ئه‌نوه‌ر سوڵتانی کێیه؟
ره‌نگه دژوارترین کاری نووسین، نووسین له سه‌ر که‌سێک بێ. دژواری کاره‌که‌ش له‌وه‌دایه که بتوانی راستگۆیانه و دوور له پێداهه‌ڵگوتن، تانه وتوانج، یان کڕنۆش بردن، زمان و پێنووس به کار بێنی.
ئه‌نوه‌ر سوڵتانی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که له نزیکه‌وه دیناسن، مرۆڤێکی تایبه‌ته، تایبه‌ت له لایه‌نی ئینسانییه‌وه، تایبه‌ت له لایه‌نی که‌سایه‌تییه‌وه و تایبه‌ت له لایه‌نی کار و کاری نووسینه‌وه.
ساڵانێکه ئێمه له ماڵپه‌ڕی بۆکان – رۆژهه‌ڵات داوای لێده‌که‌ین کورته ژین نامه‌یه‌ک بۆ ماڵپه‌ره‌که بنووسێت، هه‌موو جارێک له وڵامدا ده‌یگوت " چیم هه‌یه بینووسم"؟! ئه‌م دووره‌په‌رێزییه بۆ نه‌نووسینی ژین نامه ته‌نیا تایبه‌ت به کاک ئه‌نوه‌ر نه‌بووه و به‌ڵکه زۆربه‌ی زۆری نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی ناسیاو و نه‌ناسیاوی بۆکانی ده‌گرێته‌وه. ره‌نگه زۆر له نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی کورد له هه‌موو کوردستان ئاوا مامه‌ڵه له گه‌ڵ خۆیان بکه‌ن! ئایا ئه‌و بۆچوونه پێوه‌ندی به که‌سایه‌تی و کوردبوونی ئێمه‌وه هه‌یه؟ ره‌نگه له سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه بکرێ زۆر بگوترێ و زۆر بنووسرێ، به‌ڵام ئێمه ناچینه ناو ئه‌و باسه‌وه و خۆشحاڵین که کاک ئه‌نوه‌ر ئه‌و ته‌لیسمه‌ی شکاند.
نازانم چه‌ند جارم ئه‌و کورته ژیاننامه‌یه خوێندۆته‌وه، به‌ڵام ده‌زانم چه‌نده‌م چێژ لێ وه‌رگرتووه. کاک ئه‌نوه له نووسینه‌که‌یدا زوڵمی زۆری له خۆی کردووه و کار وژیانی خۆی له چاو که‌سانی دی به که‌متر زانیوه، ئه‌وه‌شی کورد گوته‌نی به ته‌عاروف نه‌گوتووه و باوه‌ڕی وایه. له رێگای ئه‌و کورته ژیننامهیهوه له گه‌ڵ ده‌روونی مرۆڤێکی دڵ پڕ له که‌یل وخۆشه‌ویستی به‌رانبه‌ر به ئینسان و ئینسانی کورد و نیشتمان ئاشنا ده‌بین، که له راستیدا ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاکاری رۆژانه‌ی کاک ئه‌نوه‌ره، ئه‌وه‌ش یه‌کێکی دیکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌نوه‌ر سوڵتانییه که کردار و گوفتاری یه‌ک ده‌گرنه‌وه.
من ماوه‌ی سی ساڵه له نزیکه‌وه کاک ئه‌نوه‌ر ده‌ناسم و له زۆربه‌ی قۆناغه‌کانی ژیانی سی ساڵی رابوردویدا له گه‌ڵی بووم و ساڵانێکیشه هه‌موو شه‌وێک ئه‌و له له‌نده‌ن و من له کۆڵن له پێوه‌ندی به‌رده‌وامداین، هه‌ربۆیه ده‌زانم کورد به بوونی ئه‌نوه‌ری سوڵتانی و که‌سانی وه‌ک ئه‌و، خاوه‌نی چ سه‌رمایه‌یه‌که!
هیوادارم کاک ئه‌نوه‌ر هه‌ر ده‌م شاد و بێ وه‌ی بێ و به‌روبوومی زۆرتر بێت و سایه‌ی له سه‌ر سه‌ری هه‌موو ئێمه، به تایبه‌ت بۆکانی گه‌ل و سه‌قزی گه‌ل و سنه‌یی گه‌ل* و ماڵپه‌ڕی بۆکان – رۆژهه‌ڵات و هه‌موو کورد که‌م نه‌بێ.
برایم فه‌رشی
له لایه‌ن نووسه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ری بۆکان/موکریان/رۆژهه‌ڵات
* کاک ئه‌نوه‌ر له بۆکان له دایک بووه، خۆی گوته‌نی بنه‌چه‌کی سه‌قزییه و هاوسه‌ره‌که‌شی سنه‌ییه و دڵیشی بۆ هه‌موو وڵات لێده‌دا.
ژین نامه‌یه‌کی کورت
به گوێره‌ی ناسنامه، ناوم "محمد انور سلطانی بوکانی"یه، به‌ڵام کورتم کردۆته‌وه و به "ئه‌نوه‌ری سوڵتانی"یەک قانعم! نازانم که‌ی له دایک بووم به‌ڵام به گوێره‌ی ناسنامه بۆر، ده‌بێ له 2 / 1 / 1323 [22/3/1944] ساڵێک پێش دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له بۆکان له دایک بووبم. دایک و باوکم ئامۆزا و له بنه‌ماڵه‌ی محه‌مه‌د سه‌قزی بوون، دایکم له لایه ن دایکه‌وه خه‌ڵکی ئاڵتوونی لای سه‌قزه - که وابوو، به بنه چه‌ک سه‌قزیم.
باوکم، میرزا عه‌بدوڵڵای خه‌یات، کوڕی حاجی ئه‌حمه‌د- پیاوێکی هێدی و بێ ده‌نگ به‌ڵآم دژ به ئاغا و ده‌ره‌به‌گ! ئه‌وه چاره‌نووسێکی سه‌یره، میرزا عه‌بدوڵڵا، به‌رگدرووی تایبه‌تی هه‌ر ئه‌و ئاغاواته بوو که ئاوا خۆشی ده‌ویستن! دایکیشم، ئامینه خانمی محەممهدیان- گه‌رچی له ماڵه بابێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، به‌ڵام هه‌ست و بۆچوونێکی هاوچه‌شنی هه‌بوو، واهه‌یه شوێنی باوکم و کاکمی له‌سه‌ر بووبێت. کاکم - عومه‌ری سوڵتانی(وه‌فا) شاعیرێکی داهێنه‌ر و که‌سایه‌تییکی چه‌پی دژی ده‌ره‌به‌گ بوو، بۆکانیش به دووسێ شت ده‌ناسرا، حه‌وزه‌گه‌وره و حه‌سه‌ن زیره‌ک و ئاغاواتی زاڵمی زۆردار، ناڵه‌شکێنه شیان له‌گه‌ڵ!
بنه‌ماڵه‌که‌مان له‌وپه‌ڕی هه‌ژاریدا بوو. باوکم به منداڵی باوکی له‌ده‌ست دابوو و ببوه سه‌رپه‌رشتی سێ خوشک و گه‌وره‌ی ماڵ، پاشانیش خاوه‌نی ژن و منداڵ، ئه‌ویش نه‌ک یه‌ک و دوو، بەڵکوو چوار: کاکم، من، حه‌لیمه و رووناکی خوشکم. ئێستا له‌و هه‌موه، هه‌ر خوشکێکم بۆ ماوە و دڵم به‌و خۆشه - گه‌رچی ٣١ ساڵه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتم و تەنیا چوار ساڵێک پێش ئێستا لە هەولێر چاوم پێی کەوت. لێره له له‌ندن له‌گه‌ڵ هاوسه‌رم (نه‌سرین برنا) و دوو منداڵم (ئالان و جوان) ده‌ژیم. نه‌سرین گه‌لێک له‌گه‌ڵم باشه و جێگه‌ی که‌س وکاری له ده‌ست چووی بۆ گرتوومهتەوه. ئالان ٢٧ ساڵان و جوان ٢٤ ساڵانه. هه‌ر ئه‌وه‌نده و ئیتر هیچ!
خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیم له بۆکان بووه و تا پۆلی ١٠م له‌وێ خوێندوه، ئه‌وده‌م له پۆلی ١٠ زیاتر له بۆکان نه‌بوو، ئه‌ویش ته‌نیا بۆ کوڕان. پاشان ساڵی ١٣٣٩[١٩٦٠]چوومه دانشسه‌رای موقهددهماتی ورمێ، و ساڵی ١٣٤١[١٩٦٢] بووم به مامۆستای قوتابخانه و نێررامه گوندی "باغلووجه" که ئه‌وده‌م سه‌ر به بۆکان بوو، پاشانیش گوندی سه‌را و بوغده‌که‌ندی. هاوینی ساڵی ١٣٤٤[١٩٦٥] له‌گه‌ڵ زۆرێک مامۆستای کوردی بۆکان و مه‌هاباد و سه‌رده‌شت و بانه و سه‌قز به فه‌رمانی خانم "فرخ رو پارسا" جێگری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی ئێران، له کوردستان شاربه‌ده‌ر کرام و بۆ ماوه‌ی 8 ساڵ له وڵات دوور خرامه‌وه (دوو ساڵ له ئه‌راک و 6 ساڵ له شه‌هری ره‌ی نزیک تاران). ساڵی ١٣٤٧[١٩٦٨] بە بەر دەرس گوتنەوە چوومه زانکۆی ئه‌ده‌بی زانستگه‌ی تاران و لیسانسی مێژووم وه‌رگرت. له‌و ماوه‌یه‌دا له ناحیه ١٣ی په‌روه‌رده‌ی تاران کارم ده‌کرد و ماڵیشم هه‌ر له تاران بوو. ساڵێک دوای زانستگه گیرام و له کۆتایی ساڵی ١٣٥٣ [١٩٧٤]دا ئازاد کرام. ئه و ماوه‌یه له زیندانی "کومیته ی ضد خرابکاری" و "قزل قلعه" و "ئێڤین" و "قه سر" بووم - هه‌ر چواریان له تاران. ئێمه دوایین که‌سانێک بووین که له قزل قه‌لعه زیندانی کرابوین. رۆژێک هه‌موومانیان سواری ئوتوبۆس کرد و بردیانین بۆ ئێڤینی تازه - که ئه‌ویش تازه دروست کرابوو، قزل قه‌لعه‌ی پشت خیابانی ئەمیرئابادیشیان به قوڕ گرت و کردیانە مەیدانی میوە و سەوزە فرۆشتن. له زیندان گه‌لێک که‌سایه‌تی ناسراوی سیاسی ئێرانم ناسی.
دوای زیندان و مه‌حکووم بوون له دادگای نیزامی، نه‌یانده‌هێشت بچمه‌وه سه‌ر کاری مامۆستایی. چه‌ند مانگێک له بۆکان و له دووکانی کاکم کارم دەکرد، پاشان کاک جه‌لیلی گادانی – کاری راست بێت، کارێکی له شیرکەتی "انبارهای عمومی ایران" لقی ته‌ورێز بۆ دیتمه‌وه و له‌وێ بووم به جه‌نابی مودیری ئیداری بەشی ئازەربایجانی کۆمپانیاکە وەک کۆنتەراتچی گومرکی ئێران، هه‌تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ به‌سه‌رداهات.
هۆی گیرانم براده‌رێکی سنه‌یی بوو پێکه‌وه له زانستگه ده‌رسمان ده‌خوێند، هه‌ندێک نامیلکه‌ی سیاسی پێدابووم و منیش بردبوونمهوه بۆکان و دابوومن به کاکم وچه‌ند که‌س بیخوێننەوە، پاشان له‌گه‌ڵ کاکم له ماڵی ئه‌ودا شاردبوومنه‌وه. ئه‌و براده‌ره ئیعترافی له‌سه‌ر کردبووم و منیش دوای ١٠ رۆژ شه‌ق و شه‌لاق و "ده‌زگای ئاپۆلۆ"، پێم لێ ناو گوتم له ماڵی کاکم شاردوومنهتهوه. کاکی هه‌ژاریشم که به هه‌واڵی گیرانی منی زانیبوو، رایگوێستبوونه شوێنێکی تر. به‌م شێوه‌یه خۆشی که‌وته کێشه‌که‌وه و ساواکی سه‌گباب لێی بوون به مڵۆزم و تا له زیندان هاتمه ده‌رێ ده‌رگای دووکانه‌که‌یان له گرێژه نه بردبوو، ئه‌ویش نه‌یده‌زانی چ بکات، نه خۆشی ده‌ویستن و نه ده‌یوێرا ده‌ریان بکات، خه‌ڵکیش به‌و گێره و کێشه‌یه‌یان نه‌ده‌زانی و دیارە بەو هاتووچۆیەی ساواکییەکان بۆ دووکانەکەی ناڕەحەت بوون. هه‌ر چۆنێک بێت، من بۆ ئه‌و به‌ڵایه‌ی ئاوقای ملیم کرد بۆ هه‌میشه شه‌رمه‌زاری کاکم مامه‌وه، گه‌رچی ئه‌و به گه‌وره‌یی خۆی گه‌ردنی ئازاد کردم.
دوای بەربوون لە زیندان گەلێک ترسابووم و خۆم لە کاری سیاسی دوور دەخستەوە نەکا بکەومەوە بەر پەلاماری ساواک و سەر لە کومیتەی دژی خەرابکاری دەربێنمەوە. بەام له سه‌روحه‌دی ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ و لە ژێر تەوژمی ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک دژ بە ڕژیمی شادا، کەمێک جووڵابوومەوە و ورهیهکم هاتبوەوه به‌ر، دەموێرا لێرە ولەوێ قسەیەک بکەم و پەیوەندییەک بە دۆست و هاوبیرانی سیاسییەوە بگرم. لە تەورێز یارمه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی سمینارێکم دا، که "چریکهای فدائی خه‌لق" به ناوی "همبستگی با خلق کرد" له زانستگه‌ی شارەکە به‌ڕێوه‌یان برد و لەوێدا وتارم دا. پاشانیش که فیدائیان ده‌فته‌ریان له مەهاباد و بۆکان و شارەکانی دیکەی کوردستان کرده‌وه و منیش گه‌ڕامه‌وه بۆکان، هاوکارییانم کرد - کاک عومه‌ری حه‌میدی له نزیک کردنه‌وه‌ی من له فیدائیاندا ده‌وری ڕاستەوخۆی بینی.
پێشتر هێشتا له ته‌ورێز بووم له بۆکانیش وه‌ک شاره‌کانی دیکه‌ی ئێران "کومیته‌ی ئینقلاب" دروست ببوو و منیشیان وه‌ک ئه‌ندامی کومیته‌که هه‌ڵبژاردبوو. که گه‌ڕامه‌وه بۆکان، زیاد له ١٣ ساڵ بوو له کوردستان دوور بووم و خه‌ڵک و هێڵه سیاسییه‌کانیان و حیزبه‌کانم به باشی نه‌ده‌ناسی، له‌گه‌ڵ فیدائیان که‌وتنم جگە لەو ناو و شوهرەتە باشەی وا ئەودەم لە ئێران‌دا بوویان، کۆمەڵی چەند هۆکاری دیکەش بوو: خۆم بە چەپ دەزانی و بەو پێیە واهەبوو لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستان نەکەوم، مائۆئیست نەبووم، ببڕا ببڕا لەگەڵ جەرەیاناتی ئایینیش نەدەکەوتم، خۆ کەسێکی وەک من لەو بارودۆخەدا کە بەرد و داری کوردستانیش ببوونە هەڵسووڕاوی سیاسی، لە ماڵەوە دانەدەنیشت سەیری ڕووداوەکان بکات! ئیتر بە پڵتۆکێکی کاک عومەری حەمیدی بەو لایەدا کەوتم و بووم بە فیدایی هەی فیدایی!
لە درێژەی کاردا، له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه کرامه کاندیدی مه‌جلیسی خیبره‌گان (ده‌وری یه‌که‌م) له ئوستانی ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا، و گه‌رچی ٣٤ هه‌زار ده‌نگم هینایه‌وه به‌ڵام له به‌رانبه‌ر گه‌وره پیاوانی وه‌ک دوکتۆر قاسملو و مامه غه‌نی بلووریان- که که‌سایه‌تی ناسراوی سیاسی ناوچه‌که بوون، یا له به‌رانبه‌ر شهڵاتێکی وه‌ک "حه‌سه‌نی" - ئیمام جومعه‌ی ورمێ ، من کێ بووم و چیم بۆ ده‌کرا! دواتر هه‌ر فیدائیان کردیانمه کاندیدی مه‌جلیسی وشۆڕا له بۆکان و له‌وێشدا له به‌رانبه‌ر کاندیدی حیزبی دیموکرات ( شه‌هید ئه‌بووبه‌کری هیدایه‌تی) و کاندیدی کۆمه‌ڵه (شه‌هید دوکتور جه‌عفه‌ری شه‌فیعی) تووشی شکست هاتم – گه‌رچی له نێو شاری بۆکان بوو بووم به دووهه‌م که‌س به‌ڵام نه حیزبه‌که‌م ده‌ره‌قه‌تی حیزبیان ده‌هات و نه خۆم ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و گه‌وره پیاوانه! شیعرێکم به ته‌نز بۆ به‌زم و هه‌رای ئه‌و ساڵانه گوتوه، که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوی خه‌ڵکی تێدا هاتووه و واهه‌یه "مهلاگیربن"، بۆ بڵاوکردنه‌وه نابێت.
دوای هه‌ره‌سی شۆڕش و ده‌سه‌ڵات سه‌ندنی مه‌لای لابه‌لا له ئێران، پشت له دۆست و روو له دوژمن، هه‌ڵاتم بۆ شارێکی دیکە و پاشان تاران و چه‌ند ساڵێک له‌وێ خۆم شارده‌وه. جارێک به هه‌ڵکه‌وت له‌گه‌ڵ دوو کوڕی خزممان و برادهرێکیاندا له تاران گیراین، به‌ڵام ئێمه‌یان به "موجاهید" ته‌شخیس دابوو و گه‌شتی کومیته گرتبووینی که دوای ١٠ رۆژ مەعلووم بوو موجاهید نین ئیتر به‌ربووین. رێکخراوه‌ی فیدائیان له ئازادبوونه‌که‌مدا ده‌وری زۆری بینی، به‌ڵام دوایی هاوکاریم له‌گه‌ڵ بڕین. وابزانم سه‌رجه‌م ماوه‌ی دوو ساڵێکیان له‌گه‌ڵ بووم و گه‌یشتبوومه پله‌ی ئه‌ندامیه‌تی، بۆ ماوه‌یه‌کی که‌میش دوای هه‌ڵاتنمان له کوردستان، کاتێ له تاران بووم بوومه به‌رپرسی ڕێکخراوەی فیدائیانی ئه‌کسه‌رییه‌ت لقی کوردستان، به‌ڵام زوو خۆم کێشایه دواوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانای راپه‌ڕاندنی کارێکی وا گه‌وره و گرانم نه‌بوو، ئه‌وان ئه‌رکه‌که‌یان دوای ئه‌وه به من سپارد که شه‌هید مینهی شێرخانی بەرپرسیایەتییەکی گرنگتریان خستبووە ئەستۆی. من له کوێ و جێگرایه‌تی ئه‌و و ئەوانی پێش ئەو له کوێ!
هەرچۆنێک بێت، نە من و نە هاوڕێیانی کوردستان‌مان لە وەرچەرخان و گۆڕانی سیاسەتی ڕێکخراوەکە و نزیک بوونەوەیان لە کۆماری مەلاکاندا دەورێکمان نەبوو و زۆرێکیشمان هەبوون کە کارەکەیان پێ هەڵە بوو و کشانە دواوە. بەڵام من وەک ئەنوەر نامەوێت ناسپاس بم. ئەوان منیان گەیاندە ئەو پلەیەی ببمە کاندیدی مەجلیسی خیبرەگان و مەجلیسی شۆڕا و ئەندامی هەیئەت نمایەندەگی گەلی کورد دەنا من کێ بووم ئەو ئەرکانە بەرێوەبەرم! من ئەگەر ناوێک و شوهرەتێکم هەبێت لەوانەوەیە و زوڵمێکی گەورە دەبێت ئەگەر بۆ ئەو خزمەتانەیان سپاسیان نەکەم هەروەها یادی ئەو قارەمانانە نەکەم کە بۆ ماوەیەک هاوڕێ و هاوسەنگەریان بووم و لە ڕێگەی باوەڕ بە ڕێبازەکە و خزمەت کردنی چەوساوەکاندا گیانیان بەخت کرد، کەسانی وەک بیهروز سولەیمانی، یۆسف کیشی زادە، مینەی شێرخانی، یەعقوب تەقدیری (خۆی و باوکە خەباتکارەکەی، کە دۆستی چاکی گەلی کورد بوو)، عەلیڕەزا ئەکبەری شاندیز (جەواد)، تەهای پارسا و ئیبراهیم لوتفوڵڵازادە (سەعید). ئەوە هەڵوێستێکی تاکەکەسی خۆمە و هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئێستا سی و شەش ساڵە لێیان جیا بوومەتەوە و لە ڕێکخراوەکە هاتوومەتە دەر.
پێش ئه‌وه‌ی بێمه ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک وه‌ک میوان له لای براده‌رانی ئه‌کسه‌رییه‌ت و تووده و کۆنگره‌ی چوار له لای حاجی ئۆمه ران و لۆلانی باشووری کوردستان مامه‌وه. ئه‌وان خۆیان میوانی حزبی شیوعی عیراق بوون کە تازه یه‌ک دوو مانگ ده‌بوو کۆمه‌ڵه‌ی یەکسانی کوردستانی باشوور و یه‌کیه‌تی نیشتمانی، له قه‌ندیل لێیان دابوون و شه‌هید و برینداری زۆریان هه‌بوو و له باری که‌ره‌سه‌ی ژیان و مه‌سره‌فی رۆژانه‌وه زۆر ده‌ست ته‌نگ بوون، به‌ڵام ئه‌رکی کومۆنیستییان به‌جێ ده‌هێنا و له ده‌می خۆیان ده‌گێڕاوه و ده‌یاندایه ئه‌و هه‌موو میوانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان – که واهه‌یه له ٢٠٠ که‌سیش زیاتر بووین. ئەوەندەی بزانم پارتی دیموکراتی کوردستان لەو تەنگانەیەدا یارمەتی حزبی شیوعی دەدا.
له‌وێ، لەو شاخ و کێوە، نه ژیان هه‌بوو، نه نان و نه به‌رنامه‌یه‌ک بۆ ئه‌و کۆبونه‌وه بێ حیسابە هەبوو کە خەڵکەکە لە ژێر گوشاری ڕژیمی مەلاکان و نەبوونی دەرەتاندا خۆیان گەیاندبووە ئەوێ. ناچار گه‌ڕامه‌وه ئێران و چوومه‌وه لای دایکم و خوشکم له تاران. دوای یه‌ک دوو ساڵی تر، کاک عومه‌ری حه‌میدی چوو بۆ ئوروپا و بۆی رێک خستم منیش بێم بۆ بریتانیا. کاری راست بێت ڕێگا و شوێنی کارەکەی پیشآاندام و گەیاندمیە ئێرە، دەنا خۆم واهەبوو هەرگیز نەمتوانیایە کارەکە ڕاپەڕێنم.
له به‌هاری ١٩٨٦ بەدواوه له له‌نده‌ن ده‌ژیم. له ١٩٩٠ دا هاوسه‌رم گرتوه، پێشتر خه‌ریک بووم به دووکانداری ده‌وڵه‌مه‌ند بم، دوو جار دووکانم کڕی و زه‌ره‌رم کرد، له تاجریی بیلامانێ تایه‌که ی چوو و ئه‌ویترم بۆ ما! لێره ده‌ڵێن هه‌رکه‌س له هیچ کوێ رێگایان نه‌دا یا ده‌بێته شۆفیری مینی کاب(تاکسی) یا ده‌بێته وه‌رگێڕ. به‌نده‌ش بوومه‌ته وه‌رگێڕ! به کوردی و فارسی ته‌رجه‌مه ده‌که‌م. به‌به‌ریه‌وه خه‌ریکی نووسین و ته‌رجه‌مه‌ی بێ پاره و پووڵیش هه‌م و له‌و چه‌ند ساڵه دا چه‌ند کتێبم نووسیوه یا ته‌رجه‌مه‌م کردوون و زۆریان چاپ کراون، هه‌روه‌ها بابه‌تی زۆرم بۆ گۆڤار و رۆژنامه‌ی کوردی و رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن نووسیوه.
ئه‌وه‌ی له ده‌ستم هاتوه کردوومه. ده‌زانم باری کورد که‌وتوه و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی کار و زەحمەتی ده‌وێت. به‌ش به حاڵی خۆم ئه‌وه‌ی توانیومه کردوومه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر جارێکی دیکه بگه‌ڕێمه‌وه ١٩٨٦ و تازه بگه‌مه بریتانیا له جیاتی کوردی نووسین و خوێندنەوە ئینگلیزیه‌کی باش فێر ده‌بم و له مێدیای ئێره‌دا بابه‌تی سه‌باره‌ت به کورد ده‌نووسم، به‌ڵام تازه دره‌نگه، چوو و رابرد، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش له پاڵ سه‌دان هه‌ڵه‌ی دیکه‌ی ژیانم!
وا ئێستا له له‌نده‌ن چاوه‌ڕێی کۆتایی سه‌فه‌رێکم که ٧٣ ساڵی پێچوه و ده‌ڵێی هه‌ر نه‌بوه! ماوه‌یه‌که تووشی نه‌خۆشی دڵ و شه‌کره هاتووم و بارودۆخی ته‌ندروستیم باش نییه، زۆریش خه‌می ناخۆم، وه‌ک مرۆڤێکی ئاسایی چه‌رمه‌سه‌ری زۆرم بینیوه و به گوێره‌ی توانا خزمه‌تیشم به گه‌له‌که‌م کردوه. واهه‌بوو ئه‌گه‌ر هه‌ڵه و په‌ڵه لێم بگه‌ڕایه له‌وه به‌سوودتر بوایه‌م بۆ گه‌له‌که‌م و بۆ بنه‌ماڵه‌که‌شم، به‌ڵام چیم پێ ده‌کرێت، من په‌روه‌رده‌ی سه‌رده‌مێکی گێژ و گومی وبه‌ر چاو تاریکیم و ئه‌گه‌ر کوردستان و ئێران له ماوه‌ی منداڵی و گه‌نجیه‌تی مندا له‌ژێر دیکتاتۆریه‌تدا نهیانناڵاندایه و تۆزقاڵه ئازادییه‌ک هه‌بوایه، دوور نه‌بوو منیش به رێبازێکی باشتر و ده‌راوێکی روونتردا برۆیشتایهم، نه ئه‌وه‌نده‌م چه‌رمه‌سه‌رێ بدیایه و نه ئه‌وه‌نده‌ش بێ خێر بوایه‌م. به‌دڵ خزمه‌تکاری گه‌له‌که‌مم به‌ڵام به توانا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌ده‌ست دێت.
ئێستا چه‌ند ساڵه رۆژانه ١٦ سه‌عات ده‌خوێنمه‌وه و ده‌نووسم، بەشێکی زۆریشی بۆ وڵات و گه‌له‌که‌م، ئه‌گه‌ر ره‌نجم کێشاوه، ئه‌رکم بووه و منه‌تم له‌سه‌ر که‌س نییه، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مم که‌م بووه، له‌وه زیاترم پێ نه‌کراوه، خۆم خۆم باشتر ده‌ناسم، به هره و توانام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه، هه‌رگیز خۆم هه‌ڵنه‌کێشاوه و درۆم به خه‌ڵک نه گوتوه.
ئێستا له کۆتایی سه‌فه‌ره‌که‌مدا حه‌سره‌ت و داخم سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونی کوردستانه و دڵنیگەرانی دوارۆژی کوردم به ده‌ست حوکمی داگیرکه‌ران و به‌تایبه‌ت تورکیاوه، که خه‌ریکه هاوپشتیی مێژوویی کورد و ئازه‌ربایجانی تێک ده‌دات و به گژ یه‌کیاندا ده‌کات. به گیان و دڵ پشتگیری حکوومه‌تی هه‌ریمی کوردستان له باشووری وڵات ده‌که‌م و هیوادارم شتێکی بۆ کورد لێ به‌رهه‌م بێت. ئەمشەو کە بە وتارەکەدا ذەچمەوە، دوو هەفتە بە سەر گشتپرسییەکەی باشووری کوردستاندا تێدەپەڕێت و ئێران و حکوومەتە دارەدەستەکەی لە عیراق بە هاوکاری گورگە بۆرەکانی تورکیا شەڕیان بەسەردا سەپاندووین. دوێنێ و ئەمڕۆ حەشدی شەعبی مەلاکانی ئێران هەموو ناوچە جێ ناکۆکییەکانی گرتۆتەوە و پێشمەرگە پاشەکشەی کردووە. نازانم ئەنجامی کارەکە دەگاتە کوێ بەڵام هەرشتێک بێت ئەرو قۆناغەمان دۆڕاندووە و دوژمن بە بێ تەقە و زەحمەت بەشێکی گەورەی خاکی کوردی داگیر کردۆتەوە. حیسابی سەرکردایەتی کورد بە هەڵە دەرچوو بەتایبەت لەوەدا کە نەیتوانیبوو ناوماڵی کورد یەکبخات ئینجا بە گژ دوژمن‌دا بچێت؛ ئەوەش ئەنجامەکەی.
هه‌روه‌ها شه‌رمه‌زاری که‌س و کاره‌که‌ی خۆمم که هیج خێرێکم بۆیان نه‌بوه. باوکم دوای شاربهدهرکرانی من نه‌خۆش که‌وت و هه‌ڵنه‌ستایه‌وه. دایکم که له ته‌نیایی و بێکه‌سیدا کۆچی خۆی کرد و دیداره و ئاخری بووم، له‌گه‌ڵ خۆی ده‌رد و خه‌فه‌ت و ئازاری برد، کاری سیاسی کردنی کاکم و پاشان من، ژیانی لێ تێک دا و هه‌موو ته‌مه‌نی له دڵه‌ته‌پێ و خه‌فه‌تی ئێمه‌دا برده سه‌ر. کاکم خۆی ده‌ردی که‌م بوو، منیش تووشی و راونران و ترس و پاشانیش ئاواره‌یی و لەبۆکان ڕۆیشتنم کرد، له ماوه‌ی نه‌خۆشییه‌که‌شیدا نه‌مبینی و ته‌نانه‌ت نه‌متوانی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌م، شه‌رمه‌زاری ئه‌ویش مامه‌وه، وه‌ک شه‌رمه‌زاری خوشکه‌کانیشم هه‌م، که بوومه باعیسی به‌خت و ژیانی ئاساییان، ئه‌وانیش به ئاگری کاره‌کانی من سووتان، به‌ڵام چ بکه‌م ئه‌وه چاره‌نووسی کورده له ژێرده‌ستیدا. ئێستا لەو دوو خوشکەم یەکیان کۆچی دوایی کردووە و دیدارەو ئاخری ئەویش بووم، تاقە خوشکەکەشم کە ماوە دۆخی سڵامەتییەکەی زۆر نالەبارە و لە تاران عەمەلیات کراوە. هیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم.
من، وه‌ک ملیۆنه‌ها کورد و چه‌وساوه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه، له بێعه‌داڵه‌تی و نابهرابهریدا ژیام و وا له هه‌مان بارودۆخیشدا سه‌رده‌نێمه‌وه. به‌ڵام ئاواتی دادپەروەی و به‌رانبه‌ری و ماف، ئه‌مرۆش وه‌ک دوێنێ هه‌یه، و هیوایه سبه‌ی رۆژ بێته دی. به‌دوا رۆژی مرۆڤ و له‌ناوچوونی بێداد و جیاوازی چینایه‌تی گه‌لێک هومیدهوارم. به هیوام گه‌له‌که‌م هه‌ورازی به‌رده‌می ببڕێت و سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵام هیچ گومانم له‌وه‌دانییه که سه‌ربه‌خۆیی به ته‌نیا ناتوانێ وه‌ڵامده‌ری هه‌موو شت بێت ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت، هیوایه رێبه‌رانی کورد له باشوور ئه‌و راستییه جیهانییه بناسن و ئیجازه نه‌ده‌ن ژێرپێیان کڵۆڵ بێت و هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که ئه‌وانیان گه‌یاندۆته پله و پایه، پشتیان تێ بکه‌ن یا له به‌رانبه‌ریاندا بوه‌ستن، کارێکی ئه‌وتۆ کاخی ئاواته‌کانمان ده‌ڕووخێنێت.
خه‌می ئه‌وه‌شمه کورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هیچ دامه‌زراوێکی سه‌ربه‌خۆی نییه. کورد ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له مزگه‌وت ده‌چنه ژێر باڵی عه‌ره‌ب و تورک و له دیسکۆدا به مۆسیقای فارسی هه‌ڵده‌په‌ڕن! په‌نابه‌ری کورد سه‌ر لێ شێواو و بێ به‌رنامه‌یه، موخالفه و خه‌راپه کارییان زۆره و ناوی کورد بۆ نموونە لە هەندێک شوێنی بریتانیا بە چاکە نابرێت و تێکەڵاوی قاچاغ و موخالەفەی گەورە بووە، هەر خۆم لە پێنج مرۆڤکوژی کورد دا، یا ڕاستەوخۆ تەرجەمەم کردووە یان بەڵگەنامەکانی دادگایانم وەرگێڕاوە. کورد پێویستی به ناوه‌ندێک هه‌یه سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی بۆ رێک بخات، کورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێ پشت و په‌نایه، له‌شێکی بێ سه‌ره و ده‌بێ کارێک بۆ ئه‌وه بکرێت.
ئیتر با مه‌وعیزه نه‌که‌م، به کورتی خه‌می دورۆژی کورد ده‌خۆم و ده‌زانم به هه‌ر ئه‌و خه‌مه‌وه سه‌ر ده‌نێمه‌وه، به‌ڵام چ که‌ردن؟ سه‌ری کورد سه‌لامه‌ت! ئەو دوو فەردەی خوارەوە بەشێکن لە شیعرێکی خۆم:
بەڵام کاکە، سەری کووپە سڵامەت
ئەگەر هات و شاکابێ ئیستیکانێک
گەلە و هەوڵ و خەبات و ئیستیقامەت
لە ڕێگە لابدا گەر ڕێ نەزانێک!
ئه‌و کتێبانه‌ی وا چاپم کردوون :
٢٠١٦ - "مقامات پیران طالبان از محمود تا عبدالرحمن (فارسی و کوردی)"، تصنیف استاد ملا صبغة اللە رودباری سنندجی، ترجمە کردی از فارسی انور سلطانی؛ مقدمە تحلیلی، تنظیم، بررسی مجدد و شرح عرفانی دکتر محمدعلی سلطانی؛ آکادیمیای کردی، هەولێر؛
٢٠١٤- "کتاب المعارف"، شەرحی شێخ عەبدولرەحمانی تاڵەبانی لەسەر سەرەتای مەسنەوی مەولەوی ڕۆمی؛ وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ سەر کوردی، شەرحی عیرفانی لە لایەن دوکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانییەوە، چاپی ئەکادێمیای کوردی، هەولێر؛
٢٠١٤- "جذبە عشق"، کۆمەڵەی شیعرەکانی شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی، وەرگێڕان لە فارسی و تورکییەوە بۆ سەر کوردی، شەرحی عیرفانی لە لایەن دوکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانییەوە، چاپی ئەکادێمیای کوردی، هەولێر؛
٢٠١٠- "کوردستان ئەی خۆشەویستم!"، بیرەوەرییەکانی بەهیەخانم فەرەجوڵڵا زەکی مەریوانی، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، چاپی بنکەی ئاراس، هەولێر؛
٢٠٠٩- "ژیان و بەسەرهاتی نەمر سەیفولقوزاتی قازی"، بە هاوکاری کاک حەسەنی قازی، بنکەی ژین، سلێمانی؛
٢٠٠٨ – "مێژووی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیللای شەمزینی (١٨٨٠)" نووسینی میرزا عەلی ئەفشاری ئورومی؛ دەستنووسێکی پارێزراو لە کتێبخانەی سواسی لەندەن؛ ساغکردنەوە بە هاوکاری کاک سەلاحەددینی ئاشتی و دوکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانی، چاپی بنکەی ژین، سلێمانی؛
٢٠٠٦ – "ژیان و به‌سه‌رهاتی ئه‌بولقاسم لاهوتی کرماشانی شاعیری شۆڕشگێڕی کورد، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
٢٠٠٦ – هۆز و تیره و تایفه‌ی کورد له کوردستانی ئه‌رده‌ڵان – ده‌ستنووسێکی فارسی، نووسینی میرزا شوکروڵڵا سه‌نه‌نده‌جی (فخرالکتاب)، به وه‌رگێڕانی کوردییه‌وه، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
٢٠٠٦ – "سڵاو له حه‌یده‌ربابا" – وه‌رگێڕاوی کوردی، شیعری محه‌مه‌د حوسین شه‌هریار شاعیری ئازه‌ربایجانی لە تورکییەوە، به هاوکاری کاک حه‌سه‌نی ئه‌یوب زاده، کتێب فرۆشی ئه‌رزان، سوید؛
٢٠٠٦ – "مینۆرسکی و کورد" – کۆمه‌ڵه‌ی شه‌ش وتاری ڤلادیمیر مینۆرسکی، وه‌رگێڕان له ئینگلیزیه‌وه ، چاپی موکریانی، هه‌ولێر؛
٢٠٠٦ –"رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له به‌ڵگه‌نامه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا دا" - وه‌رگێڕانی 130 به‌ڵگه‌نامه له ئینگلیزیه‌وه ، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
٢٠٠٥ –"درایڤر و کورد" – کۆمه‌ڵه‌ی پێنج وتاری ج. ر. درایڤر، وه‌رگێڕان له ئینگلیزیه‌وه ، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
٢٠٠٥ – "مه‌که‌نزی و کورد" – کۆمه‌ڵه‌ی چوار وتاری د. ن. مه‌که‌نزی له سه‌ر کورد، وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌وه، وه‌ک به‌شێک له یه‌که‌م ژماره‌ی "گۆڤاری کوردناسی"، چاپی ئا‌ڵمانیا؛
٢٠٠٥ – "دوو ذهیلی شه‌ره‌فنامه" – دوو ده‌ستنووسی فارسی و تورکی شه‌ره‌فنامه‌ی به‌دلیسی، بنکه‌ی ژین، سلێمانی؛
٢٠٠٣ – "تێوری فه‌رمی لێخوڕینی ترومبیل"، وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌وه، به هاوکاری سێ که‌سی تر، ئێدیتۆر کاک رێبوار موختار، چاپی ئاژانسی ستاندارد کردنی شۆفیری، بریتانیا؛
١٩٩٨ – "که‌شکۆڵه شیعرێکی کوردی گۆرانی" – کۆمه‌ڵه‌ی شیعری 41 شاعیری هه ورامی، (ده‌ستنووس)، تره‌ستی سۆن بۆ کوردستان، له‌نده‌ن؛
١٩٩٧ – "مێژووی ئه‌رده‌ڵان" – ده‌ستنووس، ده‌قی فارسی به هاوکاری نه‌سرین برنا، له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی کوردی، چاپه‌مه‌نی نه‌ورۆز، سوید؛
١٩٩٧ – "35 ده‌ستنووسی شه‌ره‌فنامه له کتێبخانه‌کانی جیهان"، کتێب فرۆشی ئه‌رزان، سوید؛
١٩٩٧ – "هێلکه‌ی دۆڕاو، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له ژیانی ئه‌بولقاسم لاهوتی کرماشانی"، پاشکۆی ژماره‌ی یه‌که‌می رۆژنامه‌ی په‌یام، له‌نده‌ن؛
١٩٩٦ – 21 ده‌ستنووسی کوردی (یا فارسی سه‌باره‌ت به کورد) له کتێبخانه‌کانی بریتانیا، کتێب‌فرۆشی ئه‌رزان، سوید؛
١٩٩٦– "ئەلف وبێی کوردی به‌پیتی لاتینی"، کۆمه‌ڵه‌ی سێ وتاری مینۆرسکی وئێدمۆندز، وه‌رگێڕان له ئینگلیزیه‌وه، کتێب‌فرۆشی ئه‌رزان، سوید.
کتێبی دووزمانه‌ی منداڵان
٢٠٠٥ – ٢٠١٧ وه‌رگێڕانی ٣١ کتێبی منداڵان له ئینگلیزیه‌وه بۆ سەر کوردی و فارسی، که هاوڕێ له‌گه‌ڵ ده‌قی ئینگلیزییاندا چاپ کراون، چاپی بنکه‌ی "مانترا لینگوا"، له‌نده‌ن. هه‌روه‌ها وه‌رگێڕان و تۆمارکردنی پێنج سی دی کوردی و فارسی بۆ هه‌مان بنکه. ئەوە کارێکی بازرگانی بووە پارەم لەو شەریکەیە وەرگرتووە و کتێبم بۆ تەرجەمە کردوون. بەڵام لە ئەنجامی خۆیدا کارێکی فەرهەنگی بووە و ئێستا گەلێک کتێبی کوردی و فارسی منداڵان بە تەرجەمەی من لە لەندەن چاپ کراون و کوردییەکانیان بە دەنگی من و فارسییەکان بە دەنگی هاوسەرەکەم نەسرین بوڕنا تۆمار کراون.
وتار
چاپی زیاد له هه‌زار وتار (ته‌رجه‌مه یا نووسین) له چاپه‌مه‌نییه کوردییه‌کانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان یا ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌باره‌ت به ده‌ستنووس، ئه‌ده‌ب و مێژووی کورد.
رانانی کتێب
١٩٩٦– ٢٠٠٧ رانانی کتێب بۆ ده‌نگی کوردی رادیۆ ئه‌مریکا، رۆژ تی ڤی، تیشک تی ڤی و چه‌ند رۆژنامه و گۆڤاری کوردی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
کاری چاپ نه‌کراو
- "بۆکان شوێنەوارێکی میترایی و یادگارێکی ژن- خودای ئاناهیتا"
- "بۆکان لە مێژوودا- کۆمەڵەی ٤١٦ وتار سەبارەت بە مێژووی بۆکان"، پێشتر بە شێوەی هەفتانە لە سەر ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات- بۆکان بڵاو بوونەتەوە.
- "وردە فەرمایشت- کۆمەڵەی ١٦٥ وتاری هەفتانە لەسەر ڕووداوە سیاسی-کۆمەڵایەتی- فەرهەنگییەکان"، پێشتر بە شێوەی هەفتانە لە سەر ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات- بۆکان بڵاو بوونەتەوە.
- "ژیان و شیعره فارسییه‌کانی شاعیری میللی سه‌یفولقوزاتی قازی"؛
- "٢٦ وتاری وه‌رگێڕاو له زمانی ئینگلیزی و فارسییه‌وه"(سه‌باره‌ت به کورد)؛
- "جه‌یمز جۆیسی شاعیر"، وه‌رگێڕانی ٥٠ شیعری جه‌یمز جۆیس؛
- "کاچوو، ما دانی!" – بیره‌وه‌رییه‌کانم.
ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
١١/١١/٢٠٠٧
پێداچوونەوەی ١٧/١٠/٢٠١٧