لە پاپ ئایدل هەتا کورد ئایدل

نووسینی : برایم فەڕشی

 

وشەی"Idol" بە مانا گشتییەکەی بەو کەسانە دەگوترێ کە وێنەیەکی دوور لە چاوەڕوانی لە خۆیان دەنوێنن. هەر بەو مانایە، مامەڵە لە گەڵ ئەو کەسانە دەکرێ کە لە بەرنامەی "سوپر ستار" و موزیک ئایدل دەردەکەون. نوواندنی ئەم وێنە لە خۆ، یانی تێپەڕبوون لە سنووری تواناکانی ژیانی ئاسایی. پێوانی ئەم ڕێگایە و بڕینی ئەم پرۆسەیە، تەنیا بەوە نابڕێتەوە  چەند کەسی ژووریی وهەزاران بینەر ڕازی بکرێن! ئەو کەسانە تا ئەو ئاستە دەبێ هەڵکێشێندرێن کە شیاوی دەرکەوتن لە بەرنامەیەک بن کە خەرجی میلیۆنی تێدا دەکرێ! هەر ئەمە گرفت بۆ بەشداربووان ساز دەکات. ئاسایی بوونەوەی ژیان دوای تێپەڕبوونی ئەم پرۆسەیە، گرفتی نوێ بۆ کەسەکان دەخوڵقینێ!

کوردئایدل تازە بە تازە  وەک دیاردەیەکی نوێ گەیشتۆتە باشوور و بە وتەی دەستەی ژووری و مێدیای کوردسات بە پانتای هەرچوارپارچەی کوردستان و گۆی زەوی، سەرنجی بینەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بۆتە مایەی شادی خەڵکانێک و مایەی هیوای کۆمەڵێک کەنیشک و کوڕی کورد، کە پێیانوایە دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنی خەون و خەیاڵەکانیان ڕەخساوە. مەبەستی سەرەکی ئەم نووسراوەیە کە لە چەند بەش پێک هاتووە، دەرخستنی ڕاستییەکانی ئەو شەپۆلەیە لە ژێر ناوی پاپ ئایدل کە لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە، دەستی پێکردووە.

سەردەمی زێرینی بازاڕی موسیقا بە هاتنی ئینترنێت، تووشی قەیران بوو. یەک بە دوای یەک دام و دەزگا و شیرکەتەکانی موسیقا داخران، بۆ وێنە مەزنترین شوێنی فرۆشی سەفحەی گرامافۆن و سی دی جیهان، کە لە بینایەکی چوارنهۆم پێکهاتبوو و زیاتر لە میلیۆن سی دی و سەفحەی لە خۆ گرتبوو لە شاری کۆڵن، لە ماوەی چەند ساڵدا نەما. دەیان ئاژانس و ستۆدیۆ یان دەرگایان داخرا، یان ڕێگەیەکی تری بەرهەمهێنانیان گرتە بەر! ئەم سەردەمە لە  کوردستانیش بازاڕی موسیقای پێکهێنا. گۆرانی و موسیقای کوردی لە ڕێگای ڕادیۆ، سەفحەی گرامافۆن، زەبتی سەوت(بەکرەیی) بە پانتایی هەموو کوردستان دەبیسترا و دەیان گۆرانبێژ کە بە دەگمەن کارەکەیان بە پیشە دەزاندرا  و تەنیا لە گوند و ناوچەکەی خۆیان دەناسران، لە ناکاو دەنگیان سنوورەکانی بڕی و بووە هۆی مانەوەی بەشێکی ڕەنگین لە مێلۆدی و کەلام و شێوەکانی موسیقا، کە  لە ٢٤ سەعات بەرنامەی کوردئایدل، بە خەستی ڕەنگی دایەوە!

چرای  پاپ ئایدل لە بریتانیا ڕۆشن کرا و وروژاندنی جەماوەری لە گەڵ خۆی هێنا.  ئەمە خەون بوو کە کەسێکی دەنگخۆشی ئاسایی لە چل دەرگا و دەروازەی داڵانەکانی پێچەڵاوپووچ دەرباز بێت و بگاتە سەر سەکۆی گۆرانێبێژەکان. ساڵی ٢٠٠٣ دەرگای گەیشتن بە ستۆدیۆکانی تەلەوزیۆن و شەریکەکانی موسیقا بە سەر ئەو کەسانەدا  کرایەوە.

پاپ ئایدل بە ڕواڵەت ڕێگای بۆ سەرکەوتنی گۆرانیبێژانی ئاسایی کردەوە و بەمەش لە ماوەیەکی کورتدا، لە ناکاو ئەم شێوە لە شۆوی تەلەویزیۆنی جیهانی داگرت. لە سەر هەمان بنەما و هەمان فۆرم و هەمان ناو و هەمان لۆگۆ بە زمانگەلی جیاواز مەیدان بۆ موزیک ئایدل کرایەوە!  رێکخەرانی ئەم بەرنامانە بەم ئیدەیە، شێوەیەکی نوێیان بۆ ئاکتیڤکردنی خەڵک لە بەرنامەکانی تەلەوزیۆنی و کۆنسێرتەکانی موسیقا دۆزییەوە و هەروەها  بازاڕێکی نوێیان بۆ مێدیا و موسیقا، ڕەقس و هونەرەکانی تر پەیدا کرد، کە ڕەنگە فەلسەفەکەی بۆ ئەم گوتنە بگەڕێتەوە کە دەگوترێ" لە قاپشۆردنەوە هەتا بوون بە میلیۆنێر". بەرنامەی سوپرستار و موزیک ئایدل ئەم فەلسەفەیان پیادە کرد و نموونەی بەرچاویش لێرە و لەوێ هەیە کە فڵان دەنگخۆشی سەر شەقام، فڵان قاپشۆر، سەرتاش، بوونەتە میلیۆنێر .

بەم چەشنە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە ساڵانە لە هەر وڵاتێک هەزاران کەس بەشداری ئەم بەرنامانەیان کرد و رێژەی بینەرانی تەلەویزیۆن گەیشتە چەند میلیۆن. لە وڵاتێکی وەک ئاڵمان، دەزگای تەلەوزیۆنی RTL و کەسێک بە ناوی دیتر بۆلن(Dieter Bohlen) بوون بە خاوەن ئیمتیازی ئەم بەرنامەیە.

بەشداربووی ئەم بەرنامانە هەر لە سەرەتاوە بە ئیمزاکردنی قەرارداد، دەستی خاوەن بەرنامە بۆ هەر چەشنە کارێک لە بەرژەوەندی بەرنامەکە و سەرکەوتنی، ئاواڵە دەکات و خۆی دەبەستێتەوە. ئەوانەی کە شانسی بەشداربوون لەم بەرنامانە پەیدا دەکەن، زۆربەیان لە سەرەتاوە خەیاڵی سەرکەوتن سەرمەستیان دەکات و بیر لە ئاکامی دواڕۆژی واژۆکردنەکەی خۆیان ناکەنەوە.

بەشداربوو بە بێ ئەوەی پارەیەک وەربگرێ دەبێ کات و ئێنێرژی و لێهاتوویی خۆی بخاتە خزمەتی بەرنامەکە کە خۆشی دەگرێتەوە. واتە سەرکەوتنی بەرنامەکە لە گەڵ سەرکەوتنی بەشداربووان گرێدەدرێ و ئەوەش مانای ئەوەیە کە بەشداربووان دەبێ بە مەیلی ڕێکخەرانی بەرنامەکە هەڵسووڕێن، بۆ ئەوەی تووشی کێشەی قانوونی و جوبڕانی خەسارەت و زیان نەبنەوە.

هەر وەک باسکرا، ساڵانە هەزاران کەس کە زۆربەیان خەونی سەرکەوتن دەبینن، بەشداری ئەم بەرنامانە دەکەن و بە خەرجێکی کەم نزیک شەش مانگ بەرنامەی پڕ لە بینەر بۆ تەلەویزیۆنەکان پێکدەهێنن، کە لە باشترین کاتی شەوی هەفتە بڵاو دەکرێتەوە. ئەوەش باشترین ئیمکان بۆ بڵاوکردنەوەی تەبلیغاتی تیجاری شەریکە و کۆنسێرنە گەورەکان، کە توانای خەرجی میلیۆنیان هەیە، دەڕەخسێنێ.  جگە لەوە هەر شەوێک کە بەرنامەکە بڵاو دەکرێتەوە، پرسیارێک لە بینەران دەکرێ وەک ئەوەی ناوی فڵان ئەندامی ژووری" دیتر بۆلنە یان چەرخ و فەلەک"؟ بینەر بۆ بردنەوەی دەهەزار ئۆیڕۆ دەتوانێ تەلەفۆن بکات و بۆ هەر تەلەفونکردنێك ٥٠ سێنت دەبێ بدات. گەر کۆی بەرنامەکە لە ساڵێکدا ٢٤ بەش بێت، تەنیا پارەی تەلەفونکردن دەگاتە ٥٠ میلیۆن و گەر پارەی تەبلیغی تیجاریشی بێتە سەر، دەرامەتی دەزگاکە لە ڕێگای ئەم بەرنامەیەوە خۆی لە ١٠٠ میلیۆن ئۆیڕۆ دەدات. بۆ بەرنامەیەکی وا  گەر بیست میلیۆن ئۆیرۆش خەرج کرێ، دیسان  هەشتا میلیۆن وەک خێر و بێری بەرنامەکە دەمێنێتەوە.

لەم تیجاڕەتەدا، بەشداربووان بە تایبەت ئەوانەی دەگەنە بەرنامەی زیندوو، لە قەراخ دەریا، هۆتێل و شوێنی ڕابوواردن  نیشان دەدرێن بۆ ئەوەی منداڵ و لاو و  گەورە وەسەر تەماح کەون.  هەرچەند هەر لەم بەرنامانەدا بینەر وێنەی دۆڕاوەکانیش دەبینێ، بەڵام کامێڕا بە باشترین شێوە وێنەی سەرکەوتووەکان و سەرکەوتووترین کەس وەها نیشان دەدا، کە چاو و زەینی بینەر کەمتر بۆ لای دۆڕاوەکان بادەداتەوە و ئەوە لە زەینی غەریزی بینەردا دەچەسپێ کە لە ژیانی ڕۆژانەشدا  ڕەنگ دەداتەوە. ئەم باسە دواتر لە بەشی منداڵان - لاوان و موزیکئایدل، هەراوتر دەکرێتەوە.

ئەمساڵ چاردەهەمین خولی سوپرستاری ئاڵمانی کۆتایی پێهات و دەبوو ئێستا ئاڵمان ١٤ گۆرانیبێژی لێ زیادبووبێ، بەڵام هیچیان نە دەنگیان ماوە و نە ڕەنگ و نە ناو. ئەم ١٤ کەسە و هەزارانی بەشداربوو، لە دەرەوەی بازاڕی موسیقا ماونەتەوە، بەڵام بەرنامەی سوپر ستار لە ئاڵمان و ئەو وڵاتانە بەردەوامە و ساڵانە ئارەزوومەندانی تازەتر بەرەو خۆی دەکێشێ، بە بێ ئەوەی بزانرێ ئەوانی پێشتر بە کوێ گەیشتوون، چییان لێهات و بۆچی هاتن و بۆچی نەمان!

هەرچەند ژمارەی بەشداربووان و بینەرانی ئەم بەرنامانە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کەمی داوە، بەڵام خولیای منداڵان و لاوان و بگرە قەیرەکان بۆ بوون بە سوپر ستار و سوپر تالێنت و بەناوبانگبوون و گەیشتن بە ژیانی ڕەنگین و زەنگین لەم ڕێگایەوە بەردەوامە و بۆ  ئینترنێت و پلاتفۆرمەکانی وەک یوتووب گوێزتراوەتەوە کە تەنانەت منداڵان تێیدا چالاکن و ئاژانسەکانی تەبلیغاتی بە دانی پارە بە تاک و تەرایان  چالاکتریان دەکەن کە لە ناو ئەوانەدا کەسانی وەک Ariana Grande "ئاریانا گڕاندە" هەڵکەوتووە کە لە کۆنسێرتەکەیدا لە مەنچستر بۆمب تەقێندراوە و منداڵی هەشت ساڵانەش لە ناو کوژراوەکاندا بیندرا، کە ڕەنگە خولیای ئەوەی لە سەردا بووبێت کە ڕۆژێک خۆی لە سەر سەکۆ ببینێتەوە. هەروەک  کیژۆڵە کوردەکەی کورد ئایدل کە بۆی گرنگە بزانێ چەند کەس چاوەڕوانی دەکەن و نووسیویەتی :" سلاو هاوریان ئه م کاته تان باش چه ن که س چاوه روانمه ئه مشەو؟ "!

 ئێستا کە لە رۆژئاوا سوپر ستار و موزیک ئایدل ڕۆژیان ئاوا دەبێ، تازە لە وڵاتی ئێمە ڕۆژی کورد ئایدل هەڵدێت.

 

 

ڕووشاندنی ڕووی دەرەوەی کوردئایدل!

لە پاپ ئایدل هەتا کوردئایدل(بەشی ٢)

کورد ئایدل بە پێشکەشکردنی ٣٧ سەعات بەرنامە،  ڕەنگە پڕ بینەرترین بەرنامەی مێژووی کوردسات بێ. هەر ئەوەش بە پێوانەی سەرکەوتنی بەرنامەکانی  تەلەویزیۆن دەزاندرێ! ئەم چەشنە تەلەویزیۆن و بەرنامانە بە هۆی گۆڕینی چۆنیەتی تێگەیشتنی خەڵک و بەرزبوونەوەی ویستی  ڕابوواردن، برەویان پەیدا کردووە. بەرنامەکانی تەلەویزیۆن ڕەنگە ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگا نەبن، کە نیین، بەڵام ئاوێنەی کۆمەڵە خەڵکانێک هەن و دەتوانن دەوریان لە جێگۆرکێ پێکردنی بینەراندا هەبێ.   لەو وڵاتانەی کۆمەڵگا بە پرۆسەیەکی سرووشتی هێمنانەی ژیاندا تێپەڕیوە، تێگەیشتنی ئینسان لە هەڵبژاردنی بەرنامە و چەشنی مێدیا، دەور دەگێڕێ و بەو پێیە مێدیا و بەرنامەی هەمە ڕەنگ و هەمەجۆر هەیە و هەر کەس و هەموو کەس سەیری هەر بەرنامە و هەموو بەرنامەیەک و هەر تەلەویزیۆنێک ناکا!

لە وڵاتی ئێمە کە چەشنی جۆربەجۆری تەلەویزیۆن بە پێی بڕینی ئەو پرۆسەیە و ویستی جیاوازی خەڵک  نییە، بینەری تەلەویزیۆنەکان کەمتر ئیمکانی هەڵبژاردنیان هەیە و جیاوازی تەلەویزیۆنەکانی کوردستان  جیاوازی ڕەنگی سیاسی، زمان و ناوچەیە، نە جیاوازیی چۆنیەتی هونەریی-فەرهەنگی و تێگەیشتن لە مێدیا.

 نووسەری ئەم دێڕانە پێشتر لە تۆی کتێبێک و کۆمەڵێک نووسراوە، لە پاش ساڵی ١٩٩٥ تا ئەم ساڵانەی دوایە، تاوتۆی تەلەویزیۆنەکان و بەرنامەکانی  کردووە و لە پرۆژەی کوردئایدل دا ڕەگەگەلێکی نوێ دەبینێ کە دەتوانی جوغرافیای دیدوبۆچوون و کەسایەتی تەلەویزیۆنەکان و کەسایەتی بینەر و فەرهەنگ و تێگەیشتنیان بەرەو گۆڕانی بێ گەڕانەوە بەرێ، هەروەک چۆن سیاسەت و ئابووری ئەمڕۆی کوردستان بە ئاقاری هاوچەشندا چووە.  ئەوەی لە کوردئایدل دا دەبیندرێ ڕەنگدانەوەی ڕەنگی دید وبۆچوونی دەزگاکانی حکوومەتی، کاربەدەستانی سیاسی، هونەرمەندانی گرێدراوە، لە هەمووی  ئەوانە گرنگتر ڕەنگدانەوەی دەوری سەرەکی بازارە، کە خەون بە بە کوویەت و ئەستامبوڵ کردنی کوردستانەوە دەبینێ! 

کورد ئایدل ڕواڵەتی دەرەوەی چەشنێک لە"مودێڕن"بوون لە باشووری کوردستان نیشان دەدات، کە ڕەنگی بەشێک لە "ڕۆشنبیر"انی ئەم بەشەی وڵاتیشە، کە نیشتمانی و نەتەوەیش لە خۆیان دەڕوانن. هەربۆیە ڕووشاندنی لایەنەکانی چاوگر کە لە تەکنیک، دەرهێنان، ڕێکخستن و پێشکەشکردندا خۆی دەنوینێ، دەبێ بە هێند وەربگیرێ و لایەنەکانی نادیاریشی بکەوێتە بەر چاوی بینا. لە سەرەتای ئەم بەشەی نووسراوەی" لە پاپ ئایدل هەتا کوردئایدل" بووچوونی پسپۆڕانی کوردئایدل لە دوا بەرنامەی زیندووی شەوی شەممە ٣ی مانگی شەشی ٢٠١٧ کە لە ڕێگای تەلەویزیۆن و ئینترنێتەوە بڵاو کرایەوە، وەک خۆی ڕادوگوێزرێ. ئەمە بەرکوڵێکە لە بۆچوونی  هاوچەشن و هاوناوەرۆکی چەند هونەرمەندی کورد کە بە درێژایی ١٨ بەرنامەی پاکەتی و زیندووی کورد ئایدل، دوبارە و دوبارە بۆتەوە.

لە وڵامی پرسیاری وێژەری لێزان ، خۆش تیپ و ئاکتۆر دیلان، کە بێ هەڵەش نییە لە کارەکەیدا، ئەم وڵامانە دەدرێتەوە.

نیزام ئەلدین ئارەج، موزیکوان- گۆرانیبێژ- سینەماکار و ئاکتۆر: " بە راستی گەلێک کەیف خۆشم، هەر ١٦ بەشداروان مە ژێهاتینە،  (دیلان بۆی ڕاست دەکاتەوە) حەفدە، هەر حەفدە  بەڕاستی باش بوون، پێشکەڤتن تم جەم وان دەبینین   هێندێ تریۆگرووپان(گرووپی سێ کەسی) هەبوو بە ڕاستی کلاسە بوو، باش بوون، تۆپ(تاپ) بوون. هێڤی دەکەم  کوو وانە هەڵبژاردنە کەلام خۆ، سترانە خۆ عاقڵانە بکەن، گەر ئەوی نەکەن، کاری وان زەحمەتە."

کانی خانم، شاعیر- نووسەر و گۆرانیبێژ:" ئێمە هیوای زۆرمان بە بەشداربووەکانمان هەیە، چوونکە لە سەرەتاوە هاتوون و دەنگی خۆیان پێشکەش کردووە، پرۆژەیەکی باش بوو بۆ ئەوان. یانی ئەوان بەرەو پێش چوون و ئەڕۆن و چاوی خۆیان دەکەنەوە. لێرە چوونکە هەم ئامادەبووان هەیە، هەم ئێستا ڕاستەوخۆ بینەرێکی زۆر هەیە. لەبەر ئەوە دڵنیام ئەوان وردە وردە،زیاتر و زیاتر بەرەو پێش ئەچن. ئێمەش هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. کاک نیزامئەلدین شتێکی زۆر ڕاستی وت، منیش لە سەتا سەت لەگەڵ ئەوەدام کە دەبێ عاقڵانە، لێزانانە بتوانن گۆرانییەکانی خۆیان هەڵبژێرن و بزانن توانای ئەوان لە چ ستایلێکدایە،  لە چ گۆرانییەکدایە، پێویستە ئەو توانایەی خۆیان لە گۆرانییەکی باشدا بدۆزنەوە،هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازیین، ئێمە دڵخۆشین بە بوونی ئەوان لێرە."

عەدنان کەریم، گۆرانیبێژ و موزیکوان :" ڕاستییەکەی لای من کوردئایدل هیوایەک ئەبەخشێ بە موسیقای کوردی. ئەوەی کە بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە کە کوردئایدل دەبیتە ئەزموون بۆ کۆمەڵێک گەنجی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، کە لە کولتور و لە هونەر و موسیقای یەکتر تێبگەن و هەموو پارچەکانیش بزانن کە کورد، موسیقایەکی دەوڵەمەندی هەیە. ئەوەی کە سەرنجم دا دوێنێ،زیاتر ئەوە بوو کە ئەم گەنجانە توانیویانە بە یەکەوە گۆرانی باش هەڵبژێرن. هەماهەنگی لە گەڵ گرووپی موسیقا، هەمئاهەنگێکی جوانیان هەبوو. هیوام وایە بە بەردەوامی ئەو گۆرانیانەی کە خۆیان حەزیان لێیە، بە دڵی خۆیان هەڵبژێرن و هەڵبژاردنیش بە ڕاستی زانستێکە. ئەبێ ئەو کلیلە بدۆزنەوە، ئەم هونەرمەندانە، ئەو گۆرانیبێژانە، کە ئێستا بەرێگەون ببن بە هونەرمەندی دوا ڕۆژ، دەتوانن ڕێگای خۆیان بدۆزنەوە لە ڕێگای کورد ئایدلەوە."

ئەم وتانەی سەرەوە بۆ هەر گوێگرێکی کورد ئاشنایە و پێشتر لە دەیان بەرنامەی هاوچەشن بیستراون و پشتیان بە لێکدانەوە نەبەستووە. ئەم تێگەیشتنە یەک خەتییە، زاڵ بوو بە سەر هەموو ١٨ پرۆگرامی کوردئایدلدا. ئەم بەڕێزانە دەزانن  کە کورد ڕێک ٢٢ ساڵە لە ڕێگای تەلەویزیۆنەکانی زاتەڵایت، گوێبیستی هەموو چەشنە زاراوەیەک و گۆرانی هەمە جۆر بووە. بیست و دوو ساڵ لەوە پێش، ئەم هەستە هەر مرۆڤێکی کوردی دەهەژاند،٢٥ ساڵ لەوە پێش بیستنی زمانی کوردی لە ڕادیۆی دەنگی ئامریکا فرمێسکی لە چاوان دەچزاند. ئەم هەستە درانگ گەیشتۆتە کوردئایدل و لێژنەی هەڵسەنگاندن، کە حەول دەدەن  لە تۆی وەرەقی بریقەدار بە بینەرانی بفرۆشن! مەبەستی چێکەرانی کوردئایدل  تەشەنەساندنی بیری کوردستانی گەورە نییە، مەبەست تەشەنەساندنی بەرنامەی کوردئایدل لە کوردستانی گەورەیە، بەڵام بۆ چ ئامانجێک؟ کێن ئەو کەس و دەزگایانەی کە لە پشت پرۆژەکەوە تیجاڕەت بە خەمی کورد و موسیقا و کوردستانی گەورە و ئەو لاوانە دەکەن، کە پڕ لە هیوا خۆیان گەیاندۆتە کوردسات و کوردئایدل؟

پێشتر واتە لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابووردو، هەموو تەلەویزیۆنەکان و کوردساتیش دەیان بەرنامەیان بە بەشداری هونەرمەندانی هەموو پارچەکانی کوردستان لە شاشەکانیانەوە بڵاو کردۆتەوە. دەیان جاریش کۆنسێرت و  فستیواڵ لە سولەیمانی و دهۆک و هەولێر نە تەنیا بۆ هونەرمەندانی هەر چوارپارچەی کوردستان، بەڵکوو بۆ عاڕەب و تورک و فارس ڕێکخراوە. لە مێژ ساڵە کرماشانی و سنەیی گۆرانی کرمانجی دەچڕن و ئامێدی و دهۆکی و عەفرینی گۆرانی سۆرانی  و هەورامی و زازا!

هەر لە ڕێگای بەرنامەکانی هاوشێوەی کوردئایدل، کە بە پێچەوانەی ئەم پرۆژەیە، بەرهەمی دەستی کوردەکان خۆیان بوون و وەک کوردئایدل پرۆڤیسیۆناڵ چێنەکرابوون، کۆمەڵێک ئەستێرەی موسیقا و دەنگی کوردی بە وتەی خۆیان "کەشف" کران، ئەوانە چییان لێهات؟ چەندە موسیقای کوردیان لە گێژاو ڕزگار کرد؟

کوردئایدل بەرنامەیەکی نوێیە، باش چێکراوە و شان لە شانی بەرنامەکانی هاوشێوەی دەدا، بەڵام بە هەموو پرۆڤسیۆنالیتێتێک کە هەیەتی،  دەرمانی دەردی موسیقای کوردی پێ نییە، ئەوان کەلێنی موسیقای کوردی لە ئەمڕۆ و لە دواڕۆژ پڕناکەنەوە، ئەوان کەلێنێکی گەورەی بازاڕ لە کوردستان پڕدەکەنەوە، ئەو بازاڕەی کە دەیان شەریکەی لە حاڵی گەورەبووندا، پێویستیان پێی هەیە و بازاڕی باشووری کوردستان ئیتر بۆیان گچکەیە. خاوەن سەرمایە و بازاڕ گەلێک ژیرتر لە سیاسیکارەکان  بیریان  بڕ دەکات و زووتر بەرەوپیری بازاڕی مەزنتر دەڕۆن، ئەوان حزبەکان و مێدیا و خەڵک و هونەرمەند و نوخبەکانیش  بە دوای خۆیاندا ڕاکێش دەکەن. کوردئایدل دەستپێکی سەرەتایەکی نوێیە، بەڵام نە بۆ گەشەی موسیقای کوردی بەڵکوو بۆ کردنی موسیقا بە ناوئاخنی بەرنامەیەکی تیجاری.

بۆ ئەوەی لە کار و ئەرکی "لێژنەی هەڵسەنگاندن" تێبگەین، دەبێ وڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە کە بوونی ئەوان بۆ چییە؟  ئایا ئەو چەند کەسە دەیانەوێ زانیاری تەنکیکی- هونەریی- موسیقایی بە بینەر و گوێگر ببخەشن؟ دەیانەوێ بینەر لە چۆنیەتی  دەنگ، موسیقا و لایەنەکانی هونەریی و فەننی و زانستی و ئەستەتیکی بەرهەمەکان ئاگادار بکەن! دەیانەوێ خەڵک لە  لێزانی و شارەزایی گۆرانیبێژەکان  و مامەڵەکردنیان لە گەڵ دەنگ، هونەری موسیقا و تەکنیک و هونەری ئاواز حاڵی بن؟ یان مەبەستی تریان هەیە؟

لە ماوەی یەک خولەک و کەمتر، لێژنەی هەڵنژاردن چ لێکدانەوەیەک دەکەن و چ دەدەن بە بینەر!  بینەری ئەم چەشنە بەرنامانە بۆ ڕابواردن لە پای تەلەویزیۆن دادەنیشن  وخۆ دەگەیینە هۆڵی بەرنامە و زۆرتر "ئەکشن" و هەڵچوونی هەستیان گەرەکە هەتا لێکدانەوە. "لێژنەی هەڵسەنگان" بەشێک لە بەرنامەکەیە کە دەتوانێ بەرنامەی ڕابووردن دراماتیزە بکات و دەم و کاتی هەستیار بۆ بینەر و بەشداربووان و لایەنگرانیان بخوڵقێنێ.  ئەم لێژنەیە هەتا گەیشتن بە دوا قۆناغ کە هەڵبژاردنی ئەو حەفدە کەسە بوو، هەرچەند ئەرکیان دیار بوو،کەمتر لێژنەی هەڵسەنگاندن بوون، ئەوان لێژنەی هەڵبژاردن بوون، جار بە پێی لێکدانەوە و پرێنسیپ، زۆرجاریش بە پێی سەلیقەی تاکە کەسی خۆیان یان کەسی تەنیشتیان!

 لە قۆناغی تازە کە زیندوو بڵاو دەکرێتەوە، ئەندامانی لێژنە خۆشیان نازانن بۆچی حوزوریان هەیە، لێیان ڕوون نییە کە دەبێ چ بکەن و چ بێژن.  ڕەنگە  ئەمە گرفتی لێژنە خۆیان بێ، ڕەنگە گرفتی دەرهێنەر کە دەوری ئەوانی لەم قۆناغەدا ڕوون نەکردۆتەوە، هەر بۆیە لەم دەورەدا شتی سەیر دەبیندرێ یەک ئێژی" پێموایە سەرەتای گۆرانییەکە بە کرمانجی بوو"، ئەویتر هەر گوێی نەداوتە قسەی گۆرانیبێژەکە و باسی شتێکی تر دەکات، زۆرجاریش هەر قسەیان پێ نییە و قسەی کەسی پێش خۆیان دووبارە دەکەنەوە. ئەمەی خوارەوە بەرکولێکە لە بەرنامەی زیندووی ٣/٦/٢٠١٧.

هەڵسەنگاندنی کانی لە مەڕ ئەشکان: " من بیر دەکەمەوە، ئەشکان گۆرانییەکە خۆت هەڵتبژاردبوو؟ ئەشکان وڵام دەداتەوە "نەخێر" من چەند گۆرانییەکم داوە، ئەوان خۆیان هەڵیانبژاردووە. کانی: ئا، بەڵام یەکێکە لەو گۆرانیانەی کە تۆ حەزت کردووە بیڵێتەوە.

لە بەر ئەوە من قسەم لە سەر هەڵبژاردنی گۆرانییەکانە،نەک بۆ تۆ، ئەبێ بۆ هەموو بەشداربووان، بە ڕاستی لێزانانە، عاقڵانە بتوانن گۆرانییەکی باش بۆ دەنگی خۆیان هەڵبژێرن. جگە لەوە هەستی تۆ هەبوو لە گەڵ گۆرانییەکە، ژنێکی جوانی لە سەر شانۆ، ئەبێ زیاتر ئێمە فۆکس(فۆکۆس) بکەینە سەر دەنگ، زیاتر ئەشکان، هەوڵ بەین، مادام تۆ ژنێکی دییتە ئێرە ، کە واتە ئازایەتییەکت تێدایە، هەوڵ بدەی بە دەنگ خۆت نیشان بدە. ئەوە شتێکی باشترە و من زیاتر دڵخۆش ئەکا.

ئەمە وێنەی تێگەیشتنی نەگۆڕ لە کۆمەڵگای ئێمەیە،کە بە شێوەی ئۆتۆماتیک دوبارە دەبێتەوە بە بێ ئەوەی هەست بە کات وزەمان بکەین، گەر پیرەمێرد سەت ساڵ و هێمن حەفتاسال لەوە پێش بەم چەشنە لە گەڵ کەنیشکێکی کورد قسەیان کردبایە، لێی تێدەگەیشتین، بەڵام ئێستا کە ژنانی کورد دەیان قۆناغی کۆمەڵایەتیان تێپەڕاندووە و لە هەموو ئاستێکدا جێ پەنجەیان دیارە و  بوونی کانی خۆی لەو لێژنەیە و بوونی ئەشکان، غەزاڵ،  ژیندا، بانە، ئەڤین،  تانیا،  ڕۆزا و بوونی کچی کۆبانی لە بەرنامەکەدا، جێگا بۆ تێگەیشتنی وا ناهێڵێتەوە، بەڵام ئەوە و زۆر شتی تر لەو بەرنامەیەدا بیسترا.

بەشی دووهەمی قسەکانی کانی ڕاستە و هونەری دەنگ و شارەزایی لە موسیقا و چڕینی گۆرانی مەبەستە، کە لەم بەستێنەدا چ زانیارییەک نادرێ. دەبوو سەرنجی ئەندامانی لێژنە لە سەر هونەری کەسەکان بایە، جوانی چ پێوەندی بە ئازایەتی ژن و هونەرکەیەوە هەیە. ئەشکان و هەموو ئەو خانمانە ئازەیەتیان لە خۆ نیشان نەداوە، کارێکی ئاساییان ئەنجام داوە، وەک چەنگیز و رۆنی و فەرزاد و هەموو ئەوانی دی. پیاوەکان چەندە جوان و ناحەزنن، ژنەکانیش هەر ئەوەندە، ئەوەش پێناسەی هونەریی نییە، هەرچەند لێرەش هونەر و چاوی ئەستەتیک دەوری خۆی هەیە.

نیزامئەلدین: ئەشکان جان ئەز حەز دەکەم، ئەم بەردەین ئەو... نازانم چی (بە سووڕاندنی دەستەکانی حەول دەدا مانای قسەکانی کە نایڵێ بگەیینێت). لە دەنگی تەدا پێشکەتنی دەگەڕم. دەنگی تەدا مەعەلئەسەف ، مخابن بە داخەوە ، ئەو چەند مەرحەلەیە کۆ ئەم بە هەوڕاین، لەور دەنگی تە دەبیسن، ئیجا ئەو پێشکەتنی ئەز نابینم، بۆ من پرۆبلێمە، یانی ئەز دەخوازم ژ تەرا ئالیکار بم، ئەز دەخوازم بێژم(وەک لاسایی کردنەوە دەنگی دەگۆڕێنێ)ئەشکان جان چ قاس خۆشە، لێ نەکارم. ئەم چەوا بکەین؟ ئەشکان لە وڵامدا" زۆر شترسم"! ئارەج" شترس لۆما؟" یانی توژی دەبینی پرۆبلێمێکی هەیە، ئەو شترسی گەرەک باوێژی.گۆرانی خۆ بسترە، سەرکەوتن.

عەدنان: ئەشکان گیان هەنگاوی تر هەیە لە پێشەوە زۆر، گرنگ ئەوەیە کە تەمرین زیاتر بکەی. گرنگ ئەوەیە کە زیاتر گوێ بگری،کە هاتیتە سەر شانۆ،لە گەڵ وشەکاندا جوان بژیی، ئەوە زۆر موهیمە، بۆ هەنگاوی داهاتوو هەوڵ بدە، ئەو گۆرانیانەی کە هەڵدەبژێری . ئەمە یەکێکە لە گۆرانیە خۆشەکانی خوا لێ خۆشی(خوالێخۆشبوو) مەرزیەی فەریقی بەڵام تۆزێک مەسەلەی موسیقاکەی زۆر چۆتە ناو دنیایی عەرەبییەوە. مامۆستایانی موسیقا ئەمڕۆ توانیان هەرچۆنێک بێ، ریتمەکە بە شێوازێک بگۆڕن کە دووری خەنەوە، هەرچۆنێک بێ،بەڵام بەگشتی لای من ئەوەیە کە تۆ ئەبێ زیاتر هەوڵ بدەی و هیوام وایە کە هەنگاوەکانی ترت ئیشاڵا باشتر دەبێ.

لە پشت پەردەکانی کوردئایدل چ باسە کە نەتەنیا کەنیشکێکی وەک ئەشکان و غەزال تەنانەت ڕۆنی و هەموو ئەوانی دی کە زاڵن بە سەر کارەکەیاندا، دووچاری "شترش" دەبن؟  چەنگیز یەکێک لە دەگمەن هونەرمەندی موسیقای کوردی  بەشدار لە کوردئایدل، کە  شارەزا لە موسیقا و کەلام و زمانی ئاخاڤتنە و تیپێکی چەند بەری"بعد" ڕۆژهەڵاتی- ڕۆژئاوایی- کوردی هەیە و زاڵە بە سەر خۆی و کارەکەیدا  و کاتی چرین لە جیهانی خۆیدا باڵدەگرێ، ئەویش دووچاری شترس کراوە و کوردئایدل هەنگاو بە هەنگاو باڵەکانی لێ قرتاندووە و بە بێ جولە دەستەملانی ڕەشۆڵی کردووە. کوردئایدل چەنگیز لە جیهانی خۆی دوور دەخاتەوە و تابڵۆیەک لەو بە دڵی بەشێک لە بینەران و بەرپرسانی دەکات و ڕێک لە ڕەنگ و تیشکی سەرسەکۆی کوردئایلدا گوومی دەکات،  دەنگیشی دەکاتە پەراوێزی  ئورکێسترەکەی کوردسات کە بۆ زۆربەی حەفدە کەسە  موسیقایان بە دڵی خۆیان ژەندووە. ڕۆنی و چەنگیز و فەرزاد و ژیندا و سونگۆڵیش خراونەتە ئەم تەنگەبەرییەی موسیقاوە، بۆ ئەوەی بینەری نەگۆڕی موسیقا لە خۆیان ڕازی بکەن

لێژنەی هەڵسەنگان و ئۆرکێستری کوردسات و دەرهێنەر و دەرهێنەرەکان بەرهەمی کارەکەی خۆیان لە سەر سەکۆ دەبینن کە بە کورتی خۆی لە وشەی"شترس"دا دەنوێنێ. ئەوانە نە تەنیا ڕێگا بۆ ئەو هونەرمەندانە هەموار ناکەن کە خۆیان بن، بەڵکوو هەڵبەز هەڵبەزیان پێدەکەن و لە ڕێچکەی خۆیان دووریان دەخەنەوە، دەنا ڕۆنی، چەنگیز، وێدات، ژیندا، ڕۆزا سۆنگول هۆنەرەکەیان لەوەدایە کە جیاوازن و جیاواز دەچرن و هەر ئەوە یانی دەوڵەمەندی، گەشەکردنی ئەم جیاوازیانە وەک دەنگ، سەبک، شێوەی چڕین، چەشنی موسیقا، چەشنی کەلام و مامەڵەی جیاواز لە گەڵ زمان و تێکست و شیعر و دەرچوون لە یەک تۆنی لەش و ڕەنگاوڕەنگکردنی جولە و بەفراوانکردنەوەی ئەستەتیک لە بواری سەما، ڕەقس، هەڵپەڕکێ یانی پێشکەوتن.

 لە بازنەی ڕەشۆڵ، زیرەک،ماملێ، تاهیر تەوفیق دا سووڕانەوە، نە دڵسۆزی بۆ موسیقای کوردییە و نە دڵسۆزی بۆ ڕەشۆڵ و زیرەک و ماملێ و دەیانی تر. ئەوان بە ژیان و هونەری خۆیان کە هی هێنذیکیان وەک زیرک پڕ لە ئازار بووە، سەرمایەیەکیان بۆ موسیقای کوردی بەجێ هێشتووە، لاساییکردنەوەی ئەوان زیادکردن لە هونەر نییە، تێکدانی هونەرەکەی ئەوانە.

هۆنەر لەوەدایە ئەم سەرمایەیە بە تێگەیشتن و زانستی ئەمڕۆیی و ئەستەتیک و تەکنیکی ئەمڕۆ لە بازنەی تەسکی پێشوو دەربهێندرێ و موسیقایەکی بەرفراوانتر و ڕەنگینتری لێ بەرهەم بهێندرێ، مەرجیش نییە کەلامی ئەم گۆرانیانە هەر ئەوە بن کە مۆری ٥٠ و ٧٠ ساڵی پێشوویان بەسەرەوەیە. ئەم باسە گەلێک لایەنی هەیە،کە لە لێرە ناکرێ بەرفراوان کرێتەوە.

 هەر "مودێرن"نێک مودێرن نییە، هەر "ئەمڕۆ"ییەک ئەمڕۆیی نییە. موزیکی زیرەک، ڕەشۆڵ، ماملێ دەتوانێ مایەی کاری چەنگیز، وێدات، ژیندا و سونگول بێ، بەڵام هەر کەس ئەوان بۆ لای لاساییکردنەوە بەرێ و ئەوە بکاتە هەستی هونەریی و مایەی هەرزانفرۆشی نەتەوەیی، هەرکیانی زایە کردووە. "مخابن، مەعەلئەسەف، بەداخەوە" ئاستی کاری هەموو حەفدە کەسی  بەشدار لە شەوی 3/06/2017  نیشانەیەک لە کۆی "شترس" و دابەزین بوو. ئەو هونەرمەندەی دێتە سەر سەکۆی شانۆ و بۆ هەست و بیروهزر و تێگەیشتنی خۆی ناچڕێ، هۆنەرەکەی زایە دەکا.

عەدنان کەریم ئاوا کارەکەی چەنگیز هەڵدەسەنگێنێ:" ئەو گۆرانی، ئەو ستران، بەری بیست و سێ ساڵ پێش، من، من ئەو گۆرانیەم گوتییە. ئەمە سترانی یەکێک لە گۆرانیبێژانی هەر خۆشەویستەکانی شاری سلێمانی ڕەشۆڵە. جا ئێستا بیرم لەوە دەکردەوە، ڕەشۆڵ ئەو گۆرانییەی گووتوە، چل ساڵ پەنجا ساڵ پێش ئێستا، ئێستا لە باکوورەوە چەنگیز هاتووە ئەو گۆرانیە دەڵێ، بزانە هەموو هیوام ئەوەیە کە کوردستان هەر هەمووی یەک بگرێ. هەمووی یەک بگرێ."

نیزام ئەلدین: هەر کەس عەدنان جان دەکارێ ئەو سترانی بسترێ، لێ چەنگیز جورێکی دن دەسترێ، ئەو ئەوێکی دن دەسترێ، بە هەستێکی دن دەسترێ، چەنگیز ژێهاتییە، چەنگیز دەولەمەندیە مەیە، چەنگیز خورتێکی هێژایە، دەنگێکی خۆشە. چەنگیز بە چەشنێک ناڕازیبوونی خۆی لە گوتنی گۆرانیەکە دەردەبڕێ لە مەڕ ئەداکردنی سۆرانی پەیڤەکان.  عەدنان کەریم  کە دیار نییە چۆن لە چەنگیز گەیشتووە ئاوا وەجواب دێ. چەنگیزجان دەزانین ئەوە سێینە(سێن) سێنی دیرێکتە، لایڤە، لایڤیش هەندێک جار گۆرانیبێژ، سترانبێژ، چەند کۆمایەک دەنگی دادەبەزی، دەنگی بەرز دەبێ ئەوە شتێک نییە. بەس ئەزانیین کە تۆ جوان چوویەتە ناو گۆرانییەکە. بیدایەت هەندێ موشکیلە...بەس ئەوانە هیچی هیچ نیین

کانی:  ئيمە یەک چەنگیزمان هەیە لێرە، دڵخۆشین کە هەموو جارێ تۆ ئەبینینەوە، گۆرانییەکەت زۆر خۆش بوو، بەڵام بە ڕای من هەڵبژاردنێکی ڕاست، دروست بۆ دەنگی خۆت بکەی،زۆر باشە، چوونکە تۆ تاکە کەسی  دەنگی مودێرنی، کە ستایلی ڕوک  دەستری. کە دەنگی تۆ لەو بەرنامەیە بەو شێوەیە ناسراوە، ئەوە ناسنامەی دەنگی تۆیە،بەڵام گۆرانییەکی خۆشی سۆرانیت گوت. بە ستایلی خۆت، بەرگی خۆتت کرد بە بەرا، زۆر خۆش بوو، ئافەرین چەنگیز.

ئارەج سەردەمێک کەسایەتێکی وەک چەنگیزی ئەمڕۆی هەبوو.  ئەزموونی نوێی دەستپێکرد ، کاری جیاوازی لە موسیقادا کرد،  لە " فیلمی"سترانێک بۆ بەکۆ" ئەزموونێکی نۆی موسیقا و سینەمای نیشان دا. بوونی ئەو لە لێژنەی کوردئایدل پرستیژی بە ئەم بەرنامەیە بەخشی، بەڵام ئەویش لە جیهانی تێگەیشتنی کوردئایدل دەرباز نەبوو، هەرچەند لە میانەی بەرنامەکەدا زانست و زانیینی خۆی لێرە و لەوێ بەکار هێنا.

شادوان، خانمە وێژەری کەمتر پرۆڤیسیۆناڵ هەموو جارێ وتەیەکی شیرین ئێژێ" با پچینە لای لێژنە جوانەکەی کورد ئایدل". لەوە دەچێ "وشەی" جوان بە بەژنی هەموو بەرنامەکە بڕابێ. وەک وێژەری بەرنامە دیلان دەبێژێ جارێ:" ماڵیئاوا"!

 

 

[لە بەشی داهاتوو لا لە چەند لایەنی تری کوردئایدل دەکرێتەوە]

 

لە پاپ ئایدل هەتا کوردئایدل (بەشی سێهەم)



 

تەبلیغاتی بازرگانی لە ڕادیۆ و تەلەوزیۆن بە پێی قانوون بڵاو دەکرێتەوە و تەلەویزیۆنی گشتی و ئەهلی دەگرێتەوە. ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی گشتی لەبەر ئەوەی بە پارەی ماڵیات و پارەی مانگانەی خەڵک بەڕێوە دەچن، ئەو مافەیان نییە، زیاتر لەوەی بۆیان دیاریی کراوە، ڕاگەیاندنی بازرگانی بڵاو کەنەوە. ئەوان بۆیان هەیە لە ماوەی ٢٤ سەعات لە چەند دەرفەتی دیاریکراو، تەنیا ٢٠ خولەک ڕێکلامی بازرگانی بڵاو کەنەوە. واتە یەک و سێ لە دەی سەت(١،٣%).

ئەم تەلەویزیۆنانە مافی پچراندنی بەرنامە، فیلم و سەریالیان پێنەدراوە و ناوبەر لە نێوان هیچ بەرنامەیەکدا نییە. هەر بە پێی قانوون، هونەرمەند و خوڵقێنەری فەرهەنگ، ئەو مافەی هەیە بەرهەمەکەی بە بێ پاڕازیت و قرتاندن و ناوبەر بڵاو بێتەوە، ئەو مافە بینەریش دەگرێتەوە بۆ ئەوەی بەرنامەکانی تەلەویزیۆن وەک خۆی ببینێ و بژنەڤێ.

لە ڕۆژانی تایبەت و ڕۆژانی پشوو ڕێژەی ڕێکلام لە تەلەویزیۆنەکانی گشتی هەتا ٥ خولەک لە ٢٤ سەعاتدا دادەبەزێندرێ، واتە لە بەرانبەر هەر ١٠٠٠ سەعات بەرنامە، یەک سەعات ڕێکلامی بازرگانی بڵاو دەبێتەوە! بەم چەشنە رێکلام کەمترین زیان بە فەرهەنگ و هونەر و بەرنامەگەڵ دەگەیینێت.

تەلەویزیۆنەکانی ئەهلی(شەخسی) کە بە پارەی خۆیان بەڕێ دەچن و مافی وەرگرتنی پارەی ماڵیاتیان نییە، مەجالیان بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێکلام زیاترە و بیست لە سەدی ٢٠% بەرنامەکانیان دەکرێ رێکلام بێ، واتە لە ماوەی بیست و چوارسەعاتی شەو وڕۆژ، چوار کاتژمێر و چل وهەشت خولەک، مافی بڵاوکردنەوەی ڕێکلامی بازرگانیان پێدراوە. بەم مانایە لە هەر یەک سەعات بەرنامە، دەکرێ ١٢ خولەک لە میانەی فیلم یان بەرنامەی چەشنی سوپرستار، پاپ ئایدل ڕێکلام بڵاو کرێتەوە. بۆ وێنە لە بەرنامەیەک بە دڕیژایی ٩٠ خولەک، دەکرێ ١٨ خولەک رێکلام بڵاوکرێتەوە بە مەرجێک لە نێوان دوو بڕگە ڕێکلامی بازرگانی، بیست خولەک مەودا هەبێ و ماوەی ڕێکلام لە ٧ خولەک تێنەپەڕێ. ئەم قانوونە لە یەکیەتی ئوروپا بەڕێوە دەچێ، جگە لە وڵاتی تورکیا.

تەلەویزیۆنی کوردسات نە تەلەویزیۆنی حکوومەت، نە ئەهلی و نە گشتییە، تەلەویزیۆنی حزبێکی کوردییە! لە ئوروپا ئێزن بە حزبەکان، پەێرەوانی ئایین، فرقەی ئیدئۆلۆژیک و هەرچەشنە گرووپێکی سیاسی نادرێ ڕادیۆ و تەلەویزیۆنیان هەبێ. بۆ ئەوەی نەبنە بلیندگۆی تاقمێک دژ بە تاقم و گرووپی تری ئایینی، سیاسی، فکریی و ئیتنیکی کە ئەمە زیانی بۆ سەرجەم کۆمەڵگا لێدەکەوێتەوە و کۆمەڵگا لە جەغزی تاک ئایین، سیاسەت، فەرهەنگ، ئیدئۆلۆژی، قەتیس دەهێڵێتەوە و ڕێگا بۆ دیکتاتۆری و تواندنەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان خۆش دەکات.  

مێژووی ٨٨ ساڵەی جیهان پڕە لە کارەساتی ئینسانی کە ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و سینەما دەوری گەورەیان تێدا گێڕاوە، وەک دوو شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم، وەک هەموو ئەو شەڕانەی کە لە سەدەی بیست و بیست ویەک دژی کورد کراوە. وەک ئەو دەورەی کە لە بێ ناسنامەکردنی تاکی کورددا گێڕاویەتی. هەر لەم ڕۆژانەدا مێدیای کۆماری ئیسلامی بە تایبەت ڕادیۆ و تەلەویزیۆن بە بیانووی تیرۆر لە تاران، ماشێنی تەبلیغاتی خۆی بە دژی کورد وەڕێخست و مێللەتێکی خستە ژێر جەخت و فشار، هەر ئەو کارەی کە مێدیای ترک بۆ بە ترک کردنی تاکی کورد کردۆیەتی، ئەوە نیشان دەدا کە وێنە و پەیڤ دەتوانێ کاریگەرتر لە تانک و تۆپ و فیشەک بە دژی کورد بەکار بهێندرێ.

بۆمبارانی مێشکی مرۆڤی کورد گەورە و بچووک بە وێنە و پەیڤ بە درێژایی شەو و ڕۆژ و هەموو ژیان مرۆڤی خۆی پێکدەهێنێ. هەر لە رێگای مێدیای ئەو حکوومەتانەوە جیل جیل مرۆڤی کورد لە ناسنامەی خۆیان شۆردراونەتەوە. رێک نیوسەدەیە کورد لە ڕێگای مێدیای ئەو حکوومەتانەوە داگیرکراوە و ئێستا خۆی بە مەیلی خۆی لە بەر شاشەکانیان دادەنیشێ. کارەسات ئەوەیە گەر تەلەویزیۆنی حزبەکانی کوردستان کۆپی مێدیای ئەو وڵاتانە بن!

تەلەویزیۆن حزبی دەوری لە تێکدانی پێکاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان گێڕاوە و بەشێک لە گرفتی سیستەمی حکوومڕانی لە وڵاتی ئێمەیە و بەربەست دەخاتە سەر ڕێگای پێشکەوتنی گشتی فەرهەنگ، هونەر، سیاسەت و کۆمەڵگای مەدەنی و لە باشترین حاڵەتدا دەزگایەکە لە خزمەتی کۆمەڵێک کەس دژی کۆمەڵێکی تر! بە تایبەت گەر ئەوە لە بیر نەکەین کە فەرهەنگ و تێگەیشتنی گشتی لە ڕێگای تەلەویزیۆنەکانەوە لە گرێژنە چۆتە دەر و شیرازەی کۆمەڵگا لەبەر یەک ترازاوە.

کوردسات سەر بە رێکخراوی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە کە لە سەرەتاوە بە بیری مارکسیستی- مائۆیستی و لایەنگری لە کرێکاران و زەحمەتکێشان دامەزرا و گەلێک کەسی باوەڕمەند بە بیری چەپی لە خۆی کۆکردبووە. ئەمڕۆ ئەم هێزە سیاسی- نیزامی- ئیدارییە، کە مێدیا و دام و دەزگای هەیە، ‌هەرچەند ناوی لە لیستی ئینترناسیۆنال سوسیالیست تۆمار کراوە، بەڵام نە خزمایەتی لە گەڵ سۆسیالیزم ماوە نە کرێکار و زەحمەتکیش، بە تایبەت گەر مێدیاکەی کوردسات و بەرنامەکانی چەشنی کوردئایدل بن. مێدیایەک کە کاری سەرەکی بۆتە تیجاڕەت و بەرنامەکانی بۆنەتە مەیدان نە بۆ کرێکاران و زەحمەتکیشان بەڵکوو مەیدانی کاڵای بۆدلەی نە شەریکەکانی کوردستان، بەڵکوو شەریکەی ترک و عاڕەب و ئێرانی!

بەرنامەی کوردئایدل شەوی ٣ی مانگی ژوئەنی ٢٠١٧ بە شێوەی ڕاستەوخۆ سەعات ٨ی شەو بەکاتی بەڕلین هاوکات لە تەلەویزیۆن و ئینترنێت بڵاوکرایەوە. تەنیا دوای تێپەڕبوونی حەوت خولەک لە دەستپێکردنی بەرنامە، وێژەری کوردئایدل بە بێ هۆ تەنیا بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێکلامی تیجاری، ناوبەری ڕایگەیاند. ئەم بێ پڕێنسیپییە لە مێدیای باشووری کوردستان و لەو وڵاتانە دەبیندرێ، کە سەرەڕۆن و بێ ڕێزی بە خەڵک و بینەر لایان بێ سنوورە!

وای دابنێنن کتێبێکی رۆمان دەخوێننەوە. لە ناکاو دەستێک کتێبەکەتان لێ دەفڕێنێ، خاوەن دەست بەوە ڕازی نابێ، دەیکات قیژە وهەرا و هەڵبەز هەڵبەز و مێشکی سەریشتان دەبا. ئەوجا دوای تێپەڕبوونی حەوت خولەک هەمان دەست کتێبەکەتان دەداتەوە دەست، ئێوەش وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ، درێژە بە خوێندنەوە دەدەن و دوای ١٥ خولەک، خراپتر لە جاری یەکەمتان بە سەر دەهێندرێ و ١٢ خولەک لە جیاتی کتێب خوێندنەوە، گوێتان لە قاوەقاو دەبێ . هەموو شەوەکەتان بە درێژایی دوو سەعات و نیو بەم شێوەیە تێپەڕ دەبێ. پاشان سەری گێژتان هەڵدگرن و دەچن پاڵدەکەفن. هەتا شەوێکی تر و بەرنامەیەکی تر!

سەعات هەشت و نیو، ناوبەری دووهەم ١٢ خولەک دەکێشێ. تا ئێرە ٤٢ خولەک لە بەرنامەکە تێپەڕیوە، ١٩ خولەک بە ڕێکلام و ١٨ خولەک بە وێژەر و ئەندامانی لێژنە بەخشراوە، ئەشکان و چەنگیز بە هەرکیان ٥ خولەک گۆرانیان چڕیوە. لە ٤٢ خولەک ٣٧ خولەک درابوو بە ڕێکلام و فەرمایشتی وێژەر و لێژنە و ٥ خولەک بە گۆرانیبێژ! واتە ٢،١% بۆ هونەری هونەرمەندان و ٩٧،٩% بۆ تیجارەت و هەڵسوڕاندنی بەرنامەی کوردئایدل! باس کرا کە لە تەلەویزیۆنەکانی گشتی ١،٣% بۆ ڕێکلام و ٩٨،٧% بۆ بەرنامە تەرخان دەکرێ، لە کوردستانی یەکیەتی نیشتمانی و کوردسات و کوردئایدل ٤٥% ی بەرنامەیەکی ٤٢ خولەکی، بۆ ڕێکلام دادەندرێ!

لە سەعاتی یەکەمی بەرنامەی کوردئایدل ئەشکان، چەنگیز،مستەفا، غەزاڵ و وێدات گۆرانیان چڕی و بە هەمویان نزیک دوازدە خولەک کاتیان پێبڕا. واتە یەک لە پێنجی کاتی بەرنامە، ئەوەش بە پێچەوانەی تەلەویزیۆنی ئەهلی ئوروپایە کە ١٢ خولەک مافی بڵاوکردنەوەی رێکلامیان لە یەک کاتژمێرێدا هەیە. کوردئایدل یەک لە پێنجی بەرنامەکەی بۆ پێشکەشکردنی هونەری پێنج هونەرمەند و ١٩ خولەک بۆ رێکلام و ٢٩ خولەک بۆ وێژەر و لێژنە تەرخان دەکات

سەعاتی دووهەمی بەرنامە بە ڕێکلام درێژەی پێدرا، هەتا نۆ و هەشت خولەک . زێرەوان، ژیندا، ئاشتی عەزیز و بانە شیروان دوای ڕێکلام هەتا کاتژمێر نۆ نیو گۆرانیان چڕی و ناوبەری چوارەم هەشت خولەکی کێشا و پاشان هەتا سەعات دەی شەو ئەڤین عوسمان، فەرزاد و ڕۆنی فریای گۆرانی گووتن کەوتن. بەم چەشنە لە سەعاتی دووهەم، حەوت کەس بۆ ماوی نزیک حەفدە خولەک کاتی گۆرانیکوتنیان بەرکەوت و ڕێکلام ١٦ خولەک و وێژەر و لێژنە ٢٧ خولەکیان بەرکەوت! لە سەعاتی دووهەم کاتی ڕێکلام و بەرنامە هاوسەنگ بوو، واتە فیفتی فیفتی!

لە ماوەی ١٢٠ خولەک بەرنامەی کوردئایدل، تەنیا ٢٩خولەک کات بۆ سوژەی سەرەکی بەرنامە تەرخان کرابوو کە تێیدا ٩ هونەرمەند گۆرانیان چڕی. لە ٩١ خولەکی باقی بەرنامە ٣٥ خولەک بەر ڕێکلام و ٥٦ خولەک بەر لێژنە و وێژەران کەوت. بە کورتی ٢٤% بۆ گۆرانیبێژەکان، ٢٩% بۆ ڕێکلامی بازرگانی و نزیک ٤٧% بۆ لێژنە و وێژەران تەرخان کرابوو. گەر کاتی لێژنە و وێژەرانیش وەک کاتی بەرنامە دابنرێ ٧١% بۆ بەرنامەکە و ٢٩% بۆ ڕێکلامی بازرگانی تەرخان کریابوو.

ناوبەری پێنجەم نۆ خولەکی پێچوو، پاشان هەتا کاتژمێر دەونیو عەبدوڵا، تانیا ئاسۆ و ڕۆزا لە ماوەی نزیک ٨ خولەک گۆرانیان چڕی. ناوبەری شەشەم بۆ ماوەی حەوت خولەک درێژەی کێشا و دوا گۆرانیبێژ سۆنگوڵ بوو. کاتژمێر دە و چل ونۆ خولەک کۆتایی بە بەرنامە هێندرا!

لەم سێ چارەکە سەعاتەی کۆتای بەرنامە دە خولەک گۆرانی چڕیا و ٣٥ خولەک وێژەر و لێژنە و ڕێکلام بردیان. رێکلام ١٦ خولەک و لێژنە ١٩ خولەک. واتە گۆرانیبێژ ٢٢%، ڕێکلام ٣٥% و لێژنە و وێژەر ٤٣% . هەر بەم پێیە گەر کاری گۆرانیبێژ و لێژنە و وێژەران سەرجەم وەک بەرنامەی کوردئایدل بگرین، ٣٥% ی بەرنامەکە ڕێکلام بوو.

هەر چۆنێک لێکبدرێتەوە و حیساب بکرێ کوردسات و کوردئایدل یەک لە سێی بەرنامەکەیان بۆ تیجاڕەتی بازرگانی شەریکەکان تەرخان کردبوو. هەر بۆیە بۆ کوردسات ئاسایی دەینوواند گەر وێژەری بەرنامەی کوردئایدل شەوی ١٠/٦/٢٠١٧ سپاسی یەک لە خاەون شەریکەکانی وەک ساناتێلی کردبا.

پیشتر باسکرا کە لە کاتی ڕۆژانی پشوو لە تەلەویزیۆنەکانی گشتی بۆ هەر هەزار سەعات بەرنامە، یەک کاتژمێر ڕێکلامی بازرگانی هەیە، ڕۆژانی ئاسایی واتە دووشەممە هەتا هەینی ئەم ڕێژەیە لە هەر هەزار سەعات بەرنامە ١٣ کاتژمێرە . ئەم ڕێژەیە بۆ تەلەویزیۆنەکانی ئەهلی زۆرترە و لە هەر هەزار سەعات ٢٠٠ کاتژمێر دەتوانن ڕێکلام بڵاو کەنەوە، کەچی لە کاناڵی کوردسات و بەرنامەی کوردئایدڵ ئەم رێژەیە بۆ هەر هەزار سەعات ٣٥٠ هەتا ٤٠٠ کاتژمێرە

ئەوان لە میانەی بەرنامەیەکی دوو سەعات و چل و پێنج خولەکیدا، شەش جار بەرنامەکەیان بۆ پێشکەشکردنی ڕێکلامی بازرگانی پچڕاند و لەو ١٧ کەسە بۆ ناوئاخنی ڕێکلامەکان کەڵکیان وەرگرت و سەرجەم پرۆگرامەکەیان بە بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ کوردستانی گەورە و پشتگیری موسیقا وهونەرمەندی کورد و خەمخواردنی داهاتووی موسیقا بە بینەر فرۆشت و بەرنامەکەش بە هەزاران کڕیاری هەبوو.

لە ڕێگای ئەم چەشنە بەرنامانەوە چی بە سەر مێشک و دەروونی مرۆڤی کورد بە گەورە وبچووکەوە دەهێندرێت و چ کارتێکردنێکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و پێداگۆگی لە پاش بە جێ دەمێنێت، باسگەلێکن کە بە جیا و لە درێژەی ساڵەکاندا دەبێ لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێ، بۆ ئەوەی دەرکەوێ کە تەلەویزیۆنەکانی کورد لە باشوور، چ خاوەن مێشک و هەست و فەرهەنگ و تێگەیشتنێک باردەهێنن، بە تایبەت لە وڵاتێکدا کە شانۆ، سینەما و هونەرەکانی دیکە فەوتێندراون و خەڵک یان سەیری تەلەویزیۆنەکانی باشوور دەکەن یان تەلەویزیۆنی عاڕەبی، ترکی و ئێرانی، کە کوردساتیش یەک لەوانە.

لە ١٦٥ خولەک بەرنامەی زیندوو ئەشکان ٢، چەنگیز ٣ ، عەبدوڵا ٢،٢٠، تانیا ئاسۆ ٢،٢٠، ڕۆزا ٢،٥٥، ئەڤین ٣،١٠، فەرزاد ٣،٣٠، ڕۆنی یاسین٢،٣٠ زێرڤان ٣، ژیندا٣،١٠ ، ئاشتی عەزیز٢،٤٠ ، بانە شیروان٢،١٠ ، مستەفا ٣، غەزاڵ٢،١٠ وێدات١،٤٥ ، سونگول٢،٢٠ ، ڕەوان٢ خولەک کاتیان پێبەخشرابوو. ٤٤ خولەک بۆ ئەوان ١٢١ خولەک پڕکردنەوەی ڕێکلام و وتەی چەند بارەکراوی وێژەر خشتەی تەواوی بەرنامەی شەوی ٣/٠٦/٢٠١٧ کوردئایدلی پێکهێنا .

ڕێک دوو کاتژمێر لە هەر بینەرێک لەم شەوەدا بە فیڕۆ چوو، کە بینەر ڕەنگە پێیوابووبێ ڕایبواردووە! چەند هەزار و چەند میلیۆن سەعات لە ژیانی خەڵکی کورد لە باشوور و شوێنی تر بەم شێوەیە بە دیاریی بەرنامە و تەلەویزیۆنی هاوشێوە، زایە دەبێ، با ببێتە بابەت بۆ لێکۆڵینەوەی زانستگاکانی کوردستان.

گەر کات هەمان مانای بۆ مرۆڤی کورد هەبایە کە بۆ میللەتانی وەک ئاڵمان، ژاپۆن و شوێنی تر هەیەتی، تێگەیشتووانە مامەڵەی لە گەڵ کات کە هەمان ژیانە دەکرد. گەر لە وڵاتێک لە سەرەوە کاتی مرۆڤ بێ قیمەت بکرێت و بە فیرۆ ببردرێ و لەو ڕێگایەوە بازرگانی بە کات و ژیانی خەڵکەوە بکرێت و ئەم ڕووتاندنەوەیە بە خزمەتی فەرهەنگ و هونەر قەڵب بکرێت و پلاک و مۆری نیشتمانی پێدا هەڵواسرێ، دەبێ ناوی ئەنفالی فەرهەنگی لێبندرێ! گەر بەناوی کورد ئەو کارە کرابێ، زانایانە و نەزانانە لە گەڵ کۆمەڵێک باندی فەرهەنگ و هونەر ڕووبەڕوو دەبیین کە تێگەیشتنی مرۆڤ تێکدەدەن، گەر ئەم پرۆژەیە لە لایەن خەڵکانی دیکەوە بە کورد کرابێ، دەبێ ناوی ئەنفالی میللی لێبندرێ.

کوردسات و یەکیەتی نیشتمانی لە ڕێگای ئەم بەرنامانەوە سوود بە خاوەن کالا و سەرمایە دەگەیینن، کە بەشێکی زۆریان کاربەدەستانی حزبەکان خۆیانن. تێگەیشتنی ئەم کۆمەڵە کەسە لە فەرهەنگ، هونەر، مودێڕنبوون، شارستانیەت، کە ئەمڕۆ سەرمایەی ئەم وڵاتەیان لە چنگ دایە، تێگەیشتنی توێژی ئاریستۆکرات و مڵکدار و سەرمایەداری سەدەی هەژدە و نۆزدە و بیست و بیست ویەکی ڕۆژئاوا لە فەرهەنگ و هونەر و شارستانیەت و مودێڕنیزم نییە، تێگەیشتنێکی سەرسەری ڕووکەشیانە، لاساییکەرانەی بە بێ پێشینەیە، کە فەرهەنگەکەیان گرێدراوی ڕووی دەرەوەی ماڵەکانیان و هەڵواسینی تابڵۆ و جەندەکی ڕەنگراوی خۆیانە، ئەوان ویترینسازن!

ویترینی دێموکراسی، ویترینی پارلەمان، ویترینی حکوومەت، ویترینی زانست، هونەر، ویترینی شار و ویترینی پڕ لە ژن و پیاو. ماڵەکان، عیمارەتەکان، کەسەکان، بەرنامەکان، ماشێنەکان، کەرەسە و دەزگاکان و بەرنامەی هونەریی و فستیواڵ و تەنانەت سمپۆزیۆمەکانیان نمایشی ڕووی دەرەوەی ویترینەکانە! هوتیلی لوکس ساز دەکەن، دوای دوو ساڵ بناخەکەی درزی تێدەکەوێ، دەوڵەت و وەزارتخانە دادەمەزرێنن دەبێتە چەقەخانە و چایخانە، پێشانگا و فستیواڵ و کۆنگرە بە ناوی قەبە قەبە بەڕێوە دەبەن بە بێ ئەوەی شتێکی لێدەرکەوێ، بە میلیۆن خەرج دەکەن بۆ ئەوەی ناویان دەرکەوێ.

وڵاتێک کە لە ناوەوە وێران کراوە خۆی بە ئێلێمێنتە جیهانییەکانەوە هەڵدەواسێ بۆ ئەوەی خۆی مودێرن بنوێنێ، جار دەبنە پاپانوئێل، جار بەسەرەوە دەکەونە ڕۆژی خۆشەویستی. سەرجەم تەفرعونی عەرەب و تورک و ئێرانی لە جستە و ڕواڵەتیان دەچۆڕێتەوە، بۆ ئەوەی قاوغی خۆیان نیشان بدەن و وەک کوردی مودێرن، ئەمڕۆیی وەربگیرێن. تەنانەت سەرۆکی عێراق و کوردستانیان، لە دیدارە ڕەسمییەکان، دوای تێپەڕینی ٢٥ ساڵ، ئەو باوەر وفەرهەنگەیان پەیدا نەکردووە،کە کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان لە میمیکی سەروچاو و زمانی لەشیاندا، بنوێنن. ئەوان لە ناوەوە کۆیلەی بەرانبەرکەیان ماونەتەوە و هەرکە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، ئۆتۆماتیک کەسایەتی پێشتری خۆیان نیشان دەدەن و کوردئایدلیش سەروچاو و لەشی نامۆیان دەنوێنێ!

بینەرانی ناو ستۆدیۆ، وێژەر و دەستەی ژووری و هەر حەفدە بەشدار لەو کاتەوە کە لە بەرنامەی زیندوو و لە ژێر چاوەدێری بەرنامەگێڕەکاندا دەردەکەون، چەشنێک نمایشی مۆدێلیان دەست پێکردووە، کە لەخراپیش ناچێ. زۆربەی هونەرمەندەکان خۆیان لەو جل و بەرگ و فەزایەدا لێ ونبووە و دەنگیان وەک خۆی نەماوە و پسپۆڕانی بەرنامە وەدەزانن لە بەر ئەوەیە عاقڵانە گۆرانییەکانیان هەڵنەبژاردووە.

لە دوو هەفتەی ڕابووردو کاری ئەو حەفدە کەسە دابەزیوە، لە بەر ئەوەی بۆ نمایشی لەو چەشنە ڕانەهاتوون و ڕانەهێندراون و سرووشتیە کە هەست و دەنگیان بگۆردرێ. ئەمە باشترین نیشانەیە بۆ ئەوەی بزاندرێ،کە کوردئایدل فەزایی خۆی داسەپاندووە و کەسەکان دەبێ خۆیان لە گەڵ فەزای دڵخوازی بەرنامەکە بگونجێنن، ئەمە بۆ هەموو کەس دەست نادات و دەرهێنەرانی بەرنامەکەش، لەوە دەچێ شێوەی گونجاو بۆ گەشەساندنی لێهاتوویی بەشداربووان بەکار نەهێنن، هەر بۆیە بەشداربووان لە ناو تیشک و ڕەنگ و فەزایی نامۆدا، خۆیان نابینەوە و لە ماوەی دوو هەتا سێ خولەکدا ناتوانن خۆیان لە گەڵ فەزاکە ڕێکبخەن.

ئەوە قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر مێشک و هەستی ئەوان و ناموزونییەکەی لە دەنگ و دەم وچاو و جەستەیاندا خۆی دەنوێنێ. گەر هەڵبژاردنی گۆرانییەکانیش کاری گۆرانیبێژەکان خۆیان نەبووبێ، گرفتی گۆرانیبێژ زۆرتر کراوە. گۆرانییەکی نامۆ، فەزایەکی نامۆ کارێکی نامۆی لێدەردەکەوێ!

مێدیای لەو چەشنە فەرهەنگ و هونەر بەرەو پلاستیکی کردن دەکێشن و گەرەکیانە هورەچڕ و دەنگبێژێش بکێشینە ناو تابووتی خۆیانەوە و بە ناوی هونەری مودێڕن و پێشکەوتوو بە خۆیان و خەڵکی بفرۆشن. گەر دەرهێنەرانی بەرنامە گرنگی بە "جەو و فەزا و ئاتمسفۆر" دەدەن، دەبوو ئیمکان بخوڵقێنن بۆ ئەوەی سروشتی هۆرە و بەیت و حەیران لە جەوی خۆیدا دەربکەوێ و هۆرەچڕ و دەنگبێژ بتوانن دەنگ هەڵبرن، ئەم کارە بە تیشک و وێنە و ئەنیماسیۆن دەکرا، لە جیاتیان فەزا و تیشکی دیسکۆئاسا، یەکجۆر و یەکتەرز سەپێندراوە بەسەر دەنگبێژ و هۆرەچڕ و گۆرانیبێژ و چاوەڕوان دەکەن لە فەزایەکی بێ رووحی پلاستیکیدا هورەچڕ و دەنگبێژ و گۆرانیبێژ دەنگ هەڵبڕێ؟!

کوردئایدل نوێکاری تریشی هێنایە ناو بەرنامەکە. گۆرانیبێژەکان بە هەموو زاراوەکان گۆرانیان گووت ، ئەندامانی لێژنە بە سۆرانی و کرمانجی دەئاخڤتن، کەچی دوو وێژەرەکە کوردیان بۆ کوردی هەڵدەگەڕاندەوە. ٢٢ ساڵە خەڵکی کورد بە هەموو زاراوەکان لە ڕێگای تەلەویزیۆنەکانی زاتەڵایەتی هەر چوارپارچەوە قسە دەکەن و لە یەکتر تێدەگەن، بەڵام دوو وێژەر لە چاردەجار هاتن و چوون بۆ سەر سەکۆ ٢٨ خولەک لە کاتی بەرنامە بە دوبارەکردنەوەی کوردی بە کوردی پڕدەکەنەوە! هەمووی ئەو خاڵانەی کە باس کران لاوازی دەرهێنان و نوقم بوون لە زەرق و بەرقی بەرنامە و ڕووکەشی بیرکردنەوەی خاوەن کۆنسێپت، دەگەیێنێ!

لە سەردەمی هەرزانخڕکردنی هونەر کە لە هەموو ڕێکلامەکانی کوردسات دا ڕەنگی داوەتەوە و شیعر و گۆرانی و ئاوازی شاعیران و هونەرمەندان تێک دەدرێ بۆ چای و برینجی ئەحمەد، سوێندخواردن بە کوردستانی گەورە و مزگێنی بەرزکردنەوە و پێشخستنی موسیقای کوردی بە ناوی پڕۆژەی کوردئایدل، لە خەمخۆرانەترین حاڵەتدا گەمەکردنە بە هونەر و فەرهەنگ و شعوری بینەر، لەو کارەدا کوردئایدل سەرکەوتوو بووە و بەوەش دەبێتە دیاردەیەکی کەم وێنە لە مێژووی ٨٨ ساڵەی تەلەویزیۆن!

 

 

ڕووحی تورکی لە جەستەی کوردی کوردئایدل-دا!؟ (بەشی کۆتایی)

لە پاپ ئایدل هەتا کوردئایدل

برایم فەڕشی

" پێناسەی تازەی عێراقی کە لە دهۆک بڵاوکراوەتەوە یەک وشەی کوردی تێدانییە! گەلێک مامۆستا لە فێرگەکان وەرەقەی ئیمتیحان دەفرۆشن، یان کارێکی وا دەکەن شاگردەکانیان لە دەرەوەی مەدرەسە، دەرسی خسوسی لای خۆیان وەرگرن! فرۆشتنی دیپلۆم، بەکەلۆری، دوکتورا بازاڕی گەرمە! دوکتورەکان لە جیاتی کاری پزیشکی خەریکی تیجارەتن!! ... لەو وڵاتە لە شارە گەورەکان کتێب خوێندنەوە باوی نەماوە، بەڵام ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە زیادی کردووە. نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگر کراونەتە مووچەخۆری حزب و حکوومەت! لەش فرۆشی و خوشگوزەرانی و بازاڕی سێکس لە گەشەسەندندایە!... نەخۆشخانە بە پێی پێویست نییە!... ژێربینای ئابووری(کشت وکاڵ) تێکقرماوە و ژێربینای سەنعەتی لە گۆڕێدانییە،  ئەوەی بڕەوی هەیە تیجارەتی پڕڵە گەندەڵی بازاڕ و بیناسازییە کە بە میلیارد پارەی تێدادەگەڕێ، کە وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دوور سوودی گەورەی لێدەبینن.... !" (ئەمە کورتەی قسەی  چەند کەسە لە لە پیشانگای کتێبی فرانکفۆرت لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٢)

 ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سولەیمانی لە نەوشیروان مستەفام پرسی،- چ دەکەن بۆ ئەو کەس و شەریکانە کە گەرەکیان بێ لە کوردستان سەرمایەکەیان وەکار بخەن؟- گوتی "هاسانکاریان بۆ دەکەین و پێنجساڵ باجیان لێ داوا ناکەین."

ئەم تێگەیشتنە کاکلی سەرەکی تێڕوانینی بەرپرسانی باشووری کوردستان لە سیاسەت دەردەخات. ئەوان سازان لە گەڵ دەرەوەیان لا گرنگتر بووە، هەتا ناوخۆی وڵات و خەلک. کەسیش لێیان ڕاست نەبووە بپرسێ" بۆچی دەبێ پیشەکار و خاوەنکاری کورد باج بدەن و بیانییەکان ببخشرێن؟" ئەم تێگەیشتنە سەرچاوەی وێرانی ئابووری و فەرهەنگ و هونەر و کەسایەتی کوردستان بووە و تێگەیشتنی تاکە کەس و حزب و لایەنێک نییە و تێگەیشتنی حزب و حکوومەت و بەرپرسانە!

حزب و حکوومەت و بیانییەکان و بازرگانانی تازە پێگەیشتوو، باشووری کوردستانیان کردۆتە ویترینی هەر چەشنە کالایەک و مەیدانی داڕمانی ژێرخانی ئابووری، فەرهەنگی، هزریی و هونەریی تا ئەو جێگایەی کارهاسانی بۆ ترکەکان کراوە بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەکانیان بە جێگای ئەستانبوڵ و ئانکارا لە ستۆدیۆی کوردسات تۆمار بکەن و ڕاستەوخۆ رەوانەی ماڵە کوردەکانی بکەن!

لە باشوور پڕۆژەی ساخکردنەوەی  کەسایەتی تاکی کورد لە ئارادا نەبووە، سیستەمی پەروەردەی پێشوو بە داپۆشینی  ڕووکەشی کوردی بەردەوام کراوە. مێدیا کەتۆتە سەر خەتی مێدیای وڵاتانی دەوەر وبەر. لەم بیست وپینج ساڵە هیچ بەرهەمێکی جیاواز لە ڕابووردو کە مۆری وڵات و خەڵکێکی جیاواز لە ترک و عاڕەب و فارسی هەبێت، نەبیندراوە. ئەوەی بیندراوە لاسایی کردنەوەی لاساییکەران و کڕنۆش بردن بۆ ئەوان و بوغزاندنی پسپۆڕانی دەرەوەی بازنەی حزبەکان بووە!

پرۆفیسۆرێکی کورد بێڕێز کراوە بۆ پیرەسەربازێکی بریتانیایی، پرۆفیسۆرێکی  تر بێڕێزکراوە بۆ شاگردە فەڕانسەوییەکەی، بەرپرسی دەفتەری بازرگانی کورد و ئاڵمان، بێڕێز کراوە بۆ تاجرێکی پلە نزمی ئاڵمانی، دەیان پڕۆژەی کارسازانەی پسپۆڕان و خەمخۆرانەی کورد ڕەد کراونەتەوە  و جێگای ئەوان بە ترک و فارس و عاڕەب و فڵانە شۆفیرتانکێری،ئەندامی فڵان حزبی ئاڵمانی  پڕکراوەتەوە! تورک ئایدل کە بە کوردئایدل دەفرۆشرێ، ڕوخساری پرۆژەکانی هاوچەشن و کەسایەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دەردەخات!

ئەمەی خوارەوە  ڕاگەیاندنی کوردساتە و وەک خۆی بە هەڵەکانیەوە  بڵاو دەکرێتەوە. لەم ڕاگەیاندنە دا،  تەنیا یەک مەرج بۆ داواکار هەیە، زانینی زمانی"تورکی" نەک لە ئەستانبول لە سولەیمانی.

>>  کورد ئایدل بە دوای هاوکاری نوێ دەگەڕێ هەڵدەستین بە دامەزراندنی هاوکاری نوێ(کە زمانی تورکی بزانێت) بە شێوەی پارت تایم لە بەشە جیاجیکانی ستافەکمان لە ماوەی پەخشی راستە وخۆدا ئەگەر تۆش پێت خۆشە ببیت بە بەشێک لە ستافی کورد ئایدل ئەوا apply@kurdidol.tv دەتوانی سیڤی خۆت بۆ ئەم ئیمەیلە بنێری<<

 

ئەم ناوانەی خوارەوە لە  تیتراژی کورد ئایدل وەرگیراون : "ئۆنور دۆئان،  ئیلیف بوشرا تاتڵ، دوعا ئۆزبێلنلەر، فەیسەل ئۆزێر، دیجلە فورات ئامەک، ئێرسین ئالدەمیر، زانا ئیکنچی، هەزاڵ یەشیلئمراک، ئووزگور کورت، موستەفا کۆکسەلەن،  عەلی ئیحسان چایر، سەرکان کایا، ئۆرکوون ئیسەر، سەرهات ئاک، ئێسێن یەلماز، ئۆیا فانوسچوو، خەدیجە کۆکسەلەن، ئۆزگی گیزین، زینەب گدێر، کامێن پامۆکۆڤ! ".  ڕێک هەشتا لە سەدی هاوکار و  بەرپرسانی سەرەکی "کورد ئایدل" ناوی ترکیان هەیە و کوردەکان کاری لاوەکیان پێکراوە!

لێرە باس لە TRTی تورکیا و سەحەری ئێران نییە، باس لە بەرنامەی تەلەویزیۆنی حزبێکی باشووری کوردستانە، کە بۆخۆی چۆتە ژێر ڕێکفی موستەشارەکانی تورک. لە کاتێکدا هەر لە باشوور و دەرەوەی کوردستان دەرهێنەری بە توانای باشووریی هەیە، کە دەیانتوانی جێگای چایر و کایا و کۆکسەلەن و ئەوانی دی بگرنەوە. چوونە ژێڕ ڕکێفی تورک و عاڕەب و ئێرانی و بیانی لە وڵاتەکەی خۆت، هەرچەند ناتوانێ خسلەتی خوێنی و بیۆلۆژیکی هەبێت، بەڵام ئاکارێکی لۆژیکی ڕەنگدانەوەی پێشینە و تەجرووبەی مێژوویی تاک مرۆڤ و کۆمەڵگای کوردە! 

ئەمە ئاکارێکی ئۆتۆماتیک و عادەتییە کە لە مرۆڤی کورددا هەیە و وا عەمەل دەکات و کەسەکە بەم شێوە ڕاهاتووە کە خۆی لە حاند دیکتاتۆر و داپلۆسێنەرەکەیدا بچووک ببینێ، گەر چەکی لە شان نەبێ. هەڵگەڕانەوە و ڕوو وەرگەراندن  لەم ڕابووردو و مێژوو و عادەت و تێگەیشتنە،  پرۆسەیەکی خۆویستی ئاگاهانەیە.

بیری پێکهێنانی ئیمکان بۆ بڕینی پرۆسەیەکی لەو چەشنە بۆ هاووڵاتی کورد لە مێشکی حزب و سەرکردەکان و ماقوڵانی فەرهەنگ و هونەر و پەروەردە-دا نەبووە و هیچ تێز و بەرنامە و پرۆژەیەک لە هیچ دەزگایەکی ئەم حکوومەتە بە درێژایی ٢٥ ساڵ لەم بەستێنەدا نەبیندراوە و بەپێچەوانە، دەیان پرۆژە بۆ وێرانکردنی کەسایەتی کورد جێ بەجێ کراوە، کە تەنیا یەکیان کوردئایدل بووە!

میعمارانی حکوومەتی باشووری کوردستان لە پێشینە و تەجرووبەی خۆیان کە ژێرچەپۆکەیی بووبێت، دانەبڕاون و بیر و بەرنامەی دابڕان لە گۆڕێدا نەبووە، ئەوان خۆیان پاش ڕووخانی سەدام بە مەیلی خۆیان تێکەڵ بەغدا بوونەوە، کە ئێران و تورکیا و عەڕەبستان و ڕۆژئاواشی لێ زیاد کرا. ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان پێناسەیەکی روون بۆ نوواندنی کەسایەتی کورد لە ئارادا نییە، لە سەرووی هەموویانەوە، بەرپرسانی پلە یەک بێ کەسایەتی سیاسی- نەتەوەیی ماونەتەوە و بۆچوونێکی ڕوون لە کەسایەتیان دەرناخەن! ئەوە سەرجەم ئیلیتی کورد لەم بەشەی وڵات دەگرێتەوە، کە تێکەڵ حزب و حکوومەت و دەزگاکانی بوونە!

بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری گشتی کوردئایدل کەسێکە بە ناوی موستەفا کۆکسەلەن، دەرهێنەری بڕیاردەر کەسێکە بە ناوی عەلی ئیحسان چایر و هەمیسان دەرهێنەر و بەرپرس سەرکان کایا. ئەم کەسانە لە تورکیا و ئاڵمانەوە هێندراون بۆ سولەیمانی. عەلی ئیحسان چایر سینەماکارێکی تورکە و سەرکان کایا شانۆکار و گۆرانیبێژە، کە لە شاری دوسلدۆرف گەورە بووە و لە شاری ئێسن خوێندوویەتی و بنەماڵەکەی بە پێی ویکیپێدیا لەو کرێکارانە بوون کە پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی بۆ کار لە تورکیاوە ڕەوانەی ئاڵمان کراون.

سەرکان لە ئاڵمان شانۆکار بووە و لە کۆمەڵێک لە شارەکانی ئاڵمان دەوری لە شانۆکاندا گێڕاوە و هەروەها کاری موزیک و گۆرانی ترکی کردوە و لەوە دەچێ پاش ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٦ تێکەڵ بە بەرنامەی کوردئایدل کرابێ. لە کوردستان کۆمەڵێک لە تێکستی گۆرانییەکانی کراونەتە کوردی و وەک ژێرنووس لە کلیپەکانیدا بڵاو کراونەتەوە!

ئەوەی ترکەکان چۆن گەیشتوونەتە کوردسات و بوونەتە خانەخوێ بە هەڵکەوت نییە و درێژەی پلانێکی کۆنترە کە لە کوردستان باسی لێوە ناکرێ! بەهاری ساڵی ١٩٩٤ سەردانی مەدرسەی تورکمەنەکانمان لە شاری هەولێر کرد، بەسەرهاتی ئەم سەردانە لە کتێبی "هەڵەبجە وکۆسار، مەهاباد و گوڵەباخ لە وڵاتی هێمن و چنار"، لە ژێر ناوی "کۆماری چاویلکە لەچاوەکان" تۆمار کراوە، کە لێرە  بڕگەیەکی ڕادەگوێزرێت:" لێرە کەسانێک وەک مامۆستا خەریکی فێرکردنی موسیقا و سرودی ڕەسمی دەوڵەتی تورکیان کە نە لە کورد دەچن، نە لە تورکمەن دەچن، نە کوردی دەزانن، نە ئیزن دەدەن وێنەیان بگرین، هەمووشیان چاویان بە چاویلکەی ڕەش داپۆشراوە... "،" هانس مارتین یەک لە کتێبەکان وەردەگرێ لە ڕووپەڕی یەکەم، وێنەی ئاتاتورک دەبیندرێ."

 ساڵی ٩٤ تەنیا دوو ساڵ لە دامەزراندنی حکوومەتی هەرێم تێپەڕیبوو، ئێستا پاش تێپەڕبوونی چارەکە سەدەیەک، پێگەی تورکەکان بۆتە بەشێک لە ستروکتوری باشووری کوردستان!

هەر ئەو کات ئەم دیاردەیەمان لە گەڵ مەسعوود بارزانی و یەکیەتی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردە باس کرد. ئەوان ئەوەیان وەک نموونەی دێموکراسی لە باشووری کوردستان پێفرۆشتین. یازدە ساڵ دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ لە شاری سولەیمانی و هەولێر شوێنگەلێکمان چاو پێکەوت کە وەبیر ئەستانبوڵی دەخستینەوە. تورکیا بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە پاڵ لەشکەرکێشی و بۆمبارانی ناوچەکانی باشووری کوردستان و مامەڵاتی بازرگانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان، لە لایەنی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، نیزامی، جاسووسی و دامەزراندنی دام و دەزگای بازرگانی هەتا کردنەوەی چێشتخانە و دەبستانەکانی گولەن، پەلی هەتا ناو تەلەویزیۆنەکانیش داکوتاوە. ساڵەهایە مێدیای تورکیا لە ڕێگای فیلم و سەریال و گۆرانیبێژەکانییەوە  بۆتە ئەندامی هەمیشەیی ناو بنەماڵە کوردەکان. ئەوە یانی ئیفلاسهێنان بە بەرهەمی هاوچەشنی کوردەکان.

ئێستا لە ستۆدیۆی هەموو تەلەویزیۆنەکانی باشووری کوردستان دۆبلەی فیلمی تورکی، ئێرانی و عاڕەبی هێندە پەرەی ساندووە کە جێگا بۆ بەرهەمی کوردەکان نەماوە. سیستەمی حوکومڕانی لە کوردستان خۆی کەوتۆتە گیانی خۆی  و لەناوبردنی بنج و بنەوان و بەیسی بوونی خۆی  و لە ڕێگای تورک ئایدلیشەوە چەواشەکارانە بانگەوازی خزمەت بە هونەری کوردی دەکات. هونەری موسیقای کوردیان کردۆتە قوماری بردنەوە و دۆڕاندن و بەم چەشنە تورکەکان ستاندارد بۆ موسیقای کوردی دیاری دەکەن کە خۆی لە براوەی کوردئایدل دا دەبێ دەربخات. ئەو کەسانەی سەرجەم موسیقای کوردی دەخەنە گەمەیەکی لەو چەشنە و بە "موزایدەی" دادەنێن، تەور لەو دارە دەوەشێنن کە خۆیان لە سەری "هەڵنیشتوون".

لە باشووری کوردستان سیستەمێک لە باوەڕپێکراون پێکهاتووە کە مافیائاسا لە گەڵ شانۆ، سینەما، تەلەویزیۆن، موسیقا، ئەدەبیات، فەرهەنگ و هونەر مامەڵە دەکات. ئەم سیستەمە لە سەرەتا لە پێوەندی ساکار بە کەسانەوە و کەسان بە بەرپرسانەوە و پێوەندی بەرپرسان بە دام و دەزگاکانی کورد لە ئوروپا لە ژێر ناوی پێشخستنی فەرهەنگ و هونەر و زانست دەستی پێکرد. لە درێژەدا  بە بەشداری کۆمەڵێک لەو کەسانەی سەردەمێک هونەرمەند، نووسەر و کەسی بواری فەرهەنگ و هونەر و هزر بوون، مافیای پرۆژە، فستیواڵ، سێمینار، کۆنفرانس پێکهات. کوردستانی ئەمڕۆ تەنیا بەرهەمی سیاسەتی حزبەکان و کەسانی ئەوان و گەندەڵی حکوومەت نییە، بەڵکوو بەرهەمی ئەو کەسانەشە کە سەردەمێک خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، فەرهەنگی و مەعریفەتی حزبەکان و حکوومەت دەزانی. 

ئەمڕۆ پاپ ئایدل، سوپرستار، کورد-عاڕەب- ترک ئایدل مارکێکی جیهانییە بۆ شۆوی تەلەوزیۆنی کە فۆرماتێکی نوێ بۆ بەرنامەی تەلەوزیۆنی دەداتە دەست، ڕەنگە هەر ئەوە مایەی شانازی بینەرانی ئەم بەرنامەیە و کوردسات بێ!

ئەم فۆرمۆلە واتە گرێدانی کەسانی ئاسایی، مێدیا، شەریکەکانی بازرگانی و خۆازیارانی موزیک لە یەک بەرنامەدا بازاڕێکی مەزنی بۆ لایەنەکان پێک هێناوە،  کە  لە سەر حیسابی دوو گرووپ هەڵدەسووڕێ!

یەکەم ئەوانەی خەون و خەیاڵی بەناوبانگبوونیان هەیە، دووهەم کەسی ئاسایی بە تایبەت لاوان کە هەم دەبنە بینەری تی وییەکان و کڕیاری کالاکانی تیجاری و هەم جار بەجار دەبنە قوربانی کۆنسێرتەکان کە لەم ئیدول هەڵبژاردنانەوە سەرچاوە دەگرێ وەک کارەساتی دویسبورگی ئاڵمان، پاریس و مەنچیستێر.

 ئیدەی سوپر ستار لە ناو مێشکی گەلێک لە لاونی جیهاندا وەها چەسپاوە کە زۆرێک لەوانە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان لێ تێکدەچێ و هەرکام لە خەیاڵی سەرکەوتنی بە پەلەدان. موزیک، فیلم، مێدیا، ئینترنێت، ئای تی، وەرزش، رەقس، مود بە خەیاڵ ئەم ئیمکانە  بۆ منداڵان و لاوان دەڕەخسێنن.  ئێستا لە وڵاتانی رٶژئاوا سوپرستاری منداڵانیش پەرەی ساندووە و منداڵانی ژێر چواردە ساڵ تێیدا بەشدار دەبن و ڕێژەی بینەرانی بەرنامە و نڕخی چرکەکانی ڕێکلامی بازرگانی دەبەنە سەر!

گەر یەک تاکە کەس تایتڵی کوردئایدل سەر بە تەلەویزیۆنی حزبێک، لە شارێکی باشووری کوردستان وەربگرێ، کام کەلێنی ژیانی خۆی و موسیقای کوردی پر دەکاتەوە،  لە وڵاتێکدا کە گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی بێکار و بێ بازاڕن؟

 گەر کوردسات و یەکیەتی نیشتمانی و حزبەکان و حکوومەت و دام ودەزگاکانیان خەمی موسیقای کوردی دەخۆن، دەبا بە جێگای دەیان دووکان بە ناوی ئەنستیتۆ و دەزگای تر،  پلانی درێژخایەن بۆ  پێشخستنی موسیقا بەڕێوە بەرن، دەبا وەزارەتخانەکان پلانی ڕاهێنانی موسیقاپێدگۆگی، شانۆپێداگۆگی، نەققاشی پێداگۆگی بەڕێوە بەرن بۆ ئەوەی موسیقا، شانۆ، نەققاشی و هونەر بە گشتی ببێت بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵ و گەورەی کورد!

 کێ بەرکێی کوردئایدل سوودی نە بۆ موسیقای کوردی لێدەکەوێتەوە، نە بۆ گۆرانیبێژانی بەشدار، سوودی ئەم بەرنامانە بۆ گرووپەکانی مافیا و شەریکەکانی بازرگانی و تورکەکانی بەشدار دەبێت. پاش تەواوبوونی بەرنامەکە، خەڵاتوەرگر و وەرنەگر، دەبێ ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بەناوبانگبوون چی بە ژیانی ئەوان و هونەرەکەیان بەخشیوە؟  

لە سەرەتای ئەم زنجیرەیەدا باسی چاردە دەورە سوپرستاری ئاڵمان کرا کە خەیاڵی هیچیان نەهاتۆتە دی، لە وڵاتێک کە قانوون و دام و دەزگا و بازاڕ بۆ موسیقا و پارێزگاری لە مافی هونەرمەند و بەرهەمەکەی هەیە. لێرە بە کورتی لە یەک ڕستەی کورتدا ژیانی ئەمرۆی ئەو کەسانە باس دەکرێ. لەم چاردە کەسە تەنیا یەک کەس لە ڕێگای چوون بۆ زانستگا پلەی بەرزتری موسیقای پێواوە، بەشی هەرە زۆریان لە گەڵ گرووپەکەیان لێرەو و لەوێ بەرنامە پێشکەش دەکەن و کەمتر لەو ڕێگایەوە دەژین، یەک کەس لەوانە ستودیۆی دەنگی دانەوە.[ "ئێستاش بەردەوام کاری موسیقا دەکات!" ، " ئێستا لێرەولەوێ کاری موسیقا دەکات "، "موهەندیسی بینا لە زانکۆیە"  ،"کۆنسێرت لێرەو و لەوێ بەرپا دەکات"،

"ئێستا لە ستۆدیۆیەکی تۆمارکردن کار دەکات."، "چەند گۆرانییەکی تۆمار کردووە و لە ژنەکەی جیا بووتەوە"،

"لێرە و لەوێ گۆرانی دەچڕێ."،"لێرە و لەوێ بەرنامەی هەبووە."،" ساڵی ٢٠١٧ گۆرانییەکی لێ بڵاو بۆتەوە."،

"ئێستا هاوکاری کۆمەڵەیەک دەکات کە هاوکاری ئەو کەسانە دەکەن کە لە زیندان دەرباز دەبن"]!

 

کۆتایی

٢٢/٦/٢٠١٧

ئاڵمان- کۆڵن