌سته‌خانه كه‌وتنیدا, سه‌رێكیان لێ هه‌ڵنه‌هێنایه‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ ڕێ و ڕەسمی ناشتن و سه‌ره‌خۆشیه‌كه‌ی كامێرایه‌كیان نه‌نارد فیلمێك هه‌ڵبگرن. پاشان گوتمان ئه‌وه ئااكامی دۆستایه‌تی كردنی عه‌جه‌مه! و باشتر وایه خۆمان ده‌ست به‌كار بین دوای هه‌ندێ باس و خواس وامان به باش زانی به بۆنه‌ی چله‌ی كۆچی دوایی حه‌سه‌ن زیره‌كه‌وه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك رێك بخه‌ین و ئیعلانیش بڵاوبكه‌ینه‌وه با كوردی دانیشتووی تاران بزانن و هه‌موو پێكه‌وه كۆڕێكی رێزگرتن له كه‌سایه‌تی هونه‌ریی ئه‌و هونه‌رمه‌نده مه‌زنه ببه‌ستین. هیچكاممان له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووین كۆڕه‌كه له مزگه‌وت ببه‌ستین و به دابی مردنی عاده‌تی، فاتیحه‌ی بۆ بخوێنین و شریتی 'عبدالباسط' بڵاوبكه‌ینه‌وه, حه‌سه‌ن زیره‌ك و هونه‌ره‌كه‌ی گه‌لێك له‌و داب وره‌سمانه دوور بوون، كراسێكی ئه‌وتۆ به به‌ری هونه‌ری زیره‌ك ته‌نگ دە بوو. نیگه‌رانی گه‌وره‌مان ئه‌وه بوو ساواك و پۆلیس كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كوردانه‌ی وا، به‌كرده‌وه‌یه‌كی سیاسی له قه‌ڵه‌م بده‌ن و سه‌ر و گوێڵاكیان په‌یدا بێت. هه‌ردوكمان له خۆمان ده‌ترساین. من ئه‌و ده‌م له كوردستان شاربه‌ده‌ر كرابووم و دوای 'مه‌نفا'ی ئه‌راك, ماوەیەک بوو هاتبوومه تاران, حه‌سه‌نیش هه‌ر له خۆی ده‌ترسا. بۆ دور خستنه‌وه‌ی شه‌ڕی ساواك وامان به باش زانی كۆڕه‌كه له زانستگه و هۆڵی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆ نەبهستین و له ماڵی كوردێكی خۆماندا به‌رێوه‌ی به‌رین. ماڵی هیچكام له ئێمه به كه‌ڵكی ئه‌وه نه‌ده‌هات. حه‌سه‌ن له گه‌ڵ كاك حوسێنی مه‌ده‌نی كه ئه‌وده‌م ماڵی له شه‌قامی 'سه‌لسه‌بیل'ی تاران بوو, قسه‌ی كرد و ئه‌ویش ئیجازه‌ی پێ داین كۆڕه‌كه له ماڵی ئه‌و ببهسنین. كاك فه‌تاحی كاویان'یش له قاتی سه‌ره‌وه‌ی هه‌مان ماڵدا ده‌ژیا وئەویش ئیجازەی دا ئەگەر خەڵکەکە زۆر بوو، بەشێک لە ڕێ و ڕەسمەکە بەرینە قاتی سەرەوە و ماڵی ئەوان. . ئیعلانێكمان به زمانی فارسی نووسی و رۆژو سات وشوێن وبۆنه‌ی كۆڕه‌كه‌مان تێدا راگه‌یاند و بردمان بۆ چاپخانه. هه‌ر چاپخانه‌یه‌ك چووین گوتیان ناتوانین چاپی بكه‌ین به بێ ئیجازه‌ی وه‌زاره‌تی اطلاعات. ده‌بوایه بمانبردایه بۆ وه‌زاره‌تی اطلاعات و نه‌ك هه‌رنیگه‌رانی ئه‌وه‌بووین ئیجازه‌ی چاپی پێ نه‌ده‌ن، به‌ڵکوو دڵهتهپهپێی ئه‌وه‌شمان ههبووو بڵێن ئێوه كێن وئه‌م كاره بۆچی ده‌كه‌ن؟ لێره‌دا بوو كه‌وتینه بیری به‌شی كوردی رادیۆ تاران كه ئه‌ویش به‌شێك بوو له وه‌زاره‌تی اطلاعات و ئیداره‌كه‌ی له گه‌ڵ ئه‌ودا له یه‌ك شوێن بوو. گوتمان هه‌ر چۆنێك بێت, له‌وێ هه‌ندێ كوردی دڵسوزی لێ كۆبۆته‌وه و ده‌كرێ هه‌م كاره‌كه‌مان بۆ راپه‌رێنن و هه‌م به‌شداریی كۆڕه‌كه بكه‌ن. هه‌رواش بوو. پێکەوه چووین بۆ وه‌زاره‌تی اطلاعات و به‌شی كوردی له ژێرزه‌مینی بیناكه‌دا, له بیرم نییه له گه‌ڵ كێدا قسه‌مان كرد به‌ڵام له بیرمه سێ چوار كه‌سی لێ بوو, هه‌موویان به پێشوازیی كاره‌كه‌وه هاتن و به‌ڵێنی به‌شدارییان دا. یه‌كێ له‌و براده‌رانه گوتی ئیعلانەكهش بۆ مۆركردن و ئیجازه مه‌به‌ن، من ده‌یبه‌م، هاسانتر و زووتر بۆتان ته‌واو ده‌كه‌م. ماڵی ئاوه‌دان بێت رۆیشت و دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك به كاغه‌زی مۆركراوهوه گه‌رایه‌وه! ئیعلانمان پێکەوە به‌و ماڵانه‌دا وا ده‌مانناسین بڵاوكرده‌وه, بردمانه 'خوابگاه' واته شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خوێندكاره كورده‌كانی زانستگه‌ی تارانیش. مێزوكورسی وكه‌ره‌سه‌ی چایی و میوه‌شمان به‌كرێ گرت و خۆمان بۆ ئاماده كرد. ژماره‌یه‌ك شریتی ئه‌م دواییانه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌ك 'پایزه له من'، 'هه‌وری لار'، 'خاڵه‌ی رێبوار' و 'بارانه' واته هه‌وای خاو وهێدیمان هه‌ڵبژارد وبه ده‌نگێكی نه‌رم له ژووره‌كه‌دا بڵاومان ده‌كرده‌وه. دوو برادهریشمان دیاری كرد له به‌ر ده‌رگای ده‌رێ راوه‌ستن وله گه‌ڵ ڕێنمونی كردنی میوانه‌كاندا، پێیان راگهینن ئه‌وه مه‌جلیسی سه‌ره‌خۆشی و فاتیحه‌خوێندن نییه و ته‌نیا بۆ رێزگرتن له یادی هونه‌رمه‌ندێكه و هیچی تر. وابزانم یه‌كیان نەمر ئه‌نوه‌ری ئێران زاده بوو کە دواتر بوو بە داوەری دادگا.. له بیرمه خهڵکهكه كه ده‌هاتنه ژوورێ و هه‌موو به‌رووی خۆش و شاده‌وه داده‌نیشتن ته‌نیا كاك 'مطلب باخچه‌یی' مامۆستای قوتابخانە هات و فاتیحه‌ی دادا, وادیار بوو براده‌ران له به‌ر ده‌رگا پێیان نه‌گوتبوو! خه‌ڵکێكی باش کۆبوونەوە، دەوروبەری پەنجا كه‌سێک دەبوون، یەک لەوان کاک خانە (عەزیز)ی ماملێ بوو. له ئیداره‌ی رادیۆوه یادیان به‌خێر بێت دوكتور محمه‌د سه‌دیق موفتی زاده و كاك سواره‌ی ئیلخانی زاده هه‌روه‌ها زانای به ناوبانگ مه‌لا جه‌میلی رۆژبه‌یانی و چه‌ند كه‌سی دیكه‌ش هاتبوون كه من مخابن ناویانم له بیر نییه. هه‌رسێ ئه‌و كه‌سانه قسه‌یان كرد. دوكتور موفتی زاده سه‌باره‌ت به حه‌سه‌ن زیره‌ك و ماموستا جه‌میل و كاك سوار له سه‌ر مۆسیقای كوردی دوان. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌نده‌ی له بیرم بێت باسی هۆره‌ی جافی كرد‌و په‌یوه‌ندیی داوه به 'ئه‌هورامه‌زدا'ی زه‌رده‌شتیه‌وه. شریتی ده‌نگی هه‌رسێ كه‌سه‌كه تا رۆژێك كه بەداخەوە كاك حه‌سه‌ن دیاکۆ(حه‌له‌بی) لە دەوروبەری ئیلام به ته‌سادفی ماشێن له ده‌ست چوو, واته چوار پێنج ساڵێك دوای ئه‌و ساڵه، هه‌ر لای ئه‌و مابوو و پاشان ده‌زانم كهوهته ده‌ست زێنه‌ب خانمی هاوسەری, ئیتر نازانم ئه‌و پاراستوویه‌تی یان نا. بیستوومە کچێکی زێنەب خانم و کاک حەسەن لە کەنەدا دەژی، هیوادارم ئەو هەواڵێکی شریتەکەی هەبێت یان بتوانێ شوێنی هەڵبگرێت. دوای رۆیشتنی میوانه‌كانی رادیۆ، كۆڕه‌كه‌مان بوو به خۆمانه. ئەوی مابوونەوە جحێڵ بوون وهه‌مووشمان ناسراوی یه‌كتر بووین. ئینجا لاوه‌كان هه‌ندێ شریتی كرژتری حه‌سه‌ن زیره‌كیان بڵاوكرده‌وه و ورده ورده ده‌ستی شایی گیرا! ههڵپهرکێیهكی خۆشی كوردانه‌مان ساز كرد و به یادی ئه‌و گه‌وره پیاوه‌ی هونه‌ری كوردی كاتێكی خۆشمان رابوارد. جگه له‌و مه‌راسمه, هه‌روه‌ها له بیرمه بۆ حهوتهمین رۆژی مردنی حه‌سه‌ن زیره‌ك له بۆكانیش مه‌راسمێكی خۆش گیرا. دوای نیوه‌رۆی جومعه‌یه‌ك بوو خه‌ڵکێكی زۆر كۆبوونه‌وه و له ته‌له‌ڤیزیونی مه‌هابادیشه‌وه تاقمێك هاتبوون فیلمیان هه‌ڵده‌گرت. ووت و وێژێكیشیان له گه‌ڵ كاكم - عومه‌ری سوڵتانی (وه‌فا) دا بەڕێوەبرد و له گه‌ڵ هه‌ندێ خه‌ڵکی دیكه‌شدا. كاكم دۆستی حه‌سه‌ن زیره‌ك بوو وه ده‌بێ بیره‌وه‌ری زۆری لێی هه‌بێت، تەنانەت شەوی پێش کۆچی دوایی حەسەن زیرەک لە نەخۆشخانەی بۆکان سەردانی کردبوو. دوور نییە شریتی ئەو ڕۆژە لە تەلەفیزیۆنی مەهابادیش مابێت.
٢٠/٩/١٩٩٦ ***************************
|