سه‌باره‌ت به‌ خۆمان

 

ماڵپه‌ڕی رۆژهه‌ڵات/ بۆکان له‌ ساڵی ١٩٩٨ ی زایینی له‌ ئورووپا ده‌ستی به‌ کار کرد‌. ئامانجی ئێمە لە دامەزراندنی ماڵپەڕەکە، ئاگاداری به‌خشینی ڕاستگۆیانە و بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی ئه‌ده‌بی، هونەری، مێژوویی، فه‌لسه‌فی و زانستی و تا راده‌یه‌کیش سیاسی بوو لەپێوەندی کوردستان و کورد دا. هه‌وڵی نووسه‌رانی ماڵپه‌ڕه‌که‌ لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئێستا ئه‌وه‌ بووه‌ بە گوێرەی دەرەتان ماڵپەڕەکە بکەنە سەکۆیەک بۆ بانگی حەق و ئاوێنەیەک بۆ نواندنی مافەکانی مرۆڤی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان.  

دیارە ئێمە هەموو خاڵەکانمان نەپێکاوە و ناتەواویمان هەیە کە لێی ئاگادارین، بەڵام بەختەوەرین بڵێین دەستمان بەڕووی هیچ نووسەرێکەوە نەناوە کە بابەتێکی سەرنجڕاکێشی لە هەرکام لەوبوارانەی سەرەوەدا بۆ ناردبێتین بەمەرجێک کە ڕادەی کارەکە لەسەرەوە بووبێت و تێیدا هێرش و سووکایەتی نەکرابێتە سەر ئەندامانی کۆمەڵگا. دیارە بڕیار لەسەر ئێمە و کارەکانمان دەبێ خەڵکانێک بیدەن کە سەردانی ماڵپەڕەکە دەکەن، به‌ڵام لەبیرمان نەچێت کە ئەوە هەرەوەزێکی خۆبەخشانەیە و تەنیا کەسانی خۆبەخشن کە بابەتمان بۆدەنێرن، کاتێکیش کە بارودۆخی دژواری ژیان له‌ ده‌ره‌وی وڵات دەگرینە بەرچاو، دەبینین نووسەرانی ماڵپەڕەکە لەڕادەی توانا و گونجاوبوونی کات و دەرەتاندا، ئەگەر زیاد لەڕادەی پێویست کاریان نەکردبێت، کەمتریان نەکردووە.

لە ئەرکی ئێمەدا، گرنگ پاراستنی هەندێک ئوسووڵ و لانەدان لە ڕێبازی خزمەت بە گەل و نیشتمان و ئامانجی پێشکەوتنخوازانە و دادپەروەرانە و خۆپاراستن لە حزبایەتی و لایەنگریی و هەڵاواردن بووە و هیوادارین خوێنەر و بینەری ماڵپەڕەکە لە بینینی بابەتەکانی نووسەرانی ڕۆژهەڵات/ بۆکاندا هەستیان بەو ڕاستییە کردبێت. لە هەڵبژاردنی بابەتی ماڵپەڕەکانی دیکەشدا هەموو هەوڵمان ئەوە بووە ئەو ئەسڵانەی سەرەوە بپارێزین و گوڵبژێری سەرچاوەی هەمەچەشنە بکەین کە لەگەڵ زەوق و خواستی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک و مەسڵەحەتی نیشتمانەکەماندا یەک بگرنەوە.

ئاشکرایە دەبێ ئامانجە پێشکەوتنخوازەکان لە نووسینی نووسەرانی ماڵپەڕەکە و بابەتی هەڵبژاردەی سەرچاوەکانی دیکەشدا ڕەنگیان دابێتەوە و چەوساندنەوە و بێعەداڵەتی کەوتبێتنە بەر ڕەخنەی دوور  لە هێرشکاری و سووکایەتی. هەر بابەتێک گەیشتبێتە دەستمان کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆنی هێرشکاری بۆ سەر ئەندامانی کۆمەڵگا، بەرپرسان و ڕێبەرانی کوردی لێ هاتبێت، بە وشیارییەوە سەیرمان کردووە و مۆڵەتمان نەداوە بڵاو ببنەوە؛ تەنانەت لە زڕاندنی ناوی دوژمنانی گەل و داگیرکەرانی کوردستانیشدا هەمان سیاسەتمان ڕەچاوکردووە. ئامانجی ئێمە ڕوونکردنەوە و زانیاری بەخشینە نەک سووکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤ. 

به هیوای هاوکاری کردنی زیاتری ئێوە و دەوڵەمەندتر کردنی ناوەرۆکی بابه‌ته‌کان.

به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕی رۆژهه‌ڵات/ بۆکان

١٠/٣/٢٠١٣

په‌یوه‌ندیی: redaktion@rojhalat.de           

٢٠ ساڵ ماڵپهڕی ڕۆژههڵات / بۆکان

 

وێژە و ئەدەبی کوردی

ئەم کۆمەڵە ویدیۆیەی لێرە بڵاو دەکرێنەوە، بەشێک لە کاری هاوبەشی نادر فەتحی بۆکانی(شوانە) و برایم فەڕشی(بەهرام موکریانی) یە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩٩٠ دەگەڕێتەوە. هەشت ساڵ دواتر ماڵپەڕی بۆکان و دواتر ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات دامەزرا کە ئێستا لە ژێر ناوی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات – بۆکان دەناسرێ و ٢٥ ساڵ لە کاری بەردەوامی ڕۆژانەی تێدەپەڕێ.

بەو هیوایە ئەم ماڵپەڕە و بەرهەمەکانی لە سەر دەستی کەسانی تر ٢٥ ساڵەکانی تر درێژە پەیدا بکات.

ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات – بۆکان       

١- هێمن ، سەلاح سۆران، وێژەر: برایم فەڕشی، کامێرا و مۆنتاژ: نادر فەتحی بۆکانی (شوانە)

٢- شامی کرماشانی، وێژەر: برایم فەڕشی، کامێرا و مونتاژ: نادر فەتحی بۆکانی (شوانە)

٣- هەژار، وێژەر: برایم فەڕشی، نادر فەتحی بۆکانی (شوانە)، کامێرا و مۆنتاژ: نادر فەتحی بۆکانی (شوانە)