با ئییتر قامکی سکالا بۆ لای زۆرداران ڕانەکێشین

 

بە درێژایی مێژوو، زۆرداران وداگیرکەرانی هاوسێمان بە فارس و تورک و عەڕەبەوە هەوڵی لەناوبردنی زمان، فەرهەنگ و داب و نەریتی کوردیان داوە و ویستوویانە ئاسیمیلیرەمان بکەن و لەسەر گۆی زەوی بمانسڕنەوە.

بە درێژایی مێژوو هەموو نەورۆزێك سکالای خۆمان ئاڕاستەی ئەو زۆردارانە دەکەین و ئەوان بە هۆکاری سەرەکی بۆ سەرنەکەوتوویی و یەخسیری و کۆیلەیی خۆمان دەزانین.

با نەورۆزی ئەمساڵ قامکی سکالا بۆ لای خۆمان ڕاکێشین.

بەدرێژایی مێژووی هەزاران ساڵ، لە "هارپاگ"ی سەردەمی "ماد"ەکانەوە تا ئەمڕۆ جاش و خۆفرۆشی کورد لە پێناو بڕێك بەرژەوەندی خۆیان نەتەوەی کورد و نیشتمانی خۆیان فرۆشتووە و خستوویانەتە دەست نەیارانیانەوە.

بە درێژایی مێژوو، یەکنەگرتوویی و چەند دەستەیی و پێشخستنی بەرژەوەندی کەسی و حیزبی لەمپەریان لەسەر ڕێگای پێکهێنانی بەرەیەکی هاودەنگ و یەکپارچەی کورد بۆ پێکهێنانی کیان یاخود مالێکی کوردی داناوە.

ڕەنگە کەسانێك لەسر ئەو باوەڕە بن ئەو هەرێمەی لە باشووری کوردوستان پێکهاتووە هومێدێك بۆ دروستکردنی خانووبەرەیەکی کوردی بێ. بەڵام بەداخەوە ڕاستییەکەی ئەوەیە لە لایەکەوە گەندەڵی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی سیاسی کورد و ئایینی کۆنەپەرست لە باشوور و لەولاشەوە سیاسەتی ژیرانەی گێرەشێوێن و لێکهەڵوەشاندنەوەی هەرێم لە لایەن ئێران و تورکیاوە بارودۆخێکی پێکهیناوە کە کۆمەڵگای کوردی لە ناوەوە هەرەس بێنێ و بە پێی کات لاواز و لاوازتر بێتەوە.

مەلکشا گوتەنی: "بستێك خاك شك نابەم تیا بژیم، تیا بمرم".

رەنگە مرۆڤ بڵێن ئەو بیرۆکەیە نەتەوەپەرستانەیە چونکە لە سەدەی بیست و یەکەمدا نەتەوەکان هەوڵ دەدەن سنووریان لەناو بەرن و کۆمەڵگایەکی یەکپارچە و گلۆبالی پێك بێنن. بۆچوونێکی خاسە، بەڵام بەو مەرجەی نەتەوەی کورد لەسەر خاك و زێدی باوباپیرانی خۆی ماڤی بەرابەری مرۆڤی فارس، تورک و عەڕەبی هەبێ و وەك هاووڵاتی کلاسە دوو سەیر نەکرێ.

بە بۆچوونی من نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاربوونی لەو تەلیسمە پێویستی بە ناسیۆنالیزمێکی ساغ و سەلیم هەیە کە پەنجە بۆ خاکی کەس نەبا و سووکایەتی بە هیچ نەتەوەیەك نەکا. تەنیا یەکگرتوویی و یەکدەنگی نەتەوەیی دەتوانێ کیان و خانووی کوردیمان بۆ بونیات بنێ. ئینجا کە خانووەکەمان ساز کرا، وەك هەموو نەتەوەکانیتر بۆ گەشانەوەی کۆمەڵگای کوردەواری حیزب و بۆچوونە ڕەنگاوڕەنگەکانیتر دەتوانن چالاکی تێدا بکەن.

ئارەزوو و ئاواتی من لە نەورۆزی ئەمساڵ پێکهێنانی کیانێکی کوردییە، با فێربین ئیتر قامکی سکالا بۆ لای خۆمان ڕاکێشین.

شوانە یەکی خاکەلێوەی ٢٠٢٢