مێژووی بۆکان
بۆكانم چۆن دی ؟
حه‌سه‌ن سه‌لاح(سۆران)
(باسی مێژویی وه‌ك شه‌راب وایه، تا كۆنتر بێ بایه‌خدارتر ده‌بێ ، وه‌رن فێر بین خۆمان مێژوهكانمان بنووسین. ره‌نگه هه‌ر ئه‌م چه‌ند دێڕه كه من لێره‌دا ده‌ینووسم ،ئێستا زۆر شتێكی هه‌ره سه‌رنجڕاكێش نه‌بێ،به‌ڵام له داهاتودا ببێته مه‌به‌ستێكی زۆر به‌نرخ):
ته‌واوی ئه‌وانه‌ی لێره‌دا باسیانكراوه ، جێگه‌ی رێزی تایبه‌تن ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ داوای لێبووردن دا ، عه‌رزتان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه تێمی مێژویی خۆی بپارێزێ، له به‌كارهێنانی وشه‌گه‌لی وه‌ك : به‌هه‌شتی ، ئاغا ، كاك، رێزدار و شتی وا ، چاوپۆشیم كردوه .
ئه‌وانه‌ی من ده‌ناسن، ده‌زانن كه خه‌ڵكی ناوچه‌ی بۆكانم كه ساڵی 1320(1941) له‌و مه‌ڵبه‌نده له دایك بووم .جا،به پێی ئه‌و شتانه‌ی كه دیومن و بیستوومن، لێره‌دا بۆتان ده‌گێڕمه‌وه م، كه‌من شاری بۆكانم چۆن دی. با ئه‌مه‌ش بڵێم ، كاتێك شتێك سه‌باره‌ت به پێش‌و دهننوسین ،ده‌بێته بڕێك له مێژو و ده‌بێ هه‌رچی راست نه‌بێ ، نه‌ینووسین ، منیش هه‌میشه ئه‌م مه‌رجه له‌به‌رچاو ده‌گرم،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه لێره‌دا،ئه‌گه‌ر له شتێك‌دا شكم ببێ ،وشه‌ی نزیكی یا ره‌نگه ، به‌كار ده‌به‌م.
ڕه‌نگه ساڵی( 1323)ی كۆچی هه‌تاوی بو؟،كه چوومه بۆكان . له دێی ئێمه (سارووقامیشی جه‌غه‌تو) ددانساز نه‌بو، بۆ كاری ددانسازی دایكم چوین . ئه‌و كاته له‌وێ هۆتێل و شت نه‌بو، هه‌ر به‌م پێیه چوینه ماڵی حه‌سه‌نی نه‌ورۆز .دایكم ده‌یویست بجێته لای ددانساز ، به‌ڵام چون سیپاڵی كوردی له‌به‌ردابوو لیباسی ئاڵامۆدی! نه‌بو ، به‌رۆژدا قه‌ده‌غه‌بو بێته ده‌ره‌وه و مه‌جبوور بوین ، به شه‌ودا بچینه لای ددانساز . ئه‌مه هه‌وه‌ڵ بیره‌وه‌ریه‌ك بو ، كهسهبارهت به بۆكان له زه‌ینمدا ماوه .
له ساڵی 1331 ی كۆچی هه‌تاویه‌وه ،ئیدی 11 ساڵانه بووم وهاتوچۆی بۆكانم,. زۆر ده‌كرد . ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ، سه‌باره‌ت به بۆكانی نێوان ساڵه‌كانی1331 تا 1340 ه .
1-چوارچێوه‌ی شار:
-نوخته‌ی باكوور : فه‌له‌كه‌ی گاڕاژی حه‌مه‌ده‌مین ئاغا،كه ئیستاش هه‌ر فهلهكهیه و لای بازاڕی دۆڵارفرۆشهكانه .
- نوخته‌ی باشوور:نزیك شاره‌وانی ئێستا .
- نوخته‌ی رۆژهه‌ڵات: كاروانسه‌رای ره‌شیده سوور( شه‌قامی سه‌قز) ، واته قه‌برستانی سه‌ردار.
-نوخته‌ی رۆژاوا : ماڵه قهدیمیهكانی میرزا حه‌سه‌نی كه‌ریمی(برای حاجی بابه‌خان).
-درێژایی و پانایی شار: -له باكووره‌وه بۆ با شوور: نزیكه‌ی پێنجسه‌د میتر .
- له رۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ رۆژاوا : نزیكه‌ی سێسه‌د میتر .
- رووكار : نزیكه‌ی پازده هه‌زار میتری چوار گۆشه .
2- پزیشك :
دوكتورێكی ئه‌لمانی لێبو ، به ناوی( فڕویهلیش )؟ . ئه‌م پزیشكه ژنه‌كه‌ی و دو منداڵی پێ بو.ژنه‌كه‌ش كاری له‌گه‌ڵ ده‌كرد و جیگه‌ی كاریان خانویه‌ك بو به ناوی ده‌رمانگا ، كه نزیكه‌ی دوسه‌د میتر له باشووری حه‌وزه گه‌وره ، له قه‌راغ شار بو . ده‌رمانگه خانویه‌كی یه‌ك نهۆمی زۆر چكۆله بو .ته‌نیا كارمه‌ندێكیش كه بوویان ، ناوی میرزا ئه‌حمه‌دی ئوه‌یسی بو ، كه پێیان ده‌وت ئه‌حمه‌دی ده‌رمانگا ، ئه‌م میرزا ئه‌حمه‌ده ، خه‌ڵكی دێی قازڵیان بو. منیش ئه‌و كاته (نێوه‌ڕاستی سیه كان)، له‌و دوسێ كه‌سه بوم،كه زمانی ئینگلیزیم نه‌ختیك ده‌زانی ،جارجار وه‌ك وهرگێڕبه چه‌شنی ئیفتیخاری كارم له‌گه‌ڵ ده‌كردن . له‌پاش ئه‌م دوكتوره ، پزیشكێكی دیكه هات، كه ئوتریشی بو . ئه‌م دوكتوره ئوتریشیه،ساڵی 1338 له بۆكان كاری ده‌كرد .
3- شه‌قام و كۆڵانه‌كان:
له پێشدا ، شتێك به ناوی شه‌قام له بۆكان نه‌بو ، به‌ڵكه دووكان و بازاڕێك بو ، له نزیكه‌ی گوزه‌ری جلدوورهكانی ئێستا(باكووری حه‌وزه‌گه‌وره) ، پێیان ده‌وت بازاڕ،كه له كۆڵانێكی ته‌سكی لاردا بو . زوربه‌ی دووكانه كان له‌وێدا بوون . له ساڵه‌كانی 1330هه‌تاویدا،شهقامێكێان لێدا، به ناوی خیابان پهلوی ، له باكوره‌وه بۆ باشووری بۆكان . ورده ورده ، دووكانداره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، له سه‌ر ئه‌م شه‌قامه دووكانیان دانا. ئه‌م شه‌قامه ، هه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئێستایه ، كه له عهلیبادهوه تا كولته‌په درێژه‌ی هه‌یه . تا ئه‌و شه‌قامه دروست نه‌كرا ، هیچ جێگه‌یه‌كی بۆكان قیرتاو نه‌بو . كۆڵانه‌كان پاكی خۆڵ بو و ئه‌گه‌ر نه‌ختێك باران ده‌باری، ده‌بوه باتڵاغ.
4--ئاو:
خه‌ڵكی بۆكان ، تا ئاخروئۆخری ساڵه‌كانی 30 هه‌تاوی ، بۆ ئاوی خواردنهوهزۆرتر هه‌ر له حه‌وزه گه‌وره كه‌ڵكیان وه‌رده‌گرت. پترئافرهتان به گۆزه‌ی سه‌رشان ،له‌و حه‌وزه ئاویان بۆ خواردن ده‌هێنا . بۆ ئاوی دیكه‌ش زۆرتر، كه‌ڵكیان له كانی ، ئه‌ستێر و جارجار له چۆمی ته‌ته‌هو وه‌رده‌گرت ، كه له‌نزیكه‌ی چوارسه‌د میتری رۆژاوای شار بو .
5- ردێن سپیه‌كان:
له ئه‌و ساڵانه‌دا، ردێن(ریش) سپی زۆر له كۆمه‌ڵدا نه‌خش و رێزی بو ، هێندێك له ریش سپیه‌كانی بۆكان ئه‌مانه بوون :
حاجی بابه‌خانی كه‌ریمی ، عه‌بدوڵلای باراماغا، عه‌بدولكه‌ریمی خات شه‌كه‌وت، حاجی برایمی حه‌بیبزاده ، حاجی حه‌مه‌ره‌شیدی محه‌ممه‌دیان و چه‌ند كه‌سی دیكه .
تێبینی: ئه‌م رێزدارانه هه‌ر به‌م ناوانه بانگ ده‌كران ،منیش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه ، هه‌ر وام نووسی .
6-خانوه‌كان :
خانوه‌كانی بۆكان ( بێجگه له چه‌ند دانه‌یان)،زوربه‌ی له به‌ردی نه‌تاشراو ، خۆڵ و قوڕ دروست كرابوون و دارهڕاكهشی له دار بو ، واته هیچ ئاسنه‌واڵه‌ی تێدا بهكارنهبرابو. به‌ڵام دوایی كه‌م كه‌م،به‌كارهێنانی ئاسنه‌واڵه په‌ره‌ی سه‌ند . زۆر له خانوه‌كان یه‌ك نهۆم بوون ، خانووی دو نهۆمیش كه‌م بو و خانوی سێ نهۆم وئاپاڕتمان هه‌ر نه‌بو.تا ئه‌م دواییانه‌ش ، یه‌كێك له خانوه باشه‌كان ، خانوه‌كه‌ی حه‌مه‌ده‌مین ئاغی یهلخانی زاده بو، كه نیوه‌ی بۆكان هی ئه‌وان بو . ئه‌م خانوه،كه له خشتی سوور (ئاجور) دروست كرابو و دو نهۆم بو ، له قه‌راغی باكووری شار هه‌ڵكه‌وتبو. گومبه‌زی سه‌رداریش،كه له رۆژهه‌ڵاتی شار بو، قه‌بری سه‌رداره‌كانی لێ بو و ئاجوری تێدا بهكاربرابو. بۆ وێنه حاجی حه‌سه‌ن سامبهگی ، نزیكه‌ی ساڵی 1338 ، خانووبه‌ره‌یه‌كی نزیكه‌ی 600 میتری به 18 دووكان و ده‌یان وهتاغهوه ، فرۆشت به حه‌فده هه‌زار تمه‌ن ، كه له نوخنه‌ی باكووری بۆكان بو، تازه خه‌ڵك ده‌یانوت : گران فرۆشراوه. قه‌ڵای بۆكانیش،كه له زه‌مانی سهردارهكاندا دروست كربو، قوتابخانه بو . جێگه‌یه‌كی دیكه‌ش بو ، له باكووری رۆژهه‌ڵاتی بۆكان - له قه‌راغ شار ،كه پێیان ده‌وت قوله‌كه. كه یانه‌ی ژاندارمیری له‌سه‌ر ئه‌و ته‌پۆڵكه‌یه بو و له راستیدا پۆلیسی دێ (گوند) بو .
7-رێستۆران:
نزیكه‌ی ساڵی 1333 ، تاقه رێستۆرانی بۆكان ( نه‌ك قاوه‌خانه) ، رێستۆرانی مینه‌خانی قهرهمووسالیان(سیمنه) بو ، كه لای قه‌پانه‌كان ( ناوه‌ندی ئه‌و كاته‌ی بۆكان )، هه‌ڵكه‌وتبو.مینه خان له پێشدا ، له قهرهمووسالیان قاوه‌خانه‌ی بو به‌ڵام دوایی هاته بۆكان . چێشتی به‌ناوبانگی ئه‌و رێستۆرانه ، كفته و شۆرباو بو .له‌و رێستۆرانهدا ، چه‌ند دانه كهویشی له نێو قه‌فه‌سدا راگڕتبو ،كه زۆرجار ده‌یانخوێند، به‌ڵام نه‌مده‌زانی له‌و كه‌وانه بوون ، كه هۆزی خۆیان ده‌خه‌نه داوی بێگانه یا له‌و كه‌وانه بوون ، كه بانگی ئازادی ده‌خوێنن؟. به‌ڵام كه‌وه‌كان باش بوون یا جاش نازانم،ئه‌مما خودی مینه خان پیاوێكی له‌به‌ردڵ بو–به تایبه‌ت خزمی به‌هه‌شتی یۆنس خانی قهڕهمووسالیان كه فه‌رمانده‌ی به‌شێك له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆماڕی كوردستان بو - یادی به‌خێر.
8- هاتوچۆ و رێگه‌وبان:
له هه‌وه‌ڵی سیه‌كاندا ، ره‌نگه ته‌نیا یه‌ك ماشێنی زه‌ردی كرێكیشی ( وه‌ك تاكسی لێبو)،كه چه‌شنی كهمانكاربو و هی حه‌مه‌ساڵه‌ی حاجی عیسمه‌ت خانم بو . حه‌مه‌ساڵه لێخوڕی ماشێنه‌كه و حاجی عیسمه‌ت خانم ، خاوه‌نی ماشینهكهبو. ورده ورده، ماشێنی دیكه‌ش په‌یدا بو ، كه یه‌كێك له‌وانه ئۆتۆبووس بو . نزیكی ساڵی 1333 ، كه له بۆكانه‌وه به ئۆتۆبووس چوین بۆ میاندواو ، 8 سه‌عات له رێگه‌دا بووین - مه‌جبوور بوین ، شه‌و له قاوه‌خانه‌ی قهرهمووسالیان بخه‌وین .ڕێگه‌كه‌ش قیرتاو نه‌بو و زۆر ناخۆش بو . له سیه‌كاندا،بۆ زۆرتری خه‌ڵك كه‌ره‌سه‌ی مۆدێرنی سه‌ره‌كی باربردن ، عهڕڕابه بو . عهڕڕابه دو چه‌رخی بو ، كه‌ڵ یا گا ده‌یكێشا و بانه‌كه‌ی سێ گۆشه بو . دیار چاره‌وێ ، گوێدرێژ ،هێستر و وشتریش كه‌ڵكیان لێ وهردهگیررا . به به‌هاریشدا ، كه چۆمی ته‌ته‌هو زۆر بو ، چون پردی نه‌بو ،بۆ هاتوچۆی ئه‌وبه‌ری چۆم،له لۆتكه (گه‌می )كه‌ڵكیان وه‌رده‌گرت،كه به كلكه ده‌رۆیی. كاروانیش هێشتا هه‌ر مابو. بۆ وێنه ره‌شیده سوور كاروانسه‌رای بو و كاروانی ده‌برد بۆ ناوچه‌ی سه‌رده‌شت و دارستان .كه‌ره‌سه‌ی باربردنی كاروانه‌كه هێستر، گوێدریژ و یابو( چارهوێی باری) بوون .ئه‌م چه‌شنه كاروانانه زۆرتر شتومه‌كی دووكانه‌كانی شاریان ده‌برد ، له ناوچه لێڕه‌واره‌كان ده‌یانفرۆشت و له‌وێوه ، رێژی ، مازو و ترێ و شتی دیكه‌یان ده‌هێنا بۆ بۆكان .كاروانسه‌راكان ، له جێی هۆتێلیش كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گیرا.
9- سه‌یرانگه كان :
سه‌یرانگه‌كان بریه‌تی بوون له باغی میراوا،سهردهرابادو چه‌ند جێگه‌ی دیكه . باغی میراوا بڵاڵووك(ئاڵوباڵو)ی زۆر چاكی بو و به
تایبه‌ت له مانگی بانه‌مه‌ڕه‌وه هه‌تا خه‌رمانان ، سه‌یرانگه‌ی خه‌ڵكی بۆكان و ده‌وروبه‌ر بو .
10- خاوهنمڵكهكان :
بۆكان هی دو به‌ره‌باب له هۆزی دێمۆكری ، واته به‌ره‌ی حاجی بایزاغا (موهته‌دی ) و به‌ره‌ی مه‌حمووداغا( یهلخانیزاده ) بو ، كه له ئاخرین سه‌ردار ، واته عه‌لی خان سه‌رداریان كڕیبو. عه‌لی خان سه‌ردار له هۆزی بوداق سوڵتان بو و له‌گه‌ڵ به‌گزاده ( فیزوڵلا به‌گی) ه كان و خانزادهكانی بۆكان خزم بو . خاوهنمڵكهكانی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریش ، به چه‌شنی سه‌ره‌كی ئه‌مانه‌بوون: دێمۆكری ، به‌گزاده ( فه‌یزوڵلابه‌گی) ،گه‌ورك ، خانزاده و چه‌ند بنه‌ماڵه‌ی دیكه‌ش .
11- یانه كان :
بۆكان ناوه‌ندی به‌خشداری بو - بهخشدارهكان یا ترك بوون یا فارس - وه‌ك ئێستا پیاو قاتی بو؟؟؟. شاره‌وانی ، ژاندارمیری، دارایی (ماڵیات سه‌ن) ، سه‌ربازگیری و ره‌نگه چه‌ند یانه‌ی دیكه‌شی لێبو .له ئاخری سیه‌كاندا، یانه‌ی شێر و رۆژ(شیروخورشید) یش ، به‌رپرسی كاری ساغیه‌تی بو .
12- كه‌ش و هه‌وای رامیاری و فه‌رهه‌نگی:
خه‌ڵك خویان به كورد ده‌زانی و بڕیكیشیان كوردایه‌تیان ده‌كرد ، به‌ڵام كاره‌ساتی كۆماری كوردستان وه‌ك ئاوری ژێر خوڵ بو ، كه خه‌باتی ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی و هۆنراوه كانی ماموه‌ستای گه‌وره‌م (قانعی به‌ڕێز)، به‌ین یه‌ین ئه‌م ئاوره پیرۆزه‌ی به گڕدهگهشاندهوه . به‌ڵام كه‌سێك كهنووسینی كوردی ئه‌ده‌بی باش بزانێ زۆر زور كه‌م بو،بۆ خوێندنه‌وه شاره‌زاتر بوون .نامه نووسین به كوردی له بارووت قاچاغتر بو و ئه‌گه‌ر كتێبی كوردیت ببوایه ، ره‌نگه چه‌ند ساڵ بگیرایهی ! . سیتمی كۆمهڵیهتیش ئه‌رباب و ره‌عیه‌تی بو ، كه به بیر و رای من ، یه‌كێك له هۆ سه‌ره‌كیه‌كانی به‌دواكه‌وتنی گه‌لی كورد بوه .
13- سیپاڵ:
زۆرتری سیپاڵی خه‌ڵك كوردی بوون ، به تایبه‌ت ژنان و پیاوانی لادێ پێیان شووره‌یی بو سیپاڵی فه‌ڕه‌نگی له‌به‌ركه‌ن . به‌ڵام كوڕ و پیاوه با سهوادهكانی بۆكان،كۆت و شه‌ڵواریان ده‌كرده به‌ر ، كڕاواتیان ده‌به‌ست و مێزه‌ری كوردیان
ده‌به‌سته‌وه . ئافره‌تانی نێو شاریش ، سیپاڵیان كوردی بو ، به‌ڵام زۆریان چارشێویشیان ده‌دا به سه‌ردا. په‌سته‌ك سهركڵاو، كه‌وای مرادخانی ، سۆرانی ،پووزه‌وان، ته‌قیله ، تازكڵاو ، شه‌ده ، هه‌وری و شتی واش داب بو.ژنان وه‌ك هه‌میشه خشڵی زێڕیان پێ جوان بو . ئه‌م خشڵانهشیان به‌كارده‌برد:زه‌نگیانه ، پووڵه‌كه ، حاجیله ، پرپره،گێلگیله، كووژه‌كه، بازیبه‌ند، تازكڵاو ، قاش، ملوانكه ، گۆ ، بازنه ، پاوانه، گواره ، كرمهك،ئه‌نگوستیله و شتیددیكه.
14-حه‌وزه گه‌وره :
حه‌وزه گه‌وره زۆرتر وه‌ك سه‌مبۆلی شاری بۆكان وابو . بێجگه له‌وه‌ی كه بۆ ئاوی خواردن كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گرت ، ده‌ست و ده‌موچاویشیان لێ ده‌شۆرد ، كه دوكتورهئهلمانیهكه قه‌ده‌غه‌ی كرد وتی ئیدی كه‌س حه‌قی نیه ده‌ست و ده‌موچاو ی لێ بشوا . سه‌ری حه‌وزه‌كه به‌تاڵ بو ، واته بن میچی نه‌بو . ده‌لێن له زه‌مانی سهرداركاندا ، تهآواوی شایی و داواتی بۆكان و گونده نزیكه‌كان ، له سه‌ر حه‌وزه گه‌وره به‌رێوه ده‌چو وله پێش هه‌مو جێگه‌یه‌كدا، بووكیان ده‌هێنا سه‌ر حه‌وزه گه‌وره -بۆ نێو شایی - جا ره‌نگه وشه‌ی بۆكان ، هه‌ر بووكان ( بووكه‌كان ) بێ. بڕێك له ئه‌و دێیانهش كه زۆر له بۆكان نزیك ئه‌مانه‌ن : چاوان(عه‌لیاباد) ، كولته‌په ، حه‌مامیان ، گۆل ، كۆسه ، میراوا ، حه‌سار ، شێخله‌ر و كه‌رێزه ، كه نزیكترینیان ، میراوا بو.
15- ئایین :
نزیكه‌ی 99 له‌سه‌دی خه‌ڵك، سوننی شافیعی بوون .ئه‌و كاته بیر و باوه‌ڕی ئایینی زۆر به‌هێز بو.زۆرتری خه‌ڵك مرید و مه‌نسووبی ئه‌م شێخانه بوون: شێخی بوڕهان،شێخی شه‌مزین،شێخی ته‌وێله(بیاره=دوڕو)،سه‌یدی زه‌مبیل ، شێخی جهننهتد ده‌ره و هی دیكه. شێخی شه‌مزین و بوڕهان ، بێچگه له باری ئایینی ،باری رامیاریشیان بو، به تایبه‌ت شێخی شه‌مزین ، كه‌له بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆكی مه‌زنی كورد ،شێخ عوبه‌یدیلای شه‌مزین بوون .
16- حه‌شیمه‌ت :
ره نگهشارۆچكهی بۆكان ئه‌و كاته دو هه‌زار ماڵ ( ده هه‌زار كه‌س )ده‌بو ، كهزوربهیان یا تیجاڕهتیان ده‌كرد یا كارمه‌ند بوون . چه‌ند دانه‌شیان كشتوكاڵیان ده‌كرد،وه‌ك مالی میرزا . خه‌ڵكه‌كه گشتیان كوردی سۆرانی بون ، به‌ڵام دانه‌دانه تركیشی لێ بو، كه له ته‌ورێز ، میاندواو ، مه‌راغه و ئه‌وانه‌وه هاتبوون و له‌وێ مابوونه‌وه و جێی رێزی خه‌ڵك بوون . یه‌ك دانه مه‌سیحیشی لێ بوبه ناوی كه‌ریمی ؟، كه ئاسۆری بو و له ئاخری سیه‌كاندا ،كاری ددانسازی ده‌كرد .مێسڕۆپ ی ئه‌رمه‌نیش ماڵی له بۆكان نه‌بو، به‌ڵام زیاتر له شاره دارتاشی ده‌كرد – به‌راستی دارتاشێكی شیاو بو . جووهلهكهش زۆرله بۆكان ببون ، به‌ڵام گشتیان چوبوونه‌وه بۆ ئیسڕائیل .
17-ئابووری:
دووكانداره‌كان ، له پێشدا زۆریان جووله‌كه(یه‌هوودی) بوون . به‌ڵام هه‌ر وه‌ك وتم، كاتێك ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل دروست بو ، یه‌كدانه جووله‌كه له بۆكان نه‌ما و گشتیان هه‌رچیه‌كیان بو هه‌ڕاجیان كرد‌و چوونه‌وه بۆ ئیسڕائیل. زوربه‌ی دووكانداره‌كان له ته‌وڕێز،تاران ، وكوردستانی ئه‌ودیو و جیگهگهلی دیكه خڕیدیان دهكردوله بۆكان ده‌یانفرۆشته‌وه.كووتاڵ و شتی بۆكانیشیان ده‌برد ، ده‌یانفرۆشت. به گشتی داهاتی سادراتی ناوچه زیاتر بریه‌تی بون له : گه‌نم،جۆ،توتن،ئاژه‌ڵ و به‌رهه‌مه كشتوكاڵیه‌كان ، كه زۆرتریان له شاری ته‌ورێز ده‌فرۆشران .
18-كاره‌با:
له هه‌وه‌ڵی سیه‌كاندا، كاره‌با نه‌بو و خه‌ڵك له چرای نه‌وتی كه‌ڵكیان وه‌رده‌گرت ، به‌ڵام چرای شیله گه‌رچه‌ك نه‌مابو . شه‌وانه بۆ ئه‌وه‌ی كه دزی نه‌كرێ ، چرای له‌نته‌ری نه‌وتیان له بازاڕ به دارودیوارهوه هه‌ڵده‌واسی و به‌یانی ، كه هه‌وا روون ده‌بوه‌وه ، دایانده‌گرت . به‌ڵام له ئاخری سیه‌كاندا،مۆتۆڕێكی كاره‌با هاته بۆكان و
له قه راغی رۆژاوای شار داین نا، كه زوربه‌ی كات ناساز بو .به‌ڵام، هه‌ر له سیه‌كاندا ، چرای تۆڕ هاته بۆكان ، كه به نه‌وت ده‌سووتا و پڵیتهكهی تۆڕ بو .
تێبینی :
1-به‌ر له هاتنی كاره‌با بۆ بۆكان ، ئه‌م دو ئاواییه‌ی بۆكان به چه‌شنێك كاره‌بایان بو :
- دێی تركاشه ، كه حاجی فه‌ره‌یدوون ئه‌میری (خاوه‌ن مڵك )له‌وێ مۆتۆڕی به‌رقی شه‌خسی دانابوو سینه‌مایه‌كی بنه‌ماڵه‌یی بو.
- دێی سارووقامیشی جه‌غه‌تو ، كه له‌وێ برایم سه‌لاح ، كه‌ره‌سه‌یه‌كی به‌رقی (باتری) دروست كربو و بۆ كاره‌با،به چه‌شنێكی مه‌حدوود كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گرت.
2- له‌ساڵه‌كانی بیستدا، له زۆر دێی بۆكان ، بۆ رۆشنایی كه‌ڵكیان له چرای شیله گه‌رچه‌ك وه‌رده‌گرت ، كه به‌رۆنی گه‌رچه‌ك ده‌سووتا.من خۆم زۆرشهو له‌به‌ر چرای شیله گه‌رچه‌ك دانیشتووم و ده‌رسم خوێندوه .
19- زانایان و هونه‌رمه‌ندانی بۆكان :
له سیه‌كاندا ، به تایبه‌ت ئه‌م كه‌سایه‌تی و بنه‌ماڵانه به ته‌وه‌ره‌ی زانستی ده ناسران : 1-حاجی بابه شێخی جه‌میان،بۆ زانستی ئایینی، كه له كۆماری كوردستاندا ، سه‌رۆك وه‌زیر ببو . 2- حاجی رهحماناغا موهته‌دی ( دێمۆكری )بۆ زانستی ئایینی ، كه له كۆماری كوردستاندا وه‌زیر بو .
3- برایم سه‌لاح ( به‌گزاده‌ی فه‌یزوڵلابه‌گی) بۆ ئه‌ه‌وه‌ی چه‌شنه كهرهسهیكی كاره‌بای داهێنا(ئیختیڕاع)بو، نزیكههی ده زمانی ده‌زانی و پسپۆڕی زانستی جه‌فر بو – كه له پێشدا فه‌رمانده‌ی ته‌واوی هێزی كۆماری كوردستان ببو .
4- بنه‌ماڵه‌ی قزڵجی .
5- كه‌سێك بو به‌ناوی ماموه‌ستا شێخ حه‌سنی كازمی، كه به‌رپرسی فه‌رهه‌نگی بۆكان بو و خه‌ڵك رێزێكی زۆریان لێده‌گرت .
6- بنه‌ماڵه‌ی ئه‌فخه‌م ،بۆ رۆشنبیری .
7- كورێكی لاو به ناوی شێخی ، چون له ئه‌و كاته دا دیپلۆمی قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی بو – كه‌مكه‌س دیپلۆمی بو . ره‌نگه هه‌ر ئه‌م كوڕه بو له پاشان بو به پزیشك ؟.
له به‌ستێنی هونه‌ریدا ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ناوبانگی پانكوردستانیسمی بو . ماوه‌ستا هه‌ژاریش كه منداڵی دێی ته‌ره‌غه بو ، وه‌ك هۆنه‌رێكی نه‌ته‌ویی ده‌ناسرا . هۆنراوه‌كانی خاڵه مین و مه‌لا مارفی كۆكهییش له سه‌ر زمانی خه‌ڵك بوون .
دیاره زانا و هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ش كه‌م نه‌بوون ، به‌ڵام چون ناوی ته‌واوی ئه‌و خۆشه‌ویستانه ، له چوارچێوه‌ی ئه‌م باسه‌دا ناگونجێ ،له‌گه‌ڵ داوای لێبووردن له هه‌مویان ، هه‌ر به‌نووسینی ناوی ئه‌م چه‌ند كه‌سه باسه‌كه رازی ده‌كه‌ین.
تاران 25/7/1381 - ح.س. سۆران