"قه‌ڵایچی" بۆکان، هه‌مان "هه‌گمه‌تانه"ی کۆنه!
پسپۆرێکی ئێرانی بواری که‌وناراناسی به ناوی ئیحسانی یه‌غمایی رایگه‌یاندوه که "هه‌گمه‌تانه"ی کۆنی سه‌رده‌می ماد و پێش ئه‌وان قه‌ڵایچی بۆکانه نه‌ک هه‌مه‌دان. (1)
دیاره هێشتا زووه بڕیاری کۆتایی له سه‌ر بۆچوونێکی وا گرنگ بدرێت و تیئۆرییه‌کی ئه‌وتۆ به هاسانی له‌سه‌ر کورسی قه‌بووڵی شاره‌زایان دانانیشێت. به‌ڵام له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا چه‌ند خاڵێک هه‌یه ده‌مه‌وێت ده‌ست نیشانی بکه‌م :
1. ئه‌وه یه‌که‌م جار نییه که باس له په‌یوه‌ندی ناوچه‌ی بۆکان له‌گه‌ڵ هه‌گمه‌تانه ده‌کرێت. سیر هێنری راولینسن ئه‌فسه‌ری بریتانیایی که له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا بهبهرکاری سوپاییه‌وه توێژینه‌وه‌ی و مێژوویی و شوێنه‌وارناسی له کوردستان و ئێران و عیراق کردوه، له وتاریکدا به ناوی "یادداشت له‌مه‌ڕ شوێنی ئهکبهتانهی ئاتروپاتهن" (2) باس له "ههگمهتانهی دووهه‌م" ده‌کات و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات که شوێنایه‌تی ئه‌و شاره مێژووییه له رۆژهه‌ڵاتی بۆکان بدۆزێته‌وه و هه‌ر بۆیه‌ش له ده‌ور و به‌ری ته‌ختی سوله‌یمان و ئاورگه‌ی ئازه‌رگوشه‌سب چاوی بۆ ده‌گێرێت – که ده‌زانین له قهڵایچییهوه دوور نین. (3)
2. ئه‌و راستییه‌ی که ئاشوورییه‌کان له ماوه‌یه‌کی 36 ساڵه‌دا چوارده جار هێرشیان کرده سه‌ر خاکی "مانناکان" و سارگۆنی دووهه‌م پادشای ئاشوور له ساڵانی 715 و 716 ی پێش زایێن دا پێته‌ختی ماننا و چه‌نده ها شار- ده‌وڵه‌تی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ی وێران کرد و "روسا" شای ئۆرارتور هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا 22 شار و شارۆچکه‌ی ماننای داگیر کرد،(4) ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه که‌م و زۆر سه‌لماوه‌ی ئێستادا به‌رانبه‌ر دابنرێت که قه‌ڵایچی پێته‌ختی مانناکان بوه و ئه‌وه‌ش بزانین که سه‌رئه‌نجام حکوومه‌تی ماننا به‌ده‌ست ماده‌کان له‌ناو چوو، ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌و بۆچوونه‌ش که ماده‌کان وه‌ک هه‌موو داگیرکه‌رانی خاک و وڵاتی بێگانه، کاتێ ده‌ستیان به‌سه‌ر پێته‌ختی مانناکاندا گرت و داگیریان کرد، هه‌ر ئه‌و شوێنه‌شیان کرده پێته‌ختی خۆیان، واته دوور نییه پێته‌ختی مانناکان بووبێته پێته‌ختی ماد وه‌ک قه‌ومی تازه‌هاتووی ناوچه‌که. به‌م پێیه قه‌ڵایچی ده‌کرێ و ده‌توانێ و جێگه‌ی باوه‌ڕه ئه‌گه‌ر پێته‌ختی ماننا و ماد هه‌ردوکیان بووبێت و دوور له مه‌نتیق` نابێ ئه‌گه‌ر له "قه‌ڵایچی" چاو بۆ هه‌گمه‌تانه بگێڕین.
3. ئاشکرایه ئه‌و سوغرا و کوبڕا مه‌نتیقییانه به ته‌نیا ناتوانن هیچ شتێک بسه‌لمێنن ئه‌گه‌ر ده‌سکه‌وتی مێژینه‌ناسی مه‌سه‌له‌که پشت راست نه‌که‌نه‌وه و به‌ڵگه‌ی بۆ پێک نه‌هێنن. لێره‌دا ده‌وری ئه‌و توێژینه‌وه زانستییانه گرنگ ده‌بێته‌وه که هه‌ر ئێستا له ناوچه‌که‌دا به‌ڕێوه ده‌چێت و له‌م پێوه‌ندیه‌دا گه‌لێک گرنگه گه‌له‌که‌مان به گشتی و رووناک‌بیر و پسپۆڕانیش به تایبه‌ت هه‌وڵ بده‌ن کاره‌کان به بوارێکی زانستی دا تێپه‌ڕبن و خه‌ڵکانی ناپاک و قاچاخچییانی شوێنه‌واری مێژوویی ده‌ست له کاره‌که وه‌رنه‌ده‌ن. ئێمه ئه‌زموونی تاڵی زێوهیهی سه‌قزمان هه‌یه و ئه‌و تاڵان و بڕۆیه‌ی وا بۆ ماوه‌ی چه‌ندها ساڵ لێی کرا. به‌داخه‌وه ته‌نیا چه‌ند مانگ پێش ئێستاش بوو که قاچاخچییانی پشت ئه‌ستوور به پاسدار و هێزی چه‌کداری ئێرانی به‌رده‌نووسی گرنگی چیای ته‌ره‌غه‌ی بۆکانیان ته‌نانه‌ت پێش خوێندنه‌وه ته‌واووبوونی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی، له شوێنی خۆی هه‌ڵکه‌ند و دزییان!
4. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ئه‌رکی پسپۆڕانی بواری که‌وناراناسی گه‌لێک گرنگتر و قورستره. هیوایه زانایانی وه‌ک کاک ره‌حمانی وه‌هاب زاده و کاک فایقی ته‌وحیدی و گه‌نجانی تازه پێگه‌یشتوومان مه‌سه‌له‌که به هه‌ند وه‌ربگرن و وه‌ک رۆڵه‌ی لێهاتووی گه‌له‌که‌مان ئاوڕی پسپۆڕانه له کاره‌که بده‌نه‌وه و هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن کاره‌کان به بوارێکی زانستیدا بڕۆن.
5. هه‌روه‌ها ئه‌رکی گه‌وره‌ی سه‌رشانی رووناکبیران و دانیشتوانی شاری بۆکان، به تایبه‌ت خه‌ڵکی قه‌ڵایچی و گونده‌کانی ده‌ور و به‌ری قهڵایچییه به هیچ شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان هاوکاری دز و قاچاخچییان نه‌که‌ن و ئیجازه نه‌ده‌ن ئه‌م ده‌سکه‌وته مه‌زنه‌مان له گرێژه‌نه بچێت.
6. خوشک و برایانی به‌رێز! ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه راگهیینراوه بسه‌لمێت و ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌کان له بواری زانستی لانه‌ده‌ن، له داهاتوویه‌کی زۆر زوودا ناوچه‌که‌مان ده‌بێته شوێنێکی ناسراوی مێژوویی، که گه‌ڕۆک و زانیار له هه‌ر چوار گۆشه‌ی ئه‌م جیهانه‌وه دێنه سه‌ردانی و ناوچه‌که ده‌بێته شوێنێکی گرنگی وه‌ک ته‌ختی جه‌مشید و هه‌مه‌دان. تکایه بۆ پووڵ و پاره و بۆ سوودی شه‌خسی خۆتان ئه‌و ده‌رفه‌ته مێژووییه له ده‌ست ناوچه‌که و به گشتی له ده‌ست گه‌لی کورد مه‌ده‌ن. ده‌ستمان به داوێنتان فریوی قاچاخچی مه‌خۆن و له بیری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌لدا بن.
7. تکا له رووناکبیرانی شار و ناوچه‌که و به گشتی سه‌رانسه‌ری کوردستان ده‌که‌م به هه‌ر شێوه‌یه‌ک که ده‌توانن و به هه‌ر زمانێک بۆیان گونجاوه له مه‌سه‌له‌که بکۆڵنه‌وه و بابه‌تی له سه‌ر بنووسن. هه‌واڵی ده‌سکه‌وت و پێشکه‌وته‌کان له رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن و رۆژنامه‌کاندا رابگه‌یه‌نن و ئیجازه مه‌ده‌ن رووداوێکی گرنگی ئه‌وتۆ په‌رده‌ی فه‌رامۆشی به‌سه‌ردا بدرێت و له ژێر ئه‌و په‌رده‌یه‌دا قاچاخچییانی سه‌ربه ده‌وڵه‌ت و خاوه‌ن نفووزی راده‌ی به‌رزی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئێران ده‌ستی چه‌په‌ڵیان بگاته شوێنه‌که.
ئێمه له سایتی "بۆکان"دا ئاماده‌ین بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و بۆچوونه‌کانتان.
سه‌رکه‌وتوو بن
ئه‌نوه‌ر سوڵتانی / ماڵپه‌ڕی بۆکان – رۆژهه‌ڵات 29.10.2006
په‌راوێزه‌کان
1. رۆژنامه‌ی سه‌رمایه، ژماره 300، 25/7/1385 [14/4/2006]، لاپه‌ڕه 7. ده‌قی وت و وێژه‌که به فارسی هه‌ر ئێستا له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا بڵاو بۆته‌وه. سپاس بۆ رێزدار ئیسماعیل ئیسماعیل زاده که نوسخه‌ی وت و وێژه‌که‌ی بۆ ناردوین.
2. وتاری راولینسن له‌م سه‌رچاوه‌یه‌دا بڵاو بۆته‌وه و جێی خۆیه‌تی که‌سێکی ئینگلیزی زان وه‌ری بگێرێته سه‌ر کوردی:
Jounal ab Royal Asiatie Society, London, No. 10, 1840, pp. 65 – 158
بڕوانه : ڤلادیمیر مینۆرسکی، "له‌شکر کێشانی رۆمی و بیزانسییه‌کان بۆ سه‌ر ئازه‌ربایجان، کتێبی مینۆرسکی و کورد، وه‌رگێڕانی ئه‌نوه‌ر سوڵتانی، ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوکردنه‌وه‌ی موکریانی، هه‌ولێر 2006، لل 87 تا 143
3. بڕوانه: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی، چه‌ند تێبینیه‌ک له‌سه‌ر ناوی شاری بۆکان، گۆڤاری مامۆستای کورد، ژماره 15، ساڵی 1992. وتاره‌که هه‌روه‌ها له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا بڵاو بۆته‌وه.