فستیڤاڵی ئەمساڵی "ناتینگ هیل گەیت"ی لەندەن

ئەنوەر سوڵتانی

٢٧/٨/٢٠١٩

 

ڕۆژانی ٢٥  و ٢٦ ی ئۆگوست، لە دوایین پشووی سێ ڕۆژەی ئەمساڵی بریتانیادا، کاڕناڤاڵی دووڕۆژەی ناتینگ هیڵ گەیت بەڕێوە چوو. دەگوترێت ئەو کاڕناڤاڵە ساڵانەیە گەورەترین کاڕناڤاڵی سەر شەقام بێت لە ئوروپا.

من لە ماوەی ٣٣ ساڵی ژیانی لەندەنمدا، جگە لە ٢ ساڵی بە سەفەر چوونە دەرەوەی وڵاتم، هەموو ساڵێک چوومەتە سەیری ئەو ڕووداوە خۆشە.

گەلێک خەڵکم بینیوە دژ بە فێسیڤاڵەکە دەوەستن و هۆکارەکەی لە چەند دیاردەی وەک قەرەباڵغی، ڕووت وقووتیی ژنان و پیاوان، دەنگ و سەدای زۆر، خواردنەوە و سەرخۆش بوونی هەندێک کەس، حەشیش کێشانی هەندێکی دیکە و نەبوونی هێمنایەتی و ئاسایشدا کورت دەکەنەوە. بە داخەوە زوربەی ئەو خەڵکانە تەنانەت جارێکیش نەچوونەتە سەیری کاڕناڤاڵەکە بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان تاقی بکەنەوە، بەرگرییان لە چوونی ئەندامانی بنەماڵەکەشیان کردووە ئەزموونی بکەن.

ئەوە وەستاوەتە سەر هەڵوێست و گۆشەنیگای کەسەکان و بۆ نموونە ئەگەر پرسیاری هەڵوێست لە ئایەتوڵڵا سیستانی و خامنەیی و مەلا کرێکار و بێچوەکانیان لە کوردستان بکرێت، بێگومان نەرێنی دەبێت. بەڵام گەلی کورد کە سەدان و هەزاران ساڵە بە ڕەشبەڵەک و شایی ڕاهاتووە بۆ دەبێ وابێت؟ ئەی بە ناو ڕووناکبیرە پێشکەوتنخوازەکانمان چی؟ خۆ هەڵوێستی ئەوان لە مەلا کەڵەک باشتر نییە!

بۆچوونی من سەبارەت بە مەسەلەکە گەلێک لەو هەڵوێستە چوارچێوەدارە دوورە کە بە داخەوە بەشێک لە ڕاست و چەپی کۆمەڵگای کوردی بریتانیا تێیدا هاوبەش و هاوبیرن. من کاڕناڤاڵەکە بە شێوەیەکی دیکە دەبینم:

·         زیاد لە ١٠ سەعات مۆسیقا و هەڵپەڕکێی تازە و بەڕۆژکراو،

·         سەیر و تەماشای بێ خەرج و تێچوو لە هەوایەکی خۆشی هاوینەدا،

·         جل و بەرگی ڕازاوەی هەرکام لە گرووپەکان،

·         ئازادیی گەڕان و سەیران بە دەیان کیلۆمەتر ڕێڕەوی گرووپە مۆسیقایی و هەڵپەڕکێکاندا،

·         مافی تێکەڵ بوون لەگەڵ گرووپەکان و هەڵپەڕین و گۆرانی گوتن  و بە شەقامدا ڕۆیشتن لەگەڵیان،

·          ئازادیی وێنە و فیلم گرتن،

·         تاقی کردنەوەی خواردەمەنی هەمەچەشنەی گەلانی جیاجیای جیهان،

·         و لە هەمووان گرنگتر تێکەڵاویی ڕەگەزی و نەتەوەیی و چینایەتی، بە شێوەیەک کە ڕەشی ئەفریقی و کارائیبی و سپی بریتانی و ئوروپی و بۆری هیند و پاکستانی و عەرەب و ئێرانی و چاوبادامیی چینی و ژاپۆنی، هەژار و دەوڵەمەند بە بێ جیاوازیی چین و توێژی کۆمەڵایەتی، لە قاڵبی باند و گرووپی هونەریی ناوچە و گەڕەکی جیاجیای شارەکەدا دەتوانن شادی و پێکەنین و دڵخۆشی بکەنە میوانی خەڵک و خەفەتی ژیانی ڕۆژانە و کار و ماندوویی و ڕووگرژی و خەمی گرانی و کەم داهاتیی زۆرێک لە بینەران بۆ ماوەی دوو ڕۆژیش بێت، بەبادا بدەن- ئەویش لە بارودۆخی تایبەتی ئەمساڵدا کە چارەنووسی "برێگزیت"ەکەی بۆریس جانسن و حزبی کۆنسێرڤاتیڤ نادیارە و دوور نییە لە ماوەیەکی کەمدا خەڵکی بریتانیا لە دراوسێکانیان داببڕێن و بۆ هاتووچۆی ئاسایی لە وڵاتانی ئوروپاییدا پێویستیان بە ڤیزا و ئیجازە هەبێت، ئەوانە و ڕوون نەبوونی داهاتووی ئابووریی وڵات بەشێکی زۆری خەڵکەکەی لە دڵەتەپێدا ڕاگرتووە.

·         لە لایەکی دیکەوە، کارناڤاڵەکە بە درێژایی تەمەنی، خاوەن هەڵوێستی کۆمەڵایەتی- سیاسی بووە و بۆ نموونە پشتگیری ئەو خەڵکانەی کردووە کە ماوەی نزیک بە ٩٠ ساڵە لە ئەفریقا و کارائیبەوە هاتوونەتە بریتانیا بەڵام هێشتا مافی هاوڵاتیبوونیان پێ نەدراوە.

ئەمساڵ کارناڤاڵ یادی ئەو ٧٢ کەسەی کردەوە کە شەوی ١٤/٦/٢٠١٧ لە ئاگرکەوتنەوەی بورجی "گرینفێڵ"ی لەندەندا گیانیان لە دەست دا. سەعات ٣ ی دوای نیوەڕۆ، بە پێی ڕاگەیاندنی پێشوەخت، هەموو باندە مۆسیقا و هەڵپەڕکێیەکان بۆ ماوەی ٧٢ چرکە بە بێدەنگی وەستان و من خۆم لەوێ بووم کە هەموو ئەوانەی وا لە دەوروبەری من بوون، ڕەچاوی بێدەنگییەکەیان کرد. ئەو بێدەنگی و ڕێز لێگرتنە، لە ڕاستیدا هەڵوێست گرتن بوو بەرانبەر بە هەندێک دەسەڵاتداریەتی کە هەوڵ دەدەن بەرپرسیایەتی خۆیان لە مەرگی بێ تاوانی ٧٢ قوربانیدا لە سەر شان دابماڵن.

لای من، ئەو کارەی بەڕێوەبەرانی کارناڤاڵەکە گەلێک سیاسی و بە پێوانەی کار و خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لەم شوێنەی جیهاندا، بوێرانەیە. بەڵام ڕەنگە ئەو ئەرکە  کۆمەڵایەتییەو زۆری دیکەی هاوشێوەی ئەویش بۆ هەندێک بیری کۆن بەس نەبن تا جووڵە بە خۆیان بدەن و هەنگاوێک لە دۆگماتیسمی عادەت پێکراو دوور کەونەوە و ژیان و جیهان بە چاوی واقیع سەیر بکەن نەک بە چاویلکەی تەمگرتووی ئێستایان.  

نیازی من لە نووسینی ئەم دێڕانە، ئەوەیە بڵێم خۆ لادانی هەندێک لە ئێمە و نەچوونە تەماشای ئەو هەموو جوانییە بە بیانووی نابەجێ، کارێکی هەڵە و مەترسیدارە. مەشرووب خواردنەوە و دەرمانخواردنی هەندێک کەس بۆچی دەبێ سەرجەم ڕووداوە مەزنە هونەرییەکە بخاتە بەر سێبەری خۆی؟ مەشرووب و مادەی سڕکەر بۆ شاری لەندەن بێگانە نین و لە ڕۆژانی دیکەی ساڵ و لە ژیانی ئاساییشدا هەر هەن و پەیوەندێکیان بە فێستیڤاڵەکەوە نییە. جل وبەرگی هاوینەی ژن و پیاوی ئاسایی لە ناو شاردا کەم و زۆر هەر ئەوانەن وا لە فێستڤاڵەکەشدا دەبینرێن بە هەندێک هەڵکشان و داکشان و گەشی و جوانی ڕەنگەکانیانەوە؛ ئیتر ئەوە چ ترسێکە داوێنی بەشێک لە خەڵکی ئێمەی گرتووە و بەرگرە لەو سەیر و سەیاحەتە خۆشەیان؟  

واهەیە هۆکارەکەی لەو ڕاستییەدا بدۆزرێتەوە کە کۆمەڵگای ئێمە، بە تایبەت لە هەندێک بەشی کوردستاندا موحافیز و لەبەرانبەر شێوازی نوێی هونەریدا خۆ ڕاگرە. ڕژیمە داگیرکەرەکان بە درێژایی ٧٠ - ٨٠ ساڵی ڕابردوو هەوڵیانداوە ئێمە لە گێژاوی فۆلکلۆردا بخنکێنن و نەهێڵن بیر لە نوێخوازی بکەینەوە. ئەوان کارێکی وایان کردووە کە گەلەکەمان فۆلکلۆر و بابەتی کۆن و پەرپووت نەبێ دیاردەی نوێ قەبووڵ نەکات، هەر بۆیە ئێستاش دوای ئەو هەموو ساڵە، هەر کاوێس ئاغا و سەید عەلی ئەسغەر و عەلی مەردان و حەسەن زیرەک دووپات دەکەینەوە و سەدان کۆپیی بەدەڵیی ئەو هونەرمەندانەمان دروست کردووە کە کاوێژی گۆرانییە کۆنەکان دەکەن و بە ناوی ئەوانەوە دەژین، بێ ئەوەی هونەرەکەمان هەنگاوێک لە هی سەردەمی ئەوان ببەنە پێشەوە. گرنگایەتی ئەو پێشڕەوانەی مۆسیقای کوردی لەوەدا بووە کاتی خۆی دیاردەی نوێیان هێناوەتە ناو هونەری کوردییەوە و لاسایی کەسیان نەکردۆتەوە؛ بەڵام ئەو کۆپییە بەدەڵییانە جگە لە لاسایی کردنەوە هیچیان نییە بیدەنە خەڵک و لاسایی کردنەوەش فڕی بەسەر داهێنان ونوێخوازی و پێشخستنی هونەرەوە نییە.

ئێمە تەنانەت نەمانتوانیوە گۆڕانێک بە سەر هەڵپەڕکێ نەریتییەکەماندا بێنین و لە بەند و زنجیرە کۆنەکانی ڕزگار بکەین جگە لەوەی لە ژێر گوشاری مەلای ئێراندا ڕەشبەڵەکی نەریتیمان کردۆتە پیاوانە و ژنانە! دڵنیاشم ئەگەر مێشکی بێزار لە نوێخوازیی ئێمە هەر وا کە ئێستا هەیە بمێنێت، چەند ساڵی دیکە و دوای پەرەسەندنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و داعش، باشووری کوردستانیش وەک ڕۆژهەڵاتی لێ دەقەومێت و دەبێ لەجیاتی هەڵپەڕکی لە سینگی خۆیان بدەن!

جیا لەو خاڵە گشتییانەی فێستڤاڵەکە، پرسیارێکی تایبەت بە کوردیش هەیە: بۆچی گرووپێکی هەڵپەڕکێی کوردی بەشداریی ئەو کاڕناڤاڵە ناکات؟ بۆچی ١٠-١٥ کچ و کوڕی کورد بە مۆسیقای کوردی و جل و بەرگی نەتەوەییەوە هاوڕێ لەگەڵ گرووپەکانی تر، بە شەقامەکانی لەندەندا تێپەڕ نابن تا هونەری کوردی پیشانی سەدان هەزار بینەری ئەو ڕووداوە گەورە هونەرییە بدەن؟ خۆ ئەوە لە هەموو کارێکی تەبلیغاتی سەر تەلەڤیزیۆنەکانمان بەهێزتر و پڕ بینەرترە. تەلەفیزیۆنە کوردییەکان تەنیا خۆمان دەیانبینین بەڵام ئەوە بۆ بێگانەیە و لە ڕێگەیەکی پڕ لە خۆشەویستییەوە بە زمانی گۆرانی و دەفە و شمشاڵ و هەڵپەرکێ، پێیان دەڵێین گەلی ئێمە دۆست و هاوڕێی ئێوەین، ئێوەش دۆستمان بن. تێیاندەگەیێنین کە کورد تەنیا بە کۆڵەوەژی سەر شانیەوە مەناسن، ئێمە جگە لە کوشتن و کووژران کاری دیکەش دەزانین، مۆسیقای بن بزۆکە و هەڵپەڕکێی جوان و جل و بەرگی ڕازاوەشمان هەیە. جل و بەرگی ژنانی کورد، جیا لە قەبارەکەی، گەلێک تایبەتمەندیی ئەو جل وبەرگانەی هەیە وا لە کاڕناڤاڵەکەدا نمایش دەکرێن.

لەبیرمە، چەند ساڵێک پێش ئێستا گرووپێکی کوردی بەشداریی فێستیڤالەکەی کرد بەڵام بەداخەوە دواتر وەستا و بەردەوام نەبوو. بێ ئەوەی ئەو کەسانە بناسم و شتێکم بیستبێت، هەست دەکەم یەک لە هۆکارەکانی ئەو وەستانە، هەڵوێستی ناحەزان و کوردانی سوننەت پەرست بووە کە تاوانباریان کردوون بۆچی بەشداریی كاڕناڤاڵێکی ئەوتۆیان کردووە.

بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە هونەری مۆسیقا و هەڵپەڕکێی کوردی بتوانێ لە زەلکاوی فۆلکلۆڕ بێتە دەرێ و لە قووڵایی سەدە و ساڵانەوە پێ بنێتە ئەمڕۆ!

ئەوانەی لێرەدا دەبینرێن، دوو ڤیدیۆ و وێنەیەکی کارناڤاڵی ناتینگ هیل گەیتی لەندەنە کە دوێنێ (٢٦/٨/٢٠١٩) خۆم هەڵمگرتوون:

 

ڤیدیۆی یەکەم   Click to Download

گرووپێکی پڕکاشنی ژن و پیاو، کە زوربەیان سپی پێستی ئوروپایین و بەشداریکردنیان لە فێستیڤاڵێک کە خەڵکانی کاڕائیبی و ئەفریقی ڕێکیان خستووە، پیشاندەری هەمە چەشنی و هەمەڕەنگی مرۆڤە لە جیهانی ئێمەدا کە بەداخەوە بەسەر چین و نەتەوە و ڕەنگی پێستدا دابەش کراوە.

 

ڤیدیۆی دووهەم    Click to Download

گرووپێکی مۆسیقا و دانس بە جل وبەرگی ڕازاوەی نایابەوە. دیزاینی جل وبەرگ یەک لە کارە هونەرییەکانی کاڕناڤاڵەکەیە و بەرگی ژنان و پیاوانی ئەندامی هەر گرووپێک ڕەنگ و ستایلی تایبەخۆی هەیە کە لەگەڵ بابەتی ئەو مۆسیقایەدا دێتەوە وا لە بڵێندگۆکانیەوە بڵاو دەبێتەوە و شێوازی دانسەکەش پیشاندەری ئەو یەکگرتووییەیە.

 

ئەوە وێنەی یەک لە ڕاگەیاندنەکانی سەبارەت بە بێدەنگیی سەعات ٣ ی دوای نیوەرؤیە کە هەموو باند و گرووپێکی بەشداری کارناڤاڵەکە هەڵیانگرتبوو و تێیدا نووسراوە: "تکایە سەعات ٣ ی دوای نیوەڕۆ  ڕێز لە ٧٢ چرکە بێدەنگی بۆ گرینفێڵ بگرن. "