بۆکان لە ئەمڕۆ و لە مێژوودا! ئەگەر کەسێک ساڵانی ٧٠ی زایینی بیویستبایە, بابەتێک لە سەر شاری بۆکان بنووسێ، دەستی تەنیا بە سەرچاوەیەکی نووسراو ڕادەگەیشت. کتێبێکی قەوارە بچوکی بەرگ ڕەش بە زمانی فارسی، کە کۆمەڵێک زانیاری و چەند وێنەیەکی لە خۆ گرتبوو. لە کتێبخانەی میللی شاری تەورێز و سازمانی ئاماری ئێران لە تاران، لە ناو کۆمەڵێک کتێبدا باس لە بۆکان کرابوو، بەڵام دەستی کەسی ئاسایی پێڕانەدەگەیشت. بە کورتی دانیشتووانی شار و ناوچەی بۆکان و بگرە هەموو شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زانیاریی نووسراویان دەربارەی زێدەکەیان لە بەر دەست دا نەبوو. ساڵی ١٩٧٨/٧٩ ی زایینی چەند کەسێکی لاو دەستیان بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ژێرخانی ئابووری و سەرخانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ناوچەی بۆکان کرد، هەرچەند ئاکامی باشی هەبوو،بەڵام زانیارییەکان بڵاو نەکرانەوە. ساڵانی هەشتا و نەود کۆمەڵێک بابەت لە تۆی وتار و کتێب چاپ و بڵاوکرایەوە. ساڵی ١٩٩٢ لە دەرەوەی وڵات ئەنوەر سوڵتانی، بابەتێکی لە ژێر ناوی" چهند تێبینییهك له سهر ناوی شاری بۆكان" لە گۆڤاری مامۆستای کورد، چاپی سوئێد بڵاو کردەوە. سەرەتای سەدەی ٢١ ماڵپەڕی بۆکان بە زمانی کوردی وەشانی خۆی لە ئینترنێت دەست پێکرد و لەو ڕێگایەوە ئیمکان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی دەربارەی بۆکان و ناوچەکە پەرەی ساند. ساڵی ٢٠٠٥ لە ڕێگای زنجیرە وتاری " بۆکان لە مێژوودا" پەنجەرەیەکی گەورە بەرەورووی شاری بۆکان، کرایەوە. ئەنوەر سوڵتانی لە دەستپێکدا نووسی: ""ئهم زنجیره وتارانه به ئامانجی دۆزینهوه و ناساندنی سهرچاوه بۆ مێژووی سیاسی – کۆمهڵایهتی – کولتووریی شاری بۆکان و دهوروبهری دهنووسرێن." کاک ئەنوەر پاش ٨ ساڵ کاری بەردەوام، لە دوا بەشی ئەم زنجیرە وتارەدا(٤١٦) نووسی:" زنجیرە وتاری "بۆکان لە مێژوودا" چ سووک و سانا ئامادە نەکرا و هاسانیش نەخرایە سەر ماڵپەڕەکە." پسپۆڕانی بواری نووسین و لێکۆڵینەوە، دەزانن دوو وشەی "سووک و سانا ئامادە نەکرا"، مانای چییە! پڕۆژەی ماڵپەڕی بۆکان، بۆکان لە مێژوودا، مێژووی زیندوو(گفتوگۆ لە گەڵ کەسان)، وەک سێ بەشی یەک پڕۆژە جیلی دوێنێ و ئەمڕۆ و دواڕۆژ لە یەک گرێدەدات و پڕۆژەیەکی بەردەوامی ئەمڕۆ و دواڕۆژە. پڕۆژەی بۆکان لە مێژوودا، لە سەر ئەرکی سەرەکی کاک ئەنوەر سوڵتانی و هاوکاری کەسانی دی دەستی پێکرد و درێژەی پێدرا و ئێستاش لە سەر ئەرکی نووسەر کاک تاهیر عەلیار و هاوکاری کەسانی دی درێژە پەیدا دەکات. لە ڕێگای زنجیرە بابەتی " بۆکان لە ئەمڕۆ و لە مێژوودا!" جگە باس لە مێژوو، ڕووداو و بەسەرهات و ڕۆژژمێری ئەم سەردەمەی بۆکان و ناوچەکەش، بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژ دەگوێزرێتەوە. هەڵسەنگاندنی نڕخ و بایخی"بۆکان لە مێژوودا" کە حاسڵی هەزاران سەعات کاری بەردەوامی بێ مووچە و مواجبی کاک ئەنوەر، لە دەرەوەی وڵات بوو، کارێکی هاسان نییە، بەڵام ئەگەر بەراوەردکردنی کاری حەسەن زیرەک و ئەنوەر سوڵتانی درووست بێ، یەکەمیان موزەخانەیەکی لە موسیقا و شیعر و وشەی کوردیی پێک هێناو دووهەمیان کتێبخانەیەکی تایبەت بە سەرچاوەی مێژووی سیاسی – کۆمهڵایهتی – کولتووریی بۆکان و ناوچەکە! پرۆژەی " بۆکان لە ئەمڕۆ و لە مێژوودا" کارێکی هەمە لایەن و هەمە چەشنە و پشت ئەستوور دەبێ بە هاوکاری شارەزایان و پسپۆڕان و هەموو ئەو کەسانەی پرۆژەکە بە هی خۆیان دەزانن. ئێمە چاوەڕوانی هاوکاری ئێوەین.
برایم فەڕشی خاکەلێوەی ٢٧١٤- کۆڵن |