مێژووی بۆکان
چه‌ند تێبینییه‌ك له سه‌ر ناوی شاری بۆكان
بۆکان ساڵی 1330
پێداچونه‌وه‌ی زمانه‌وانی: ساڵی 2002 ئه‌نوه‌ر سوڵتانی به‌هاری 1992
ناوی شاری بۆكانیش وه‌ك مێژوی شاره‌كه،تائیستا نه‌كه‌وتۆته به‌ر تۆێژینه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه. ئه‌وشتانه‌ش والێره‌وله‌وێ له‌مه‌ڕ باسه‌كه نووسراون له‌دۆخی بیروبۆچوونی خه‌ڵكی ئاسایی نه چوونه‌ته‌ده‌رێ و هیچ ڕووناكییه‌كیان نه‌خستۆته سه‌ر مێژووی پڕ ته‌م و مژی ئه‌م شاره.
خه‌ڵكی ناوچه‌كه لایان وایه كه ناوی بۆكان له‌بنه‌ڕه‌تدا بووكان بوه و ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌ریتێكه‌وه، كه گوایه له ڕابردووی كۆندا، كاتێ بووك هاتوه، پێش چۆنه‌ماڵی زاوا، بردوویانه‌ته سه‌ر حه‌وزه‌گه‌وره‌ی ناوه‌راستی شار و ئه‌مجا له‌ویۆه به‌روماڵی زاوا بوونه‌ته‌وه!
نووسه‌ر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی شار و ناوچه‌كه‌ش نه‌ك هه‌ر ئه‌و چه‌وتییه‌یان ڕاست نه‌كردۆته‌وه، به‌ڵكه بۆیان له مل داون و به شیعریان نووسین، به‌ڵگه‌یان بۆ ئه‌م بۆچوونه هه‌ڵه‌یه پێكهیناوه.
ئه‌م وتاره به‌نیازی دامه‌زراندنی سه‌ره‌تای باسێكی زانستییانه له مهر بنه‌چه‌كی ناوی بۆكان نووسراوه.
كلیلی كردنه‌وه‌ی گرێ پووچكه‌ی ئه‌م باسه، وشه‌ی به‌گه یان به‌غه یه. به‌گه یان بهه‌گه خودای هه‌موو ئه‌و گه‌لانه بوه كه پێش هاتنی زه‌رده‌شت له هینده‌وه تا ڕۆژئاوای ئێران ژیاون. ئاویستاناسی ئێرانی ئیبراهیم پوورداود له وتاریكدا به ناوی به‌غ ه‌وه ده‌نووسێ «وشه‌ی یه‌كجار كۆنی به‌غ له سه‌رده‌مێكی زووه‌وه له زمانی ئێمه‌دا ماوه‌ته‌وه. له زمانه كۆنه‌كانی ئێران وه‌ك ئاویستایی و فورسی كۆن دا به‌غ له سه‌ر زاری خه‌ڵك بوه و له گاتاكاندا كه هه‌ڵبه‌ستی زه‌رده‌شتن و كۆنترین به‌شی ئاوێستا پێك دێنن، به‌گه به واتای به‌ش و به‌خت هاتوه. له به‌شه‌كانی تری ئاوێستاشدا به‌غه هه‌ر هه‌مان واتای هه‌یه. وشه‌كه له چاوگی به‌گ ه‌وه دێت كه له زمانی په‌هله‌وی دا بۆته به‌خته‌ن . كارلێكراو (إسم مفعول) ی وشه‌كه واته به‌خت له ئاوێستادا هاتوه كه له زمانی په‌هله‌وی و فارسی و [كوردیش] دا بۆته به‌خت .»
پوورداود له درێژه‌ی باسه‌كه‌دا ده‌ڵی« به‌غ له زمانه كۆنه ئێرانییه‌كاندا وه‌ك بهه‌گ له سانسكریتدا، مانای به‌ش و به‌خت ده‌دات و له مانای دووهه‌مدا واتای خوداوه‌ند یشی هه‌یه كه مه‌فهوومی به‌خشه‌نده شی لێ وه‌رده‌گێرێ.»
له به‌رده‌نووسه هه‌خامه‌نشییه‌كان و(یه‌ك له‌وان، به‌رده‌نووسی بێستون) دا به‌گه به واتای خوداوه‌ند هاتوه. هه‌ر پوورداود له شوێنێكی تری وه‌تاره‌كه‌یدا ده‌نووسێ« پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تی زه‌رده‌شت، به خوداوه‌ند ده‌گوترا به‌غ و پاشانیش كه ئه‌مان تاقه‌خوا یان ناونا ئاهورامزدا، وشه‌ی به‌غ له واتای ئه‌سڵی و پێشووی خۆیدا مایه‌وه.» بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونه، پوورداود به‌ڵگه ده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێ« داریوش شای هه‌خامه‌نشی له به‌رده‌نووسه‌كه‌ی بێستون (كێوی یه‌زدانی به‌غستان) دا، كاتێ ڕووداوه‌كانی ساڵانی چواره‌م و پێنجه‌می شایه‌تیی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، ده‌ڵێ,, ئه‌هورامه‌زدا و به‌غان ی تر له به‌ر ئه‌وه یارمه‌تی منیان دا، چونكوو من قین له دڵ و درۆزن و زاڵم نیم.,,» مامۆستا عه‌لائه‌ددینی سه‌جادیش له مێژوه‌كه‌ی خۆیدا، كاتێ هاتووته سه‌ر باسی قه‌ومی كاسی، ده‌نووسی “یه‌كێك له سۆراخی هیندوئه‌وروپایی یه‌كان به سه‌ر كاسییه‌كان، وشه‌ی بوگاش یان بوغاش كه به مانای خوایه.” لغت نامه‌ی دهخدا قامووسی گه‌وره‌ی زمانی فارسی كه وێ ده‌چێ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی مامۆستا سه‌جادیش له‌م بابه‌ته‌وه بووبێ، ده‌ڵێ,, بهه‌گه له سانسكریتدا به واتای خودا بوه و له كتێبی پیرۆزی ڤیدا دا ئه‌م واتایه چه‌ندپات كراوه‌ته‌وه، واته له ناو هیندوئێرانییه‌كاندا پێش جیابوونه‌وه‌یان له یه‌كتر، ئه‌م شته باو بوه.,,
خاتوو ماری بۆیس پسپۆڕی ناوداری مێژووی زه‌رده‌شت و ئاوێستا، له كتێتی مێژووی زه‌رده‌شتایه‌تی دا چۆته قووڵایی باسه‌كه‌وه و به دوور و دڕێژی له واتای وشه‌ی به‌غه و به‌گه دواوه و مانای خوداوه‌ند ی بۆ وشه‌كان په‌سه‌ند كردوه. دوكتۆر فه‌ره‌هوشی دانه‌ری قامووسی زمانی په‌هله‌وی-فارسی، چوار واتای خودا ، سه‌روه‌ر ، شا و هێزی خودایی ی بۆ به‌غ لێك داوه‌ته‌وه و به‌ك یشی به خودا‌و و سه‌روه‌ر مانا كردۆته‌وه. نووسه‌ری واژه‌نامه مینوی خرد دوكتۆر ئه‌حمه‌دی ته‌فه‌ززولی به‌غان ی به خودایان زانیوه‌و زانای به ناوبانگی ئێرانی ملك إلشعرإبهار له كتێبی سبك شناسی دا گوتویه‌تی,, ئه‌م وشه‌ی به‌غ ه، یه‌كه‌م جار له نووسراوێكی سارگون ی شای ئاشوردا له گه‌ڵ پاشگری دات له شێوه‌ی به‌غ دات دا هاتوه كه ناوی پیاوێكی ئێرانی بوه.,,
سه‌باره‌ت به‌و به‌غ دات ه پوورداود ده‌ڵێ,, به‌گ داتی یه، كه ئه‌ویش سه‌رۆكێكی ماننا كان بوه و سارگۆن گرتی و فه‌رمانی دا به زیندوویی پێستی بگروون.,, پوورداود هه‌روه‌ها ده‌ڵێ,, وشه‌ی به‌گ پێش ئه‌ویش له شێوه‌ی بیت به‌گی دا بینراوه كه واتای ماڵی به‌غ، یان خانه‌ی خودا ی هه‌یه و ناوی شارێكی ماد بوه كه سارگۆن له هێرشكارییه‌كه‌ی خۆی بۆ سه‌ر خاكی ئوورارتو و ماننا دا یادی لێوه ده‌كات.,, من دره‌نگتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر باسی بیت به‌گی به‌ڵام با لێره‌دا درێژه به تویژینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كان به‌دوای وشه‌ی به‌غ دا بده‌ین. ئه‌م وشه‌یه له دراوی شاهانی ساسانی- شدا بینراوه، به‌ڵام لێره‌دا، واتایه‌كی هه‌ندێ نزمته‌ر له ئه‌هورامزدای پێ به‌خشراوه. له‌كۆتایی سه‌رده‌می ساسانییه‌كاندا ئاڵ و گۆڕیك به سه‌ر مانای به‌غ داهات و ته‌نیا واتای گه‌وره‌ی لێ ئیراده كرا. ته‌نانه‌ت له كتێبی یادگاری زه‌ریران دا ته‌نیا به مانای سه‌ر هاتوه.
دائره المعارف فارسی به‌غ ی به مانای خودا و خولقێنه‌ر داناوه و نووسیویه,, له به‌رده‌نووسه هه‌خامه‌نشییه‌كاندا ئه‌هورامزدا به ناوی به‌غی گه‌وره وه ناوبردراوه.,, دانه‌ری فرهنگ معین – دوكتۆر محه‌مه‌د موعین-،سێ واتای بۆ به‌غ هێناوه: یه‌كه‌م خودا، دووهه‌م فریشته، سێیه‌م بوت(صنم). ئه‌م واتای بوت ه له چه‌ندین قامووسی دیكه‌ی زمانی فارسیشدا دووپات بۆته‌وه وه‌ك فه‌رهه‌نگی ڕشیدی، برهان قاطع، اڵف اللغات. فه‌رهه‌نگی ڕشیدی له ماده‌ی به‌غداد دا واتای عطیه الصنم ی بۆ هێناوه، به‌ڵام پوورداود به‌رپه‌رچی بۆچوونی وادهداتهوه و ده‌ڵێ: به‌غ لای ئێرانییه‌كان صنم نییه و خوداوه‌نده.
مێژوونووس، زمانه‌وان و زانای ناسراوی ئازه‌ربایجانی ئه‌حمه‌د كه‌سره‌وی زنجیره وتارێكی له سه‌ر ناوی شار و گونده‌كانی ئێران نووسیوه و هه‌رچه‌ند ئاوڕی له كوردستان نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و زانیارییانه‌ی داویه به ده‌سته‌وه ده‌توانن یاریده‌ری باسه‌كه‌ی ئێمه بن. له دوو وتاری جیاواز دا كه له سه‌ر وشه‌ی باكۆ پێته‌ختی ئازه‌ربایجانی باكووری نووسیوه. كه‌سره‌وی ده‌ڵێ:
وشه‌گه‌لی باك و به‌ك و به‌غ له زمانهكۆنهكانی ئێران وه‌ك هه‌خامه‌نیشی و په‌هله‌ویدا جگه له واتای خودا، مانای په‌ره‌ستن یشی هه‌بوه. وشه‌ی باكۆ –كه‌سره‌وی ده‌نووسێ، له بنه‌ڕه‌تدا باگاوان یان باكاوان بوه و له زه‌مانی ساسانییان و پێش ئه‌وانیشه‌وه، له ئه‌رمه‌نستان و ئاران و ئازه‌ربایجان و شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران، ئاواییگهلێك به‌و ناوه هه‌بوون و له هه‌موویاندا ئاگرێك ڕۆشن بوه… كه وابوو، باگوان یان باگاوان به واتای شاری خودا یان شوێنی خودا یه.
كه‌سره‌وی ده‌ڵێ: نه‌ك هه‌ر باكۆ، به‌ڵكو به‌غدا،و به‌عقووبه ش شاری خودا بوون و ئه‌وه‌ی ئه‌رمه‌نیه‌كان پاش قه‌بووڵكردنی ئایینی مه‌سیح به‌ك یان به بت مانا كردۆته‌وه، یان ا ڵمعی خۆی له‌وه پاراستوه كه ناوی به‌غداد بنووسێ و له باتی ئه‌و، نازناوی دارالسلام ی هێناوه‌ته‌وه، نیشان نه‌دات كه ئه‌م شارانه، شوێنی ئایینێكی كۆن بوون و په‌یوه‌ندییان به ناوی به‌ك و به‌غ ه‌وه هه‌بوه. كه‌سره‌وی له باسی به‌عقووبه دا ده‌ڵێ: ناوێكی سه‌یره، نه فارسییه و نه عاره‌بی. ڕه‌نگه له بنه‌ڕه‌تدا باكوا بووبێت كه واو ه‌كه‌ی بوه به ب و ئهلف ه كه‌ی دوایی كه‌وتوه و پاشان عه‌ره‌ب كردوویانه به به‌عقووبه.
من پێش ئه‌وه‌ی كۆتایی به باسی وشه‌ی به‌ك و به‌غ بێنم و بچمه سه‌ر باسی ئه‌سڵی، كه‌ڵك له هه‌ندێ سه‌رچاوه وه‌رده‌گرم و كۆمه‌ڵیك ناوی كه‌س و شار و شوێن كه په‌یوه‌ندییه‌كیان به وشه‌ی به‌غ ه‌وه بێت، ده‌هێنمه‌وه تا یاری ده‌ده ری خوێنه‌ر بن بۆ بڕیاری واترمان له سه‌ر ئه‌م باسه:
1 – بهغكهده = ماڵی خوا.
2 – بهغشوور = ناوی شارێك له خۆراسانی ئێران.
3 – به‌گ بوخش = ناوی یه‌كێك له یارانی داریوش- ی شای هه‌خامه‌نیشی.
4 – به‌گ په‌نات(خواپهنا) = ئامۆزای داریوش.
5 – بهغهلان = ناوی شارێك له خۆراسان.
ئه‌م پاشگری لان ه به واتای جێگا و شوێن له كۆتایی ی زۆر وشه‌ی كوردیدا ده‌بینرێ، وه‌ك به‌رده‌لان، خیزه‌لان، و واهه‌یه ئه‌رده‌لان یش.
6 – به‌غستان = بههیستان، بیهستوون و بێستوون: ئه‌م كێوه و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری دراونه‌ته پاڵ به‌غ.
7 – به‌غداد = به‌غ دات = خوداداد، خودابه‌خش.
8 – بهغدوخت = كچی به‌غ، ناوێك بۆ كچان كه له شێوه‌ی بیهدوخت یشدا ده‌بینرێت.
9 – به‌غپوور = فه‌غفوور : نازناوی شاهانی چین له زمانی فارسی و كوردی دا.
وشه‌ی به‌غ پێ به پێی ئاریایی یه‌كان ڕۆیشتوه و سه‌ری له زۆر شوێنی دوورتر ده‌رهێناوه:
1 – بوگو-بهغو = خودا له زمانی سلاڤهكاندا.
2 – باگاریچ = شۆێنی بوت، بوتخانه له زمانی ئهرمهنییهكاندا.
3 – فهغ = خودا له زمانی سۆغدییهكاندا.
4 – بوغ = خودا له زمانی ڕووسیدا.
هه‌روه‌ها وشه‌ی به‌غ له زۆر ناو و نازناوی توركیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و ته‌ركیبی وایان پێك هێناوه كه ڕواڵه‌تیان توركییه، به‌ڵام له ئه‌سڵدا هیندۆئه‌وروپین:
1 – بایرام = جه‌ژن
2 – به‌گ = ئاغا و سه‌روه‌ر
3 – به‌گله‌ربه‌گ = سه‌رۆكی به‌گه‌كان(پاشگری توركی له‌ر ی لێ زیاد كراوه).
4 – بای = ناوی كۆنی شاهانی وڵاتی تونس و هه‌روه‌ها نازناوێكه بۆ گه‌وره‌پیاوانی ئاسیای ناوه‌ندی.
5 – به‌كتاش(به‌ك + تاش) = گه‌وره‌ی عێڵ، سه‌رۆكی تاقمێك، نۆكه‌ری شا.(فهرهنگ فارسی معین).
6 – به‌گم، یان به‌یگوم = نازناوی ژنان.
7 – ئاتابهگ، ئۆزبه‌گ، دهریابهگی و …
ئه‌وه‌ی تا ئێستا گوترا، ڕوانینێك بوو به‌سه‌ر لایه‌نی زمانه‌وانیی وشه‌ی بۆكان دا.
ئه‌م ڕوانینه، یه‌ك لایه‌نی و ناته‌واوه ئه‌گه‌ر نهخرێتهچوارچێوهی مێژووی ناوچه‌كه‌وه و ڕووداوه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی بۆكان له په‌یوه‌ندی باسه‌كه‌دا شی نه‌كرێته‌وه.
كۆنترین ده‌وڵه‌ت ی ناسراوی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان(بۆكانیش وه‌ك به‌شێك له ناوچه‌كه)،ده‌وڵه‌تی ماننا یه. پێش ئه‌وان، له نیوه‌ی یه‌كه‌می هه‌زاره‌ی سێیه‌م به دواوه چه‌ند شار-ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تی ناوچه‌یی له به‌شی ڕۆژئاوای خاكی ئێران پێك هاتبوو. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ماننا یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی یه‌كگرتووی ناوچه‌كه بوو كه مه‌ڵبه‌ندێكی به‌رینی گرتبوه خۆی و خاوه‌نی توانایه‌كی ئابووری و ده‌سه‌ڵاتێكی سوپایی ی ئه‌وتۆ بوو كه ده‌یتوانی سه‌ر له حاندی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی ئه‌وده‌م(ئاشور، ئوراتو و …) به‌رز بكاته‌وه. ئه‌م یه‌كگرتنه له ئه‌نجامی پێشكه‌وتنی ئابووریی كۆمهلگاو به ئه‌نجامی خۆپاراستن له مه‌ترسیی دراوسێ به هێزه‌كان پێكهات و مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی ی هه‌زاره‌ی دووه‌م و سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پێش زایین، واتا ئه‌و سه‌رده‌مه گرنگه‌ی كه ئارییه‌كان له باكووری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه به‌ره‌و ڕۆژئاوا ده‌هاتن و شه‌پۆلی یه‌كه‌میان له سنووری خاكی ماننا درابو. مانناكان به‌شێك بوون له یه‌كێه‌تی هۆزه‌كانی لۆلۆی و گۆتی كه ئه‌وانیش له مه‌نزوومه‌ی زاگرۆس جیا ده‌بنه‌وه و خاكه‌كه‌یان ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی باشووری گۆلی ورمێ هه‌تا ڕۆژئاوای باشووری زه‌ریاچه‌ی كاسپیه‌ن(خه‌زه‌ر) به‌تایبه‌ت نێوان مه‌راغه تا سه‌قز و بۆكانی گرتبوه به‌ر.
“بریتانیكا” ئهنسیكلۆپیدای زمانی ئینگكیزی ده‌نووسێ:
مانناكان له لایه‌ن سێ هێزی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می خۆیانه‌وه گه‌مارۆ درابوون، ئاشوور له ڕۆژئاوا، ئۆرارتو له باكوور و ماد له باشوور{سهكاكانیش له باشوور و ڕۆژئاواوه ئه‌نوه‌ر س.} ئه‌م قه‌ومه پاش هێرشی سه‌كایی یه‌كان و په‌یدابوونی ماد له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پێش زایین، ناسنامه‌ی قه‌ومیی خۆیان له ده‌ست دا و چوونه ژێر ده‌سته‌ڵاتی ماده‌كانه‌وه.
دوژمنی گه‌وره‌ی مانناكان ده‌وڵه‌تی ئاشوور بوو. ئاشوورییه‌كان ته‌نیا له نێوان سالانی774 تا810ی پێش زایین دا، به‌لای كه‌مه‌وه چوارده جار هێرشیان برده سه‌ر خاكی ماننا، هه‌زاران كه‌سیان به كۆیله لێ گرتن و سه‌دان پیشه‌ساز و هونه‌رمه‌ندیان لێ ڕاگواستن بۆ شاری نه‌ینه‌وا. ئورارتویی كانیش له ئاشوور باشتر نه‌بوون، ته‌نیا ڕوسا ی یه‌كه‌م– شای ئورارتو،22 قه‌ڵا واته 22 شار و شارۆچكه‌ی ماننای داگیر كرد.
به‌ڵام هێرشی گه‌وره بۆ سه‌ر خاكی ماننا له لایه‌ن سارگۆنی دووه‌می شای ئاشووره‌وه بوو (710-716 پ. ز.). سارگۆن به ڕه‌واندز و حاجی ئۆمه‌راندا به‌ره‌و پیرانشار و سولدوز داگه‌ڕا و پاش ماوه‌یه‌ك ڕۆیشتن به‌ره‌و زه‌ریاچه‌ی ورمێ، گه‌ڕایه‌وه و ئه‌مجا له‌شكره‌كه‌ی به ئیندرقاش و قومقه‌ڵای سابڵاغ‌دا به‌ره‌و میاندواو برد و به دۆڵی چۆمی ته‌ته‌هوو دا ڕووی كرده بۆكان و له‌وێوه گه‌یشته شیز واته ئاورگه‌ی ئازهرگوشهسپ و پاشان چوه ساین قه‌ڵا كه ئه‌و ده‌مه، ناوی ئه‌وكان Aukan بوو.
له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ش، وه‌ك سێڵاو هه‌مووشتێكی له ناوبرد و داری به سه‌ر به‌رده‌وه نه‌هێشت. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ماننا به سه‌ر ئه‌وهه‌موو دڕه‌نده‌یی دا، هه‌ر مایه‌وه و له گرێژه‌نه نه‌چوو، تا ماوه‌یه‌ك دواتر كه ماده‌كان ده‌ستیان به سه‌ر خاكه‌كه‌یاندا گرت و ده‌سه‌ڵاتیان بڕینه‌وه.
به پێی ئه‌م به‌ڵگانه، بۆكان یه‌كێك بوه له شار-ده‌وڵه‌ته‌كانی ماننا و به‌شێك بوه له یه‌كێتیی هۆزه ماننایی یه‌كان كه كه‌وته به‌ر هێرشكاریی ئاشوور و ئورارتو و پاشان به ده‌ست ماده‌كان داگیر كرا (پێته‌ختی مانناكان به مه‌زنده ده‌بێ نزیك گوندی سه‌راو یان ڕه‌حیم خان بێت ). له سه‌رده‌می حكوومه‌تی مادهكانیشدا بۆكان به‌شێك بوو له ئیمپراتۆرییهتهكهیان و كه‌وتبووه ناو جه‌رگی مادی بچووك ه‌وه. قه‌ڵای گوندی ئاغجه‌یوان له ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌وه،هه‌روه‌ها شوێنه‌واره به‌ردینه‌كانی سماقان و قه‌ڵایچی و بی بی كه‌ند له ده‌وروبه‌ری شار و قه‌بری فه‌ره‌وه‌رتیش ی شای ماد(600-633 پ.ز. ) له فه‌قره‌قای مه‌هاباد كه ته‌نها 50 كیلۆمه‌تر كه‌وتۆته ڕۆژئاوای بۆكانه‌وه، به‌ڵگه‌ی ئه‌و ناوجهرگایهتییهی بۆكانن له سه‌ر ده‌می ده‌سه‌ڵاتداریی ماده‌كاندا.
به‌م پێیه، مێژووی ناسراوی شاری بۆكان و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ماد و پێشتر. واته ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه هێشتا ئایینی تازه‌ی زه‌رده‌شت له ناوچه‌كه‌دا بڵاو نه‌بووبوه‌وه.
به‌پێ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به ده‌سته‌وه‌ن، زه‌رده‌شت له نیوه‌ی یه‌كه‌می هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پێش زایین، واته له ده‌وروبه‌ری سه‌ده‌ی شه‌شه‌مدا ئایینی خۆی بڵاو كردۆته‌وه.
لێره‌دا نیاز چوونه ناو باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی زمانی كوردی و شێوه ئاخافتنی ماده‌كان نییه. ئه‌ركی ئه‌م وتاره، توێژینه‌وه‌یه له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه-ئایینییه‌كانی دانیشتوانی ناوچه‌ی بۆكان له مێژووی پێش په‌یدابوونی ئایینی زه‌رده‌شت و خودای ئه‌هورامه‌زدا-واته ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه خودای گه‌وره‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه، خودای به‌غ بوه. ئه‌وه‌ی ئاشكرا بێ ئه‌وه‌یه كه میهرپه‌رستی ئایینی زاڵی ئه‌و سه‌رده‌مه بوه و دانیشتوانی شاره‌كان، ڕووگه و ئاورگهیان بۆ خودای میترا دروست كردوه، واته ڕێزگرتن له ئاگر، نه‌ریتێك بوه كه له ئایینی میترایی یه‌وه بۆ زه‌رده‌شتییه‌كان ماوه‌ته‌وه.
خوای ئاناهیتا ش له مێژووی كۆنی ناوچه‌كه‌دا خاوه‌نی ئاورگه‌ی تایبه‌تی خۆی بوه و هه‌ندێ له مێژوونووسان ده‌ڵێن كه ئاگرپه‌رستی، به خودای ئاناهیتا وه به‌ستراوه. به داخه‌وه ئاسه‌واره كۆنه‌كانی شاری بۆكان و ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری نه‌كه‌وتوونه‌ته به‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستییانه و ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌زانرێ ته‌نیا به‌شێكه له‌و ڕاستییه شاردراوه‌یه‌ی كه ده‌بێ دیرۆكناس و مێژوونووسان له داهاتوودا بیخه‌نه ڕوو. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یزانین ئه‌وه‌یه كه له بۆكان و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری زیاده له 30 گردی مێژوویی هه‌ن كه به ناوی شوێنه‌واری مێژوویی یه‌وه ناسراون و له لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه هه‌ر به‌م ناوه سه‌بت كراون. زۆربه‌ی ئه‌م شوێنانه‌ش مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می جێی باسی ئێمه. وه‌ك پێشتر گوتمان بۆكان به‌شێك بوه له خاكی مانناكان و دوور نییه هه‌ندێك له‌و 22 قه‌ڵایه‌ی وا ئورارتویی یه‌كان لێیان زه‌وت كردبوون هه‌ر ئه‌و ته‌پۆڵكه مێژوویی یانه بن كه یه‌كیان له ناوه‌ڕاستی شاری بۆكانه و پاشماوه‌شیان له گونده‌كانی ده‌وروبه‌رین. گردی كولته‌په ئیستا كه‌وتۆته ناو شاری بۆكانه‌وه،گردی ناچیت و حه‌مامیان و شێخله‌ر ته‌نیا چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له شاره‌وه دوورن. ئه‌مانه‌و زۆر تهپۆڵكی تر له باخچه و تیكان- ته‌په و ئاڵبڵاغ و ساریقامیش و ئه‌حمه‌دئاوا و … مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پێش زایین، واته پێش په‌یدابوونی ئایینی زه‌رده‌شت یان سه‌ر و حه‌دی بڵاوبوونه‌وه‌ی. هه‌ندێ گردی تری وه‌ك ته‌په‌ی گوندی كانی كووزه‌ڵه و سه‌راو و ڕه‌حیم خان و مه‌ڵڵاله‌ر و ته‌پێ و عهزیزكهند و … كه مێژوویه‌كی كۆنتریشیان هه‌یه، دوور نییه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ر ئاوه‌دان بووبن. له بیرمان نه‌چێ كه زۆرێك له‌م گرده مێژوویی یانه ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی زانستییانه لێیان بكۆڵرێته‌وه، شوێنه‌واری سێ یان چوار شارستانییه‌تی جیاوازی یه‌ك له بان یه‌كی تێدا ده‌بینرێ كه ئه‌مه خۆی نیشانه‌ی به‌رده‌وامبوونی ژیان و شارستانییه‌ت بوه له ناوچه‌كه‌دا. بۆكان خۆی و قه‌ڵای ناوه‌ڕاستی شاره‌كه شتێكی زۆریان لێ نازانرێ، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌شێكن له‌و زنجیره ته‌پۆڵكه مێژوویی یانه‌ی كه شارستانییه‌تیان ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ر بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه، واتا بۆ مێژووی ماننا و ماد. ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاستییه بخه‌ینه پاڵ ده‌سكه‌وته‌كانمان، له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره‌دا و له كه‌سره‌وی ببیستین كه ده‌ڵێ: له زۆر شوێنی ئێران ئاوایێگهلێك به ناوی خودای به‌غ ه‌وه هه‌بوون كه له هه‌موویاندا ئاگرێكی ڕۆشن هه‌بوه. ئه‌مجا ده‌توانین بێینه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه شاری بۆكان له‌سه‌رده‌می پێش زه‌رده‌شتدا شوێنێكی ئاوه‌دانی ئایینی بوه و ناوی له ناوی خوای به‌غ یان به‌گ ه‌وه وه‌رگرتوه. به‌م پێیه ناوی شاری بۆكان له سه‌ره‌تادا ده‌بێ بهكان یان به‌گان بووبێت كه له دوو به‌ش پێك هاتوه: به‌ك یان به‌گ + ان. به‌شی یه‌كه‌م ناوی خودایه و به‌شی دووهه‌م پاشگرێكه واتای شوێن و جێگه ده‌داته‌وه. هه‌رچه‌نده ده‌كرێ پاشگرێ ان نیشانه‌ی كۆ بێت، به‌ڵام ئه‌مه شتێك له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێت.
كه وابوو، بۆكان به واتای شاری خوای به‌گه یان شوێنی خوای به‌گه یه و ئه‌مه‌ش ده‌بێ به هۆی ئاوڕگه یان ڕووگه‌یه‌كی گه‌وره‌وه بووبێت كه خه‌ڵكی شاره‌كه بۆ به‌غ یان درووست كردوه و زۆر واهه‌یه شوێنی ئاورگهكه له سه‌ر گردی ناوه‌ڕاستی شار بووبێت كه حهوزهگهورهش له داوێنێتی. به داخه‌وه له كۆتایی ی سه‌ده‌ی نۆزده، واته سه‌د ساڵێك لهمهوپێش سیف ا‌لدین خان ی سه‌ردار موكری له سه‌ر گرده‌كه قه‌ڵایه‌كی گه‌وره و گرانی دانا كه زۆر شوێنه‌واری مێژوویی ی گرینگی پێ له ناو چوو و ئێستاش زۆر قسه‌وباسی ئه‌و شوێنه‌واره دۆزراوانه له سه‌ر زاری خه‌ڵكی به ساڵاچووی شاره‌كه هه‌ر ماوه، هه‌رچه‌نده قه‌ڵاكه خۆی ڕووخاوه و له ناو چوه. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا پاسدارانی رژێمی مه‌لاكان بنكه‌یه‌كی چاوه‌دێری سوپایی یان له شوێنی قه‌ڵاكه‌ی سه‌ردار درووست كرد كه ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر په‌كی شوێنه‌كه‌ی خست و هیوای توێژینه‌وه‌كانی دواڕۆژی له ناو برد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه هه‌ر ئه‌و زانیارییه كه‌مه‌ی كه ئێستا له‌باره‌ی مێژووی بۆكانه‌وه به ده‌ستمانه‌وه‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ڕابردووی ژیان شارستانیه‌ت له بۆكان زۆر كۆنتره له سه‌رده‌می ئه‌شكانی و ساسانی. ته‌نیا چه‌ند مه‌ترێك له داوێنی باشووری قه‌ڵاو له سه‌ر گۆلی مهردانبهگ، ژوورێكی ده‌ستكردی به‌رین دۆزراوه‌ته‌وه كه به شێوه‌ی بیناكه‌یدا شوێنێكی مادییه. ئه‌م ژووره ئێستا كه‌وتۆته ناو ماڵی یه‌كێ له بنهماڵهناوبهدهرهوهكانی بۆكان و له سه‌رده‌می منداڵیی مندا دۆزرایه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا له هیچ كوێ باسی لێوه نه‌كراوه و نه‌ناسراوه. گردی ئاوایی قه‌ڵایچی و ئه‌شكه‌وت یان بینای به‌ردینی ئاغجه‌یوان و بی بی كه‌ند و فه‌رهادتاش ی گوندی سماقان و زۆر شوێنی دیكه‌ی ناوچه‌كه له باری بینا درووست كردنه‌وه شوێنه‌واری مادین.
ئه‌م به‌ڵگانه به سه‌ر یه‌كه‌وه په‌یوه‌ندی شاری بۆكان و ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مێك ده‌گه‌یه‌نن كه خودای ئه‌هورامزدا هێشتا جێی خودای به‌غ ی نه‌گرتبوه‌وه و ئه‌گه‌ر ئایینی زه‌رده‌شتیش بڵاو بووبوه‌وه، ڕێز و ئیحترامی خودای به‌گه له جێی خۆی هه‌ر مابوو و نیازێك به گۆڕێنی ناوی شاری بۆكان كه له په‌یوه‌ندی خودای به‌گه دا دانرابوو، نه‌ده‌بینرا. له به‌ر ئه‌و ئاڵ و گۆڕه‌ش وا به سه‌ر وشه‌كه داهاتوه(له بهكان ه‌وه بۆته بۆكان)،ده‌بێ بگوترێ گۆڕانی پیتێكی بزوێن شتێكی ئاسایی یه و وشه‌ی كۆن ئاڵ و گۆڕی زۆر له‌وه زیاتری به سه‌ر دادێت به‌تایبه‌ت له مێژوویه‌كی دوور و درێژی چهندههزارساڵهدا. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به نوكته‌یه‌ك بكری: ئازهربایجانییهكانی ناوچه‌ی موكریان و ته‌ورێز،ئێستاش ناوی بۆكان به شێوه‌ی بهكان ده‌به‌ن و ئه‌مه ڕنگه ڕیشه‌ی له مێژوویه‌كی كۆندا بێت. ئه‌گه‌ر ناوه‌كه له زمانی كوردیدا، به پێی باردۆخی تایبه‌تی زمانه‌وانی گۆڕابێت، له زمانی ئازه‌ربایجانی و دوور نییه له زمانی ئازه‌ریی كۆن یشدا هه‌ر له شێوه‌ی كۆنی خۆیدا مابێته‌وه. به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆ له سه‌ر زمانی ئازه‌ریی كۆن كه جیاواز بوه له ئازه‌ربایجانی و توركی، به دهستهوهنییه تا یارمه‌تیی باسه‌كه‌ی ئێمه بدات. بۆ چه‌سپاندنی زیاتری بۆچوونه‌كه‌مان له مه‌ڕ بنه‌چه‌كی ناوی بۆكان پێویسته ئاوڕێك له ناوچه‌كه و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری بده‌ینه‌وه.
له ڕۆژهه‌ڵاتی بۆكان و نزیك به تیكانتهپهی هه‌وشار (= تیكاب)، ئاورگهیهكی به‌ناوبانگی مێژوویی لێ بووه، كه ئاسه‌واری ئێستاش هه‌ر ماوه. ئاورگه‌ی ئازه‌رگوشه‌سب یان ئازهرگوش نه‌سه‌ب یان ئاورگه‌ی شاهی كه زیاتر هه‌ر به ناوه گشتییه‌كه‌ی ئاورگه واتا شیز ناسراوه، له سه‌رده‌می ساسانییه‌كاندا(224-652ز) یه‌كێك بوه له گرنگترین ئاورگهكانی ئێران و شاهانی ساسانی به پێیان له تیسفوونهوه هاتوونه‌ته زیاره‌تی. ئه‌م ئاورگه‌یه له نزیك شارێكی مێژوویی دروست كراوه كه‌ئێمه به ناوی گه‌نجه‌ك یان گهنزهك ه‌وه ده‌یناسین. خوسره‌وی په‌رویز شای ساسانی كاتێ له ساڵی 623ی زاینی كه له لایه‌ن هیراكلیۆس ی ئیمپراتۆری ڕۆم ه‌وه هاوكاری ده‌كرا، له به‌ر به‌هرامی چۆبینه هه‌ڵات و په‌نای هێنایه شیز له‌وێ چاوه‌ڕوانی هاتنی شاهین و شاربهراز ی سه‌ردارانی سوپاكه‌ی خۆی كرد.
ئاوه‌دانی ئاورگهكه له سه‌رده‌می ساسانییه‌كاندا دژ به‌وه ناوه‌ستێ كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مێكی كۆنتر. نووسه‌ری كتێبی مێژووی ژیانی ئابووری گوندنشین و چینهكۆمهڵایهتییهكانی ئێران ده‌ڵێ: له سه‌رده‌می كۆنتردا سێ خودایی ئه‌هورامزدا و میهر و ئاناهیتا ئایینی خه‌ڵك بوه و ئاگرپه‌رستی به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندیی به خودای ئاناهیتاوه بوه. به‌م پێیه ئێمه ده‌بێ له‌ژێر خۆڵه‌مێشی ئاورگهكاندا كه تا ئێستا هه‌ر به ناوی زه‌رده‌شتییه‌كانه‌وه ناسراون، شوێنی شارستانییه‌تی كۆنتر هه‌ڵبگرین. ئه‌ویش له ناوچه‌یه‌كی كۆنی وه‌ك بۆكاندا كه ده‌یان شوێنه‌واری سه‌رده‌می ماد و ماننای لێ شاردراوه‌ته‌وه. بۆنموونه با سه‌یرێكی گوندی بۆگه‌به‌سی بكه‌ین كه ده كیلۆمه‌ترێك كه‌وتۆته باشووری شاری بۆكانه‌وه.
ئیبراهیم پوورداود ده‌ڵێ: وشه‌ی به‌گ یه‌كه‌م جار له شێوه‌ی به‌یت به‌گی یان به‌یت- بهگهیا دا بینراوه كه ناوی شارێكی ماد بووه و سارگۆنی ئاشووری له لهشكركێشانهكهیدا بۆ سه‌ر خاكی ئورارتو و ماننا یادی لێوه ده‌كات.(715-716پ.ز.) به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م ناوه به ڕاشكاوی وشه‌یه‌كی ئاشوورییه و له گه‌ڵ به‌گی یان بهگهیا، پێكه‌وه واتای ماڵی خودا ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ی كه سارگۆن شاره‌كه‌ی به شوێنی ماد ناوبردوه و ماده‌كانیش له باشووری خاكی ماننا نیشته‌جێ بوون و بۆكان به‌شێك بوه له خاكی ماننا، ده‌مانگه‌یه‌ننه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه قه‌ڵا و گوندی بۆگه‌به‌سی له باشووری بۆكان، هه‌مان به‌یت به‌گی بێ و ته‌پۆڵكه مێژوویی یه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی گوندیش كه ئێستا شوێنی ماڵی ئاغای گونده‌كه‌یه، ڕاستیی بۆچۆنهكهمان زیاتر ده‌چه‌سپێنێ. گوندی بی بی كه‌ند له ڕۆژهه‌ڵاتی بۆكاندا جیا له ئه‌شكه‌وته ده‌ستكرده‌كه‌ی كه مێژووی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ماد، هه‌ر ناوه‌كه‌یشی شوێنه‌وارێكی مێژوویی یه. ناوی گونده‌كه هه‌رچه‌نده له ڕواڵه‌تی ئێستایدا له وشه‌یه‌كی توركی ده‌چێ، به‌ڵام به ئاشكرا شوێنی ناوی به‌ك ی پێوه ده‌بینرێ و لام وایه له رابوردووی كۆندا ده‌بێ به‌ی كه‌ند یان به‌ی كه‌ن بووبێت كه دوای سه‌لجووقییه‌كان و مهغۆلییهكان ئه‌م ئاڵ و گۆڕه‌ی تێدا وه‌دی هاتبێت. ناوی كۆنی شاری ساین قه‌ڵا ش له ڕۆژهه‌ڵاتی باكووری بۆكاندا جێی سه‌رنجه. ناوی ئه‌م شاره له سه‌رده‌مه‌ی مانناكان و هێرشی سارگۆنی دووهه‌مدا ئه‌وكان بوه و هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش له ته‌قویمی ئاشوورییه‌كاندا هاتوه. هه‌رچه‌نده دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌م ناوه كارێكی ئاسان نییه، به‌ڵام گه‌رای بیركردنه‌وه‌یه‌ك ده‌خاته مێشكه‌وه و سه‌رنج به‌ره‌و وشه‌ی وه‌ك یان به‌ك ڕاده‌كێشێ كه ده‌بێ دوور نه‌بێ له‌و باسه‌ی ئێمه له مه‌ڕ بۆكان. بۆئه‌وه‌ی ئه‌م شێوه بۆچوونه مێژوویی یه له سه‌ر ناوه كۆنه‌كانی ناوچه‌ی بۆكان زیاتر بچه‌سپێنین، با سه‌یری ناوی گوندێكی دێكه بكه‌ین.
قوڕه‌به‌راز گوندێكه له ڕۆژهه‌ڵاتی بۆكان و سه‌ر ڕێگای ئاورگه‌ی ئازهرگوش نه‌سه‌ب كه ئێستا به ته‌ختی سوله‌یمان ده‌ناسرێ. ڕه‌واڵه‌تی ئێستای ناوه‌كه، شتێكی ئه‌وتۆمان نادا به‌ده‌سته‌وه، مه‌گه‌ر بیخه‌ینه چوارچێوه‌ی مێژووی ناوچه‌كه‌وه. خوسرهوپهرویز ی شای ساسانی وه‌ك گوتمان ڕوو له دۆست و پشت له دوژمن، له به‌ر به‌هرامی چۆبینه هه‌ڵات و هات له گه‌نجه‌ك دانیشت تا شاهین و شاربهراز ی سه‌ردار له‌شكر بێنه هانای و له ژێڕ پلاری نه‌یار ڕزگاری بكه‌ن. ئایا په‌یوه‌ندیدانی ناوی قوڕه‌به‌راز له گه‌ڵ ناوی شاربهراز دا شتێكی دوور له مه‌نتیقه؟ به‌تایبه‌ت كه ئه‌و دوو سه‌رداره ده‌بوایه له سنووری ڕۆژئاوای ئێرانه‌وه به‌ره‌و گه‌نجه‌ك هاتبایه‌ن و به سه‌ر گوندی قوڕه‌به‌راز دا تێپه‌ڕیان بكردایه.
به هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوه بۆچوونه، هه‌نگاوێك بێ به‌ره‌و ڕووناكی و سه‌ره‌تای كارێكی جیددی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژووی ناوچه‌كه دامه‌زرێنێ. داهاتوو ده‌بێ زۆر شتی تاریكی ئه‌مڕۆ ڕوون بكاته‌وه.
ئه‌م وتاره سه‌ره‌تا له ژماره‌ی 19ی گۆڤاری ماموستای كورد چاپی سوێد، ساڵی 1992دا بڵاو بۆته‌وه.