ڕۆژێک لە ڕۆژان برایم فەڕشی
ئەو کاتەی خاوەن پەیڤەکان، لاپەڕەکان بە سپی بەجێدەهێڵن!؟
هەرکام لە ئێمە تاکەکانی کورد، ئاوێتەی هونەر و فەرهەنگ و نەوا و پەیڤی ئێرە و ئەوێین. شا موراد موشتاق و محێدین حەقشناس دوو لە دەیان کەسی وڵاتی ڕۆژ و ڕەزن، کە مرۆڤ لە گەڵ نەوا و ڕەنگ و پەیڤ و فەرهەنگی ئێرە و ئەوێ گرێ دەدەن. ئەوان ئێمە لە ڕێگای بەرهەمەکانیانەوە کۆڵان بە کۆڵان دەگێڕن و لە هەرکام لە ئێمەدا، هەستێک پێکدەهێنن و بەرەو پرسیارکردنمان دەبن. پرسیاری ئەوەی دوێنێ چۆن بووین، ئەمڕۆ چۆنین و سبەی چۆن دەبین؟ پرسیاری ئەوەی، کاتێک ڕۆژانە لە خێڵی شاعیر و نووسەر و هونەرمەند، بە هۆی دڵ وەستان و کارەساتی هاتوچۆ و هەڵواسین و لەسێدارەدان، کەم دەبێتەوە، چی بە سەر بەرهەمەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ دێ، کە بەردەوام دەکەونە بەر هێرش؟ هیوا ئەوەیە پەیڤ و نەوا و ڕەنگی ئەو میللەتە، هەڵکشێ و خۆی لە گەڵ جیهانی ئەمڕۆدا ببینێتەوە، بەڵام بە کام پلان؟ شارەکەم سنە و کرانشینی و بەرهەمی هاوچەشنی وەک بەرەو موکریان، ڕەنگە دوا بەرهەمی ئەم سەردەمەی ئێمە بن، ئایا بە ڕۆیشتنی حەقشناس کۆتایی بە پەیڤ و ڕەنگ و نەوای هاوچەشن دێ، یان پەیڤ و نەوا و ڕەنگی ڕەنگینتر سەر هەڵدەدا؟ کورد کرانشینی ئەم پایتەخت و ئەو پایتەخت نییە، شارەکانی ئێمە عەردی ئەم و ئەو نیین، پەیکەری خۆشەویستی ئاور لە جەستەی بەرنادرێ، کێلی شاعیرانمان ناشکێندرێ، پەیڤی دایکانە ناکوژرێ و بریندار ناکرێ، گەر هەست و پەیڤی شامی و حەقشناس، پەیڤی ناو کتێبەکانی فێرگە و نەوای موسیقا و هونەری ڕۆژانەمان بن!
https://www.youtube.com/watch?v=Wrr1-iIbomA&feature=player_embedded
https://www.youtube.com/watch?v=9pkIY_v1J0U
********************************************
"اقلیم کردستان" لە لوتکەی "ناونەتەوەیی"دا!؟
لە باشووری پڕ لە "مامۆستا" حەزێکی یەکجار گەورە هەیە، حەزی خۆ گەورەدیتن، حەزی بە جیهانی بوون!" من لە سەر ئاستی هەموو عێراق یەکەم بووم! ئێمە لە سەر ئاستی هەموو عێراق یەکەم بووین!" ٢٣ ساڵە دەگوترێ:" ئێمە لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم وڵاتی دێموکرات و ئازادین"، ئەوە چەند ساڵێکیشە بۆ گەیشتن بە ئاستی"ناودەوڵەتی" کێ بەرکێیە! ئەم ئاست بازییە لایەنی ناوخۆییشی هەیە، هەر شارێکی ئەم وڵاتە پاشگرێکی پێوە لکێندراوە و بۆتە شەڕە شار و ئاستبازی! وڵاتێک،خەڵکێک، دەوڵەتێک کە لە ماوەی بیست وچەند ساڵدا، نەیتوانیوە ژێرخانی ئابووری، سەنعەتی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، پەروەردە،سیاسی و شارستانیانە دابڕێژێ، خۆی لە ناو فستیواڵ و پڕۆپاگەندەدا دەخنکێنێ بۆ ئەوەی خۆی میداڵی ناودەوڵەتی وناونەتەوەیی و جیهانی لە بەرۆکی خۆی بدات.
یەک لەو میداڵانە بەشداریکردن لە پیشانگای کتێبی شاری فرانکفۆرت لە ئاڵمانە. یەکەمجار بە یارمەتی ناوەندی لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامە و چەند لایەنێکی دیکەی کورد لە ئاڵمان، ئەو هەلە بۆ وەزیری ڕۆشنبیری حکوومەتی سولەیمانی ڕەخسا کە بە ناوی وەزارەتەکەی لەو پیشانگایە بەشدار بێ. من لە ماوەی ژیانم لە ئاڵمان زۆربەی ساڵەکان سەردانی پیشانگای کتێبی فرانکفۆرتم کردووە و ئاگاداری یەکەم هەوڵەکانی کورد لەو پیشانگایە بووم. لێرە سێ ساڵی ڕابووردو وەک وێنە دەهێنمەوە. ساڵی ٢٠١١ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کتێب بە زمانی کوردی و عەڕەبی بووم، کە هیچیان بە کەڵکی من نەهات، ویستم لە کەسێک پرسیار بکەم، هیچ کەس لە غورفەکەدا نەبوو، کە سەیری دەوروبەرم کرد، کۆمەڵێک کورد بە پێچەوانەی عورفی هەموو غورفەکانی سەرجەم پیشانگاکە، لە دەوری مێزێک دانیشتبوون و خەریکی کەوڵکردنی مامر بوون! ئەوانە بەرپرسی غورفەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سەر بە حکوومەتی "اقلیمی کوردستان" بوون. ساڵی ٢٠١٢ کە جەنابی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانیش لەوێ بوو، لە سەر ئەرکی چەند هونەرمەندێك پێشانگایەکی نەقاشی تایبەت بە کتێب رێکخرا بوو کە ببووە هۆی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەسی نەکورد. ئەم وزارەتە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک شوێنێکیان بە چەند سەد ئۆیڕۆ بەکرێ گرتبوو بۆ ئەوەی جەنابی وەزیر باسی پێشکەوتنەکانی باری ڕۆشنبیری وڵات و حکوومەت بکات. لەم کۆبوونەوەیەدا دوو کەسی نەکورد دانیشتبوون کە دوای چەند خولەک دەرچوون. ئەو کوردانەش کە گوێبیستی جەنابی وەزیر بە زمانی ئینگلیسی و وەرگەڕاندنی ئاڵمانی بوون، جگە لە چەند کەس، گشتیان کارمەند و دەست وپێوەندەکانی خۆیان بوون. باشترین بیرەوەری ساڵی ٢٠١٢ بۆ من ئەو کاتە بوو کە جەنابی وەزیر بە من و کەسێکی دیکەی گوت، ئێستا کاتی نانخواردنەوە و باش نییە برادەران چاوەڕوان بهێڵمەوە، بەم وتەیە جەنابی و خێڵەکەی بە پێچەوانەی ساڵی پار، خۆیان گەیاندە یەک لە ڕستورانەکانی ناو پیشانگاکە! ئەو ساڵەش من هیچ کتێبێکی بە کەڵکم لەو پیشانگایە دەست نەکەوت. ساڵی ٢٠١٣ بە پێی تاقیکردنەوەکانی ساڵانی پێشوو، هیچ مەیلم بۆ دیتنی پیشانگای وەزارەت نەبوو، بەڵام بۆ چاوپێکەوتنی چەند کوردێکی ڕۆژهەڵات کە بڕیار بوو لەوێ چاوم پێیان بکەوێت، ملم بەرەو شوێنەکە لار کردەوە. بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو ،ئەم ساڵ غورفەکە لە بەر خەڵک جمەی دەهات، تەنانەت من نەمتوانی بچمە ناو غورفەکەوە. لە ناو چەقی غورفەکەدا چەند مێز و ریزێک کورسی داندرابوون و کۆمەڵێک خەڵک دانیشتبوون و کۆمەڵێکیش بە پێوە دەوری ئەوانیان دابوو. ئەوانەی دانیشتبوون و ئەوانەش کە بە پێوە بوون، بەرز بەرز لە گەڵ یەکتر قسەیان دەکرد و ئاگایان لە ڕێبوارن نەبوو، کە بە بێ سەیرکردنی غۆرفەی کوردستان تێدەپەڕین. ئەو کەسانەی کە غۆرفەکەیان داگیر کردبوو، سەرجەم خێڵی حزبی و ئیداری و دەست وپێوەندەکانی حکوومەت بوون. ئەو ساڵەش کتێبی بەکەڵکم دەست نەکەوت. من نازانم لە کوردستانی پڕ لە مامۆستا، پڕ لە بلیمەتی ناونەتەوەیی، پرسیارکردن و لێپرسینەوە هەیە،یان نییە؟! ئەگەر هەیە لە خۆیان بپرسن"سوودی دە ساڵ بەشداریکردن لە پیشانگای /ناونەتەوەیی کتێب لە فرانکۆرت/ بەو شێوەیە بە بێ پلان و دوور لە پڕێنسیپ، چی بووە؟؟ ئەگەر دەیانەوێ خزمەت بە خۆیان و خەڵک و ڕۆشنبیری و فەرهەنگ بکەن، با خۆیان ماندوو بکەن و سەیرێکی غورفەکانی دیکەی پیشانگاکە بکەن، یان وڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە "بۆ بەشداری دەکەن و دەیانەوێ چی لە کوردستانەوە بە خەڵکی دنیا بێژن یان بدەن؟"
********************************************
ئەفسانەکان بریندار مەکەن، دەنا ڕزگار دەبن!
دوو هەزار وسێزدە ساڵ بەر لە ئێستا، سێسەد ملیۆن ئینسان لە سەر گۆی زەوی دەژیان، ژمارەی کوردەکان ئەو دەم ٢١٤٢٨٥٧ کەس بوو. چی بووین و چۆن بووین و چیمان دەکرد، پرسیاری بێ وڵامە! لەو دەمەوە و لە پێشترەوە لە ئەفسانەوە و بەرەوە خەیاڵ دەفڕین و لە ڕابوردوودا چەقیوین و چاوەڕوانی داهاتووین، بەشکم کارەساتێکی ئەفسانەیی ڕووبدا، دەستێکی ئەفسانەیی، سیمورغی ناو ئەفسانەکان، بمانگەڕێننەوە سەر تەختەکەی هگمەتانە، یاخۆ کۆشکەکەی ئەمەر پاشا! لە ڕێگای خەیاڵ و ئەفسانە وبە قارەمان زانینی خۆمانەوە، زەمان و مێژوو و سەردەم بە سوخرە دەگرین و خۆ لە هەنگاو هەڵهێنانەوە لە سەر عەرد، دەدزینەوە. دیلی زەمان و سەردەمەکان، خەیاڵی خۆمان و دەستەڵاتداران دەمێنینەوە و لە جەغزی خۆماندا دەسووڕێنەوە و دەمانسوڕێنەوە، کە داماو ماینەوە، هەڵدەچین وخۆ لە گۆمی خوێندا دەبینینەوە! لە خەمۆکیدا قارەماننامە دەنووسینەوە، مێژوو دەسڕینەوە و ئەفسانەی خۆمان بە مێژوو دەخوێنینەوە. ڕەخنە و پرسیار دەخنکێنین و دووهەزار ساڵ خۆمان دووبارە و دووبارە دەکەینەوە، هەتا دەگەینە ٥٠ ملیۆن! بۆ کوێ دەچین، چۆن دەچین، بە کوێ دەگەین، پرسیاری بێ وڵام، دەمێنێتەوە!
********************************************
دیلی جیهانێکی تاپۆکراو!؟
لە کاتێکدا ئینسان خۆی تێگەیشتوتر لە هەموو سەردەمەکانی پێشووتر دەبینێ و بە زمانی فەلسەفە، ئەدەبیات، هونەر، فەرهەنگ، زانست و سیاسەت، باس لە پێشکەوتنەکانی خۆی دەکات،جیهان بەرەو ئاڵۆزی و زیادبوونی تەنگ وچەڵەمەکان دەکێشرێ. شەڕ،تێرۆریسم،ئیدئۆلۆژی، دین،دەوڵەت،مێدیا و سیستمی جاسووسی وەها لە یەک گرێدراون کە تێگەیشتن لەم جیهانە دژوارودژوارتر بۆتەوە. سناریۆی گەلێک ئاڵۆز،هەمەلایەن، تێکچڕژراو لەو پەڕی تێگەیشتن و زانیندا لە ناوەندەکانی فرە نهێنی بە بەشداری ئولترانوخبەکان و دەستەڵاتدارانی ماڵی،نیزامی و سیاسی بە زیانی خەڵک و بەرژەوەندی کۆمەڵە کەسێکی بچووک دادەڕێژرێ. سەردەمی سیاسەتی ئینسانی بۆ نەمانی تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان و بەختەوەری ئینسان بەسەرچووە و سیاسەتی قڕژ جێگای گرتۆتەوە. بەشێکی گەورە لە ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین بەرەو شەڕ، ماڵوێرانی، برسیەتی کێشراوە، گەندەڵی سیاسی و سیاستەمەداری گەندەڵ بۆنەتە دیاردەیەکی جیهانی. خەڵکی ئیتالیا، یۆنان، سپانیا لە گەڵ نابووتی سیاسی و ئابووری و داهاتووی ڕەش و تاریکی نەسلەکانی داهاتوو ڕووبەڕون.( ڕێژەی بێکاری لاوان لە یۆنان ٦٢،٥٠ لە سەد، سپانیا ٥٦،٤٠ لە سەد، پورتەقاڵ ٤٢،٥٠ لە سەد، ئیتالیا ٤٠،٥٠ لە سەد). جیهان و خەڵک لە لایەن بانک، کۆنسێرن و دەڵاڵەکانی سیاسییەوە تاپۆ کراوە! دوو دەوڵەتی ئاڵمان و ئامریکا نە تەنیا وەرشکەستەی ماڵی و قەرزداری بانکەکانن، بەڵکوو نەوەکانی داهاتووشیان ئەگەر شانسی ژیانیان بەرکەوێ، خراونەتە ژێر باری قەرزی با و باپیرانیان. بەردەوامی ئەم وەزعە جیهان ڕووبەڕووی پرسیاری جیددی دەکاتەوە!
خەڵکی کورد و سیاسەتمەدارەکانی لە دەرەوەی بازنەی دەستەڵاتی ناوچەیی و جیهانین و دەستیان بە زانیاری و ئینفۆرماسیۆنی تاپۆکراو لە لایەن دەستەڵاتداران و دەزگاکانی زانیاری و ئینفۆرماسیۆنی جیهانی و ناوچەیی ڕاناگات. ئەوان لە ڕێگای مێدیای گشتی وڵاتانی ناوچە و وڵاتانی ڕۆژئاواوە، تێرە زانیاریی دەکرێن و بە پاڵپشتی ئەو زانیاریانە، سیاسەت دەکەن و لە بازنەی فکر و تێڕوانینی ئەو دەزگایانە دەرناچن. کورد نە تەنیا ژێردەستەی سیاسی و ئیداری و نیزامی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، بەڵکوو ژێر دەستەی مێدیای ناوچەیی و جیهانیشە! سیاسییەکانی وڵاتی ئێمە بەزیوی ئەو مەیدانە سیاسی و مێدیایییە و دامای عەقڵییەتی چەقبەستووی خۆیانن. ئایا کورد و سیاسییەکانی پلانیان بۆ داهاتووی خۆیان هەیە، یان لە پلانی ئەم و ئەودا درێژە بە دیلی خۆیان دەدەن؟؟
********************************************
ڕۆشنبیر! پیاوی خودا! بێنەوا! پاشای خۆخۆشەویست هێندە لە خۆی غەڕە ببوو، گەیشتبووە سنووری شێتی. ئەمری کرد لە ناو باخی عیمارەتەکەیدا، پەیکەرێکی مەزن لە خۆی و عیبادەتگایەک سازبکرێ. خۆی هەموو ڕۆژێک بەر لە قاولتی دەچوو، کڕنۆشی بۆ پەیکەرەکەی خۆی دەبرد و حەمد وسەنای خۆی بەجێ دەهێنا. ڕۆژ هات و چوو، هەتا ئەوەی ڕۆژێکیان خۆی بە خۆی گووت، ئایینێک کە تەنیا خۆم پەیڕەوی لێبکەم،سەر ناگرێ، وا باشە قەراوڵ و خزمەتکار و وەزیر و گزیر بێن و ئەوانیش بەشداری بکەن. هێندێکی دیکەی پێچوو، دیسان خۆی بە خۆی گوت، تەنیا ئەو ئایینە دەمێنێتەوە کە لە لایەن خەڵکەوە پەیڕەو بکرێ. ڕووی کردە قەراوڵەکانی و گووتی هەڕن بچنە ناو بازاڕ و هەرکەستان هاتە ڕێ، قۆڵبەستی کەن و بیهێنن. قەڕاوڵ غاریان داو و گورج سێ کەسیان ڕاپێچی بەردەم پاشا کرد، ڕۆشنبیرێک، پیاوێکی ئایینی و بێنەوایەک. شا پێیوابوو لە ڕێگای ئەو سێ کەسەوە دەتوانێ، پەی بە باوەڕی قووڵی خەڵک بە ئایینەکەی بەرێ. پێشی وابوو ئەگەر ئەو سێ کەسە عاقڵ و تێگەیشتوو بن، کڕنۆش بۆ پەیکەری ئەو دەبن و دەست دەکەن بە دۆعا و نیایش.. شا ڕووی لە هەرسێکیان کرد و پێیانی گووت، ئەوە هێمای ڕاستەقینەی خودایە، لەحاندیدا سەر شۆڕکەنەوە و لەبەری بپاڕێنەوە، دەنا بە تاوانی سەرپێچی کردن گیانتان لێئەستێندرێ. ڕۆشنبیر هێندێک بیریکردەوە و خۆی بەخۆی گووت، شا گەوج بووە و ئەگەر سەردانەنەوێنم و دۆعای بۆ نەکەم، ئەو پەنا بۆ زەبر وزەنگ دەبات و دەمکوژێ. خەڵک من دەناسن و دەزانن باوەڕم بەو شتانەی پاشا نییە و ئەگەر گیانی خۆم ڕزگار کەم، دەزانن لە بەر خزمەتکردن بەوان بووە و لۆمە و سەرکۆنەم ناکەن. پاش ئەوەی لە بیرکردنەوەکانی بووە، سەری خۆی شۆرکردەوە و کەوتە دۆعاکردن. کە نۆبە گەیشتە پیاوی خوا، کەوتە ڕازونیاز لە گەڵ خۆی و گووتی، شا لە کەلەی داوە و شێت بووگە و هەڕەشەکەی جێ بەجێ دەکات و دەمکوژێ. ئەو بەخۆی گووت، من هەڵبژاردەی خوای گەورەم و تەنیا ئەو دەپەرەستم و کڕنۆش بۆ ئەو دەبەم، ئەو لە هەموو شونێک حازرە و هیچ تەوفیر ناکات سەرم لە کوێ و لە بەرچی بهێنمە خوارەوە و نیایش بکەم. ئەوەی گووت و سەری لە حاند پەیکری شا شۆرکردەوە و کەوتە بەسەرداهەڵگوتن. دوای پیاوی خوا، پاشا ڕووی کردە بێنەوا و پێیگووت، بنووشتێوە و سەرشۆرکەوە. بێنەوا ڕووی کردە پاشا و پێیگوت:" گەورەم، من بە هیچ کەسێک قەرزادار نیم و هەموو هەست و نیستم دیار و ڕوونە. لە لایەن هیچکەسێکیشەوە هەڵنەبژێردراوم، جگە ئەو چەند حەب ئەسپێیەی کە لە ناو سەرمدا زستان دەگەێینە بەهار. من نامەوێ حوکم بەسەر کەسێکدا بسەپێنم و هیچ خێروبەرەکەتێکیشم بۆ پەیکەرەکەی تۆ لێ هەڵناوەرێ. خاوەن شکۆ! من هیچ هۆیەک بەدی ناکەم سەرم لە حاند ئەو پەیکەرە بەردینەدا شۆڕکەمەوە و لەبەری بپاڕێمەوە. پاشا بە بیستنی قسەکانی پیاوی بێ ئەنوا، کەوتە بیرکردنەوە، خانقا و پەیکەری ڕماندو و لە جێگاکەی کانییەکی پڕلەئاو بە پەرژینی گوڵ وگولزارەوە ئاوا کرد. بە کوردی کردن لە زمانی ئاڵمانییەوە لە کتێبی Komm,ich erzähle dir eine Geschichte- Jorge Bucay
********************************************
سەر ژێکردن " ئیعدام "
خەڵک ئیزنیان نەبوو ناوی بهێنن، کاتی دیتنی، دەبوو کڕنۆشی بۆ بەرن و سەر شۆڕکەنەوە. ئەوە بەزمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بوو،کاتێک بە کەژاوە و قەراوڵەوە بەناو خەڵکدا دەگەڕا. ئەو ڕۆژە کوڕێکی لاو کڕنۆشی نەبرد و قیت لە شوێنی خۆی وێستا. قەڕاوڵ هەڵیانگوتایە سەری ڕاپێچی بەر دەم میریان کرد. مەگەر تۆ نازانی دەبێ کڕۆنش بەری؟ " بەڵێ گەورەم دەزانم". دەزانی و کڕنۆش نابەی؟ "بەڵێ گەورەم". دەشزانی سزای سەرپێچیکردن مەرگە؟ "بەڵێ گەورەم، داوام ئەوەیە ئەو مەرگەم پێ ڕەواببینن"! زۆرباشە، ئەمر دەکەم، میرغەزەب بەیانی سەرت ژێ بکات." گەلێک سپاس، گەورەم"! ئەمەی گوت و دووقات کڕنۆشی بۆبرد. لەناکاو لە ناو خەڵکەوە کەسێک دەنگی هەڵبڕی:" گەورەم، گەورەم، ئێزنم بدەن شتێک بێژم. میر ئەمری کرد بێتە پێشەوە. بڵێ بزانم دەڵێی چی. "تکایە گەورەم ڕێگا بدەن من لە جیاتی ئەو کوڕە لەدار بدرێم." تۆ دەتەوێ لە جیاتی ئەو لاوە سەرت بپەڕێندرێ؟ "بەڵێ گەورەم، تکاتان لێدەکەم، من هەموو ژیانم وەفادار بە ئێوە بووم، تکایە ئەو داوایەم لێ قەبووڵ بکەن!"
میر ڕوودەکاتە لاوەکە و دەپرسێ، ئەو کابرایە خزم و کەسی تۆیە؟ " نەخێر گەورەم، من لە ژیانمدا ئەو کەسەم نەبینیوە و نایناسم. تکایە ئیزن مەدەن لە جیاتی من لەدار بدرێ! ئەمن خەتا وتاوانم کردووە و ئەوە سەری منە کە دەبێ لێبدرێ." کابرا "نەخێر گەورەم، دەبێ سەری من لێبدرێ". لاوەکە "نەخێر دەبێ سەری من لێبدرێ". بێدەنگ بن، میر نەڕاندی. ئەمر دەکەم سەری هەرکتان لێبدرێ. "زۆر سپاس گەورەم، بەڵام لەبەر ئەوەی من لە پێشدا ئەمری کوشتنم دراوە،دەبێ من پێش ئەو کەوم". کابرا،" نەخێر گەورەم، ئەم شانازییە دەبێ وەبەر من بکەوێ، لەبەر ئەوەی من لە ژیانمدا بێڕێزیم بە جەنابتان نەکردووە". بەسە بیبڕنەوە، وست بن، ئەمر دەکەم ئەو شانازییە بەر هەرکتان کەوێ و لە یەک کاتدا سەرتان لێبدرێ، چ زۆرە میرغەزەب. لە ناکاو کەسێک نەڕاندی" کە وایە منیش حەز دەکەم ناوم بخرێتە ناو لیستەکەوە" بە دوای ئەو دا چەند کەسی دیکە دەنگیان هەڵبڕی. کە ژمارەی داخوازیکەران زیادی کرد، میر بێدەنگ بوو، چاوەکانی وێکنا و کەوتە بیرکردنەوە، بەخۆی گوت کوشتنی پێنج کەس دەگونجێ، بەڵام کە چاوەکانی هەلهێنا ژمارەی دەستەکان بێ ئەژمار ببوو، کە ئەوەی بینی تێگەیشت بۆی نالوێ سەری میللەتێک بپەڕێنێ، ملی خۆی و ئەسپی کەژاوەکەی بەرەو ماڵ باداوە...
وەرگیراو لە کتێبی Komm,ich erzähle dir eine Geschichte Jorge Bucay
******************************************** ئاو هەس کردنەوە!؟
********************************************
خان و تراژێدی!؟
تراژێدی مرۆڤی کورد تەنیا لە بەیتەکانی خانی لپ زێڕین، سەیدەوان و چیرۆک و ئەفسانەکاندا، ڕەنگی نەداوەتەوە. ژیانی ڕۆژانەی کوردان، تەژی لە تراژێدیە. ئەگەر عەبدولعەزیزی داسنی گرفتاری هێزێکی نادیار وخانی لپ زێرین گرفتاری دوژمنەکەی بوو، مرۆڤی کورد جگە لەوانە، گرفتاری دەستی خۆی و پێکهاتەکانی فەرهەنگی و باوەڕ و کەسایەتی خۆیەتی! ئەو خانێکی جیاواز لە عەبدولعەزیزی ڕۆلەکوژراو خانی کوژراوی لپ زێرین بوو. دوو کوڕی نەک لە شایی و زەماوەند، لێرە ولەوێ کوژران! کەنیشکەکەی بە کەوڵکراوی لە دەباغخانەکانی کۆماری ئەڵا، ڕزگاری هات و بۆ شەڕ لە گەڵ ئەو کۆمارە، ژیان و وزەی لاوییەتی، لە حزبی ئەڵادا بە فیرۆ ڕۆیی. خێڵە ئاوارە و ئازارچێشتووەکەی لە بەر یەک ترازا. ئەو سەیرچییەکی بێدەنگی هەموو ئەو ئازار و تراژێدییانە بوو. نە هاواری کرد، نە خۆی ڕاوەشاند و نە چەکی لە ئەستۆ کرد، لە بێدەنگیدا ددانەکانی خۆی کرۆشت و لێوەکانی خۆی گەزت،هەتا ددان بۆ کرۆشتن و لێو بۆ گەزتن و جێگا بۆ خەم و ئازار نەما، ئەوجا سەری نایەوە. تراژێدی تەنیا لە سەر سەکۆی شانۆ نابیندرێ، تراژێدی لە ماڵ و کۆڵان و شار وگوندەکانی وڵاتی ئێمە، ڕۆژانە ڕوو دەدن. ئەوەی ڕوونادا، بیرکردنەوە لە تراژێدییەکانە! تراژێدی لەداردران،بەردەبارانکران، ئاورلەجەستە بەردران، ڕاوننران، کوشتن، دەستدرێژیکردن...! بیری جیاواز،ئایینی جیاواز، حزبی جیاواز، خوڵقیاتی جیاواز، سوودی جیاواز، نەریتی جیاواز، ویستی جیاواز و لە سەر یەک، جیاوازبوون بەرەو تراژێدیمان دەبەن!
********************************************
بە چەندە!؟
به کۆڵان و شهقامهکانی شارێکی بچکۆلانهدا پیاسهی دهکرد، پهلهی نهبوو بەکاوەخۆ چاوی به ماڵ و دووکان و دەرودۆردا دەگێڕا، ههتا گهیشته بهر دووکانێکی سپی. سهری له شوشهی دووکان نزیک کردهوه و ههرچی سەیری کرد هیچی بهر چاو نهکهوت، جگه له نووسراوەیەک " دووکانی حهقییقهت"! کابرا خۆی قیت کردەوە، گاڵتهی به ناوهکه هات، حهقیقهت چۆن دهفرۆشرێ؟! یهک سهر خۆی به ژوورێ داکرد و له تاریک وڕۆشنایی دوکانهکهدا چاوی به خانمێک کهوت که له پشت مێزێک وێستابوو، ڕووی تێکردو پرسی ببوورن لێرە حهقییقهت دهفرۆشن؟ بهڵێ بهڕێزم. چ چهشنێکتان گهرهکه؟ نیوهی حهقییقهت، حهقییقهتی نیسبی، حهقییقهتی ئاماری، یان حهقییقهتی تهواو و کهماڵ؟ کابرا پێی سهیر بوو، بهخهیالیشیدا نەدەهات ڕۆژێک له ڕۆژان تووشی بە تووشی دووکانێکی واوە بێ. حهقییقهتی تهواوم دهوێ، وهڕزم له درۆ و دهلهسه و بوختان و چهواشهکاری و کڵاو لهسهرنان. حهقییقهتی ڕووت و بێگهردم دهوێ، دیسان دووبارهی کردەوە، حەقییقەتی ڕووت و بێگەردم دەوێ! زۆر باشه، بهڕێزم تکایه فهرموون،کابرای وهپێش خۆیدا بۆ لای کهسێکی دیکهی برد و پێیگووت ئهو هاوکارەم کارەکەتان وەڕێدەخات. فرۆشیار بهرهو پیری مشتری چوو و پرسی ئهمر فهرموون. کابرا گووتی، گهرهکمه حهقیقهتی تهواو و کهماڵ بکڕم. باشه بهڕێزم دهزانن باییەکەی چەندەیە؟ نهخیر، پاشان پرسی، بە چهنده؟ فرۆشیار گووتی، ئهگهر بتانهوێ دهستبهجێ له گهڵ خۆتان بیبهن، باییەکەی دهبێته لە دەستدانی ئاسایش تا ئەو کاتەی لە ژیاندان! کابرا مات بوو، پێیوانهبوو شتی وا دهبیستێ، و ە پته پت کهوت و داوای لێبووردنی کرد و بە پەلە لە دووکانەکە چووە دەرێ. کاس و وڕ بیری له خۆی دهکردهوه که ئاماده نییه بههای وا بۆ پەیداکردنی حەقیقەت و دوورکەوتنەوە لە درۆ بدات. تێگهیشت که له گهڵ خۆشی ڕوراست نییه.
ڕۆژێک لە ڕۆژان برایم فەڕشی لە زمانی ئاڵمانییەوە بۆ کوردی Jorge Bucay, komm, ich erzähl dir eine Geschichte
ئەو کاتەی خۆمان کەڕین!!
********************************************
ژیانی کورت و مەرگی درێژ...
******************************************** شاد...
نڕخ...؟
گەر کەسێک وتی: "من پیوستم بە خوێندنەوە نەماوە و نووسەرم"، گەر وتی پلەی زانستییم ئەوەیە و تێرە زانست بووم و چ نەماوە نەیزانم، گەر جەنابی بەرپرس لە دەمی دەرچوو کە دەساڵە کتێبی نەخوێندۆتەوە، گەر خوێندکاری بەشی زمان و ئەدەبیات بە وتەی مامۆستاکەی، ڕقی لە کتێب خوێندنەوە بێ، گەر خاوەن وەشانخانە خۆی گوتی بۆ بیست ملیۆن کورد هەشت دانە کتێب لە ساڵدا چاپکراوە، گەر ئاماری خوێندنەوەی کتێب لێرە ولەوێ هیچ لە سەد بێ، گەر گاڵتە بە کتێب خوێندنەوە بکرێ و بە لە مۆدکەوتوو بزانرێ، گەر ژمارەی قسەکەران بە کوردی بە پێی وتەی فێرکارانی مەدرەسە، کەمتر بووبێتەوە و زمانی دی بۆ داهاتووی باشتر ڕەونەقی پێدرابێ، گەر کورسەکانی زمانی دایک چۆڵ بمێنێتەوە، گەر کتێب دەرکردن بۆ وەرگرتنی پارە و فرۆشتنی کاغەزەکەی بێ، گەر ڕۆژنامەنووسیی و مێدیا پیشەی سەربازی حزب و دوورخستنەوە و کوشتنی بیرمەند بێ، گەر خوێندن بۆ هەڵواسینی مەدرەک لە گەردن لە وڵاتی بێکاران بێ، گەر هزر و بیر، بێ نڕخ و نڕخی مرۆڤ بە گەدوگیپاڵ بێ، نرخی ژیان، دەبێ چەند بێ؟؟
********************************************
خۆت!
******************************************** چرا...!؟
سرووشتی مرۆڤ و پەروەردەی دژ!
هەرکام لە ئێمە بە پێی ویستی کەسی دووهەم و سێهەم دێفۆرمە کراوین. لە ڕۆژئاوا هێدی هێدی دەنگەکان زۆرتر دەبن بۆ ئەوەی سرووشتی منداڵ تێکنەدرێ. مەدرەسەکانی ئەمڕۆی جیهانی "پێشکەوتوو"، ٩٦% لێهاتووی منداڵ لە ناو دەبن، ئەوەش دژی فەلسەفەی بوونی مەدرەسەیە. من پێموایە ئێمەی ئینسان بێ بەزییانە لە گەڵ خۆمان جوڵاوینەتەوە و ژیانی خۆمان بێ مانا کردووە. ١٧ ساڵ لەوە پێش لە گەڵ خوشکم ویستمان لە زیندانی شاری کۆڵن پرۆژەیەکی شانۆ لە گەڵ لاوانی زیندانی بەڕێوە بەرین. تا ئەو کاتە لە هیچ شوێنێکی ئاڵمان کاری وا نەکرابوو. دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیسی و ئەمنییەتی لە سەر هەرکمان، بەو مەرجەی خۆمان خەرجی پرۆژەکە بگرینە ئەستۆ، دەرگای زیندان بەرەورووماندا کرایەوە. ئێمە بێ خەبەر لە هەمووشتێک لە زیندان ئاگادار کراین کە زیاتر لە سەد کورد لەو شوێنە زیندانین. لە پرۆژەکەی ئێمەدا لاوانی تەمەن١٧ هەتا ٢١ ساڵ بەشدار بوون کە بە بێ دایک وباوک گەورە ببوون و بەشی زۆری ژیانیان لە سەر شەقام تێپەڕاندبوو، هەموو کارێکیان کردبوو هەر لە دزییەوە هەتا کوشتن. هیچ کوردێک بەشداری ئەو پڕۆژەیەی نەکرد، بەشداران ئاڵمانی، ئیتالیایی و کوڕێکی دایک ئاڵمانی و باوک ئێرانی بوون. ئێمە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا تێڕوانیمان لە سەر ئەو ئینسانانە گۆڕا، بۆ ئێمە جێگای باوەڕ نەبوو مرۆڤێکی کە هەموو ژیانی خەریکی ئازاردانی خەڵکی دیکە بووە زەریفترین و ناسکترین شیعر بهۆنێتەوە، یان چیرۆکی ئەوینداری، چیرۆکی داکۆکی لە مافی ئینسان بنووسێ. لە بەرهەمی فکر و هەستی ئەوان، شانۆنامەیک نووسرا. کاتێک شانۆنامەکە لە هۆڵی زیندانی ناوەندی شاری کۆڵن بە بەشداری مێدیا پێشکەش کرا، یەکێک لە دەوورگێڕەکان بە هەواڵنێری یەکێک لە ڕۆژنامەکانی گوت:" هەموو کەس وەدەزانێ ئێمە دواهەمین "پیسایی" گووی سەر زەویین، ئەوان دەبێ بزانن کە ئێمەش کارمان لە دەست دێ". ئەم ڕستەیە فەلسەفەیەکی نوێی لە تێڕوانین بۆ ئینسان بە ئێمە بەخشی. چرایەکی نوێی پێداگۆگی لە مێشکی ئێمەدا ڕۆشن کرد. [لە هەر مرۆڤێکدا چرایەکی ڕۆشن هەیە کە کەوتۆتە ژێر تاریکی]. ئێمە لەو دەمەوە لە چرای ناو ئینسانەکان دەگەڕیین. خوشکم ئەمڕۆ وەک سۆسیال پێداگۆگ پەنا و هاوڕێی ئەو دایک و باوک و منداڵە بیانییانەیە، کە چراکانیان لێ گووم بووە. من لە پرۆسەیەکی کار و لێکۆڵینەوە و خوێندن خۆم لە ئەنستیتۆتێکی تایبەتدا دیتەوە بۆ بەخشینی ئیمکانی سرووشتی بۆ فێربوون. ئەوەی چۆن رێزدار عەبدوڵا عەلیدوست دوور لە چەقە چەقی سیاسی باوی ڕۆژانەی مێدیای کوردی، ڕووی وەرگێڕاوە بۆ باسێکی وا، دەبێ خۆی و دەزگاکە وڵام بدنەوە، لە هەر حاڵدا بۆ من دەرفەتێک ڕەخسا هەتا بە زمانی دایکم، لە گەڵ کەسێکی شارەزا لە سەر بابەتێکی گرنگ گفتوگۆ بکەم. بەر لەو بەرپرسی پێشووی ئەم ناوەندە، پێشنیاری ئەوەی دابوو بەرنامەیەکی زنجیرەیی لە فۆرماتێکی سەربەخۆدا لە سەر ئەو بابەتە و مێتود و ئیمکانەکان ئامادە بکەین. بەڵام وەک هەر کارێکی حزبی کوردەکان، پاش ڕۆیشتنی ئەو و دەرچوون لەو حزبە، ئەو نییەتە خێرەی ئەو، بەری نەدا. ئەوەشم گووتبێ من ماوەی دوو ساڵ لە چەند شاری ئاڵمان سمینار ورکشاپم لە گەڵ بنەماڵەکانی کوردی دانیشتووی ئاڵمان، لە پێوەندی لە گەڵ پەروەردە و فێربووندا هەبوو، کە خۆی بابەتێکی جێگای گفتوگۆی جیددیە، کە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە، لە گفتوگۆی ئێمەشدا جێگای نەبووتەوە. ڕەنگە هەر کام لە ئێمە لەم وتووێژەدا خۆمان وەک منداڵ یان دایک وباوک ببینیننەوە، سپاستان دەکەم گەر لە گفتوگۆی نێوان من و عەبدوڵادا بەشداری بکەن. زۆرتر سپاستان دەکەم گەر ڕەخنەگرانە بڕواننە تێڕوانینی هەردووک لامان. وێڕای ڕێز برایم فەڕشی ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشی یەک: http://www.youtube.com/watch?v=VUpqUMmJzds&list=PL18GUhVcDpgeybJ1nx5KFOw2x-Mq15IUv
بەشی دوو: http://www.youtube.com/watch?v=2vKPq1_fz-0&list=PL18GUhVcDpgeybJ1nx5KFOw2x-Mq15IUv
********************************************
موفلیس...!؟ حزب و ئیدە...!؟
ئازادی!؟
بێگانە...؟!
دەبەنگ...؟!
کۆن و نوێ
کەی
دەمری...؟!
******************************************** ێناسە...
ئەو ڕۆژانەی ...
ئایا مرۆڤ بەرهەمی تاقیکردنەوەکانی خۆیەتی!؟
ئایا هەڵەمان
کرد؟؟
******************************************** دەسترێژ
********************************************
گوگردی بێ خەتەر....!؟
ژمارە تەلەفونی منت لە کوێ دەست کەوتووە؟ "لە دایکم"! ناوی خۆی و دایکی دەهێنێ، هیچیان ناناسم!
*** تەلەفون دەنگی لێ بەرز دەبێتەوە. کتێبەکەم وەلا دەنێم. ئەلۆ! "بابە!" ببوورە، دەبێ ژمارەکەت بە هەڵە گرتبێ! " نا، دایکم گرتوویە و ژمارەی خۆتانە!" دایکت کێیە؟ "دایکم خێزانی ئێوەیە!" من خێزانم نییە! بەر لەوەی هەناسم سوار بێ و نەمویست قسەیەکی ناحەز بێتە سەر زارم، پڕ بە سییەکانم هەناسە هەڵدەکێشم و دەیدەمە دەر و لە سەرەخۆ دەپرسم، دایکت ناوی چییە؟ " ناوی هەدیەیە" هەدیە؟ "بەڵێ" خەڵکی کوێن؟ "هەولێر" لە هەولێرەوە قسە دەکەی؟ "نا، لە شتوتگارتەوە! بە شوێن تۆدا گەیشتووینەتە ئاڵمان." من لە کوێ دەناسی؟ "من ئێوەم نەدیوە، دایکم ئێوە دەناسێ"! من خەڵکی کوێم؟ " دایکم دایم دەڵێ، ئێوە ئێرانیین!" باوکت ناوی چییە؟ لە وڵامدا ناو و شۆرتەی خۆم دەهێنێ. پێموایە ئەو منداڵە، گاڵتەم لەگەڵدا دەکات. دەتوانم لە گەڵ دایکت قسە بکەم؟ " دایکم پەرێشانە و ناتوانێ قسە بکات!" نازانم ئەمە گەمەیە، یان تراژێدی دایک و منداڵێکی لێقەوماوە؟! ناوت چییە؟ "هێمن!" هیچم لە بیر نایاتەوە، جگە لە هێمن و چنار کە لە ڕێگای مەدرەسە لە گوندەوە بۆ سەید سادق، لە زستانێکی تەڕوتووش لە ناو بەفر، ڕەق هەڵاتبوون. هێمن گیان، من نە منداڵم هەیە و نە دایکیشت دەناسم. ئەگەر گرفتی دیکەتان هەیە و من دەتوانم کارێک بکەم، پێم بڵێین. چاوەڕوانی وڵام بووم، بەڵام هیچ دەنگی لێوە نەهات، پاش بێدەنگییەکی درێژ، خەتەکە پچڕا.
*** خۆم بە خۆم گوت، ڕەنگە ئەوە هەر منداڵەکەی بیست و چەند ساڵ لەوە پێش بێ!؟ دەپرسم لە کوێوە تەلەفون دەکەی؟ ناوی گوندێکی نزیک بێستوون دەهێنێ. لای خۆم پێموابوو کابرا گاڵتەم لە گەڵدا دەکات، تەلەفونەکەی من، کۆدی بریتانیا نیشان دەدا، دەپرسم ئێستا لە بریتانیاوە تەلەفون دەکەی؟ "نە باوە، لە کرماشانەوە، دەمەوێ رێنموماییم بکەی." دەپرسم، گەرەکتە بێی بۆ خوێندن، یا نەخۆشتان هەیە. "نە باوە، کێ حەوسەڵەی دەرسی هەیە؟ گەرەکمە ببم بە پێشمەرگە!" وەمزانی حاڵی نەبووم، دەپرسم، دەتەوێ ببی بە چی؟ دیسان دەڵێ، پێشمەرگە! لە کرماشانەوە دێی لە ئاڵمان ببی بە پێشمەرگە؟! "نا، دەمەوێ بچم بۆ کوردستان عەراق. " خۆم پێموایە کابرا گاڵتەم پێدەکات. لێی دەپرسم ئەهلی شانۆ و جەفەنگیاتە؟ دەڵێ، نەباوە، وەرزشکارم. دەپرسم دەتەوێ ببی بە پێشمەرگەی کام حزب؟ " کامی خاسە؟" دەپرسم، مەبەستت چییە؟ دەیکاتە کرماشانی گوتن. "ئووشم کامی خاسە؟" خۆت دەبێ بزانی، مەیلت بۆ کام خەتی سیاسی هەیە؟ "فەرقیان چەس؟ مەگەر خۆت نازانی، مەگەر تۆ بۆچوونێکی سیاسی تایبەتت نییە؟ "نە باوە، من وەرزشکارم، ئاوازیش ئەخوێنم!" دەی بۆ وەشوێن کاری خۆت ناکەوێ، چکارت بە پێشمەرگایەتییە؟! دەڵێ، هەر لە منداڵییەوە حەزی لە پێشمەرگایەتی بووە. دەڵێ، دیپلۆمی وەرگرتووە، نایەوێ بچێ بۆ سەربازی! دەڵێم، ڕەنگە لە پێشمەرگایەتی بکوژرێی. دەڵێ هەر بۆیە تەلەفونم بۆ ئێوە کردووە، دەمەوێ پێم بڵێی کامیان بێ خەتەرن، کامیان باشترن! نازانم بەو قسەیەی پێبکەنم یان شەق بەرم!؟ بە گاڵتە پێیدەڵێم، لە گوگردی بێ خەتەر دەگەڕێی؟ لە ناکاو جوکەیەک لە تەلەفونەکە بەرز دەبێتەوە و پێوەندی نامێنێ. تەلەفون دیسان دەنگی لێ بەرز دەبێتەوە، بە پەلە دەڵێ ببوورە کارتی تەلەفونەکەمان تەواو بوو، دواتر زەنگ لێئەدەم.
ڕۆژێک لە ڕۆژان برایم فەڕشی
******************************************** کتێبەکانم بسووتێنن، تەرمەکەم ئاگر تێبەردەن!؟
نیوە شەو،بە دەنگی زەنگی تەلەفۆن ڕادەچڵەکێم! دەنگی گریان دەبیستم! نازانم کێیە و بە چ زمانێک لە گەڵی بدوێم. "بۆلتسن" کە زانای فەلسەفەیە و بە ساڵان پێوەندی لە گەڵ بنەماڵەکەی پچڕاوە، تەلەفونی وای بۆکردبووم، یان "دیۆگنیس" کە وێژەری پێشووی تەلەوزیۆن بووە و ئێستا دوور و بێ خەبەر لە منداڵەکانی، بە تەنیا دەژی! گەر ئەوانە نەبن، هاووڵاتیین و هەر کام چیرۆکی نەگوتراو و نەبیستراو و نەنوسراو دەگێڕنەوە. لە سەرەخۆ دەپرسم، چی بووە؟ دەڵێ: "ئەژنۆم شکا" ئەژنۆم شکا، مانای دووهەمی مەرگە، بەڵام مەرگی کێ؟ ئەو بێدەنگە و من زاتم نییە پرسیار بکەم و پرسیار ناکەم و هیوا دەخوازم، ئەویش بێدەنگ بمێنێتەوە، بەڵام بێدەنگ نابێ و دەڵێ: "ئێمە بۆ وامان بە سەر هاتووە؟" "بۆ هەر کام لە ئێمە لە تەنیایی خۆماندا سەر دەنێینەوە؟" "بۆ بێ خەم بە ژیانی خۆمانەوە نووساوین؟" "بۆ بۆمان گرنگ نییە، چی دەقەومێ؟" من بێدەنگم و ئەو نا، ئەو بێدەنگە و من بە سەرئەژنۆکانمدا دەچەمێمەوە! ئەو بێدەنگە و من کوڵی گریانمە! نووسیویەتی، هەموو بەرهەمەکانم، کتێب و دەستخەت و سەرجەم کارەکانم ئاگر تێبەردن و تەرمەکەمی تێهاوێژن، گۆڕم ناوێ، پرسەم بۆ مەگێڕن با بە تەنیا بمێننەوە!!
ڕۆژێک لە ڕۆژان برایم فەڕشی ******************************************** هەولێر
گوتت:" هەلاکۆ بەزێنی" ئەدی بۆ ڕێگا بۆ تانکەهاوردەکان خۆش کرا؟ بۆ شێخ زانا ناوبانگی لە شێخی گەورە ڕفاند؟ بۆ شەقامەکان لە تەرمی کوردان تەژی کران؟ بۆ زیندانەکان لە مڕۆڤی ئازا پڕکران؟
تۆ بڵێی مام "هۆمەر" مامە "پەشێو" بزانن قژی کاڵ و لێوی ئاڵ بڕدراوە؟ تەرمی کیژۆڵان ئاگر دراوە گٶڕی سەربازی ون بە دار لێیدراوە؟
تۆ بڵێی فەیلەسوفەکەی بەردهاوێژ ئاگای لە مەمکبڕانی کیژۆڵان بێ تۆ بڵێی بەردێک لە کەعبە بگرێ
مەمکى بڕا و لە سەردەست دێوانە ئاسا لە ناو شار بگەڕێ هاوار بکا " ئەی مەردم بایەنە دیار" جەنایەت کراوە! جەنایەت؟
گوتم پێتەختی وڵات کیانی سابڵاخ زیندوو دەکاتەوە کوڕانی شێری بارزان کۆشکی ئاوات، ئاوا دەکەن
کەچی فەڕشە سوورە دڕاوەکەی شا تازەکرایەوە و خرایە ژێر پێی جڕجاڵ مەلایەکی عەجم، قازیش لە پشت هۆڵەکە مایەوە!
وتم لە سەر قەڵا ڕۆژهەڵدێ چوار دەور لە چوار سووچەوە ڕەشبەڵەک دەگەڕێ کەچی کچانی ڕۆژئاوا ئەتک کران کوڕانی باکور ڕاونندران شاعیرانی ڕۆژهەڵاتیش لە بەند توند کران!
هەولێر گوتم هەتا گۆڕم لە تەنیشت قەڵا ساز دەبێ دەمێنمەوە کەچی دەبێ بڕۆم نەوەکانی هەلاکۆ و خودا و کوروش تۆ و خەڵک و وڵاتەکەیان بەزاندووە!
ڕۆژێک لە ڕۆژان برایم فەڕشی ******************************************** کۆیلە
من کۆیلەی کۆیلەکانی ئەم جیهانەم کۆیلەی مێژووی کۆیلەتی ئەم نیشتمانەم
من کۆیلەی ئاسمانی ئاوس بە خوا کۆیلەی ئەم خاکە پڕ خواپەرستانەم
من کۆیلەی سەر زەوی، بێ زەوی کۆیلەی خاوەن خاک و ئەو خاکپەرەستانەم
من کۆیلەی خێڵە خێڵی خێل پەرەستان کۆیلەی بازاڕی مەزادکاری ئەم مەزادخانەم
من کۆیلەی کۆڵەواری کۆیلەڕابەر کۆیلەی کۆیلەکانی ئەم جیهانەم
کۆیلە
جار وایە کۆیلەی دڵ و جار کۆیلەی مێشکم کۆیلەتی دڵ، بەرەوە تووانەوەم دەبات، چ ڕەق بم، چ نەبم! کۆیلەتی مێشک، دەمچەقێنێ، چ شل بم، چ نەبم! منی کۆیلەی ئەم وئەو، کەی دەبمە خاوەنی خۆم؟!
ئێرە کوردستانە
کاتێ لە هەولێر و سولەیمانی شادیلۆغانە، لە کۆبانی تۆپباران و گەڵاڕێزانە!
کاتێ لە شەنگاڵ هەر بستێکی زەوی گۆڕستانە لە کوەیتی کورداندا، کاتی ڕاکردنی چەتەسیاسی و بازرگانانە!
کاتێ لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵات هەڵواسین و لێدانە لیڕە بێدەنگی و کاتی لە ئامێزگرتنی بەرپرسانی تارانە!
کاتێ لە باکوور ڕێپێوان و بەرخۆدانە لە پایتەختی کوردان، کاتی مامەڵە لە گەڵ تورکانە!
ئێرە مۆڵگەی نە کورد و ئازارگەی چوارلکی نیشتمانە! ئێرە، کوردستانە! ******************************************** لە پێناو بێ تاوانی جاشەکان!؟ ---------------------------------
جاش، ڕۆلەی کەرە و کەریش زیندەوەرێکی بێ زەڕە. کەر و بارگین و ئێستر ئەندامانی یەک بنەماڵە و بە ڕەچەڵەک لە باکووری ئەفریقاوە دێن و ٦٠٠٠ ساڵە بن و بنەچەکیان پشتاوپشت خزمەتکاری ئینسان بوون! کەر هەمەجۆر و هەمەڕەنگە و لە ناو هەموو زمان و فەرهەنگەکان، جێگای هەیە. هەرچەند کەر بە درێژایی مێژوو خزمەتکاری بێ زەڕی کورد بووە، بەو حاڵە کورد لە زمان و فەرهەنگەکەیدا بە باشی پاداشی کەری نەداوەتەوە و تەنانەت خائینەکانی ناو خۆی بە ڕۆڵەکانی کەر شوپهاندووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە کەر و جاشەکەرەکان و تەواوی بنەماڵەی کەر بە ئەسپ و ئێستر و بارگینەوە، بە درێژایی تەمەنیان خەیانەتیان بە کورد نەکردووە. کەر بە درێژایی ژیانی خۆی حەزی لە سیاسەت نەکردووە و خۆی لێ لاداوە، کەچی هەژار موکریانی کەر و جاشەکەر، تێکەڵ سیاسەت دەکات و بەوەش غەدرێکی گەورە لەو حەیوانە بێ ئازارە دەکات. ئەو مرۆڤی خائیین بە خەڵک و خاک و نیشتمان و بێگانەخوازانی سیاسی، بە جاش ناو دەبات و قەباڵەی سیاسیان بۆ دیاری دەکات. هەژار کۆمەڵێک لە شیعرەکانی تەرخان کردووە بۆ جاشەکانی سیاسی و ناسیاسی و لە هەمبانەبۆرێنەشدا ئاوای باسی جاشی کردووە: [[جاش: ١)بەچکەی کەر٢)پیاوێ ژن بە وادە مارە دەکا و کرێ دەستێنێ٣)برێتی لە خۆفرۆش بە داگیرکەرانی وڵات]] ئەوەی هەژار موکریانی مرۆڤی خائین بە خەڵک و خاک و نیشتمان، خۆفرۆش و بەکرێگیراو بەو حەیوانە بێ ئازارە بشوبهێنێ، یان لاڕێی سیاسی، نیشتمان فرۆش و سیخوڕی بێگانە بە جاشی فڵان ساڵ ناوبەرێ، دەتوانێ باسی شیعرەکانی بێ، بەڵام ئەوە پێناسەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و حقووقی بۆ خائیین و جنایەتکاران نییە! کەر و جاشەکەر، وەک حەیوان جیا لە خسڵەتی سرووشتی خۆیان ناجولێنەوە، خائیین بوون خسڵەتی سرووشتی ئینسان نییە و خەیانەتکار دژ بە خسڵەتی سرووشتی ئینسان دەجولێتەوە! جاشەکەر ، ڕاستە چەند هەنگاو بەر لە دایک و باوکی هەنگاو دەنێت، ئەوەش هەر سرووشت و غەریزەی ئەو حەیوانەیە، خائینن و نیشتمانفرۆش بە مەیلی خۆی دەبێتە کەواسووری بەر لەشکر، ئەو بە زانایی و مەیلی خۆی نیشتمان دەفرۆشێ، ئینسان دەکوژێ و خیانەت بە خەڵکەکەی دەکات، هەر بەوەش تاوانبار دەکرێ و لە مەحکەمە سزای بۆ دیاری دەکرێ. بەڵام هیچ کەرێک، هیچ جاشێک لە هیچ مەحکەمەیەک لێپرسینەوەی لێناکرێ کە بۆچی کەرە، بۆچی جاشە! کورد و بە تایبەت مرۆڤی ناو بازنەی سیاسەت و بیروهزر دەبێ خائیین، نیشتمانفرۆش، جەنایەتکار، سیخوڕی بێگانە، بەکرێگیراو، خۆفرۆش بە ناوی ڕاستەقینەی سیاسی، حقووقی، کۆمەڵایەتی خۆیانەوە بناسێنێ. ناوزەدکردنی هەموو ئەو کەسانە بە جاش، میداڵێکە کە بە بەرۆکی چەپەڵترین مرۆڤی ناو کۆمەڵگادا دەکرێ و دوورە لە ژیری سیاسی و حقووقی و تەنانەت دوورە لە فەرهەنگی شیعر و هونەر . غەدرێکی گەورەشە لە کەر و جاش کە ناو وکەسایەتی حەیوانێکی خزمەتگوزاری ئینسان، دەزەڕێنێ و داوێنی خزمەتگوزارێکی ئینسان تێکەڵ پیسی و چەپەڵی چەشنێک لە ئینسان دەکات. هەژار و کەسانی دوای ئەو، ئەو مافەیان نەبوو، پیسترین مرۆڤی ناو کۆمەڵگای خۆیان، بە نەجیبترین و زەحمەتکێشترین حەیوان بشوبهێنن!
برایم فەڕشی ڕۆژێک لە ڕۆژان
ئاوازە: ١- یۆهانس ئێزل ( یۆهان کەر) سیاسەتمەدارێکی ناوداری ئوتریشی سەدەی بیست بوو، جاشیش نەبوو! ٢- جەنابی کەر ڕێگای کەوتۆتە ناو فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش، ئیمام غەزالی باسی کەرێک دەکات کە لە نێوان دوو کانی ئاودا توونی دەمێنێتەوە و ناتوانێ هەڵبژێرێ کە لە کامیان بخواتەوە. یۆهانس بوریدان پرۆفسۆری زانستگای پاریس کە لە سەدەی چاردە ژیاوە، باس لە کەرێک دەکات کە لە نێوان دوو کۆگا کادا برسی دەمێنێ و ناتوانێ هەڵبژێرێ لە کامیان بخوات. ********************************************
محەممەد و کۆیلەی سپاسگوزاری خودا!؟ مرۆڤێک کە فێی لێدەێ، نەخۆشێکی ڕەوانی، بکوژێکی بەکۆمەڵ، دیکتاتۆڕێکی نەخۆش، هەوەسبازێک و... گەلێک سیفەتی تر، وشەگەلێکە کە حامد ئەبدول سەمەد بۆ ناساندنی محەممەد و یەکلاکردنەوەی حیساب لە گەڵ ئەو لە کتێبەکەیدا، بەکاری دەهێنێ.
ئەو لە وڵاتێک کتێبەکەی بڵاوکردۆتەوە کە
چەند سەدەیە بە شێوەی سیستیماتیک ئیسلام ئادابتە دەکات بۆ مەبەستی سیاسی.
ئیسلام کە قەیسەری ئاڵمانی، بە موسڵمان ناو دەبرد، ئیسلام کە هاودەنگ لە
گەڵ نازییەکان بوو، ئیسلام کە لە ئاڵمان دەرەجەی زانستی پێبەخشرا و خسترایە
چوارچێوەی دەرسی زانستگاکانەوە. ئیسلام کە زۆربەی وڵاتانی عارەبی و
ئافریقایی و ئاسیایی بۆ مەبەستی سیاسی و دنیایی بەکاری دەهێنن، هەر ئەو
ئیسلامەی کە بەوتەی ئەبدولسەمەد لە سەردەمی محەممەدەوە بۆ ئەو مەبەستە
بەکارهێندراوە.
حامد ئەبدولسەمەد لە کتێبەکەیدا کە بە
ژیاننامەی محەمەدیش ناودەبردرێ، باس لە ژیانی محەممەد لە مەکە دەکات کە
دوور لە شەڕ و تووند وتیژی بووە و لەو ڕێگایەوە سەرناکەوێ ئایینەکەی پەرە
پێبدات، بەڵام کە دەگوێزێتەوە بۆ مەدینە و لەشکری نیزامی پێک دەهێنێ و دەست
بە شەڕ و کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و دیلگرتن دەکات، دینەکەی پەرە دەستێنێ.
ئەوەش هەر هەمان بۆچوونە کە بەر لە حامد گوتراوە و نووسراوە، کە ئیسلام لە
ڕێگای شەمشێر و کوشت وبڕینەوە پەرەی ساندووە. حامد ئەبدولسەمەد دەیەوێ ئەم وێنەیە بشکێنێ، ئەو لە کۆمەڵێک لە وتووێژەکانی دوو هەفتەی ڕابووردویدا، باس لەوە دەکات کە محەممەد مرۆڤێکی زەوینییە و دەبێ ڕەخنەگرانە سەیری بکرێ و کەسایەتی مێژوویی بە پێی مێژوو و ژیانی هەڵسەنگێندرێت، دەبێ کێشانی کاریکاتۆڕ و گاڵتەپێکردنیش نۆرمێکی ئاسایی بێ. حامد ئەبدولسەمەد مرۆڤێکە کە لە لای باوکی کە ئیمام بووە، قورعانی خوێندووە و لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا سەرتاپای ئەو کتێبەی لە بەر زانیوە،ئەو هەتا گەیشتۆتە ئاڵمان، تێکەڵ گروپی ئیسلامی بووە و خۆی پرۆسەی خۆناسینی بەڕێوەبردووە و بۆتە ڕەخنەگری ئیسلام. کتێبی محەممەد بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئاڵمان کە تا کۆتایی ئەوساڵ چاوەڕوانی هاتنی یەک ملیۆن پەنابەر دەکات کە زۆربەیان موسڵمانن، دەتوانێ یارمەتی دابەشبوونی زۆرتری کۆمەڵگای ئاڵمان بدات، لە لایەک سیاسەتمەداران کە بە سەر دوو لایەن دابەش بوون، لە لایەک کۆمەڵگا و لە لایەکی تر مێدیا. هەروەها ئەو کتێبە دەتوانێ گرفتی جیددی بۆ ئەو کۆڕوکۆمەڵانە پێک بێنێ کە بە ناوی ئیسلامەوە لە ئاڵمان قسە دەکەن و سەریان بە وڵاتانی ئیسلامییەوە بەندە، بە تایبەت تورکیا، ئێران و عەرەبستان. ئەم کتێبە و ڕەنگدانەوەی لە مێدیادا، یارمەتی کرانەوەی باس لە سەر ئیسلام و محەممەد و پەرەپێدان بە توندوتیژی لە ناو لاوان بە تایبەت لە ناو مەدرەسەکان دەدات، کە لە هێندێک شوێن زیاتر لە ٥٠ لەسەدیان منداڵی موسڵمانن.
حامد ئەبدولسەمەد کە خۆی ناوەکەی بە"
کۆیلەی خودا و سپاسگوزاری خودا" مانا دەکاتەوە، لە دەرفەتێکی گونجاودا
گاشەبەردێکی گەورەی خستۆتە ناو گۆمی لیخناوی سیاسەتمەدارانی ئاڵمانییەوە بە
چەپ و ڕاست و ناوەڕاستەوە.
برایم فەڕشی ** بۆ خوێندنەوەی کتێبی ئیسلامی فاشیستی بە قەڵمی نووسەر، کە لە لایەن کاک نادر فەتحی بۆکانییەوە کراوتە کوردی و پێشتر وەک زنجیرە لە ماڵپەڕی بۆکان- ڕۆژهەڵات، بڵاوکراوتەوە، ئێرە کلیک بکەن: http://www.bokan.de/laperekan/nuseran/Shwane/islam/Islami%20faschisti.pdf ********************************************
کەس نەڵێ کورد مردووە!!!
ئەو شارەم پێخۆش نییە و وەختی خۆی لێی هەڵاتووم، بەڵام هەموو ساڵێک بە تاسەوە سەردانی دەکەم! ساڵانی دوور کورد لە پیشانگای ناونەتەوەیی فرانکفۆرت ناوی نەبوو، هەتا ئەوەی چەند نووسەرێک ڕێچکەیان شکاند و ناوی کوردیان بردە ناو پیشانگا، ئێستا ناوی ئەوان نەماوە! سەردەمێک چەند وەشانخانە لە ئاڵمان و سوئید و خانمێکی ڕۆژهەڵاتی بە تەنیا هۆدەی کوردستانیان بەڕێوە دەبرد. ئەوانەش نەمان، ئەوجا لەتە دەوڵەتی سولەیمانی بە هاوکاریی ناوەندێکی کوردی - ئاڵمانی، ڕێگای بۆ کرایەوە، دوای ئەو، هەولێر هاتە سەرخەت!
یەک دوو ساڵ وەشانخانەیەکی باکوور لە
ئەستانبوڵەوە دەهات، بەرپرسەکەی پێیگووتم:" ئەو
ساڵ لە هەموو تورکیا ٨ دانە
کتێب بە زمانی کوردی چاپ کراوە." سەنعەتی کتێب لە وڵاتی ئێمە، بەر لەوەی پێک بێت،داڕزێندرا! کتێب و چاپی کتێب لە باشوور تەنیا بۆ خۆژیاندنی خاوەن وەشانخانەکانە، کە هەرکام بە داوی دیارونادیار، بە حزب و کیسەی دزراوی حکوومەتەوە، بەستراونەتەوە، کە فەرهەنگساز و زانست پێشخەر و ئەدەب دەوڵەمەندکەر نیین!
هۆدەی کتێبی
کوردی کە بە ناوی حکومەتی کوردستانەوە، ساز کرا،
کراوەتە دووکان بۆ سەرفی
پارە، بۆ کۆمەڵە کەسێک. هەر ساڵ بە ناوی کتێب، پلەی
نزمی فەرهەنگ و
تێگەیشتن نیشان
دەدرێ. دووکانێکی بێ کەڵک، بێ بەرنامە، بێ پەیام.
کاتێک ئێمە گەیشتین، مەزهەری خالقی لە
کۆڕێکدا قسەی دەکرد، کە نەمانزانی بۆ چییە، دۆستێک گووتی خەڵات دابەش دەکەن.
ڕۆژی دوایە بەو هیوایە هاتینەوە، چاوێک بە کتێبەکاندا بخشێننین، چەند کەسی تامەزرۆشم لە گەڵ خۆمدا هێنابوو. ئەمڕۆ کتێبەکان گوێیان بۆ سترانی مامەیەکی ڕیش چەرمگ هەڵخستووە، کە لە گەڵ سازەکەی خۆی ڕادەژاند. ئەوەی کە تەواو کرد، بۆ کتێبە مردووەکان، دەستی کرد بە چرینی سترانی کەس نەڵێ کورد مردووە!
نەزاندرا کابرا ڕووی دەنگی لە کێیە و بۆ
کێی دەڵێ؟ نە جەماعەتی خەڵاتدەر و خەڵاتوەرگر و گوێگرانی دوێنێ، لەوێ بوون،
نە بینەر!؟
برایم فەڕشی ******************************************** ژنچزاندن!؟
وەدەرنانی "حەوا" لە بەهەشتی خوا، بە تاوانی سەرپێچی کردن، تاوانی حەوا نەبوو، تاوانی خودا بوو. حەوا هێمای زات و ویستی ئینسان، بۆ ئازادبوون و ئازاد بڕیاردان بوو!
دانەری چیرۆکی ئادەم و حەوا، ژن لە جەستەی پیاودا دەبینێتەوە و زات و بوونی ئەو، بە ئیرادەی پیاو و خودای پیاوەوە، دەبەستێتەوە،هەر بۆیە بە ئیرادەی موسا بەردەباران دەکرێت، بە ئیرادەی محەممەد دەکرێتە بەردەی جینسی و بە ئیرادەی پەیڕەوانی عیسا بە زیندوویی دەسووتێنرێ.
سەرپێچیکردن لە ئیرادەی هێزی ڕێگریی ئازادی، سەرپێچیکردن لە چارەنووسێکی داخراو، مافی هەر تاک و کۆمەڵە کەسێکە.
رێگریی لە ئازادی بە ناوی داب و نەریت، ئایین، فەرهەنگ و قانوون و لەو ڕێگایەوە بە کۆیلەکردنی جەستە و ڕووح لە هەر کۆمەڵگایەکدا، نیشانەی نزمبوونی پڕێنسیپ و تێگەیشتنی ئینسانەکانە! گەر تاقیکردنەوەکانی ئینسان لە تۆی ئایین،فەرهەنگ، زانست، قانوون و فەلسەفە نەگۆڕ بمێنێتەوە، مرۆڤ دەبێتە زیندانی تاقیکردنەوەکانی خۆی!
ئەم تاقیکردنەوانە کە مرۆڤ دەکاتە گوێڕایەڵی بێ ئیرادە, پرۆسەی تەکاملی تێگەیشتن لە مرۆڤدا، تێک دەدا و کردار و مامەڵەی ئاگاهانە بۆ مرۆڤ ناهێڵێتەوە و مرۆڤ دەبێتە پەیڕەو. لێرەوە مرۆڤ لە زیندەورێکی خەڵاقی بیرمەندەوە، دەکرێتە مرۆڤێکی گوێ لە مستی بێ ئیرادە!
لەشی حەوا، بەشێک لە لەش و بوونی ئادەم نییە و ماڵی چێژلێوەرگرتنی جنسیش نییە. لەخۆمارەکردن بە خوێندنەوەی کۆمەڵێک وشەی بێمانا، ژن و لەشی ژن ناکاتە مڵکی پیاو، هەروەک چۆن پێچەوانەکەشی ناکرێ. هاوژینی دوو کەس دەبێ زادەی ئیرادە و مەیل و تێگەیشتنی هەردووک لا بێ، نە بەرهەمی قەولنامەی ئەم ماڵی ئایینی و ئەو ئیدارە، گەر وابێ ئیرادە و مەیل و شعور لە ئینسان دەستێندرێتەوە و پایبەندی بە ماڵی ئایین و ئیدارە، جێگای شعوری ئینسان پڕ دەکاتەوە و ئینسان لە پلەی ئینسانی دەخات! ئەوەی ئینسانی سەدە و هەزارەکان و ئەمڕۆ بە زەبری زۆری ئایین، فەرهەنگ و قانوون گوێڕایەڵ کراون، نیشانەیە لە داکەوتنی شعووری مرۆڤ، دەنا پارێزگاری لە پڕێنسیپ و مافی خۆ و بەرانبەر، دەبوو یەکەم دەرسی مرۆڤبوون بایە.
گەر مرۆڤ خۆی نەگەیاندۆتە ئەم ئاستە، مانای ئەوەیە لە یەکەم پلەی ئینسانبووندا، فەشەلی هێناوە. هەموو فەلسەفە و ئایین و قانوونەکانی دوای ئەم فەشەلهێنانە، نیشانەی شارستانیەتی مرۆڤ نییە، شارستانیەتی مرۆڤ لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە بۆ ئینسانبوون، زەبری زۆری ئایین، قانوون، داب و نەریت و فەرهەنگ لە گۆڕێدا نەبێ!
ژن کە بەردەوام کەوتۆتە بەر تووندوتیژی، وەک مرۆڤ لە درێژەی ژیاندا بێ بەری لە بەکارهێنانی تووندو و تیژی لە گەڵ خۆیان و بەرانبەریاندا نەبوون، ئەوانیش لە تۆڕەی مرۆڤن و بەهرەمەند لە تاقیکردنەوەکانی نەگۆڕی خۆیان بوون. منداڵ لە هەردوو جینس لە کۆش و داوێنێ ئەواندا گۆژ کراون، دەکرا گۆژکراوەکان تاقیکردنەوەی جیاواز وەرگرن، کە وا نەبووە. ژن و پیاو زیندانی تاقیکردنەوە نەگۆڕەکانی خۆیان بوون و هەن، گەر ئاگاهانە سەرپێچی نەکەن و تاقیکردنەوەی نوێ، بەرهەم نەهێنن. زۆرێک لەو کەنیشکانی لە وڵاتی ئێمە لە ناودەبردرێن، تاوانیان سەرپێچیکردن لە تاقیکردنەوەکانی دایک وباوکەکان و ئەژدادیانە!
ئەوەی بەکارهێنانی تووندوتیژی بە گشتی و بە تایبەتی دژی ژنان و منداڵان، تەنیا ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، بەرهەمی پەروەردە، یان بەرهەمی باوەڕی ئایینی بێ، جێگای مشتومڕە. بەو پێیە دەبوو ڕۆژئاوا بێ بەری لە تووندوتیژی بێ، کە وانییە و تووندوتیژی کە فۆرم و وێنەی جیاوازی هەیە، لە ناو قوڵایی کۆمەڵگا و سیستمی وڵات و ستروکتوری حکوومەتەکاندا شاراوەیە. لە وڵاتێکی وەک ئاڵمان ٤٠ لە سەدی ژنان ساڵانە دەکەونە بەر پەلاماری تووندوتیژی لە ناو ماڵ و دەرەوە. لە پێشکەوتووترین ئەیالەتی ئەو وڵاتە ساڵانە ٢٧٠٠٠ ژن دەستدرێژیان دەکرێتە سەر. بەکارهێنانی تووندوتیژی نابێ زاتی ئینسان بێ، بەڵام دەکرێ زاتی ئینسان زیندانی تاقیکردنەوەکان کرابێ!
گەر مرۆڤ( ژن و پیاو) لە فەلسەفەی بوونی خۆی تێگەیشتبا، نەدەبوو کۆیلە بێ، دەبووە مرۆڤێکی ئازاد بێ. ژیان و تێگەیشتن دەکرا ساکار بێ، گەر مرۆڤ ببوایەتە خاوەنی خۆی و مێشکی خۆی. مرۆڤی خۆخاوەن(ژن/پیاو) سەرپێچیکەرە، چ لە باخی خوا، چ لە باخی سوڵتان و چ لە هەر شوێنێک.
برایم فەڕشی ڕۆژێک لە ڕۆژان ********************************************
بێدەنگی پڕ دەنگ!
نەتەوەیەکی پڕ لە""نووسەر و ڕۆژنامەنووس""، کەم نووسەر و ڕۆژنامەنووسە، نەتەوەی کورد!
کەسانێک دوور لە چاو، دوور لە هات و هاوار دەنووسن، وەردەگێڕن و بابەتی بە کەڵک بڵاو دەکەنەوە. ئەوانە نە "پارە" وەردەگرن نە لێرە ولەوێ دەبیندرێن. نادر فەتحی بۆکانی یەک لەو کەسانەیە. ئەو ڕۆژانە دەنووسێ، وەردەگێڕێ و بابەتەکان لە ماڵپەڕی بۆکان- ڕۆژهەڵات بڵاو دەکاتەوە. کارەکانی ئەو تەڕ و تازەن و ستانداردێک دەردەخەن کە لە ڕۆژنامەنووسی کوردیدا نابیندرێ. ئەو پار لە گەڵ دەرکەوتنی کتێبی حامد ئەبدولسەمەد لە سەر ئیسلام، هەفتانە کتێبەکەی بە کوردی بڵاو کردەوە، ئەمساڵ لە گەڵ دەرکەوتنی کتێبی محەممەد ،دەستی بە بڵاوکردنەوەی بە زمانی کوردی کردووە. ئەوە ستانداردی نووسەری بە توانا و پرۆڤسیۆناڵە. دەست و چاوی نادر سەرەڕای ئێشی بەردەوامی شانوپیلی خۆش و لەشی ساخ و وزەی بەرز. بریا مووچەخۆرانی مێدیای کوردی، پچکێک لەو نووسەرانەوە فێردەبوون. برایم فەڕشی
** لینکی بەشی یەکەمی کتێبەکە... http://bokan.de/laperekan/nuseran/Shwane/islam/Mohamad1.pdf
محەممەد و کۆیلەی
سپاسگوزاری خودا!؟
مرۆڤێک کە فێی
لێدەێ، نەخۆشێکی ڕەوانی، بکوژێکی بەکۆمەڵ، دیکتاتۆڕێکی نەخۆش، هەوەسبازێک
و... گەلێک سیفەتی تر، وشەگەلێکە کە حامد
ئەبدول سەمەد بۆ ناساندنی محەممەد و یەکلاکردنەوەی حیساب لە گەڵ ئەو، لە
کتێبەکەیدا، بەکاری دەهێنێ.
ئەو لە وڵاتێک کتێبەکەی
بڵاوکردۆتەوە کە چەند سەدەیە بە شێوەی سیستیماتیک ئیسلام ئادابتە دەکات بۆ
مەبەستی سیاسی. ئیسلام کە قەیسەری ئاڵمانی، بە موسڵمان ناو دەبرد، ئیسلام
کە هاودەنگ لە گەڵ نازییەکان بوو، ئیسلام کە لە ئاڵمان دەرەجەی زانستی
پێبەخشرا و خسترایە چوارچێوەی دەرسی زانستگاکانەوە. ئیسلام کە زۆربەی
وڵاتانی عارەبی و ئافریقایی و ئاسیایی بۆ مەبەستی سیاسی و دنیایی بەکاری
دەهێنن، هەر ئەو ئیسلامەی کە بەوتەی ئەبدولسەمەد لە سەردەمی محەممەدەوە بۆ
ئەو مەبەستە بەکارهێندراوە.
حامد ئەبدولسەمەد لە
کتێبەکەیدا، کە بە ژیاننامەی محەمەدیش ناودەبردرێ، باس لە ژیانی محەممەد لە
مەکە دەکات کە دوور لە شەڕ و تووند وتیژی بووە و لەو ڕێگایەوە سەرناکەوێ
ئایینەکەی پەرە پێبدات، بەڵام کە دەگوێزێتەوە بۆ مەدینە و لەشکری نیزامی
پێک دەهێنێ و دەست بە شەڕ و کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و دیلگرتن دەکات،
دینەکەی پەرە دەستێنێ. ئەوەش هەر هەمان بۆچوونە کە بەر لە حامد گوتراوە و
نووسراوە، کە ئیسلام لە ڕێگای شەمشێر و کوشت وبڕینەوە پەرەی ساندووە. حامد ئەبدولسەمەد دەیەوێ ئەم وێنەیە بشکێنێ، ئەو لە کۆمەڵێک لە وتووێژەکانی دوو هەفتەی ڕابووردویدا، باس لەوە دەکات کە محەممەد مرۆڤێکی زەوینییە و دەبێ ڕەخنەگرانە سەیری بکرێ و کەسایەتی مێژوویی بە پێی مێژوو و ژیانی هەڵسەنگێندرێت، دەبێ کێشانی کاریکاتۆڕ و گاڵتەپێکردنیش نۆرمێکی ئاسایی بێ. حامد ئەبدولسەمەد مرۆڤێکە کە لە لای باوکی کە ئیمام بووە، قورعانی خوێندووە و لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا سەرتاپای ئەو کتێبەی لە بەر زانیوە،ئەو هەتا گەیشتۆتە ئاڵمان، تێکەڵ گروپی ئیسلامی بووە و خۆی پرۆسەی خۆناسینی بەڕێوەبردووە و بۆتە ڕەخنەگری ئیسلام. کتێبی محەممەد بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئاڵمان کە تا کۆتایی ئەوساڵ چاوەڕوانی هاتنی یەک ملیۆن پەنابەر دەکات کە زۆربەیان موسڵمانن، دەتوانێ یارمەتی دابەشبوونی زۆرتری کۆمەڵگای ئاڵمان بدات، لە لایەک سیاسەتمەداران کە بە سەر دوو لایەن دابەش بوون، لە لایەک کۆمەڵگا و لە لایەکی تر مێدیا. هەروەها ئەو کتێبە دەتوانێ گرفتی جیددی بۆ ئەو کۆڕوکۆمەڵانە پێک بێنێ کە بە ناوی ئیسلامەوە لە ئاڵمان قسە دەکەن و سەریان بە وڵاتانی ئیسلامییەوە بەندە، بە تایبەت تورکیا، ئێران و عەرەبستان. ئەم کتێبە و ڕەنگدانەوەی لە مێدیادا، یارمەتی کرانەوەی باس لە سەر ئیسلام و محەممەد و پەرەپێدان بە توندوتیژی لە ناو لاوان بە تایبەت لە ناو مەدرەسەکان دەدات، کە لە هێندێک شوێن زیاتر لە ٥٠ لەسەدیان منداڵی موسڵمانن.
حامد ئەبدولسەمەد کە خۆی
ناوەکەی بە" کۆیلەی خودا و سپاسگوزاری خودا" مانا دەکاتەوە، لە دەرفەتێکی
گونجاودا گاشەبەردێکی گەورەی خستۆتە ناو گۆمی لیخناوی سیاسەتمەدارانی
ئاڵمانییەوە بە چەپ و ڕاست و ناوەڕاستەوە.
********************************************
بڵ نوخبە!؟
لە پشت ڕووخساری زانا وبلیمەت، دەکرێ کەسێکی نگریس خۆی حەشار دابێ! بەرهەمی فکریی و زانستی ئەو کەسانە دەکرێ بە دژی ئینسان بەکار بهێندرێ. لە ڕاستیدا دیکتاتۆڕ ڕووی دەرەوەی نوخبە وزانا و پسپۆڕ نیشان دەدات. بە بێ ئەوانە دیکتاتۆڕ کەسێکی بێ دەستەڵاتە. هۆی مانەوەی دیکتاتۆڕەکان بەر لەوەی هێزی نیزامی و ئەمنیەتی بێ، بوونی ئەو کەسانەیە. ڕەزاشا- مەیتەر، ئاتاتورک - سۆڵدات، سەدام - عەسکەر و خومەینی- مەلا بوو. هەرکام لەوانە بە بێ زانا و پسپۆڕەکان، مەیتەر، سوڵدات، عەسکەر و مەلا دەمانەوە. دیکتاتٶرەکانی جیهان، ماسکی دەرەوەی نوخبەکانن.
لە ئێرانی سەردەمی محەمەد ڕەزا شا، کەسێک بە ناوی مەحموود جەعفەریان، ئوستواری توودەیی، ٥ ساڵ لە بەند دەکرێ. هەڵدەگەڕێتەوە و لێهاتووی خۆی دەخاتە خزمەت ڕژیم. بورسی دانشگای سۆربۆنی پاریسی پێدەبەخشرێ. دوکتور جەعفەریان شارەزاترین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسی، ئێران بوو، کە کرا بە بەرپرسی ڕادیۆ تەلەوزیۆنی ملی ئێران و ڕابەری حزبی رەستاخیز، تەنیا حزبی ئێران!
پەرویز نیکخا، ئەندامی حزبی توودە، داڕێژەری پلانی تیرۆری محەمەد ڕەزاشا بوو. ئەویش پاش زیندان ڕێگای جەعفەریانی گرتە بەر، لە دانشگای مەنچیستری ئینگلستان مەدرەکی موهەندیسی فیزیکی وەرگرت، ئەندامی چالاکی کۆنفیدراسیۆنی خوێندکاران بوو، کە بە دژی شا چالاکیان دەکرد. لە ئێران بوو بە ئوستادی دانشگای پۆلی تەکنیکی تاران، کرا بە مودیری ڕادیۆ تەلەوزیۆنی ئێران. جەعفەریان و نیکخا کرابوونە بەرپرسی هەستیارترین دەزگای حکومەت و تەنیا حزبی ڕەسمی ئێران. هەر دوو دەزگا دوو ماشێنی خاپاندنی خەڵک بوون. هیتلێریش هەر بەو دوو دەزگایە بوو بە هیتلێر، کارێک کە ڕێک ئێستا ئەردۆغانیش دەیکات و سەدان پسپۆڕی کورد لە دەزگای حزب و مێدیا کاری بۆ دەکەن. ئەوەی ئەردۆغان تازە دەستی پێکردووە، ٣٧ ساڵە لە ئێران وەک سیستم کار دەکات و پسپۆڕانی کورد بەشێک لەو سیستمە پێک دەهێنن. لە ڕاستیدا ئەوەی پسپۆڕ و نوخبەی کورد لە ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا کردوویانە و دەیکەن، هەر ئەو خزمەتەیە کە نوخبەکانی ماد بۆ پارسەکانیان کرد، ئەوان دەزگای حکوومەتی پارسەکانیان ئیدارە دەکرد!
لە سەر دەمی محەمەد ڕەزاشا، سەدان لێزان، پسپۆڕ، نووسەر و شاعیر و نوخبەی کورد لە هەموو بوارێکدا، خادمی ڕژیمی پەهلەوی بوون. کەسی وا هەبوو کە لە ڕێگای کتێبەکانیەوە دەیسەلماند کە کورد بەشێک لە فارسە و زاراوەکەشی چلێکی ئەو زمانەیە. هەبوو ئیسباتی دەکرد، سمکۆی شکاک یاغی و تاڵانکەر بووە، ئەوانەش کە کاغەزیان لە سەر قازی محەمەد ڕەش دەکردەوە کورد بوون، کە دواتر خۆیان خزاندە ژێر ڕکێفی ڕژیمی مەلا و لە ناو کوردەکاندا جێگای خۆیان وەک نووسەر و شاعیر و مێژوو نووس کردەوە و ئێستاش بە مامۆستا وپێشکسوەت لە بازنەی "ڕۆشنبیراندا" دەناسرێن. ئەمڕۆ جیاکردنەوەی ئەو کەسانە بۆ خەڵکی ئاسایی و تەنانەت بۆ حزبەکان کە هاوکاری بەرچاوی بەشێک لەو کەسانەیان کردووە و دەیکەن، کارێکی دژوارە. جەعفەریانەکانی کورد کە هێندێکیان دەرچووی دانشگا بەناوبانگەکانی جیهان و ناوخۆی ئێرانن، دەتوانن بە هەموو شێوەیەک تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژە کەنەوە، کورد بخاپێنن و بیانکەنە بارمتەی ڕژیم . ئەوان تەنانەت سەرکەوتوو بوون لە گۆڕینی گوتاری سیاسی حزبەکان، کە ئەمڕۆژانە داوای مافی "فعالیت قانونی" لەو ڕژیمە دەکەن، ئەوان کە لە بەرنامەی سیاسییاندا، باسی ڕووخانی ڕژیم کراوە!
******************************************** شەیتانۆکە!!
کرم، مێشولە و شەیتانۆکە، هەر کام لە نەوعی خۆیاندا تاک تاک دەژین و سرووشت ئەو ئیمکانەی پێنەبەخشیون ئەندامی مێشک ئاسایان هەبێ و تەجروبەی بە کۆمەڵ، وەسەر یەک نێن. ئەوان ژیانیان کورتە و دەستەڵاتی گۆڕینی ژیانی خۆیان نییە. مێشوولە و کرم و شەیتانۆکە، هیچ سوودێکیان بۆ خۆیان نییە، بەڵام ئەو قازانجەیان هەیە ببنە خۆراکی زیندەوەری دیکە. شەیتانۆکە، مێشولە و کرم نە شوێنی حاوانەوەیان هەیە، نە ئەو دەزگایە لە ناو لەشیاندا بەدی دەکرێ کە بیر بکەنەوە یان بە پێی غەریزە، شوێنی حاوانەوە بۆ خۆیان دابین بکەن. مێشولە هیچ شوێنەوارێک لە ژیانی چەند کاتژمێری خۆی، بەجێ ناهێڵێ، بەڵام کرم و شەیتانۆکە لەم ژیانە کورتەیاندا، شوێنەواری ئەو ڕێگایەی پێیدا دەخزێن لە خۆیان بەجێ دەهێڵن، بەڵام هیچ کرمێکی تازە دەرهاتوو، نە بەو ڕێگایە دەزانێ و نە لەو تەجروبەیە سوود وردەگرێ. ئێمە کوردەکان لە کرم و شەیتانۆکە دەچین. ******************************************** کوت کوت
دەمەوێ ببم بە ئەندامی حزبێ، بەڵام نازانم کامیان! هەر کام پچکێ لە ویست و خواستی من داوا دەکا! بەو پچکەش ڕازی نابم.
دەمەوێ لەم گوندەوە بچم بۆ ئەو گوند، هەمووی سێ کیلۆمەترە، لە نێوان هەر دوو سەت مەترێ، سەیتەرەی حزبێ هەیە، جاران بە نیو سەعات ئەو ڕێگایەم دەبڕی، ئێستا بۆ هەر دووسەت مەترێ ئەوەندەم دەوێ.
جاران لە ڕۆژنامەیەکا هەواڵی سەرجەم کوردستانم دەخوێندەوە، ئێستا فریای خوێندنەوەی لاپەڕەکانی حزبێ ناکەوم.
جاران هەموو بنەماڵەکەمان بە دەنگ و باسی ئیزگەیەکی ڕادیۆ تێردەبووین، ئێستا دەیان ڕادیۆ تێرمان ناکا.
جاران هەموو لە دەوری تەلەوزیۆنێ کۆ دەبووینەوە، ئێستا پەنجا تەلەوزیۆن کۆمان ناکاتەوە.
جاران منیش یەک کوت بووم، ئێستا هەر خۆم بە تەنیا چەند کوتم لێبۆتەوە!
نووسەرە مردووبیرەکان، بۆ
کێ دەنووسن؟
لە ناو تابووتی فەیلەسوف، مێژوونووس، پرۆفیسۆر، لە ناو گۆڕستانی زانستگا، مەدرەسە، لە ناو گۆڕی شاعیر، نووسەر و پەیامبەرانەوە، سەریان دەرهێناوە، لە تیانەی بیری مردوواندا قوڵتە قولت دەکوڵێن و بە ناوی بیرمەند وڕینە دەکەن!
ئەوان کە بە تابڵۆکانیانەوە دەناسرێنەوە، بیرکردنەوە لە مێشکی مرۆڤدا دەسڕنەوە و جێگای سەرو ورگ دەگٶرنەوە، سەرێ پڕ لەFit Food و ورگ پڕ لە بیر و هزر. ئەوان مێشک لە ناوەندی تێفکرین ، تێگەیشتن ، تێگەیاندن و تاقیکردنەوە، دەکەنە سوپڕمارکێتی پڕ لە کاڵای مارکدار، بۆ گەرمکردنی بازاڕی گلۆباڵ، کە فەیلەسووف و نووسەر تێدا دەبنە جاڕچی!
لە بازاڕی جارچیان کتێب بۆ ڕابواردن، نووسەر بۆ پێڕابواردن، کات بۆ پڕکردنەوەی تی وی، ڕۆژنامە و سایت و کۆڕ نە بۆ ڕامان، تێڕامان و بیرگۆڕینەوە، نە بۆ بیرکردنەوە. سەردەمی بیرکردنەوە ئانالۆگەکان باوی نەماوە، بۆتە دەرسی مێژوو، مێژووش گۆڕستانێکی پڕ لە کتێبی گنخاوە کە بەکاری پەنیرفرۆش و جارچیانی شۆرمەزە و نۆکاو دێ.
ئەو مرۆڤەی لە کەسێکی بیرمەندەوە بۆتە مەکینەو بەخێرایی ماشێن دەسووڕێتەوە هەتا بەر لەویتر بگاتە شوێنی مەبەست، ڕۆژانە ژیانی لە بازاڕی کێبەرکێدا هەرزانفرۆش دەکرێ، بۆ ئەوەی لە کۆشک و تەلارەکاندا شوێنێک بۆ خۆی بگرێتەوە. لەوێندەرێوە ساتەکانی ژیانی دەژمێرێ بۆ ئەوەی لەبیری نەچێتەوە. ژیان لە سەعاتەکان پێکهاتوە و سەعات و ساڵەکانیش بەرلەوەی بگەنێ، بە سەلەم پێشفرۆش کراون، دەبێ لە بری قەرز بدرێنەوە. هەر لێرەوە مافی مردن و لەکارکەوتنیش زەوت کراوە، دەنا بە فیتویەک کۆشکی ژیان و هیوا وخەیاڵەکان بەسەر بێ خاوەنەکانی کات وساتدا دەڕمێن و بەوەش مرۆڤ لەوەی کە هەیە دەکەوێ. هەر بۆیە خەیاڵ، فانتێزی لە بازاڕەکاندا مراندراون و خەیاڵ و فانتێزی خۆیان لە وەحشتخانەکانی ناو ڕۆمان و کتێب و فیلم و ژیانی ڕۆژانەدا دەشارنەوە. خەیاڵ دەبێتە ژیان و ژیان دەبێتە چاوەڕوانی!
نووسەری ناو کارەساتەکان لە ناو چوارچێوی تابڵۆ خوێناویەکاندا ژمارەی وشەکانی دەژمێرێ، بۆ ئەوەی حیسابی گیرفانی خۆی بێتە دەست. کات دەدۆڕێنێ و ژیان لە بێ مەبەستیدا بە ئیجارە وەردەگرێ، بۆ ئەوەی ژیان بە بازاڕ وخاوەنەکەی ببەخشێ. ئەم کەسانە فەرهەنگ، هونەر، زات، بیر و هزر نافرۆشن دایدەڕزێنن بە خۆشیانەوە!
ئەوانە خۆناسینی ئینسان لە تاکەوە دەگوێزنەوە بۆ پرۆتۆتیپەکان، وەک ئەو جوجەڵانەی لە کارخانەکان چاوهەڵدێنن و هەموویان لە یەک دەچن. هەموویان وەک یەک دەجریوێنن، هەمووشیان بەکات و سات سەردەنێینەوە وڕادەبن، هەتا دەگەنە کۆتایی. ئەمە چارەنووسێکی تراژیکە، کە بە مردنی بیروهزر و کەسایەتی، لە ناوچاوانی مرۆڤ نەنووسراوە، بەڵام پێیدەبەخشرێ، کە خۆی لە نەبوونی خۆیدا، ویستوویەتی. ئەو مرۆڤە نە کاتی بۆ حەسانەوە هەیە و نە پێدەدرێ، ئەو کاتی بۆ بیرکردنەوەش نامێنێ کە بەرهەمی سەر و مێشک و پێناسە و کەسایەتی خۆی بێ! لە جیهانێکی وەها مردوودا، بیری زیندوو کە بەرهەمی سەری زیندوو و مرۆڤی ئازاد بێ، ناگاتە سەر مێزی خوێنەر، گەر وابێ، نووسەرە مردووبیرەکان، بۆ کێ دەنووسن؟!
******************************************** ئای لە من!؟ گەر کتێبەکان هەڵنەدەیەوە، عەرد بۆ دیتنەوەی پێشەی باوباپیرانت هەڵنەکۆڵی، گەر ناوخۆڵەمێشەکانی مێژوو بۆ دۆزینەوەی ژیلەمۆی ژیان نەگەڕێی، گەر " آستە بیای، آستە بری" چ خەمێکت دەبێ، جگە لە خەمی زگ و ژێر زگ و ماڵ و ماشێن و چی وچی؟ نەک مێژوونووسانی عەڕەب و فارس و ترک، مێژوونووسانی کورد و بیانیش وەک ترک و عاڕەب و فارس مێژوویان بۆ نووسیوی، سەریشت بەرزە کە ناوت لە مێژووی ئەواندا گووم بووە!
هێندەیان مێژوو و زمان و فەرهەنگ و خۆت بچووک کردۆتەوە، خۆشت باوڕت کردووە
کە بچووکی.
خۆت باوەڕت کردووە و هەر خۆت کتێبت نووسیوە و دەبێژێ، زمانێک کە لە بەشێک لە ئاسیا و ئافریقا و ئووروپا قسەی پێدەکەن و چەند جار پڕ وشە و پڕ پەیڤ و پروێنەترە لە زمانی فارسی، یەک لە زاراوەکانی زمانی فارسی یە.
هەر
خۆت خۆت بچووک کردۆتەوە، کاتێک بووی بە پەیژەی چوونە سەری عاڕەب و فارس و
ترک، خۆت کیانی خۆت بەوان بەخشیوە و خۆت باوەڕت هێناوە، کە ناتوانی وەک
ئەوان لە ریزێک و پلەیەک دابێ.
هەر خۆت، خۆت بە ئێرانی و عێراقی و سووری و تورکیایی دەناسێنی و تئۆری و
سیاسەتی بۆ دادەتاشی.
نە خودایەک لە ئاسمان بۆ تۆ هەیە، نە لە سەر زەوی. خۆت خودای خۆتی، خۆت!
******************************************** " ئازادی "
لە ناو باڵەخانەی پاڕلەمان لە سەر قەڵای هەولێر هەڵیواسن
با دەنگی نەگاتە قەڵای دم دم و قەڵا گەمارۆدراوەکان!
کەوڵی کەن جام لە دوای جام شۆکەرانی دەرخوارد دەن
با نەبێ بەهەلاج سوقرات و گالیلە
بەشکم گۆی زەوی لە سووڕان بکەوێ کات بوەستێ!
ئەوجا کۆنگرە لە دوای کۆنگرە ببستن
ناوداران سەرخۆش کەن
با هەڵواسراوانی بەڕلین و وین پاوە و کرماشان
سنە سەقز و سابڵاخ لەبیر کرێن!
با خەڵاتکراوان خۆیان لەناو ڕۆحی
خەشایارشا فرووغی و یاسەمی بدۆزنەوە!
بگەڕێن بە ناو چاخەکانی تاریکی
لە ناو دوا تەبەقی زەوی پەرتووکەکان بشارنەوە
ئەنگیزاسیۆن بژێننەوە!
هەرچی کتێبە تا بەڕبەڕۆچکەی ئاسمان هەڵچنن
گڕی دەن با بیر و هزر بکرێ بە خۆڵەمێش
لێ بزانن
لە ناو خۆڵەمێش ژیلەمۆ دەژێتەوە!
******************************************** کۆڵانی ژیان و بێدەنگی!
هەر بەیانی و ئێوارە لەم کۆڵانەوە تێدەپەڕەم، پتر لەو ساڵانەی بە کۆڵانەکانی شارەکەمدا تێدەپەڕیم، گووم دەبووم و ڕێگای ماڵم نەدەدیتەوە. هەر بەیانی و ئێوارە، ژیان لە جەستەی پیر ولاو و منداڵ لەم کۆڵانە دەبینم، لە ئامێزگرتنیان، دەنگ داگۆڕینیان، دەنگی گۆرانی و نەوای سازیان، ڕاوێژی ڕۆژانەیان.
هەر بەیانی و ئێوارە هێدی هێدی دەنگەکان لە کەمی دەدەن. ئەم بەیانییە کزەی پاییزێکی پێشوەخت، لەشی ڕێبوار بەڕێ دەکات، کۆڵان بێدەنگی بێدەنگە، مەلەکان و قاڵاوە ناسیاوەکەش بێدەنگن، کورسییەکەی ماڵبەکۆڵی هەر بەیانی، چۆڵە! کتێب و sudoku و بیرە-شووشەکانی بەجێماون!
********************************************
ئەو کەسەی فێردەبێ، پیر نابێ!
" کچ خوێندنی بۆ چییە؟ شوو دەکا و دەچێتە ماڵە مێرد"، " پیربووی خوێندنت لە چییە!"، " وەشوێن کاسپی کەوە خوێندنی چی!"، " ئەو کتێبە چییە بیست و چوار سەعاتە بەدەستەوەت گرتووە!" زەمی فێربوون، کاریی هونەریی، زانستی لە کۆمەڵگای ئێمە دەکرێ. خوێندەوارەکانیش زەمی خوێندن و کاری درێژخایەن دەکەن. وێنە زۆرە، لێرە وێنەی دیکە لە خەڵکی ئاڵمان دەهێنمەوە، کە لە دوو شەڕی جیهانی وڵاتەکەیان و خۆشیان وێران ببوون، لێ وازیان لە فێربوون نەهێنا.
- لە شاری گیسن لە دەفتەری بەرپرسی فۆلکس هۆخ شولە(خوێندنگەی گەلی) دانیشتبووم، ژنێک لە دەرگای داو پرسی ببوورن، هاتووم فێری زمانی تورکی ببم. بەرپرسەکە دەستی بۆ لای من ڕاداشت و گوتی ئەم کەسە تورکی دەزانێ و ڕێنوماییت دەکات. پرسیم بۆچی گەرەکتە تورکی فێربی؟ وڵامی دایەوە" کچەکەم لە ئەستانبوڵ دەژیی، گەرکمە سەردانی بکەم، دەمەوێ زمانی خەڵکەکەی بزانم". ئەو خانمە تەمەنی سەرووی تەمەنی خانەنشینی بوو.
- ساڵانێک دواتر هەر لەو مەدرەسەیە لە شاری کۆڵن، دەورەی شانۆمان هەبوو، کەسێک لە دەرگای دا و ئیزنی وەرگرت بێتە ژوور، ئێمە لە جەنگەی پڕۆبەکردندا بووین. ئەو خانمە گووتی" لە منداڵییەوە حەزم لە شانۆ وشانۆلیزتن بووە، تا ئێستا کە تەمەنم لە حەفتا لای داوە، دەرفەتم بۆ نەڕەخساوە، ویستم پرسیار بکەم کە دەتوانم لە گەڵتان کار بکەم؟" - هەر لەو مەدرەسەیە لە گەڵ ئەو مرۆڤانەی کە گرفتی ئەندامانی لەش و زیهنیان هەیە، کاری شانۆمان دەکرد، کەسانێک کە بە دژواری قسەیان بۆ دەکرا، کەسانێک کە بە دژواری دەیانتوانی ڕاوەستن، کەسانێک کە بە دژواری دەجولانەوە، کەسانێک کە بە دژواری خۆیان بۆ ڕادەگیرا. بەڵام ئەوانیش فێر دەبوون و هاتنە سەر سەکۆی شانۆ و جوانترین وێنەی ئینسانیان نیشان دا!
- داوام لە بەرپرسانی زیندان کرد، بۆ کاری شانۆ لە گەڵ لاوانی زیندانی. دوای چەند مانگ قەبووڵیان کرد. سێ مانگ لە گەڵ دز و جەردە و چەقۆکێش و مرۆڤکوژ نێوان حەڤدە بۆ بیست و یەک ساڵ، من و خوشکم ژییاین، شیعریان دەهۆندەوە، چیرۆکیان دەنووسی، دۆستی و خۆشویستی و ئەوینیان نیشان دەدا. کە شانۆ ئامادە کرا، مێدیا هاتنە تەماشا. یەک لە زیندانییەکان بە ڕۆژنامەوانەکەی گووت" من یەک ڕستەم هەیە، هەموو کەس پێیوایە ئێمە دوا پییسایی سەر گۆی زەویین، کەچی ئێمەش دەتوانیین کارێک بکەین!
- ساڵانێک لەوە پێش لە ناو میترۆ ڕووبەڕووی کەسێک دانیشتبووم، کە بەردەوام کارتەکانی ناو دەستی دەگۆڕیی و لە بەر خۆیەوە ورتە ورتی دەکرد، کە سەری هەڵهێنا و چاوی بە من کەوت زانی، بە سەرسووڕمانەوە سەیری دەکەم، بزەییەکی هاتێ و گووتی“ لەوەتی خانەنشین بووم، فێریی زمان دەبم، تا ئێستا بیست و چەند زمان ئاوا فێر بووم“!
- دوو ساڵ لەوە پێش هاوکارێکم بۆ بینینی شانۆکەی بانگی کردم، بە ئانقەست منداڵ و پیرێژن و پیرەپیاوی بۆ کار لە گرووپەکەدا هەڵبژاردبوو. پیرێژن نزیک هەشتا ساڵ دەبوو، دەوری کەنیشکێکی حەڤدە ساڵەی دەبینی. لە سەر سەکۆی شانۆ منی بینەر ئەو پیرێژنەم بەدی نەکرد، ئەو ببووە کەنیشکێکی حەڤدە ساڵان، جولەی، هەڵسوکەوتی، قسەکانی، هەستی، هەموو حەڤدە ساڵانە بوو، جگە لە چرچەکانی ناوچاوانی!
- چەند مانگ لەوەبەر ژن و پیاوێک هاتنە ژوور، گووتیان ئێمە نیوەی ساڵ لە ئیرلەند دەژیین و نیوەکەی دیکەی دێینەوە کۆڵن. بیست ساڵە ئەو کارە دەکەین، ئینگلیسیش نازانیین. ئێستا گەرەکمانە بزانیین "تابلێت، ئای پاد و تەلەفوون دەستی" چۆن بەکار بێنیین بۆ کەڵکوەرگرتن لە پرۆگرامەکانی تەرجوومە و دیلمانجی ڕاستەوخۆ. ژنەکە تەمەنی حەفتا و شەش و پیاوەکە تەمەنی حەفتاوهەشت ساڵ بوو. - چەند هەفتە لەوە بەر، خانمێک بە گۆچانەکەیەوە وەژوور کەوت، وەک خانمانی دەیەکانی پەنجای ئووروپا قسەی دەکرد، دانیشت و خۆی ناساند و گووتی تەمەنم هەشتا و حەوت ساڵە، هاتووم فێری کامپیۆتێر و ئینترنێت ببم!
******************************************** لە گەمەی دامە وە، بەرەو تەختەی شەترەنجی سیاسی!
سەرباز و ئەسپ و فیل و وەزیر و قەڵا، هەر کام بە فۆڕم و جولەی خۆیانەوە لە سەر تەختەی شەترەنج لە پێناو سەرکەوتن و پاراستنی کیان, بە پێی ستراتێژی و تاکتیک بەکاردەهێندرێن.
بە پێچەوانەی شەترەنج، لە گەمەی دامە، سیستەمی گرێدان و هاوکاریی مۆرەی جیاواز بۆ یەک مەبەست، واتە پاراستنی کیان(پاشا) و سەرکەوتن لە گۆڕێدا نییە. ئەرک و شێوەی جولە و ڕواڵەتی مۆرەکان وەک یەکن، مۆرەکان هیچ ڕواڵەتکێان نییە و دەتوانن هەر شتێک بن، هەروەک چۆن مەیدانی گەمە، دەتوانێ هەر شوێنێک بێ. ئامانج لە کێبەرکێی نێوان مۆرە یان خاوەن مۆرە، بوون بە ئاغایە. بە پێچەوانەی شەترەنج، هەر مۆرەیەکی دامە بۆی هەیە ببێ بە ئاغا، ئاغاکان شەڕی یەکتر دەکەن بۆ سەرکەوتن بە سەر یەکتردا. کاتێک لایەنێک تەنیا یەک مۆرەی لە مەیداندا مایەوە، دەبێتە داشە هارە، واتە سەرجەم یاسا ژێر پێ دەخرێ و داشەهارە دەتوانێ قەلەمباز بدا و دەوری ئاغا بگێڕێ. کە هیچ لا سەرنەکەوتن و یەک مۆرەیان لە مەیداندا مایەوە، مەیدان بۆ تەڕاتێن بە شوێن یەکتردا دەکرێتەوە، بە بێ ئەوەی گەمە سەرئەنجامی هەبێ. لە گەمەی دامە، کیان و پاراستن و ئەرکی گشتی بوونیان نییە، ئەوەی هەیە، کێبەرکێی نێوان مۆرە و لایەنەکانە بۆ بوون بە ئاغا و سەرکەوتن بە سەر ئەویتردا! خەڵکی بێ کیان لە ناو شەترەنجی سیاسی جیهان دەوریان نییە، گەر هێندرانە ناو گەمە، ئەرکی پاراستنی کیانی ئەم و ئەوەیان پێدەسپێردرێ! بە "بیر و ئامانج و تێگەیشتن و مێتۆدی دامە" لە سەر تەختەی شەترەنجی سیاسی، گەمە ناکرێ.
* دامە گەمەیەکی کۆنی کوردییە. ******************************************** " ئازادی "
لە ناو باڵەخانەی پاڕلەمان
با دەنگی نەگاتە
کەوڵی کەن
با نەبێ
بەشکم گۆی زەوی
ئەوجا ناوداران سەرخۆش کەن
با هەڵواسراوانی
سنە
با خەڵاتکراوان
خەشایارشا
بگەڕێن
لە ناو دوا تەبەقی زەوی
ئەنگیزاسیۆن
هەرچی کتێبە
گڕی دەن لێ بزانن
لە ناو خۆڵەمێش
********************************************
ماڵ...بەکۆڵ
پیاو: " هەڵگەڕینەوە ماڵ خۆمان، ئێرە خۆش نییە". ژن : " ئێمە هاینە ماڵ خۆمان!" پیاو: " نا، هەڵگەڕینەوە گەڕەکی خۆمان، ئەوسا وا هاوسای ... بووین!" ژن : " باوە ئەوە ٥٠ ساڵ بەر لە ئێستە بوو".... (ڕ.خ، ه.س). **** دەرسی قورعانی پێدەگوتم، کەچی من نوقمی تەماشای قامکەکان و گڵی ناو دەستی بووم، لە ناکاو تاووس، چۆلەکە، سۆنەی ڕەنگاوڕەنگ لە ناو دەستی دەبوون بە مۆدنە. کە زانی کتێب دەخوێنمەوە و مەیلم بۆ خوێندنەوەی کتێبی کوردی هەیە، بە دزییەوە هەفتەی کتێبێکی بە دوو قران بە کرێ دەدامێ. ڕۆژێک لە گەڵ دەرگای داخراوی کتێبفرۆشییەکەی ڕووبەڕو بووم. ڕاپێچی ساواک کرابوو، لە سەر کتێبێک بە ناوی"فڕی فری قەل فڕی". *** تاکە بیانی ناو مەدرەسە بووم ، مەگەر لە گەڵ خۆم بە کوردی قسەم کردبا! ئێوارەی پێنجشەمان خۆم دەگەیاندە خەیابانی شەهناز، شوێنی قەرەباڵغی شار. جارناجار سەردانی موسافرخانە، سەربازخانە و دانشگام دەکرد، کەس نەبوو بە کوردی لە گەڵی بدوێم. لە کلینیکی دانشگا، لە پشتەوە چاوم بە پیاوێکی کەواوپانتۆڵ لە بەر و مێزەربەسەر کەوت، بە کۆڵ دەبردرا، بە ڕاکردن خۆم گەیاندنێ، کۆڵبەر، دوکتور ج. شەفیعی بوو! *** کاتێک پێم گوت " پیراهنتو عوضی پوشیدی"، گەڕاوە و گوتی "عوضی خودتی." چەند ڕۆژ دواتر، دوو کوڕی هاوتەمەنی خۆم هاشم لە کرماشان و محەممەد لە مەسجد سولەیمانەوە گەیشتنە ژوورەکە، کە شازدە کەسی تێدا بوو. هاشم بە ئیفلیجی لە دایک ببوو، هەر ساڵ هاوین دەهاتە نەخۆشخانەی سینا، بەشێک لە لاقیان ڕاست دەکردەوە. محەممەد لە هەرکمان کوردتر بوو، بە کرمانجی قسەی دەکرد و سەرجەم نەخۆشخانەکەی لە سەر سەری خۆی دەگێڕا و بە زەمین و زەمانی دەگوت" من کوردم".
ئەو سێ کەسە کە هیچمان تەمەنمان لە ١٦ تێنەپەڕیبوو، سێ هێندەی خۆمان وزەمان کەوتبووین. هاشم سەرتاپای لەشی ژان بوو، کەچی کوردییەکی پڕ لە تەنزی بەکار دەهێنا و کابرای"پیراهن عوضی" بۆڕ دابوو، وستەی لێوە نەدهات. ڕۆژێک لە حەساری نەخۆشخانە ناسر مەسعوودی گۆرانیبێژ لە سەر برانکارد، بەرەو بەخشەکەی دەبردرا، ئێمە کە بەدار شەقە و چەرخ دەهاتین و دەچووین، خۆمان گەیاندێ، هاوار هاواریی بوو، محەممەد کە دەنگی خۆش بوو، وەشوینی کەوتبوو ئەو گۆرانیەی دەگووت، " ئای برآنکارد بیارید، منو روش بذارید..." *** دەمێک نە گوێم لە کوردی گوتن ببوو، نە کوردێکم چاوپێکەوتبوو، لە ناو بووسی دوو تەبەقە دانیشتبووم و بەرەو شوێنی کار، پرۆبەی شانۆ دەچووم، لە پڕ چاوم بە کەسێک بە جل وبەرگی کوردییەوە کەوت، ڕامکردە خوارێ و وەشوێن کابرا کەوتم و گرتمەوە، چای عێراقی دەفرۆشت، گوتی لە ئاوارەکانی ساڵی ١٩٧٥ ی باشووری وڵاتە! *** بە گەسکەکەی وڵاتی دەماڵی و خۆڵەکەی دەڕشتە ناو فەرغونەکەی، پانتۆڵی کوردی لە بەردا بوو، لێی نزیک بووینەوە، کاکە کوردی؟ لە جێدا ڕاچەنێ، ئاوڕی داوە. فرمێسک بە لاچاویدا هێدی هێدی دەهاتە خوار. گەسکی فڕێدا، دەستی لە ناو دەست نام، لە ئامێزی گرتم، ئەم لاو ئەولای ڕامووسیم و دەمێک لە ناو باوەشمدا مایەوە. یەک وشەی لە زار نەهاتە دەر. ئێرە تورکمەن سەحرا و ئەو کۆنە پێشمەرگەی "شۆڕش" بوو! *** بە نهێنی لە ورمێ دەژیام، پێش ئەو لە تەورێز بە نهێنی ژییابووم و جار بەجار خۆم دەگۆڕی و سەری شەقامی شەهنازم دەدا، رۆژێک لەو ڕۆژانە دوو هاوکلاسی ڕووبەڕووم دەهاتن، دڵم تامەزرۆی دیتن و لە ئامێزگرتنیان بوو، بەڵام قیت قیت لە پەنایانەوە تێپەڕیم. منی قاچاخ، خۆشم پێم لە هەستی خۆم دەنا! لە ورمێ هەمان بەسەرهات لە گەڵ هاوکلاسییەکی تر دووبارە بووە، ئەمجار، بە ڕاستی لە بارودۆخێکی ناخۆشدابووم، بە ڕواڵەت و بە پێی بەرگە عێراقی بووم. هاوکلاسییەکەم وەک ئەوەی بزانێ چی لە دەروونمدا دێت ودەچێ، گوتی، بە تراکتۆر هاتووم و بە شوێنێکدا دەتبەمەوە ناو شار و دەتهێنمەوە، بە بێ ئەوەی کەس پێی بزانێ. *** هەر لە سەردەمی مەگیرانی دابووم لە ناکاو لە بەر دەرکی کتێبفرۆشی نیل لە تاران، خۆم لە باوەشی نوسرەتوڵا سەیافی دیتەوە. گوتی، خالو بەهرام دڵم گیراوە، دەمەوێ بڕۆم بۆ ناو پێشمەرگە! نووسرەت نووسەر، فیلمساز،شانۆگێر، دڕاماتۆر، دەرهێنەری شانۆ و تەلەوزیۆن و دانەری تەلەشانۆی کورد بوو. ئەو دڵ و دەروون و مێشکی لە لای خۆی نەبوو، هەر بۆیە زۆر زوو بوو بە میوانی خاک لە سووچێکی کرماشان. *** هێشتا ڕژیمی شا نەڕووخابوو، لە ناو قەتار بەر لەوەی بگەینە شاری وان لە ناو ژوورێکی داخراو لە گەڵ کوردێکی ئەم بەشەی کوردستان ڕووبەڕو بووم، هەم زمانەکەی و هەم ناوەکەی یاساخ بوو. هەستی هەرکمان چی بوو، با بمێنێ، نازانم ماوە یان وەک هەزارانی تر کوژراوە. ئەو یەکێک لە سەرانی ئەو گرووپە بوو کە دواتر بوون بە پارتی کرێکارانی کوردستان. چەند ساڵ دواتر لە چایخانەیەک هەر لە ئەستانبوڵ دانیشتبووین، من و هاوڕێکەم بە کوردی دەدواین، چاپەز کە گوێی لە قسەکانمان بوو، لێمانی پرسی کوردن، بەر لەوەی وڵام وەرگرێتەوە، پرسی، حزبی دێموکرات چ دەکات؟ *** لە مێژ بوو کوردم نەبینیبوو، سەعات نزیک یازدەی شەو لە ماڵ هاتمە دەر، هێشتا تەواو لاقم لەو دیوی درگا نەترازابوو، بە بیستنی گۆرانی کوردی حەپەسام، شوێنەکە ماڵی خوێندکاران بوو، ئێمە لە قاتی ١٧ دەژییان. سەرم هەڵهێنا کەسێک لە پەنجەرەی ژوورەکەیەوە سەری دەرهێنابوو، بە سۆزەوە بە دەنگی بەرز، گۆرانی خاڵە ڕێبواری دەچڕی، دەبێ ئەویش یەک لە تاکەکانی کورد، لە شاری فرانکفۆرت بووبێ. *** لە مۆسکۆ بە شوێن ئادرەسی دوکتور مستەفا شەڵماشی دا دەگەرام، نازانم چۆنی لە باوەش گرتم و چۆنی ڕاموسیم، دوای دەیان ساڵ تازە بە تازە چاوی بە کوردێکی خۆی گوتنەی، لای خۆمان دەکەوت. ئەو دیویست لای ئەو بمێنمەوە و نەگەڕێمەوە بۆ ئاڵمان. چی لە مێشکی دابوو نازانم. چەند ساڵ دواتر هەواڵی مەرگی، لە بێدەنگیدا بڵاو کرایەوە. *** لە کۆڵن گوێم بۆ بەرنامەی نەورۆزی ڕادیۆ ئامریکا بە زمانی فارسی شل کردبوو، کە چەند ساڵ بوو دامەزرابوو، خەڵک تەلەفونیان بۆ دەکردن و بە فارسی پیرۆزباییان دەکرد. لە پڕ دەستم بۆ تەلەفونەکە برد و ژمارەکەیانم گرت و دەسبەجێ گرتی و لە گەڵ ژووری بڵاوکردنەوە گرێدرا و "فەرەح ئەندوز" گوتی،" بهرام از آلمان"، هەر بە بێ سێ و دوو، بە زمانی دایکم پیرۆزبای نەورۆزم هەنارد بۆ وڵات، بۆ نیشتمان، بۆ زێد! *** ئەو لە خێڵی هونەرمەندانی موسیقا بوو، لە سەربانی ماڵێکی چەند نهۆم ژوورێکی هەبوو، کە لە ڕاستیدا بۆ عەمبار سازکرابوو. زۆرێک لە شەوانی پێنجشەممە هەرکمان تا درانگانی شەو بە نەوای موسیقای کوردی، کە ئەو وەستایانە بە کەمانچە دەیژەند، شەومان دەگەیاندە درانگان. سەعید تازە لە سنە پاش کۆتایی پشووی نەورۆز گەڕابووە، گێڕایەوە ئەو و باوکی بەیەکەوە خەریکی ژەندن بوون، ئەو نووقمی ژەندنی خۆی بووە و دەنگ لە باوکی نابیستێ، کە لا دەکەتەوە، ملی باوکی بە سەر سازەکەدا لار بۆتەوە. سەکتە دڵی وەستاندبوو!
*** لە بێلگراد بووم... واز بێنم باشترە، داستانی کوردان نابڕێتەوە …
شازدەی ئاگۆست دووهەزاروپازدە
دوو سێو : ئازادی - بڤەکان حەسارێک بە داری سێو، هەرمێ، ترێ، هێلانەی چۆلەکە و پاساری و کەروێشک کە بن دیوار و عەرزیان بنکۆڵ کردبوو. مریشک و کەڵەباب و قازو مراوی و کۆترە ماڵی لە حەسارێکی تر، دوور لە داری سێو و هەرمێ و ڕەز و هاوسای گا و مانگا و گوێلک، هەمووی لە ناو ماڵێکی ناو شار نە لە گوند. چۆلەکە و قشقەڕە و پاساری دەکەوتنە گیانی ترێ و قۆرە، کەس باسی نەدەکردن. پشیلە بە سەر دار و دیواردا هەڵدەگەڕا و سێو و هەرمێ بەردەداوە و دەکەوتنە بەر پەلاماری کەروێشک، پیشلە وەک ئەوەی تۆپێن بکەن سیویان خول دەدا هەتا دەکەوتنە ناو حەوزەکە. پیشلە تلی تلیان بوو کەس باسی نەدەکردن، ئەو ڕۆژەش کە کەوتنە سەر هێلانەی پاسارییەکان و پەڕ و باڵیان و حەوا کەوتن، کەس بیرازی نەکردن و خوێنی پاساری بە فیڕۆ چوو. خۆم پێڕانەگیرا بە فێڵێک سەردەستەی پیشلەکانم کێشایە ناو ژوورێک و دەرگا و پەنجەرەم کپ کرد و جاوەر بە دار بەکەوە گیانی، پیشلە زیڕەی دەچوو ئاسمان و کەس نەبوو، فریای بکەوێ، کە شل و کوت بوو، هاویشتمە ناو تەلیس و بردم لەو بەری سیلۆ لە دەرەوەی شار بەڕەڵام کرد. کاتێک گەیشتمەوە ماڵێ، دیتم لە سەر دیواری حاسارێ پیاسە دەکات! پشیلە، کەروێشک، چۆلەکە، قشقەرە، مێرولە هەموویان ئازاد بوون، چی بکەن و چی نەکەن. بە من گوترا بوو، ئیزنت نییە دەست بۆ سێو بەری و لە داری بکەیەوە، نەک ئەوە سەدان شتی دیکە لێم حەرام و بڤە بوو. مێشکم پڕ کرا بوو لە ترس، ئەگەر ئەو کارە بکەی خودا وات لێدەکا و وات پێدەکا، ئەوەندەی لە خودا دەترسام لە پاسەبان و ئاژان و حەمە شێت و خەجە شێت نەدەترسام. دەیانگوت خەڵک دەسووتێنێ، ئەگەر پیاو و منداڵ کاری خراپ بکەن سیرەتیان دەسووتێنێ. نەمدەوێڕا بڵێم ، ئەو چکاری بە سیرەتی من داوە! شەوانە لە ترسی خودا و جەحەندەم خەوم لێنەدەکەوت، من لە ئەلهاکی دێو و هەموو دێوەکانی دیکە کە لە حەکایەتەکانی خاڵمدا باسیان دەکرا نەدەترسام، لە سەگە دڕەکانی پشت ماڵانیش نەدەترسام، لە سەلتەنە عەجەمیش کە دایم دەینەڕاند و جنێوی دەدا و جار جار زۆڕە زۆڕ دەگریا، نەدەترسام، لە کەس لە کەس نەدەترسام لەو نەبێ. دواتر لە مەدرەسە زانیم هەر ئەو ئیزنی نەداوە دایە حەوا دەست بۆ سێو بەرێ و لێی بە قیندا کەوتووە و هەرکیانی لە باخەکەی دەرکردووە، باشە باخەکەی ئێمە بە باخەکەی ئەو چی! بۆچی لە باخەکەی ئێمە سێوچنینن یاساخ بوو؟ بەیانی زوویەک هەستام و لە پێپلیکان هاتمە خوار و لە داڵانەکە تێپەڕیم و خۆم گەیاندە حەسار و بە دار و بەرد کەوتمە گیان دار سێو، یەک بە دوای یەکدا بەر بوونەوە، جوانترین و خروخۆڵترینیانم هەڵگرتەوە و چووم لە بەر ترومپاکە جوان شوشتمەوە و دەستم کرد بە خواردن، تامی هێندە خۆش بوو، ئێستاش زارم ئاو دەکات. دوو دانە سێوی دیکەم خستە گیرفانم و وەک زۆر ڕۆژی تر چوومە حەساری پشتەوە و هێدی هێدی لە نەردیوان چوومە سەرێ بۆ ئەوەی سەیری ورچەکانی ناو حەساری کاروانسەرای کەیکاووس بکەم و لەو سەرەوە سێویان بۆ حەوا دەم، لە سەر سەربان دیتم کچی جیرانەکەمان وەک زۆر شەوانی هاوین خەوتووە و چارشێوێکی سپی گوڵوردی بە خۆی داداوە، کە گەیشتمە سەر دیوار لە بن چارشێوەکەوە سەیری دەکردم، بە قامک گوتی وەرە، لێی نزیک بوومەوە، لە باوەشی گرتم و چارشێوەکەی بە سەر هەرکمان دادا. سێوەکانم لە گیرفان دەرهێنا و نامە ناو دەستی، ئەوەیش بە هەموو هێزی منی گووشی، سێوەکانی خۆی کەوتبوونە سەر دەمم، گەرم و خۆش و نەرم بوون. برایم فەڕشی ڕۆژێک لە ڕۆژان
********************************************
|