ماسکی دڕاوی خوداکان!

بوونی خودا، بۆ بە کۆیلەکردنی ئینسان پێویستە. کڕینی نوخبە، بۆ داگیرکردنی وڵات پێویستە! کۆیلەکان لە سەر زەوی دەبنە کۆیلەی فەرمانڕەوا، کە سێبەری خودا لە سەر عەردە. ئەوەش باوەڕی کۆنی ئێرانییەکانە. لەم وڵاتە جگە لە شا و خودا، نوخبەکانیش بە ناوی "خداوندگان فرهنگ، علم و دانش" ناو دەبردرێن. لە ئێران ئاخوندەکانیش خۆیان بە خوداوە هەڵدەواسن و دەبنە "ئایەت"، "ڕووح" و "حوجەت"ی خودا. خودا وەک مەزهەری دیکتاتوڕی و تێگەیشتن، لە فەرهەنگی هەر تاکێکی ئەو وڵاتەدا هەیە. لەم وڵاتە خودا، شا، مەلا و نوخبە، کۆڵەکەکانی دیکتاتۆڕیان پێک هێناوە!

بنەمای بیرو تێگەیشتنی ئێرانی، گرێدراوی خودا و دەستەڵاتە. دەستەڵاتی خودا لە سەر زەوی بە شا و مەلا پڕکراوەتەوە. خەونی نوخبە کە فەرمانڕەوایی  لە وڵات بێ، نەهاتۆتە دی، بەڵام لە هەموو سەردەمێک، حووکمی فەرمانڕەوا لە لایەن نوخبەوە جێ بەجێ کراوە! مەلای حاکمی ئەمڕۆش، حووکمی شای حاکمی دوێنێ جێبەجێ دەکرد. شا و مەلا و نوخبە سێ چوکلەی یەک تێگەیشتنن.

هەرچەند مەلا و نوخبە لە یەک دڕدۆنگن و زۆرجار بە خوێنی سەری یەک توونی بوون، بەڵام وا بووە کە قۆڵیان لە ناو قۆڵی یەکتر ناوە، بە دژی شا. واش بووە مەلا و شا نوخبەیان ڕاوناوە، یان شا ونوخبە، ڕاوە مەلایان کردووە. ئەم ڕۆژانە نوخبە بە شوێن سێبەری مەلادا وێڵن. شاعیر، نووسەر، هونەرمەند، فەیلەسووف، پرۆفیسۆ، پسپۆڕی بواری سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، وەک خۆیان دەڵێن، "جەبری زەمان" ئەوانی هاویشتۆتە ژێر عەبای مەلاوە!

بە پێی جەبری زەمان، نوخبەی ئێرانی دیاردەکانی دژ بەیەک لە گەڵ یەک ئاشت دەکەنەوە. "مەولا عەلی" دەکەنە سوسیالیست، خومەینی بەرەو سوسیالیسم ڕادەکێشن، خۆیان دەبنە مارکسیستی ئیسلامی. هەر بە پێی جەبری زەمان "مارکس و داڕوین و شوپێنهاوەری" ئێرانی، لە گەڵ خودا ئاشت دەبنەوە، شەیتان و ڕەحمان دەست لە ملی یەک دەنێن، زیندانبان و زیندانی دەبنە هاوماڵ، دیکتاتۆری و دێموکراسی دەبنە یەک پرۆژە! بە پێی جەبری زەمان، چەوسێنەر و چەوساوە دەبنە خاوەنی یەک دەنگ. دەنگی هاوبەش لە پای پاراستنی میهەن و کیان.

حەوتی ڕەشەممە، ئەوانەی کەسایەتیان گرێدراوی زانست،جوانی، مافی تاک،سێکولاریسم، ماتڕیالیسم، کۆمەڵگای مەدەنی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بوو و بە چەپ دەناسران و مێژووی سەت ساڵەیان لە پشت بوو، پشتیان لە خۆیان و ڕوویان کردە دژبەرەکانی خۆیان. ئەوان لە حەوتی ڕەشەممە کەسایەتی سەربەخۆی خۆیان وەلانا و بەو ئاکامە گەیشتن کە پێشتر جەعفەریان و نیکخواە گەیشتبوون، بەو جیاوازییەوە، جەعفەریان و نیکخواە بڕیاری تاکەکەسی خۆیان بۆ سوودی تاکە کەسی بەڕێوە برد و بەو ئاکامە گەیشتبوون کە بچنەوە سەر خەتی تێگەیشتن و تاقیکردنەوەی کۆنی پارسەکان. بەڵام خێڵی نوێ بەرەو پەیڕەوانی محەممەد ملی ڕێگایان گرتووە و ئەوە دەسەلمێنن کە چەپ و ڕاستی ئایینی و ڕاستی نەتەوەیی، بۆ پاراستنی قەوارەی پیشلەکەیان، دەبنە یەک ماڵ.

هونەرمەندێکی ناوداری سینەمای ئێران بە باشترین شێوە ئەم بۆچوونە لە قسەکانیدا کۆدەکاتەوە: [ دەنگ دەدەین بۆ ئەوەی چارەنووسی ئێرانییەکان وەک خنکاوەکانی دەریای "ناوەڕاست و دەریای ئەژەی" لێ نەیات]! سرنجڕاکێشە کە باسی  دەریای ناوەڕاست و ئەژە، پاش تێپەڕبوونی ٢٥٠٠ ساڵ دیسان دەبێتەوە باسی ڕۆژی ئێرانییەکان. ئەوان ئەو دەم  هەر ئەو شارانەیان سووتاند و وێران کرد، کە ئێستا بوونەتە پەناگای سەدان هەزار کەس و شوێنی مەرگی هەزاران "ئەیلان"!

"ئاخیلوس" شاعیر و دڕامانووسی یۆنان، شانۆنامەیەکی هەیە بە ناوی" پارسەکان". ئەم شانۆنامەیە کۆنترین دڕامای جیهانە کە لە سەردەمی کۆنەوە گەیشتۆتە ئەمڕۆ و بە دەستپێکی دڕامای نووسراوی جیهان دەژمێردرێ. درامای "پارسەکان" باس لە قەتلوعامی خەڵکی "ساڵامیس" بە دەستی لەشکری پارسەکان و گەندەڵی دەربار و ئیمپراتوری پارسەکان دەکات. ئەم شانۆنامەیە سالی ٤٢٧ی بەر لە زایین، پێشکەش کراوە. واتە ٢٤٤٣ ساڵ بەر لە ئێستا، باس لە گەندەڵی سیستمی دەستەڵاتی پارس و دەستدرێژی ئەو ئیمپراتوریە، بۆ سەر خاکی وڵاتانی تر، کراوە.

هەروەها شاعیر و دڕامانووسێکی ئاتنی بە ناوی Phrynichos ڕووداوی سووتاندنی شاری "میلس" لە لایەن پارسەکانەوە، دەکاتە شانۆنامەیەک هەر بەو ناوە. کاتێ ئەم شانۆنامەیە لە ئامفی تئاتری شاری ئاتێن پێشکەش دەکرێ، بینەران دووچاری پەرێشانی دەبن.بەرپرسانی شار بەو تاوانە دڕامانووسەکە دەکێشنە بەر دادگا. نووسەر و دەرهێنەری ئەم شانۆیە بە پێی قانوون ١٠٠٠ دراخما جەریمە دەکرێ.

مرۆڤ زیندانی تێگەیشتنی خۆیەتی کە گرێدراوی غەریزە، عادەت، فەرهەنگ و مێژووە . ئاڵمانییەکان هەتا ئەو کاتەی لە بازنەی ژیانی عادەتی و مێژوویی خۆیاندا دەسووڕانەوە، کۆمەڵێک شەڕیان لە ئوروپا هەڵایساند، لەوانە دوو شەڕی گەورەی جیهانی. پاش تێکشکان و خاپوورکرانی وڵاتەکەیان، لە پرۆسەیەکی چەند دەساڵە، خۆیان لەو جەغزە ڕزگار کرد. بیرمەندان  پاشەکەشیان بە بیر و هزر و هونەر و فەرهەنگ و تێگەیشتنی بیرمەندانی ڕەگەزپەرست، فاشیست و کۆنەپەرەست، هێنا و لە تێگەیشتن و تەجروبەی فەرهەنگی پێشووی خۆیان دابڕان، هەرچەند تەجرووبە و فەرهەنگ و تێگەیشتنی مێژوویی ئاڵمانییەکان بە تەواوی بنەبڕ نەبووە و لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا دەور دەبینێ.

لە ئێران پرۆژەی فکریی، فەرهەنگی، سیاسی کە بتوانێ پاشەکشە بە پرۆژەی ٢٥٠٠ ساڵە و ١٤٠٠ ساڵەی ئایینی، شاهی، سوڵتانی بهێنێ، تێکشکاوە و نوخبەکانی ئەم ڕێگایە، یا لەناوبردراون یان خۆیان لە ڕێگا لایان داوە و چوونەوتەوە ناو پرۆژەی ٢٥٠٠ و ١٤٠٠!  کۆمەڵگای ئێران بە پێی ئەم ڕابووردوە کە هێشتا زیندووە، لە جەغزی ڕابووردوی خۆیدا دەسووڕێتەوە و هەر پڕۆژەیەکی دژبەخۆی بەرپەرچ دەداتەوە. ئێران تەنیا وڵاتی جیهانە کە لە سەر بەیس و بنەوانی کۆنی دیکتاتۆڕی خۆی ماوەتەوە. ڕووحی کۆنی دیکتاتوری هەم لە ناو خەڵک و هەم حوکومەتەکاندا زیندووە. مێژووی ئێران پڕە لە هێرش بردن، شەڕ، وێرانکردن، سووتاندن و چەوساندنەوە.

چەواشەکاران و هەڵخلەتێنەرانی ئەو وڵاتە، بە ناوی پسپۆڕ ولێزان و شارەزا، هەم خۆیان و خەڵکی خۆیان خاپاندووە، هەم جیهان. لەم ڕۆژانەدا ژنە هونەرمەندێکی بەناوبانگی ئێرانی لە پایتەختی ئێرانەوە، لە گەڵ ڕێپۆرتێرێکی ئیزگەیەکی ڕادیۆی ئاڵمان گوتویەتی" فەرهەنگی ئێرانی، فەرهەنگێکی بەرزە و فەرهەنگی/تعامل/ە و ئێمە تەنانەت فەرهەنگی داگیرکەرانی خۆشمان وەک موغول و عەڕەب وەرگرتووە و کردومانەتە فەرهەنگی خۆمان."

فەرهەنگی موغول و عەڕەبیان کردۆتە فەرهەنگی خۆیان و شانازی پێوە دەکەن و بە فەرهەنگی چەندهەزار ساڵە دەیفرۆشن. ئەو تێگەیشتنە، بیرو هزری تاکە کەسێک نییە، فەرهەنگ و تێگەیشتن و تەجرووبە و مێژووی خەڵکی وڵاتێکە بە ناوی ئێران. خەڵک و دەستەڵاتی سەرزەمینی پارس تەنیا لە حاند داگیرکەرانی لە چەشنی خۆیان، سەریان نەوی بووە و فەرهەنگ و ئایین و تێگەیشتن و زمانی ئەوانیان گرتووە و کردوویانەتە هی خۆیان و بەناوی فەرهەنگی ئێرانی دەیناسێنن. نوخبەکانی کۆنی ئێرانی کە لە خزمەتی داگیرکەرانی وڵاتەکەیاندا بوون، خۆیان لە زمان و فەرهەنگ و ئایینی داگیرکەراندا پێناسە دەکرد و کەسایەتی ئەوانیان بە بەری خۆیاندا دەکرد. ئێرانیەکان بە درێژایی هەزارەکان خوویان بە ژیان لە ژێر دەستەڵاتی داگیرکەر و دیکتاتۆرەکاندا گرتووە، ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە دژبەری دیکتاتورەوە بوونەتە پاڵپشتی دیکتاتور، دەبێ پشتیان بە پێشینە و تێگەیشتن و تەجروبەی مێژووی خۆیانەوە بەسترابێتەوە.

لە هەموو ئەدەبیاتی فارسی زماندا، هیچ نووسەر و مێژوونووس و نوخبەیەکی ئێرانی، هێرشکەرانی موغول و عارەبی ئیسلامی، بە مەلعون ناو نەبردووە. چەنگیزخان و عارەبەکان وەک ئێرانییەکان موسڵمان بوون و بە پێی تێگەیشتنی ئیسلامی، ئەوان مەلعون نەبوون، بەڵام ئەسکەندەری مەقدونی لە چاوی نوخبە و مێژوونووسانی ئێرانی "گجستە" و مەلعون بوو.

شاگردەکەی ئەرەستوو کە ئاشنا بە فەلسەفە، هونەر و ماتماتیک بوو و هێندێک لە فەیلەسوفەکان بە فەیلەسوفی سەردەمی خۆیان زانیوە، ئینسانێکی ئیلاهی نەبوو. مرۆڤێکی زەمینی بوو، وڵامی هەر پرسیارێکی لە سەر عەرد وەردەگرت و گوێڕایەڵی ئاسمان نەبوو، خۆی بیری دەکردەوە. ئەسکەندەر و هاوڕێیانی بۆ گۆڕینی جەوهەری فکریی، فەرهەنگی و دەستەڵاتی میلیتاریستی پارسەکان، بۆ گۆڕینی هۆویەتی ئیمپراتوری پارسەکان هاتبوون. ڕاوێژکارانی ئەسکەندەر کە لە لەشکرکێشی بۆ ئێران بەشداریان کرد، فەیلەسووف، ئەستێرەناس، قانوونزان، بیۆلۆژی زان، جوگرافیاناس،کۆمەڵناس، مێژوونووس و زاناکانی ئەو سەردەمەی یۆنان بوون.

دژایەتی پارسی کۆن لە گەڵ یۆنانی کۆن، دژایەتی دوو تێگەیشتن، دوو فەرهەنگ، دوو کۆمەڵگا و دوو مێژوو و دوو سیستمی حووکمڕانی بوو. لە پارس ئیمپراتورییەکی نیزامی و سیستمی تۆتالیتێری زاڵ بوو، لە یۆنان حکوومەتێکی پاڕلەمانی بەستراوە بە قانوون. لە ئێران خەڵک تێگەیشتنێکی ئاسمانی و ئەهوارایی و لە یۆنان تێگەیشتنێکی زەمینی بە پاڵپشتی فەلسەفە و مەنتق لە ئارادابوو. لە پارس خەڵکێکی بێ مافی کویلەی خودا و شا،  دەژیان و لە یۆنان هاووڵاتی خاوەن دەنگ و ماف بە پێی قانوون. لە پارس شا سەروەر بوو، لە یۆنان پاڕلەمان و قانوون. ئێرانییەکان لە نێوان  دوو تێگەیشتنی ئەسکەندەریی و چەنگیزیی دووهەمیان هەڵبژارد، هەروەک چۆن لە نێوان تێگەیشتنی زەردەشت و محەممەد، دووهەمیان هەڵبژارد.  

ئێرانییەکان سەدان کتێبیان لە سەر مێژووی ئیسلام و شانازییەکانی خۆیان بە ناوی موسڵمان نووسیوە، بەڵام چەواشەکارانە باس لە  مێژووی بەر لە ئیسلام دەکەن. ئەوەی نوخبەکانی ئێرانی نەیانکردووە و نەیان ویستووە بیکەن، مێژوونووسانی کۆن و نوێی یۆنان تۆماریان کردووە.

لە کتێبی یۆنانی کلاسیکدا هاتووە:" کاتێک فەرهەنگی پێشڕەوی تازەپێگەیشتووی یۆنان ڕوو لە پەرەسەندن بوو، فەرهەنگێکی تر لە ڕۆژهەڵات تەشەنەی دەساند. لەو سەردەمەدا کە ئازادی تاکە کەس لە یۆنان گەشەی دەکرد، هاوکات پارسەکان خەریکی پتەوکردنی حکوومەتی توتالیتری خۆیان بوون. دەستەڵاتی ئاتۆکرات و نیزامی پارس زۆر زوو بوو بە دوژمنی یۆنان، کە هەنگاوی بەرەو پێکهێنانی فەرهەنگی نوێ و سەقامگیرکردنی دێموکراسی هەڵهێنابووە."

(Klassisches Griechenland C.M.BOWRA und der Redaktion der TIME –LIFE Bücher. Seite 69)

لە پارس قانوون لە گوڕێدا نەبوو، دەزگایەک بەناوی پاڕلەمان نەبوو، دەستەڵاتی شا موتڵەق بوو، مافی تاک و کۆ مانای نەبوو. هەر لەو سەردەمەدا لە یۆنان باس لە ئازادی تاک دەکرا و قانوون پەیڕەو دەکرا و پارلەمان دەوری دەگێڕا.

هەر لەو سەردەمەدا کنفوسیوس لە ساڵی ٤٩٢ ی بەر لە زایین کتێبی " بنەماڵە، ئەخلاق و فەلسەفەی" بڵاو کردەوە. ٢٥٠٠ ساڵ پاش ئەو ساڵانە، ئێستاش لە ئێران قانوون بۆ ڕێز لە بنەماڵە و مافی تاکەکان لە ئارادا نییە.

ئەسکەندەر بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی لەشکری پارس، بەرەو ئەو وڵاتە وەڕێ کەوت و کۆمەلێک فەیلەسووف و زانا هاوڕێییان کرد. مەبەستی ئەسکەندەر جگە لە کۆتایی پێهێنان بە لەشکرکێشی پارسەکان، بڵاوکردنەوەی ئیدەی ژیانی هاوبەشی خەڵکانی هەر دوو سەرزەمینی یۆنان و پارس بوو. نیازی یۆنانییەکان پەرەپێدانی قانوون، پاڕلەمان، فەلسەفەی زەمینی و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی هیلێنی و ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ تێکەڵاوی یۆنانییەکان و خەڵکانی سەرزەمینی پارس و ماد و خەڵکانی تر بوو.  

ئەسکەندەر کە بە پێی نووسینی پلۆتارخ  مەیلی بۆ لای ژنان نەبوو[ " خەوتن لە گەڵ ژنان و دڵداری لەگەڵیان مەرگ هێنەرە و دەبێتە هۆی سستی و وێستانی مرۆڤ و نیشانەی لاوازترین ئەندامی لەشی مرۆڤە"] بۆ پیشخستنی ئیدە و سیاسەتەکانی، لە گەڵ شازادە ڕەکسانا زەماوندی کرد، جگە لە ئەسکەندەر ٨٠ سەرداری سپای یۆنان لە گەڵ هەشتا شازادەی پارس و ماد زەماوەندیان کرد، بەو هیوایەی خزمایەتی نێوان یۆنان و پارس ببێتە هۆی دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە نێوان ئەو دوو سەرزەمینە. لە درێژەی جێبەجێکردنی ئیدەی تێکەڵاوی، ئەسکەندەر بوو بە زاوای داریوش و یۆنانیەکان بۆ سازکردنی لەشکرێکی نیزامی یۆنانی پارسی، رێگایان دا، سی هەزار لاوی سەرزەمینی پارس ببن بە ئەندامی لەشکری یۆنان. جگە لەوە ئەسکەندەر هەموو دەستەڵاتی ناوچەکانی سەرزەمینی پارسی گەڕاندەوە بۆ خەڵکانی هەر ناوچەیەک و هەر ناوچەیەک خودموختاری خۆی پاراست. زیاتر لەوە لە پانتای ئەو سەرزەمینە بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگ و زانست دام ودەزگای هونەریی، زانستی پێکهێندرا، کە دامەزراندنی عیمارەتی شانۆ یەک لەو مەبەستانە بوو، کە  ئاسەواری لە ناوچەی کەنگاوەر ماوەتەوە.

یۆنانییەکان فەلسەفە، زانستی ئەستێرەناسی، فیزیک، ماتماتیک، بیۆلۆژی، جوغرافیا، بیری زانستی، قانوون، پارلەمان، هونەر، دێموکراسی لە گەڵ خۆیان دەهێنن و بە پێی تێگەیشتنیان، نوێترین ئیدەی ژیانی هاوبەشیان لە گەڵ خۆیان هێنا، کە دژایەتی بنەرەتی لە گەڵ وڵاتی خودا، شا، ئایین، ئەفسانە، خورافات، جادوگەری و فەرهەنگی تووند وتیژی و توقاندن و کوشتن و بڕین و وێرانکردن هەبوو. ئەسکەندەر و ڕاوێژکارانی هەرچەند دەستەڵاتی تەواویان بە سەر پارسدا پەیدا کردبوو، نەیانتوانی بە سەر خودا،ئایین، خورافات، ئەفسانە و تێڕوانینی غەریزی خەڵکی ئەو سەرزەمینە دا زاڵ بن. فەرهەنگی هێلێنی لە پارس وەرنەگیرا و خودا وشا درێژەیان بە ژیان دا، بەڵام فەرهەنگ و فەلسەفە و زانستی یۆنانییەکان لە هیندوستان و میسر وەرگیرا. ڕەنگە جیاوازی هیندوستان و میسری ئەمڕۆ لە گەڵ ئێرانی ئەو سەردەمە، بگەرێتەوە بۆ ئەو مێژووە.

پڕۆژەی عەقلانی و فەلسەفی ئەسکەندەر لە وڵاتی شا و خودا، ئەفسانە و جادوگەریی، سەرنەکەوت، پڕۆژەی ئاشتیخوازانەی زەردەشت بەری نەدا، هەروەها پرۆژەی ئازادیخوازی لە ئێران نەزۆک مایەوە. میلیتاریسم و دیکتاتۆری کە لە جەوهەری خوداپەرەستییەوە سەرچاوە دەگرێ و ڕەنگدانەوەی مێژووی ئیرانە، لە کوروش و خەشایارشاوە گەیشتۆتە خومەینی و خامنەیی و بە پاڵپشتی نوخبەی هەموو هێلەکان بەردەوامە. دانەپچڕانی نوخبەی ئێرانی لە مێژوو و تێگەیشتنی چەند هەزار ساڵە، پێناسەی تەواوی کارێکتری ئەوانە، کە خۆیان ئەم مێژووە درێژ دەکەنەوە و باشترین پێناسە هەر ئەوەیە کە خۆیان دانی پێدادەنێن. ئەوان نوخبەی ئێرانیین.

نوخبەی نە پارس، کە پەروەردەی ئەم سەرزەمینە و گرێدراوی تێگەیشتن، فەرهەنگ و مێژووی ئەم وڵاتە بن، هەر دەبنەوە نوخبەی پارس، با بە زمانی جیاوازیش بئاخفن. نوخبەی نە پارس، پرۆسەیەکی جیاواز لە پارسەکانی نەپێواوە و پرۆژەی جیاوازیشی بۆ خۆی و داهاتووی نییە.

پرۆسەی دابڕانی کورد لە مێژووی ٢٥٠٠ ساڵە و ١٤٠٠ ساڵەی ئێران، دەستی پێنەکردووە. پێشڕەوانی ئەو میللەتە خۆیان لە بازنەی کۆیلەتی، ڕزگاریان نەبووە و میللەتەکەشیان بە هۆی ئەوانەوە، کۆیلە ماوەتەوە! بۆ بە کۆیلەکردنی خەڵک، بوونی خودا و بۆ داگیرکردنی وڵات، کڕینی نوخبە، کیفایەتە. کورد هەم خودای هەیە و هەم نوخبەی فرۆشراو، هەر بۆیە نە خۆی ئازادە و نە وڵاتەکەی.

 

برایم فەڕشی

ڕەشمەی ٢٥١٦