کتێب و نامیلکەکانی "ئێدمۆندز"

لە کتێبخانەی "سواس" ی لەندەن

 

ئەنوەر سوڵتانی                 

سیسیل جۆن ئێدمۆندز یا بەو شێوەیەی وا لە باشووری کوردستان ناوی لێ دەبرێت "ئەدمۆندز"، ئەفسەری سوپای بریتانیا لە باشووری کوردستان و هەر ئەو حاکمە بریتانییە بوو وا فایق بێکەس شیعری "بیست وحەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم" ی بۆ سیاسەتی بریتانیا گوتراوی، ڕووبەڕووی ئەو خوێندەوە.  ئێدمۆندز ماوەیەکی زۆر دوای دامەزرانی حکوومەتی نوێی عیراق، واتە تا کۆدیتای ساڵی ١٩٥٨ ی عەبدولکەریم قاسمیش، وەک ڕاوێژکاری بەڕێوەبەرانی سیاسیی عیراق  لە بەغدا کاری دەکرد و دوای کۆدیتا گەڕایەوە بریتانیا و لە لەندەن نیشتەجێ بوو.

لە ماوەی ساڵانی گەڕانەوەی بۆبریتانیا، کتێبی کورد، تورک، عەرەبی نووسی[1] و بە هاوقۆڵیی مامۆستا تەوفیق وەهبی قامووسێکی کوردی ئینگلیزیی ئامادە کرد کە ناوەندی چاپەمەنیی زانستگەی ئۆکسفۆرد چاپ و بڵاوی کردەوە.[2]  ئێدمۆندز هەروەها دوو وتاری سەبارەت بە دانانی ئەلف و بێی لاتینی بۆ زمانی کوردی نووسی، کە جێگەی پەسندی مینۆرسکیش بوو و هەر ئەویش لە وتارێکدا هەندێک پێشنیاری سەبارەت بە بۆچوونەکانی ئێدمۆندز سەبارەت بە ئەلف وبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی، نووسی.[3]

ئێدمۆندز ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی کێشەی کورد لە باشووری ووڵاتەکەمان بوو و شارەزاییەکی باشی لە کەسایەتیی تاک و کۆمەڵگای کورد هەبوو. لە مامۆستای نەمر محەممەدڕەسووڵ هاوارم بیست کە لە زمان مامۆستا تەوفیق وەهبییەوە دەیگێڕایەوە و دەیگوت ئێدمۆندز بەتەما بووە دوای گەڕانەوەی لە عیراق، بەهۆی ئەو خزمەتانەوە کە بە وڵاتەکەی خۆی کردبوو، ڕوتبەی "لۆرد" ی پێ بدرێت، کە مرد و پێی نەدرا.

هەرچۆنێک بێت، ئێدمۆندز لە ماوەی مانەوەی لە باشووری کوردستاندا پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ زۆرێک لە نووسەر و شاعیر و سیاسەتوانانی کورد هەبوو و ئەوانیش نوسخەی کتێب و نامیلکەی چاپکراوی خۆیان بە دیاری بۆ دەنارد، کە هەموو یا بەشێکیانی لەگەڵ خۆیدا هێنایەوە بریتانیا و لە قۆناغێکدا پێشکەشی کتێبخانەی "قوتابخانەی توێژینەوە ئاسیایی و ئەفریقییەکان" (سواس) ی سەر بە زانستگەی لەندەنی کردن. کتێبەکان دەبێ لە سەردەمی خۆیدا، لەبەر دەستی خوێنەران دانرابێتن بەڵام لە ساڵانێکی درەنگتردا ( کە بە بۆچوونی من، دەبێ دوای ساڵی ١٩٧٥ و هاتنی پەنابەرانی کورد و عەرەبی عیراق بۆ لەندەن بێت)، مەترسیی لەناوچوون و فەوتانیان لێ کرابێت و بەم بۆنەیەوە لەبەر دەستی خەڵک لابرابێتن و لە شوێنی پارێزراوی تایبەت بە چاپەمەنی کۆن و کەم نوسخە، پارێزرابن.

من ماوەی دە دوازدە ساڵێک پێش ئێستا، کە خەریکی ئامادەکردنی کەتەلۆگێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی کتێبخانەی سواس و کتێبخانەی بریتانیا بووم[4]، ویستم چاوم بە کتێبەکانی ئێدمۆندزیش بکەوێت. بەهۆی سووکە ناسیاوییەکەوە کە لەگەڵ بەرپرسێکی کتێبخانەکەم هەبوو، توانیم مۆڵەتی چاوپێکەوتنیان وەربگرم.

ئەوەی من بینیم، بریتی بوو لە ژمارەیەکی زۆر نامیلکەی بچووک بچووک کە ژمارەی لاپەڕەی زۆربەی زۆریان نەدەگەیشتە ١٠٠ و لە ڕاستیدا پەرتووک نەبوون و نامیلکە بوون. لە سەر ڕووبەرگ یا لاپەڕەیەکی ناوەوەی بەشێکی زۆریان، یادداشتی نووسەر و بڵاوکەرەوەی نامیلکەکان دەبینرا کە دوای چاپ بوون هەر لە ساڵانی مانەوەی ئێدمۆندز لە کوردستاندا، نوسخەیەکیان پێشکەش بەو کردبوو. لەبیرمە چەند کتێبی نووسەرانی کوردم بینی کە نەمر بەشیر موشیر بە دیاری ناردبووی بۆ ئێدمۆندز.

کتێب و نامیلکەکان هەر دە دوازدەیەکیان لە ناو قوتوویەکی مقەببا دانراون و من هەرجارەی تەنیا دەمتوانی یەک تاقمیان وەربگرم و دوای گەڕاندنەوەی، تاقمێکی دیکە داوا بکەم.

هەرکام لەو تاقمانەم کە سەیر دەکردن، هەندێک یادداشتی گشتیم سەبارەت بە کتێبەکانی ناوی، دەنووسی و ئەگەر پێویستم هەبوایە، هەندێک لاپەڕەشیانم فۆتۆکۆپی دەکرد. 

چەند مانگێک پێش ئێستا، لە ناو ئەوراقی نووسراوی ئەو ساڵانەمدا چاوم بەو یادداشتانە کەوت کە لە لای من بێ کەڵک مابوونەوە بەڵام هەستم کرد واهەیە بۆ هەندێک کەس سوودیان هەبێت و بەو بۆنەیەوە بە باشم زانی کۆپییان بکەم و بیاننێرم بۆ چاپەمەنی ژین لە سلێمانی و یەک دووکەس لە برادەرانی خۆم کە دەگونجا بیانەوێت کەڵکیان لێ وەربگرن. هەر زوو، برادەرانی بنکەی ژین کە پێویستیان بە چەند دانە لە کتێبەکان هەبوو، کەوتنە پەیشوێنیان. ئیتر دڵنیا بووم کە کارەکەم بێ سوود نەبووە.

ئێستا، وا بە باش دەزانم سەرجەمی یادداشتەکانم سەبارەت بەو کتێب و نامیلکانە، بڵاو بکەمەوە و دەرفەت بدەمە خەڵکانێکی زیاتر کە لێیان ئاگادار بن و لە کاری لێکۆڵینەوەدا، کەڵکیان لێ وەربگرن. جا ئەوە ئێوە و ئەوەش یادداشتەکانی من. بە داخەوە دەبێ بڵێم من ئەو یادداشتانەم ئەودەم تەنیا بۆ کەڵک وەرگرتنی خۆم ئامادە دەکرد نەک بۆ کارێکی گشتی و هەربۆیەش، بە پەلە، بە خەتێکی ناخۆش، بە جەوهەری شین و بەناتەواوییم نووسیون، بۆ هەموو ئەوانە داوای لێبووردن لە خوێنەران دەکەم.

تکام لەو کەسانەش کە لە دواڕۆژدا سەری ئەو کتێب و نامیلکانەی ئێدمۆندز دەدەن ئەوەیە زۆر بە باشی ئاگاداریان بن و نەهێڵن هیچکامیان بفەوتێن یا زیانیان پێ بگات. واهەیە وەزاڕەتی ڕۆشنبیریی کوردستانیش بتوانێت بە پارەیەکی کەم داوای فۆتۆکۆپی هەموویان لە سواس بکات و بۆ کەڵک وەرگرتنی خوێندکارانی کورد، لە زانکۆ یا شوێنێکی هاوچەشن دایان بنێت. من ئامادەم بۆ ئەو کارە یارمەتییان بدەم.

[1]  کتێبەکە وەرگەڕاوەتە سەر زمانەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین و من وەرگێڕاوی فارسییەکەیم بە قەڵەمی نەمر ئیبڕاهیم یۆنسی بینیوە.             

[2]   ئەم فەرهەنگە لەم دواییانەدا چاپی تازە کرایەوە و پاشان لە باشووری کوردستانیش هەر چاپ کرایەوە بەڵام کەیفییەتی چاپەکەی باش نەبوو.

[3] من هەر سێ وتارەکەم وەرگێڕایە سەر کوردی و لە نامیلکەیەکدا بڵاوم کردەوە. بڕوانە:

سیسیل جۆن ئەدمۆندز و ڤیلادیمیر مینۆرسکی، "نووسینی کوردی بە ئەلف و بێی لاتینی (کۆمەڵەی سێ وتار)، وەرگێڕانی ئەنوەری سوڵتانی، چاپی "کتاب ارزان"، سوید ١٩٩٦

[4] . ئەو لیستە یا کەتالۆگەم لە ساڵی ١٩٩٥ لە دوایین ژمارەی گۆڤاری هیوا چاپی ئەنستیتۆ کوردی فەڕەنسا دا بڵاو کردەوە.

 

ئەوە ئێوە و ئەوەش یادداشتەکانی من سەبارەت بە کتێب و نامیلکەی ئەسپێرراوی ئێدمۆندز لە کتێبخانەی سواسی لەندەن: