گۆرانی بۆ منداڵان
بۆ بەڕێزانی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات
لە دوای ڕێز و خۆشەویستی هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم . هەواڵی یادککردنەوەی سەد ساڵەی حەسەن زیرەکی نەمری مەزن ، لە لایەن ماڵپەڕی ڕۆژهەڵاتی شارە جوانەکەی بۆکانەوە ، جێگای دەستخۆشی و ستایشە . بێگومان ئەم هونەرمەندە بلیمەتە ، سەرتاپا ژیانی کولەمەرگی خۆی ، بێ بەرامبەر تەرخانکرد بۆ ئاهەنگ و خەندە و خۆشی نەتەوەکەی ، کە هەتا هەتایە کورد شانازیی پێوەدەکات . پاشان هەر سەدای ئەو دەنگە خۆشەشە ، کە بۆتە یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی زمانی شیرینی کوردی بە نەمری لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا . بەڕێزان : جار جارێک لا لە ئەدەبی منداڵان دەکەمەوە . جا بە مەبەستی ئاشاناکردنی منداڵانی کورد بەم مرۆڤە گەورەیە ، لە ڕۆژی ٢٦ / ٦ / ٢٠١٩ دا ، هۆنراوەی ( حەسەن زیرەک ) م بۆ منداڵان داناوە ، حەزمکرد دەقی ئەو هۆنراوەیە بۆ بەڕێزتان بنێرم ، ئەگەر بە چاکتانزانی دەکرێت کەسێکی شارەزا ئاوازێکی بۆ دابنێت و لە لایەن چەند منداڵێکەوە لەو یادکردنەوەیەدا نمایشبکرێت . خۆ ئەگەر بە چاکیشتان نەزانی ، ئەوا دیارییەکی بەندەیە بۆ ئەو مرۆڤە نەمر و مەزنەی ، کە بەردەوام دەنگە زۆر خۆشەکەی باوەشێنی ڕۆحمان دەکات . لە دواجاردا سەرلەنوێ هیوای سەرکەوتنتان بۆ ئەخوازم و تکایە ڕێز و خۆشەویستیم قبوڵ بفەرموون .
براتان : محەمەد بەرزی ئەمەریکا ... ٢٧ / ٦ / ٢٠٢٠ ئەمەش دەقی هۆنراوەکەیە: :
حەسەن زیرەک
وانــەی ئــەمـڕۆ جـیـاواز بــوو بــۆ گــۆرانـی و ئــاواز بــوو
ســۆزی نـاسـکـی کــەمــان سـەمـای دەکـرد بـە دڵـمـان
مـامـۆسـتـا پــرسـیـاریـکـرد بـۆ نـاوی دەنـگـخـۆشی کـورد
ئـەوەی نــاوێ بــزانـێ دە لـە دەی بــۆ دادەنـێ
مـن و زارا وەکــو یــەک زوو وتـمـان : حـەسـەن زیـرەک
مـامـۆسـتـا چـەپـڵـەی لـێـدا وتـی : ئـێـوە دە لــە دە
٢٦ / ٦ / ٢٠١٩
|