ده‌سته‌ی نووسه‌ران
نووسراوه
به ناوی کوردستانی گه‌وره .
ح . س. سۆران .
ئاغا جان ! ناوی شار و گونده‌کانمان مه‌گؤڕن ؟؟؟ !!!
له مانگی ره‌زبه‌ری 2706 دا ، گه‌شتێکی فه‌رهه‌نگی پێویستم کرد بۆ ناوچه‌گه‌لی پارێزگه‌ی کرماشان و ئیلام ، تا له نزیکه‌وه بارودۆخی فه‌رهه‌نگی ، زمان ناسی و ... ناوچه‌که ببینم . ئه‌م سه‌فه‌ره گرنگه نزیکه‌ی دو حه‌وته درێژه‌ی کێشا، به ده‌یان رووناک‌بیر ، هۆنه‌ر، هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رم دی؛ ده‌یان شار و شارۆچکه و گوند چووم و ... ، که له نووسراوه‌یه‌کی تایبه‌ت دا ، به درێژی باسیتان بۆ ده‌که‌م .
به‌ڵام له‌م نووسراوه کورته دا ، وه‌ک به‌رکوڵ و گشتێک له مشت‌ێک ، باسی مه‌به‌ستێکی زۆر دڵڕووشینتان بۆ ده‌که‌م ، که بریه‌تیه له گۆڕینی ناوی شار و گۆنده و ... ئه‌و ناوچانه ، له زمانی ره‌سه‌نه‌وه بۆ سه‌ر زمانی فارسی .
بۆ وێنه:
ناوی سه‌یرانگه‌ی { رێژاو } له کرماشان ، کراوه به { ریجاب } .
ناوی گوندی { کانی سپی } له ئیلام ، کراوه به { چشمه سفید } .
ناوی شاری { جوانڕؤ } له کرماشان ، کراوه به { جه‌وانروود } .
ناوی ناوچه‌ی {هه‌ورامان } ، کراوه به { اورامان } .
ناوی شاری {سه‌رپێڵ} ، له کرماشان ، کراوه به { سر پل زهاب } .
ناوی جه‌له‌کێوی { که‌وه‌ر } له ئێلام ، کراوه به { کویر کوه }.
به‌م چه‌شنه ، ناوی ره‌سه‌نی سه‌دان شار ، گوند ، هه‌وار ، کێو ، چۆم و ... کراون به فارسی و ره‌سه‌نایه‌تی مانا ، مێژو و پێشینه‌ی ئه‌و جێگه گه‌له شێواوه، که ئه‌م شته به قازانجی هێچ که‌س نیه ، بێجگه له زه‌ره‌ر . ئه‌م شته وه‌ک ئه‌وه وایه ، پۆلیسێکی تۆرک بچێته ماڵی کوردێک له کوردستانی داگیرکراوی تورکیا { تورکستان } و هه‌ر به‌وه ناوی { رزگار} ی کۆڕی ماڵه‌که‌ی پێ خۆش نه‌بێ ، بۆ وێنه ناوه‌که‌ی بکاته { ده‌میر ئۆغڵو } ، که به‌م کاره، نه رزگار ده‌بێته تۆرک و نه که‌سیش به مسقاڵ پیێ ده‌ڵی { ده‌میرئۆغڵو!!! } .
دیاره ئه‌مه نه شتێکی تازه یه و نه تایبه‌ته به رۆژهه‌ڵاتی کوردستان . له ته‌واوی پێنج به‌شه‌که‌ی کوردستان ، زۆر له مێژه ئه‌م کاره درێژه‌ی هه‌یه . به‌ڵام بۆیه ئه‌م شته ناجوانه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زه‌ق تره ، که زمانی فارسی هه‌م له زمانی کوردی زۆر نزیکه و هه‌م به چه‌شنێک ئه‌م زمانه به ریشه‌ی زمانی فارسی داه‌نرێ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ، گؤڕینی ناوه کان ، فه‌قه‌ت ده‌بێته هۆی پشێونی زمان ناسی ، مێژو ، کۆنینه ناسی و ... . کورستانیش هه‌ر کوردستانه و به کورستانی ده‌مێنێته‌وه .
ئاغا جان ! ناوی شار و گونده‌کانمان مه‌گۆڕن ؟؟؟ !!!
تاران - 21/7/2706
به ناوی کوردستانی گه‌وره .
ح. س . سۆران
تاران - 4 ی خه‌رمانی 2706
روسیا ، هه‌میشه لای کورد، روسیا بوه.
زۆر له مێژه له هۆنراوه‌یه‌کدا ، وتوومه :
ورچی قوتبی ، خێر و بێری بۆ گه‌لی کورد قه‌ت نه‌بو .
هه‌ستی زر مه‌ی ناله‌باری چه‌کمه‌یی پۆتین ئه‌که‌م.
ئه‌ز هومێدم ده‌ست و بازوی پاڵه‌یی کورده له کوێ ؟
تازه باسی داسی خاسی کاکه ئه‌ستالین ئه‌که‌م .
به داخه‌وه ، گه‌لی کورد له به‌ربه‌یانی هه‌ڵ هاتنی هه‌تاوی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمه‌وه ، له روسیای سه‌رده‌می سێزاره‌کان ، زۆر جار وه‌ک داشدار ، لایه‌نگر و پشت و په‌نا روانیویه‌ته‌یه وڵاتی روسیا یا یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تی ئه‌و کاته .
ئه‌م بؤچوونه دڵخۆشکه‌ره ، له هۆنراوه‌ی زۆر له هۆنه‌رانی دڵسۆزی کوردیش دا ،ره‌نگی داوه‌ته . بۆ وێنه ، ماموه‌ستای رۆحیم قانعی مه‌زن ، حه‌زره‌تی ئه‌بولحه‌سه‌نی سه‌یفی قازی ، به ناوبانگ به پیره‌مێردی موکریان ، سه‌روه‌ر ماموه‌ستا هه‌ژار و کێ و کێ ، هه‌مووایان زۆربه تاڵووکه به‌ته‌ما بوون ، روسیا هه‌نگاوێکی ئه‌رێی بۆ کورد هه‌ڵ بهێنی . دیاره ئێمه بۆ گرتنی ئه‌م هه‌ڵوێسته، نابێ ره‌خنه له شاعیرانی خۆشه‌ویستی خۆمان ، بگرین چون ئه‌وان ئاوێنه‌ی هه‌ست و بۆچوونی گه‌لی خۆیان بوون و ئه‌و سه‌ردده‌مه له نێو گه‌لی کورد دا ، زۆر هیوایان به روسیا بوه .
به‌ڵام ، ئێستا له پاش نزیکه‌ی سه‌د ساڵ چاو بڕین له مه‌سکه‌و و په‌تریپؤرت و ... ، ئه‌م هیوایه که جاران وه‌ک کێو پته‌و بوه ، ورده ورده له مه‌یدانی تاقی کاری ، ئه‌زموون و گۆڕانکاریه‌کاندا ، بوه‌ته تراویلکه‌یه‌کی زۆر بۆش و هه‌ڵماوی و هیچ .
با جارێ له‌وه گه‌ڕێم ، که له زه‌مانی سێزاره‌کان و جه‌نگی جیهانی هه‌وه‌ڵ دا ، رووسه کان چ کوشتارێکی ئه‌نفالاویان له خاکی کوردستان کرد . به راستی ئه‌و روسیا روسیایه ، روی سه‌ددام و مه‌ددامی سپی کرد .
ئه‌مجار ، له کاتی کؤماری دێمۆکڕاتیکی کوردستان دا ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و گشته به‌ڵێنه درۆیه ، زۆر بێ شه‌رمانه، دۆزی کوردیان له کۆنفڕانسی تاران ، به چه ند ئایه‌ره نه‌وتی بۆگه‌ن فرؤشت به ئه‌حمه‌دی قه‌وام !!! و بوونه هۆی ئه‌وه‌ی که کۆماری کوردستان ، تێک بشکێ و حه‌مه‌ڕه‌زا شای هۆمه‌ره مل ، ئه‌و گشته خه‌ڵکه‌ی له دار دا و چی و چێ ... . قوربان گیان ! به تاقه شه‌وێک ته‌نیا له بنه ماڵه‌ی ئێمه ، 11 نه‌فه‌ریان شه‌هید کرد . به قوربان ئه‌نفال خۆ شاخی نیه ! به‌لام ، ئه‌م هه‌ویره ئاوی زۆر ده‌وێ و له‌م ده‌رفه‌ته کورته دا ناشێلرێ . هه‌ر ئه‌وه‌ند ئاماژه ده‌که‌م ، که پشت کردنه کوردی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت له‌و کاته دا ، وه‌ک پشت کردنه شای ئێران ، له بارزنی نه‌مر بو ، له 1975 دا – که هه‌ردووکیان رووخێنه‌ر بوون .
کاتی په‌نا بردنی سه‌رۆک ئاپۆش بۆ روسیا ، دیسان روسیا نیشانی دا ، که هه‌ر روسیایه .
تازه کاتێک ، که حه‌زره‌تی بووش و بیلێر و ئه‌وان ، خه‌ریک بوون سه‌ددامه گورگه بخه‌نه نێو قه‌فه‌سی ره‌قی دادگه‌ری ، ڤڵادیمیر پووتین هاواری ده‌چوه ئاسمان و ده‌یوت له‌و فریشته‌یه‌ی قه‌راغ دێجله بگيڕێن - بۆ رۆسیا خێر و به‌ره‌که‌ته !!! .
ئێستاش ئه‌گه‌ر بڕوایننه هه‌ڵوێسته کانی روسیا ، له لوبنان و فڵان و فیسار، پاکی ده‌لێی به ئه‌نقه‌ست بۆدژایه‌تی له‌گه‌ڵ کورد ، دارێژراون . دیاره زۆر جار ، کۆماری خه‌ڵکی چێنیش له‌و هه‌ڵوێستانه دا ، هاوبیری روسیایه .
قسه هه‌زاره و دوانی به‌کاره :
به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م راڤه‌یه ، دێینه سه‌ر ئه‌م بڕوایه ، که ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانیش ، پێویسته له هه‌ڵسوکه‌وت و دۆستایه‌تی کردن ، له‌گه‌ڵ روسیادا ، فایلی روسیا بوونی ، له به‌ر چاو بگرێ و بزانێ ، بۆ وێنه لفکه‌ی ده‌سماڵه‌که‌تی خاتو دانیێل مێتێڕان و خێڵه هاوبیره‌که‌ی ، له هه‌زاران ورچه قوتبی سمێڵ حیز، بۆ کورد پیرۆزتره . دڵنیا بن ، له‌هه‌ر کات و سات دا ، هه‌لوێستی روسیا سه‌به‌ره‌ت به کورد ، وه‌ک کارد و په‌نیر دژه .
له ئاخری نووسراوه‌که‌ش دا ، ده‌ڵێم ئایا له به‌ستێنی رامیاری جیهانی هه‌نووکه‌یی دا ، روسیا نه‌بوه‌ته قاللاوه‌که‌ی ئه‌لێکساندر پووشکینی خۆیان– که ناوی ده‌نێ { قه‌لی رووڕه‌ش – قه‌لی روسیا } ؟
كورد و هه‌ڵپه‌ڕكێ !
2003.1.1 ی زاینی = 2703.1.1 ی كوردی .
هه‌ڵپه‌ڕكێ چه‌شنه سه‌مایه‌كه ، كه له نێو زوربه‌ی گه‌لانی جیهاندا هه‌یه . كوردیش وه‌ك گه‌لێكی ره‌سه‌ن و مێژویی ، چه‌شنه هه‌ڵپه‌ڕكێی چۆربه‌جۆری خۆی هه‌یه ، كه بۆ وێنه هێندێك له‌و هه‌ڵپه‌ڕكێیانه،ئه‌مانه‌ن :چۆپی ، رۆینه ، داغه ، شێخانی ، سێ پێیی و …
به‌ڵام شتێك كه‌له ساڵانی رابووردو دا ، به ژیانه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كورد ، سه‌رنجی خه‌ڵكی جێهانی بۆ لای خۆی راكێشاوه ، چه‌شن و ره‌وتی هه‌ڵپه‌ركێی كوردی نیه ، به‌ڵكه ئه‌مه‌یه ، كه بۆچی كورده كان له بچووكترین كات و جێگه، بۆ هه‌ڵپه‌ڕكی كه‌ڵك وه‌رده‌گرن؟.
ره‌نگه زوربه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی ، كه ئه‌م وتاره ده‌خوێننه‌وه ، پرسیاری سه‌ره‌وه‌یان له خۆیان كردیێ كه” كورد بۆچی هێنده له‌گه‌ڵ هه‌ڵپه‌ڕریندا ، نێوانی خۆشه”؟. به‌ڵام منیش بۆ ئه‌ه‌ی كه به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر زیندووتان له‌و هه‌سته پێ بناسێنم ، شتێكتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه :
كاتیك له ساڵه‌كانی 1970 دا له‌نده‌ن بووم ، به پێی بانگهێشتنی به‌شی كوردی زانكۆی پاریس ( ریزدار خاتو ژۆیس بلاو ) و كاك دوكتور كه‌نداڵ ، له له‌نده‌نه‌وه چووم بۆ پاریس ،تا سه‌باره‌ت به په‌ڕتووكی كتیبناسی كوردی ،كه تازه نووسیبووم و مه‌به‌ستگه‌لی دیكه ، له زانكۆی پاریس بۆ خۆێندكارانی به‌شی كوردی قسه‌بكه‌م .سه‌ره‌تای مانگی به‌فرانبار بو ، به ئۆتۆبووس ، له له‌نده‌نه‌وه چووم بۆ پاریس و به هووڤێركڕافت له به‌ره‌گه‌ی دۆڤێری ینگلیسه‌وه له زه‌ریای مانش په‌ڕینه‌وه و له به‌ره‌گه‌ی كالی فه‌ڕانسه دابه‌زین .
له نێوان به‌ره‌گه‌ی كالی و شاری پاریس‌دا ، ئۆتۆبووسه‌كه له چێشتخانه‌یه‌ك رایگرت ، تا نه‌هار بخۆین . ته‌ماشام كرد ، له سه‌ر چیمه‌نی به‌رده‌م چێشتخانه‌كه ، قه‌ره‌باڵغێك هه‌یه ، كه سه‌رنجی منی بۆ لای خۆی راكێشا . كاتێك لێیان چوومه پێشه‌وه ،دیم گشتیا ن كوردن و به گوڕ خه‌ریكی هه‌ڵپه‌ڕینن . دو كه‌س گۆرانیان ده‌وت و بۆ یه‌كیان ده‌سه‌نده‌وه و ئه‌وانی دیكه‌ش ، چ ئافره‌ت چ پیاو هه‌ڵده‌په‌ڕین ،كابرای سه‌رچۆپیش زۆر عه‌جایه‌ب له كۆلی ده‌دا و به ده‌سره‌یه‌كی هاورێشم ، رێبه‌ری كۆڕی شاییه كه‌ی به ئه‌سنۆوه بو . له یه‌كێكیانم پرسی برا ئه‌م شاییه به بۆنه‌ی چیه‌وه‌یه ، كابرا وه‌ڵامێكی زۆر ته‌واوی داوه و وتی” به بۆنه‌ی ئه‌وه‌وه كه كوردین ”. ده‌بێ ئه‌مه‌ش بلێم ، كه هه‌ر كام له‌وانه ، خه‌ڵكی پارچه‌یه‌ك له پێنج به‌شه‌كه‌ی كوردستانی گه‌وره بوون ، به‌ڵام وه‌ك من له‌وێ خڕببونه‌وه . ئێستا كه ئه‌و باسه‌ی سه‌ره‌وه‌م پێشكه‌ش كرد ، ده‌مه‌وێ وه‌ك ئه‌ندامێكی هه‌ره بچووك ، له كۆمه‌ڵی كورده‌واری،بڵێم بۆچی كورد وا نێوانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵپه‌ڕكێدا خۆشه و له كورتترین كات و جێگه ، بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێ كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ:
1- چون زوربه‌ی كات له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری خوی نارازی بوه ، ده‌یه‌وێ به هه‌ڵپه‌ڕكێ چه‌شنێك پڕۆتیستوی بێده‌نگ و پڕ بزاڤ نیشان بدا ، به‌وسكوته‌وه داخی دڵی خۆی بڕژێنێ و به‌ڵگه‌ش نه‌داته ده‌ستی زۆرداران - له رساتیدا چه‌شنێك خۆپیشاندانی بێده‌نگه .
2- له باری ژێنێتێكی و ناوچه‌ییه‌وه ،گه‌لێكی ره‌سه‌ن و ره‌به‌نه - وه‌ك زه‌ویه‌كی بووره‌ی نه‌كێڵراو وابه ، كه پڕه له هێز و ئێنێرژی و ده‌یه‌وێ به چه‌شنێك ئه‌م هێزه قه‌تیسكراوه ، ده‌رببڕێ ( خاڵی بكا) و له‌شی خۆشی به‌مه ، به هێزتر ده‌كا .
3- چون گه‌لێكی هه‌ستیاره، ئه‌وین و خۆشه‌ویستی به شێكی سه‌ره‌كی له ژیانییه‌تی و بۆ ده‌ربڕینی ئه‌وینی شاردراوه‌ی نێو دڵی ، ئه‌م كاره ده‌كا .
4- چون به پێچه‌وانه‌ی هێندێك له گه‌لانی دیكه دژی په‌ژاره و گریانه و لاگری خۆشیه . به‌ڵگه‌ی زیندوی ئه‌م وته‌یه هه‌ڵپه‌ڕینی شیوه‌نه ، كه پێی ده‌لێن چه‌ممه‌ر چۆپی - یانی كورد بۆ ده‌ربڕینی شیوه‌نیش ، هه‌ر له هه‌ڵپه‌ڕكێ كه‌ڵكی وه‌رگرتوه، كه چه‌ممه‌رچۆپی ناوچه‌ی مه‌لیكشاهی ، له ئێلام ، یه‌كێك له‌و نموونه پڕمانایانه‌یه .
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش ، كه بۆچی كۆڕی هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی ، به پێچه‌وانه‌ی گه‌ڕانی كاتژمێر ده‌گه‌ڕێ ، پێموایه چون هه‌میشه كات دژی كورد چه‌رخاوه ، كوردیش ده‌یه‌وێ به گه‌ڕان به پێچه‌وانی چه‌رخی كاتژمێر ، تۆله له كات و زه‌مان بكاته‌وه - ئایا جێگه‌ی كوڵۆ به‌رد نیهI !!! .
دیاره ره‌نگه بۆچوونی زۆر جوانی دیكه‌ش له‌م به‌ستێنه‌دا ببێ ، كه من بیرم پێیان رانه‌گه‌یوه یا ره‌نگه هێندێك له خۆشه‌ویستان له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونانه تێبینیان ببێ ،كه جێی خۆیه‌تی بیر و رای خۆیان ده‌رببڕن ، چون ئێستا ئه‌م مه‌به‌سته بوه‌ته بنێشتی سه‌ر زاران و روونكردنه‌وه‌ی پێویسته ؟؟؟.
له‌بیرم دێ :
له‌بیرم دێ، كه عه‌رز له‌سه‌ر شاخی گا ، گا له‌سه‌ر پشتی ماسی و ماسی له نێو ده‌ریادابو ، جا وای به حاڵم ، ئه‌گه‌ر شاخی گا نه‌ختێك بله‌قایه - ده‌بوه بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك ، چاوت رۆژی ره‌ش نه‌یبینێ !.
له‌بیرم دێ ، له خزمه‌ت دوژمنانی خۆم و دوژمنانی ئیسلامدا ، ده‌چووم بۆ خه‌زا(جیهاد) به قازانجی ئیسلام و زۆر جاری واش بو شه‌هید ده‌بووم ، قسنیشیان بۆ دروست ده‌كردم ، شاڵی سه‌وزیشیان پێدا هه‌ڵده‌واسی و ده‌شبو به زیاره‌تگه !
له‌بیرم دێ كه‌متر ده‌یانهێشت قسه‌ی دڵم بكه‌م .چه‌ند دانه تورموزی جۆربه‌جۆر زمانیان قوفڵ كربووم ، ئه‌وه‌ی ده‌موت هێنده له ئه‌وه‌ی ده‌بو بیڵێم دوور بو ، كه خوشم نه‌مده‌ناسیه‌وه - ره‌نگه مرۆڤ هه‌میشه وا بووبێ؟
له‌بیرم دێ ده‌موت : تركی عه‌نه‌دۆڵ ، عه‌ره‌بی قوڕه‌یشی ، فارسی ده‌ری و ئه‌رمه‌نیشم ، پام له‌وه هه‌ر نه‌ده‌نا ، كه كوردم !
له‌بیرم دێ زه‌ڕده‌شت پیاوێكی ئاور په‌ره‌ست و گاور بو،ته‌نانه‌ت ئه‌م هۆنراویه‌شم ده‌وت :ئه‌ی لاوه،لاوه ، چاوه‌كه‌م لاوه ، خۆ من گاور نیم ، به‌ركه به‌ملاوه .
له بیرم دێ شاره‌كانی كورده‌واری پڕی بو له كلاسی ئینگلیسی، به‌ڵام تاقه كلاسێكی كوردی تێدانه‌بو . ته‌نانه‌ت كه‌ڵه‌شێره‌كان ، ئه‌مه‌یان پێ سه‌یر بو ، چون خۆیان به زمانی خۆیان ده‌خوێنن .
له‌بیرم دێ، كاتێك چرا ده‌كوژاوه و هه‌ڵده‌بوه‌وه ، تاقه سڵاواتێكیان بۆ ئێدیسۆنی كافر لێ نه‌ده‌دا - یانی به قه‌ولی كوردی عیسا ژنی ده هێنا و مووسا ریشی ده‌تاشی !
له‌بیرم دێ عاجی حه‌لی (حاجی عه‌لی ) زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بو - پێنج بزن ، چوار گا و ده مه‌ڕی بو - زۆر جار خاتوایشێی خێزانی ده‌یوت : پیاوه‌كه ،نه‌بین به‌چاوه‌وه ؟ !.
له‌بیرم دێ ، ئه‌گه‌ر له قوتابخانه ده‌رسی فیزیكم بخوێندایه ، ئیتر پیاوێكی سه‌ربه‌ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌ب ،
تكای به‌خشینی گوناحه نه‌كراوه‌كانی له سه‌حرای مه‌حشه‌ر بۆ نه‌ده‌كرم ، چون فیزیك مێشكی جوانی منی پیس ده‌كرد و ته‌واوی شته پیرۆزه‌كانی له زه‌ینم لده‌شۆرده‌وه !
له‌بیرم دێ ،كه كابرایه‌ك شاڵی سه‌وزی به‌سه‌ره‌وه بوایه ، ئه‌گه‌ر خودای نه‌خواسته ده‌میشی لار بوایه ، نه‌ده‌بو بڵێم ده‌می لاره ، ده‌نا ده‌می خۆم لار ده‌بو !
له‌بیرم دێ ، كه ده‌بو له‌گه‌ڵ خودا گیان هه‌ر به عه‌ره‌بی قسه بكه‌م ، چون كوردی نه‌ده‌زانی و عه‌ره‌بیشی
زۆر پێ خۆش بو . ده‌بو رۆژی چه‌ند جاریش تاریفی بكه‌م و به شان و باڵیدا هه‌ڵبڵیم - ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حه‌فتا جار به عه‌ره‌بی بموتایه خودا گه‌وره‌یه - ئیدی ئاوری جه‌هه‌ننه‌م نه‌یده‌سووتاندم .
له‌بیرم دێ ، كه كوردی زمان نه‌بو ،چون كورده‌كان به زمان قسه‌یان نه‌ده‌كرد ، به گوێ قسه‌یان ده‌كرد .
له‌بیرم دێ ، كه‌له‌گه‌ڵ خه‌ڵك به‌یه‌كه‌وه به زمانی عه‌ره‌بی باسی خودامان ده‌كرد و هیچ كه‌سیش،نه‌له قسه‌كانی خۆی، نه له قسه‌ی ئه‌وانی دیكه حاڵی ده‌بو، ره‌نگه زۆر شتی هه‌ڵه‌شمان ده‌وت .
له‌بیرم یێ ،كه خودا باوكی عیسا و دایكی مریه‌م بو - له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه خودا نه منداڵی بو و نه‌ژن،كه‌چی ئایینی مه‌سیح ،ئایینێكی خودایی بو موشریكیش نه‌بوون!
له‌بیرم دێ ،كه‌خودای مووسا ،عاسمان وعه‌رزی نزیكه‌ی ده‌هه‌زار ساڵ پێش مووسادا خه‌لق كردبو ، چاوی له‌وه نه‌بو ، كه بڕێك له ده‌وره‌كانی زه‌ویناسی نزیكه‌ی شه‌شسه‌د میلیۆن ساڵ بوه !
له‌بیرم دێ ، كه هه‌مووساڵێك جه‌ژنی له‌دایكبوونی ئه‌وانه‌م ده‌گرت ، كه وڵاتی منیان سووتاند، باووباپیرمیان كوشت و فه‌هه‌نگی منیان له نێو برد ، به‌ڵام قه‌ت جه‌ژنی له‌دایك بوونی دیاكۆ ، ئه‌حمه‌دی خانی و قانعم نه‌گرت . بلێی لێمان ببورێی ؟ .
له‌بیرم دێ ، كه حه‌مه تێڵا ، بوزۆرجار خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی دڕوی سه‌ر رێگه‌كان ، چون چوار دانه منداڵی پیخاوسی هه‌بو !.
له بیرم دێ ،عاجی حومه‌ر ( حاجی عومه‌ر) ، كه زۆر پیاوێكی له‌خوداترس بو ،هه‌مو ساڵێك ده‌چو بۆ زیاره‌تی ماڵی خودا و وشتری بۆ عاره‌به ملهوڕه‌كان سه‌رده‌بڕی،كه‌چی جیرانه‌كانی خۆی ،له برسا پشتیان ده‌شكا . به‌ڵام ،كاتێك له حه‌ج ده‌هاته‌وه ، خه‌ڵك ده‌چوون به‌ره‌وپیری و ده‌ستیان ماچ ده‌كرد ؟
له‌بیرم دێ ، كه هه‌ر كه‌سێك به كوردی سۆرانی ره‌سه‌ن قسه‌ی نه‌كردایه و سوننی نه‌بوایه كورد نه‌بو ،له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كوردی سۆرانی سوننی نزیكه‌ی ده میلیۆن كه‌س بوون ،ئه‌ی په‌نجا میلیۆن كورد كامانه بوون ؟
له‌بیر, دێ ،كه ته‌واوی نووكه نووكه كانی گوگووش خانمم وه‌ك ئاوله‌به‌ر بو ، به‌ڵام به خه‌ویش یادێكم له سێوه و مه‌لاكه‌ریم نه‌ده‌كرد !
له‌بیرم دێ ،بێ ئه‌وه‌ی باپیره‌گه‌وره‌م به‌كه‌س بڵێ ، وڵاته‌كه‌م ماره‌یی دایكی پێنج نه‌فه‌ربو - به كوردی ده‌ڵێن زۆر شت هه‌یه و مرۆڤ خه‌به‌ری نیه !!
تاران - 25/7/1381 - ح.س. سۆران
هۆمێۆپاتی (HOMEOPATHY ) كوردستان :
تاران 2002.12.26ی زاینی = 2702.12.26 ی كوردی
موداوای هۆمێۆپاتی ، چه‌شنه ده‌رمانێكه ، كه ناهنمان (Nahnemann ) ، زانای ئه‌لمانی
( 1843 - 755 1 ) ، له شاری لایپتزیك به خه‌ڵكی ناساند . له‌م چه‌شنه مداوایه‌دا ، پزیشك له‌پاش ناسینی نه‌خۆشیه‌كه ، هه‌ر به خودی ئامرازه‌كانی وێنه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه ، ده‌رده‌كان ده‌رمان ده‌كا و چاكیان ده‌كاته‌وه . ئه‌مه كورته‌یه‌ك له باسی هۆمێۆپاتی بو، له به‌ستێنی پزیشكیدا ( به‌و چه‌شنه كه له كتێبی لاڕووسی پزیشكی زمانی فه‌ڕانسه دانووسراوه ).
به‌ڵام هه‌ر وه‌ك له تابلۆمووزیكالی ده‌دره كورد دا عه‌رزم كردوون - ره‌نگه زۆر له سه‌روه‌رانیش خوێندبێتیانه‌وه ، ده‌رده كورد ده‌ردێكی گشتی تایبه‌ته ،كه وه‌ك په‌تا له ته‌واوی كوردستانی گه‌وره بڵاو بوه‌ته‌وه . به‌ڵام ،له زوربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان ،نه‌یارانی كورد ، به كه‌ڵكوه‌رگرتن له ده‌رمانی چه‌شنی هۆمێۆپاتی، هه‌وڵده‌ده‌ن به چه‌شنی فیچه‌ڵفاچ ،ئه‌م ده‌رده كورده ، به له‌ونی كاتی مداوا كه‌ن و وه‌ك شتێكی ئارامبه‌خش له هۆمێۆپاتی كه‌ڵك وه‌رگرن - كه ده‌زانین زۆر جار، ده‌رمانه ئارامبه‌خشه كان ، زه‌ره‌ریان بۆ نه‌خوش ، له خودی نه‌خۆشیه‌كه زیادتره و ره‌نگه ته‌واوی سی په‌لاكی نه‌خوِش له‌كار بخه‌ن .
پێستا وه‌ك وێنه‌و مشتێك له گشتێك ، هێندێك له‌و ده‌رمانانه‌تان پێ ده‌ناسێنم ، كه به چه‌شسنی هۆمێۆ پاتی له بڕێك له ناوچه‌كانی كوردستانی گه‌وره به‌كاده‌برێن :
1- بڵاو كردنه‌وه‌ی شتی زمان‌ناسی كورد ی ، بۆ شێواندنی ئه‌م زمانه .
2- ده‌رخستنی هه‌واڵنامه ، بۆ شێواندنی راسته‌قینه‌كان .
3- ناساندنی ناودارنی كورد ، بۆ ئاڵۆزكزدنی باسه كه و بێناوكردنی ناوداران .
4- ناساندنی وێژه‌ی كورد ، بۆ شیواندنی وێژه‌ی ره‌سه‌نی كوردی و ناساندنی وێژه‌یه ك، كه بۆخۆیان هه‌ر قه‌بووڵیان نیه.
5- دانانی نوێنه‌ر ، بۆ وسكوتكردنی نوێنه‌رانی راستی .
6- زۆر خاڵی دیكه‌ش .
به كورتی و به كوردی له قه‌دیمه‌وه وتویانه ، ئه‌گه‌ر باوه‌ژن ماچیشت بكا ، به‌ده‌م ماچه‌كه‌وه گازت لێده‌گرێ ! ؟. دیاره له بنه‌ماڵه‌كاندا ، باوه‌ژنی واش هه‌یه ،كه بۆ باشی وه‌ك دایك وایه ، به‌ڵام باوه‌ژنی كورد چی ؟ .
تێبنی : له نووسینی ئه‌م كورته باسه دا ، مه‌به‌ستیم هیچ كه‌سێك و هیچ نووسرا وه و رێكخراوه‌یه‌كی تایبه‌ت نیه ، به‌ڵكه وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی سه‌مبۆلیك ، پێشكه‌شم كردوه، تا به وردی وریای ئه‌م مه‌ترسیه بین . جارێ ، هه‌ر ئه‌وه‌نده .
دوی رێبه‌ندان !
(وه‌رن با مێژوه‌كانمان بنووسین ، ره‌نگه هه‌ر ئه‌م چه‌ند رسته‌یه‌كه لێره‌دا ده‌یخوێنیته‌وه - چون بڕێك له مێژوی گه‌لی كورده -له داهاتودا ببێته به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش !).
رۆژی دوی رێبه‌ندانی ساڵی 2646ك (1946/01/22) ،له مێژوی كورددا ، رۆژێكی پیرۆز و تایبه‌تیه ،چون رۆژی راگه‌یاندنی كۆماری كوردستانه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ، ته‌واوی كورد رێزی بۆ داده‌نێن . جا، ئێستاكه له زستان و دوی رێبه‌ندان نزیك ده‌بینه‌وه ، بۆ بیره‌وه‌ری ئه‌و كاره‌ساته مه‌زنه ، به كورتی گۆشه‌یه‌ك له‌و جه‌ژنه‌تان له بیره‌وه‌ری خۆم بۆده‌گیڕمه‌وه - كه پێموایه تا ئێستا نه‌نووسراوه :
هۆزی فه‌یزوڵڵابه‌گی ( به‌گزاده ) ، كه له ناوچه‌ی بۆكان و سه‌قز داده‌نیشن ،یه‌كجار زۆر هۆگری كۆماری كوردستان بون . ده‌لیلێكی ئه‌م هۆگریه ئه‌مه بو ، كه شه‌هیدان پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ، سه‌درری قازی و سه‌یفی قازی ، هه‌رسێكیان له دایكه‌وه ، له بنه‌ماڵه‌ی فه‌یزوڵڵا به‌گی بوون .هۆیه‌كی دیكه‌شی ئه‌مه‌بو ، كه ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه ، هه‌ر له مێژه‌وه بۆخۆیان خاوه‌نی هه‌ستی پته‌وی نه‌ته‌ویی كوردی بوون .هه‌ر بۆیه‌ش ، له كاره‌ساتی كۆماری كوردستاندا، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه ، یازده‌نه‌فریان لێ له‌داردرا .
هه‌ر به‌م پێیه ، بنه‌ماڵه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی و خه‌ڵكی ناوچه‌كه ،له زستانی 1946 دا، لێبڕان كه بچن ئاڵای كۆماری كوردستان ، له مه‌هاباده‌وه به رێوره‌سمێكی تایبه‌ت بهێنن بۆ ناوچه‌ی خۆیان و به‌م چه‌شنه په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ كۆماردا پته‌وتر بكه‌ن .
رێكه‌وتی 1946.1.20، ئه‌ندامانی ئه‌م هۆزه و خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه ، ئاڵای كۆماری كوردستانیان ، له مه‌هاباده‌وه به ئۆتۆمۆبیل هێنا بۆ شاری بۆكان .ئه‌و شه‌وه، له شاری بۆكان مانه‌وه و به‌یانی ئه‌و رۆژه (1946.1.21) به رێوره‌سمێكی تایبه‌ت ، نزیكه دوسه‌د سوار و سێسه‌د نه‌فه‌ر پیاده ئاڵاكه‌یان هه‌ڵگرت و به‌ره‌و ئاوایی یه‌كشه‌وه ، له 10 كیلۆمیتری رۆژهه‌ڵاتی بۆكان ، به‌رێكه‌وتن، كه ناوه‌ندی ناوچه‌ی فه‌یزوڵڵا به‌گی بو و ماڵی خاڵی پیشه‌وا قازی محه‌ممه‌دی لێبو . له‌م رێوره‌سمه به شكۆیه‌دا ، سواره‌كان رمبازی و سوارچاكیان ده‌كرد و له‌گه‌ڵ ده‌نگی ده‌هۆڵ و زوڕنا ، به پێی باو و نه‌ریتی كورده‌واری ته‌قڵه‌یان داده‌كوتی و گۆرانی وێژی ده‌نگخۆشی ئه‌و كاته‌ی كورد ، محیه‌ددینی قه‌ڵه‌نده‌ری ، شانۆیه‌كی له به‌یتی دمدم وت ، كه هێنده به‌سۆزبو، زوربه‌ی خه‌ڵكه‌كه، ده‌ستیان كرد به‌گریان . ده‌هۆڵه كه خۆشه‌ویستێكی جووله‌كه لێی ده‌دا به ناوی سیمه‌ن و زوڕناكه‌ش هه‌ر جووله‌كه‌یه‌كی كوردستانی لێی ده‌دا به ناوی عه‌زیزه جو - یادیان به‌خێر .
به ته‌قڵه و رمبازێن و خۆشی بۆ شه‌وله سه‌ر رێگه‌ی گوندی یه‌كشه‌وه ، ئاڵاكه‌یان برده گوندی ئاڵبڵاغ و شه‌و له‌وێ مانه‌وه . بۆ سبه‌ینێ (1946.1.22)، یانی دوی رێبه‌ندان ، ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵكه له خزمه‌ت ئاڵاكه‌دا ، گه‌یشتنه گوندی یه‌كشه‌وه و ئاڵاكه‌یان برد ، له سه‌ر دیواخانه‌كه‌ی یه‌كشه‌وه چه‌قاندیا و جه‌ژنێكی یه‌كجار گه‌وره‌یان ، گرت ، كه له‌م جه‌ژنه دا ، نه‌مر مایور ( سه‌رگورد) عه‌لی شێرزاد فه‌رمانده‌ی هێزی بۆكان،له بنه‌ماڵه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی و خاوه‌نمڵكی یه‌كشه‌وه وتارێكی جوانی پێشكه‌ش كرد و به‌هه‌شتی عه‌بدوڵڵا نیروومه‌ند ( هاواڵ ) ،هۆنراوه‌یه‌كی له وه‌سفی كۆماردا ، خوێنده‌وه، له ژێر سه‌ردێڕی (مانگی یه‌كشه‌وه‌ی موكوریانی ) ، كه زۆر سه‌رنجی خه‌ڵكه‌كه‌ی راكێشا.
ته‌شكی ئاڵاكه به‌م چه‌شنه بو : ره‌نگی سوور ، سپی و شین ، ره‌سمی دو گوڵه‌گه‌نم و پێنووسێكشی پێوه‌بو . ئه‌م ئاڵاپیرۆزه ، تا رووخانی كۆماری كوردستان ، له گوندی یه‌كشه‌وه ، له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ربانه به‌رێزه‌وه هه‌ر ده‌شه‌كاوه‌و ئێستاش خه‌ڵكه كه هه‌ر ده‌ڵێن خۆزگه به‌و رۆژانه، بلێی ….
ئه‌مه‌ش هۆنراوه‌یه‌كی خۆمه ، كه پێشكه‌شی ده‌كه‌م به رۆحی ته‌واوی ئه‌وانه‌ی ، كه له خزمه‌ت ئه‌و ئاڵایه‌دا بوون : نامرن ئه‌وانه‌ی ….
دوی رێبه‌ندان
جه‌ژنی رێبه‌ندان ، بزوێنه بۆ گه‌ل
ره‌وڕه‌وه‌ی خه‌بات ، سه‌ر ئه‌خا له‌كه‌ل
تیشكی تێگه‌یین، له دوندی شاهۆ
رووناك ئه‌كاته‌و ، خاكی پاكی تۆ
هۆزی هۆگری هه‌تاوی هه‌ستان
ئه‌بنه په‌پووله‌ی شه‌می كو ردستان
كوردی ئیزه‌دی و شیعه و موسایی
سوننی وئه‌هلی حه‌ق، گه‌ور و عیسایی
بادینی و لوڕ و له‌ك و گۆرانی
داسنی و زازا و فه‌یلی و سۆرانی
كۆئه‌بن ، له بن ئاڵای رزگاری
كوردانه ئه‌ژین ، له كورده‌واری
شای به‌زیوی كش ، پاكی ئه‌بن مات
ئه‌و رۆژه ، سۆران ئه‌گاته ئاوات
له‌سه‌ر ویستی برای خۆشه‌ویست و دڵسۆزم ،كاك برایم فه‌رشی ، باسێك سه‌باره‌ت به شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده( فه‌یزوڵلابه‌گی)، پێشكه‌ش ده‌كه‌م . پێویسته ئه‌مه‌ش بڵێم ، كه بۆخۆم یه‌كێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده( فه‌یزوڵلابه‌گی )م -كوڕی نه‌وه‌ی فه‌یزوڵلا به‌گم- و ئه‌م باسه‌م له سه‌ر بناغه‌ی وته‌كانی كاك سه‌عید هومایون (خوشكه‌زای نه‌مر پێشه‌وا)و یادداشتگه‌ل و بیستراوه‌كانی خۆم نووسیوه،كه هه‌وڵ ده‌ده‌م، هه‌ستی خۆشه‌ویستی بنه‌ماڵه‌یی یا شكسته نه‌فسی كردن، نه‌بێته هۆی ئه‌مه ، كه باسه‌كه‌له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی مێژو بێته ده‌ره‌وه :
زۆر شت ریشه‌ی هه‌یه و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پێش‌و پیكهاتوه ، منیش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ،به‌ر له هه‌مو شتێك ریشه و بنه‌مای ئه‌م كاره‌ساته‌تان به كورتی عه‌رز ده‌كه‌م:
هه‌ر وه‌ك ده‌زانین بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده( فه‌یزوڵلابه‌گی) به ره‌گه‌ز ده‌چنه‌وه سه‌رفه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره شمانه ، ئه‌میر سه‌یفه‌ددینی موكری و بوداق سوڵتان. سه‌ردار غه‌زیزخانی سه‌رداری موكریش هه‌ر له ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه بوه (1)و هه‌ر ئه‌م چۆنیه‌تیه بوه‌ته هۆی ئه‌وه ،كه‌بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده (فه‌یزوڵلابه‌گی)،به‌چه‌شنی ئیرسی وه‌ك باووباپیرانی خۆیان،زوربه‌یان روانگه‌یه‌كی رامیاری، نیشتمانپه‌روه‌ری ورامیاریان ببێ ویه‌كێك له‌هۆكانی به‌شداریكردنی شێلگیری ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه له بزوتنه‌وه‌ی كۆماری 1946 ی كوردستان دا، ئه‌م راسته‌یه بوه .هۆیه‌كی دیكه‌ش ئه‌مه بوه،كه له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی پێشه‌وادا ، خزمی زۆر نزیك بوون - هه‌م شه‌هید پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هه‌م شه‌هید سه‌در و شه‌هید حه‌مه‌حوسه‌ین خانی سه‌یف ، دایكیان نه‌وه‌ی فه‌یزوڵلابه‌گ بوه، واته له دایكه‌وه به‌گزاده‌ی فه‌یزوڤلابه‌گی بوون.
كاره‌ساتێ خزمایه‌تی و هه‌وێنی بێری رامیاری ئه‌م دو بنه‌ماڵه‌یه ،له ئه‌م رووداوه‌ی خواره‌وه ده‌ستی پێكردوه -به‌ڵام تا ئێستا هیچ یه‌ك له میژونووسان ئاماژه‌یان پێ نه‌كردوه :
یه‌كێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده( فه‌یزوڵلابه‌گی)به ناوی خه‌لیل خان، كوڕی شێربه‌گی
كوڕی فه‌یزوڵلابه‌گی تیكانته‌په (2)،نێردراوه بۆ شاری سنه ،كه له ئه‌وێ ده‌رس بخوێنێ . ده‌زانین ، كه ئه‌وكاته، یانی نزیكی (ده‌وروبه‌ری ساڵه‌كانی 1260 كۆچی هه‌تاوی ) له سنه زانكۆ به چه‌شنی ئه‌مڕۆكه نه‌بوه وله‌به‌ر ئه‌مه ، خه‌لیل خان له مزگه‌وتی دارولئیحسان ، ده‌ست ده‌كا به ده‌رس خوێندنی وانه‌ی فه‌قێیه‌تی ئه‌و زه‌مانه . هه‌ر له مزگه‌وتی دارولئیحسان،خوێندكارێكی دیكه‌ش ده‌بێ، كه هاو حوجره‌ی خه‌لیل خان ده‌بێ. ناوی ئه‌و خوێندكاره میرزا عه‌لی ده‌بێ ،میرزا عه‌لیش كوڕی قازی كه‌ریمی سابًڵلاغ ( مه‌هاباد) بوه ، له بنه‌ماڵه قازیانی سابڵلاغ .
خه‌لیل خان كه گه‌نجێكێ زۆر نیشتمانپه‌روه‌ر بوه دوای به‌ینێك هاوكلاس بوون له‌گه‌ڵ میرزا عه‌لی، به هۆی ئه‌وه‌ی كه له‌باری هه‌ستی گشتی و نه‌ته‌وییه‌وه یه‌كدڵ و یه كزمان ده‌بن ، ده‌بنه هاواڵێكی زۆر گیانی گیانی و نێوانیان به یه‌كه‌وه زۆر خۆش ده‌بێ و له راستیدا چه‌شنه په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر پته‌وی نیشتما نپه‌روه‌ری و رامیاری له نیوانیاندا پێك دێ، كه هه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندیه ، ده‌بێته برێك له هه‌وێنی داهاتوی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌و دو بنه‌ماڵه‌یه ، له كۆماری كوردستاندا -به‌ڵێ ، به وته‌ی كوردی : هه‌ر له ترووسكه ، برووسكه په‌یدا ده‌بێ.
ئه‌م دو قوتابیه ،پاش ئه‌وه‌ی كه ده‌ست له ده‌رس خوێندن هه‌ڵده‌گرن ، ده‌یانه‌وێ به یه‌كه‌وه بچنه‌وه بۆ موكوریان. ماڵی بابی خه‌لیل خان ئه‌و كاته له گوندی سڵێمانكه‌ندی ، له نێوان بۆكان و سه‌قز بوه‌و ماڵی بابی میرزا عه‌لیش له سابڵلاغ بوه. ئه‌و كاته ماشێن نه‌بوه و هه‌ر به پیاده ، له سنه وه به‌ره‌وموكوریان ده‌رده‌كه‌ون . له رێگه ، خه‌لیل خان به میرزا عه‌لی ده‌ڵێ : گوندی ئێمه (سڵێمانكه‌ندی) وا له سه‌ر ریگه‌مان ، وه‌ره بچین چه‌ند رۆژ له‌وێ میوانی من به ،جا له پاشان بچۆره‌وه بۆ سابڵآغ ، بۆ ماڵی خۆتان. پێشنیارێكیشم هه‌یه ، كه ره‌نگه ئه‌گه‌ر پێت بڵێم ، زۆرت پێ خۆش بێ . میرزا عه‌لی ده‌ڵێ: پێشنیاره‌كه‌ت چیه ؟ . خه‌لیل خان ده‌ڵێ: خوشكێكم هه‌یه به ناوی گه‌وه‌ر تاج ،ئافره‌تێكی زۆر شیاوه ، ده‌مه‌وێ به بابم پێشنیار بكه‌م، تا ئیجازه بدا ئه‌و خوشكه‌م ببێته هاوسه‌ری تۆ. چون من ئه‌م به‌ینه تۆم به باشی ناسیوه و ده‌زانم هه‌ر دووكتان شیاوی هاوسه‌ری یه‌كن . میرزا عه‌لیش زۆری پێ خۆش ده‌بێ و به‌یه‌كه‌وه ده‌چنه‌گوندی سڵێمانكه‌ندی و چه‌ند رۆژ له‌وێ ده‌مێنێته‌وه و خه‌لیل خان‌یش پێشنیاره‌كه‌به شێربه‌گی بابی ده‌ڵێ و بابیشی پێی خۆش ده‌بێ . میزا عه‌لیش ،كه‌ده‌چیته‌وه بۆ سابڵلاغ ، ئیزن له‌قازی كه‌ریمی بابی وه‌رده‌گرێ و دوای به‌ینێك دێن بۆ خوازبێنی گه‌وه‌رتاج خانم و گه‌وه‌ر تاج خانم به بووكی ده‌به‌ن بۆ سابڵلاغ - بۆ میرزا عه‌لی قازی(كه له پاشان به قازی عه‌لی به ناوبانگ ده‌بێ) .
پاش به‌ینێك ، میزا عه‌لی له گه‌وه‌رتاج خانم ،كورێكێ ده‌بێ به ناوی محه‌ممه‌د ، له‌دوای ئه‌ویش كوڕێكێ دیكه‌ی ده‌بێ به ناوی ئه‌بولقاسم ، كه هه‌ردووكیان به نه‌خۆشی مناڵانه‌ی ئه‌و كاته ده‌مرن . دوای مردنی ئه‌وان، كوڕێكێ دیكه‌یان ده‌بیته‌وه ، كه ناوی ده‌نێنه‌وه محه‌ممه‌د و دوای ئه‌ومنداڵه‌ش، كوڕێكیدیكه‌شیان ده‌بێته‌وه ، كه ناوی ئه‌ویش ده‌نێنه‌وه ئه‌بولقاسم - ئه‌م محه‌ممه‌ده‌ی دوایی هه‌ر شه‌هید پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د بوه و ئه‌بولقاسمی دووهه‌میش شه‌هید سه‌دربوه . دو كچیشیان بوه ، به ناوی خه‌دیجه و ئامینه ، كه خه‌دیجه‌خانم خێزانی ئه‌وڕه‌حمان به‌گی هومایون ( یه‌كشه‌وه ) و ئامینه خانم خێزانی حه‌مه حوسه‌ین خانی ئه‌میری( به‌رده زه‌رد ) ، واته هه‌ر دووكیان مێردیان كردوه به خاڵوزا و پوورزای خۆیان و مێردی هه‌ردووكیان له بنه ماڵه‌ی به‌گزاده (فه‌یزوڵلابه‌گی) بوون .
برایه‌كی دیكه‌ی میزاعه‌لی ( قازی عه‌لی)،ناوی ئه‌بولحه‌سه‌نی سه‌یف (سه‌یفولقوزات) بوه ،كه یه‌كێك له هۆنه‌ره مه‌زنه‌كانی كورده .ئه‌بولحه‌سه‌نی سه‌یفیش،خوشكێكی گه‌وه‌رتاج خانم ( نه‌وه‌ی فه‌یزوڵلابه‌گ) ی هێناوه ،به ناوی زبێده خانم . موحه‌ممه‌د حوسه‌ین خانی سه‌یف ، وه‌زیری به‌رگری كۆماری كوردستان، كوڕی ئه‌م زبێده خانمه بوه .
ده‌ڵێن ماڵی خاڵوان فره خۆشه‌ویسته ، هه‌ر به ئه‌م پێێه شه‌هید پیشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و دو هاواڵه شه‌هیده‌كه‌ی ، زوربه‌ی كاتیان له ماڵی خاڵیان بوون و بڕێك له ده‌رسه‌كانیشیان هه‌ر له‌وێ خوێندوه
ئه‌و باسه‌ی سه‌ره‌وم بۆیه دایر كرد كه ئه‌م شتانه بسه‌لمێنم :
1- ده‌توانین پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و دو قازیه‌كه‌ی دیكه‌ش ، كه له‌داردران به شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده(فه‌یزوڵلابه‌گی ) دانێێن ، چون ئه‌وانیش له لایه‌نی دایكه‌وه نه‌تیجه‌ی فه‌یزوڵلا به‌گ بوون وبه پێی یاسای مرۆڤایه‌تی، ئه‌ولادی ژنیش ، مافی ئه‌ولادی پیاوی هه‌یه.
2- ترووسكه‌ی بیری بزووتنه‌وه‌یه‌ك ،له‌مزگه‌وتی دارولئیحسانه‌وه ده‌ستی پێكردوه ، كه شوێنیكی به‌رچاوی له‌سه‌رمێژوی كورد و به تایبه‌ت كۆماری كوردستان داناوه .ئه‌و خه‌لیل خانه‌ی كه له مزگه‌وتی دارولئیحسان، له‌گه‌ڵ میرزا عه‌لی قازی به‌یه‌كه‌وه شه‌می بیروڕایه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ری گه‌شاندوه‌ته‌وه ، بابی سێ شه‌هیدی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده‌یه كه ئه‌مانه بوون :ئه‌حمه‌د خانی فاڕووقی(سالار)، حه‌مه خانی دانشوه‌ر و عه‌بدوڵآخانی مه‌تین .له لاێه‌كی دیكه‌شه‌وه، میرزا عه‌لی هاواڵی خه‌لیل خان‌یش باوكی دو شه‌هیدی مه‌زن، واته پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و سه‌در و مامی شه‌هید مححه‌دحوسه‌ین خان بوه .
3- به‌ڵآم ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ، كه زۆر كه‌س قه‌زاوه‌تیان ئه‌وه‌یه ،كه : نبوغ و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری پێشه‌وا ، زۆرتر له بنه‌ماڵه‌ی دایكیه‌وه به ئیرس پێی گه‌یوه، ته‌وه‌ره‌ی ئه‌م باسه‌ی من و هی كه‌سی دیكه نیه . هه‌ر چۆن بێ،پێشه‌وا ، پێشه‌وای گه‌لی كورده و سه‌روه‌ری هه‌موانه و بنه‌ماڵه‌ی ریزداری قازی ، پیاوگه‌لی مه‌زنی دیكه‌شیان زۆر لێهه‌ڵكه‌وتوه .
جا ،له جه‌نگی نێو نه‌ته‌وه‌یی دووهه‌مدا ، كه گه‌ڵاڵه‌ی كۆماری كوردستان له شاری مه‌هاباد،له حاڵی دروستبووندا بو،یه‌كێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده( فه‌یزوڵلا به‌گی) ، به ناوی غه‌زیز خانی كرمانج ( خه‌ڵكی گوندی یاسیكه‌ند) ی لای بۆكان ، به چه‌شنی چه‌كدار،له‌گه‌ڵ هاواڵانی هاو بیری، هێرشێان برده سه‌ر شاره‌وانی مه‌هاباد و حكومه‌تیان له مه‌هاباد ده‌ركرد (3) .
ده‌وڵه‌تی كۆماری كوردستان،له مه‌هاباد پێك هات و پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د بو به سه‌رۆك كۆمار. به نزیكایه‌تیه‌كی رۆحی و بنه‌ماڵه‌یی كه له نێوان بنه‌ماڵه‌ی قازی وبه‌گزاده'(فه‌یزوڵلابه‌گیدا) بو ،زۆر سورشتی بو كه ئه‌ندامانی بنه ماڵه‌ی به‌گزاده(فه‌یزوڵلابه‌گی)، ببنه هاوكاری پێشه‌وا و نه‌خشێكی به‌رچاو له كۆماردا به ئه‌ستۆ بگرن . بۆ وێنه ، هۆزی به‌گزاده (فه‌یزوڵلابه‌گی ) داوایانكرد ئاڵای كوردستان بچێ بۆ ئه‌و مه‌ڵبه‌نده . و له رۆژی دوی رێبه‌ندانی 1324 دا ، ئالای كوردستانیان هێناوه‌ته بۆكان و له بۆكانه‌وه به گوندی ئاڵبلاغدا ، بردویانه‌ته ئاوایی یه‌كشه‌وه، كه ئه‌وێش ماڵی خاڵی پێشه‌وای لێ بوه وخه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه ، چه‌ند گاوگه‌ردونیان كردوه و عه‌بدوڵلای نیروومه‌ند ، باپیری كاك نادر بۆران،به‌م بۆنه‌یه‌وه ، هۆنراوه‌یه‌كی زۆر جوانی خوێندوه‌ته‌وه ، كه ئێستاش زۆر كه‌س له به‌ریانه .
به كورتی ، به گزاده (فه‌یزوڵلابه‌گه‌ی )ه‌كان، نه‌خشێكی زۆر به‌ر چاویان له حكوومه‌تی كۆماردا بوه ، بۆ وێنه ئه‌م كه‌سانه ، به‌رپرسی ئه‌م كارانه بوون :
1- عه‌لی به‌گی شێرزاد(یه‌كشه‌وه) ، به‌رپرسی هێزی بۆكان .
2- ئه‌حمه‌د فاروقی (سالار) ، جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی ناوچه‌ی سه‌قز.
3- عه‌بدوڕڕه‌حمانی هومایون (یه‌كشه‌وه) ، ئه‌ندامی شاندی ده‌وڵه‌تی كوردستان ، له سه‌فه‌ری باكۆ.
4-سه‌رهه‌نگ برایم سه‌لاح ، فه‌رمانده‌ی ته‌واوی هێزی سپای كۆمار .برایم سه‌لاح له پێشدا،له ئه‌رته‌شی ئێران ده‌ره‌جه‌ی ( ستوان) ی بوه ، به‌ڵام كاتێك كۆمار پێك هاتوه ، ئه‌وێی به جێ هێشتوه وبه ده‌ره‌جه‌ی سه‌رهه‌نگی هاتوه‌ته نێو سپای كۆمار.
5- سه‌عید هومایون ، خوشكه زای پێشه‌وا ، كه ئاجودان و به‌رپرسی ده‌فته‌ری پێشه‌وا بوه .
6-ئه‌حمه‌دی ناهید ، خاوه‌نی ده‌ره‌جه‌ی ئیفتیخاری كاپیتانی (سه‌روانی).
7- حیسامی گۆل ، ئه‌ندامی شاندی ده‌وڵه‌تی كوردستان ، له سه‌فه‌ری باكۆ .
8- زۆر له‌وانه‌ی دیكه ، كه شه‌هید كران ، خاوه‌نی ده‌ره‌جه‌ی ئه‌فسه‌ری ئیفتیخاری بون.
9-زۆر كه‌سی دیكه‌ش ،خاوه‌نی پلله‌و مه‌قام بوون، كه به هیوام كاك سه‌عید هومایون ئاجودان وبه‌رپرسی ده‌فته‌ری پێشه‌وا، كه ئاگای له ته‌واوی ئه‌وانه بوه،له بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆیدا،به‌زویی جاپی بكا و كه‌لێنێكی مه‌زن له مێژوی كورد پڕ بكاته‌وه .
10-نه‌مر دوكتور عه‌لی گه‌لاوێژ ، كاك عه‌لی فه‌یزوڵلا به‌گی (قاره‌وا) ، كاك محه‌ممه‌د شكارچی(یه‌كشه‌وه) و چه‌ند لاوی دیكه ، خوێندكاری هه‌ڵبژێرراو بۆ ناردن ،بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون .
ریزی شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده( فه‌یزوڵلا به‌گی ) ، كه له خاكه‌لێوه‌ی 1326دا،له سێداره دران،به‌م چه‌شنه‌یه . برڕیار وابوه ، كه به‌یانی رۆژی داهاتو، چه‌ند كه‌سی دیكه‌ش له ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه له‌سێداره‌ده‌ن ، كه ده‌وڵه‌ت بۆ به‌یانی بڕیاره‌كه‌ی گۆڕیوه :
1- پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ، سه‌رۆك كۆماری كوردستان (نه‌تیجه‌ی فه‌یزوڵآبه‌گ).
2- سه‌دری قازی ، نوێنه‌ری كۆماری كوردستان له تاران ( نه‌تیجه‌ی فه‌یزوڵآبه‌گ)
3- موحه‌ممه‌د حوسه‌ین سه‌یفی قازی ، وه‌زیری به‌رگری( نه‌تیجه‌ی فه‌یزوڵلابه‌گ).
4- ئه‌حمه‌دی فارووقی( سالار)، خه‌ڵكی قه‌یله‌سوون ،جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی ناوچه‌ی سه‌قز.
5- عه‌لی شێرزاد(خه‌ڵكی یه‌كشه‌وه)، فه‌رمانده‌ی هێزی ناوچه‌ی بۆكان .
6- عه‌لی فاتیح (خه‌ڵكی قه‌ڵه‌نده‌ر) .
7- ئه‌حمه‌د شه‌جیعی،( خه‌ڵكی كه‌ڵته‌گه).
8- محه‌ممه‌د فه‌یزوڵلا به‌گی (خه‌ڵكی قاره‌وا چكۆله)
9- حه‌سه‌ن فه‌یزوڵلابه‌گی( خه‌ڵكی كانی نیاز).
10-محه‌ممه‌د دانشوه‌ر (خه‌ڵكی ئاڵكه‌ڵو).
11- عه‌بدوڵلا مه‌تین (خه‌ڵكی داشاڵووجه ).
-له ریزی 6 تا 11 ش هه‌ر ، هاوكاری دڵسۆزی كۆمار بوون .
تێبینی:
1-ریزی 1، 2 و 3 له چوار چرای مه‌هاباد له دار دران ، ریزی 5 له سه‌ر حه‌وزه گه‌وره‌ی بۆكان و ئه‌وانی دیكه هه‌موویان له شاری سه‌قز له داردران .
2- گڵكۆی ریزی 1، 2، و 3 له شاری مه‌هاباده . هی ریزی 5، له خانه‌قای شێخی بوڕهانه و باقی دیكه وان له گوندی جه‌ننه‌تده‌ره ، له كن شاری سه‌قز .
پێویسته له ئێره‌دا ، یادێكێش له هه‌وه‌ڵین شه‌هیدی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده ( فه‌یزوڵآبه‌گی) له ده‌ورانی
په‌هله‌ویدا بكه‌م ، كه ناوی كاك محه‌ممه‌د نیررومه‌ند، خه‌ڵكی سارووقامیشی سه‌ر چۆمی جه‌غه‌تو بو.
كاك محه‌ممه‌د،هۆنه‌ر، نووسه‌ر و وێنه‌گه‌رێكی زۆرتوانا بووله زانكۆی ئه‌فسه‌ری له تاران خوێندكار بو،كه ساڵی 1315 ی هه‌تاوی به چه‌شنێكی مه‌ڕمووز كوژرا وه و جه‌نازه‌كه‌ی ئه‌ویشیان نه‌داوه‌ته‌وه. ده‌بێ بشڵێم كه هێشتا تۆماری كوشتن و له‌داردان نه‌پێچراوه‌ته‌وهه‌ر به‌رده‌وام،خه‌ریكی زه‌بتی رووداوه‌كانه.
نامرن ئه‌وانه‌ی له دڵی میلله‌تا ئه‌ژین.
7/7/1381ی هه‌تاوی ح. س. سۆران
په‌راوێز:
(1) بڕوانه شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده ، له ماڵپه‌ڕی بۆكان.
(2) فه‌یزوڵلا به‌گ، باپیره‌ی ئه‌م هۆزه ، گڵكۆكه‌ی وا له دێی تیكانته‌په ، له 30 كیلۆمێتری رۆژهه‌ڵاتی بۆكان .
(3) بڕوانه كتێبی كورد و ترك و عه‌ره‌ب ، نووسراوی ئێدمۆندس .
هه‌زاران هۆنه‌ر !. ئه‌ی چه‌ند تێكنۆلۆژیست ؟
رۆژهه‌ڵاتی نێوه راست له گیتیدا ، به مینگه(كانگه)ی وێژه،عیرفان و هونه‌ر به ناوبانگه ،كه هه‌ڵكه‌وتنی هۆنه‌ری وردبینی وه‌ك حه‌زره‌تی نالی شاره‌زووری ،عارفی ناسراوی چون شێخی سه‌عان، هونه‌رمه‌ندانی چه‌شنی نه‌كیسا و باربه‌د ، به‌ڵگه‌یه‌كی بدوێن(ناطق)ن، بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونه جیهانیه.
دیاره هۆنه‌ری چاك له نێو كۆمه‌ڵدا ، شوێنێكی هه‌ره به‌كه‌ڵكی هه‌یه و هۆنه‌ران و وێژه‌وانانی هه‌ڵكه‌وتو،وه‌ك چاوی تیژ ، گوێی سووك، زمانی پاراو و پێنووسی بیرمه‌ندی گه‌له‌كه‌یانن - واته ئه‌و شتانه‌ی كه ساڵیانی ساڵ گه‌لێك ویستویه‌تی بیدركێنی، به‌ڵام نه‌یتوانیوه،نه‌یزانیوه یا نه‌یوێراوه ئه‌م كاره بكا ، هۆنه‌ری چاك و بوێر هه‌ستیان ده‌كا ، ده‌یانبینێ ، ده‌یانبیستێ - و به دڵسۆزی ده‌یانڵێ و ده‌یاننوسێ و …. ،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه،هۆنه‌ری باش ئه‌ندامێكی به‌رز و به‌ڕێزی نێو كۆمه‌ڵی خۆیه‌تی، كه وێنه‌ی هه‌ره دیاری ئه‌م چه‌شنه هۆنه‌ره رێدۆزه‌ره‌وه و رچه‌شكێنانه ،له نێو كورددا ، ماموه‌ستا هێمن موكوریانیه . ئه‌مه‌یه پلله‌ی هۆنه‌ری باش له نێو كۆمه‌ڵدا .
به‌ڵام هه‌ر وه‌ك ده‌زانین ،قۆشه ( سككه) ی زۆر شت چه‌ند روی هه‌یه . له‌سه‌ره‌وه باسی رووی به‌كه‌ڵكی قۆشه‌ی هۆنه‌رم كرد ، به‌ڵام ئێستا ده‌مه‌وێ سه‌باره‌ت به روی مه‌نفی قۆشه‌كه باس بكه‌م ، كه بریه‌تیه له هه‌ڵماسین (ته‌وه‌ڕڕوم) ی هۆنه‌ر له ناوچه‌ی كورده‌واری:
ره‌نگه بتوانین بڵێین، كه له ناوچه‌ی كورده‌واری ، له هه‌ر گوند‌و له هه‌ر گه‌ڕه‌كی شارێك ، به لای كه‌مه‌وه ، هۆنه‌رێك هه‌یه - جا یاهی زۆرباش ،یامام ناوه‌ندی یا كه‌م باش، كه ئه‌مه‌ش به نۆبه‌ی خۆی جێی رێزه . به‌ڵام ئایا گه‌لی كورد له‌م هه‌زاره‌ی سێیه‌دا ، له‌گه‌ڵ هۆنه‌ر و وێژه‌واندا، پێویستی به داهێنه‌ر ( مخترع) ، سه‌نعه‌تكار ، تێكنۆلوژیست ، دۆزه‌ره‌وه ( كاشف ) و له‌م شتانه‌ش نیه ؟ . ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتوه ، كه لاوه‌كانمان تیڕوانینێكی دوباره‌یان ببێ و بزانن،له‌م سه‌رده‌مه‌دا، كه عه‌سری سه‌نعه‌ت و تێكنۆلۆژیه ، بێجگه له هۆنه‌ری باش و وێژه‌وانی به‌رپرس ، پێویستیه‌كی زۆر به‌تاڵووكه‌شمان به تێكنێك و زانست هه‌یه ، تا له مه‌ته‌رێزی زانستی جیهانیدا تێنه‌شكێین ؟ .
ده‌ڵێن ده‌بێ هه‌مو خزمه‌تێك ، له خۆته‌وه ده‌ستی پێ بكه‌ی .جا به‌م پێیه ، ئه‌گه‌ر له من ده‌پرسرێ ،” ئه‌ی تۆ بۆخوت له‌م به‌ستێنه‌دا چت كردوه” ؟ وه‌ڵامم ئه‌مه‌یه ، كه ته‌وای وه‌رگێڕانه‌كانی خۆمم ته‌رخان داوه به‌م به‌ستێنه و تا ئێستا به سه‌دان وتار، كاتالۆگ ، بڕۆشوور و كه‌متا كورتێك كتێبی زانستی ، سه‌نعه‌تی ، تێكنێكی و فه‌ننیم ، له زمانه رۆژاوایه‌كانه‌وه ، بۆ زانستگه‌و خۆێندكاره‌كان وه‌رگێڕاوه‌ته .
دوا نووس : ئایا نه‌یارانی گه‌لی كورد ،هه‌ر هه‌وڵ ناده‌ن به ته‌وه‌ره‌كردنی به‌ستێنی وێژه‌یی ، له زانست ، سه‌نعه‌ت و تێكنۆلۆژی دوورمان بخه‌نه‌وه ؟. ئایا ئه‌گه‌روایه ، نابێ ئه‌م پیلانه به‌رپه‌رچ بده‌ینه‌وه ؟ ئایا ئه‌نسیكلۆپێدیای كورد ، بێجگه له ناوی هۆنه‌رانی هێژا ، نابێ ناوی زانا ، سه‌نعه‌تگه‌ر ،داهێنه‌ر ، دۆزه‌ره‌وه ، تێكنۆلۆژیستی هه‌ڵكه‌وتو و شتی وایشی تیدا بێ ؟ .
ئایا ئێوه بیروڕاتان چیه ؟
گه‌رچه‌ك له جێی نه‌وت !
گشتمان ده‌زانین ، كه زۆر له مێژنیه نه‌وت هاتوه‌ته ناوچه‌ی كورده‌واری . بۆ وێنه ، له بیرم دێ كه له زۆر له گونده‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، هێشتا زوربه‌ی بنه‌ماڵه‌كان ، یا نه‌وتیان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت یا دراوی ئه‌وه‌یان نه‌بو، كه نه‌وت بكڕن . زۆر گوندیش بوون ، هێنده‌یان داروپه‌ردو نه‌بو ، كه بتوانی رووناكی ناوچه‌كه دابین بكا . كاره‌باش كه هێشتا نه‌هاتبوه زوربه‌ی شار‌و دێكان . ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ نزیكه‌ی 1300 ی كۆچی هه‌تاوی ، نه‌وت و كاره‌با ، له كورده‌واری نه‌بوه و ئه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن بووبێتیش ، تایبه‌تی چینی پاره‌دار بوه .
ئه‌م پرسیاره دێته گۆڕێ ، كه ئایا له‌و سه‌رده‌مه‌دا ،له كورده‌واری بێجگه له رووناكی ئاوری كوانو و ته‌نوور ، له جێی نه‌وت ،كه‌ڵكیان له چی وه‌رگرتوه و شه‌و له‌به‌ر رووناكی چی دانیشتوون ؟له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ، ئه‌م باسه‌تان عه‌رز ده‌كه‌م :
له ناوچه‌ی موكوریان ، له زۆر جێگه له جێی نه‌وت كه‌ڵكیان له ده‌نكی گه‌رچه‌ك وه‌رده‌گرت . گه‌رچه‌ك گیایه‌كه،باڵا به‌رز و گه‌ڵا زل ، كه له زۆر له ناوچه‌كانی كورده‌واری دێته به‌رهه‌م . ده‌نكی گه‌رچه‌ك یه‌كجار زۆر چه‌وره و چه‌شنه رۆنێكی لێ به‌عه‌مه‌ل دێ ، كه له‌باتی نه‌وت ،ده‌یانكرده نێو چرا و بۆ رووناكی كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گرت .بۆ ئه‌م كاره ، له هه‌ر ناوچه‌یه‌ك، جێگه‌یه‌كی به‌ردین بو به ناوی” جێی گه‌رچه‌ك كوتین ”كه ئێستاش شوینه‌كانیان دیاره . له وه‌رزی پایزدا ، پاش هه‌ڵگرتنی خه‌رمانی گه‌رچه‌ك ،ته‌واوی گه‌رچه‌كی ناوچه‌یان ده‌برده جێی گه‌رچه‌ك كوتین و به‌هه‌ره‌وه‌زی ،خه‌ڵكی دنكه گه رچه‌كه‌كانیان به به‌رد ده‌كوتی و شیله‌ی گه‌رچه‌كه‌كه ، ده‌هاته ده‌ره‌وه . ئه‌و كاته ، پڵیته‌ی لۆكه‌ی له پێشدا ئاماده‌كراویان به‌م شیله گه‌رچه‌كه ، چه‌ور ده‌كردو پێیان ده‌وت پلیته‌ی شیله‌گه‌رچه‌ك .
ئه‌م پڵیتانه‌یان ده‌نا نێو چرای شیله‌گه‌رچه‌ك، هه‌ڵیانده‌كرد و له‌به‌ری داده‌نیشتن . چرای شیله گه‌رچه‌كیش ،شتیك بو به چه‌شنی ئاوخۆری وئافره‌ته هه‌وڕگه‌ره‌كانی كوردستان ، له گڵ دروستیان ده‌كرد .
من بۆخۆم له‌به‌ر چرای شیله‌گه‌رچه‌ك دانیشتووم . .ئه‌م چرایه ، دووكه‌ڵی زۆر بو و هه‌ر ده‌ده‌قیقه جارێك ، قورمی پلیته‌كه كۆ ده‌بوه‌وه ، چراكه‌ی بێ نوور ده‌كرد و له‌وانه‌بو چراكه بكوژێنێته‌وه ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ، هه‌مو شه‌وێك كه‌سێك ده‌بو به‌رپرسی ئه‌وه ، لووتی چراكه بسڕێ . به‌م كه‌سه‌یان ده‌وت ”لووتسڕ” . چراكه بۆنێكیشی لێ دآهات وه‌ك بۆنی زه‌یتوون ، كه‌من ئه‌م بۆنه‌م له په‌ره‌ستگه‌ی ” لاله‌ش ” یش هه‌ست كرد - ره‌نگه ئآوانیش بۆ رووناكی، له گه‌رچه‌ك یا شتێكی وه‌ك گه‌رچه‌ك كه‌ڵكیان وه‌رگرتبێ ؟.
زۆر له مروقه به‌ناوبانگه‌كانمان، كه رووناكیان خستوه‌ته كورده‌واری ، له‌به‌رروونكی ئه‌م چه‌شنه چرایه ده‌رسیان خوێندوه و شتیان نووسیوه . كه وابێ ، خۆشمان ئێستاش به چه‌شنێك،له‌تیشكی ئه‌م چرایه هه‌ر كه‌ڵك وه‌رده‌گرین .
وتووێژ له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن سه‌لاح ( سۆران )،
به‌رپرسی فه‌رهه‌نگی كۆڕی كورده‌كانی تاران (KKT )
رۆژهه‌ڵات: به‌رێز حه‌سه‌ن سه‌لاح ( سۆران) ، جه‌نابتان ساڵیانێكی دوور و درێژه ، له كاری هونه‌ری ، ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی دان و ئێستاش له تاران به‌رپرسی به‌شی فه‌رهه‌نگی KKT ین. ده‌كرێ بفه‌رموون ، ژماره‌ی دانیشتوانی كورده‌كانی تاران ، پایته‌ختی ئێران، چه‌نده‌یه و زیاتر كاریان چیه ؟
ح.س. سۆران: پاش رێز و سپاسی تایبه‌ت ، ژماره‌ی كورده‌كانی دانیشتوی تاران ، به وردی مه‌علووم نیه ، چون سه‌رژمێریه‌كی تایبه‌ت به كورده‌كان له‌م شاره نه‌كراوه ، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایید ، هه‌ر كاتێك باسی حه‌شیمه‌تی كوردی تاران كراوه ، زۆرتر قسه له یه‌ك میلیۆن و هه‌شتسه‌دهه‌زار كه‌س بوه ، جا نازم ئه‌م ره‌قه‌مه له كوێوه هاتوه؟ . هه‌رچی بێ ، ژماره‌یه‌كی یه‌كجار - یه‌كجار زۆركورد له تارانن، به تایبه‌ت له پاش جه‌نگی ئێران و عێڕاق ، ژماره‌ی دانیشتوانی كوردی تاران زۆر زیادتر بوه ، چون زۆر كه‌س له ترسی ئاوری شه‌ڕ له ناوچه كوردنشینه‌كان كۆچیان كرد و له تاران نیشته‌جێ بوون .به كورتی ده‌توانم بلێم ، له هه‌ر ده‌نه‌فه‌ر دانیشتوی تاران ، یه‌ك نه‌فه‌ری ره‌نگه كورد بێ . پێویسته ئاماژه به‌مه‌ش بكه‌م ، كه كورده كانی تاران و ده‌وروبه‌ری ، سێ تاقمن:
تاقمێك ئه‌وانه‌ن كه زۆرتر له ساڵی 1300 كۆچی هه‌تاوی به‌ملاوه‌تا ئێستا ، به دوای كاری باشتر، ژیانی چاكتر و خۆ نه‌جاتدان له مه‌ترسی هاتوون بۆ تاران ، كه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له روانگه‌ی دێمۆگڕافیه‌وه ،نوخته‌ی دوندێك بۆبزاڤی ئه‌و كۆچه بدۆزینۆه ، ره‌نگه بتوانم بڵێم نێوان ساڵی 1355 تا 1365 ی هه‌تاوی بووبێ . دیاره ئیستاش هه‌ر كۆچی كورد بۆ تاران درێژه‌ی هه‌یه ، به‌ڵام له‌به‌ر با رودۆخی گرانی خانوبه‌ره ، ئیجاره ماڵ و شتی وا له تاران ،ره‌نگه ئه‌لعان گه‌ڕانه‌وه له‌تاران بۆ ناوچه كوردنشینه‌كان و بۆ ده‌ره‌وی وڵات ، زیادتر له كۆچ بۆ تاران بێ .
تاقمێكی دیكه له كورده‌كانی ده‌وروبه‌ری تاران ، ئه‌وانه‌ن كه چه‌ند سه‌ده پێش له ناوچه كوردنشینه‌كانه‌وه به زۆر كۆچینراون ، وه‌ك كورده‌كانی شارۆچكه‌ی جابان و ده‌وروبه‌ری ، له 50 كیلۆمیتری رۆژهه‌ڵاتی تاران .
تاقمی سێهه‌م ، له‌كورده‌كانی ده‌وروبه‌ری تاران ، ئه‌وانه‌ن كه بۆخۆیان ده‌ڵێن ئێمه نه‌كۆچێنراوین و هه‌میشه به چه‌شنی ره‌سه‌ن خه‌ڵكی ئێره بووین ، بۆ وێنه كورده‌كانی دانیشتوی مۆغه‌ره‌پشتی ریزه كێوی ئه‌لبورز ، وه‌ك ناوچه‌ی ئاوی ئاسك ، گزنگ و هه‌وراز ( هه‌راز ) ، له باشووری تاران .
كاری كورده‌كانی تاران ، وه‌ك ته‌واوی خه‌ڵكی شار، جۆربه‌جۆره و ناتوانین بلێین ، كارێكی تایبه‌تیان هه‌یه - ماموه‌ستای زانكۆ ، ده‌رسوێژ ، پزیشك ، ئه‌ندازیار ، كارمه‌ند ، بازرگان ، كارگه‌ر ، بێكار و هه‌مو چینێكیان تێدا هه‌یه .
رۆژهه‌ڵات: هۆی پێك هاتنی كۆڕی كورده‌كانی تاران چ بو و كه‌ی پێك هات و چۆن سه‌ریگرت و ژماره‌ی ئه‌ندامانی چه‌ندن ؟
ح.س. سۆران:
هۆی پێك هاتنی ئه‌مه بو ، كه هه‌ستمان به‌وه ده‌كرد ، ده‌بێ كورده‌كانی تاران ناوه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییان ببێ ، تا بتوانن بۆ رێكخستنی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرن . به‌راستی هه‌ستمان به كه‌لێنێكی گه‌وره ده‌كرد و هیوامان ئه‌وه‌بو، كه KKT ئه‌م كه‌لێنه پڕبكاته‌وه.
له ئاخری زستانی ساڵی 1377 ی هه‌تاویه‌وه به چه‌شنی دێفاكتۆ ده‌ستمان كرد به كار وتا ئێستا، به‌چه‌شنی پێشڕه‌و ، هه‌ردرێژه‌ی هه‌یه .
له هه‌مو به‌ستێنێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا - هه‌ر له ترووسكه‌وه برووسكه په‌یدا ده‌بێ . له KKTیش له هه‌وه‌ڵه‌وه ،تاقه دو نه‌فه‌ربه‌و خه‌یاڵه كه‌وتین . به‌ڵام هه‌ر هات و دۆستانی دیكه‌ش ته‌شریفیان هێنا، زۆر پێشوازیان كرد و بو به‌م كۆڕه مه‌زنه‌ی ئێستا . ئه‌لعان بێ روده‌ربایستی و شكسته نه‌فسی،زۆرتری زه‌حمه‌ته‌كانی كۆڕ به ئه‌ستۆی هاواڵانه‌وه‌یه ، به تایبه‌ت هاوكاره لاوه‌كان و من یه‌كێك له‌و ئه‌ندامانه‌م كه ئه‌ركێكی زۆر كه‌مم به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه .
ده‌توانم بلێم ، كه تا ئێستا زوربه‌ی كورده‌كانی تاران ، به هه‌ر دین ، مه‌زهه‌ب و زاراوه‌یه‌كه‌وه، به‌ره‌و پیری ئه‌م ناوه‌نده هاتوون و چاكه‌خوازی بوون ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ،من ده‌ڵێم ئه‌م كۆڕه هی ته‌واوی كورده‌كانی تارانه و ته‌واوی خه‌ڵكی شاریش ،یا ئه‌ندامی دێژووڕی كۆڕن یا لایه‌نگری ئه‌ون .
رۆژهه‌ڵات: كار و باری كۆڕه‌كه چۆن به‌رێوه ده‌چێ و له چ بوارێكدا، كار ده‌كه‌ن ؟
ح.س. سۆران: كۆنسێی سه‌رۆكایه‌تی وكۆمیته‌گه‌لی جۆربه‌جۆر، كاری كۆڕ هه‌ڵده‌سووڕێنن و له بواری فه‌رهه‌نگی ، كۆمه‌ڵایه‌تی و كوردایه‌تیدا كار ده‌كا.
رۆژهه‌ڵات: كۆڕی كورده‌كانی تاران به پێی چ قاننونێك ئیجازه‌ی كاری وه‌رگرتوه؟
ح.س. سۆران: له وزاڕه‌تی ناوخۆ ئیجازه‌ی وه‌رگرتوه و وه‌ك NGO یه‌ك ناسراوه ، له رۆژنامه‌ی ره‌سمی ئێرانیشدا سه‌بت كراوه و ناوه‌ندێكی ره‌سمیه .
رۆژهه‌ڵات: خه‌رجی و داهاتی كۆڕ چۆنه ؟ ئایا یارمه‌تی ده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرن ؟
ح.س. سۆران: داهاتی كۆڕ هه‌ر بریه‌تیه له یارمه‌تی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆی و تا ئێستا هێچ یارمه‌تیه‌كی ئابووری له ده‌وڵه‌ت وه‌رنه‌گرتوه . جارجاریش ، كه جه‌ژنێكی هونه‌ری پێك ده‌هێنین ، داهاتی فرۆشی بلیتی ئه‌و جه‌ژنه‌شی هه‌یه . به كورتی KKT ، كه رێكخراوه‌یه‌كی غه‌یره ده‌وڵه‌تیه ( ( NGO ،ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێ و به هێچ تاقم و باڵێكی رامیاریه‌وه ، نه‌لكاوه .
رۆژهه‌ڵات: ئایا جگه له كۆڕی كورده‌كانی تاران ، كۆڕ و كۆمه‌ڵی كوردی له تاران هه‌یه؟
ح.س.سۆران: به‌ڵێ ، كۆڕی (ماڵی ) كوردگه‌لی كرماشان ،لوڕستان ، باكووری خۆراسان و تاقمی هه‌ورامان و…، هه‌یه .
رۆژهه‌ڵات: پێوه‌ندی ئێوه له گه‌ڵ كۆڕ و كۆمه‌ڵی كوردی له كوردستان چۆنه ، ئایا هاوكاریتان له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌یه ؟
ح.س. سۆران: له‌گه‌ڵ زوربه‌ی ئه‌نجومه‌نه ئه‌ده‌بیه‌كانی شاره كوردنشینه‌كان و ناوه‌نده فه‌رهه‌نگیه‌كانی كوردستان ، پێوه‌ندی پته‌ومان هه‌یه و به پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی KKT ، ده‌مانه‌وێ له ناوچه كوردنشینه‌كان ، نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی بكه‌ینه‌وه و نوێنه‌ر دیاری بكه‌ین .
رۆژهه‌ڵات: كاری فه‌رهه‌نگی ، هونه‌ری و رۆشنبیری له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ، چۆن ده‌بینن ؟
ح.س.سۆران: هه‌روه‌ك بیستووتانه ، له‌م هه‌رێمه رێنێسانسێكی مه‌زنی فه‌رهه‌نگی روی داوه ، كه دیاره له‌سه‌ر بارودۆخی بزاڤی فه‌رهه‌نگی ، هونه‌ری و رۆشنبیریش شوێنێكی چاك و به‌ربڵآوی داناوه . ده‌رچوونی ئه‌و گشته گۆڤاره خۆێندكاریانه ، به‌ڵگه‌ی زیندوی ئه‌م باسه‌یه . ره‌نگه له پازده ساڵی پێشودا، سه‌دان كتێبی كوردی وكتێبی سه‌باره‌ت به كورد و كوردستان له‌م ناوچه‌یه‌دا نووسراوه، كه بڕێكیان هێشتا له‌به‌ر گیر و گرفتی ئابووری له چاپ نه‌دراون . له ته‌واوی بواره هونه‌ریه‌كاندا ، زۆر كار كراوه . ره‌نگه له‌و ته‌وه‌ره كاتیه‌ی سه‌ره‌وه‌دا كه وتم،به تاقه ساڵێك ، به قه‌ت ته‌واوی مێژوی كورد شت نووسراوبێ . ئه‌مه وێنه‌یه‌كی كور ت بو - ده‌ڵێن مشت نموونه‌ی خه‌ڵواره!
رۆژهه‌ڵات: پێوه‌ندی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی كورد ، له‌گه‌ڵ نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كانی تری ناو ئیران چۆن ده‌بینن ؟
ح.س.سۆران: ئێستا له پلله‌یه‌كی ئاساییدایه . ئێمه رێز بۆ ته‌واوی زمان و فه‌رهه‌نگه‌كانی جیهان داده‌نێین ، به تایبه‌ت بۆ جیرانه نزیكه‌كانمان .ده‌ستێ به ته‌نیا ته‌قه‌ی نایه . هه‌ر كات ده‌ستی هاوكاری به‌رانبه‌ر بۆ لای ئێمه درێژ بكه‌ن ، ئێمه وه‌ك برایه‌كی به‌ته‌مه‌نتر ،به گه‌رمی به‌ره‌وپیریان ده‌چین و پێشمان وایه ئه‌مه به قازانجی هه‌مولایه‌كه .
رۆژهه‌ڵات: داهاتوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چۆن ده‌بینن ؟
ح.س. سۆران: نازانم له چ روانگه‌یه‌كه‌وه ده‌فه‌رموی . دیاره هه‌ر روانگه‌یه‌ك بارودۆخی تایبه‌تی خۆی هه‌یه وه‌ڵامی تایبه‌ت ده‌خوازێ . به‌ڵام من كه به‌رپرسی به‌شی فه‌رهه‌نگی ئه‌م كۆڕه‌م ، له سه‌ره‌وه له بواری فه‌رهه‌نگیدا باسی بارودۆخی ئێستام كرد.دیاره داهاتووش هه‌میشه له سه‌ر رابوردو حاڵ بناغه‌ی دروست ده‌بێ .
رۆژهه‌ڵات: به‌رێز حه‌سه‌ن سه‌لاح ( سۆران ) نووسه‌ر و شاعیر‌و وه‌ڕگێڕ ، به‌رپرسی به‌شی فه‌رهه‌نگی KKT ، سپاس بۆ ئێوه و داوای سه‌ركه‌وتن بۆ خۆتان و كۆڕی كورده كانی تاران .
بیره‌وه‌ری حه‌وته‌یه‌ك له گه‌ڵ ماموه‌ستا هێمن .
ماموه‌ستا هێمن یه‌كێك له هۆنه‌رانی كه‌م وێنه‌ی كورده .ئه‌گه‌ر نووچكه‌ی بیری هێژای هۆنه‌رانی پایه‌به‌رزی كورد به دوندی كێوه‌كانی كوردستانی گه‌وره دابنێین ، ماموه‌ستا هێمن ترۆپه‌ی كێوی قه‌ندیله .هیچ كوردێك نیه ، كه ناوی پیرۆزی ماموه‌ستا هێمن موكریرانی نه‌بیستبێ ، زوربه‌ی گه‌لی ئێمه هۆنراوه‌كانی ئه‌ویان له‌به‌ره و زۆر له گۆرانی وێژان ، شێعره كانیان كردوه به گۆرانی و… . وه‌ك ناساندنێكی كورتی ماموه‌ستا هێمن ، ئه‌م رسته‌یه‌م پێ شتێكی ته‌واوه : ماموه‌ستا هێمن زمانی ویست و پێنووسی هه‌ستی سه‌ركوتكراوی گه‌لی كورد.
پایزی ساڵی 341 (1962)،كه ته‌مه‌نم 21 ساڵ بو ،ویستم بچمه خزمه‌ت ماموه‌ستا هێمن .قه‌ت به خزمه‌تی نه‌گه‌یشتبووم . ماڵمان له گوندی ساروقامیش ، له رۆژهه‌ڵاتی شاری بۆكان بو. ماموه‌ستا كه خه‌ڵكی گوندی شیلاناوێی ناوچه‌ی موكریان بو ،ئه‌و كاته‌ماڵی له شاری مه‌هاباد بو . له گوندی سارووقامیشه‌وه بۆ شاری مه‌هاباد ، نزیكه‌ی 70 كیلۆمیتره ، كه ئه‌و كاته به هه‌ڕاكه‌ره( سه‌یاره ) ، یه‌ك كاتژمێر رێگه بو .
ماموه‌ستا هێمن له شه‌قامی فه‌ره‌ح ، رووبه ڕوی یانه‌ی ساواك ،له ژیرپلیكانێكی چكۆله‌یx 1 2 میتریدا ، دووكانێكی عه‌للا فی ( گه‌نم و جۆ و ده‌غڵ فرۆشی) بو. خه‌ڵك هه‌میشه مرۆڤی زیندو باش ناناسن ،به‌ڵام به هه‌ر جۆر بو، به پرسیار دووكانه‌كه‌م دۆزیه‌وه و چوومه خزمه‌تی .
كاتێك چوومه نێو دووكانه‌كه‌ی ، بۆ خوی ته‌نیا بو و هێندێك نممونه‌ی گه‌نم ، جۆ و ده‌غڵ و دانی دیكه‌ی دانابو ، كه گۆیا له‌و نموونانه بكڕێ و بفرۆشێ. دوای سڵاو و هه‌واڵپرسی ، خۆم پێ ناساند و وتم هاتوومه ته شوێنت ، بانگهێشتنت بكه‌م بۆ ماڵی خۆمان له ناوچه‌ی بۆكان . به پێی ئه‌وه‌ی كه منی له دووره‌وه ده‌ناسی ، فه‌رموی ئاماده‌م . دوای دو كاتژمێر،به ماشین ( سه‌یاره )ه‌كه‌ی خۆم ، كه جیپ ویلیزی ئامریكایی بو ، له مه‌هاباده‌وه به‌ره‌وگوندی سارووقامیش له ناوچه‌ی بۆكان ده‌ركه‌وتین . كاتی نه‌هاربو ، كه گه‌یشتینه شاری بۆكان . تا جێگه‌یه‌ك له‌بیرم دێ ، ئه‌و كاته له بۆكان دو دانه چێشتخانه‌ی خاوێنی لێ بو ، یه‌كێكیان رێستۆرانی فه‌تحی، ئه‌وی دیكه ، رێستۆرانی مینه زیره‌ك ، برای ماموه‌ستا حه‌سه‌ن زیره‌ك بو . چوینه رێستۆرانی فه‌تحی و له‌وێ نه‌هارمان خوارد - ده‌ڵێن ئێمه مردو ویستین - بڕوا بكه‌ن، نه له رێستۆران و نه له نێو شار جگه له چه‌ند نه‌فه‌ر ،كه‌سێكی به‌و جۆره ماموه‌ستا هێمنیان نه‌ده‌ناسی . ئه‌گه‌ر منیش به كه‌سێكم ده‌ناساند ، خویان گێل ده‌كرد و ده‌یانوت ….
ئه‌مه سووچی ماوه‌ستا هێمن هۆنه‌ری پایه‌برزی كورد ، هاوشانی لافۆنتێن ، گۆته و فه‌ڕڕوخی یه‌زدی نه‌بو كه نه‌یانده‌ناسی ، به‌ڵكه هی ئه‌وه‌بو، ئێمه مردوپه‌ره‌ستین و ئه‌و كاته له خه‌وێكی قووڵی بێخه‌به‌ریشدا بوین . ده‌نا ئێستا، منداڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی ، كه ئه‌و رۆژه به‌ه‌ره‌وپیری ماوه‌ستا هێمن نه‌هاتن ، په‌یكه‌ری ئه‌وینی ئه‌ویان به به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕی خه‌یاڵ و هه‌ست ، له گۆڕه‌پانی قه‌لبیاندا ، دروست كردوه ، كه قولینگی هیچ زۆردارێك ناتوانێ تێكی بدا.
دوای نه‌هار خواردن ، له شاری بۆكانه‌وه به‌ره‌و گوندی ساروقامیش كه‌وتینه رێ . به‌داخه‌وه ، هه‌تا گه‌یشتینه سارووقامیش ، پلیكانی ماڵه‌كه‌ی ئێمه رووخابو و مه‌جبوور بوین ، به ناردیوان بچینه نێو هۆده‌كه . من زۆر له‌مه تریق بوومه‌وه ، به‌ڵام ماموه‌ستا فه‌رموی ”ئێمه كه خوازه‌ری سه‌ركه‌وتنین ، تۆفیری پلیكان و ناردیوان نیه ، گرنگ ئه‌وه‌یه سه‌ركه‌وین” .
له‌وكاته دا ، به توندی له ژێر چاودێری ساواكدا بو و به‌ره به‌ره ، له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بو، بچێ بۆ كوردستانی ئه‌و دیو و رۆحی خۆی له مه‌ترسی نه‌جات بدا. بۆ ئه‌وه‌ی هێندێك په‌ژاره‌ی سووك ببێ ، زۆر له كوڕه‌كانی هاواڵی خۆمم بانگ كرد، تا بێن له خزمه‌تیدا بن . تا جێگه‌یه‌ك له‌بیرمه ، یه‌كێك له‌و كوڕانه ، كاك عومه‌ر تیكانته‌په ( كیا ) بو ، كه زۆر هۆگری وێژه‌ی كوردیه .
ده‌زانم زۆر كه‌س له‌وانه‌ی كه به خزمه‌ت ماموه‌ستا نه‌گه‌یبوون ، ده‌یانه‌وێ سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و هۆنه‌ره مه‌زنه ، شتێكیان بۆ بگێڕمه‌وه - به‌سه‌ر چاوان لای بۆكا ن :
1- مامۆهستا هێمن مروڤێكی زۆر به‌هه‌ست بو ، ته‌نانه‌ت به ده‌نگی شنه‌ی زریانی پایز ، هه‌ستی ده‌جوولا و زۆر كاری تێده‌كرد .
2-هۆنراوه‌كانی خۆی كه‌متر له‌به‌ر بو ، زۆرتر له روی نووسراوه‌وه ده‌یخوێندنه‌وه . تا جێگه‌یه‌ك له‌بیرمه ، یه‌كێك له‌و هۆنراوانه كه خوێندیه‌وه ، هۆنراوه‌ی سه‌یری راوكه‌ران و به‌هاری كوردستان بو .
3- دێكلامه‌ی وه‌ك هۆنراوه‌كانی به‌هێز نه‌بو ، هه‌ر بۆیه ده‌یفه‌رمو ” ئێوه هۆنراوه‌كانی من بخوێننه‌وه ” .
4- زۆر هۆگری سه‌رۆك پێشه‌وا قازی محه‌ممه د وكۆماری كوردستان بو ، ره‌نگه ئه‌و چه‌ند رۆژه ده جاریش باسی كرد و خۆزگه‌ی پێ ده‌خواست.
5- راوی زۆر پێخۆش بو ، به تایبه‌ت به فه‌رمایشی خۆی ، قیرقاجی مه‌ل. قیرقاج به‌وه‌ی ده‌وت ، كه كاتێك مه‌له‌كه ، له حاڵی هه‌ڵفڕیندایه ، گولله‌ی بۆ بخه‌ی . تفه‌نگه‌كه‌شی تاپڕ بو و جه‌وازی راوی هه‌بو .
6- سیپاڵی كوردی له‌به‌ردا بو و مێزه‌ریشی به‌سه‌ره‌وه بو .
7- هۆنراوه‌كانی ماموه‌ستا ئه‌حمه‌دی خانی و حاجی قادری كۆیی زۆر پێخۆش بو ، باسی ماموه‌ستا نالی و مه‌حویشی ده‌كرد .
چون چل ساڵ له‌وه ده‌گوزه‌رێ ، شتێكی دیكه‌ی وام له بیرنه‌ماوه و نابێ هه‌ر له‌خۆمه‌وه ، شتیشی لێ زیاد بكه‌م ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه كۆتایی به وتاره‌كه ده‌هێنم !
دوانووس : وه‌رن تا مرۆڤه مه‌زنه‌كانمان ماون ، بیانناسین و رێزیان لێ بگرین .هه‌ر چه‌ند مرۆڤی گه‌وره‌ی كورد ، پاش مردنیش به چه‌شنی پێویست ، ناو و نیشانی نیه ، ده‌نا ئێستا ده‌بو شاری مه‌هابادی قاره‌مان، به په‌یكه‌ری پڕ له شانازی ماموه‌ستا هێمن برازێته‌وه.
ماموه‌ستا ئه‌بولحه‌سنی سه‌یفی قازی ده‌فه‌رموێ :
به كوته شانامان گه‌لان ده‌مێنن به میر و مه‌زنان ، شان ده‌شه‌كێنن