گەڕان بە شوێن زیرەک دا
گەڕان بە شوێن زیرەک دا! لە سەر قڵاوە ده‌ڕوانمه شاخی تەرەغە، باخی میراوە، کێوی بەردە زەرد، چۆمی تەتەهو، بەرەو گومبه‌زی حه‌مامیان دواماڵی شاعیری خهوهبردینه، کچی به‌یان، هه‌ڵۆ، هەڵدەکشێم و لە حەنجەرەی زەمانەوە، گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانیە! له سه‌روی مزگه‌وتی گه‌وره، دەستە چەپ دەرگای ماڵی شاعیری بەیتی سەرەمەڕ و به‌ره‌و موکریان دەکرێته‌وه، شاعیر سەیرێکی دەوروبەری دەکات و بەرەو حەوزەگەورە دادەگەڕێ.“ ئاوی چاوێک لە دڵی ئەو دایە - چاوی قڕژاڵی لەبەر هەڵنایە” بێژنگبهسهر، ناڵەشکێنە دەبنە ڕاویی چیرۆکی سەدە و هەزارەکان. تاڵوار چاوی بڕیتوهته قوژبنی تەویلەی سەربازخانەی عەجم، ئەو شوێنه‌ی کۆنه‌پێشمه‌رگه‌ی کۆمار تێدا به‌ند کراون، ئەو شارەی ده‌رسوێژی فێرگه بۆ عەجەمستان ڕاگوێزراون. لە ناو گۆڕستانی گەورە و گومبەزی سەردار، هه‌ر گۆڕێک ڕازێکی نەبیستراو، نەنووسراو ده‌گێڕێتەوە. چاوم بڕیوتە گۆڕێکی ئاشنا، زۆر ئاشنا، قامکەکانی به‌خێڕایی دێن و ده‌چن، کتێب نانووسێ، بە ملیۆن ملیۆن و میلیارد میلیارد گرێ له ته‌نیشت یه‌ک ڕیز ده‌کات، هونەرمەندە، به به‌ن جیهان دەنەخشێنێ، بن و بنەچەکیان تەونگەربوون. کۆنه مەیدانی حەیوان، سەلمێنەری مێژووی بازاڕێکی دێرین لە وڵاتێکی پڕ پیت و بەرەکته. زاخەکان قووڵایی ژیانی سەردەمەکان دەردەخەن. گۆڕستانی مووسیاییەکان و زێڕوخشڵی ناو گۆڕەکان چیرۆکی فەیلەقووسان دەگێڕنەوە. قوله، ته‌قه‌ی تفه‌نگ و دوا هەناسەی دوو برا بە گوێدا دەچرپێنێ! قەڵا بەرزترین شوێنی شار، گشت جێگای لێوە دیارە، چاپخانه‌ی هه‌ڵاله‌ی سەردەمێ کۆمار، خوارتر ماڵی باوانەکەی، کە پێکەنینی گه‌دای ده‌نه‌خشاند. لێرە لە تەنیشت حەوزە گەورە، داری بێداد چەقاندرا. ژێرخانی سه‌ید حه‌مه‌ده‌مین، کە به پێپلیکان ده‌یگه‌یتێ، مەکۆی شاعیر و نووسه‌ر و خۆشخوانی شار بوو. حەوزەکەی بۆکان قووڵ و بێ بنە –- دوو ماسی تێدا خاڵ لە گەردنن بە لارە لار ڕێگا دەبڕم، تیشکی خۆر ڕەنگی جلوبەرگی کیژۆڵان و ڕه‌نگی ئاویی ئاو، له یه‌ک گرێدەدا و کۆلکەزێرنە ده‌نه‌خشێنێ و ده‌نگێک له ناو مێشکمدا ده‌زرینگێته‌وه." ئەو مریەمەی من دەیزانم- بەردی بۆ بکێشم بە گیانم - هێشتا منەتە بە شانم " ئێرە ئاشی خانمە، له‌وێڕا هه‌تا گۆمی سه‌رسه‌کۆ قهڵهمبازان ده‌ده‌م، خۆ له ناو چۆم ده‌هاوێژم، له دوور دوور خۆ ده‌گرمه‌وه. لە سه‌ر قه‌ڵاوه هه‌تا چاو هه‌ته‌رده‌کا نیشتمانه، ئەحمەدی کۆر لە سەر گاشەبەردێک ڕۆنیشتوه، خۆی داوەتە سەر گۆچان و لەبەر خۆیەوە ده‌بێژێ: " دڵبەرا پەی ڕووی فیراقت دڵ دەناڵێ چون ڕوباب - بۆ دوو ئەبرۆی میسلی تاقت بەندی جەرگم بوو کەباب" لە عه‌لیاباد باده‌ده‌مه‌وه، خۆ دەگەێنمە کانی حاج شێگوڵ، بەردێک لە ناو ئاوەکە بەدەستمەوە دێ، وه‌ک ساڵی ساڵان نیەتی دڵ دەکەم و دهیخشێنم به سه‌ر ئه‌و به‌رده‌ی که ده‌بێ وه‌خۆی بگرێ، ئه‌و ده‌م بۆ نمره‌گرتن بوو، ئێستا...؟ له گۆڕستانی تازه‌وه کە گڵکۆی گەلێ کەسی لێیە، به‌ره‌و خوێندنگه‌ی کازمی ده‌چم و له‌وێڕا خۆ ده‌گه‌ێنمه کۆڵانی شاعیر و تهقلولباب ده‌که‌م. ” دەردی دووری زۆر گرانە دڵبەرا هیجران بەسە -- دڵ وەکوو پەروانە سووتا چاوەکەم سووتان بەسە” بەرەو باخه‌که‌ی مام عەلی شۆرده‌بمه‌وه، له دووره‌وه ده‌بینم قۆچه‌قانییه به‌نه‌که‌ی هه‌ڵده‌سووڕێنێ، چما که‌س ده‌وێرێ ده‌ست بۆ دار قه‌یسی به‌رێ. به ناو دارستاندا تێدەپەڕم ولە لێواری چۆم بە خەیاڵی کۆن ماسی تووڕ دەدەم، لە ناو ڕۆژنامەی تەڕیان دەپێچم و ڕەوانەی ناو ئاگریان دەکەم. به‌ره‌و سه‌لاخانه هه‌ڵده‌کشێم و خۆشم نازانم چۆن و لە کوێوە گەیشتوومەتە سه‌ر پردی ئاسن، ئەو شوێنەی ڕۆژێک لە ڕۆژان نامەی نهێنی کۆمار لە سەر سەری مەلەوانان قایم دەکران و ڕێگای حەمامیان بۆکانیان دەبڕی بۆ ئەوەی له چاوی ئاژان و ژاندارم دوور بن و نامه بگاته جێ. شه‌قامی میراوا بەرەو مەیدانی چوارچرا دەبڕم و خۆ به کۆڵانی پشت مزگه‌وتی بازاڕدا دەکەم وله ته‌نیشت ماڵی خلهسهتمهنی خۆ دەگەینمەوە خەیابانی سەقز و بەرەو ژوور دەچم و لە مه‌یدانی ناڵبه‌ندان(که‌ران)، بەرەو قه‌پان بادەدەمەوە و خۆ لە بازاڕی کۆن و گوزه‌ری خه‌یاته‌کان دەبینمەوە و لە ڕاستە ڕێیەوە بە گوزه‌ری سه‌ی سه‌دیق-دا هەڵدەکشێمەوە سەر تولە ڕێگاکەی قەڵا. لە خەیاڵی خۆمدا، لە ناو حەوشی قەڵا منداڵانی گەڕەک دەبینم کە خەریکی حەلوای بەشەقێن، خوزێن، جگێن، مێشن، هەلوکێن و شەڕە شەقەن، یەک لەوان زۆر هاروهاجە و لە شوێنێک ناگیرسێتەوە و بەردەوام جێگا دەگۆڕێ. ئەو و عەلی و ئەحمەد و ئەوانی تر، زستان که به‌فر ڕۆ ده‌نیشت مهجۆمعه و ته‌شت و تەلیسیان لە ژێر خۆیان دەخست و لەو سەرەوە خلۆر ده‌بوونه‌وه، له لێواری حه‌وزه گه‌وره، یان لە سەر کانی ژنان خۆیان دەگرتەوە. ئەو کوڕە هاروهاجە دوور نییە گەلێک جار خۆی له په‌نجه‌ره شکاوه‌که‌ی ژووری ڕاهێنانی وەرزش، ههڵکێشابێته سه‌ره‌وه و ده‌ستکێشی بۆکسی له ده‌ست کردبێت و شه‌ڕه بۆکسی له گه‌ڵ عه‌لی خزمی کردبێ و خۆی گوتەنی” دوو بۆکسی” لێدابێ. کێ ده‌زانێ هەر ئەو دەم لە گه‌ڕه‌کی سه‌ر قه‌ڵا و کۆڵانه‌کانی ده‌وروبه‌ر و بگرە لە ناو شار ناو و دەنگی نەبووبێ، ئەو کاتەی لە گەڵ عەلی تووشیان بە تووشی عەبەچاووش و حەمەحسێن بوو، لە گەڵیان دەچوونە شایی و گۆوەندان. کوڕه‌که‌ی عه‌وڵا زله‌بۆکانی، وەک بنەماڵەکانی م. بۆکانی، ڕ. بۆکانی، ح. بۆکانی، ئی. بۆکانی، ق. بۆکانی، ف. بۆکانی، س. بۆکانی، کە زۆربەیان ماڵیان لە سەر قەڵا و کۆڵانەکانی بازنەی حەوزە گەورە بوو، پێناسەی شارەکەیان، به‌ناوه‌کانیانه‌وه لکێندراوه. حەسەن زلە بۆکانی منداڵی ناو ئەو گەڕەکە و کۆڵانەکانەیەتی و هەر لەو شوێنانە هەڵبەزیوە و دابەزیوە و ڕاکە ڕاکەی کردووە، وەک هەموو منداڵانی دەیەی سێهەمی سەدەی بیست. لە دەڕوازەی قەڵا، کە سەردەمێک فێرگەی سەرەتایی و ناوەندی و دەبیرستانی کەشاوەرزی و شوێنی ئیدارەی فێرکردن و بارهێنان بوو، به‌رەو ده‌رگای ماڵه‌که‌یان دەچم. ئێره، ڕێک ئێرە ماڵی عه‌بدوڵا زله بۆکانی و ئامینه که‌یفه‌یه. له‌و ماڵه، ڕێک لەو ماڵە، مینه و حه‌سه‌ن و سارا و حوسێن له دایک بوون. ئێره ماڵی ئه‌و منداڵه‌یه، که دواتر ناوبانگی دەرکرد، ئه‌و منداڵه هارو هاجه‌ی که به ده‌م ڕێگا و گه‌مه و هه‌ڵات ههڵاتەوە، گۆرانی ده‌چڕی و ڕۆژێک لە ڕۆژان نازناوی زیره‌کی پێبەخشرا. ئەو کەسەی لە سەر بەرزایی لە دایک بوو، دەبوو بڕوانێتە بەرزایی، ئەو لەو بەرزاییەوە، بەرزاییەکانی تەرەغە و ناڵەشکێنەی دەبینی، ئەو دەبوو بەرەو بەرزایی بچێ. ئەو هه‌ر له‌و گه‌ڕه‌که ته‌ختایی تاقیکردبووه، ده‌یزانی ژیان تەختایی و به‌رزایی هه‌یه! ته‌نیا خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک و خزم و که‌س و ناسیاو و ئیداره‌ی سه‌بتی ئه‌حواڵی بۆکان و ئیداره‌کانی تر، ده‌یانزانی، ناو و شۆرەتی ڕاسته‌قینه‌ی حه‌سه‌ن چییه. بۆ یەکەمجار له فستیوالی یادی ٧٥ ساڵه‌ی له دایکبوونی زیرەک، کە له ٢٢ی مانگی یازدەی ساڵی ١٩٩٦ له وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو، فۆتۆکۆپی شناسنامە و زانیارییەکانی حەسەن زیرەک خوێندرایەوە و دواتر لە کتێبی” زیرەک هونەرمەندی نەتەوەیەکی بندەست” ساڵی ٢٠٠٥ بڵاو کرایه‌وه. " ناو حه‌سه‌ن، شۆره‌ت زله "بۆكانی". ناوی باوك عه‌وڵا زله "بۆكانی". ناوی دایك "ئامین". رۆژی له دایكبوون ٨/٩/١٣٠٠ (به‌رانبه‌ری 29/11/1921زایینی). شوێنی له دایكبوون شاری "بۆكان". شوێنی وه‌رگرتنی ناسنامه(شناسنامە)، بۆكان محاڵی ئاختاچی(محاڵی ئاختاچی به شاری بۆكان وناوچه‌ی بۆكان گوتراوه.) گه‌ڕه‌كی له دایكبوون سه‌ر قه‌ڵا(گه‌ڕه‌كی سه‌رقه‌ڵا كه حه‌وزه گه‌وره‌و مزگه‌وتی گه‌وره وقه‌ڵای سه‌رداری تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، كۆنترین گه‌ره‌كی شاری بۆكانه.) "زیره‌ک له ته‌مه‌نی ژێر ده ساڵیدا له گه‌ڵ عه‌به چاوه‌ش وحه‌مه حسێن چاوه‌ش له شاییه‌كانی ناو شار و گونده‌کانی بۆکان گۆرانی چریوه. له حه‌وت و هه‌شت ساڵیدا شاگرد مزگه‌ری و قاوه‌چییه‌تی ده‌كا و هه‌روها له به‌ر گاڕانی ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی بۆكان بووه. له ساڵی ١٩٣٢ له كاتێدا حه‌سه‌ن زیره‌ك یازده ساڵان بووه، باوكی له ده‌ست داوه و دایكی شوی كردۆته‌وه. له‌و ساڵه‌وه هه‌تیو ده‌كه‌وێته‌وه، له دێهاته‌كانی ده‌وروبه‌ردا ده‌ستی كردۆته پاڵه‌یی و سه‌پانی ونوكهری وگزیری ئاغاوات. هه‌تا ساڵی ١٩٥٢ له شاره‌كانی مه‌راغه و ته‌ورێز و تاران و شاره‌كانی باشوری ئێران خه‌ریكی شاگرد قه‌نادی و شۆفیری وكرێكاری بووه، یا خۆ له گونده‌كانی رۆژهه‌ڵات و باشوری كوردستان له ماڵی ئاغاوات گیرساوه‌ته‌وه، هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا زۆرجار له مه‌راغه و ته‌ورێز كه‌وتۆته به‌ندیخانه‌وه. ساڵی ١٩٥٣ بۆ یه‌كه‌مجار له ئێستگه‌ی رادۆی به‌غدا گۆرانی بڵاوكردۆته‌وه. له ١٤ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٩٥٨ گه‌راوه‌ته‌وه ئێران، هه‌ر له‌وساڵه‌دا له گه‌ڵ مێدیا زه‌ندی زه‌ماوه‌ندی كردووه! له نێوان ساڵانی ١٩٦٧-١٩٦٨ له شاری سه‌قز هۆتێلی سێ ئه‌ستێره‌ی هه‌بوووه كه بۆخۆی له وێ گۆرانی گوتووه و خه‌ڵک كووتویانه “كابارهی زیره‌ك“. ساڵه‌كانی ١٩٦٩-١٩٧٠له رۆژهه‌ڵاتی شاری بانه نزیك كێوی بابوس له كانی مه‌لا ئه‌حمه‌د چایخانه‌ی هه‌بوووه. له ساڵی ١٩٧١ به‌و لاوه نه‌خۆشی هێڕشی بۆدێنێ و شێرپه‌نجه‌ی جه‌رگ له ئه‌ردی ده‌دا و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له جێگادا كه‌وتن له رۆژی ٢٦/٦/١٩٧٢ به‌رانبه‌ر ٦ی پۆشپه‌ری ١٣٥١ له شاری بۆكان له ماڵی خوشكی له خه‌یابانی سه‌قز روبه‌روی مه‌دره‌سه‌ی بۆعه‌لی بۆ هه‌میشه چاوه‌كانی له سه‌ر یه‌ك داده‌نێ و هه‌ر له‌و مه‌دره‌سه‌یه چه‌ند رۆژان سه‌ره خۆشی بۆ گیراوه. یه‌كه‌مجار له گۆڕستانی گه‌وره‌ی شار ده‌ینێژن پاشان به پێی وه سیه‌تی خۆی ده‌یگوێزنه‌وه بۆ تهپهكهی داوێنی ناڵه‌شكێنه. ٢٢/١١/١٩٩٦ " (هونەرمەندی نەتەوەیەکی بندەست)
*** *** *** *** زیره‌ک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، زانیاری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی لە سەر بڵاوکرێته‌وه، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌که‌ی و نه‌ته‌وه‌کانی تر چۆن بووه، ئاوا بیناسن. که‌سان و مێدیا و دام و ده‌زگا به شێواندنی ژیان و به‌سه‌رهاته‌کانی زیره‌ک کاری توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌یان دژوار کردووه و ڕێگر هه‌ن له به‌ر ناساندنی هونه‌رمه‌ندێک که ده‌توانێ جیهانی بکرێ. به‌رپرسیاربوون لە بیرکردنه‌وه، گوتن، نووسین بە تایبەت لە سەر دەمی دژیتاڵ، کە بە هاسانی ناڕاستییەکان بڵاودەکرێنەوە، ئەرکێکی پیرۆزی مرۆڤانەیە. زیره‌ک پێویستی به ناسین و تێگه‌یشتن هه‌یه، نه‌ک به بهسهراههڵگوتن و هه‌راوهوریا. زیره‌ک به به‌خشینی زانیاری ڕاست، گه‌وره ده‌کرێته‌وه. برایم فه‌ڕشی یه‌کی پووشپه‌ڕ 2020
|