برایم ئه‌فخه‌می
برایم ئه‌فخه‌می
به قه‌ڵه‌می برایم ئه‌فخه‌می
له ساڵی 1299ی هه‌تاویدا له ئاوایی گۆل ده‌وروبه‌ری شاری بۆكان كه‌وتمه كۆشی دایك دونیاوه. به ده‌نگی ئنگا!ئنگا مامان له ئامێزی گرتم وچاوی سڕیم ونێوكی بڕیم. ئه‌م جاره به په‌ڕۆوپاڵ ده‌ست ولاق وله‌ش وئه‌ندامی شه‌ته‌ك دام. وه‌ك زه‌ڕنه‌قوته له نێو هێلانه‌ی سیپاڵدا نوقمی كردم. حه‌وتوویه‌ك مه‌لۆتكه بووم وسه‌ری حه‌وته به فه‌رمانی باوكم(خودالێ خۆش‌بوو میرزا مه‌حموودی ئه‌فخه‌مه‌ی) كه مونشی و كاربه‌ده‌ستی سه‌ردارانی بۆكان بوو ناویان نام ئیبراهیم و ئه‌م جار له گرتووخانه‌ی سیپاڵ وتیتاڵه شڕه‌وه خستیانمه نێو گۆڕی دارینی لانكه‌وه. بهدهسرازهوه و سه‌رسینگه هه‌میسان ده‌ست ولاقم وه‌كوو دیلی تاوانبار به‌ستراو به ده‌نگ وئاهه‌نگی دڵنه‌وازی لایه‌لایه‌ی دایك خرپ دهكرامه خه‌و. زۆرباش لێده‌نووستم چونكه ئه‌م ئاهه‌نگه دڵبزوینه موسیقای گیان بوو له قووڵایی و سه‌رچاوه‌ی دڵی پڕله به‌زه‌یی دایكی میهره‌بان وشه‌و نه‌نووستوو ده‌هاته گوێمه‌وه.هێندیكی پێ چوو هه‌تا له (خڕكانه, كۆخه ڕه‌شه, مه‌ڵاشوو كه‌وتن, سوورێژه, مێكوته, دریله, هاوڵه یا خوریلكه) رزگاریم هات. به‌ڕاستی ئه‌مانه مڵۆزمی ساغێتی كۆرپه ساواكانن. له چه‌نگی مڵۆزمی دیكه‌ش وه‌كوو په‌لاماردانی(ئاڵ,شه‌وه, مۆته) خه‌لاس بووم كه ئه‌مانه به قه‌ولی مامانه قه‌دیمی یه‌كان مڵۆزمی منداڵ و ئافره‌تی زه‌یستانن.له ئامێز وباوه‌شیان ده‌گرتم وهه‌ڵیان ده‌كوشیم.كۆچكهیان له سه‌ر ده‌كردم, بهروانكهیان له بهركردم به میهره‌بانی یه‌وه ده‌یان دواندم هه‌تاكوو بزه‌م بێتێ. گاگۆڵكهیان فێركردم و ئه‌م چهل بۆ ئه‌وه‌ی پێ ڕهوكه بم ره‌وڕه‌وه‌یان دا ده‌ستم تا وێروێركه و پێرۆكهبم به‌هۆی ره‌وڕه‌وه‌ی دارینمهوه له داهاتوودا بتوانم له گه‌ڵ ره‌وڕه‌وه‌ی ژیاندا, بڕۆمه به‌ره‌وه.به‌ڵێ به‌م جوره پێم له ناو جه‌غزی ساوایه‌تی ترازاند. فێره قسه بووم و ده‌رو ژوورم ده‌كرد گه‌یشتمه ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵان به رۆژدا له گه‌ڵ منداڵان خه‌ریكی یاری و قومار وگهمهی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌بووم كه ئه‌وانه بوون: ( بازه‌ڵێن, جگێن, خازه‌ڵێن, جه‌غزێن, مێشێن, قاپێن,زاپێن,هه‌لوكێن, مه‌زره‌ق داكوتان, پێلاقه خولاندنه‌وه,گوێ پچڕوكێن, كهوشێن, ئاش ئاشۆكه, تۆپێن, سیی باز, یه‌كانه, قه‌رێ قه‌رێ, كهڵهكهبڕێ, گورزێن, كه‌مه‌ند, به‌سه‌رێن) ئه‌م جار نایانمه به‌ر خوێندن وچوومه قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی. ئهلف وبێتكهیان له رووپهڕهیهكدا بۆ نووسیبوومه‌وه. له دوایی ده‌ستم كرد به حێنجه و جوزوی عمه گه‌یشتمه مریشكه ڕه‌شه(سوره ازاجاانهكان تواباو) هاوڕێ وهاودرسهكانم هه‌روه‌كوو باو بوو گوێچه‌یان كێشام و گوتیان: ( توابا مریشكه ڕه‌شه كه‌بابه بۆ ماموستا سه‌وابه)مریشكێكی وه‌ك قاژووی ڕه‌ش به قیڕه‌قیڕ به قرانێكی ئه‌و زه‌مانه كڕابوو بۆ كه‌بابی جه‌نابی ماموستا…یا خوا ببێ به نوشی گیانی و ببێته به‌زی نێوشانی. سه‌رتان نه‌یه‌شێنم جوزوی عمه قوتاركرا و دوای ئه‌و له خزمه‌ت باوك و براكانم كتێبه وردیلانهكانی ئه‌و كاته‌م خوێندن. ده‌ستم دا قه‌ڵه‌م كه فێری نووسین ببم باوك و براكانم خه‌تیان زۆر خۆش بوو كه شۆره‌تی خه‌ت خۆشیان هه‌بوو. سه‌رمه‌شقیان بۆ داده‌دام كه له به‌ریان بنووسمه‌وه به‌ڵام هه‌رچیم ده‌نووسییه‌وه هه‌مووی خوار و خێچ وناحه‌ز بوو ده‌تگوت ده‌زووی ئاڵۆزه و له خۆریشدا وه‌كوو گۆچانی مه‌شهوری مام سه‌فه‌ر وابوو! هه‌ر كاتێك خه‌تی منداڵیم ده‌كه‌وێته‌وه به‌ر چاو به خۆم نیه پێكه‌نین ده‌مگرێ. ته‌مه‌نم بوو به ده‌ساڵان, بڕێك خه‌ت وسه‌وادم باشتر ببوو, له نێو ئاوایه‌كه‌مان(هۆرتهكهند) پێیان ده‌گوتم كاك میرزا! هه‌ركه‌س می‌داد یا قه‌ڵه‌مێكی به خۆیدا بكردایه پێیان ده‌گوت كاك میرزا. ئه‌منیش زۆرم پێخۆش بوو كه‌وایان پێده‌گوتم. ده‌تگوت حه‌وت مێشم له كونێكدا دۆزیوه‌ته‌وه كه ئه‌منیش بۆ ده‌ركه‌وتنی میرزایه‌تیم قه‌ڵه‌مێكی جوانم له به‌رۆكم دابوو. له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆرمان میوانی گه‌وره ده‌هات و پیاوی به ناوبانگ رووی تێده‌كردین چونكه باوك وبراكانم هه‌موویان زانا وخاوه‌ن قه‌ڵه‌م بوون. زۆربه‌ی شه‌وه‌كان له خزمه‌تیاندا داده‌نیشتم وهه‌ركاتێك میوانێك باسی پیاوهگهورهكانی خۆمانی ده‌كرد و له شوێنه‌واری زانایان و ئازایه‌تی نه‌به‌زه‌كان و هونه‌رو ئه‌ده‌ب وخووخده‌ی جوانی رابردوانی گه‌لی به‌رێزی كوردیان دهكۆڵێهوه زۆرم پێ خۆش بوو هه‌موو گیانم ده‌بووه گوێ بۆ بیستن. لێیان زیت ده‌بوومه‌وه و باسهكانیشم به گوێی دڵ ده‌بیست. به‌ڵام به‌داخه‌وه چم بۆ نه‌ده‌كرا. ئاخر به‌و قه‌ڵه‌مه شڕه‌م كه هه‌ر به حاڵه حاڵ سیایی گۆشتی پێ ده‌گیرا وبراكانم تیتاڵیان پێده‌كردم چم بنووسیبایه‌ته‌وه؟ خۆ ئه‌م جاریش له باسی مێژوویی ئه‌ده‌بدا تڵپاتی ته‌ڕم تێدا نه‌بوو هه‌ر كاك میرزای ئاوایی یه‌كه‌م بووم و به‌س. رۆژگار وه‌ك خهڕهكی تاو دراو و هه‌ڵسووڕا و چه‌رخ خولی دا. ئه‌و ئۆگری و تینویه‌تی یه هه‌ر له دڵمدا مابوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌لێكم بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وت, چه‌وسانه‌وه‌ی زه‌مانه ده‌رفه‌تی پێ نه‌دام هه‌تاوه‌كوو كاتی پیری و بێ هێزی له به‌ر ئه‌وه كهكهند و كۆسپ و قۆرتی ناله‌باری رۆژگاری ناسازگار ئه‌وه‌نده‌ی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و كهندو كڵۆ له سه‌ر ڕێگه‌ی ژیان دانام و زه‌خت و سه‌ختیم چێشت كه به‌رگری سه‌ركه‌وتنی لێده‌كردم. وه‌ك شه‌وه‌زه‌نگ ده‌لاقه‌ی تیشك و رووناكی پێگه‌یشتن به‌م ئاواته‌ی لێ گرتبووم به‌ڵام به یارمه‌تی خوا به‌سه‌رهاتی تاڵ تاڵ نه‌بوو به سه‌ر وه‌دی هاتنی ئه‌وین وئۆگری زۆرمدا. ئه‌گه‌رچی ئاواتم له‌و ماوه‌دا كرچ وكاڵ بوو خواشوكر ئه‌زموون و ته‌جروبه‌م پتر و قاڵتربوو. عیشق و ئه‌وینی خزمه‌ت به ئه‌ده‌ب و پاراستنی فه‌رهه‌نگی گه‌له‌كه‌م هانی دام ووره‌ی پێدام كه به پیریش له گۆڕێ‌دا بێ هه‌ر حه‌له و ئه‌م خزمه‌ته هه‌ر به كه‌ڵكه و هیوام وایه به له به‌رچاوگرتنی كه‌م وكوڕی و له ده‌ستدانه‌بوونی شوێنه‌واره‌كان وشتی وا كه‌ڵكی ڕاسته‌قینه و په‌سه‌ندكراوی زۆرتر لێ وه‌رگیرێ چاو له كه‌م وكووڕی بپۆشن هه‌تاكوو هه‌ل ومه‌رجێكی وا كه به‌ڵگه و شوێنه‌واری به‌نرخ و باشتر وه‌ده‌ست كه‌وێ و به شانازی یه‌وه ئه‌وسا پێشكه‌ش بكرێ. ئێستا وا باشه له‌و نووسراوانه‌ی كه بۆ چاپ و پێشكه‌شكردن ئاماده كراون ناو به‌رین. گرینگترینی ئه‌ونووسراوانه كتێبی (فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی موكریانه كه له مێژوو, جوغرافیا, ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ناوچه‌ی موكریان(مه‌هاباد, بۆكان, شنۆ, سه‌رده‌شت) و شوێنه‌واری زانایان و هونه‌رمه‌ندانی شاری و عه‌شیره‌ته‌كانی فه‌یزوڵڵابه‌گی, دێیوكری و هونه‌ری جوانی لاوانی هونه‌رمه‌ندی ئه‌و شارانه و له شوێنه‌واری كۆنی مێژوویی ومێژینه‌ی قه‌ڵاكان و شێوه و ئاسه‌واری به‌رزو دڵبزوێنی هونه‌ران ده‌دوێ. مێژووی پڕ له شانازی سه‌ردارانی موكری(عه‌زیزخانی سه‌ردار سه‌رۆكی هێزی ئێران له زه‌مانی ناسره‌دین شا) و سێ سه‌رداری دیكه‌ی موكریان كه هه‌موویان حاكم و فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌ی سابڵا‌غ و ده‌وروبه‌ر بوون له‌و نووسراوه‌دا جێ كراوه‌ته‌وه. جێگه‌ی سه‌رنج راكێشانه كه ئه‌م كتێبه له 13 كتێب پێك هاتووه و هه‌موویان هاوڕێ له گه‌ڵ وێنه‌دایه و زۆر خه‌ت و نه‌ققاشی و شوێنه‌واری مێژوویی تێدایه كه زۆر كه‌س نه‌ی دیوه. ناوی كتێبه‌كان كه له 13 به‌شدایه به‌م جۆره‌ن: 1- مێژووی ئه‌ده‌بی مه‌هاباد2- مێژووی ئه‌ده‌بی بۆكان.3- مێژووی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌شت.4- مێژووی ئه‌ده‌بی شنۆ.5- سه‌ردارانی موكریان.6- عه‌شیره‌تی فه‌یزوڵڵابه‌گی.7- عه‌شیره‌تی دێیوكری.8- ماموستایان و زانایان ونووسه‌ران و هونه‌ران.9- بنه‌ماڵه‌ی ئه‌فخه‌می.10- هونهرانی تازه‌پێگه‌یشتوو.11- ئه‌ده‌بی كوردی.12- تێكه‌ڵی به‌شی بانه و خانێ.13- به‌ڵگه‌و وێنه وخه‌ت وقه‌باڵه‌ی كۆن و قه‌دیمی. هه‌روه‌ها ئه‌م كتێبانه‌ی خواره‌وه ئاماده‌ی چاپ كراون كه هه‌مووی به وێنه‌ی تایبه‌تی وبه‌ڵگه‌ی مێژوویییه‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێن.1- هێرشی سمایل ئاغای سمكۆ بۆ سابلاغ.2- شۆرشی مه‌لا خه‌لیل له سه‌ر كڵاو(شه‌پكه).3- بنه‌ڕه‌تی مه‌ته‌ڵی كوردی.4- ئه‌وه چیه به هونراوه‌ی كوردی.5- فولكلۆر یاساوشوێن ودابی موكریان.6- شه‌رعیاتی(نزووم)به زمانی كوردی.7- قسه‌ی خۆشی وڵاتی خۆمان بۆ بزه‌ی لێو. ئه‌و دووكتێبهشم هه‌تا ئێستا چاپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه: 1- ده‌مه‌ته‌قه‌ی سۆفێ ونێری.2- دیاری نوێ.
سه‌رچاوه:گۆواری سروه ژماره‌ی 23 جۆزه‌ردانی 1367(1988