ئەو کەسەی فێردەبێ، پیر نابێ!

 

" کچ خوێندنی بۆ چییە؟ شوو دەکا و دەچێتە ماڵە مێرد"، " پیربووی خوێندنت لە چییە!"، " وەشوێن کاسپی کەوە خوێندنی چی!"، " ئەو کتێبە چییە بیست و چوار سەعاتە بەدەستەوەت گرتووە!" زەمی فێربوون، کاریی هونەریی، زانستی لە کۆمەڵگای ئێمە دەکرێ. خوێندەوارەکانیش زەمی خوێندن و کاری درێژخایەن دەکەن. وێنە زۆرە، لێرە وێنەی دیکە لە خەڵکی ئاڵمان دەهێنمەوە، کە لە دوو شەڕی جیهانی وڵاتەکەیان و خۆشیان وێران ببوون، لێ وازیان لە فێربوون نەهێنا.

 

- لە شاری گیسن لە دەفتەری بەرپرسی فۆلکس هۆخ شولە(خوێندنگەی گەلی) دانیشتبووم، ژنێک لە دەرگای داو پرسی ببوورن، هاتووم فێری زمانی تورکی ببم. بەرپرسەکە دەستی بۆ لای من ڕاداشت و گوتی ئەم کەسە تورکی دەزانێ و ڕێنوماییت دەکات. پرسیم بۆچی گەرەکتە تورکی فێربی؟ وڵامی دایەوە" کچەکەم لە ئەستانبوڵ دەژیی، گەرکمە سەردانی بکەم، دەمەوێ زمانی خەڵکەکەی بزانم". ئەو خانمە تەمەنی سەرووی تەمەنی خانەنشینی بوو.

 

- ساڵانێک دواتر هەر لەو مەدرەسەیە لە شاری کۆڵن، دەورەی شانۆمان هەبوو، کەسێک لە دەرگای دا و ئیزنی وەرگرت بێتە ژوور، ئێمە لە جەنگەی پڕۆبەکردندا بووین. ئەو خانمە گووتی" لە منداڵییەوە حەزم لە شانۆ وشانۆلیزتن بووە، تا ئێستا کە تەمەنم لە حەفتا لای داوە، دەرفەتم بۆ نەڕەخساوە، ویستم پرسیار بکەم کە دەتوانم لە گەڵتان کار بکەم؟"

- هەر لەو مەدرەسەیە لە گەڵ ئەو مرۆڤانەی کە گرفتی ئەندامانی لەش و زیهنیان هەیە، کاری شانۆمان دەکرد، کەسانێک کە بە دژواری قسەیان بۆ دەکرا، کەسانێک کە بە دژواری دەیانتوانی ڕاوەستن، کەسانێک کە بە دژواری دەجولانەوە، کەسانێک کە بە دژواری خۆیان بۆ ڕادەگیرا. بەڵام ئەوانیش فێر دەبوون و هاتنە سەر سەکۆی شانۆ و جوانترین وێنەی ئینسانیان نیشان دا!

 

- داوام لە بەرپرسانی زیندان کرد، بۆ کاری شانۆ لە گەڵ لاوانی زیندانی. دوای چەند مانگ قەبووڵیان کرد. سێ مانگ لە گەڵ دز و جەردە و چەقۆکێش و مرۆڤکوژ نێوان حەڤدە بۆ بیست و یەک ساڵ،  من و خوشکم ژییاین، شیعریان دەهۆندەوە، چیرۆکیان دەنووسی، دۆستی و خۆشویستی و ئەوینیان نیشان دەدا. کە شانۆ ئامادە کرا، مێدیا هاتنە تەماشا. یەک لە زیندانییەکان بە ڕۆژنامەوانەکەی گووت" من یەک ڕستەم هەیە، هەموو کەس پێیوایە ئێمە دوا پییسایی سەر گۆی زەویین، کەچی ئێمەش دەتوانیین کارێک بکەین!

 

  -  ساڵانێک لەوە پێش لە ناو میترۆ ڕووبەڕووی کەسێک دانیشتبووم، کە بەردەوام کارتەکانی ناو دەستی دەگۆڕیی و لە بەر خۆیەوە ورتە ورتی دەکرد، کە سەری هەڵهێنا و چاوی بە من کەوت زانی، بە سەرسووڕمانەوە سەیری دەکەم، بزەییەکی هاتێ و گووتی لەوەتی خانەنشین بووم، فێریی زمان دەبم، تا ئێستا بیست و چەند زمان ئاوا فێر بووم!

 

- دوو ساڵ لەوە پێش هاوکارێکم بۆ بینینی شانۆکەی بانگی کردم، بە ئانقەست منداڵ و پیرێژن و پیرەپیاوی بۆ کار لە گرووپەکەدا هەڵبژاردبوو. پیرێژن نزیک هەشتا ساڵ دەبوو، دەوری کەنیشکێکی حەڤدە ساڵەی دەبینی. لە سەر سەکۆی شانۆ منی بینەر ئەو پیرێژنەم بەدی نەکرد، ئەو ببووە کەنیشکێکی حەڤدە ساڵان، جولەی، هەڵسوکەوتی، قسەکانی، هەستی، هەموو حەڤدە ساڵانە بوو، جگە لە چرچەکانی ناوچاوانی!

 

- چەند مانگ لەوەبەر ژن و پیاوێک هاتنە ژوور، گووتیان ئێمە نیوەی ساڵ لە ئیرلەند دەژیین و نیوەکەی دیکەی دێینەوە کۆڵن. بیست ساڵە ئەو کارە دەکەین، ئینگلیسیش نازانیین. ئێستا گەرەکمانە بزانیین "تابلێت، ئای پاد و تەلەفوون دەستی" چۆن بەکار بێنیین بۆ کەڵکوەرگرتن لە پرۆگرامەکانی تەرجوومە و دیلمانجی ڕاستەوخۆ. ژنەکە تەمەنی حەفتا و شەش و پیاوەکە تەمەنی حەفتاوهەشت ساڵ بوو.

- چەند هەفتە لەوە بەر، خانمێک بە گۆچانەکەیەوە وەژوور کەوت، وەک خانمانی دەیەکانی پەنجای ئووروپا قسەی دەکرد، دانیشت و خۆی ناساند و گووتی تەمەنم هەشتا و حەوت ساڵە، هاتووم فێری کامپیۆتێر و ئینترنێت ببم!

 

******** 

 

ڕۆژێک لە ڕۆژان

برایم فەڕشی