ڕۆژێک لە ڕۆژان

برایم فەڕشی

 

 

 

ئەو کاتەی خاوەن پەیڤەکان، لاپەڕەکان بە سپی بەجێدەهێڵن!؟

 

هەرکام لە ئێمە تاکەکانی کورد، ئاوێتەی هونەر و فەرهەنگ و نەوا و پەیڤی ئێرە و ئەوێین. شا موراد موشتاق و محێدین حەقشناس دوو لە دەیان کەسی وڵاتی ڕۆژ و ڕەزن، کە مرۆڤ لە گەڵ نەوا و ڕەنگ و پەیڤ و فەرهەنگی ئێرە و ئەوێ گرێ دەدەن. ئەوان ئێمە لە ڕێگای بەرهەمەکانیانەوە کۆڵان بە کۆڵان دەگێڕن و لە هەرکام لە ئێمەدا، هەستێک پێکدەهێنن و بەرەو پرسیارکردنمان دەبن. پرسیاری ئەوەی دوێنێ چۆن بووین، ئەمڕۆ چۆنین و سبەی چۆن دەبین؟ پرسیاری ئەوەی، کاتێک  ڕۆژانە لە خێڵی شاعیر و نووسەر و هونەرمەند، بە هۆی دڵ وەستان و کارەساتی هاتوچۆ و هەڵواسین و لەسێدارەدان، کەم دەبێتەوە، چی بە سەر بەرهەمەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ دێ، کە بەردەوام دەکەونە بەر هێرش؟

هیوا ئەوەیە پەیڤ و نەوا و ڕەنگی ئەو میللەتە، هەڵکشێ و خۆی لە گەڵ جیهانی ئەمڕۆدا ببینێتەوە، بەڵام بە کام پلان؟ شارەکەم سنە و کرانشینی و بەرهەمی هاوچەشنی وەک بەرەو موکریان، ڕەنگە دوا بەرهەمی ئەم سەردەمەی ئێمە بن، ئایا بە ڕۆیشتنی حەقشناس کۆتایی بە پەیڤ و ڕەنگ و نەوای هاوچەشن دێ، یان پەیڤ و نەوا و ڕەنگی ڕەنگینتر سەر هەڵدەدا؟

کورد کرانشینی ئەم پایتەخت و ئەو پایتەخت نییە، شارەکانی ئێمە عەردی ئەم و ئەو نیین، پەیکەری خۆشەویستی ئاور لە جەستەی بەرنادرێ، کێلی شاعیرانمان ناشکێندرێ، پەیڤی دایکانە ناکوژرێ و بریندار ناکرێ، گەر هەست و پەیڤی شامی و حەقشناس، پەیڤی ناو کتێبەکانی فێرگە و نەوای موسیقا و هونەری ڕۆژانەمان بن!

 

 

https://www.youtube.com/watch?v=Wrr1-iIbomA&feature=player_embedded

 

 

https://www.youtube.com/watch?v=9pkIY_v1J0U

 

 

 ********************************************

 

  "اقلیم کردستان" لە لوتکەی "ناونەتەوەیی"دا!؟

 

لە باشووری پڕ لە "مامۆستا" حەزێکی یەکجار گەورە هەیە، حەزی خۆ گەورەدیتن، حەزی بە جیهانی بوون!" من لە سەر ئاستی هەموو عێراق یەکەم بووم! ئێمە لە سەر ئاستی هەموو عێراق یەکەم بووین!" ٢٣ ساڵە دەگوترێ:" ئێمە لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم وڵاتی دێموکرات و ئازادین"، ئەوە چەند ساڵێکیشە بۆ گەیشتن بە ئاستی"ناودەوڵەتی" کێ بەرکێیە! ئەم ئاست بازییە لایەنی ناوخۆییشی هەیە، هەر شارێکی ئەم وڵاتە پاشگرێکی پێوە لکێندراوە و بۆتە شەڕە شار و ئاستبازی!

وڵاتێک،خەڵکێک، دەوڵەتێک کە لە ماوەی بیست وچەند ساڵدا، نەیتوانیوە ژێرخانی ئابووری، سەنعەتی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، پەروەردە،سیاسی و شارستانیانە دابڕێژێ، خۆی لە ناو فستیواڵ و پڕۆپاگەندەدا دەخنکێنێ  بۆ ئەوەی خۆی میداڵی ناودەوڵەتی وناونەتەوەیی و جیهانی لە بەرۆکی خۆی بدات.

 

 یەک لەو میداڵانە بەشداریکردن لە پیشانگای کتێبی شاری فرانکفۆرت لە ئاڵمانە. یەکەمجار بە یارمەتی ناوەندی لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامە و چەند لایەنێکی دیکەی کورد لە ئاڵمان، ئەو هەلە بۆ وەزیری ڕۆشنبیری حکوومەتی سولەیمانی ڕەخسا کە بە ناوی وەزارەتەکەی لەو پیشانگایە بەشدار بێ.  من لە ماوەی ژیانم لە ئاڵمان زۆربەی ساڵەکان سەردانی پیشانگای کتێبی فرانکفۆرتم کردووە و ئاگاداری یەکەم هەوڵەکانی کورد لەو پیشانگایە بووم. لێرە سێ ساڵی ڕابووردو وەک وێنە دەهێنمەوە.

ساڵی ٢٠١١  ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کتێب بە زمانی کوردی و عەڕەبی بووم، کە هیچیان بە کەڵکی من نەهات، ویستم لە کەسێک پرسیار بکەم، هیچ کەس لە غورفەکەدا نەبوو، کە سەیری دەوروبەرم کرد، کۆمەڵێک کورد بە پێچەوانەی عورفی هەموو غورفەکانی سەرجەم پیشانگاکە، لە دەوری مێزێک دانیشتبوون و خەریکی کەوڵکردنی مامر بوون! ئەوانە بەرپرسی غورفەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سەر بە حکوومەتی "اقلیمی کوردستان" بوون.

ساڵی ٢٠١٢ کە جەنابی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانیش لەوێ بوو، لە سەر ئەرکی چەند هونەرمەندێك پێشانگایەکی نەقاشی تایبەت بە کتێب رێکخرا بوو کە ببووە هۆی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەسی نەکورد. ئەم وزارەتە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک شوێنێکیان بە چەند سەد ئۆیڕۆ بەکرێ گرتبوو بۆ ئەوەی جەنابی وەزیر باسی پێشکەوتنەکانی باری ڕۆشنبیری وڵات و حکوومەت بکات. لەم کۆبوونەوەیەدا دوو کەسی نەکورد دانیشتبوون کە دوای چەند خولەک دەرچوون. ئەو کوردانەش کە گوێبیستی جەنابی وەزیر بە زمانی ئینگلیسی و وەرگەڕاندنی ئاڵمانی بوون، جگە لە چەند کەس، گشتیان کارمەند و دەست وپێوەندەکانی خۆیان بوون. باشترین بیرەوەری ساڵی ٢٠١٢ بۆ من ئەو کاتە بوو کە جەنابی وەزیر بە من و کەسێکی دیکەی گوت، ئێستا کاتی نانخواردنەوە و باش نییە برادەران چاوەڕوان بهێڵمەوە، بەم وتەیە جەنابی و خێڵەکەی بە پێچەوانەی ساڵی پار، خۆیان گەیاندە یەک لە ڕستورانەکانی ناو پیشانگاکە! ئەو ساڵەش من هیچ کتێبێکی بە کەڵکم لەو پیشانگایە دەست نەکەوت.

ساڵی ٢٠١٣ بە پێی تاقیکردنەوەکانی ساڵانی پێشوو، هیچ مەیلم بۆ دیتنی پیشانگای وەزارەت نەبوو، بەڵام بۆ چاوپێکەوتنی چەند کوردێکی ڕۆژهەڵات کە بڕیار بوو لەوێ چاوم پێیان بکەوێت، ملم بەرەو شوێنەکە لار کردەوە. بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو ،ئەم ساڵ غورفەکە لە بەر خەڵک جمەی دەهات، تەنانەت من نەمتوانی بچمە ناو غورفەکەوە. لە ناو چەقی غورفەکەدا چەند مێز و ریزێک کورسی داندرابوون و کۆمەڵێک خەڵک دانیشتبوون و کۆمەڵێکیش بە پێوە دەوری ئەوانیان دابوو. ئەوانەی دانیشتبوون و ئەوانەش کە بە پێوە بوون، بەرز بەرز لە گەڵ یەکتر قسەیان دەکرد و ئاگایان لە ڕێبوارن نەبوو، کە بە بێ سەیرکردنی غۆرفەی کوردستان تێدەپەڕین. ئەو کەسانەی کە غۆرفەکەیان داگیر کردبوو، سەرجەم خێڵی حزبی و ئیداری و دەست وپێوەندەکانی حکوومەت بوون. ئەو ساڵەش کتێبی بەکەڵکم دەست نەکەوت.

من نازانم لە کوردستانی پڕ لە مامۆستا، پڕ لە بلیمەتی ناونەتەوەیی، پرسیارکردن و لێپرسینەوە هەیە،یان نییە؟! ئەگەر هەیە لە خۆیان بپرسن"سوودی دە ساڵ بەشداریکردن لە پیشانگای /ناونەتەوەیی کتێب لە فرانکۆرت/ بەو شێوەیە بە بێ پلان و دوور لە پڕێنسیپ، چی بووە؟؟ ئەگەر دەیانەوێ خزمەت بە خۆیان و خەڵک و ڕۆشنبیری و فەرهەنگ بکەن، با خۆیان ماندوو بکەن و سەیرێکی غورفەکانی دیکەی پیشانگاکە بکەن، یان وڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە "بۆ بەشداری دەکەن و دەیانەوێ چی لە کوردستانەوە بە خەڵکی دنیا بێژن یان بدەن؟"

 

 

********************************************

 

ئەفسانەکان بریندار مەکەن، دەنا ڕزگار دەبن!

 

 

 

دوو هەزار وسێزدە ساڵ بەر لە ئێستا، سێسەد ملیۆن ئینسان لە سەر گۆی زەوی دەژیان، ژمارەی کوردەکان ئەو دەم ٢١٤٢٨٥٧ کەس بوو. چی بووین و چۆن بووین و چیمان دەکرد، پرسیاری بێ وڵامە! لەو دەمەوە و لە پێشترەوە لە ئەفسانەوە و بەرەوە خەیاڵ دەفڕین و لە ڕابوردوودا چەقیوین و چاوەڕوانی داهاتووین، بەشکم کارەساتێکی ئەفسانەیی ڕووبدا، دەستێکی ئەفسانەیی، سیمورغی ناو ئەفسانەکان، بمانگەڕێننەوە سەر تەختەکەی هگمەتانە، یاخۆ کۆشکەکەی ئەمەر پاشا!

لە ڕێگای خەیاڵ و ئەفسانە وبە قارەمان زانینی خۆمانەوە، زەمان و مێژوو و سەردەم بە سوخرە دەگرین و خۆ لە هەنگاو هەڵهێنانەوە لە سەر عەرد، دەدزینەوە. دیلی زەمان و سەردەمەکان، خەیاڵی خۆمان و دەستەڵاتداران دەمێنینەوە و لە جەغزی خۆماندا دەسووڕێنەوە و دەمانسوڕێنەوە، کە داماو ماینەوە، هەڵدەچین وخۆ لە گۆمی خوێندا دەبینینەوە! لە خەمۆکیدا قارەماننامە دەنووسینەوە، مێژوو دەسڕینەوە و ئەفسانەی خۆمان بە مێژوو دەخوێنینەوە. ڕەخنە و پرسیار دەخنکێنین و دووهەزار ساڵ خۆمان دووبارە و دووبارە دەکەینەوە، هەتا دەگەینە ٥٠ ملیۆن! بۆ کوێ دەچین، چۆن دەچین، بە کوێ دەگەین، پرسیاری بێ وڵام، دەمێنێتەوە!

 

 

********************************************

 

دیلی جیهانێکی تاپۆکراو!؟

 

لە کاتێکدا ئینسان خۆی تێگەیشتوتر لە هەموو سەردەمەکانی پێشووتر دەبینێ و بە زمانی فەلسەفە، ئەدەبیات، هونەر، فەرهەنگ، زانست و سیاسەت، باس لە پێشکەوتنەکانی خۆی دەکات،جیهان بەرەو ئاڵۆزی و زیادبوونی تەنگ وچەڵەمەکان دەکێشرێ. شەڕ،تێرۆریسم،ئیدئۆلۆژی، دین،دەوڵەت،مێدیا و سیستمی جاسووسی وەها لە یەک گرێدراون کە تێگەیشتن لەم جیهانە دژوارودژوارتر بۆتەوە. سناریۆی گەلێک ئاڵۆز،هەمەلایەن، تێکچڕژراو لەو پەڕی تێگەیشتن و زانیندا لە ناوەندەکانی فرە نهێنی بە بەشداری ئولترانوخبەکان و دەستەڵاتدارانی ماڵی،نیزامی و سیاسی بە زیانی خەڵک و بەرژەوەندی کۆمەڵە کەسێکی بچووک دادەڕێژرێ.

سەردەمی سیاسەتی ئینسانی بۆ نەمانی تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان و بەختەوەری ئینسان بەسەرچووە و سیاسەتی قڕژ جێگای گرتۆتەوە. بەشێکی گەورە لە ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین بەرەو شەڕ، ماڵوێرانی، برسیەتی کێشراوە، گەندەڵی سیاسی و سیاستەمەداری گەندەڵ بۆنەتە دیاردەیەکی جیهانی. خەڵکی ئیتالیا، یۆنان، سپانیا لە گەڵ نابووتی سیاسی و ئابووری و داهاتووی ڕەش و تاریکی نەسلەکانی داهاتوو ڕووبەڕون.( ڕێژەی بێکاری لاوان لە یۆنان  ٦٢،٥٠ لە سەد، سپانیا ٥٦،٤٠ لە سەد،  پورتەقاڵ ٤٢،٥٠ لە سەد، ئیتالیا ٤٠،٥٠  لە سەد). جیهان و خەڵک  لە لایەن بانک، کۆنسێرن و دەڵاڵەکانی سیاسییەوە تاپۆ کراوە! دوو دەوڵەتی ئاڵمان و ئامریکا نە تەنیا وەرشکەستەی ماڵی و قەرزداری بانکەکانن، بەڵکوو نەوەکانی داهاتووشیان ئەگەر شانسی ژیانیان بەرکەوێ، خراونەتە ژێر باری قەرزی با و باپیرانیان. بەردەوامی ئەم وەزعە جیهان ڕووبەڕووی پرسیاری جیددی دەکاتەوە!

 

خەڵکی کورد و سیاسەتمەدارەکانی لە دەرەوەی بازنەی دەستەڵاتی ناوچەیی و جیهانین و دەستیان بە زانیاری و ئینفۆرماسیۆنی تاپۆکراو لە لایەن دەستەڵاتداران و دەزگاکانی زانیاری و ئینفۆرماسیۆنی جیهانی و ناوچەیی ڕاناگات. ئەوان لە ڕێگای مێدیای گشتی وڵاتانی ناوچە و وڵاتانی ڕۆژئاواوە، تێرە زانیاریی دەکرێن و بە پاڵپشتی ئەو زانیاریانە، سیاسەت دەکەن و لە بازنەی فکر و تێڕوانینی ئەو دەزگایانە دەرناچن.  کورد نە تەنیا ژێردەستەی سیاسی و ئیداری و نیزامی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، بەڵکوو ژێر دەستەی مێدیای ناوچەیی و جیهانیشە! سیاسییەکانی وڵاتی ئێمە بەزیوی ئەو مەیدانە سیاسی و مێدیایییە و دامای عەقڵییەتی چەقبەستووی خۆیانن. ئایا کورد و سیاسییەکانی پلانیان بۆ داهاتووی خۆیان هەیە، یان لە پلانی ئەم و ئەودا درێژە بە دیلی خۆیان دەدەن؟؟

 

 

********************************************

 

ڕۆشنبیر! پیاوی خودا! بێنەوا!

پاشای خۆخۆشەویست هێندە لە خۆی غەڕە ببوو، گەیشتبووە سنووری شێتی. ئەمری کرد لە ناو باخی عیمارەتەکەیدا، پەیکەرێکی مەزن لە خۆی و عیبادەتگایەک سازبکرێ. خۆی هەموو ڕۆژێک بەر لە قاولتی دەچوو، کڕنۆشی بۆ پەیکەرەکەی خۆی دەبرد و حەمد وسەنای خۆی بەجێ دەهێنا.

ڕۆژ هات و چوو، هەتا ئەوەی ڕۆژێکیان خۆی بە خۆی گووت، ئایینێک کە تەنیا خۆم پەیڕەوی لێبکەم،سەر ناگرێ، وا باشە قەراوڵ و خزمەتکار و وەزیر و گزیر بێن و ئەوانیش بەشداری بکەن. هێندێکی دیکەی پێچوو، دیسان خۆی بە خۆی گوت، تەنیا ئەو ئایینە دەمێنێتەوە کە لە لایەن خەڵکەوە پەیڕەو بکرێ. ڕووی کردە قەراوڵەکانی و گووتی هەڕن بچنە ناو بازاڕ و هەرکەستان هاتە ڕێ، قۆڵبەستی کەن و بیهێنن. قەڕاوڵ غاریان داو و گورج سێ کەسیان ڕاپێچی بەردەم پاشا کرد، ڕۆشنبیرێک، پیاوێکی ئایینی و بێنەوایەک.

شا پێیوابوو لە ڕێگای ئەو سێ کەسەوە دەتوانێ، پەی بە باوەڕی قووڵی خەڵک بە ئایینەکەی بەرێ. پێشی وابوو ئەگەر ئەو سێ کەسە عاقڵ و تێگەیشتوو بن، کڕنۆش بۆ پەیکەری ئەو دەبن و دەست دەکەن بە دۆعا و نیایش..

شا ڕووی لە هەرسێکیان کرد و پێیانی گووت، ئەوە هێمای ڕاستەقینەی خودایە، لەحاندیدا سەر شۆڕکەنەوە و لەبەری بپاڕێنەوە، دەنا بە تاوانی سەرپێچی کردن گیانتان لێئەستێندرێ.

ڕۆشنبیر هێندێک بیریکردەوە و خۆی بەخۆی گووت، شا گەوج بووە و ئەگەر سەردانەنەوێنم و دۆعای بۆ نەکەم، ئەو پەنا بۆ زەبر وزەنگ دەبات و دەمکوژێ. خەڵک من دەناسن و دەزانن باوەڕم بەو شتانەی پاشا نییە و ئەگەر گیانی خۆم ڕزگار کەم، دەزانن لە بەر خزمەتکردن بەوان بووە و لۆمە و سەرکۆنەم ناکەن. پاش ئەوەی لە بیرکردنەوەکانی بووە، سەری خۆی شۆرکردەوە و کەوتە دۆعاکردن.

کە نۆبە گەیشتە پیاوی خوا، کەوتە ڕازونیاز لە گەڵ خۆی و گووتی، شا لە کەلەی داوە و شێت بووگە و هەڕەشەکەی جێ بەجێ دەکات و دەمکوژێ. ئەو بەخۆی گووت، من هەڵبژاردەی خوای گەورەم و تەنیا ئەو دەپەرەستم و کڕنۆش بۆ ئەو دەبەم، ئەو لە هەموو شونێک حازرە و هیچ تەوفیر ناکات سەرم لە کوێ و لە بەرچی بهێنمە خوارەوە و نیایش بکەم. ئەوەی گووت و سەری لە حاند پەیکری شا شۆرکردەوە و کەوتە بەسەرداهەڵگوتن.

دوای پیاوی خوا، پاشا ڕووی کردە بێنەوا و پێیگووت، بنووشتێوە و سەرشۆرکەوە.

بێنەوا ڕووی کردە پاشا و پێیگوت:" گەورەم، من بە هیچ کەسێک قەرزادار نیم و هەموو هەست و نیستم دیار و ڕوونە. لە لایەن هیچکەسێکیشەوە هەڵنەبژێردراوم، جگە ئەو چەند حەب ئەسپێیەی کە لە ناو سەرمدا زستان دەگەێینە بەهار. من نامەوێ حوکم بەسەر کەسێکدا بسەپێنم و هیچ خێروبەرەکەتێکیشم بۆ پەیکەرەکەی تۆ لێ هەڵناوەرێ. خاوەن شکۆ! من هیچ هۆیەک بەدی ناکەم سەرم لە حاند ئەو پەیکەرە بەردینەدا شۆڕکەمەوە و لەبەری بپاڕێمەوە.

پاشا بە بیستنی قسەکانی پیاوی بێ ئەنوا، کەوتە بیرکردنەوە، خانقا و پەیکەری ڕماندو و لە جێگاکەی کانییەکی پڕلەئاو بە پەرژینی گوڵ وگولزارەوە ئاوا کرد.

 بە کوردی کردن لە زمانی ئاڵمانییەوە لە کتێبی                          Komm,ich erzähle dir eine Geschichte- Jorge Bucay

 

********************************************

 

سەر ژێکردن " ئیعدام "

 

خەڵک ئیزنیان نەبوو ناوی بهێنن، کاتی دیتنی، دەبوو کڕنۆشی بۆ بەرن و سەر شۆڕکەنەوە. ئەوە بەزمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بوو،کاتێک بە کەژاوە و قەراوڵەوە بەناو خەڵکدا دەگەڕا. ئەو ڕۆژە کوڕێکی لاو کڕنۆشی نەبرد و قیت لە شوێنی خۆی وێستا. قەڕاوڵ هەڵیانگوتایە سەری ڕاپێچی بەر دەم میریان کرد. مەگەر تۆ نازانی دەبێ کڕۆنش بەری؟

" بەڵێ گەورەم دەزانم". دەزانی و کڕنۆش نابەی؟ "بەڵێ گەورەم". دەشزانی سزای سەرپێچیکردن مەرگە؟ "بەڵێ گەورەم، داوام ئەوەیە ئەو مەرگەم پێ ڕەواببینن"!

زۆرباشە، ئەمر دەکەم، میرغەزەب بەیانی سەرت ژێ بکات." گەلێک سپاس، گەورەم"! ئەمەی گوت و دووقات کڕنۆشی بۆبرد. لەناکاو لە ناو خەڵکەوە کەسێک دەنگی هەڵبڕی:" گەورەم، گەورەم، ئێزنم بدەن شتێک بێژم. میر ئەمری کرد بێتە پێشەوە. بڵێ بزانم دەڵێی چی. "تکایە گەورەم ڕێگا بدەن من لە جیاتی ئەو کوڕە لەدار بدرێم." تۆ دەتەوێ لە جیاتی ئەو لاوە سەرت بپەڕێندرێ؟ "بەڵێ گەورەم، تکاتان لێدەکەم، من هەموو ژیانم وەفادار بە ئێوە بووم، تکایە ئەو داوایەم لێ قەبووڵ بکەن!"

 

میر ڕوودەکاتە لاوەکە و دەپرسێ، ئەو کابرایە خزم و کەسی تۆیە؟ " نەخێر گەورەم، من لە ژیانمدا ئەو کەسەم نەبینیوە و نایناسم. تکایە ئیزن مەدەن لە جیاتی من لەدار بدرێ! ئەمن خەتا وتاوانم کردووە و ئەوە سەری منە کە دەبێ لێبدرێ." کابرا "نەخێر گەورەم، دەبێ سەری من لێبدرێ". لاوەکە "نەخێر دەبێ سەری من لێبدرێ". بێدەنگ بن، میر نەڕاندی. ئەمر دەکەم سەری هەرکتان لێبدرێ. "زۆر سپاس گەورەم، بەڵام لەبەر ئەوەی من لە پێشدا ئەمری کوشتنم دراوە،دەبێ من پێش ئەو کەوم". کابرا،" نەخێر گەورەم، ئەم شانازییە دەبێ وەبەر من بکەوێ، لەبەر ئەوەی من لە ژیانمدا بێڕێزیم بە جەنابتان نەکردووە". بەسە بیبڕنەوە، وست بن، ئەمر دەکەم ئەو شانازییە بەر هەرکتان کەوێ و لە یەک کاتدا سەرتان لێبدرێ، چ زۆرە میرغەزەب. لە ناکاو کەسێک نەڕاندی" کە وایە منیش حەز دەکەم ناوم بخرێتە ناو لیستەکەوە" بە دوای ئەو دا چەند کەسی دیکە دەنگیان هەڵبڕی.

کە ژمارەی داخوازیکەران زیادی کرد، میر بێدەنگ بوو، چاوەکانی وێکنا و کەوتە بیرکردنەوە، بەخۆی گوت کوشتنی پێنج کەس دەگونجێ، بەڵام کە چاوەکانی هەلهێنا ژمارەی دەستەکان بێ ئەژمار ببوو، کە ئەوەی بینی تێگەیشت بۆی نالوێ سەری میللەتێک بپەڕێنێ، ملی خۆی و ئەسپی کەژاوەکەی بەرەو ماڵ باداوە...

 

 

وەرگیراو لە کتێبی Komm,ich  erzähle dir eine Geschichte Jorge Bucay

 

 

********************************************

ئاو هەس کردنەوە!؟


ئەپرسم چۆنی؟ دەلێ:" ئاو هەس ئەکەمەوە" لێرەوە کەوتنیە ناو باسی نیهیلیسم، کە لای ئێمە بە "پووچ"ی ناسراوە و شانۆی پووچی ش لێرەوە دێ! ئەو دەڵێی نهیلیسم دوو جۆرە،"پۆزتیف / نگاتیف". هەر لەو پێوەندییەدا باس لە ئالبێرت کامۆ کرا، کە چەند ڕۆژ لەوەبەر سەت ساڵەی لە دایکبوونی بوو. باسی ئەفسانەی سزیف
Le Mythe de Sisyphe کرا کە کامۆ ساڵی ١٩٤٢ بڵاوی کردۆتەوە، ئەفسانەیەکی کۆنی یۆنان. سزیف دوای ئا...شکراکردنی ڕازی خواکان بەوە حکووم دەدرێ هەتا کۆتایی ژیانی گاشە بەردێک بەرەو لوتکەی شاخێک بەرێ. هەمووجارێک کە دەگاتە لوتکەی شاخەکە بەرد بەرەو خوار خلۆر دەبێتەوە و ژیانی سزیف بەم دووبارە و دووبارەبوونەوەیە، تێدەپەڕێ. ئایا ئەم سەروخوارکردنە و دووبارەبوونەوەیە، پووچییە؟ دۆستەکەی من دەڵێ، سزیف لە هەر بەرەو سەرەوە چوونێکدا هیوای سەرکەوتن دەبێنێ، بەشکم ئەمجار وەک جاری پێشوو نەبێ! کەوایە گەر لەم هاتن و چوونەدا هیوا هەبێ، واتە ئیدە و ئیدال، لە گەڵ پووچی و دوبارەبوونەوەی پووچیدا ڕووبەرو نیین، بە تایبەت ئەگەر قسەکەی "هێراکلیت">> دووجار لە چۆمێکدا مەلە ناکرێ <<ڕاست بێ. کامۆ پێیوابوو، ئەگەر سزیف بە تێگەیشتن و بیرکردنەوە گەیشتبا، سەردەکەوت! گەر ئەو قسەی کامۆ ڕاست بێ، ئایا تێگەیشتن، پووچی ژیان ڕادەماڵێ؟
لە باسی سزیفەوە هاتینە سەر مورتازەکانی هیند، ئەوان کە تاقە خورمایەک دەخۆن و وا دەنوێندرێ کە دەست لە ژیانی پووچ دەشۆنەوە. لە کارەکەی سزیفدا بەردەوام جولە و هیوا هەیە، لە کاری مورتازەکانی هیندیش دا جولەی ناوخۆیی پەیکەر وئەندامان و مێشک، کە وایە "بێ جوولەیی" لە زیندەوەردا نییە، لە هەمان کاتدا هیوایەک لە سەری مورتازەکاندا هەیە ، چ ڕزگاربوون و چ دوورکەوتنەوە لەو ژیانەی کە ئیدالی ئەوان نییە.
لەم پێوەندییەدا باس لە مەلەوی کرا کە ئێمە لە سەری نەڕۆیشتین. ڕەنگە پووچی و نیهلیسم ئەو کاتە مانا پەیدا بکات کە جولە و هیوا و ئیدەکان سەرەڕای بوونی تێگەیشتن، نەبێتە هۆی گۆڕان و گۆرانکاری، گۆڕانکارییەک کە دڵخوازی ڕۆشنبیرانی وەک ئالبێرت کامۆ، ژان پل سارتر و کەسانی ترە.

لە درێژەی باسی "ئاو هەس" کردنەوەدا گەیشتینە باسی زەمان. ئەو دەڵێ ئێمە بە شوێن زەماندا ڕادەکەین! دەپرسم، چۆن ڕادەکەین، مەگەر ئێمە لە چرکەکاندا ناژین؟ دەڵێ، نا! چرکەکان بە پەلە تێدەپەڕن و دەبنە مێژوو! واتە ئێمە لە ئێستادا ناژین، لە مێژوودا دەژین. هاوکات کە لە ڕێگای تەلەفونەکەوە گوێم لە قسەکانی گرتووە، ئەم وتەیە دێتەوە بیرم" ئێستا تێدەپەڕێ، داهاتوو نەهاتووە، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕابوردووە." دەپرسم باشە کەسێکی وەک ئێکهارت تۆلە
Eckhart Tolle لە کتێبەکەیدا باس لە ئێستا دەکات، ئەو چرکەساتەکان بە ژیان دەزانێ و دەڵێ دەبێ لە ئێستادا و لەو چرکە چرکەی زەماندا بژین. ئەڵبەت مەبەستی تۆلە ژیانێکی ئاگایانەیە، ژیانێکی تێگەیشتووانەیە، واتە ئێمە هەست بەو چرکە ساتانە بکەین، هەست بەوە بکەین کە ژیان لەو چرکە ساتانە پێکهاتووە!
لە باسی دۆستەکەی مندا زەمان دەڕوا، چرکەکان بە خێرایی دەبنە مێژوو، ئێمە بە سەر زەماندا زاڵ نیین، ئەو بە سەر ئێمەدا زاڵە و بە شوێن خۆیدا ڕاماندەکێشێ، ئەوە ئێمەین کە وەشوێن زەمان کەوتووین. هەرچەند لێرەدا باس لە هایدیگەر و زەمان دەکرێ، بەڵام بە سەریدا باز دەدەین. نازانم چۆن بە سەر ناوی هانا ئارندت، دا کەوتین و چڕتر باس لەو خانمە تاقانەی ناو فەلسەفە کرا،با خۆی خۆشی پێ فەیلەسووف نەبووبێ. لێرەدا باس لە فەلسەفەی مودێڕن و ئیلیزیۆنی مرۆڤ و ناڕێئالبوونی ژیان و هەروەها فەلسەفە و زانستی نویرۆلۆژی کرا، کە فەلسەفەی وەدواداوە، بەڵام لێی دووردەکەوینەوە و خۆ لە قەرەی ئەم باسە نادین، بۆ ئەوەی لە بنییدا نەچەمێێنەوە.

دوای ئەو گفتوگۆە درێژە، وەک ئەوەی باسی هیچمان نەکردبێ، لێم دەپرسێ،لەو جیهانە چ باسە؟ من باسی ڕۆژەکەی خۆمی بۆ دەگێرمەوە، باسی کتێبێک بۆ شارێک و فستیواڵی سەما و موسیقا.
کتێبێک بۆ شارێک هەفتەیەکی ئەدەبییە، کە ماوەی دوازدە ساڵە لە مانگی نوامبردا بەڕێوە دەچێ، ماڵی ئەدەبیات، شانۆی شار، ڕۆژنامەی سەرەکی شار، مێدیاکانی شار، هەر ساڵە کتێبێک بەناوی کتێبی شار هەڵدەبژێرن، نووسەر و نووسەرانی کتێبەکە، شانۆگێڕ، ئاکتۆر، وێژەر و خەڵکی دیکە لە بەرنامەکانی ئەدەبیدا، بۆ ماوەی یەک هەفتە باس لەو کتێبە دەکەن. ساڵی ٢٠١٢ دوو نووسەری فەلستینی و ئیسرائیلی بانگ کرابوون، نووسەری فەلستینی لە ڕۆمانەکەیدا باس لە جنایەتەکانی ئیسرائیل و نووسەری ئیسرائیلی باس لە کارە تیرۆریستییەکانی فەلستینییەکان دەکات. هەرکیان ماوەی یەک هەفتە لە پاڵ یەک ڕۆمانەکانی خۆیان بۆ خەڵک خوێندەوە. ئەو ساڵ ئەم کتێبە
Idylle mit ertrinkendem Hund دەخوێندرێتەوە، نووسەر لە هۆڵی سەرەکی شانۆی شار چەند بەش لە کتێبەکەی خوێندەوە، چیرۆکی کتێبەکە گێڕانەوەی مەرگی سەگێکە. نووسەر لەو ڕێگایەوە مەرگی کچە جوانەمەرگەکەی خۆی وەبیر دەهێنێتەوە. دۆستەکەم بە بیستنی ئەم قسانە وەبیر ڕۆمانەکانی چەنگیز ئایتیماتۆف دەکەوێتەوە و باس لە وێنە و ناوەرۆک و زمانی کارەکانی دەکات و پێشنیارم پێدەکات دوا ڕۆمانی ئایتیماتۆف بە ناوی Die Träume der Wölfin (1996) بخوێنمەوە، کە باس لە ژیانی زیندەوەرێکی وەک گورگ دەگەڵ مرۆڤدا دەکات. هەر لێرەوە باس هاتە سەر ئەدەبیات و دەوری ئەدەبیات بە گشتی و لە ناو ئێمەی کورددا بە تایبەتی. هەرچەند ئەویش دڵی خۆش نییە بە چۆنیەتی ئەدەبیات لە ناو کورددا، بەو حاڵەوە ئاماژە بە کۆمەڵێک کاری وەرگەڕان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، لەوانە کارەکانی داستایوسکی . پاش تەواوبوونی گفتوگۆکە لە گەڵ کۆمەڵێک پرسیاری بێ وڵام بە تەنیا مامەوە. لە خۆم پرسی، ئایا ئەو گفتوگۆیەی ئێمەش "ئاوهەس کردنەوە" نەبوو؟ گەلۆ هەموو ژیان "ئاوهەس"کردنەوە نییە؟

 

********************************************

 

 

خان و تراژێدی!؟

 

تراژێدی مرۆڤی کورد تەنیا لە بەیتەکانی خانی لپ زێڕین، سەیدەوان و چیرۆک و ئەفسانەکاندا، ڕەنگی نەداوەتەوە. ژیانی ڕۆژانەی کوردان، تەژی لە تراژێدیە. ئەگەر عەبدولعەزیزی داسنی گرفتاری هێزێکی نادیار وخانی لپ زێرین گرفتاری دوژمنەکەی بوو، مرۆڤی کورد جگە لەوانە، گرفتاری دەستی خۆی و پێکهاتەکانی فەرهەنگی و باوەڕ و کەسایەتی خۆیەتی!  

ئەو خانێکی جیاواز لە عەبدولعەزیزی ڕۆلەکوژراو خانی کوژراوی لپ زێرین بوو. دوو کوڕی نەک لە شایی و زەماوەند، لێرە ولەوێ کوژران! کەنیشکەکەی بە کەوڵکراوی لە دەباغخانەکانی کۆماری ئەڵا، ڕزگاری هات و بۆ شەڕ لە گەڵ ئەو کۆمارە، ژیان و وزەی لاوییەتی، لە حزبی ئەڵادا بە فیرۆ ڕۆیی. خێڵە ئاوارە و ئازارچێشتووەکەی لە بەر یەک ترازا. ئەو سەیرچییەکی بێدەنگی هەموو ئەو ئازار و تراژێدییانە بوو. نە هاواری کرد، نە خۆی ڕاوەشاند و نە چەکی لە ئەستۆ کرد، لە بێدەنگیدا ددانەکانی خۆی کرۆشت و لێوەکانی خۆی گەزت،هەتا ددان بۆ کرۆشتن و لێو بۆ گەزتن و جێگا بۆ خەم و ئازار نەما، ئەوجا سەری نایەوە.

 تراژێدی تەنیا لە سەر سەکۆی شانۆ نابیندرێ، تراژێدی لە ماڵ و کۆڵان و شار وگوندەکانی وڵاتی ئێمە، ڕۆژانە ڕوو دەدن. ئەوەی ڕوونادا، بیرکردنەوە لە تراژێدییەکانە! تراژێدی لەداردران،بەردەبارانکران، ئاورلەجەستە بەردران، ڕاوننران، کوشتن، دەستدرێژیکردن...! بیری جیاواز،ئایینی جیاواز، حزبی جیاواز، خوڵقیاتی جیاواز، سوودی جیاواز، نەریتی جیاواز، ویستی جیاواز و لە سەر یەک، جیاوازبوون بەرەو تراژێدیمان دەبەن!

 

 

********************************************

 

 

 

بە چەندە!؟

 

به‌ کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شارێکی بچکۆلانه‌دا‌ پیاسه‌ی ده‌کرد، په‌له‌ی نه‌بوو  بەکاوەخۆ چاوی به‌  ماڵ و دووکان و  دەرودۆردا دەگێڕا، هه‌تا گه‌یشته‌ به‌ر دووکانێکی سپی. سه‌ری له‌ شوشه‌ی دووکان نزیک کرده‌وه‌  و هه‌رچی سەیری کرد هیچی به‌ر چاو نه‌که‌وت، جگه‌ له‌ نووسراوەیەک‌ " دووکانی حه‌قییقه‌ت"! کابرا خۆی قیت کردەوە‌، گاڵته‌ی به‌ ناوه‌که‌ ‌هات، حه‌قیقه‌ت چۆن ده‌فرۆشرێ؟! یه‌ک سه‌ر خۆی به‌ ژوورێ داکرد و له‌ تاریک وڕۆشنایی دوکانه‌که‌دا چاوی به‌ خانمێک که‌وت که‌ له‌ پشت مێزێک وێستابوو، ڕووی تێکردو پرسی ببوورن لێرە‌ حه‌قییقه‌ت ده‌فرۆشن؟

به‌ڵێ به‌ڕێزم. چ چه‌شنێکتان گه‌ره‌که‌؟ نیوه‌ی حه‌قییقه‌ت، حه‌قییقه‌تی نیسبی، حه‌قییقه‌تی ئاماری، یان حه‌قییقه‌تی ته‌واو و که‌ماڵ؟

کابرا پێی سه‌یر بوو، به‌خه‌یالیشیدا نەدەهات ڕۆژێک له‌ ڕۆژان تووشی بە تووشی دووکانێکی واوە بێ.  حه‌قییقه‌تی ته‌واوم ده‌وێ، وه‌ڕزم له‌ درۆ و ده‌له‌سه‌ و بوختان و چه‌واشه‌کاری و کڵاو له‌سه‌رنان. حه‌قییقه‌تی ڕووت و بێگه‌ردم ده‌وێ، دیسان دووباره‌ی کردەوە، حەقییقەتی ڕووت و بێگەردم دەوێ!

زۆر باشه‌، به‌ڕێزم تکایه‌ فه‌رموون،کابرای وه‌پێش خۆیدا بۆ لای که‌سێکی دیکه‌ی برد و پێیگووت ئه‌و هاوکارەم کارەکەتان وەڕێدەخات‌. فرۆشیار به‌ره‌و پیری مشتری چوو و پرسی  ئه‌مر فه‌رموون. کابرا گووتی، گه‌ره‌کمه‌ حه‌قیقه‌تی ته‌واو و که‌ماڵ بکڕم.

باشه‌ به‌ڕێزم ده‌زانن باییەکەی چەندەیە‌؟  نه‌خیر، پاشان پرسی، بە چه‌نده‌‌؟  فرۆشیار گووتی، ئه‌گه‌ر بتانه‌وێ ده‌ستبه‌جێ له‌ گه‌ڵ خۆتان بیبه‌ن، باییەکەی ده‌بێته‌ لە دەستدانی ئاسایش تا ئەو کاتەی لە ژیاندان! کابرا مات بوو،  پێیوانه‌بوو شتی وا ده‌بیستێ، و ە پته‌ پت که‌وت و داوای لێبووردنی کرد و بە پەلە لە دووکانەکە چووە دەرێ. کاس و وڕ بیری له‌ خۆی ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئاماده‌ نییه‌ به‌های وا بۆ پەیداکردنی حەقیقەت و دوورکەوتنەوە لە درۆ بدات. تێگه‌یشت که‌ له‌ گه‌ڵ خۆشی ڕوراست نییه‌.

 

ڕۆژێک لە ڕۆژان

برایم فەڕشی لە زمانی ئاڵمانییەوە بۆ کوردی

Jorge Bucay, komm, ich erzähl dir eine Geschichte

 

 

ئەو کاتەی خۆمان کەڕین!!

پیاوێک دڵنیگەران تەلەفون بۆ دوکتوری بنەماڵەکەیان دەکات.
دوکتور فریام کەوە، ژنەکەم خەریکە کەڕ دەبێ!
ڕۆژی دوو شەممە خۆت و خێزانت وەرن بۆ لام.
هەی هوو درانگ دەبێ.
چۆن تێگەیشتی ژنەکەت خەریکە کەڕ دەبێ؟
دوکتور هەرچی هەرای لێدەکەم وڵام ناداتەوە.
زۆرباشە با تاقیکەینەوە، تۆ و ئەو ئێستا لە کوێن؟
من لە ژووری خەو و ئەو لە مدبەق(ئاشپەزخانەیە!). ...
دەی هەرای لێبکە!
ماریا......ماریا! فایدەی نییە گوێی لێنابێ! دەچێتە داڵانەکە، ماریا....ماریا! دوکتور گوێی لێنابێ!
دوکتور پێی دەڵێ بچۆ نزیکتر.
دەچێتە بەر دەرکی مدبەق،...ماریا...ماریا......! دوکتور ژنەکەم نابیستێ، کەڕ بووە، کەڕ!
دوکتور کە گوێچکەی لە تەلەفونەکە دوور کردۆتەوە پێی دەڵێ، خۆتی لێ نزیک کەوە.
کابرا دەچێ لە پشتەوە دەست لە سەر شانی ژنەکەی دادەنێ و یەک بەخۆی هەرا دەکا ماریا....ماریا!
خێزانی دەگەڕێتەوە و دەڵێ، چییە گوێچکەت کەڕ کردم، بۆچی دەنەڕێنی، دە جار هەرات لێکردم هەر لێت دەپرسم چت دەوێ، گوێت لێنابێ!!
Komm, ich erzähl dir eine Geschichte، Jorge Bucay, Buenos Aires, Argentinien

 

 

********************************************

 

ژیانی کورت و مەرگی درێژ...



ژیان بە موویەکەوە بەندە! کورد وادەڵێ! مرۆڤ ٣٠٠٠ ساڵە ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات:"ژیان چییە؟" بەر لەوەش کە پرسیار نەکراوە، ژیان وەک هەناسە هەڵکێشان، خواردن، خەوتن،جووتبوون،لە خەیاڵ و فانتێزیدا سەیرکردن، لە گەڵ سروشت تێکەوتن، خۆپاراستن، خۆفکردن، هەبووە. کە بیرکردنەوە خۆی لە فەلسەفەدا دەبینێتەوە، پرسیارکردن و خۆلەگەڵ وڵام خەریک کردن، دەبێتە پیشەی فەیلەسووفان. فەیلەسووف بە شوێن مانای ژیاندا وێڵن، هەرکام وێڵی ڕێگایەک، یەک وێڵی سەرزەوی، ئەویدی لە سەرزەوی وێلی ناو خەیاڵ و فانتێزی. "بوون"، چ بیری لێبکەیەوە، چ بیری لێ نەکەیەوە، چ مانای بۆ پەیداکەی و چ بێ مانا بێ، هەیە و لە چرکەساتەکاندا تێدەپەڕێ. لە گووتنی "ژیان بە موویەکەوە بەندە" زۆرتر لەوەی مانا و بێ مانایی و پرسیار دەرکەوێ، دوو لایەنی دیکە دەردەکەوێ، یەکەم نێوان "مان و نەمان"، یەک تاڵە موو مەودا هەیە! دووهەم زەمانی "ژیان و مەرگ"، مەوداکەی بەقەرا بزوواندنی تاڵە موویەکە! ئەوەی ئەم ڕستەیە بەرهەمی بیروڕامانی چ کەسێکە، ڕوون نییە. ئەوەش کە چۆن ئەم ڕستەیە بۆتە وێردی سەر زمانی مرۆڤی کرد، پرسیارێکە لە مێژوو! ئەگەر ئەم ڕستەیە وەک بنەمای فەلسەفەی ژیان لە کۆنەوە لە مێشکی مرۆڤی کورددا، ئاگا و نائاگا، جێگیر بووبێ، ژیان بۆ کورد لە کورتیدا دەبڕێتەوە و مەرگ لە درێژییدا. ئەگەر ئەم ئایینەش کە "لە دایکبوون" بە دەستپێدکردنی ڕەنج و "مەرگ" بە کۆتایی هاتنی ڕەنج،" دەزانێ، ئایینی کۆنی کوردان بێ، دەبێ ئەو پرسیارە بکرێ کە:"ژیان بۆ مرۆڤی کورد چییە؟"


 

 

********************************************

شاد...


ئەوەی شاد و شادی چییە، لای هەرکەس جیاوازە! لای کەسانێک، شادی لە جیهانی ئەمڕۆدا بێ مانایە، لە بەر ئەوەی سنووری ئازاردان و بازنەی ماتەم و خەم، بەرینتر و بەرینتر دەبێتەوە و بازنەی شادی تەنگتر و تەنگتر. بازنەی شادی ئەو کاتە تەنگتر دەبێتەوە، گەر مرۆڤ خۆی گرێدراوی ئەم جیهانە و ڕووداوەکانی ببینێت. چرکەساتەکانی جیهانی ئەمڕۆ، بە پانتایی گۆی زەوی، تەژی لە ڕووداوە، ڕووداوی شادیرفێن. ناشادەکان ئەگەر چرکەساتیان دەستکەوێ شادن،دەنا بینەری شادی خوڵقێنەرانی کارەساتن. شادی لە زێدی من دزراوە ، ڕفێندراوە. خەڵک دوو بەشن، یەک لەم بەر و ئەوی دێ لەو بەرە، شادی و ماتەمیش هەر وا. ئەوانی تر نە لەم بەرن، نە لەو بەر،یان لە هەر دوو بەرن!؟ ئەوانە "بێبەرن"!



********************************************

نڕخ...؟

 

گەر کەسێک  وتی: "من پیوستم بە خوێندنەوە نەماوە و نووسەرم"، گەر وتی پلەی زانستییم ئەوەیە و تێرە زانست بووم و چ نەماوە نەیزانم، گەر جەنابی بەرپرس لە دەمی دەرچوو کە دەساڵە کتێبی نەخوێندۆتەوە،

گەر خوێندکاری بەشی زمان و ئەدەبیات بە وتەی مامۆستاکەی، ڕقی لە کتێب خوێندنەوە بێ، گەر خاوەن وەشانخانە خۆی گوتی بۆ بیست ملیۆن کورد هەشت دانە کتێب لە ساڵدا چاپکراوە، گەر ئاماری خوێندنەوەی کتێب لێرە ولەوێ هیچ لە سەد بێ، گەر گاڵتە بە کتێب خوێندنەوە بکرێ و بە لە مۆدکەوتوو بزانرێ، گەر ژمارەی قسەکەران بە کوردی بە پێی وتەی فێرکارانی مەدرەسە، کەمتر بووبێتەوە و زمانی دی  بۆ داهاتووی باشتر ڕەونەقی پێدرابێ، گەر کورسەکانی زمانی دایک چۆڵ بمێنێتەوە، گەر کتێب دەرکردن بۆ وەرگرتنی پارە و فرۆشتنی کاغەزەکەی بێ، گەر ڕۆژنامەنووسیی و مێدیا پیشەی سەربازی حزب و دوورخستنەوە و کوشتنی بیرمەند بێ، گەر خوێندن بۆ هەڵواسینی مەدرەک لە گەردن لە وڵاتی بێکاران بێ، گەر هزر و بیر، بێ نڕخ و نڕخی مرۆڤ بە گەدوگیپاڵ بێ، نرخی ژیان، دەبێ چەند بێ؟؟

 

 

********************************************

 

خۆت!
 


ماسی کە توانی بە بێ ئاو بژی، نە ماسییە!
هونەرمەند کە توانی بە بێ هونەر بژی، نە هونەرمەندە!
نووسەر کە توانی بە بێ خوێنەر بژی، نە نووسەرە!
حزب کە توانی بە بێ خەڵک بژی، نە حزبە!
کەس کە توانی بە بێ خاک بژی، نەکەسە!
میللەت کە توانی بە بێ وڵات بژی، نە میللەتە!
بەڵام کە خۆت بووی، ئاو و هونەر و خوێنەر و خەڵک و خاک و وڵات، ژیانت پێدەبەخشن!


 

********************************************

چرا...!؟

 

سرووشتی مرۆڤ و پەروەردەی دژ!

 

هەرکام لە ئێمە بە پێی ویستی کەسی دووهەم و سێهەم دێفۆرمە کراوین. لە ڕۆژئاوا هێدی هێدی دەنگەکان زۆرتر دەبن بۆ ئەوەی سرووشتی منداڵ تێکنەدرێ. مەدرەسەکانی ئەمڕۆی جیهانی "پێشکەوتوو"، ٩٦% لێهاتووی منداڵ لە ناو دەبن، ئەوەش دژی فەلسەفەی بوونی مەدرەسەیە. من پێموایە ئێمەی ئینسان بێ بەزییانە لە گەڵ خۆمان جوڵاوینەتەوە و ژیانی خۆمان بێ مانا کردووە.

١٧ ساڵ لەوە پێش لە گەڵ خوشکم ویستمان لە زیندانی شاری کۆڵن پرۆژەیەکی شانۆ لە گەڵ لاوانی زیندانی بەڕێوە بەرین. تا ئەو کاتە لە هیچ شوێنێکی ئاڵمان کاری وا نەکرابوو. دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیسی و ئەمنییەتی لە سەر هەرکمان، بەو مەرجەی خۆمان خەرجی پرۆژەکە بگرینە ئەستۆ، دەرگای زیندان بەرەورووماندا کرایەوە. ئێمە بێ خەبەر لە هەمووشتێک لە زیندان ئاگادار کراین کە زیاتر لە سەد کورد لەو شوێنە زیندانین.  لە پرۆژەکەی ئێمەدا لاوانی تەمەن١٧ هەتا ٢١ ساڵ بەشدار بوون کە بە بێ دایک وباوک گەورە ببوون و بەشی زۆری ژیانیان لە سەر شەقام تێپەڕاندبوو، هەموو کارێکیان کردبوو هەر لە دزییەوە هەتا کوشتن. هیچ کوردێک بەشداری ئەو پڕۆژەیەی نەکرد، بەشداران ئاڵمانی، ئیتالیایی و کوڕێکی دایک ئاڵمانی و باوک ئێرانی بوون. ئێمە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا تێڕوانیمان لە سەر ئەو ئینسانانە گۆڕا، بۆ ئێمە جێگای باوەڕ نەبوو مرۆڤێکی کە هەموو ژیانی خەریکی ئازاردانی خەڵکی دیکە بووە زەریفترین و ناسکترین شیعر بهۆنێتەوە، یان چیرۆکی ئەوینداری، چیرۆکی داکۆکی لە مافی ئینسان بنووسێ. لە بەرهەمی فکر و هەستی ئەوان، شانۆنامەیک نووسرا. کاتێک شانۆنامەکە لە هۆڵی زیندانی ناوەندی شاری کۆڵن بە بەشداری مێدیا پێشکەش کرا، یەکێک لە دەوورگێڕەکان بە هەواڵنێری یەکێک لە ڕۆژنامەکانی گوت:" هەموو کەس وەدەزانێ ئێمە دواهەمین "پیسایی" گووی سەر زەویین، ئەوان دەبێ بزانن کە ئێمەش کارمان لە دەست دێ". ئەم ڕستەیە فەلسەفەیەکی نوێی لە تێڕوانین بۆ ئینسان بە ئێمە بەخشی. چرایەکی نوێی پێداگۆگی لە مێشکی ئێمەدا ڕۆشن کرد. [لە هەر مرۆڤێکدا چرایەکی ڕۆشن هەیە کە کەوتۆتە ژێر تاریکی]. ئێمە لەو دەمەوە لە چرای ناو ئینسانەکان دەگەڕیین. خوشکم ئەمڕۆ وەک سۆسیال پێداگۆگ پەنا و هاوڕێی ئەو دایک و باوک و منداڵە بیانییانەیە، کە چراکانیان لێ گووم بووە. من لە پرۆسەیەکی کار و لێکۆڵینەوە و خوێندن خۆم لە ئەنستیتۆتێکی تایبەتدا دیتەوە بۆ بەخشینی ئیمکانی سرووشتی بۆ فێربوون.

ئەوەی چۆن رێزدار عەبدوڵا عەلیدوست دوور لە چەقە چەقی سیاسی باوی ڕۆژانەی مێدیای کوردی، ڕووی وەرگێڕاوە بۆ باسێکی وا، دەبێ خۆی و دەزگاکە وڵام بدنەوە، لە هەر حاڵدا بۆ من دەرفەتێک ڕەخسا هەتا بە زمانی دایکم، لە گەڵ کەسێکی شارەزا لە سەر بابەتێکی گرنگ گفتوگۆ بکەم. بەر لەو بەرپرسی پێشووی ئەم ناوەندە، پێشنیاری ئەوەی دابوو بەرنامەیەکی زنجیرەیی لە فۆرماتێکی سەربەخۆدا لە سەر ئەو بابەتە و مێتود و ئیمکانەکان ئامادە بکەین. بەڵام وەک هەر کارێکی حزبی کوردەکان، پاش ڕۆیشتنی ئەو و دەرچوون لەو حزبە، ئەو نییەتە خێرەی ئەو، بەری نەدا. ئەوەشم گووتبێ من ماوەی دوو ساڵ لە چەند شاری ئاڵمان سمینار ورکشاپم لە گەڵ بنەماڵەکانی کوردی دانیشتووی ئاڵمان، لە پێوەندی لە گەڵ پەروەردە و فێربووندا هەبوو، کە خۆی بابەتێکی جێگای گفتوگۆی جیددیە، کە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە، لە گفتوگۆی ئێمەشدا جێگای نەبووتەوە.

ڕەنگە هەر کام لە ئێمە لەم وتووێژەدا خۆمان وەک منداڵ یان دایک وباوک ببینیننەوە، سپاستان دەکەم گەر لە گفتوگۆی نێوان من و عەبدوڵادا بەشداری بکەن. زۆرتر سپاستان دەکەم گەر ڕەخنەگرانە بڕواننە تێڕوانینی هەردووک لامان.

وێڕای ڕێز

برایم فەڕشی

ڕۆژێک لە ڕۆژان

بەشی یەک:

http://www.youtube.com/watch?v=VUpqUMmJzds&list=PL18GUhVcDpgeybJ1nx5KFOw2x-Mq15IUv

 

بەشی دوو:

http://www.youtube.com/watch?v=2vKPq1_fz-0&list=PL18GUhVcDpgeybJ1nx5KFOw2x-Mq15IUv

 

 

 

********************************************

 

 

موفلیس...

هەر موفلیسێک دەتوانێ هەستێتەوە، جگە لە موفلیسی فکریی و سیاسی!

 

حزب و ئیدە...!؟


حزب هەڵگری ئیدەیە، ئیدەکان نەگۆڕ نیین. حزبی نەگۆڕ، گۆڕستانی ئیدەیە!؟

 

ئازادی
کە حزب بوو بە مزگەوت و ڕابەر بوو بە مەلا، ئازادی بار دەکات!؟

 

بێگانە...؟!

هێندە لە گەڵ خۆم و کۆپی خۆم و کەسی وەک خۆم هەستاوم و دانیشتووم، هەر کەس جگە لە خۆم بە بێگانە دەزانم!

 

دەبەنگ...؟!

هەتا ئازاد بووی و قسەت دەکرد، لێت دڕدۆنگ بووم، باوەڕم پێت نەبوو! کە لە بەند خرای، بێدەنگ بووم! کە لە دار درای، زانیم سیاسییەکی دەبەنگم!

 

کۆن و نوێ


لەوەتی هەین و تا ئەو کاتەش کە دەبین، بە هاتنی نوێ و ڕاونانی کۆن شاد دەبین و لە حەسرەتی هاتنەوەی کۆندا، دەمێنینەوە!

 

کەی دەمری...؟!

گووتیان مردووی! شەو وشەبارانم کردی! بەیانی لە ڕێگای هاتن بۆ پرسەکەت، تەلەفونم بۆ ماڵەکەتان کرد، کە گوێم لە دەنگی خۆت بوو، زانیم نووسەرێکی درۆزنم!!

 

 

********************************************

ێناسە...


لە سەدەکانی ناوەڕاست تاک تاک کورد گەیشتوونەتە ئەو شارەی کە ئێستا من لێی دەژیم. بە پێچەوانە لێرەوەش خەڵک گەیشتوونەتە وڵاتی ئێمە، بەڵگەش بۆ ئەوە دەیان ئاهەنگی فۆلکلۆری کوردییە لە ناو موسیقای ئەم وڵاتە. لە سەرەتای هاتنم بۆ ئێرە کاتێک کە لێیاندەپرسیم خەڵکی کوێی؟ دەمگوت خەڵکی ئێرەم بەڵام چەند هەزار ساڵ بەر لە ئێستا بارم کردو ڕۆیشتم و ئێستا هاتوومەوە. لەو شارە جگە لەمن ٤٥٠٠٠ کورد دەژین، لەم وڵاتە یەک ملیۆن کوردزمان نیشتەجێن.
لەم وڵاتە سێ جیل، سێ نەوە، سێ بەرە لە کوردەکان دەژین. تەنانەت گۆڕستانەکانیش کوردیان وەخۆ گرتووە. زۆر کەس منداڵەکانیان لەم خاکە لە دایک بوون و ئەو خاکە دەبێتە زێدیان. گەر ئەمڕۆ یەک ملیۆن کورد لێرە بژین ٢٠ ساڵی دی ژمارەیان دەبێتە چەند؟ ئایا ٢٠ ساڵی دیکە کورد لە ئوروپا پێگەیەکی زۆرتر پەیدا دەکات؟  ئایا جێگۆڕینێکی مێژوویی بۆ کورد و هەموو نەتەوەکانی سەر گۆی زەوی دەستی پێنەکردووە؟ گەر ئەمڕۆ لەو شارەی من ٢٦٠ نەتەوەی جیاواز بژین، ٢٠ ساڵی دی ڕواڵەتی ئەم شارە و خەڵکەکە چۆن دەبێ؟
ئایا دەبێ بیر لەو پرسیارانە بکەینەوە، ئایا دەبێ کەسێک چەند زێدی هەبێ؟ کاتێک منداڵ و نەوەکانی هەرکام لە ئێمە ئەم خاکە بە زێدی خۆیان بزانن، یان بێژن ئێمە مناڵی دوو زێدین، وڵام چییە؟ زۆر لە ئێمە زیاترین ساڵەکانی ژیانمان لەم شار و ئەو شاری ئوروپا تێپەڕیوە، ئایا هەست بەوە دەکەین کە خەڵکی ئەم شار و ئەو وڵاتانەین؟ جگە لە خاک ئێستا هەرکام لە ئێمە لە ڕێگای ئ
ینترنێتەوە بووینەتە خەڵکی جیهانێکی نادیار!
زیاد لەوە هەر کام لە ئێمە ڕۆژانە دەبینە خەڵکی ئامێد، هەوڵیر، کرماشان، قامیشلو و.... گەر ئێمە ئیتر بە تەنیا خەڵکی گوند و شارەکەی خۆمان نەبین، ئایا نابێ بیر لەوە بکەینەوە کە ئێمە بە پێناسەی تەسکی سەدەکانی کۆن ناتوانین ئەمڕۆ خۆمان بناسێنین. پێناسەی نوێ و ئەمڕۆیی ئێمە چییە؟

 

ئەو ڕۆژانەی ...
ڕۆژی ١٧ی "شهریور" لە تاران بینەری کوشتار بووم و کورد گوتەنی بە مفتێ نەجاتمان هات. ڕۆژی ٢١ "بهمن" لە تەورێز بووم، کە شار شێوا خەڵک هێرشیان بردە سەر پادگان و شارەبانییەکان، لە نزیک باخی گوڵستان خەڵک پاسەبانێکیان گرت و ڕژانە سەری، ژنێک حەولی چاو هەڵکۆڵینی کەسەکەی دەدا، کە کابرایان بێ گیان کرد بە سەر دارێکدا هەڵیانواسی. هەر ئەو ڕۆژە بەرەو میاندواو وەڕێ کەوتین، لە ئازەرشار خەڵک کۆمەڵێک پاسەبانیان وەپێش خۆیان دابوو و بەرەو دەرەوی شاریان دەبردن، هەر لەوێ خۆیان هەموویان گولەباران کردن. لەو ڕۆژانەوە تا ئەمڕۆ و بەدرێژایی ١٤٠٠ ساڵ و ٢٥٠٠ ساڵ تووند و تیژی و کوشتن بەشێک لە پێناسەی دەستەڵاتدار و بێ دەستەڵاتی ئەم سەرزەمینە بووە و هەیە!

 

ئایا مرۆڤ بەرهەمی تاقیکردنەوەکانی خۆیەتی!؟
ڕۆژێک لە ڕۆژانی هاوینی ساڵی ١٩٧٨ لە تاران، بە هەڵکەوت خۆم لە کۆبوونەوەیەکدا دیتەوە. چرا کوژاوە و فیلمێکی پڕ لە مەلا نیشان درا. هەرکە وێنەی خومەینی دەردەکەوت، دانیشتووانی هۆڵەکە بە حاڵەتێکی هیستریک و دەنگێکی ئازاردەر هاواریان دەکرد. یەکەم جار بوو فیلم لە خومەینی نیشان دەدرا! من کپ و بێدەنگ و سەرسام مەتەقم لێوە نەدەهات، دەورو بەر سەیر سەیر سەیریان دەکرد
م. هەستم بە فشارێکی ڕۆحی گەورە دەکرد، لە ناو گەرمای هۆڵەکەدا هەناسم سوار ببوو. بە پەلە خۆم گەیاندە دەرەوە و پڕ بە سییەکان هەوای تازەم هەڵمژی، هەستم بە ڕزگاربوون دەکرد! ئەوەی ئەو دەم لەو هۆڵە تاقیکراوە، دواتر لە وڵاتێک بە ناوی ئێران پەیڕەو کرا. هەروەک چۆن تاقیکردنەوەکەی هیتلێر لە تەویلەیەک لە لایەن یەک میللەتەوە پەیڕەو کرا.

 

ئایا هەڵەمان کرد؟؟
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەست کورد و لە لایەن کوردەوە ئیدارە دەکرا، شار و گوند گشتی ئازاد بوو، ئەوە سەرەتای گۆڕینی ڕژیمی پەهلەوی بوو. لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان لە پیادەڕۆ سەیری کتێبانم دەکرد، کەسێک لە تەنیشتم سەری قسەی لەگەڵدا کردمەوە، باس بوو بە باسی سیاسی و چارەنووسی ئێران و کورد، ئەو گووتی:" ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی کوردستان قەوارەی سیاسی خۆی پەیدابکات و دەستەڵاتی خۆی دابمەزرێنێ." زۆرم پێ سەیربوو لە زمانی کەسێکی فارسی تەمەن ٢٥ ساڵەوە شتی وا ببیستم. ئەو پێداگری دەکرد لە سەر ئیدەکەی خۆی و من لە ئینکاری قسەکەی ئەودا دەدوام. ئێستا ڕۆژئاوا هەمان کار دەکا کە ئێمە باوەڕمان پێی نەبوو. لەوان و لەهەموو کوردێک پیرۆز بێ و ئێمەی ڕۆژهەڵاتیش با ساتێک بیر لە خۆمان، ڕابووردو و ئێستا و داهاتوومان بکەینەوە، با لەو قاوغە دەربازبین کە تێیدا هیلاک و هەلاهەلا بووین.

ڕۆژێک لە ڕۆژان
برایم فەڕشی

 

********************************************

دەسترێژ



لافاو ئەویشی لە جێی خۆی هەڵکەندبوو. لەو ڕۆژانەدا هەموو بۆ ئازادی و ماف ، خەباتیان دەکرد، خۆیان وایان دەگوت. شارەکان لە بەر ئەم خەباتە جمەی دەهات. زۆرجاران لە سەر وەرگرتنی ئازادی بۆ خەڵک، شەڕ وهەڵا ساز دەبوو، خەڵکیش دەهاتنە سەیریان.
کالای ئەم بازاڕە ئازادی سوسیالیستی، کۆمۆنیستی، نەتەوایەتی و ئیسلامی بوو. ئەویش یەک لەو فرۆشیارانە بوو. ڕۆژێک بە سەرسووڕمانەوە دیترا لە جیاتی ئەوە داکۆکی لە حزبەکەی خۆی بکات، پشت لەو داکۆکی لە بەرانبەرەکەی دەکرد. کەسانێک کە دەیانناسی، لایان وابوو لێی تێکچووە، دەیانویست تێیبگەیێنن، بەڵام دەرکەوت کە لێی نەگٶراوە و ماڵی گۆڕیوە. باڵ بەئەستۆی ئەوانەی باسیان دەکرد، دەگوترا وەشوێن کوران کەوتووە، هەر بۆیە وەدەریان ناوە.
لە ماڵی نوێ ببووە پێشمەرگە، لە شەڕێکدا گولەی وەلاقی دەکەوێت. ماوەیەک لە یەکێک لە شارەکانی ئەو دیو لە نەخۆشخانە مایەوە، پاشان دەوری حزبایەتی خەت کێشا و دەستی کرد بە کاسبی. قاچاخچییەتی ئەم دیو وئەو دیوی دەکرد، ڕێگەوبانیش تەواو شارەزا بوو. بۆی دەرکەوتبوو پارەکۆکردنەوە لە شەڕ بۆ سۆسیالیسم و کۆمۆنیسم و ئیسلام و ناسیۆنالیسم خۆشتر و هاسانترە.
خولیای دەرهاوردنی پارەی زۆرتر هانی دا، بۆ لای ئەمن. کارەکەی ئەوە بوو لە دۆڵ و شاخەکان نەیارەکان بە هەر جۆرێک کە بۆی بلوێ بگەیێنێتە شۆرتەیەکی عیراقی. کەوتە دینار کۆکردنەوە، بەڵام زۆریشی حەز لە ڕیاڵی ئێرانی بوو. وردە وردە ڕێگەی ئەم لایەشی بۆ خۆش کرا، ئەوجار سەوداو مامەڵەی بوو بە چەند قات. ئەوەی ڕیشی هەبوو دیناری پێوەردەگرت، ئەوی دی بە ڕیاڵ دەگۆڕییەوە.
کاری ڕیاڵ و دینار پەیداکردن گەیشتە جێگەیەک کە مەترسی بۆ حزبەکان بێنێتە پێش. یەک لەم لایەنانە لە کۆمیتەی حزبی بڕیاری ئیعدامی ئینقلابیان بۆ دەرکرد. ئەیانزانی لە کوێ دەژی.
شەودرانگانێک دەستەیەکی سێ کەسی لە کۆڵانە تاریکەکاندا بە شوێن ماڵەکەیدا دەگەڕین. پێشمەرگەکان هەموو گیانیان ببووە چاو وگوێ. یەک لەوان بە سەرتە گوتی"ئێرەیە".
دیواری ماڵەکە کورت بوو، هەر هێندەی باڵای پیاوونیوێک، یەک لەوان بوو بە نەردیوان و دووانەکەی تر بە سەریدا هەڵگەڕان. لەو بەرەوە خۆیان شۆرکردەوە ناو حەسارەکە. کابرای نەردیوان وەک قەڕاوڵ لە شوینی خۆی مایەوە. دوو پێشمەرگەکەی دیکە بە ئەسپایی پانایی حەسارەکەیان بڕی، سێ پێپلیکان ئەوانی بۆ ناو داڵانەکە برد، لە ڕاست و چەپی داڵان دوو ژوور هەبوون. پێشمەرگەکان پشت لە یەکتر ڕوو بە ژوورەکان بە ئەسپایی هەنگاویان دەنا. کە هەرکیان گەیشتنە بەر دەرکەکان، ئاوڕێکی کورتیان لە یەکتر دایەوە و بە شەق دەرگاکانیان کردەوە، چاویان قووچاند و دەستڕێژیان کرد. چەند چرایەک لە ماڵەکان هەڵکران، گریانی چەند منداڵ بێدەنگی شکاند. بەڵام زۆری پێنەچوو تاریکی و بێدەنگی گەڕایەوە کۆڵانەکە.
پێشمەرگەکان هەناسەبڕکێیان بوو، بۆخۆشیان نەیاندەزانی بە چ خێراییەک گەیشتوونەتە دەرەوەی شار. کە زۆر لە شار دوورکەوتنەوە و ئەرخایەن بوون کەسیان بە شوێنەوە نییە. لە سەرەخۆ دەڕۆیشتن. هەر سێکیان بێدەنگ بوون. کەسیان نەیدەزانی لە مێشکی ئەویتردا چ باسە! بە سڵامەت گەیشتنەوە مەقەڕی خۆیان.
پێش ئەوەی ڕادیۆی پێشمەرگە باسی ئەم جاشکوژییە بکات، ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی حکوومەت کەوتنە هەواڵ بڵاوکردنەوە. ڕۆژی دوایە ڕۆژنامە دەگاتە دەست پێشمەرگە. ئامیرهێز کە چاوی بە وێنەکان دەکەوێت، تەزوویەک بە تۆقی سەریدا دێت. ڕۆژنامە هەڵدەگرێت و بەرەو سێ پێشمەرگەکە ڕادەکات. هاوار دەکات:" ئەوە چیتان کردووە؟"
پێشمەرگەکان کە ئامرهێز دەبینن، ڕەنگ بەڕوویانەوە نامێنێ، نازانن ئامرهێز خوشحاڵە یان تووڕە. "ئەزانن کێتان کووشتووە؟"
پێشمەرگەکان زاتی قسەکردنیان نەمابوو، یەک لەوان بە پەلە دەستی بە گریفانیدا کرد و کوتە کاغەزێکی دەرهێنا، کەنیشانی ئامرهێزی بدا، کە خۆی سەیری کرد، ڕواڵەتی زەدر هەڵگەڕا، قسەی بۆنەکرا، لە سەر کوتە کاغەزەکە نووسرابوو "کۆڵانی... ماڵی ژمارەدوو. پێشمەرگەکان خۆیان بە ماڵی ژمارە سێدا کردبوو، ئەو ماڵەی کە دۆستی خۆیان بوو.



برایم فەڕشی
بەیانی یەکشەممە ١٣/٨/١٩٩٥

********************************************

 

 

گوگردی بێ خەتەر....!؟

 

ژمارە تەلەفونی منت لە کوێ دەست کەوتووە؟

"لە دایکم"!

ناوی خۆی و دایکی دەهێنێ، هیچیان ناناسم!

 

***

تەلەفون دەنگی لێ بەرز دەبێتەوە. کتێبەکەم وەلا دەنێم.

ئەلۆ!

"بابە!" 

ببوورە، دەبێ ژمارەکەت بە هەڵە گرتبێ!

" نا، دایکم گرتوویە و ژمارەی خۆتانە!"

دایکت کێیە؟

"دایکم خێزانی ئێوەیە!"

من خێزانم نییە!

بەر لەوەی هەناسم سوار بێ و نەمویست قسەیەکی ناحەز بێتە سەر زارم، پڕ بە سییەکانم هەناسە هەڵدەکێشم و دەیدەمە دەر و لە سەرەخۆ دەپرسم، دایکت ناوی چییە؟

" ناوی هەدیەیە"

هەدیە؟

"بەڵێ"

خەڵکی کوێن؟

"هەولێر"

لە هەولێرەوە قسە دەکەی؟ 

"نا، لە شتوتگارتەوە! بە شوێن تۆدا گەیشتووینەتە ئاڵمان."

من لە کوێ دەناسی؟

"من ئێوەم نەدیوە، دایکم ئێوە دەناسێ"! 

من خەڵکی کوێم؟

" دایکم دایم دەڵێ، ئێوە ئێرانیین!"

باوکت ناوی چییە؟

لە وڵامدا ناو و شۆرتەی خۆم دەهێنێ.

پێموایە ئەو منداڵە، گاڵتەم لەگەڵدا دەکات. 

دەتوانم لە گەڵ دایکت قسە بکەم؟

" دایکم پەرێشانە و ناتوانێ قسە بکات!"

نازانم ئەمە گەمەیە، یان تراژێدی دایک و منداڵێکی لێقەوماوە؟!

ناوت چییە؟

"هێمن!"

هیچم لە بیر نایاتەوە، جگە لە هێمن و چنار کە لە ڕێگای مەدرەسە لە گوندەوە بۆ سەید سادق، لە زستانێکی تەڕوتووش لە ناو بەفر، ڕەق هەڵاتبوون.

هێمن گیان، من نە منداڵم هەیە و نە دایکیشت دەناسم. ئەگەر گرفتی دیکەتان هەیە و من دەتوانم کارێک بکەم، پێم بڵێین.

چاوەڕوانی وڵام بووم، بەڵام هیچ دەنگی لێوە نەهات، پاش بێدەنگییەکی درێژ، خەتەکە پچڕا.

 

***

خۆم بە خۆم گوت، ڕەنگە ئەوە هەر منداڵەکەی بیست و چەند ساڵ لەوە پێش بێ!؟ دەپرسم لە کوێوە تەلەفون دەکەی؟ ناوی گوندێکی نزیک  بێستوون دەهێنێ. لای خۆم پێموابوو کابرا گاڵتەم لە گەڵدا دەکات، تەلەفونەکەی من، کۆدی بریتانیا نیشان دەدا، دەپرسم ئێستا لە بریتانیاوە تەلەفون دەکەی؟

"نە باوە، لە کرماشانەوە، دەمەوێ رێنموماییم بکەی."

 دەپرسم، گەرەکتە بێی بۆ خوێندن، یا نەخۆشتان هەیە.

"نە  باوە، کێ حەوسەڵەی دەرسی هەیە؟ گەرەکمە ببم بە پێشمەرگە!"

وەمزانی حاڵی نەبووم، دەپرسم، دەتەوێ ببی بە چی؟ دیسان دەڵێ، پێشمەرگە!

 لە کرماشانەوە دێی لە ئاڵمان ببی بە پێشمەرگە؟! 

"نا، دەمەوێ بچم بۆ کوردستان عەراق. "

خۆم پێموایە کابرا گاڵتەم پێدەکات. لێی دەپرسم ئەهلی شانۆ و جەفەنگیاتە؟ دەڵێ، نەباوە، وەرزشکارم. دەپرسم دەتەوێ ببی بە پێشمەرگەی کام حزب؟

" کامی خاسە؟"

 دەپرسم، مەبەستت چییە؟ دەیکاتە کرماشانی گوتن.

"ئووشم کامی خاسە؟"

خۆت دەبێ بزانی، مەیلت بۆ کام خەتی سیاسی هەیە؟

"فەرقیان چەس؟

مەگەر خۆت نازانی، مەگەر تۆ بۆچوونێکی سیاسی تایبەتت نییە؟

"نە باوە، من وەرزشکارم، ئاوازیش ئەخوێنم!"

دەی بۆ وەشوێن کاری خۆت ناکەوێ، چکارت بە پێشمەرگایەتییە؟! دەڵێ، هەر لە منداڵییەوە حەزی لە پێشمەرگایەتی بووە. دەڵێ، دیپلۆمی وەرگرتووە، نایەوێ بچێ بۆ سەربازی! دەڵێم، ڕەنگە لە پێشمەرگایەتی بکوژرێی. دەڵێ هەر بۆیە تەلەفونم بۆ ئێوە کردووە، دەمەوێ پێم بڵێی کامیان بێ خەتەرن، کامیان باشترن!  نازانم بەو قسەیەی پێبکەنم یان شەق بەرم!؟ بە گاڵتە پێیدەڵێم، لە گوگردی بێ خەتەر دەگەڕێی؟

لە ناکاو جوکەیەک لە تەلەفونەکە بەرز دەبێتەوە و پێوەندی نامێنێ. تەلەفون دیسان دەنگی لێ بەرز دەبێتەوە، بە پەلە دەڵێ ببوورە کارتی تەلەفونەکەمان تەواو بوو، دواتر زەنگ لێئەدەم.

 

ڕۆژێک لە ڕۆژان

برایم فەڕشی

 

 

********************************************

کتێبەکانم بسووتێنن، تەرمەکەم ئاگر تێبەردەن!؟

 

نیوە شەو،بە دەنگی زەنگی تەلەفۆن ڕادەچڵەکێم!

دەنگی گریان دەبیستم! نازانم کێیە و بە چ زمانێک لە گەڵی بدوێم. "بۆلتسن" کە زانای فەلسەفەیە و بە ساڵان پێوەندی لە گەڵ بنەماڵەکەی پچڕاوە، تەلەفونی وای بۆکردبووم، یان "دیۆگنیس" کە وێژەری پێشووی تەلەوزیۆن بووە و ئێستا دوور و بێ خەبەر لە منداڵەکانی، بە تەنیا دەژی! گەر ئەوانە نەبن، هاووڵاتیین و هەر کام چیرۆکی نەگوتراو و نەبیستراو و نەنوسراو دەگێڕنەوە.

لە سەرەخۆ دەپرسم، چی بووە؟ دەڵێ:

"ئەژنۆم شکا"

ئەژنۆم شکا، مانای دووهەمی مەرگە، بەڵام مەرگی کێ؟ ئەو بێدەنگە و من زاتم نییە پرسیار بکەم و پرسیار ناکەم و هیوا دەخوازم، ئەویش بێدەنگ بمێنێتەوە، بەڵام بێدەنگ نابێ و دەڵێ:

"ئێمە بۆ وامان بە سەر هاتووە؟"

"بۆ هەر کام لە ئێمە لە تەنیایی خۆماندا سەر دەنێینەوە؟"

"بۆ بێ خەم بە ژیانی خۆمانەوە نووساوین؟"

"بۆ بۆمان گرنگ نییە، چی دەقەومێ؟"

من بێدەنگم و ئەو نا، ئەو بێدەنگە و من بە سەرئەژنۆکانمدا دەچەمێمەوە!

ئەو بێدەنگە و من کوڵی گریانمە!

نووسیویەتی، هەموو بەرهەمەکانم، کتێب و دەستخەت و سەرجەم کارەکانم ئاگر تێبەردن و تەرمەکەمی تێهاوێژن، گۆڕم ناوێ، پرسەم بۆ مەگێڕن با بە تەنیا بمێننەوە!!

 

ڕۆژێک لە ڕۆژان

برایم فەڕشی

********************************************

هەولێر

 

گوتت:" هەلاکۆ بەزێنی"

ئەدی بۆ ڕێگا بۆ تانکەهاوردەکان

 خۆش کرا؟

 بۆ شێخ زانا

ناوبانگی لە شێخی گەورە

ڕفاند؟

 بۆ شەقامەکان

 لە تەرمی کوردان

تەژی کران؟

 بۆ زیندانەکان

لە مڕۆڤی ئازا پڕکران؟

 

تۆ بڵێی مام "هۆمەر"

مامە "پەشێو"

بزانن

قژی کاڵ و لێوی ئاڵ

بڕدراوە؟

تەرمی کیژۆڵان

ئاگر دراوە

گٶڕی سەربازی ون

بە دار لێیدراوە؟

 

تۆ بڵێی فەیلەسوفەکەی بەردهاوێژ

ئاگای لە مەمکبڕانی کیژۆڵان بێ

تۆ بڵێی بەردێک  لە کەعبە بگرێ

 

مەمکى بڕا و لە سەردەست

دێوانە ئاسا لە ناو شار بگەڕێ

هاوار بکا

" ئەی مەردم بایەنە دیار"

جەنایەت کراوە! جەنایەت؟

 

گوتم پێتەختی وڵات

کیانی سابڵاخ

زیندوو دەکاتەوە

کوڕانی شێری بارزان

کۆشکی ئاوات، ئاوا دەکەن

 

کەچی

فەڕشە سوورە دڕاوەکەی شا

تازەکرایەوە و خرایە ژێر پێی

جڕجاڵ مەلایەکی عەجم،

قازیش

لە پشت هۆڵەکە مایەوە!

 

وتم لە سەر قەڵا ڕۆژهەڵدێ 

چوار دەور لە چوار سووچەوە

ڕەشبەڵەک دەگەڕێ

کەچی

کچانی ڕۆژئاوا ئەتک کران

کوڕانی باکور ڕاونندران

شاعیرانی ڕۆژهەڵاتیش

لە بەند توند کران!

 

هەولێر

گوتم هەتا گۆڕم لە تەنیشت قەڵا ساز دەبێ

دەمێنمەوە

کەچی دەبێ بڕۆم

نەوەکانی هەلاکۆ و خودا و کوروش

تۆ و خەڵک و وڵاتەکەیان

 بەزاندووە!

 

ڕۆژێک لە ڕۆژان

برایم فەڕشی

********************************************

کۆیلە

 

من کۆیلەی کۆیلەکانی ئەم جیهانەم

کۆیلەی مێژووی کۆیلەتی ئەم نیشتمانەم

 

من کۆیلەی ئاسمانی ئاوس بە خوا

کۆیلەی ئەم خاکە پڕ خواپەرستانەم

 

من کۆیلەی سەر زەوی، بێ زەوی

کۆیلەی خاوەن خاک و ئەو خاکپەرەستانەم

 

من کۆیلەی خێڵە خێڵی خێل پەرەستان

کۆیلەی بازاڕی مەزادکاری ئەم مەزادخانەم

 

من کۆیلەی کۆڵەواری کۆیلەڕابەر

کۆیلەی کۆیلەکانی ئەم جیهانەم

 

 

کۆیلە

 

جار وایە کۆیلەی دڵ و جار کۆیلەی مێشکم

کۆیلەتی دڵ، بەرەوە تووانەوەم دەبات،

چ ڕەق بم، چ نەبم!

کۆیلەتی مێشک، دەمچەقێنێ،

چ شل بم، چ نەبم!

منی کۆیلەی ئەم وئەو،

کەی دەبمە خاوەنی خۆم؟!

 

 

 

ئێرە کوردستانە

 

کاتێ لە هەولێر و سولەیمانی شادیلۆغانە،

لە کۆبانی تۆپباران و گەڵاڕێزانە!

 

کاتێ لە شەنگاڵ هەر بستێکی زەوی گۆڕستانە

لە کوەیتی کورداندا، کاتی ڕاکردنی چەتەسیاسی و بازرگانانە!

 

کاتێ لە زیندانەکانی  ڕۆژهەڵات هەڵواسین و لێدانە

لیڕە بێدەنگی و کاتی لە ئامێزگرتنی بەرپرسانی تارانە!

 

کاتێ لە باکوور ڕێپێوان و بەرخۆدانە

لە پایتەختی کوردان، کاتی مامەڵە لە گەڵ تورکانە!

 

ئێرە  مۆڵگەی نە کورد و ئازارگەی چوارلکی نیشتمانە!

ئێرە، کوردستانە!

********************************************

لە پێناو بێ تاوانی جاشەکان!؟

---------------------------------

 

جاش، ڕۆلەی کەرە و کەریش زیندەوەرێکی بێ زەڕە. کەر و بارگین و ئێستر ئەندامانی یەک بنەماڵە و بە ڕەچەڵەک لە باکووری ئەفریقاوە دێن و ٦٠٠٠ ساڵە بن و بنەچەکیان پشتاوپشت خزمەتکاری ئینسان بوون! کەر هەمەجۆر و هەمەڕەنگە و لە ناو هەموو زمان و فەرهەنگەکان، جێگای هەیە. هەرچەند کەر بە درێژایی مێژوو خزمەتکاری بێ زەڕی کورد بووە، بەو حاڵە کورد لە زمان و فەرهەنگەکەیدا بە باشی پاداشی کەری نەداوەتەوە و تەنانەت خائینەکانی ناو خۆی بە ڕۆڵەکانی کەر شوپهاندووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە کەر و جاشەکەرەکان و تەواوی بنەماڵەی کەر بە ئەسپ و ئێستر و بارگینەوە، بە درێژایی تەمەنیان خەیانەتیان بە کورد نەکردووە.

کەر بە درێژایی ژیانی خۆی حەزی لە سیاسەت نەکردووە و خۆی لێ لاداوە، کەچی هەژار موکریانی کەر و جاشەکەر، تێکەڵ سیاسەت دەکات و بەوەش غەدرێکی گەورە لەو حەیوانە بێ ئازارە دەکات. ئەو مرۆڤی خائیین بە خەڵک و خاک و نیشتمان و بێگانەخوازانی سیاسی، بە جاش ناو دەبات و قەباڵەی سیاسیان بۆ دیاری دەکات. هەژار کۆمەڵێک لە شیعرەکانی تەرخان کردووە بۆ جاشەکانی سیاسی و ناسیاسی و لە هەمبانەبۆرێنەشدا ئاوای باسی جاشی کردووە:

 [[جاش: ١)بەچکەی کەر٢)پیاوێ ژن بە وادە مارە دەکا و کرێ دەستێنێ٣)برێتی لە خۆفرۆش بە داگیرکەرانی وڵات]]

ئەوەی هەژار موکریانی مرۆڤی خائین بە خەڵک و خاک و نیشتمان، خۆفرۆش و بەکرێگیراو بەو حەیوانە بێ ئازارە بشوبهێنێ، یان لاڕێی سیاسی، نیشتمان فرۆش و سیخوڕی بێگانە بە جاشی فڵان ساڵ ناوبەرێ، دەتوانێ باسی شیعرەکانی بێ، بەڵام ئەوە پێناسەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و حقووقی بۆ خائیین و جنایەتکاران نییە!

کەر و جاشەکەر، وەک حەیوان جیا لە خسڵەتی سرووشتی خۆیان ناجولێنەوە، خائیین بوون خسڵەتی سرووشتی ئینسان نییە و خەیانەتکار دژ بە خسڵەتی سرووشتی ئینسان دەجولێتەوە! جاشەکەر ، ڕاستە چەند هەنگاو بەر لە دایک و باوکی هەنگاو دەنێت، ئەوەش هەر سرووشت و غەریزەی ئەو حەیوانەیە، خائینن و نیشتمانفرۆش بە مەیلی خۆی دەبێتە کەواسووری بەر لەشکر، ئەو بە زانایی و مەیلی خۆی نیشتمان دەفرۆشێ، ئینسان دەکوژێ و خیانەت بە خەڵکەکەی دەکات، هەر بەوەش تاوانبار دەکرێ و لە مەحکەمە سزای بۆ دیاری دەکرێ. بەڵام هیچ کەرێک، هیچ جاشێک لە هیچ مەحکەمەیەک لێپرسینەوەی لێناکرێ کە بۆچی کەرە، بۆچی جاشە! کورد و بە تایبەت مرۆڤی ناو بازنەی سیاسەت و بیروهزر دەبێ خائیین، نیشتمانفرۆش، جەنایەتکار، سیخوڕی بێگانە، بەکرێگیراو، خۆفرۆش بە ناوی ڕاستەقینەی سیاسی، حقووقی، کۆمەڵایەتی خۆیانەوە بناسێنێ. ناوزەدکردنی هەموو ئەو کەسانە بە جاش، میداڵێکە کە بە بەرۆکی چەپەڵترین مرۆڤی ناو کۆمەڵگادا دەکرێ و دوورە لە ژیری سیاسی و حقووقی و تەنانەت دوورە لە فەرهەنگی شیعر و هونەر . غەدرێکی گەورەشە لە کەر و جاش کە ناو وکەسایەتی حەیوانێکی خزمەتگوزاری ئینسان، دەزەڕێنێ و داوێنی خزمەتگوزارێکی ئینسان تێکەڵ پیسی و چەپەڵی چەشنێک لە ئینسان دەکات. هەژار و کەسانی دوای ئەو، ئەو مافەیان نەبوو، پیسترین مرۆڤی ناو کۆمەڵگای خۆیان، بە نەجیبترین و زەحمەتکێشترین حەیوان بشوبهێنن!

 

برایم فەڕشی

 ڕۆژێک لە ڕۆژان

 

 ئاوازە:

١- یۆهانس ئێزل ( یۆهان کەر) سیاسەتمەدارێکی ناوداری ئوتریشی سەدەی بیست بوو، جاشیش نەبوو!

٢- جەنابی کەر ڕێگای کەوتۆتە ناو فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش، ئیمام غەزالی باسی کەرێک دەکات کە لە نێوان دوو کانی ئاودا توونی دەمێنێتەوە و ناتوانێ هەڵبژێرێ کە لە کامیان بخواتەوە. یۆهانس بوریدان پرۆفسۆری زانستگای پاریس کە لە سەدەی چاردە ژیاوە، باس لە کەرێک دەکات کە لە نێوان دوو کۆگا کادا برسی دەمێنێ و ناتوانێ هەڵبژێرێ لە کامیان بخوات.

********************************************

محەممەد و کۆیلەی سپاسگوزاری خودا!؟
---------------------------------------

مرۆڤێک کە فێی لێدەێ، نەخۆشێکی ڕەوانی، بکوژێکی بەکۆمەڵ، دیکتاتۆڕێکی نەخۆش، هەوەسبازێک و... گەلێک سیفەتی تر، وشەگەلێکە کە حامد ئەبدول سەمەد بۆ ناساندنی محەممەد و یەکلاکردنەوەی حیساب لە گەڵ ئەو لە کتێبەکەیدا، بەکاری دەهێنێ.


حامد زۆرێک لەو زانیارییانەی کە لە کتێبەکەیدا دەهێنێ، ڕەنگە زۆر کەس لە قسە وباسی ڕۆژانەدا، باسیان لیوەکردبێ و لە کۆمەڵگای ئیسلامیشدا بەردەوام گوترابێتنەوە، بەڵام ئەو ئەم زانیاریانە لە وڵاتێکی ئوروپی و بە زمانی ئاڵمانی بە ئاشکرا بڵاودەکاتەوە، کە مێژوویەکی درێژیان لە بەکارهێنانی ئیسلام بۆ مەبەستی سیاسی هەیە و هەر ئەوان یەکەم جیهادی ئیسلامیان لە رێگای تورکیای عوسمانییەوە بە دژی رووسیا و بریتانیا بەڕێوەبردوە
.

ئەو لە وڵاتێک کتێبەکەی بڵاوکردۆتەوە کە چەند سەدەیە بە شێوەی سیستیماتیک ئیسلام ئادابتە دەکات بۆ مەبەستی سیاسی. ئیسلام کە قەیسەری ئاڵمانی، بە موسڵمان ناو دەبرد، ئیسلام کە هاودەنگ لە گەڵ نازییەکان بوو، ئیسلام کە لە ئاڵمان دەرەجەی زانستی پێبەخشرا و خسترایە چوارچێوەی دەرسی زانستگاکانەوە. ئیسلام کە زۆربەی وڵاتانی عارەبی و ئافریقایی و ئاسیایی بۆ مەبەستی سیاسی و دنیایی بەکاری دەهێنن، هەر ئەو ئیسلامەی کە بەوتەی ئەبدولسەمەد لە سەردەمی محەممەدەوە بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێندراوە.
ئاڵمان لە سیاسەتی نوێ خۆیدا ئیمام بۆ مزگەوتەکانی ناو ئاڵمان پەروەردە دەکات و ئەو کتێبە و هاتنی یەک ملیۆن پەنابەری موسڵمان، دەرفەتی نوێ بۆ پێکهێنانی ئیسلام لە چەشنی مەسیحییەت خۆش دەکات، گەر دەیان چەشن ئیسلامی تووند و تیژ، کە حامد بە ئیسلامی ڕاستەقینەی دەزانێ، ئەو دەرفەتە بدەن!

حامد ئەبدولسەمەد لە کتێبەکەیدا کە بە ژیاننامەی محەمەدیش ناودەبردرێ، باس لە ژیانی محەممەد لە مەکە دەکات کە دوور لە شەڕ و تووند وتیژی بووە و لەو ڕێگایەوە سەرناکەوێ ئایینەکەی پەرە پێبدات، بەڵام کە دەگوێزێتەوە بۆ مەدینە و لەشکری نیزامی پێک دەهێنێ و دەست بە شەڕ و کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و دیلگرتن دەکات، دینەکەی پەرە دەستێنێ. ئەوەش هەر هەمان بۆچوونە کە بەر لە حامد گوتراوە و نووسراوە، کە ئیسلام لە ڕێگای شەمشێر و کوشت وبڕینەوە پەرەی ساندووە.
لە مەر نووسینی ژیاننامەی محەممەد ٢٠٠ ساڵ پاش مەرگی، حامد ئیشارە بە خاڵێکی گرنگ دەکات، ئەویش بوونی ژیاننامە و چیرۆک گێڕانەوە لە سەر مەسیحە. بە گوێرەی وتەی ئەبدولسەمەد، دەبێ لایەنگرانی ئیسلام هەستیان بە ئەو نوقسانییە کردبێ کە پەیامبەرەکەیان پێویستی بە ژیننامە هەیە بۆ ئەوەی بکرێتە مرۆڤێکی"ئیلاهی"، گەر مەسیح کوڕی خودا بێ، محەممەدیش دەبێ پلەیەکی خودایی پێببەخشرێ بۆ ئەوەی کەس وەک مرۆڤێکی ئاسایی سەیری نەکات.

حامد ئەبدولسەمەد دەیەوێ ئەم وێنەیە بشکێنێ، ئەو لە کۆمەڵێک لە وتووێژەکانی دوو هەفتەی ڕابووردویدا، باس لەوە دەکات کە محەممەد مرۆڤێکی زەوینییە و دەبێ ڕەخنەگرانە سەیری بکرێ و کەسایەتی مێژوویی بە پێی مێژوو و ژیانی هەڵسەنگێندرێت، دەبێ کێشانی کاریکاتۆڕ و گاڵتەپێکردنیش نۆرمێکی ئاسایی بێ.

حامد ئەبدولسەمەد مرۆڤێکە کە لە لای باوکی کە ئیمام بووە، قورعانی خوێندووە و لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا سەرتاپای ئەو کتێبەی لە بەر زانیوە،ئەو هەتا گەیشتۆتە ئاڵمان، تێکەڵ گروپی ئیسلامی بووە و خۆی پرۆسەی خۆناسینی بەڕێوەبردووە و بۆتە ڕەخنەگری ئیسلام.

کتێبی محەممەد بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئاڵمان کە تا کۆتایی ئەوساڵ چاوەڕوانی هاتنی یەک ملیۆن پەنابەر دەکات کە زۆربەیان موسڵمانن، دەتوانێ یارمەتی دابەشبوونی زۆرتری کۆمەڵگای ئاڵمان بدات، لە لایەک سیاسەتمەداران کە بە سەر دوو لایەن دابەش بوون، لە لایەک کۆمەڵگا و لە لایەکی تر مێدیا. هەروەها ئەو کتێبە دەتوانێ گرفتی جیددی بۆ ئەو کۆڕوکۆمەڵانە پێک بێنێ کە بە ناوی ئیسلامەوە لە ئاڵمان قسە دەکەن و سەریان بە وڵاتانی ئیسلامییەوە بەندە، بە تایبەت تورکیا، ئێران و عەرەبستان. ئەم کتێبە و ڕەنگدانەوەی لە مێدیادا، یارمەتی کرانەوەی باس لە سەر ئیسلام و محەممەد و پەرەپێدان بە توندوتیژی لە ناو لاوان بە تایبەت لە ناو مەدرەسەکان دەدات، کە لە هێندێک شوێن زیاتر لە ٥٠ لەسەدیان منداڵی موسڵمانن.

حامد ئەبدولسەمەد کە خۆی ناوەکەی بە" کۆیلەی خودا و سپاسگوزاری خودا" مانا دەکاتەوە، لە دەرفەتێکی گونجاودا گاشەبەردێکی گەورەی خستۆتە ناو گۆمی لیخناوی سیاسەتمەدارانی ئاڵمانییەوە بە چەپ و ڕاست و ناوەڕاستەوە.
هەر ئێستا چاپی یەکەمی کتێبی محەممەد لە تەواوبووندایە، زۆرێک لە خەڵک چاوەڕوانی خوێندنەوەی ئەو کتێبە لە لایەن نووسەر، لە پیشانگای ناونەتەوەی کتێب لە فرانکفۆرت دەکەن، ئاخۆ لەو ڕۆژەدا" کۆیلەی سپاسگوزاری خوا" لە کۆبوونەویەکی کراوەدا، بەرەوڕوویی چی بێتەوە، ئەو کە بەردەوام بە بێ چاوەدێری پۆلیس ناتوانێ بجولێتەوە!؟
بەسەرهاتی محەممەد لە تۆی کتێبی یەک لاکردنەوەی حیساب لە گەڵ محەممەد، دەبێ چ دەنگدانەوەیەکی لە وڵاتانی ئیسلامی هەبێ؟ ئاخۆ جێنشینی ڕووحوڵا خومەینی( کە سەوادی خوێندنەوەی ئایەکانی شەیتانی نەبوو، بەڵام بڕیاری کوشتنی سەلمان ڕوشدی دەرکرد)، بڕیارێکی وا دژی" کۆیلەی سپاسگوزاری خوا" دەردەکات!؟ یان ڕێکەوتنی ئەتۆمی، ڕابەرانی ئەم وڵاتە، بێدەنگ دەکات؟ حامد بەو کتێبە سوودێکی زۆریشی بە وەشانخانەی کتێبەکەی گەیاندووە، حەڵاڵی هەردوک لا بێ!

برایم فەڕشی
ڕۆژێک لە ڕۆژان

** بۆ خوێندنەوەی کتێبی ئیسلامی فاشیستی بە قەڵمی نووسەر، کە لە لایەن کاک نادر فەتحی بۆکانییەوە کراوتە کوردی و پێشتر وەک زنجیرە لە ماڵپەڕی بۆکان- ڕۆژهەڵات، بڵاوکراوتەوە، ئێرە کلیک بکەن:

http://www.bokan.de/laperekan/nuseran/Shwane/islam/Islami%20faschisti.pdf

********************************************

 

کەس نەڵێ کورد مردووە!!!
---------------------------
لە پەراوێزی پیشانگای کتێب- فرانکفۆرت 2015

 

ئەو شارەم پێخۆش نییە و وەختی خۆی لێی هەڵاتووم، بەڵام هەموو ساڵێک بە تاسەوە سەردانی دەکەم! ساڵانی دوور کورد لە پیشانگای ناونەتەوەیی فرانکفۆرت ناوی نەبوو، هەتا ئەوەی چەند نووسەرێک ڕێچکەیان شکاند و ناوی کوردیان بردە ناو پیشانگا، ئێستا ناوی ئەوان نەماوە!

سەردەمێک چەند وەشانخانە لە ئاڵمان و سوئید و خانمێکی ڕۆژهەڵاتی بە تەنیا هۆدەی کوردستانیان بەڕێوە دەبرد. ئەوانەش نەمان، ئەوجا لەتە دەوڵەتی سولەیمانی بە هاوکاریی ناوەندێکی کوردی - ئاڵمانی، ڕێگای بۆ کرایەوە، دوای ئەو، هەولێر هاتە سەرخەت!

یەک دوو ساڵ وەشانخانەیەکی باکوور لە ئەستانبوڵەوە دەهات، بەرپرسەکەی پێیگووتم:" ئەو ساڵ لە هەموو تورکیا ٨ دانە کتێب بە زمانی کوردی چاپ کراوە."
ساڵانێکی دوور من خۆم سەردانی وەشانخانە و چاپخانەکانم لە شاری ئەستانبوڵ کردبوو، کە خاوەنەکانی کورد بوون. سەرەڕای هەموو زەرەر و زیان، بازاڕی کتێبی کوردیان بۆ پێک نەهات.
لە باشوور بە پێچەوانەی ئێستا کە کتێب و ڕۆژنامە و گۆوار ڕەوانەی تەنەکەی خۆڵ دەکرێن، لە سەرەتای حکوومەتی کوردی، تەنانەت زانستگاکان دەزگای کۆپییان نەبوو، خوێندکار بە دەست لە ڕووی کتێبەکانی دەنووسییەوە
!

سەنعەتی کتێب لە وڵاتی ئێمە، بەر لەوەی پێک بێت،داڕزێندرا! کتێب و چاپی کتێب لە باشوور تەنیا بۆ خۆژیاندنی خاوەن وەشانخانەکانە، کە هەرکام بە داوی دیارونادیار، بە حزب و کیسەی دزراوی حکوومەتەوە، بەستراونەتەوە، کە فەرهەنگساز و زانست پێشخەر و ئەدەب دەوڵەمەندکەر نیین!

هۆدەی کتێبی کوردی کە بە ناوی حکومەتی کوردستانەوە، ساز کرا، کراوەتە دووکان بۆ سەرفی پارە، بۆ کۆمەڵە کەسێک. هەر ساڵ بە ناوی کتێب، پلەی نزمی فەرهەنگ و تێگەیشتن نیشان دەدرێ. دووکانێکی بێ کەڵک، بێ بەرنامە، بێ پەیام.
ئەم ساڵ کە ساڵی قات و قڕی پارە بوو، پارەخۆرەکانی ساڵانی پێشوو، دیار نەبوون
.

کاتێک ئێمە گەیشتین، مەزهەری خالقی لە کۆڕێکدا قسەی دەکرد، کە نەمانزانی بۆ چییە، دۆستێک گووتی خەڵات دابەش دەکەن.
پاش خەڵاتبەخشین، ویستمان چاوێک بە کتێبەکاندا بخشێنیین، بەڵام لە بەر خاوەن ماڵ کە دانشتیبوون و بە پێوە وێستابوون و باسی هەموو شتێکیان دەکرد، جگە لە کتێب، نەمانتوانی بچینە ناو هۆدەکە، ئەوەش وێنەی هەموو ساڵێکی ئەم نوێنەرایەتییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پیشانگای ناونەتەوەیییە.
ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابووردو لە بیرم ماوە، ناوی کتێبەکانی ئەم هۆدەیە نییە، بەڵکوو وێنەی کۆمەڵێک کەسە کە لە دەوری چەند مێز ئاڵابوون و خەریکی کەوڵکردنی مامر بوون
!

ڕۆژی دوایە بەو هیوایە هاتینەوە، چاوێک بە کتێبەکاندا بخشێننین، چەند کەسی تامەزرۆشم لە گەڵ خۆمدا هێنابوو. ئەمڕۆ کتێبەکان گوێیان بۆ سترانی مامەیەکی ڕیش چەرمگ هەڵخستووە، کە لە گەڵ سازەکەی خۆی ڕادەژاند. ئەوەی کە تەواو کرد، بۆ کتێبە مردووەکان، دەستی کرد بە چرینی سترانی کەس نەڵێ کورد مردووە!

نەزاندرا کابرا ڕووی دەنگی لە کێیە و بۆ کێی دەڵێ؟ نە جەماعەتی خەڵاتدەر و خەڵاتوەرگر و گوێگرانی دوێنێ، لەوێ بوون، نە بینەر!؟
لە دوورەوە دەنگی مامەپیرە دەبیسترا، کاتێک لە هۆڵەکە دەردەچووین. ئەو کەسەی لە گەڵم هاتبوو بۆ بینینی کتێب بە زمانی دایکی، بێدەنگ سەری گێژاوی لە گەڵ خۆی دەکێشا، لە ژێر لێوەیەوە شتێکی گوت، کە تەزاندمی
!

برایم فەڕشی
ڕۆژێک لە ڕۆژان
فرانکفۆرت

********************************************

ژنچزاندن!؟

 

وەدەرنانی "حەوا" لە بەهەشتی خوا، بە تاوانی سەرپێچی کردن، تاوانی حەوا نەبوو، تاوانی خودا بوو. حەوا هێمای زات و ویستی ئینسان، بۆ ئازادبوون و ئازاد بڕیاردان بوو!

 

دانەری چیرۆکی ئادەم و حەوا، ژن لە جەستەی پیاودا دەبینێتەوە و  زات و بوونی ئەو، بە ئیرادەی پیاو و خودای پیاوەوە، دەبەستێتەوە،هەر بۆیە بە ئیرادەی موسا  بەردەباران دەکرێت، بە ئیرادەی محەممەد دەکرێتە بەردەی جینسی و بە ئیرادەی پەیڕەوانی عیسا بە زیندوویی دەسووتێنرێ.

 

 سەرپێچیکردن لە ئیرادەی هێزی ڕێگریی ئازادی، سەرپێچیکردن لە چارەنووسێکی داخراو، مافی هەر تاک و کۆمەڵە کەسێکە.

 

رێگریی لە ئازادی بە ناوی داب و نەریت، ئایین، فەرهەنگ و قانوون و لەو ڕێگایەوە بە کۆیلەکردنی جەستە و ڕووح لە هەر کۆمەڵگایەکدا، نیشانەی نزمبوونی پڕێنسیپ و تێگەیشتنی ئینسانەکانە!

گەر تاقیکردنەوەکانی ئینسان لە تۆی ئایین،فەرهەنگ، زانست، قانوون و فەلسەفە نەگۆڕ بمێنێتەوە، مرۆڤ دەبێتە زیندانی تاقیکردنەوەکانی خۆی!

 

ئەم تاقیکردنەوانە  کە مرۆڤ دەکاتە گوێڕایەڵی بێ ئیرادە, پرۆسەی تەکاملی تێگەیشتن لە مرۆڤدا، تێک دەدا و کردار و مامەڵەی ئاگاهانە بۆ مرۆڤ ناهێڵێتەوە و مرۆڤ دەبێتە پەیڕەو. لێرەوە مرۆڤ لە زیندەورێکی خەڵاقی بیرمەندەوە، دەکرێتە مرۆڤێکی گوێ لە مستی بێ ئیرادە!

 

لەشی حەوا، بەشێک لە لەش و بوونی ئادەم نییە و ماڵی چێژلێوەرگرتنی جنسیش نییە. لەخۆمارەکردن بە خوێندنەوەی کۆمەڵێک وشەی بێمانا، ژن و لەشی ژن ناکاتە مڵکی پیاو، هەروەک چۆن پێچەوانەکەشی ناکرێ.

هاوژینی دوو کەس دەبێ زادەی ئیرادە و مەیل و تێگەیشتنی هەردووک لا بێ، نە بەرهەمی قەولنامەی ئەم ماڵی ئایینی و ئەو ئیدارە، گەر وابێ ئیرادە و مەیل و شعور لە ئینسان دەستێندرێتەوە و پایبەندی بە ماڵی ئایین و ئیدارە، جێگای شعوری ئینسان پڕ دەکاتەوە و ئینسان لە پلەی ئینسانی دەخات!

ئەوەی ئینسانی سەدە و هەزارەکان و ئەمڕۆ بە زەبری زۆری ئایین، فەرهەنگ و قانوون گوێڕایەڵ کراون، نیشانەیە لە داکەوتنی شعووری مرۆڤ، دەنا پارێزگاری لە پڕێنسیپ و مافی خۆ و بەرانبەر، دەبوو یەکەم دەرسی مرۆڤبوون بایە.

 

 گەر مرۆڤ خۆی نەگەیاندۆتە ئەم ئاستە، مانای ئەوەیە لە یەکەم پلەی ئینسانبووندا، فەشەلی هێناوە. هەموو فەلسەفە و ئایین و قانوونەکانی دوای ئەم فەشەلهێنانە، نیشانەی شارستانیەتی مرۆڤ نییە، شارستانیەتی مرۆڤ لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە بۆ ئینسانبوون، زەبری زۆری ئایین، قانوون، داب و نەریت و فەرهەنگ لە گۆڕێدا نەبێ!

 

ژن کە بەردەوام کەوتۆتە بەر تووندوتیژی، وەک مرۆڤ لە درێژەی ژیاندا بێ بەری لە بەکارهێنانی تووندو و تیژی لە گەڵ خۆیان و بەرانبەریاندا نەبوون، ئەوانیش لە تۆڕەی مرۆڤن و بەهرەمەند لە تاقیکردنەوەکانی نەگۆڕی خۆیان بوون. منداڵ لە هەردوو جینس لە کۆش و داوێنێ ئەواندا گۆژ کراون، دەکرا گۆژکراوەکان تاقیکردنەوەی جیاواز وەرگرن، کە وا نەبووە. ژن و پیاو زیندانی تاقیکردنەوە نەگۆڕەکانی خۆیان بوون و هەن، گەر ئاگاهانە سەرپێچی نەکەن و تاقیکردنەوەی نوێ، بەرهەم نەهێنن. زۆرێک لەو کەنیشکانی لە وڵاتی ئێمە لە ناودەبردرێن، تاوانیان سەرپێچیکردن لە تاقیکردنەوەکانی دایک وباوکەکان و ئەژدادیانە!

 

ئەوەی بەکارهێنانی تووندوتیژی بە گشتی و بە تایبەتی دژی ژنان و منداڵان، تەنیا ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، بەرهەمی پەروەردە، یان بەرهەمی باوەڕی ئایینی بێ، جێگای مشتومڕە. بەو پێیە دەبوو ڕۆژئاوا بێ بەری لە تووندوتیژی بێ، کە وانییە و تووندوتیژی کە فۆرم و وێنەی جیاوازی هەیە، لە ناو قوڵایی کۆمەڵگا و سیستمی وڵات و ستروکتوری حکوومەتەکاندا شاراوەیە. لە وڵاتێکی وەک ئاڵمان  ٤٠ لە سەدی ژنان ساڵانە دەکەونە بەر پەلاماری تووندوتیژی لە ناو ماڵ و دەرەوە. لە پێشکەوتووترین ئەیالەتی ئەو وڵاتە ساڵانە ٢٧٠٠٠ ژن دەستدرێژیان دەکرێتە سەر.

 بەکارهێنانی تووندوتیژی نابێ زاتی ئینسان بێ، بەڵام دەکرێ زاتی ئینسان زیندانی تاقیکردنەوەکان کرابێ!

 

 گەر مرۆڤ( ژن و پیاو) لە فەلسەفەی بوونی خۆی تێگەیشتبا، نەدەبوو کۆیلە بێ، دەبووە مرۆڤێکی ئازاد بێ.  ژیان و تێگەیشتن دەکرا ساکار بێ، گەر مرۆڤ ببوایەتە خاوەنی خۆی و مێشکی خۆی. مرۆڤی خۆخاوەن(ژن/پیاو) سەرپێچیکەرە، چ لە باخی خوا، چ لە باخی سوڵتان و چ لە هەر شوێنێک.

 

برایم فەڕشی

ڕۆژێک لە ڕۆژان

********************************************

 

بێدەنگی پڕ دەنگ!

 

نەتەوەیەکی پڕ لە""نووسەر و ڕۆژنامەنووس""، کەم نووسەر و ڕۆژنامەنووسە، نەتەوەی کورد!

 

کەسانێک دوور لە چاو، دوور لە هات و هاوار دەنووسن، وەردەگێڕن و بابەتی بە کەڵک بڵاو دەکەنەوە. ئەوانە نە "پارە" وەردەگرن نە لێرە ولەوێ دەبیندرێن.

 نادر فەتحی بۆکانی یەک لەو کەسانەیە. ئەو ڕۆژانە دەنووسێ، وەردەگێڕێ و بابەتەکان لە ماڵپەڕی بۆکان- ڕۆژهەڵات بڵاو دەکاتەوە. کارەکانی ئەو تەڕ و تازەن و ستانداردێک دەردەخەن کە لە ڕۆژنامەنووسی کوردیدا نابیندرێ. ئەو پار لە گەڵ دەرکەوتنی کتێبی حامد ئەبدولسەمەد لە سەر ئیسلام، هەفتانە کتێبەکەی بە کوردی بڵاو کردەوە، ئەمساڵ لە گەڵ دەرکەوتنی کتێبی محەممەد ،دەستی بە بڵاوکردنەوەی بە زمانی کوردی کردووە. ئەوە ستانداردی نووسەری بە توانا و پرۆڤسیۆناڵە.

دەست و چاوی نادر سەرەڕای ئێشی بەردەوامی شانوپیلی خۆش و لەشی ساخ و وزەی بەرز. بریا مووچەخۆرانی مێدیای کوردی، پچکێک لەو نووسەرانەوە فێردەبوون.

برایم فەڕشی

 

** لینکی بەشی یەکەمی کتێبەکە...

http://bokan.de/laperekan/nuseran/Shwane/islam/Mohamad1.pdf

 

 

محەممەد و کۆیلەی سپاسگوزاری خودا!؟
---------------------------------------

مرۆڤێک کە فێی لێدەێ، نەخۆشێکی ڕەوانی، بکوژێکی بەکۆمەڵ، دیکتاتۆڕێکی نەخۆش، هەوەسبازێک و... گەلێک سیفەتی تر، وشەگەلێکە کە حامد ئەبدول سەمەد بۆ ناساندنی محەممەد و یەکلاکردنەوەی حیساب لە گەڵ ئەو، لە کتێبەکەیدا، بەکاری دەهێنێ.
حامد زۆرێک لەو زانیارییانەی کە لە کتێبەکەیدا دەهێنێ، ڕەنگە زۆر کەس لە قسە وباسی ڕۆژانەدا، باسیان لیوەکردبێ و لە کۆمەڵگای ئیسلامیشدا بەردەوام گوترابێتنەوە، بەڵام ئەو ئەم زانیاریانە لە وڵاتێکی ئوروپی و بە زمانی ئاڵمانی بە ئاشکرا بڵاودەکاتەوە، کە مێژوویەکی درێژیان لە بەکارهێنانی ئیسلام بۆ مەبەستی سیاسی هەیە و هەر ئەوان یەکەم جیهادی ئیسلامیان لە رێگای تورکیای عوسمانییەوە بە دژی رووسیا و بریتانیا بەڕێوەبردوە.

ئەو لە وڵاتێک کتێبەکەی بڵاوکردۆتەوە کە چەند سەدەیە بە شێوەی سیستیماتیک ئیسلام ئادابتە دەکات بۆ مەبەستی سیاسی. ئیسلام کە قەیسەری ئاڵمانی، بە موسڵمان ناو دەبرد، ئیسلام کە هاودەنگ لە گەڵ نازییەکان بوو، ئیسلام کە لە ئاڵمان دەرەجەی زانستی پێبەخشرا و خسترایە چوارچێوەی دەرسی زانستگاکانەوە. ئیسلام کە زۆربەی وڵاتانی عارەبی و ئافریقایی و ئاسیایی بۆ مەبەستی سیاسی و دنیایی بەکاری دەهێنن، هەر ئەو ئیسلامەی کە بەوتەی ئەبدولسەمەد لە سەردەمی محەممەدەوە بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێندراوە.
ئاڵمان لە سیاسەتی نوێ خۆیدا ئیمام بۆ مزگەوتەکانی ناو ئاڵمان پەروەردە دەکات و ئەو کتێبە و هاتنی یەک ملیۆن پەنابەری موسڵمان، دەرفەتی نوێ بۆ پێکهێنانی ئیسلام لە چەشنی مەسیحییەت خۆش دەکات، گەر دەیان چەشن ئیسلامی تووند و تیژ، کە حامد بە ئیسلامی ڕاستەقینەی دەزانێ، ئەو دەرفەتە بدەن!

حامد ئەبدولسەمەد لە کتێبەکەیدا، کە بە ژیاننامەی محەمەدیش ناودەبردرێ، باس لە ژیانی محەممەد لە مەکە دەکات کە دوور لە شەڕ و تووند وتیژی بووە و لەو ڕێگایەوە سەرناکەوێ ئایینەکەی پەرە پێبدات، بەڵام کە دەگوێزێتەوە بۆ مەدینە و لەشکری نیزامی پێک دەهێنێ و دەست بە شەڕ و کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و دیلگرتن دەکات، دینەکەی پەرە دەستێنێ. ئەوەش هەر هەمان بۆچوونە کە بەر لە حامد گوتراوە و نووسراوە، کە ئیسلام لە ڕێگای شەمشێر و کوشت وبڕینەوە پەرەی ساندووە.
لە مەر نووسینی ژیاننامەی محەممەد ٢٠٠ ساڵ پاش مەرگی، حامد ئیشارە بە خاڵێکی گرنگ دەکات، ئەویش بوونی ژیاننامە و چیرۆک گێڕانەوە لە سەر مەسیحە. بە گوێرەی وتەی ئەبدولسەمەد، دەبێ لایەنگرانی ئیسلام هەستیان بە ئەو نوقسانییە کردبێ، کە پەیامبەرەکەیان پێویستی بە ژیننامە هەیە بۆ ئەوەی بکرێتە مرۆڤێکی"ئیلاهی"، گەر مەسیح کوڕی خودا بێ، محەممەدیش دەبێ پلەیەکی خودایی پێببەخشرێ، بۆ ئەوەی کەس وەک مرۆڤێکی ئاسایی سەیری نەکات.

حامد ئەبدولسەمەد دەیەوێ ئەم وێنەیە بشکێنێ، ئەو لە کۆمەڵێک لە وتووێژەکانی دوو هەفتەی ڕابووردویدا، باس لەوە دەکات کە محەممەد مرۆڤێکی زەوینییە و دەبێ ڕەخنەگرانە سەیری بکرێ و کەسایەتی مێژوویی بە پێی مێژوو و ژیانی هەڵسەنگێندرێت، دەبێ کێشانی کاریکاتۆڕ و گاڵتەپێکردنیش نۆرمێکی ئاسایی بێ.

حامد ئەبدولسەمەد مرۆڤێکە کە لە لای باوکی کە ئیمام بووە، قورعانی خوێندووە و لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا سەرتاپای ئەو کتێبەی لە بەر زانیوە،ئەو هەتا گەیشتۆتە ئاڵمان، تێکەڵ گروپی ئیسلامی بووە و خۆی پرۆسەی خۆناسینی بەڕێوەبردووە و بۆتە ڕەخنەگری ئیسلام.

کتێبی محەممەد بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئاڵمان کە تا کۆتایی ئەوساڵ چاوەڕوانی هاتنی یەک ملیۆن پەنابەر دەکات کە زۆربەیان موسڵمانن، دەتوانێ یارمەتی دابەشبوونی زۆرتری کۆمەڵگای ئاڵمان بدات، لە لایەک سیاسەتمەداران کە بە سەر دوو لایەن دابەش بوون، لە لایەک کۆمەڵگا و لە لایەکی تر مێدیا. هەروەها ئەو کتێبە دەتوانێ گرفتی جیددی بۆ ئەو کۆڕوکۆمەڵانە پێک بێنێ کە بە ناوی ئیسلامەوە لە ئاڵمان قسە دەکەن و سەریان بە وڵاتانی ئیسلامییەوە بەندە، بە تایبەت تورکیا، ئێران و عەرەبستان. ئەم کتێبە و ڕەنگدانەوەی لە مێدیادا، یارمەتی کرانەوەی باس لە سەر ئیسلام و محەممەد و پەرەپێدان بە توندوتیژی لە ناو لاوان بە تایبەت لە ناو مەدرەسەکان دەدات، کە لە هێندێک شوێن زیاتر لە ٥٠ لەسەدیان منداڵی موسڵمانن.

حامد ئەبدولسەمەد کە خۆی ناوەکەی بە" کۆیلەی خودا و سپاسگوزاری خودا" مانا دەکاتەوە، لە دەرفەتێکی گونجاودا گاشەبەردێکی گەورەی خستۆتە ناو گۆمی لیخناوی سیاسەتمەدارانی ئاڵمانییەوە بە چەپ و ڕاست و ناوەڕاستەوە.
هەر ئێستا چاپی یەکەمی کتێبی محەممەد لە تەواوبووندایە، زۆرێک لە خەڵک چاوەڕوانی خوێندنەوەی ئەو کتێبە لە لایەن نووسەر، لە پیشانگای ناونەتەوەی کتێب لە فرانکفۆرت دەکەن، ئاخۆ لەو ڕۆژەدا" کۆیلەی سپاسگوزاری خوا" لە کۆبوونەویەکی کراوەدا، بەرەوڕوویی چی بێتەوە، ئەو کە بەردەوام بە بێ چاوەدێری پۆلیس ناتوانێ بجولێتەوە!؟
بەسەرهاتی محەممەد لە تۆی کتێبی یەک لاکردنەوەی حیساب لە گەڵ محەممەد، دەبێ چ دەنگدانەوەیەکی لە وڵاتانی ئیسلامی هەبێ؟ ئاخۆ جێنشینی ڕووحوڵا خومەینی( کە سەوادی خوێندنەوەی ئایەکانی شەیتانی نەبوو، بەڵام بڕیاری کوشتنی سەلمان ڕوشدی دەرکرد)، بڕیارێکی وا دژی" کۆیلەی سپاسگوزاری خوا" دەردەکات!؟ یان ڕێکەوتنی ئەتۆمی، ڕابەرانی ئەم وڵاتە، بێدەنگ دەکات؟ حامد بەو کتێبە سوودێکی زۆریشی بە وەشانخانەی کتێبەکەی گەیاندووە، حەڵاڵی هەردوک لا بێ!

 

********************************************

 

بڵ نوخبە!؟

 

 لە پشت ڕووخساری  زانا وبلیمەت، دەکرێ کەسێکی نگریس خۆی حەشار دابێ! بەرهەمی فکریی و زانستی ئەو کەسانە دەکرێ بە دژی ئینسان بەکار بهێندرێ. لە ڕاستیدا دیکتاتۆڕ ڕووی دەرەوەی نوخبە وزانا و پسپۆڕ نیشان دەدات. بە بێ ئەوانە دیکتاتۆڕ کەسێکی بێ دەستەڵاتە. هۆی مانەوەی دیکتاتۆڕەکان بەر لەوەی هێزی نیزامی و ئەمنیەتی بێ، بوونی ئەو کەسانەیە. ڕەزاشا- مەیتەر، ئاتاتورک - سۆڵدات، سەدام  - عەسکەر و خومەینی- مەلا بوو. هەرکام لەوانە بە بێ زانا و پسپۆڕەکان، مەیتەر، سوڵدات، عەسکەر و مەلا دەمانەوە.  دیکتاتٶرەکانی جیهان، ماسکی دەرەوەی نوخبەکانن.

 

 لە ئێرانی سەردەمی محەمەد ڕەزا شا، کەسێک بە ناوی مەحموود جەعفەریان، ئوستواری توودەیی، ٥ ساڵ لە بەند دەکرێ. هەڵدەگەڕێتەوە و لێهاتووی خۆی دەخاتە خزمەت ڕژیم. بورسی دانشگای سۆربۆنی پاریسی پێدەبەخشرێ. دوکتور جەعفەریان شارەزاترین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسی، ئێران بوو، کە کرا بە بەرپرسی ڕادیۆ تەلەوزیۆنی ملی ئێران و ڕابەری حزبی رەستاخیز، تەنیا حزبی  ئێران!

 

پەرویز نیکخا، ئەندامی حزبی توودە، داڕێژەری پلانی تیرۆری محەمەد ڕەزاشا بوو. ئەویش پاش زیندان ڕێگای جەعفەریانی گرتە بەر، لە دانشگای مەنچیستری ئینگلستان مەدرەکی موهەندیسی فیزیکی وەرگرت، ئەندامی چالاکی کۆنفیدراسیۆنی خوێندکاران بوو، کە بە دژی شا چالاکیان دەکرد. لە ئێران بوو بە ئوستادی دانشگای پۆلی تەکنیکی تاران، کرا بە مودیری ڕادیۆ تەلەوزیۆنی ئێران. جەعفەریان و نیکخا کرابوونە بەرپرسی هەستیارترین دەزگای حکومەت و تەنیا حزبی ڕەسمی ئێران.

هەر دوو دەزگا دوو ماشێنی خاپاندنی خەڵک بوون. هیتلێریش هەر بەو دوو دەزگایە بوو بە هیتلێر، کارێک کە ڕێک ئێستا ئەردۆغانیش دەیکات و سەدان پسپۆڕی کورد لە دەزگای حزب و مێدیا کاری بۆ دەکەن. ئەوەی ئەردۆغان تازە دەستی پێکردووە، ٣٧ ساڵە لە ئێران وەک سیستم کار دەکات و پسپۆڕانی کورد بەشێک لەو سیستمە پێک دەهێنن. لە ڕاستیدا ئەوەی پسپۆڕ و نوخبەی کورد لە ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا کردوویانە و دەیکەن، هەر ئەو خزمەتەیە کە نوخبەکانی ماد بۆ پارسەکانیان کرد، ئەوان دەزگای حکوومەتی پارسەکانیان ئیدارە دەکرد!

 

لە سەر دەمی محەمەد ڕەزاشا، سەدان لێزان، پسپۆڕ، نووسەر و شاعیر و نوخبەی کورد لە هەموو بوارێکدا، خادمی ڕژیمی پەهلەوی بوون. کەسی وا هەبوو کە لە ڕێگای کتێبەکانیەوە دەیسەلماند کە کورد بەشێک لە فارسە و زاراوەکەشی چلێکی ئەو زمانەیە. هەبوو ئیسباتی دەکرد، سمکۆی شکاک یاغی و تاڵانکەر بووە، ئەوانەش کە کاغەزیان لە سەر قازی محەمەد ڕەش دەکردەوە کورد بوون، کە دواتر خۆیان خزاندە ژێر ڕکێفی  ڕژیمی مەلا  و لە ناو کوردەکاندا جێگای خۆیان وەک نووسەر و شاعیر و مێژوو نووس کردەوە و ئێستاش بە مامۆستا وپێشکسوەت لە بازنەی "ڕۆشنبیراندا" دەناسرێن. ئەمڕۆ جیاکردنەوەی ئەو کەسانە بۆ خەڵکی ئاسایی و تەنانەت بۆ حزبەکان کە هاوکاری بەرچاوی بەشێک لەو کەسانەیان کردووە و دەیکەن، کارێکی دژوارە.

 جەعفەریانەکانی کورد کە هێندێکیان دەرچووی دانشگا بەناوبانگەکانی جیهان و ناوخۆی ئێرانن، دەتوانن بە هەموو شێوەیەک تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژە کەنەوە، کورد بخاپێنن و بیانکەنە بارمتەی ڕژیم . ئەوان تەنانەت سەرکەوتوو بوون لە گۆڕینی گوتاری سیاسی حزبەکان، کە ئەمڕۆژانە داوای مافی "فعالیت قانونی" لەو ڕژیمە دەکەن، ئەوان کە لە بەرنامەی سیاسییاندا، باسی ڕووخانی ڕژیم کراوە!

 

********************************************

شەیتانۆکە!!

 

کرم، مێشولە و شەیتانۆکە، هەر کام لە نەوعی خۆیاندا تاک تاک دەژین و سرووشت ئەو ئیمکانەی پێنەبەخشیون ئەندامی مێشک ئاسایان هەبێ و تەجروبەی بە کۆمەڵ، وەسەر یەک نێن.

ئەوان ژیانیان کورتە و دەستەڵاتی گۆڕینی ژیانی خۆیان نییە. مێشوولە و کرم و شەیتانۆکە، هیچ سوودێکیان بۆ خۆیان نییە، بەڵام ئەو قازانجەیان هەیە ببنە خۆراکی زیندەوەری دیکە. شەیتانۆکە، مێشولە و کرم نە شوێنی حاوانەوەیان هەیە، نە ئەو دەزگایە لە ناو لەشیاندا بەدی دەکرێ کە بیر بکەنەوە یان بە پێی غەریزە، شوێنی حاوانەوە بۆ خۆیان دابین بکەن. مێشولە هیچ شوێنەوارێک لە ژیانی چەند کاتژمێری خۆی، بەجێ ناهێڵێ، بەڵام کرم و شەیتانۆکە لەم ژیانە کورتەیاندا، شوێنەواری ئەو ڕێگایەی پێیدا دەخزێن لە خۆیان بەجێ دەهێڵن، بەڵام هیچ کرمێکی تازە دەرهاتوو، نە بەو ڕێگایە دەزانێ و نە لەو تەجروبەیە سوود وردەگرێ.

 ئێمە کوردەکان لە کرم و شەیتانۆکە دەچین.

********************************************

کوت کوت

 

دەمەوێ ببم بە ئەندامی حزبێ، بەڵام نازانم کامیان!

هەر کام پچکێ لە ویست و خواستی من داوا دەکا!

بەو پچکەش ڕازی نابم.

 

دەمەوێ لەم گوندەوە بچم بۆ ئەو گوند، هەمووی سێ کیلۆمەترە،

لە نێوان هەر دوو سەت مەترێ، سەیتەرەی حزبێ هەیە،

جاران بە نیو سەعات ئەو ڕێگایەم دەبڕی،

ئێستا بۆ هەر دووسەت مەترێ ئەوەندەم دەوێ.

 

جاران لە ڕۆژنامەیەکا هەواڵی سەرجەم کوردستانم دەخوێندەوە،

ئێستا فریای خوێندنەوەی لاپەڕەکانی حزبێ ناکەوم.

 

جاران هەموو بنەماڵەکەمان بە دەنگ و باسی ئیزگەیەکی ڕادیۆ تێردەبووین،

ئێستا دەیان ڕادیۆ تێرمان ناکا.

 

جاران هەموو لە دەوری تەلەوزیۆنێ کۆ دەبووینەوە،

ئێستا پەنجا تەلەوزیۆن کۆمان ناکاتەوە.

 

جاران منیش یەک کوت بووم،

ئێستا هەر خۆم بە تەنیا چەند کوتم لێبۆتەوە!

********************************************